Print
 میدیای‌ ئازاد به‌ غه‌رامه‌كردن بێ‌ ده‌نگ ده‌كرێت؟
Wednesday, March 18, 2009

راپۆرت: دیه‌ فازل
كه‌مپینێك بۆ پشتگیری‌ كردن، له‌ هه‌فته‌نامه‌ی‌ هاوڵاتی‌ پێكده‌هێنرێت ‌و رۆژنامه‌نوسانیش بونی‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی‌ وه‌ك غه‌رامه‌ بۆ رۆژنامه‌ و رۆژنامه‌نوسان، له‌ یاسای‌ رۆژنامه‌گه‌ریدا دانراوه‌، به‌ چه‌كێك داده‌نێن به‌ ده‌ست ده‌سه‌لاَته‌وه‌، بۆ بێده‌نگكردنی‌ رۆژنامه‌نوسان و په‌كخستنی‌ رۆژنامه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆ.

له‌پاش ئه‌وه‌ی‌ رۆژی‌ یه‌ك شه‌ممه‌ی‌ رابردو 14-3 دادگای‌ كه‌تنی‌ سلێمانی‌، سه‌رنوسه‌ری‌ پێشوی‌ هاوڵاتی‌‌و هه‌فته‌نامه‌كه‌ی‌ به‌ 13 ملیۆن دینار غه‌رامه‌ كرد، به‌هۆی‌ داوایه‌كی‌ یاسایی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق، سه‌باره‌ت به‌ بڵاو كرنه‌وه‌ی‌ راپۆرتێكی‌ مایكل رۆبن، له‌ ژماره‌ (387)ی‌ 13/1/2008 له‌هه‌فته‌نامه‌ی‌ هاوڵاتی‌، له‌ژێر ناوی‌ (سه‌ركرده‌كانی‌ كورد هاوپه‌یمانی‌ باش نین بۆ ئه‌مه‌ریكا)، پاش بڵاوبونه‌وه‌ی‌، جه‌لال تاڵه‌بانی‌ به‌سیفه‌تی‌ شه‌خصی‌ سكاڵایه‌كی‌ یاسایی‌ له‌سه‌ر رۆژنامه‌ی‌ هاوڵاتی‌‌و ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌، له‌یه‌كێك له‌ دادگاكانی‌ به‌غدا تۆماركرد، دوای‌ زنجیره‌یه‌ك دانیشتن له‌دادگای‌ سلێمانی‌، بۆ ماوه‌یه‌كیش سه‌رنوسه‌ره‌كه‌ی‌ هاوڵاتی‌ له‌ناو دادگا ده‌ست به‌سه‌ر بو.

له‌ دوای‌ ده‌رچونی‌ یاسای‌ ژماره‌ 35ی‌ ساڵی‌ 2007–ی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ له‌ كوردستان، كه‌ له‌ 22/9/2008 له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان په‌سه‌ندكرا، هه‌وڵدرا كه‌ سزاكانی‌ سه‌ر رۆژنامه‌نوس كه‌مبكرێته‌وه‌ و سزای‌ زیندانی‌ كردن لابرا به‌لاَم له‌ به‌رامبه‌ردا، له‌ بڕگه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ ماده‌ی‌ نۆیه‌مدا هاتوه‌، كه‌ رۆژنامه‌نوس و سه‌رنوسه‌ر، به‌ بڕێك پاره‌ غه‌رامه‌ ده‌كرێن، كه‌ له‌ ( 1,000000) یه‌ك ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ (5,000000) پێنج ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت، له‌ بڕگه‌ی‌ دوه‌می هه‌مان ماده‌شدا هاتوه‌، كه‌ رۆژنامه‌ی‌ بڵاوكه‌ره‌وه‌ به‌ بڕێك پاره‌ غه‌رامه‌ ده‌كرێت، كه‌ له‌ (5,000000) پێنج ملیۆن دینار كه‌متر و له‌ (20,000000)بیست ملیۆن دینار پتر نه‌بێت. له‌ كاتی‌ دو باره‌كردنه‌وه‌دا دادگا بۆی‌ هه‌یه‌ سزا داراییه‌كه‌ زیاد بكات، به‌ مه‌رجێك له‌ دو هێنده‌ی‌ پاره‌ی‌ سزاكه‌، كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ هاتون پتر نه‌بێت.

