سازدانی: سۆران پاڵانی
سه‌باره‌ت به سیستمی حیزبایه‌تی له هه‌رێمی كوردستان كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئایندهی هه‌رێمه‌كه و ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ گۆڕان و چاكسازی له ئارادان، رۆژنامه‌ی رۆژنامه دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ دكتۆر یاسین سه‌رده‌شتی مامۆستای به‌شی مێژوی كۆلێژی زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كانی زانكۆی سلێمانی سازداوه كه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
* ئه‌و شێوه سیستمه‌ی كه ئه‌مڕۆ له كوردستان له‌سه‌ر كاره، له كام شێوازی دنیا ده‌چێت؟
د. یاسین سه‌رده‌شتی: ئه‌گه‌ر وردبینه‌وه له‌و شێوازه ده‌سه‌ڵاتدارییه‌ی كه له كوردستاندایه‌و به‌راوردی بكه‌ین له‌گه‌ڵ شێوازه‌كانی تر، هه‌ر له شێوازه كلاسیكییه‌كانه‌وه كه شێوازی ده‌سه‌ڵاتی حوكمی ره‌هایه، یان پیرۆزكردنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه كه له رێگای ئایینه‌وه یان بیروباوه‌ڕێكی سیاسییه‌وه دێت‌و ده‌سه‌ڵاتی خۆی ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا، هه‌روه‌ها سیستمی ده‌سه‌ڵاتی تاك حیزبیمان هه‌یه كه له هه‌ندێك له وڵاتان به‌ڕێوه‌ده‌چێت به‌تایبه‌ت دوای هاتنه سه‌ر كاری حیزبه كۆمۆنیسته‌كان، كه ته‌نها حیزبی رابه‌ری چینی پرۆلیتاریایه، وه‌كو یه‌كێتی سۆڤیهتو كوبا، هه‌روه‌ها سیستمی هاوچه‌رخی ئه‌وروپای خۆرئاوامان هه‌یه كه سیستمێكی دیموكراتییه، ئه‌و سیستمه گه‌ر سیستمێكی پاشایه‌تی ده‌ستوری بێت یان سیستمێكی دیموكراتی كۆماری بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌مانه له كوردستاندا زۆر ئاڵۆزه كه بڵێین یه‌كێكه له‌و شێوازه یان سیستمانه‌ی كه باسمانكرد، ته‌واوی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و سیستمانه ده‌توانین له واقیعی كوردستاندا پێناسه‌ی بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه كه بڵێن شێوازی ده‌سه‌ڵاتدارێتی له كوردستاندا به‌رهه‌می ئه‌و فه‌رهه‌نگه سیاسی‌و كلتوری‌و مێژوییه‌یه كه له ته‌واوی خۆرهه‌ڵاتی ناوهڕاستو جیهانی سێیه‌م وجودی هه‌یه.
له‌پاش راپه‌ڕین كه فه‌رمانڕه‌وایی كوردی دروستبوه، خه‌ڵك هه‌ڵبژاردنی كرد، به‌پێی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه نه‌توانرا له كوردستان سیستمێكی هاوچه‌رخ بخرێته سه‌ر سكه‌یه‌كی وا كه تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سیستمێكی هاوچه‌رخی تێدابێت كه له وڵاتانی دیموكراسیدا هه‌یه، كه حیزبێك زۆرینه به‌ده‌ست دههێنێتو ده‌بێته ده‌سه‌ڵاتدار، ئه‌وه‌ی تریش كه كه‌مینه‌یه ده‌بێته ئۆپۆزسیۆن، جۆرێك له سیستمی ته‌وافوقی سیاسی به‌شێوه‌ی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌ی فیفتی به فیفتی له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرت كه ئه‌م دو هێزه هه‌ریه‌كه‌یان له ناوچه‌یه‌كدا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌و توانای جوڵانه‌وه‌یان هه‌بوه‌و ته‌سلیم بون به واقیعی فیفتی فیفتی، بو به‌و واقیعه كه هه‌رێمی بادینان سه‌ر به پارتی بوه‌و هه‌ولێرو سلێمانیش له‌ژێر ده‌ستی یه‌كێتی بوه، له‌گه‌ڵ هه‌ندێك لایه‌نی بچوكی تر كه هاوپه‌یمانی یه‌كێتی بون له سه‌رده‌مێكدا، ئه‌م واقیعه‌ش شه‌إی ناوخۆ‌و دو ئیدارهییو ماڵوێرانی لێكهوتهوه.
* دوای روخانی حكومه‌تی به‌عسیش نه‌توانراوه چاكسازیی له سیستمی ده‌سه‌ڵاتدارێتی هه‌رێمدا بكرێت؟
د. یاسین سه‌رده‌شتی: كاتێك كه حكومه‌تی عێراقی له ساڵی 2003دا روخا، به‌رله‌وه‌ش هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌یانزانی كه ئه‌مریكییه‌كان تا راده‌یه‌كی زۆر جدین له مه‌سه‌له‌ی روخانی رژێمی به‌عسدا، ئه‌وان له ساڵی 1996ه‌وه كه ئاگربه‌ستیان راگه‌یاند، ده‌یانتوانی له‌و ساڵانه‌وه گه‌ر نیه‌تی جدیی هه‌بوایه بۆ خزمه‌تكردن‌و گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌كتیڤ، ئه‌مه ده‌رفه‌تێكی باش بو كه ئه‌م دو پارته كێشه‌و ململانێكانی نێوانیان به‌ته‌واوه‌تی جێبهێڵنو به‌ر له روخانی سه‌دام، حكومه‌تێكی كارای كوردی به مانا راسته‌قینه‌كه‌ی هه‌ڵبژێرن، له‌به‌رئه‌وه‌ی تا له روخانی سه‌دامدا ئه‌م حكومه‌ته ئیمكانیه‌تێكی وای هه‌بێت بتوانێت مه‌سه‌له نهتهوایهتییهكانی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌دا به‌شێوه‌ی باشتر بباته پێشه‌وه.
* كه‌وابو یهكێتیو پارتی به‌و كارانه‌یان كه كردیان له دو ئیدارهییو شه‌ڕی ناوخۆ، زیانیان له مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كورد داوه؟
د. یاسین سه‌رده‌شتی: بێگومان نه‌ك هه‌ر زیانیان له مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی داوه، ئه‌وه‌ی ئه‌وان ئه‌نجامیان دا به‌شێوه‌یه‌كی ئاگابێت یان بێ‌ئاگا، ئه‌وه‌بو كه هه‌مو دوژمنانی كورد ئاواته‌خوازی بون، تا راده‌یه‌كی زۆریش بو به‌هۆی دروستبونی كه‌لێنێكی زۆر له‌نێوان جه‌ماوه‌رو ئه‌و حیزبانه‌دا.
