Print
 دیاربه‌كر، قه‌ڵای‌ ده‌ته‌په‌ ‌و خه‌ونی‌ ئه‌كه‌په‌
Saturday, March 28, 2009

راپۆرت: دانا نه‌وزه‌ر عه‌لی‌

هه‌ڵبژاردنه‌ شاره‌وانییه‌كانی‌ كۆتایی‌ ئازاری‌ 2009، هه‌رچه‌نده‌ سروشتێكی‌ لۆكاڵی‌‌و ناوچه‌ییان هه‌یه‌و هه‌ڵبژاردنی‌ گشتی‌ نین، به‌ڵام هه‌مو ئه‌وه‌ی‌ ئێستا له‌ ساحه‌ی‌ سیاسی‌ توركیادا روده‌دات پێمانده‌ڵێت كه‌ توركیای‌ پاش هه‌ڵبژاردنه‌كان وه‌ك توركیای‌ پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان نابێت. هه‌مو پارته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ توركیا به‌ته‌واوی‌ هێز‌و ئاماده‌گی‌ سیاسی‌ خۆیانه‌وه‌ هاتونه‌ته‌ مه‌یدانه‌وه‌، به‌پێی‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌ سه‌رو له‌ سه‌دا شه‌ست له‌ كۆبونه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كاندا خودی‌ سه‌رۆكی‌ پارته‌كان ئاماده‌بون، ئه‌مه‌ش گرنگی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌خاته‌ڕو، پارتی‌ داد‌و گه‌شه‌پێدان، ئه‌كه‌په‌، ده‌یه‌وێت له‌ڕێی‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌وه‌ دوا په‌یامی‌ خۆی‌ به‌ هه‌مو نه‌یاره‌كانی‌ بگه‌یه‌نێت‌و پێیان بڵێت كه‌ ئه‌و هه‌تا داهاتویه‌كی‌ دور تاكه‌ پارتی‌ ده‌سه‌ڵات ده‌بێت. پارتی‌ گه‌لی‌ كۆماریش جه‌هه‌په‌ ده‌یه‌وێت به‌ سود وه‌رگرتن له‌ هه‌ڵه‌كانی‌ رابردو نیمچه‌ سه‌ركه‌وتنێكی‌ سیاسی‌ تۆماربكات‌و بگه‌ڕێته‌وه‌ خانه‌ی‌ ململانێكان. هه‌ر بۆیه‌ ماوه‌ی‌ سێ‌ مانگه‌ كرانه‌وه‌یه‌كی‌ گشتی‌ به‌ روی‌ توێژی‌ دینداری‌ توركیادا راگه‌یاندوه‌‌و تا ئه‌وه‌ی‌ یه‌كێك له‌ پاڵێوراوه‌كانی‌ ئه‌م پارته‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ شاره‌وانییه‌كان ده‌ڵێت: "له‌گه‌ڵ‌ سه‌ركه‌وتنی‌ پارته‌كه‌یدا كۆرسی‌ فێربونی‌ قورئان بۆ منداڵان ده‌كاته‌وه‌". 



پارتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ییش مه‌هه‌په‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ به‌ركارهێنانی‌ ئه‌و كارته‌ی‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی‌ پێشودا به‌كاریهێنا، هه‌وڵی‌ ختوكه‌دانی‌ هه‌ستی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ توركه‌كان ده‌دات‌و ده‌یانترسێنێت به‌وه‌ی‌ كه‌ ناسنامه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ییان له‌ مه‌ترسیدایه‌، هه‌ربۆیه‌ كاتێك ئه‌حمه‌د توركی‌ سه‌رۆكی‌ ده‌ته‌په‌ به‌ كوردی‌ قسه‌ی‌ كرد، ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی‌ سه‌رۆكی‌ مه‌هه‌په‌، پارتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ وتی‌: "تاوانباری‌ راسته‌قینه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی‌ سه‌رۆك وه‌زیره‌، چونكه‌ ئه‌وبو ده‌رگای‌ به‌ كوردی‌ قسه‌كردنی‌ كرده‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ كاتێك ئه‌حمه‌د تورك دادگایی‌ كرا ده‌بێت ئه‌ردۆغانیش راپێچی‌ دادگا بكرێت".