لابردنی‌ سزای‌ زیندانی‌ كردن و دانانی‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌ زۆره‌ بۆ رۆژنامه‌ و رۆژنامه‌نوسه‌كه‌ش به‌ بۆچونی‌ د.سامان فه‌وزی‌ پسپۆڕی‌ بواری‌ یاسا و راگه‌یاندن هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵدراوه‌ ئاسۆكانی‌ ئازادی‌ راده‌ربڕین فراوان بكرێت له‌ رێگه‌ی‌ لابردنی‌ سزای‌ له‌ سێداره‌دان، به‌ڵام ئه‌و غه‌رامه‌یه‌ی‌ بۆ رۆژنامه‌ و رۆژنامه‌نوسان دانراوه‌ سزایه‌كی‌ زۆر قورستره‌، كه‌ له‌ كاتی‌ چه‌ند جارێك سزادانی‌ رۆژنامه‌یه‌كدا ره‌نگه‌ بگاته‌ 40,000000 ملیۆن دینار، كه‌ پاره‌یه‌كی‌ خه‌یاڵیه‌ بۆرۆژنامه‌یه‌كی‌ ئه‌هلی‌ "هه‌ربۆیه‌ باشتروابو، كه‌ سزای‌ زیندانی‌ كردنه‌كه‌ بمێنێته‌وه‌".

به‌ڵام، په‌رله‌مانتاران بونی‌ ئه‌و غه‌رامه‌یه‌ له‌ یاساكه‌دا به‌ سودی‌ رۆژنامه‌نوسان داده‌نێن، ئارێز عه‌بدوڵلاَ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و رۆشنبیری‌، له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان رونی‌ كرده‌وه‌ سه‌ره‌تا بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێگه‌ له‌ سه‌رپێچی‌ رۆژنامه‌ و رۆژنامه‌نوسان بگیرێت پێویست بو له‌مپه‌رێك هه‌بێت، جا ئه‌و له‌مپه‌رانه‌ش یان زیندان، یان غه‌رامه‌، یان هه‌ردوكیانه‌ پێكه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ رۆژنامه‌نوسان هه‌وڵدرا له‌ یاساكه‌دا زیندانی‌ لاببرێت و غه‌رامه‌ هێڵرایه‌وه‌، هاوكات رۆژنامه‌نوسان بونی‌ ئه‌و غه‌رامه‌ زۆره‌ له‌ یاساكه‌ دا ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، ئاسۆس هه‌ردی‌ رۆژنامه‌نوس و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كۆمپانیای‌ ئاوێنه‌ له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌ باسی‌ له‌وه‌كرد، كه‌ بونی‌ ئه‌و غه‌رامه‌ زۆره‌ له‌ یاسای‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ كوردستاندا ته‌نیا بۆئه‌وه‌یه‌، كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ چه‌كێكی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بێت بۆ بێده‌نگ كردنی‌ رۆژنامه‌، چونكه‌ بۆ رۆژنامه‌یه‌كی‌ ئه‌هلی‌، كه‌ پشت به‌ فرۆشی‌ خۆی‌ ده‌به‌ستێت، نه‌ك 10 ملیۆن یه‌ك ملیۆنیش زۆره‌.