* ئه‌م سیستمه‌ی له‌سه‌ر كاره، پێتوانییه سیستمێكی فاشیله؟
د. یاسین سه‌رده‌شتی: ئه‌وه‌ی كه شكستهێنانی شێوازی دهسهڵاتدارێتیو فه‌رمانڕه‌وایه‌تی كوردستان ده‌سه‌لمێنێت، ته‌واوی ئه‌و قه‌یرانانه‌ن كه له ته‌واوی جومگه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵگای كوردی ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌ر لایه‌ك ده‌گریت، ئابوری، فه‌رهه‌نگی، كۆمه‌ڵایه‌تی، كلتوری، كارگێڕی، ئه‌مانه هه‌ریه‌كه‌یان توشی چه‌ند نه‌خۆشیی سهختو قه‌یرانی قوڵ بونه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش هۆكاره‌كه‌ی فه‌شه‌لی ئه‌دای سیاسیی سه‌ركردایه‌تیی كورده، گه‌ر كاری سیاسی به به‌رنامه بۆداڕێژراو نه‌چێته پێش، ده‌بێته به‌ڵایه‌كی گه‌وره به‌سه‌ر سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی تری كۆمه‌ڵگاوه، ئێمه ده‌زانین ئه‌وه ئه‌دایه‌كی سیاسیی به‌رنامه بۆداڕێژراوه كه ده‌توانێت كارگێڕییه‌كی زانستی پێش بخات، گارگێڕییهكی كارا‌و زانستییه كه په‌روه‌رده‌یه‌كی رێكوپێكو ئابوریه‌كی پیشكه‌وتو و سیستمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی تۆكمه‌و كۆمه‌ڵگایه‌كی خۆشگوزه‌رانت بۆ بهێنێته كایه‌وه، به‌داخه‌وه ئه‌دای سیاسیی ئه‌م دو پارته هه‌ریه‌ك له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی، هه‌وڵیانداوه كۆمه‌ڵگا به‌ته‌واوی له قاڵبی سیاسیی خۆیان بده‌ن، هه‌وڵیانداوه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی وه‌لا نه‌ك دڵسۆزیی، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌ندامه‌كانی خۆیاندا بكهنو له هه‌رێمه‌كانی خۆیاندا ژیانی ئاساییان كوشتوه به مانای كاری سیاسی‌و ململانێی سیاسیی گونجاو.
* كه‌واته ژیانی سیاسیان له‌نێو كۆمه‌ڵگادا خنكاندوه؟
د. یاسین سه‌رده‌شتی: بێگومان ئه‌گه‌ر له‌ڕوی سیاسییه‌وه سه‌یری چالاكی‌و ململانێ سیاسییه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا بكه‌یت، وه‌كو زهلكاوێكی وه‌ستاوی لێهاتوه، زۆر دوره له‌وه‌ی كه سیاسهتو ململانێیه‌كی گونجاو كه له سیاسه‌تدا هه‌یه، روبدات، ئه‌مه‌ش واده‌كات به كرده‌وه‌یی ته‌نها دروشمدانو هه‌وڵدان بۆ چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵك، به قسه‌ی بریقه‌دارو باسكردنی هه‌ندێك لایه‌ن، دوره له خزمهتو گه‌شه‌كردنی راسته‌قینه.
تۆ نا‌توانیت پێشبكهویتو به‌رامبه‌ری تۆش هه‌وڵده‌دات هه‌ل بقۆزێته‌وه بۆ پێشكه‌وتن له هه‌مانكاتدا، ئه‌دای باشتر‌و نیه‌تی پێشكه‌وتنی هه‌یه، چونكه هه‌مو كاتێك كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی له‌ڕوی ئیدارهكردنو كادیری ته‌كنۆكراته‌وه باشتربوه، له ڕوی كاركردنیشه‌وه باشتربون، له‌به‌رئه‌وه ئه‌وان له‌ماوه‌یه‌كی كه‌متردا به‌و توانا‌و نیه‌ته‌ی كه هه‌یانه، توانیویانه زیاتر بچنه پێش، من ناڵێم سیستمی ده‌سه‌ڵاتی عێراق ته‌واو دیموكرات‌و شهفافو دامه‌زراوه‌ییه‌و بۆ خزمه‌تی كۆمه‌ڵگا كارده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌ماشا بكه‌یت، له 2005ه‌وه كه گۆڕانكارییه‌كان له رێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه دروستبون، له‌و ماوه رێژه‌ییه‌دا ئه‌وان هه‌نگاوێكی زیاتریان له ئێمه بڕیوه، سه‌یری په‌رله‌مانه‌كه‌ی ده‌كه‌یت له هی ئێمه ئهكتیڤترو كراوهترهو هه‌ست به بونی بیروڕای جیاواز‌و ململانێ ده‌كه‌ین.
له‌ڕوی ئه‌دای حكومهتو كاروباری رۆژانه‌یان سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌مو كێشه‌یه‌ی كه هه‌یانه، باشتر به‌سه‌ر كێشه‌كاندا زاڵ دهبنو رۆژانه هه‌نگاوی زیاتر‌و به‌ره‌وپێشتر ده‌نێن، ئێمه ئه‌گه‌ر پێمانوابێت كه له عێراق ئه‌زمونێكی نیمچه دیموكراسی بێته سه‌ر كار، مه‌رج نییه ئه‌و به‌ره‌وپێشچونه تا راده‌یه‌كی زۆر له قازانجی به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی باشوری كوردستان بێت، چونكه ئه‌وه‌ی كه ته‌نها خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی باشوری كوردستان ده‌كات، پێشكه‌شكردنی ئه‌دایه‌كی سیاسیانه‌ی پێشكه‌وتو و نه‌ته‌وه‌ییانه‌یه به‌ده‌ر له‌م شێوازه‌ی ئێستا كه نه هه‌ست به بونی سیاسهتو نه به مانای ژیانی سیاسی ده‌كه‌ین به مانا راسته‌قینه‌كه‌ی، له‌به‌رئه‌وه واقیعی ئێستای كاری سیاسی له كوردستاندا واقیعێكی مردوه، یان ئه‌وه‌نده ئیفلجو لاوازه كه هه‌ست ده‌كه‌یت دو ده‌سه‌ڵاته له دو ناوچه‌ی جیاوازی كوردستان ده‌سه‌ڵاتیان پاوانكردوه بۆ دو پارت، له هه‌رلایه‌كیان ورد ده‌بیته‌وه ده‌بینین كه كه‌سی یه‌كه‌م ئاراستهكهرو جێبهجێكهرو قسهكهرو بڕیارده‌ری هه‌مو شته‌كانه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی كه هاوكارن له‌گه‌ڵیدا رۆڵیان هه‌بێت له بڕیاردان‌و كاری سیاسی‌دا، ئه‌مه‌ش بۆخۆی سیاسه‌ت كورت‌و پوچه‌ڵ ده‌كاته‌وه له بچوكترین شت‌دا كه خواست‌و ویستی دو كه‌سایه‌تی بێت.