پارتی‌ كۆمه‌ڵگای‌ دیموكراتی‌ كوردیش هه‌وڵده‌دات خۆی‌ به‌ تاكه‌ نوێنه‌ری‌ راسته‌قینه‌‌و به‌رگریكاری‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ كوردی‌ توركیا پیشانبدات‌و له‌و رێیه‌وه‌ ده‌نگی‌ كورده‌كان كۆبكاته‌وه‌.

له‌ دیاربه‌كر چ باسه‌؟
ئه‌گه‌ر چی‌ هه‌مو شاره‌كانی‌ توركیا، به‌تایبه‌ت شاره‌ ستراتیژی‌‌و گرنگه‌كان بونه‌ته‌ مه‌یدانی‌ ململانێی‌ توند له‌نێوان پارته‌كاندا، به‌ڵام خاڵی‌ جیاكه‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ كه‌ بۆ كورد گرنگه‌ بریتییه‌ له‌ پێگه‌ی‌ دیاربه‌كر، دیاربه‌كر یان ئامه‌د، گه‌وره‌ترین شاری‌ كوردستانی‌ توركیایه‌، به‌پێی‌ سه‌رژمێری‌ دانیشتوان له‌ ساڵی‌ 2007 ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ دیاربه‌كر (1,860,714) كه‌سه‌، حه‌فتاو دو له‌ سه‌دی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ كوردن، ئه‌وه‌ی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ ترن به‌تایبه‌تی‌ تورك.

بایه‌خی‌ سیاسی‌ دیاربه‌كر چه‌ند قات بویه‌وه‌ كاتێك ساڵی‌ رابردو ئه‌ردۆغان داوای‌ سه‌ركه‌وتنێكی‌ گه‌وره‌ی‌ كرد له‌ دیاربه‌كرو ئه‌مساڵیش دو جاری‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌ك هاته‌ شاره‌كه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا ده‌ته‌په‌ هه‌ستی‌ به‌ مه‌ترسییه‌كه‌ كردوه‌‌و عوسمان بایده‌میری‌، سه‌رۆكی‌ ئێستای‌ شاره‌وانی‌ دیاربه‌كر، ده‌ڵێت: "دیاربه‌كرد قه‌ڵامانه‌، هه‌رگیز ته‌سلیمی‌ ناكه‌ین". 

راپرسییه‌كان تا ئه‌م ساته‌ ئه‌نجامێكی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ناده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌، رێژه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ناكه‌ن یه‌كجار زۆره‌و  له‌هه‌مانكاتیشدا بومه‌له‌رزه‌ سیاسییه‌كان به‌رده‌وامن، بڵاوبونه‌وه‌ی‌ هه‌واڵی‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانی‌ ئۆچ ئالان‌و سه‌ردانه‌كه‌ی‌ ئه‌ردۆغان بۆ دیاربه‌كر‌و قسه‌كردنی‌ ئه‌حمه‌د تورك به‌ كوردی‌ له‌نێو په‌رله‌ماندا، به‌س بون بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاقاری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بگۆڕن. 

