راپۆرت: سیروان ژاژڵه‌یی
بڕیاری یه‌كێتی‌و پارتی‌و بێده‌نگیی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر په‌یڕه‌وكردنی سیستمی لیستی داخراو، نیگه‌رانیی لای زۆرێك له هاوڵاتییان‌و رۆشنبیرانی كورد دروستكردوه‌و پێیانوایه ئه‌وه سیستمێكی به‌سه‌رچوه، له هه‌مانكاتدا بونی لیستی جیاواز به هه‌نگاوێكی باش ده‌زانن بۆ دروستبونی گۆڕانكاریی له سیستمی سیاسیی كوردستاندا‌و تێپه‌ڕاندنی ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا هه‌یه.
د. ره‌فیق سابیر، نوسه‌ر‌و روناكبیر، پێیوایه كه بونی لیستی سه‌ربه‌خۆ له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان‌و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکاندا، کارێکی گرنگ‌و پێویسته، چونکه له‌وانه‌یه ده‌رفه‌تی گۆڕانکاریی له ژیانی سیاسی‌دا بڕه‌خسێنێت‌و دیارده‌ی فره‌ده‌نگی‌و فره‌ڕه‌نگی له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا به‌هێزبکات، له هه‌مانکاتدا بونی لیستی جیاواز به نیشانه‌یه‌کی هه‌بونی ئازادی داده‌نرێت، به‌ڵام ئه‌مجۆره لیستانه ته‌نها ئه‌وکاته کاریگه‌رییان بۆ سه‌ر دۆخی سیاسیی هه‌رێمی کوردستان ده‌بێت، ئه‌گه‌ر بتوانن له‌ناو په‌رله‌مانی داهاتوی کوردستان‌و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکاندا شوێنێکی دیار بگرن‌و کار بۆ پرۆژه‌یه‌کی نوێ‌و دیموکراتانه‌ی سیاسی‌و ئابوری‌و کۆمه‌ڵایه‌تی بکه‌ن، د.ره‌فیق سابیر هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "له دۆخی سیاسیی ئێستادا، که خولیایه‌کی فاشیانه‌ی مۆنۆپۆلکردنی ده‌سه‌ڵات‌و کۆنترۆڵکردنی ژیانی ئابوریی کوردستان هه‌یه، ئاسان نییه رێگا بدرێت که لیستی سه‌ربه‌خۆ به توانایه‌کی کاریگه‌ره‌وه بچێته ناو په‌رله‌مان‌و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان، ئه‌زمونی هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێش‌و سه‌لماندیان که ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێم ناتوانێت (ره‌نگه له هه‌ندێک شوێندا نه‌شیه‌وێت)، پێش به ساخته‌کاریی‌و فرتوفێڵ بگرێت‌و هه‌ڵبژاردنێکی ئازادانه‌و ده‌ستپاکانه به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت".
به‌پێی بۆچونی د. ره‌فیق سابیر، ئه‌و لایه‌نه سیاسی‌و که‌سایه‌تیانه‌ی که به‌نیازن به لیستی سه‌ربه‌خۆ به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌کان بکه‌ن، مافی خۆیانه داوابکه‌ن که هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق‌و چاودێران‌و میدیای نێوخۆ‌و جیهانی‌و رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نییه‌وه به وردی چاودێریی‌و کۆنترۆڵ بکرێن، ئه‌مه پارادۆکسێکه‌و مایه‌ی داخیشه که مرۆڤ هێنده متمانه‌ی به ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵیی خۆی لاواز ببێت، که داوا له به‌غدا بکات تا بێت چاودێری‌و کۆنترۆڵی هه‌ڵبژاردنه‌کانی بکات، به‌ڵام پرۆسێسی دیموکراتی‌و تێکڕای ئه‌زمونی حوکمڕانی له باشوری کوردستاندا، له قه‌یراندایه‌و خه‌ریکه به‌ره‌و بنبه‌ست ده‌ڕوات، له‌و ماوه‌یه‌دا، سه‌رکردایه‌تیی سیاسیی کورد سه‌لماندی که ناتوانێت مۆدێلێکی دیموکراتانه‌و جیاواز له‌و مۆدێله ئیستیبدادی‌و گه‌نده‌ڵانه‌ی له ناوچه‌که‌دا هه‌ن، پێشکه‌ش بکات، که‌چی ره‌وشی سیاسی له عێراقدا وه‌ک له دواهه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکاندا ده‌رکه‌وت، به‌ره‌و ئاسۆیه‌کی جیاواز‌و دیموکراتانه ده‌ڕوات، "بۆیه ئه‌گه‌ر هیوایه‌ک بۆ چه‌سپاندنی دیموکراتی‌و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات له کوردستاندا هه‌بێت (که لاموایه هه‌یه)، ئه‌وا یان ده‌بێت له رێگای په‌رله‌مانێکی به‌ده‌سه‌ڵاتی چالاك‌و سه‌ربه‌خۆی فره‌ڕه‌نگ‌و فره‌ده‌نگه‌وه بێت، یاخود وه‌ک پێشتریش له شوێنی تردا وتومه، به کۆمه‌ک‌و هاوکاریی ده‌ره‌کی (خۆرئاوا یان به‌غدا)، به‌سه‌رماندا بسه‌پێنرێت!".
