Print
 كریس كۆچێرا:باسكردنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ كوردستان له‌ئه‌مه‌ریكا، كارێكی‌ زۆر باشه‌
Sunday, March 22, 2009

دیمانه‌: نامۆ عه‌بدوڵڵا

كریس كۆچێرا باوه‌ڕی‌ وایه‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بریتییه‌ له‌ به‌رپرسی‌ گه‌نده‌ڵ و گه‌نده‌ڵی‌ كه‌ به‌ڕای‌ ئه‌و بوه‌ته‌ په‌رته‌وازه‌كردنی‌ كورد. له‌ دیمانه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ پرد كۆچێرا كه‌ رۆژنامه‌نوس‌و توێژه‌ر‌و نوسه‌رێكی فه‌ره‌نسییه‌، پسپۆره‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی كورد، پێی‌ وایه‌ گۆڕانێكی‌ گه‌وره‌ له‌ مێژوی‌ كورددا سه‌ریهه‌ڵداوه‌و پێویسته‌ بپارێزرێت.

 ئه‌م نوسه‌ره‌ خاوه‌نی چه‌ندین په‌رتوكه‌‌و ده‌یه‌ها وتاری له‌ رۆژنامه‌كانی ) Monde Diplomatique ‌و Les Cahiers de l‌Orient و Al Wasat و The Middle East magazine)دا بڵاوكردوه‌ته‌وه‌، كۆچێرا هاوپه‌یمانێتی‌ كورد و ئه‌مه‌ریكا به‌ هاوپه‌یمانیه‌تی‌ ئیداره‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا و سه‌ركرده‌كانی‌ كورد ده‌زانێت نه‌ك له‌ نێوان ئیداره‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا و خه‌ڵكی‌ ئه‌و هه‌رێمه‌دا.
كریس كۆچێرا زیاتر له‌ سی ساڵه‌ دوای پرسی كورد كه‌وتوه‌، له‌م دیمانه‌یه‌ی‌ پاشكۆی‌ پردی‌ رۆژنامه‌ی‌ رۆژنامه‌دا، تێڕوانینی خۆی ده‌خاته‌ رو.
 
*چۆن بو خولیای شوێنكه‌وتنی پرسی كوردت لادروست بو؟
كریس كۆچێرا:خولیابونم بۆ پرسی كورد به‌ رێكه‌وت بو، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ساڵی 1971 هاتم بۆ عێراق، ئه‌وكاته‌ په‌یوه‌ندی نێوان به‌غدا‌و كورد خراپ نه‌بو به‌هۆی ئه‌و رێكه‌وتننامه‌یه‌وه‌ی‌ ئه‌وكات له‌ نێوانیاندا هه‌بو، له‌ به‌غدا چاوم به‌ وه‌زیری راگه‌یاندن كه‌وت‌و ئه‌ویش پێی وتم: "ناته‌وێت ژه‌نه‌راڵ‌ بارزانی ببینیت؟" دواتر منیش چوم بارزانیم بینی‌و ئیتر دوای ئه‌وه‌ بڕیارمدا كه‌ شوێن پرسی كورد بكه‌وم.

*ئێستا كورد به‌به‌راورد به‌ زه‌مانی‌ ئه‌و كاته‌ گۆڕانێكی‌ گه‌وره‌ی‌ بینیوه‌ تۆ چۆن ئه‌م گۆڕانه‌ ده‌بینیت؟
كریس كۆچێرا: له‌ راستیدا گه‌لی كورد پێویسته‌ گه‌شبین‌و خۆشحاڵ‌ بێت، چونكه‌ له‌ ساڵی 1991وه‌ تا ئێستا چه‌ندین پێشكه‌وتنیان دیوه‌‌و چه‌ندین شتیش به‌ده‌ست هاتون، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا هه‌رچه‌نده‌ هه‌رێمه‌كه‌ ئێستا ئالوده‌ی ده‌یان كێشه‌ی وه‌ك كه‌می كاره‌با‌و گرفتی ئاو‌و نه‌بونی كار بۆ لاوان بوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ی من ده‌یبینم لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م گرفتانه‌ ته‌نیا له‌ رێگای یه‌كێتی‌و سه‌قامگیرییه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت‌و سه‌ركرده‌كان پێویسته‌ پارێزگاری لێ بكه‌ن.