* به‌ڵام هه‌میشه سه‌ركردایه‌تیی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان شه‌ڕی دیموكراسی به به‌غدا دهفرۆشێتو ده‌ڵێت ئه‌و ئه‌زمونه دیموكراسییه‌ی كه لێره‌دا هه‌یه، ده‌یگوازینه‌وه بۆ به‌غدا؟
د. یاسین سه‌رده‌شتی: پێموایه ئه‌وانه‌ی كه قسه له‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ی كوردستان ده‌بێت گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت، به‌شێوه‌یه‌كی باش به قازانجی ئاراسته‌كردنی سیاسهتو خستنه سه‌رسكه‌ی راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌بێت دروشمی خۆیان بگۆڕن بۆ دیموكراسی بۆ كوردستان‌و فیدرالیزم بۆ عێراق، نه به‌پێچه‌وانه‌وه، چونكه ئێمه هه‌ست ده‌كه‌ین ئه‌وه‌ی كه ژیانی سیاسی له كوردستاندا كوشتوه، نه‌بونی دیموكراسیه‌ته، چونكه دیموكراسی ته‌نها له هه‌ڵبژاردندا كورت ناكرێته‌وه، دیموكراسی گرنترین پایه‌ی ئازادی كاری سیاسی‌و ئازادكردنی بیروباوه‌ڕی سیاسی‌و ئازادیی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابورییه، مه‌سه‌له‌ی شه‌فافیه‌ته كه رۆحی دیموكراسیه‌ته، كاره‌ساته له كوردستانێكدا كه 18 ساڵه خۆی به‌ڕێوه‌به‌رێت، تا ئێستا خاوه‌ن ده‌ستورێك نه‌بێت، گه‌ر حكومه‌تت هه‌یه، كوا ده‌ستوره‌كه‌ی، كوا سنور‌و سه‌روه‌رییه‌كه‌ی، ئه‌مانه هه‌مو پرسیارن كه وا له ئێمه ده‌كه‌ن چ مه‌سه‌له‌ی حیزب‌و چ مه‌سه‌له‌ی دهسهڵاتو په‌رله‌مان بخه‌ینه ژێر پرسیاره‌وه، ئه‌م ئه‌زمونه چۆن بگوازرێته‌وه بۆ عێراق، له‌كاتێكدا زۆر پرشنگدار نییه، تا ئێستاش حكومه‌تێكی كارا‌و یه‌كگرتوو و هاوچه‌رخمان نییه، هه‌ر لایه‌نێكی ژیانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه ده‌بینیت، ئه‌وه‌نده‌ی له مه‌رگی نزیك ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌نده له ژیانێكی سروشتی‌و ئاسایی نزیكی ناكاته‌وه.
* ئه‌م دو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره له بڕیار‌و مه‌سه‌له چاره‌نوسسازه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كاندا پرس به جه‌ماوه‌ر ناكه‌ن، به‌ڵام زۆرجار كه كێشه‌یان بۆ دروستده‌بێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌كانی له ده‌سه‌ڵاتی عێراقدا، هه‌ستی جه‌ماوه‌ر به‌وه ده‌جوڵێنن كه ئه‌مانه دژی كێشه‌ی كوردن، ئایا به بڕوای تۆ یهكێتیو پارتی نوێنه‌ری كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردن له عێراقدا؟
د. یاسین سه‌رده‌شتی: ئه‌و دو هێزه‌ی وه‌كو یهكێتیو پارتی دروستكراو هه‌ڵقوڵاوی سه‌رده‌مێكی مێژویین كه له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆی كوردستان‌و عێراق‌و ته‌نانه‌ت جیهانیش جیاوازه، ناكرێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك‌و بڕیاره‌كان له گه‌ل بسێنیتهوهو ته‌سلیم به دو هێزی دیاریكراوی كۆمه‌ڵگا بكرێت كه ته‌نانه‌ت له سیاسه‌تی رۆژانه‌ی خۆشیاندا هه‌موكات به‌رژه‌وه‌ندییه نهتهوایهتییهكانیان نه‌كردوه‌ته بنه‌ما بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كانی خۆیانی لێوه هه‌ڵهێنن، به‌پێچه‌وانه‌وه له زۆربه‌ی كاته‌كاندا ده‌بینیت لای ئه‌و دو پارته به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان قوربانی ده‌ستی به‌رژه‌وه‌ندییه ته‌سكه‌كانی حیزب بوه، كه زۆربه‌ی كاتیش به‌رژه‌وه‌ندیی تاكه‌كه‌سێك یان گروپێكی بچكۆلانه‌ی ناو حیزبیش بوه، ئه‌گه‌ر بته‌وێت سیاسه‌تی یهكێتیو پارتی بخه‌یته ژێر وردبینی به‌رژه‌وه‌ندییه نهتهوایهتییهكانهوه، چه‌ندین پرسیارت بۆ دروستده‌بێت كه وه‌ڵامه‌كانی به نه‌رێنی ده‌ستده‌كه‌وێت.