ده‌ته‌په‌ چی‌ ده‌كات؟
ده‌ته‌په‌ سیاسه‌تێكی‌ زیره‌كانه‌، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا مه‌ترسیداری‌ گرتوه‌ته‌به‌ر، له‌م سێ‌ مانگه‌ی‌ رابردودا ده‌ته‌په‌ هه‌ستاوه‌ به‌ قۆستنه‌وه‌ی‌ هه‌مو هۆكار‌و بۆنه‌‌و روداوێك بۆ هێنانه‌ سه‌ر شه‌قامی‌ خه‌ڵك‌و وتنه‌وه‌ی‌ دروشمی‌ دژ به‌ پارتی‌ ئه‌كه‌په‌. ئه‌ردۆغان له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ ئه‌م دواییه‌یدا ئه‌م سیاسه‌ته‌ی‌ به‌ (سیاسه‌تی‌ دۆڕاوه‌كان) ناوبرد، به‌ڵام ده‌ته‌په‌ گوێناده‌ن‌و به‌رده‌وامن له‌سه‌ر ئه‌مجۆره‌ سیاسه‌ته‌، ئه‌كه‌په‌ زۆر له‌م سیاسه‌ته‌ی‌ ده‌ته‌په‌ ده‌ترسێت، ئه‌م ترسه‌شی‌ به‌ ئاشكرا له‌ زاری‌ خودی‌ ئه‌ردۆغان‌و به‌رپرسه‌ ناوچه‌ییه‌كانییه‌وه‌ خستوه‌ته‌ڕو، ئیعلامییه‌كانی‌ ده‌ته‌په‌ جه‌خت له‌سه‌ر جیاوازییه‌كی‌ گه‌وره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌نێوان ئه‌وان‌و ئه‌كه‌په‌دا، پێیانوایه‌ كه‌ كه‌متر له‌ سه‌دا شه‌ستی‌ ده‌نگه‌كان ناهێنن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ده‌ته‌په‌ لێی‌ ده‌ترسێت ئه‌و دۆڕانه‌ گه‌وره‌یه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ شاره‌وانییه‌كانی‌ پێشودا رویدا، چونكه‌ ئه‌و هۆكارانه‌ی‌ ده‌ته‌په‌یان به‌ دۆڕاندا هه‌روه‌كو خۆیانن. ده‌ته‌په‌ له‌جێی‌ خزمه‌تگوزاری‌ دروشمی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ پێشكه‌ش ده‌كرد، ئه‌مه‌ش وایكرد له‌ ساڵی‌ 2002دا (5) دانه‌ له‌ شاره‌ گه‌وره‌كانی‌ كوردستانی‌ توركیا له‌ده‌ستبدات.

ئه‌كه‌په‌ چی‌ ده‌كات؟
ئه‌وه‌ی‌ ئه‌كه‌په‌ پشتیپێده‌به‌ستێت بریتییه‌ له‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ی‌ كه‌ شاره‌وانییه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌كه‌په‌ له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردودا پێشكه‌شیكردون، ئه‌ردۆغان به‌ خه‌ڵكی‌ دیاربه‌كری‌ وت: "ده‌نگ به‌و كه‌سانه‌ مه‌ده‌ن كه‌ هه‌ستی‌ نه‌ته‌وه‌یتان بۆ ئامانجی‌ سیاسی‌ به‌كارده‌هێنن، به‌ڵكو ده‌نگ به‌وانه‌ بده‌ن كه‌ له‌ماوه‌ی‌ ساڵانی‌ رابردودا قوتابخانه‌‌و نه‌خۆشخانه‌‌و جاده‌‌و رێگاوبانی‌ هێنایه‌ ئه‌م ناوچه‌وه‌".

مسته‌فا ئوناڵ‌ له‌ رۆژنامه‌ی‌ زه‌مانی‌ توركی‌ ده‌ڵێت: "دوای‌ دو سه‌ردانه‌كه‌ی‌ ئه‌ردۆغان بۆ دیاربه‌كر، لایه‌نگرانی‌ ئه‌كه‌په‌ ئومێدیان زیادیكردوه‌‌و پێیانوایه‌ كه‌ سه‌ركه‌وتن له‌ دیاربه‌كر مه‌حاڵ‌ نییه‌".