*به‌رٍِای تۆ كێ‌ ده‌كرێت وه‌ك سه‌رچاوه‌ی ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ی ئاماژه‌ت پێدان لۆمه‌ بكرێت؟
كریس كۆچێرا: ئه‌و شتانه‌ی كه‌ بونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی كێشه‌‌و گرفت له‌ عێراق‌و كوردستاندا زۆرن. یه‌كه‌م، ئه‌م وڵاته‌ به‌ ته‌واوی له‌ لایه‌ن رژێمی سه‌دام حسێن-ه‌وه‌ تێك‌و پێكدرابو، كه‌ چه‌ندین شوێنه‌واری خراپی له‌سه‌ر هه‌رێمه‌كه‌ به‌جێ‌ هێشتوه‌ كه‌ پێویستیان به‌ دوباره‌ بنیاتنانه‌وه‌و ریفۆرم هه‌یه‌. دوه‌م، كورده‌كان گرفتیان له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌غدادا هه‌یه‌‌و ناتوانن به‌بێ‌ ئاگاداری به‌غدا زۆر شت له‌ هه‌رێمه‌كه‌یاندا بكه‌ن. زیاد له‌مانه‌ش تۆ گرفتت له‌گه‌ڵ‌ وڵاتانی دراوسێتدا هه‌یه‌، كه‌ هه‌مویان دوژمنتن. هه‌مو ئه‌مانه‌ كاریگه‌ریان له‌ سه‌ر بارودۆخی خراپی هه‌رێمه‌كه‌‌و بونی ئه‌و گرفتانه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئێستا له‌ هه‌رێمه‌كه‌دا بونیان هه‌یه‌.

*تۆ وه‌كو پسپۆرێكی مێژویی كورد، ده‌كرێت ئه‌و هۆكارانه‌مان بۆ ده‌ستنیشان بكه‌یت كه‌ كوردیان له‌ مێژودا توشی شكست كردوه‌؟
كریس كۆچێرا: چه‌ندین هۆی ده‌ره‌كی هه‌ن (له‌ پێشه‌وه‌ ئاماژه‌مان بۆ كردن) كه‌ وایانكردوه‌ مه‌سه‌له‌ی كورد بكه‌وێته‌ بارودۆخێكی واوه‌ چاره‌سه‌ركردنی دژوار بێت، به‌ڵام له‌ پاڵ‌ ئه‌م هۆكاره‌ ده‌ره‌كیانه‌شدا هۆكاری ناوه‌كی هه‌ن كه‌ من لێره‌دا سه‌رنجیان له‌ باره‌وه‌ ده‌ده‌م. یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ نه‌بونی یه‌كێتی بوه‌ له‌ نێوان هه‌ردو پارته‌ سیاسییه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كوردستاندا، كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانن، به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ئێستا بارودۆخه‌كه‌ زۆر له‌ جاران باشتره‌‌و ئێستا به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌م دو پارته‌ دانیشتن‌و دانواستاندن ده‌كه‌ن‌و به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ هاوبه‌شی كارده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ پێموانییه‌ ئێستاش ئه‌م دو پارته‌ یه‌ك ده‌نگ بن له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك.
كورد زیاتر پێویستی به‌ یه‌كگرتویی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ یه‌كگرتو نه‌بن، خه‌ڵكیش له‌نێو خۆیاندا یه‌كگرتو نابن، گه‌نده‌ڵی ئه‌مڕۆ گرفتێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ كوردستان، كه‌ رۆڵێكی گه‌وره‌ له‌م په‌رته‌وازه‌بونه‌دا ده‌گێڕێت‌و بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی له‌نێوان خه‌ڵك‌و ده‌سه‌ڵاتدا (سه‌ركرده‌كاندا) دروستكردوه‌.