مه‌ریوان عه‌لی، سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری رۆشنگه‌ری، هاوڕایه له‌گه‌ڵ د.ره‌فیق له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه دابه‌زینی لیستی سه‌ربه‌خۆ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوی كوردستان له چه‌ند ره‌هه‌ندێكه‌وه كاریگه‌ری باشی ده‌بێت، له‌لایه‌ك دیموكراسیه‌ت وه‌ك راڤه‌و مافی هاوڵاتییان دێته‌وه ناو دنیای سیاسیی ئێمه، كه ماوه‌یه‌كی زۆره غیابی هه‌یه، له‌لایه‌كی تره‌وه توانای لێپرسینه‌وه‌و به‌دواداچون‌و شه‌فافیه‌ت له‌م هه‌رێمه‌دا چانسی باشتری ده‌بێت تا وه‌ك فاكتێكی سیاسیی نوێ ده‌ركه‌وته‌كانی ببینرێت، ده‌ڵێت: "لیستی سه‌ربه‌خۆ چانسی ئه‌وه‌ش ده‌هێنێته پێشه‌وه تا ئه‌و باڵانسه كۆنكرێتییه كلاسیكییه بشكێنێت كه بۆ هه‌تاهه‌تایه چه‌ند پارتێك به‌هۆی رێككه‌وتنی ستراتیژییه‌وه ده‌سه‌ڵات قۆرغ بكه‌ن، ئه‌وه‌شمان بیربێت لیستی سه‌ربه‌خۆ له جه‌وهه‌ردا بریتییه له لیستی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه ستراتیژیانه‌ی له‌سه‌ر زیانی خه‌ڵكی ته‌واوبوه، ده‌بێته هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی دیموكراسی بۆ كۆمه‌ڵگاكه‌مان‌و جارێكی تر ئاره‌زوی به‌شداریكردنی سیاسه‌ت لای هاوڵاتییان دروست ده‌بێته‌وه".
له به‌رامبه‌ردا شێركۆ حه‌مه‌ئه‌مین قادر، مامۆستای زانكۆی كۆیه، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه بونی ئۆپۆزسیۆن‌و لیستی جیاواز جیاواز‌و ده‌نگ‌و ره‌نگی جیاواز له سیماكانی دیموكراسییه، به‌ڵام له هه‌رێمی كوردستان چه‌ند ساڵێكه یه‌كێتی‌و پارتی به‌بێ بونی ئۆپۆزسیۆن حوكم ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش دۆخێكی چه‌قبه‌ستوی به‌رهه‌مهێناوه كه رۆژ به رۆژ ده‌نگی ناڕه‌زایی خه‌ڵك زیاد ده‌كات، وتیشی: "بونی لیستی جیاواز، سه‌ره‌تایه‌كه بۆ گۆڕانی سیاسی‌و تێكدانی ئه‌و هاوكێشه وه‌ستاوه‌ی كوردستان، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌و لیسته كه‌سایه‌تیی كاریگه‌رو خه‌ڵكانی نوێ‌و خوێنی تازه له‌خۆبگرێت، بۆیه پێویسته ئه‌و لیسته زۆر به وردی كاربكات، تا بتوانێت ژماره‌یه‌كی ئه‌وتۆ له كورسییه‌كانی په‌رله‌مان به‌ده‌ست بهێنێت، كه بتوانێت شه‌ڕی دیموكراسی به‌لای خۆیداو له به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵك یه‌كلابكاته‌وه".