بۆیه رۆژ له‌دوای رۆژ روداوی سه‌یروسه‌مه‌ره ده‌بینین كه نه‌ك هاوته‌ریبن له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كاندا، به‌ڵكو سه‌دله‌سه‌د پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه نهتهوایهتییهكانن، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌و دو حیزبه به ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی هه‌نگاوبنێن، ده‌بێت گۆمه‌ڵگایه‌كی تهندروستو سیستمێكی سیاسیی دامه‌زراوه‌و كارگێڕییه‌كی دادپهروهرو كارایان دروست بكردایه، كه برینه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی ساڕ‌ێژ بكات، بۆ نمونه تا ئێستا برینداره‌كانی هه‌ڵه‌بجه به چه‌كی كیمیایی (359) كه‌سن كه له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه تا ئێستا (59)یان گیانیان له‌ده‌ستداوه، چه‌ندی تریان مه‌رگ هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كات، كه‌چی به‌و هه‌مو سهروهتو داهاته‌ی كه به ژماره‌ی فه‌له‌كی ده‌پێورێت، ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی جدیی له‌و خه‌ڵكه كاره‌ساتباره نادرێته‌وه، ئایا ئه‌مه وامان لێده‌كات بڵێین یهكێتیو پارتی هه‌نگاو بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی ده‌نێن؟ ئه‌گه‌ر سامانی نه‌ته‌وه‌كه‌ت به قازانجی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه بۆ وڵاته‌كه‌ت توشی ئه‌و كاره‌ساته بون، نهخهیتهگهڕ، ئه‌ی به قازانجی كێ ده‌خرێته‌گه‌ڕ، ناوبانگی كورد به‌هۆی ئه‌و كارگێڕییه فاشیله‌ی كه له كوردستاندا هه‌یه، نه‌ك هه‌ر له‌ناوه‌وه به‌شێكی زۆر له كۆمه‌ڵگا ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی كاڵبوه‌ته‌وه، نه‌ك هه‌ر له‌لای گه‌نجان كه ژیانی شۆڕ‌شیان نه‌بینیوه، به‌ڵكو ژماره‌یه‌كی زۆری پێشمه‌رگه‌ش نه‌ماوه، ئه‌مه‌ش له‌ئاكامی ئه‌وه‌وه دێت كه ئه‌م كه‌سانه ناعه‌داله‌تی دهبیننو بێ‌ڕێزیان پێده‌كرێت، كه‌سانی خۆفرۆش‌و ماستاوچیو خائین زۆر له‌وان له‌پێشترن، له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ش نمونه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی له كوردستان بوه‌ته نمونه‌یه‌كی خۆسهپێنیو پێشێلكاری مافی مرۆڤ‌و ژنكوشتن، ئه‌مه ته‌نها هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك نییه بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان، به‌ڵكو مهترسیو هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه بۆ كێشه‌ی كورد له باشوری كوردستاندا، چونكه تا ئێستا خاوه‌نی كیانێكی نه‌ته‌وه‌یی خۆی نییه، گه‌ر ئه‌فغانستان داری به‌سه‌ر به‌رده‌وه نه‌مێنێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر سنوری پارێزراوی خۆی هه‌یه‌و ده‌توانێت خۆی بنیات بنێته‌وه، مه‌ترسییه‌كان ئه‌وه‌نده زۆرن گه‌ر دو ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی كوردستان له‌وه زیاتر بێئاگابن له‌و مه‌ترسیانه‌ی كه له‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵگاكه‌مان هه‌یه، نه‌ك هه‌ر ره‌وایه‌تی كێشه‌كه‌یان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، به‌ڵكو رۆژێك دادێت كه خۆشیان ده‌كه‌ونه به‌ر مه‌ترسییه‌كی وا كه زۆر نابات‌و ناتوانێت له‌به‌رده‌م لهرزهیهكدا خۆی راگرێت، بێئومێدییه‌كی زۆر گه‌وره روی له كۆمه‌ڵگا كردوه‌و له‌وانه‌یه ئه‌زمونی ئه‌مجاره‌شمان له ئه‌نجامی لێنههاتوییو فاشیلبونی ئه‌دای سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كورده‌وه له‌ده‌ست بدرێت.
* كه‌وابو رێككه‌وتنی ستراتیژی له‌نێوان یهكێتیو پارتیدا له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی كورددا نییه‌و له مه‌ترسیی فاشیلبونی ئه‌دای سیاسیانه؟
د. یاسین سه‌رده‌شتی: بێگومان ئه‌وه شتێكی گومان لێنه‌كراوه كه رێككه‌وتنی ستراتیژی پارتی‌و یه‌كێتی ئه‌وه‌نده‌ی بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه حیزبییه‌كانه، ئه‌وه‌نده بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گهلو نیشتمان نییه، به‌تایبه‌تی ئه‌و رێككه‌وتنامه‌یه تا ئێستا نه‌كه‌وتوه‌ته به‌رده‌ست خه‌ڵكی تا بیخوێننه‌وه‌و بزانن ئه‌م دو لایه‌نه له‌سه‌ر چی رێككه‌وتون، تا ئێستا ئه‌وه‌ی بینیومانه له‌وكاته‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ی تێدا ئه‌نجامدراوه، تا ئێستا ئه‌وه ناسه‌لمێنێت ئه‌و قسه‌یه راست بێت كه بۆ پاراستن‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورد بێت، ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێت ئه‌م رێككه‌وتنه دان نانێت به دابه‌شكردنی دهسهڵاتو ئیمتیاز‌و ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه مادیانه‌ی كه له كوردستاندا هه‌یه، باشترین نمونه‌ش به‌شی هه‌رێمی كوردستانه له بودجه‌ی گشتی عێراق، ئه‌و بودجه‌یه‌ی كه دێته كوردستان ده‌بینین چۆن دابه‌ش ده‌كرێت، ئه‌و دو پارته چه‌ندی بۆ خۆیان ههڵدهگرنو چه‌ندی بۆ بواری كارگێڕی‌و پرۆژه‌كان سه‌رف ده‌كرێت، ئه‌وانیش هه‌ر بۆ خۆیانن‌و چه‌ندی ده‌مێنێته‌وه بۆ خوشگوزه‌رانیی خه‌ڵك‌و كۆمه‌ڵگا به‌كاربهێنرێت، ئه‌وانه هه‌موی به نهێنی ماونه‌ته‌وه‌و هه‌موشیان په‌یوه‌ندیان به رێككه‌وتنه ستراتیژیهكانهوه هه‌یه، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی حیزب نه‌ك حكومه‌ت، ئه‌وه‌ش كه ده‌وترێت به‌رژه‌وه‌ندیی حیزب تا چه‌ند له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیی كۆمه‌ڵگادا هاوجوته، وا نییه، چونكه به‌رژه‌وه‌ندیی كۆمه‌ڵگا حكومه‌تێكی هاوچهرخو كارگێڕییه‌كی دادپهروهرو ئه‌كتیڤی ده‌وێت، ستراتیژیه‌تێكی ده‌وێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نه‌ته‌وه بكاته ئامانج نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی حیزب، ده‌بێت هه‌نگاوبنرێت له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زمونێكی جوان له دیموكراسی‌و فره‌یی به دنیای ده‌ره‌وه پیشان بدرێت، نه‌ك به‌وشێوه‌یه‌ی له ئێستادا هه‌یه ئه‌زمونێكی نادیموكرات‌و پڕ گهندهڵیو پاوانكراویو پێشێلكهرو سه‌ركوتكه‌ر بۆ ده‌ربڕینی بیری ئازاد، وه‌ك له‌و راپۆرته بایه‌خدارانه‌ی ده‌ره‌وه به‌رامبه‌ر به بارودۆخی كوردستان بڵاوده‌كرێته‌وه، واقیعی كوردستانیش ته‌نها سه‌رمایه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتی كوردی پشتی پێببه‌ستێت بۆ بردنه‌وه‌ی كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی، ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتدارێتی هه‌رێمی كوردستان متمانه‌ی خه‌ڵكی له‌ده‌ستداوه له ئه‌نجامی گهندهڵیو نادادپهروهریو هه‌نگاونه‌نان به ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه نهتهوایهتییهكانی كۆمه‌ڵگای كوردی.