ئه‌كه‌په‌ ده‌یه‌وێت هێمنانه‌ كاربكات‌و له‌لایه‌كه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ توركه‌كاندا به‌ ته‌سلیمبون‌و به‌هێزكردنی‌ كورد تاوانبارنه‌كرێت، له‌هه‌مانكاتیشدا سۆزو هه‌ستی‌ كورده‌كان به‌لای‌ خۆیدا رابكێشێت. كردنه‌وه‌ی‌ كه‌ناڵی‌ ته‌ره‌ته‌ شه‌ش هه‌نگاوێكی‌ باش بو به‌م ئاڕاسته‌یه‌دا، هه‌روه‌ك ئه‌كه‌په‌ هه‌وڵده‌دات كه‌ دۆسێی‌ ئه‌رگه‌نه‌كۆن‌و به‌دواداچون تیایدا وه‌ك ده‌سكه‌وتێك نیشانبدات‌و به‌ كورده‌كان بڵێت كه‌ ئه‌كه‌په‌ راستگۆیه‌ له‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌دا كه‌ ساڵانێك هۆكاری‌ پشێوی‌‌و كوشت‌و بڕ بون له‌ ناوچه‌كه‌دا، هه‌ربۆیه‌ له‌ سه‌ردانی‌ دوه‌میدا بۆ دیاربه‌كرد، ئه‌ردۆغان له‌به‌رده‌م هه‌زاران كه‌س له‌ هه‌وادارانیدا وتی‌: "تا دوا نه‌فه‌س به‌ دوای‌ ئه‌رگه‌نه‌كۆندا ده‌چێت"، ئۆران چاڵشله‌ر، نوسه‌ر له‌ رۆژنامه‌ی‌ رادیكاڵی‌ توركی‌ ده‌ڵێت: "له‌م ماوه‌ی‌ دواییدا ئه‌ردۆغان هه‌ندێك قسه‌ی‌ كرد كه‌ نیگه‌رانی‌ له‌لای‌ كورده‌كان دروستكرد، به‌ڵام له‌م سه‌ردانانه‌ی‌ دواییدا‌و بۆ راكێشانی‌ سۆزی‌ ده‌نگده‌ری‌ كوردی‌، ئه‌ردۆغان زمانێكی‌ زۆر نه‌رمی‌ به‌كارهێنا، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌ردۆغان وتی‌ هه‌مو ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ كورده‌كان چاوه‌ڕوانی‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ده‌توانین بڵێن وته‌كانی‌ ئه‌ردۆغان كاریگه‌ری‌ ئیجابییان ده‌بێت".

ئه‌كه‌په‌ گره‌و له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نگیریه‌ ده‌كات كه‌ له‌لایه‌ن دو توێژی‌ سه‌ره‌كییه‌وه‌ لێی‌ ده‌كرێت، یه‌كه‌م توێژی‌ دینداران به‌گشتی‌‌و گوله‌نییه‌كان به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ده‌نگده‌ری‌ ته‌قلیدی‌ ئه‌كه‌په‌ن‌و هه‌تا ئێستا ده‌ته‌په‌ نه‌یتوانیوه‌ موخاته‌به‌یان بكات، توێژی‌ دوه‌میش بریتییه‌ له‌ رۆشنبیران‌و چالاكه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ كه‌ به‌ته‌واوی‌ دژی‌ سیاسه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ ده‌ته‌په‌ن‌و پێیانوایه‌ زه‌مه‌نی‌ ئه‌و جۆره‌ خه‌باته‌ به‌سه‌ر چوه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مو حاڵه‌ته‌كاندا ئه‌كه‌په‌ له‌وه‌ دڵنیایه‌ كه‌ 29/3 رۆژێكی‌ زه‌حمه‌ت ده‌بێت، چونكه‌ هه‌مو ئاماژه‌كان ئه‌وه‌ ده‌ڵێن كه‌ عوسمان بایده‌میری‌ پاڵێوراوی‌ ده‌ته‌په‌ له‌ پێشه‌وه‌یه‌‌و هه‌ندێك راپرسی‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ هه‌تا ئێستا جیاوازییه‌كه‌ فراوانه‌، ئه‌كه‌په‌ پێیوایه‌ راپرسییه‌كان به‌شێكن له‌ شه‌ڕه‌ ئیعلامییه‌كه‌، ئه‌وان هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌به‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر چی‌ زۆر زه‌حمه‌تیش بێت.