به‌وته‌ی‌ ئاسۆس هه‌ردی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی‌، كه‌ نوێنه‌ری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسیشن له‌ كوردستان و "به‌تایبه‌ت لیژنه‌ی‌ یاسایی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كه‌ تا ئێستا به‌ كۆنه‌په‌رستی‌ بیرده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ سه‌رده‌می‌ به‌عسدا یاسایان خوێندوه‌ و كاریان كردوه‌، تا ئێستا تێناگه‌ن دیموكراتیه‌ت و ئازادی‌ راده‌ربڕین واتای‌ چی‌ یه‌، هه‌مو كات به‌رله‌وه‌ی‌ بیر له‌وه‌بكه‌نه‌وه‌ ئازادی‌ بده‌ن به‌ خه‌ڵك شت بنوسێت، بیر له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ چۆن رێگه‌ بگرن له‌وه‌ی‌ ئه‌و سنوره‌ی‌ ئه‌وان به‌ سوری‌ ده‌زانن ببه‌زێنرێت" به‌ڵام ویستیان وێنه‌یه‌كی‌ واپیشان بده‌ن، كه‌ كوردستان به‌ره‌و دیموكراتیه‌ت ده‌ڕوات و زیندانی‌ رۆژنامه‌نوس ناهێڵن ، هاتن ئه‌وه‌یان بۆ رۆژنامه‌نوسان قوت كرده‌وه‌ كه‌ به‌ ساده‌ترین كێشه‌ رۆژنامه‌نوس و رۆژنامه‌ به‌ پاره‌یه‌كی‌ زۆر غه‌رامه‌ بكرێن، له‌ به‌رامبه‌ردا بۆچونی‌ جیاواز هه‌یه‌، شوان داودی‌ سه‌رنوسه‌ری‌ هه‌فته‌نامه‌ی‌ هه‌واڵ پێی‌ وابو، كه‌ بونی‌ غه‌رامه‌ له‌ یاسای‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ كوردستاندا كارێكی‌ خراپ نییه‌ و بۆ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ رۆژنامه‌كان به‌ر له‌ بلاَوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌تێك بیر له‌ لایه‌نه‌ یاساییه‌كه‌ی‌ بكه‌نه‌وه‌، شوان داودی‌ بۆ رۆژنامه‌ باسی‌ له‌وه‌كرد، كه‌ رۆژنامه‌نوسان لارییان له‌وه‌نیه‌ كه‌ غه‌رامه‌ هه‌بێت ، به‌ڵام تێبینیان له‌سه‌ر بڕی‌ غه‌رامه‌كه‌ هه‌یه‌، كه‌ بۆ ئه‌مڕۆی‌ بودجه‌ و بارودۆخی‌ رۆژنامه‌كانی‌ كوردستان زۆر زۆره‌.


له‌ یاساكه‌دا هاتوه‌، كه‌ نوسه‌ری‌ بابه‌ت و رۆژنامه‌كه‌ش سزاده‌درێن، واته‌ له‌سه‌ر بابه‌تێك رۆژنامه‌كه‌ دو جار سزاده‌درێت، له‌مباریه‌وه‌ د. سامان فه‌وزی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا، كه‌ ئه‌و سزا داراییه‌ی‌ له‌سه‌ر رۆژنامه‌ داده‌نرێت له‌ یاساكانی‌ زۆربه‌ی‌ وڵاتانی‌ پێشكه‌وتودا نوسه‌ری‌ بابه‌ت و سه‌رنوسه‌ر و خاوه‌ن ئیمتیاز پێكه‌وه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ر ده‌بژێرن، له‌ كه‌م یاسای‌ جیهاندا ئه‌وه‌ به‌رچاو ده‌كه‌وێت، كه‌ سزای‌ دارایی‌ خودی‌ رۆژنامه‌نوسه‌كه‌ جیاواز بێت، له‌ سزای‌ دارایی‌ رۆژنامه‌كه‌، ئه‌مه‌ ته‌نیا له‌ یاسای‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ كوردستاندا ده‌بینرێت، كه‌ یاسایه‌كی‌ "سه‌قه‌ته‌".

به‌ وته‌ی‌ ئه‌و پسپۆڕه‌ی‌ بواری‌ یاسا دادوه‌ر له‌ كاتی‌ سزادانی‌ نوسه‌ری‌ رۆژنامه‌ و رۆژنامه‌كه‌ش له‌سه‌ر بابه‌تێك كارێكی‌ یاساییه‌، چونكه‌ یاسایه‌ك هه‌یه‌ باس له‌و غه‌رامه‌یه‌ ده‌كات و دادوه‌ر جێبه‌جێی‌ ده‌كات، به‌ڵام، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و رۆشنبیری‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌وبڕوایه‌دا بو، غه‌رامه‌كردنی‌ رۆژنامه‌نوس و رۆژنامه‌ پێكه‌وه‌، ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست دادوه‌ر و به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك جار له‌ هه‌ندێك دادگا لایه‌نی‌ سلبی‌ یاساكان جێبه‌جێده‌كرێن، له‌ كاتێكدا خۆی‌ پێویسته‌ هه‌میشه‌ یاساكه‌ له‌ خزمه‌تی‌ تاوانبار لێكبدرێته‌وه‌، نه‌ك به‌رامبه‌ره‌كه‌ی‌.
 