* تۆ په‌راوێزخستنی كورد له عێراقدا له‌م قۆناغه‌دا ده‌گه‌ڕێنیته‌وه بۆ ئه‌و كێشانه‌ی كه باستكرد، به‌ڵام كورد له سه‌ره‌تای بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقی تازه‌دا رۆڵی كاریگه‌ری هه‌بو، ئه‌ی ئه‌مه‌یان چۆن؟
د. یاسین سه‌رده‌شتی: ئه‌وكاته‌ی كه حكومه‌تی سه‌دام روخا، ده‌وڵه‌تی عێراقی هه‌ڵوه‌شایه‌وه، گه‌وره‌ترین ده‌رفه‌ت بو گه‌ر ئێمه بمانویستایه ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌كی نه‌ته‌وایه‌تیی كارامان هه‌بوایه، به‌و پاره زۆره‌ی روی له هه‌رێمی كوردستان كردوه، ده‌مانتوانی جوانترین نمونه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی دروستبكه‌ین‌و سه‌رنجی خه‌ڵكیش بۆ لای خۆمان رابكێشین، له‌سه‌ر ئاستی عێراق‌و ناوچه‌كه‌و جیهانیش ده‌مانتوانی به‌هێزتربین، به‌ڵام ئه‌و ئه‌دا فاشیل‌و ئه‌و ناوه‌رۆكه نادروست‌و نامۆدێرنو خراپه‌ی ئیداره‌ی كورد وایكردوه كورد له‌سه‌ر ئاستی عێراقیشدا نه‌ك هه‌ر خاوه‌نی ناوبانگێكی چاك بێت، به‌ڵكو وای لێهاتوه هه‌ندێك له هێزه شۆڤێنییه‌كانی عه‌ره‌ب كه به ئاشكرا هاتونه‌ته مه‌یدانه‌كه‌وه، به ئاشكرا گاڵته به نه‌هامه‌تییه‌كانی میلله‌تی كوردیش دهكهنو له ناوه‌ڕاستی سیاسه‌تی عێراقیشدا كورد پاشه‌كشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه ببینیوه، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه گه‌ورانه‌ی كه تا دوێنێ هاوپه‌یمانێتیان له‌گه‌ڵدا كردوه، ته‌ماشاكه ته‌نها فه‌شه‌لی ئه‌دای سه‌ركردایه‌تیی كوردی پهرلهمانو حكومهتو كوردستانی نه‌گرتوه‌ته‌وه، به‌ڵكو ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی هاوپه‌یمانیش له به‌غدا گرتوه‌ته‌وه كه ده‌بێت به‌رگریی له مافه‌كانی كورد بكه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ی هه‌یه به‌بێ ئاگایی‌و یان هه‌ندێكیان له‌ئاستی گهمهكهدا نین، ئه‌مه‌ش بوه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه لایه‌نه‌كانی عه‌ره‌بی ناو پارله‌مان كه خه‌ڵكی لێهاتوترن، گه‌مه‌كه ببه‌نه‌وه‌و به ئاسانی فێڵ له په‌رله‌مانتاره كورده‌كان بكه‌ن.
* پێتوانییه كورد له عێراقدا پشتی به ئه‌مریكا به‌ستبو بۆیه وای لێهات، یان شێوازی ئیداره‌كردنی ناشهفافو پڕ له گه‌نده‌ڵی وای لێ‌كرد؟
د. یاسین سه‌رده‌شتی: پێش هاتنی ئه‌مریكییه‌كان بۆ عێراق، هه‌رێم هه‌وڵینه‌داوه ئه‌و شێوازه سه‌قه‌ته‌و ناشایسته‌یه‌ی كه كاری پێكردوه له دروستكردنی حكومهتو كاركردنی حكومه‌ت بگۆڕێت‌و گۆڕانكاریی تێدا بكات، ئێستاش گه‌ر هه‌وڵنه‌دات بۆ به دامه‌زراوه‌یكردنی حكومهتو پشت به خۆی نه‌به‌ستێت، ناتوانێت له ئاینده‌دا بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت، چونكه به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه ململانێیه‌كی قورسه، ئه‌و كه‌سه كێیه ته‌نها هه‌ڵپه بۆ مافه‌كانی خۆی دهكاتو ناتوانێت له‌ئاستی ئه‌و ململانێیه‌دا بێت، سیاسه‌تكردن له ده‌سه‌ڵاتدارێتی كوردستاندا نه زانسته نه رۆشنبیری‌و راوێژكارییه، به‌ڵكو ویست‌و داخوازی‌و میزاجی چه‌ند كهسایهتییهكهو له ده‌وروبه‌ری داخوازییه‌كانی ئه‌واندا ده‌سوڕێته‌وه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه مادییه‌كانی ئه‌و كه‌سانه به‌دی ده‌هێنێت، ناتوانرێت بێ وتارێكی یه‌كگرتو، به‌رنامه‌یه‌كی داڕێژراو بێ بیركردنه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندییه نهتهوایهتییهكانو به‌بێ دڵسۆزییه‌كی ره‌ها بۆ مافه‌كانی خه‌ڵك، ده‌ستكه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی به‌ده‌ست بهێنێت، له به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌مو نه‌یاره سیاسییه‌دا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت.
له عێراقدا ته‌نها عه‌ره‌ب له‌سه‌ر گۆڕه‌پانه‌كه نییه، به‌ڵكو توركیا‌و ئێرانیش هه‌ن، ئه‌وان كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌زمونی هه‌رێمی كوردستان به ئه‌زمونێكی هه‌ڵوه‌شاوه‌و به‌ستو بمێنێته‌وه‌و ئه‌و زه‌لكاوه مه‌نگو وه‌ستاوه‌ی كه هه‌یه، رۆژ به رۆژ بۆگهنییهكهی زیاتر بكات بۆ ئه‌وه‌ی كه كاتێك ویستیان به‌سه‌ریاندا زاڵ‌بن، پێویستیان به‌وه نه‌بێت هێزو توانایه‌كی زۆری بۆ سه‌رف بكه‌ن.