دیاربه‌كر چۆن ده‌نگ ده‌دات؟
ئێستا دیاربه‌كر به‌ دابه‌شبونێكی‌ سیاسی‌‌و كه‌لتوری‌ گه‌وره‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت، جیاوازییه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ به‌ریانێكی‌ فراوان له‌نێوان دو جۆر دیدگا‌و جیهانبینیدا، ئه‌وكاته‌ی‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ دیاربه‌كر وه‌ڵامی‌ پرسیاره‌ قوڵه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ نه‌ته‌وه‌‌و شوناس ده‌ده‌نه‌وه‌، ئه‌وكاته‌ ده‌زانین كه‌ كێ‌ دیاربه‌كر ده‌باته‌وه‌، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی‌ دیاربه‌كر به‌ شێوازه‌ ته‌قلیدییه‌كه‌‌و وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ باوه‌ بیربكه‌نه‌وه‌‌و مه‌بده‌ئی‌ (خراپێكی‌ كورد له‌ باشێكی‌ تورك باشتره‌ بگرنه‌ به‌ر) ئه‌وا ده‌ته‌په‌ ده‌یباته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ پاڵێوراوه‌كانی‌ ئه‌كه‌په‌یش كوردن، به‌ڵام ده‌ته‌په‌ زیاتر ناسنامه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی‌ هه‌ڵگرتوه‌، ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌ له‌لای‌ ئه‌وان هه‌مان هه‌سته‌ ساده‌كه‌ی‌ پێكه‌وه‌بون‌و هاوخوێنی‌ بێت‌و ده‌نگه‌كانیشیان له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ بده‌ن، ده‌ته‌په‌ چانسی‌ له‌ جاران زیاتر ده‌بێت بۆ بردنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌پێچه‌وانه‌وه‌  خه‌ڵكی‌ دیاربه‌كر (ژیانێكی‌ باشتر) به‌ گرنگتر دابنێن‌و پراگماتیانه‌ بیربكه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ ئه‌كه‌په‌ سه‌ركه‌وتن مسۆگه‌ر ده‌كات.

حوسه‌ین ئۆزئشك له‌ رۆژنامه‌ی‌ ستاری‌ توركی‌ ده‌ڵێت: "زۆر زه‌حمه‌ته‌ كه‌ بزانرێت براوه‌ی‌ دیاربه‌كر كێ‌ ده‌بێت، به‌ڵام رێڕه‌وی‌ خزمه‌نگوزاری‌ ئه‌كه‌په‌ له‌ شاره‌وانییه‌ كوردییه‌كاندا واده‌كات سه‌ركه‌وتنی‌ ئه‌كه‌په‌ چاوه‌ڕوانكراو بێت".

 له‌گه‌ڵ‌ نزیكبونه‌وه‌ی‌ واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردن، ململانێكان توندتر‌و پێشبینیه‌كانیش زیاتر‌و زیاتر ده‌بن، ئه‌كه‌په‌ خه‌ون به‌ دیاربه‌كره‌وه‌ ده‌بینێت‌و ده‌یه‌وێت له‌ڕێی‌ بردنه‌وه‌ی‌ دیاربه‌كره‌وه‌ شه‌رعییه‌تێكی‌ كوردی‌ به‌ دیدگا‌و ئه‌جێندای‌ سیاسی‌ خۆی‌ بدات ده‌رباره‌ی‌ كێشه‌ی‌ كورد، ده‌ته‌په‌ش دیاربه‌كر به‌ قه‌ڵاكه‌ی‌ خۆی‌ ده‌زانێت، راستتر بڵێین، دیاربه‌كر دوا قه‌ڵای‌ ده‌ته‌په‌یه‌، بردنه‌وه‌ی‌ هه‌ناسه‌یه‌ك‌و گوڕێكی‌ نوێ‌ به‌ ده‌ته‌په‌ ده‌به‌خشێت‌و دۆڕاندنیشی‌ ده‌بێته‌ سه‌ره‌تای‌ پوكانه‌وه‌ی‌.

Sbeiy.com © 2007