سه‌ره‌باره‌ت به‌وه‌ی‌، كه‌ هه‌وڵبدرێت یاسای‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ له‌ كوردستان هه‌مواربكرێته‌وه‌، مسته‌فا ساڵح كه‌ریم جێگری‌ نه‌قیبی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ كوردستان، ئه‌وه‌ی‌ بۆ رۆژنامه‌ خسته‌ڕو، كه‌ ره‌نگه‌ له‌ داهاتودا كار بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ یاساكه‌ بكرێت، به‌ڵام له‌ ئێستادا ناكرێت چونكه‌ پێویسته‌ ماوه‌یه‌كی‌ دیكه‌ به‌سه‌ر ده‌رچونی‌ یاساكه‌دا تێپه‌ڕببێت، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا، كه‌ له‌ مانگی‌ نیسانی‌ داهاتودا بڕیار وایه‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ فراوان ساز بكرێت و وه‌زیری‌ داد و وه‌زیری‌ ناوخۆ و به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانی‌ ئاسایش بانگبكرێن و ده‌رباره‌ی‌ یاسای‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ و پێشێلكاریه‌كان قسه‌ ده‌كرێت.

هه‌فته‌نامه‌ی‌ هاوڵاتی‌ له‌سه‌ر بلاَوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌تێك له‌ ژماره‌ 387ی‌ رۆژی‌ 13/1/2008ی‌ هه‌فته‌نامه‌كه‌ له‌ژێر ناونیشانی‌ (سه‌ركرده‌كانی‌ كورد هاوپه‌یمانی‌ باش نین بۆ ئه‌مه‌ریكا) ، رۆژی‌ 15ی‌ ئه‌م مانگه‌ هه‌فته‌نامه‌كه‌، به‌ 10 ملیۆن دینار و سه‌رنوسه‌ره‌كه‌ی‌، به‌ 3 ملیۆن دینار غه‌رامه‌كران، ئه‌مشه‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ ماده‌ی‌ نۆیه‌می‌ یاسای‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ له‌ كوردستان.

غه‌رامه‌كردنی‌ رۆژنامه‌یه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ و سه‌رنوسه‌ره‌كه‌ی‌، به‌و پاره‌ زۆره‌ ،جێگای‌ ناڕه‌زایی‌ رۆژنامه‌نوسانه‌ن چونكه‌ غه‌رامه‌كردنی‌ رۆژنامه‌یه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ به‌ بڕێك پاره‌ی‌ زۆر ده‌بێته‌ هۆی‌ په‌كخستنی‌ رۆژنامه‌ و داخستنی‌، نه‌به‌ز گۆران سه‌رنوسه‌ری‌ گۆڤاری‌ جیهان وتی‌:" ده‌بێت رۆژنامه‌ی‌ ئه‌هلی‌ به‌باشی‌ له‌وه‌بگه‌ن، كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ كاربۆ لاوازكردنیان ده‌كات، پێشتر له‌ رێگه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌كردن و لێدانه‌وه‌ ده‌كرا، به‌ڵام ئێستا له‌ رێگه‌ی‌ یاساوه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن".

به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و ئیفلیجیه‌ به‌سه‌ر رۆژنامه‌ ئه‌هلیه‌كاندا نه‌یه‌ت، پێویسته‌ كه‌مپینێك دابنرێت تا ئه‌و ده‌رگایانه‌ به‌ روی‌ رۆژنامه‌ ئه‌هلیه‌كاندا دانه‌خرێن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌ك نه‌به‌ز گۆران باسی‌ لێوه‌كرد، كه‌مپینێك بۆ هاوكاری‌ كردن و كۆمه‌كی‌ مادی‌ و مه‌عنه‌وی‌ هه‌فته‌نامه‌ی‌ هاولاَتی‌ له‌ هه‌ولێر و سلێمانی‌ دروست كراوه‌، كه‌ بۆخۆی‌ په‌یامێكه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات كه‌ ئه‌و ده‌عوا یاساییانه‌ كاریگه‌ری‌ به‌سه‌ر رۆژنامه‌نوسانه‌وه‌نابێت و هه‌مو ده‌توانن پێكه‌وه‌ هاوكاری‌ یه‌كتر بكه‌ن.

 

Sbeiy.com © 2007