* با بێینه سه‌ر هه‌ڵبژاردن، ئه‌و زه‌لكاوه وه‌ستاوه‌ی كه هه‌یه ئه‌و كێشانه‌ی كه تۆ باستكرد خه‌ڵكی بێزاركردوه، تۆ پێتوایه ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد هه‌بێت له كوردستان، ده‌بێته مایه‌ی گۆڕانێكی گه‌وره؟
د. یاسین سه‌رده‌شتی: بێده‌نگبونی خه‌ڵكی كوردستان له هه‌لومه‌رجێكی وا له هه‌ندێك روه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، له‌وانه دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات به شێوازێكی وابوه كه ئه‌م دو حیزبه ته‌نها ده‌سه‌ڵاتی سیاسیان قۆرخ نه‌كردوه، به‌ڵكو ئابوریی كوردستانیشان قۆرخ كردوه، به‌شێكی زۆری بێده‌نگیی خه‌ڵك له ئه‌نجامی ترسی ئه‌و خه‌ڵكه‌یه كه نانی ببڕێت، ئه‌و هێزه سیاسییه‌ی كه قۆرخكه‌ری ده‌سه‌ڵاته مه‌حرومی بكات له ژیان‌و نان زۆر به ئاسانیش ده‌توانێت بیكات، چونكه له‌م هه‌رێمه‌دا یاسا ئه‌وه‌نده سه‌روه‌ر نییه كه لێپێچنه‌وه له كه‌سایه‌تییه سیاسییه حیزبییه‌كان بكات، مه‌سه‌له‌یه‌كی تریش بۆ ترس ئه‌وه‌یه كه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه به هه‌ر جۆرێك بێت تۆڵه‌ی لێ بكرێته‌وه، كه به‌ڕاستی ئه‌مه جێگای شانازیی نین بۆ ده‌سه‌ڵاتدارێتی كوردستان، چونكه له سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا كه‌س نه‌یده‌وێرا بیروباوه‌ڕی خۆی ده‌رببڕێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئازادیی سیاسی نه‌بو، له هه‌مانكاتدا نانی به‌ده‌ست به‌عسه‌وه بو، بۆیه ئه‌مه خۆی له‌خۆیدا وه‌رگیراوه له كلتوری به‌عسیزم، هه‌ربۆیه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانن یان هه‌ڵگری ناسنامه‌یه‌كی بیانین، به ئازادانهترو بوێرانه‌تر قسه‌ده‌كه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان. به‌شێكی تری بێده‌نگیی خه‌ڵك له ئه‌نجامی بێزاری‌و له بێمتمانهبونێتی له حكومه‌ت، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ له كوردستان بڵێیت سیاسه‌ت چییه، راسته‌وخۆ له وه‌ڵامدا پێت ده‌ڵێن سیاسه‌ت واته درۆ‌و فێڵ، گاڵته‌كردن به ویستی خه‌ڵك، یان ده‌مكوتكردنی خه‌ڵك، سیاسه‌ت ئه‌و پێناسه‌یه‌ی له نێو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا گرتوه‌ته‌خۆ، كه له سایه‌ی سیستمه سهركوتكهرو فاشیسته‌كاندا پێناسه ده‌كرێت، چونكه سیاسه‌ت له‌م سیستمه‌دا هیچ پێناسه‌یه‌كی نییه جگه له هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن‌و درۆ‌و فێڵ نه‌بێت، خه‌ڵكی كوردستان ناحه‌قی نییه، چونكه له ساڵی 1992دا كه خه‌ڵك چو بۆ هه‌ڵبژاردن، كه‌س به ده‌نگی خه‌ڵكی كوردستان حسابی نه‌كرد، هه‌ردولا له رێگاری په‌نجا بهپهنجاوه ده‌سه‌ڵاتیان دابه‌شكرد، له ساڵی 2005 كه هاته‌كایه‌وه ئه‌وه‌نده لیستێك بو بۆ سه‌رله‌نوێ دابه‌شكردنه‌وه‌ی كوردستان‌و ترسی هه‌ردو پارت بو له‌یه‌كتری كه هیچیان ئه‌وی تر قبوڵ ناكه‌ن، ئه‌وه‌نده ویستی خه‌ڵك نه‌بو، خه‌ڵكی كه‌م به‌شداربون، هه‌ندێك ده‌نگیان به كۆمه‌ڵی ئیسلامی‌و هه‌ندێكیش بۆ پارتی‌و یهكێتیو هاوپه‌یمانه‌كانی، ده‌بینین نه‌یتوانی گۆڕانكاریی گه‌وره بكات، چونكه هه‌ر له‌پێشدا (80) كورسی په‌رله‌مان دابه‌ش كرابو، چه‌ند كورسییه‌كیش درابو به توركمان‌و مه‌سیحییه‌كان، كه ئه‌وانیش هه‌ر له‌سایه‌ی دهسهڵاتدانو زۆرجار له نه‌ته‌وه‌كانی خۆیانم پرسیوه كه به نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خۆیان نازانن‌و به نوێنه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه راسته‌قینه‌كانی خۆیانیان نازانن، به پارتی‌و یه‌كێتیدا خۆیان هه‌ڵواسیوه له‌پێناو كورسی‌و ده‌سه‌ڵاتدا.
ئه‌وه‌ی گرنگه له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ئه‌وه‌یه چۆن جارێكی تر خه‌ڵك قه‌ناعه‌ت پێده‌كه‌یت ئه‌و كه‌سانه‌ی كه دوجار به هیواوه هاتونه‌ته سه‌ر سندوقه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌ڵێنه‌كانیان نه‌ك هه‌ر جێبه‌جێنه‌كراوه‌و درۆ ده‌رچون، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانی هه‌ردو حیزبه‌وه تهحقیریان پێكراوه، له ته‌له‌فزیۆنی یه‌كێك له‌و حیزبه ده‌سه‌ڵاتدارانه‌دا ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تیان جه‌ماوه‌ر به سه‌گ له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات، ئه‌وی تریان هاتو وتی خه‌ڵكی كوردستان خه‌ڵكێكی ته‌مه‌ڵه، ناڵێت من ته‌مه‌ڵم كردون، ئه‌وی تریان ده‌ڵێت من به ده‌نگی جه‌ماوه‌ر هاتومو ئه‌وان ههڵیانبژاردوم، ئه‌م جه‌ماوه‌ره خزمه‌تكردنی ده‌وێت نه‌ك سوكایهتیپێكردنو نه‌ك میدیا جیهانییه‌كان باسی سهروهتو سامانه تایبه‌تییه‌كانی ده‌كه‌ن كه له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتیدا له بودجه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بردویهتیو كۆی كردوه‌ته‌وه، خه‌ڵك ده‌نگی بۆ داوه بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی بێكاریی چاره‌سه‌ر بكات‌و گه‌نده‌ڵی نهمێنێتو خۆشگوزهرانیو خزمه‌تگوزاریان پێشكه‌ش بكات، نه‌ك پاره‌ی ئه‌و میلله‌ته بخاته حسابه‌كانی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
* جه‌ماوه‌ر له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌بێت چی بكات؟
د. یاسین سه‌رده‌شتی: جه‌ماوه‌ر دو رێگای له‌به‌رده‌مدایه، یه‌كێكیان گۆڕانه، ئه‌گه‌ر ئێمه باس له‌وه‌بكه‌ین كه له كوردستان زهلكاوێكی مه‌نگ هه‌یه پێویستمان به ده‌رچونه له‌و زه‌لكاوه، پێویستمان به گۆڕان هه‌یه نه‌ك گۆڕین، چونكه گۆڕین ئاسانه كه‌سێك ده‌هێنیت كه‌سێكی تر لاده‌به‌یت، به‌ڵام گۆڕان پێویستی به ئیراده‌یه‌كی زۆر گه‌وره هه‌یه، پێویستی به رونكردنه‌وه‌ی زۆر‌و كردنه‌وه‌ی عه‌قڵی خه‌ڵك هه‌یه سه‌باره‌ت به راستی زانیارییه‌كان، پێویستی به كاره‌كته‌ری زۆر ئازا‌و جێگای بڕوا هه‌یه.