*توێژه‌ری ئه‌مه‌ریكی مایكڵ‌ روبین، پێیوایه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا هاوپه‌یمانی سه‌ركرده‌ كورده‌كان نییه‌، به‌ڵكو هاوپه‌یمانی خه‌ڵكی كوردستانه‌. تا چه‌ند پێتوایه‌ ئه‌م بۆچونه‌ دروسته‌؟
كریس كۆچێرا: راپۆرته‌كه‌ی مایكڵ‌ رۆبنم خوێندوه‌ته‌وه‌ هه‌ندێك فاكت‌و سه‌رچاوه‌شی تیادایه‌، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ندین زیاده‌ڕۆیشی تیادایه‌ من به‌ پێچه‌وانه‌ی مایكڵ‌ رۆبنه‌وه‌ پێموایه‌ ئه‌مه‌ریكا هاوپه‌یمانی سه‌ركرده‌كانه‌ نه‌ك خه‌ڵكی كوردستان.

*به‌ڵگه‌ت چییه‌؟
كریس كۆچێرا: ساده‌ترین به‌ڵگه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌ نێوان حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكا‌و سه‌ركرده‌كاندایه‌ نه‌ك خه‌ڵك.

*له‌میدیای ئه‌مه‌ریكادا له‌م رۆژانه‌دا چه‌ندین هێرش ده‌بینین كه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ر كورد، ئه‌م هێرشانه‌ بۆنی ئه‌وه‌یان لێدێت له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی توركییه‌وه‌ هه‌ڵقوڵا بن، لێكدانه‌وه‌ت بۆ ئه‌م هێرشانه‌ چییه‌؟
كریس كۆچێرا: زۆرجار له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست "تیۆری پیلانگێڕیی‌" ده‌بینرێت، تۆ هه‌میشه‌ بڕوات وایه‌ قوربانی ده‌ستی پیلانگێڕیت. ئه‌و هه‌مو نوسه‌ر‌و توێژه‌ره‌ی له‌ ئه‌مه‌ریكادا ره‌خنه‌ له‌ كورد ده‌گرن ناكرێت بڵێین له‌لایه‌ن توركیاوه‌ به‌ كرێگیراون، ره‌نگه‌ یه‌ك كه‌سی له‌م جۆره‌ هه‌بێت، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وانی تر به‌ كرێگیراو نین، كاتێك له‌ ئه‌مه‌ریكا باس له‌ گه‌نده‌ڵی كوردستان ده‌كرێت، پێموایه‌ ئه‌مه‌ شتێكی زۆر باشه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی به‌ڕاستی گرفته‌ له‌م هه‌رێمه‌دا ئه‌وانه‌ی كه‌ گه‌نده‌ڵن
پێویسته‌ بگۆڕدرێن.

*تۆ له‌ شوێنێكدا وتوته‌ كه‌ كورد پێویسته‌ له‌گه‌ڵ‌ شیعه‌كاندا هاوپه‌یمانی بكه‌ن نه‌ك سوننه‌كان، به‌ڵام ده‌بینین له‌گه‌ڵ‌ شیعه‌كان سه‌ركه‌وتو نه‌بوین.
كریس كۆچێرا: له‌كاتێكدا ده‌ڵێم كورده‌كان نابێت هاوپه‌یمانییه‌تی له‌گه‌ڵ‌ سوننه‌كاندا ببه‌ستن، مه‌به‌ستم هه‌مو سوننه‌كان نییه‌، به‌ڵكو مه‌به‌ستم به‌عسییه‌كانی پێشوه‌، چونكه‌ ئه‌مانه‌ هێشتا خه‌ون به‌ گێڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ده‌بینن‌و كوردیش خوازیاری ئه‌مه‌ نییه‌، بۆیه‌ كورده‌كان پێویسته‌ له‌ گه‌ڵ‌ شیعه‌كاندا كاربكه‌ن زۆرێك له‌ شیعه‌كان هاوئاهه‌نگ له‌گه‌ڵ‌ كورده‌كاندا حكومه‌تێكی فیدراڵیان ده‌وێت بۆ عێراق بۆیه‌ كورد له‌گه‌ڵ‌ شیعه‌دا هاوبه‌شه‌ نه‌ك سوننه‌.

Sbeiy.com © 2007