گۆڕان دو شێوه‌ی هه‌یه، یه‌كه‌م ئه‌وه‌ی كه چۆن رژێمی به‌عسی پێگۆڕا، به‌ڵام ناتوانرێت رێگا له راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ر بگیرێت، ئه‌گه‌ر هاتو هه‌لومه‌رجه‌كه‌ی بۆ ره‌خسا، ئه‌مه خراپترین شێوازی گۆڕانه‌و قه‌د ئومێد ناكه‌م كه خه‌ڵكی كوردستان به‌وشێوه‌یه‌ی دژی به‌عس راپه‌ڕی، رۆژێك دژی حكومه‌تی كوردستان راپه‌ڕێت، چونكه زیانی له قازانج زۆرتره، تۆ ماڵوێرانیی به‌دوای خۆتدا دههێنیتو خه‌ڵكانێكی تری جه‌نگاوه‌ر سواری ملی راپهڕینهكهبنو بچنه‌وه جێگای ئه‌و كه‌سانه‌ی كه خه‌ڵك لێیان ناڕازییه‌و به شێوازێكی خراپتر له‌مانه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتی كارگێڕیی كوردستان ده‌به‌ن به‌ڕێوه، ئه‌مه‌ش ئامانجه‌كانی ناهێنێته‌دی.
راپه‌ڕینی ساڵی 1991 تا ئێستاش زۆرێك له ئامانجه ئابوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و چینایه‌تییه‌كانی بۆ كۆمه‌ڵگای كوردی نه‌هێناوه‌ته‌دی، شێوازی دوه‌م ئه‌وه‌یه كه به هێمنانه له رێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌كرێت، بارودۆخی عێراقیش ئه‌مڕۆ له‌باره، چونكه ئه‌مریكییه‌كان له عێراقدا ده‌یانه‌وێت سیستمێك بهێننه‌كایه‌وه كه رۆحی دیموكراسی تێدابێت، له كوردستانیش هه‌ڵبژاردن له رێگادایه ئه‌گه‌ر بێت‌و دیموكراسیخوازانو ریفۆرمخوازان‌و گۆڕانخوازان یان ناڕازییه‌كان له به‌ره‌یه‌كی دیموكراتی میللی‌دا كۆببنه‌وه، به‌رنامه‌یه‌كی گونجاوو ئاراستهكهریان هه‌بێت بۆ گۆڕان‌و قه‌ناعه‌تی ته‌واویان هه‌بێت به كاركردن بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه، ده‌توانرێت هه‌ڵبژاردنه‌كان بكرێته خاڵێكی گرنگی وه‌رچه‌رخان له مێژوی سیاسی‌و كارگێڕیی باشوری كوردستان‌و سه‌ره‌تایه‌كی زۆر گرنگ بێت بۆ چاكسازیی سیاسی كه باوكی هه‌مو چاكسازیهكانه.
* وه‌ك له زۆربه‌ی راگه‌یاندنه‌كاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و هه‌ندێك له نزیكه‌كانی خۆشی رایانگه‌یاندوه، نه‌وشیروان مسته‌فا به لیستێكی سه‌ربه‌خۆ به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات، تۆ ئه‌م به‌شداریكردنه‌ی ئه‌م كاره‌كته‌ره سیاسییه چۆن ده‌بینیت؟
د. یاسین سه‌رده‌شتی: ئه‌گه‌ر ئه‌مه به ره‌سمی رابگه‌یه‌نرێت، ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌ك بۆ لیستی جیاواز‌و دهنگو ره‌نگی جیاواز له هه‌ڵبژاردن، نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌كو كاره‌كته‌رێكی به‌هێز ده‌بێت ئه‌زمونی د. موسه‌دق له ئێران له‌به‌رچاو بگرێت، ببێته كه‌سایه‌تییه‌ك كه ته‌واوی هێزه ناڕازییه‌كان له ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی كوردستان كۆبكاته‌وه له‌گه‌ڵ خۆی له ئه‌وپه‌ڕی چه‌په‌وه بۆ ئه‌وپه‌ڕی راست، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له‌كاتی كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و هێزه جیاوازانه‌دا، هه‌م ریفۆرمخوازان له‌ده‌وری خۆی كۆبكاته‌وه، كه ئه‌مانه فاكته‌ری سه‌ره‌كین بۆ گۆڕانكاریی، هه‌روه‌ها وه‌رگرتنی ئیعتباریكی جه‌ماوه‌رییه، چونكه ده‌یه‌وێت له رێگای سندوقی ده‌نگدانه‌وه گۆڕانكاریی بكرێت‌و بۆ ئه‌وه‌ش پێویستی به پاڵپشتیی جه‌ماوه‌ره.
نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌كو كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی‌و هه‌روه‌ها وه‌كو كه‌سێكی حیزبی له‌ناو حیزبه‌كه‌ی خۆی‌و له ده‌ره‌وه‌ی حیزبه‌كه‌ی خۆی كه‌سانێكی تر هه‌بن كه متمانه‌ی خۆیانی پێبده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی كه كاری گۆڕان بكات‌و بڕوایان هه‌بێت، به‌ڵام به كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ره‌یه، ده‌توانن ده‌نگێكی زۆری خه‌ڵك ببه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هێزێكی حیساب بۆكراوبنو له هه‌مانكاتدا به‌رامبه‌ر به دو زلهێزه‌كه خاوه‌نی شه‌رعیه‌ت بن بۆ كاركردن، بۆیه پێویسته ئه‌و هێزانه له به‌رنامه‌یه‌كی میللی دیموكراتدا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی كۆمه‌ڵگا له‌ده‌وری یه‌ك كۆببنه‌وه، هه‌روه‌ها به‌رنامه‌یان چاكسازیی سیاسی بێت له دهسهڵاتدارێتیو ئیداریی كوردستان‌و ئه‌كتیڤكردنی په‌رله‌مان بێت به‌وه‌ی كه ئه‌م ده‌زگایه ئه‌ركی چاودێریكردنی حكومهتو ده‌ركردنی یاسا گرنگه‌كانه.
ئه‌گه‌ر نه‌وشیروان به كارێكی وا هه‌ستێت، ئۆمێدێك هه‌یه كه ئه‌و زه‌لكاوه وه‌ستاوه ئاوێكی رونی بچێته سه‌رو ورده ورده به ئاراسته‌یه‌كی باش‌دا بڕوات، ئه‌گه‌ر هاتو سه‌رچاوه‌كه‌ی پاككرایه‌وه، ئه‌و زه‌لكاوه به تێپه‌ڕبونی كات ده‌بێته كانییه‌كی رون، كه زۆر له به‌رژه‌وه‌ندیی ئێستا‌و ئایندهی كۆمه‌ڵگای كورده‌واریی دهبێتو قازانجی بۆ ژیانی سیاسی له كوردستان‌و له ته‌واوی عێراقدا ده‌بێت.
* پێتوایه ئه‌گه‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هێزی تر سه‌ركه‌وتو پارتی‌و یه‌كێتی دۆڕان، قبوڵی ئه‌و دۆڕانه بكه‌ن؟
د. یاسین سه‌رده‌شتی: به بڕوای من مه‌سه‌له‌ی پاوانخوازیی دهسهڵاتو قبوڵنه‌كردنی به‌رامبه‌ر، مه‌سه‌له‌یه‌كه په‌یوه‌ندی به كلتوری سیاسیی كۆمه‌ڵگاوه هه‌یه، ئه‌وه‌ش وایكردوه كه له رابردوشدا ئه‌م دو هێزه یهكترو بردنه‌وه له‌یه‌كتر قبوڵ نه‌كه‌ن، به‌ڵام گه‌ر پارتی یه‌كێتی به‌هه‌مان شێوازی پارته سیاسییه‌كانی عێراق وه‌كو ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی‌و حیزبی ده‌عوه‌و حیزبی ئیسلامی عێراق، كلتوره‌كه‌یان له‌ئاستی ئه‌وان باشتر نه‌بێت، خراپتر نییه، به‌تایبه‌تی له هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆدا هه‌ڵبژاردن ته‌نها له كوردستان نییه‌و له هه‌مو عێراقه، ئه‌و ئه‌زمونه‌ش تاقیكراوه‌ته‌وه، خه‌ڵكانێك هه‌ن به‌رنامه‌كه‌یان به‌رنامه‌ی ویلایه‌تی فیقهییهو خۆی به‌وه‌ش ده‌زانێت ئاماده‌بوه ئاكامی هه‌ڵبژاردن قبوڵ بكات، ئاخر پارتی دیموكرات‌و یه‌كێتی نیشتمانی كه به‌رنامه‌كه‌تان له رازاوهترینو جوانترین وشه‌و دیموكراتیهتو سۆسیالیستی‌و قبوڵكردنی دیموكراسیه‌ته، ئه‌گه‌ر نه‌توانن ئه‌وانه قبوڵ بكه‌ن، به‌ڕاستی كاره‌ساته، من پێموانییه نه‌توانن ئه‌وه قبوڵ بكه‌ن، چونكه ئه‌وانیش خاوه‌ن هێزی خۆیانن‌و هێزی چاكسازیی‌و گۆڕان ناتوانێت هێزی یهكێتیو پارتی له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی بسڕێته‌وه، ناتوانێت ئه‌و ئیمتیازه مادییه‌ی كه له‌ده‌ستیاندایه به یه‌كجاری ده‌ریبهێنێت تا قۆناغێكی دره‌نگ، له‌وانه‌یه چه‌ند هه‌نگاوێك پاشه‌كشه بكه‌ن، به‌ڵام هه‌ر له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی دهمێننو به‌شێك ده‌بن له هێزه ململانێكه‌ره‌كانی مه‌یدانه‌كه، به‌ڵام ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی كه بڕیاروایه ده‌ستپێبكات له په‌رله‌مانه‌وه ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌ك بۆ گۆڕانێكی گه‌وره‌و به درێژایی مێژو به ململانێی به‌رده‌وام گۆڕانی تری به‌سه‌ردا دێت‌و هێزی سیاسیی تازه‌ش ده‌رده‌كه‌ون، چونكه له وڵاتانی دیموكراسیدا، پارتی سیاسیی هه‌تاهه‌تایی نییه، ئه‌م سه‌رده‌مه سه‌رده‌می كرانه‌وه‌و رێزگرتنه له دیموكراسی‌و بیری جیاواز، بۆیه بارودۆخه‌كه له‌باره‌و له‌وانه‌یه حاڵه‌تێكی وا دروستبێت كه بگاته شه‌ڕی راگه‌یاندن، به‌ڵام له‌و بڕوایه‌دانیم كه ببێته حاڵه‌تێكی وا كه به‌ره‌ی گۆڕان توانیان كه ده‌نگی باش بهێنن، یهكێتیو پارتی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه بسڕنه‌وه، به‌وشێوه‌یه‌ی كه ئێستا هه‌یه خۆیان توشی قه‌یرانێكی مه‌شروعیه‌ت بكه‌ن، حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان له‌به‌رده‌م دو ریاندان، یان گۆڕان یان دۆڕان، گۆڕان به قازانجی هه‌مو لایه‌كه ته‌نانه‌ت یهكێتیو پارتیش، وه‌كو حیزب نه‌ك شه‌خس، چونكه ده‌بێت له سیستمی ئه‌مڕۆی سیاسیاندا ریفۆرمیان هه‌بێت به هه‌ردو ماناكه‌یه‌وه، هه‌م خۆسازدانهوهو خۆڕێكخستنه‌وه، هه‌م چاكسازیی، بۆ نمونه هه‌رلایه‌ك نزیكه‌ی (10) له‌شكر خه‌ڵكی بێكاریان له‌ده‌وری یه‌ك كۆكردوه‌ته‌وه به‌ناوی ئه‌ندامی حیزب، ئه‌مه نه هه‌ڵگری بیروباوه‌ڕێكه، نه ده‌توانێت كارێك بۆ حیزبه‌كه‌شی بكات، به‌ڵكو بوه‌ته بارگرانی به‌سه‌ریه‌وه، له سیستمی هاوچه‌رخدا، حیزب حیزبی ملیۆن نه‌فه‌ری نییه، حیزبی نوخبه‌یه، هه‌م سیاسی‌و هه‌م رۆشنبیر، كه ده‌توانێت هه‌نگاوی باش بنێت، بۆیه پارتی‌و یه‌كێتیش پێویستیان به‌و گۆڕانه‌یه.
پرۆفایل:
د. یاسین سه‌رده‌شتی
- له ساڵی 1970دا له شاری سلێمانی له‌دایكبوه.
- له ساڵی 1995دا ماسته‌رو له ساڵی 2002دا دكتۆرای له بواری مێژو له زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین به‌ده‌ستهێناوه.
- مامۆستای به‌شی مێژوی كۆلێژی زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كانه له زانكۆی سلێمانی.
- خێزانداره‌و خاوه‌نی یه‌ك منداڵی كچه.