Print
 سه‌ركرده‌یه‌كی كورد هاوپه‌یمانێتیه‌کی سه‌ربه‌خۆ پێكده‌هێنێت
Thursday, April 2, 2009

ئاماده‌کردنی: رۆمان زاگرۆس - ئازیز مه‌حمود (iwpr)

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌و ناكۆكییه‌ تونده‌ی له‌ناو حیزبه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆماری عێراقدا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ هاوپه‌یمانییه‌كی سه‌ربه‌خۆی لێبكه‌وێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ یه‌كه‌م جار له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ سی ساڵدا پێكهاته‌ی سیاسیی كورد به‌ته‌واوی ده‌گۆڕێت.
 
یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا تووشی چه‌ندین پشێوی هاتووه ‌و چه‌ند ئه‌ندامێكی باڵای ئه‌و حیزبه‌ كه‌ داوای چاكسازی ده‌كه‌ن ده‌ستیانله‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌ یان هه‌ڕه‌شه‌یان كردوه‌ حیزبه‌كه‌ به‌جێبهێڵن.
 
عه‌دنان عوسمان، سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌ كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا خاوه‌نێتی،‌ به‌ په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتی راگه‌یاند که‌ نه‌وشیروان مسته‌فا، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دیارترین ئه‌و سه‌ركردانه‌ی داوای گۆڕان ده‌كه‌ن و خۆشی یه‌کێکه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان‌، بڕیاریداوه‌ هاوپه‌یمانییه‌كی سه‌ربه‌خۆ پێكبهێنێت و به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوی په‌ر‌له‌ماندا بكات.

هاوپه‌یمانییه‌كی نوێ له‌وانه‌یه‌ ره‌وشی ئێستای پێكهاته‌ی سیاسیی كوردستانی عێراق بگۆڕێت كه‌ یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ساڵی 1975 ه‌وه‌ باڵاده‌ستن تیایدا‌. له‌م ساڵانه‌ی دواییدا متمانه‌ی خه‌ڵك به‌ حكومه‌تی هه‌رێم، كه‌ ئه‌م دوو حیزبه‌ به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، كزبوه‌ به‌هۆی چه‌ند كێشه‌یه‌كه‌وه‌، له‌وانه‌ كه‌می خزمه‌تگوزارییه‌كان و خزمخزمانێی حیزبی و گه‌نده‌ڵی، به‌ راده‌یه‌ک که‌ ته‌نانه‌ت به‌رپرسه‌ باڵاكانیش دانیپێداده‌نێن.

نه‌وشیروان، كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی خه‌ڵکی سلێمانیه‌ و‌ جه‌ماوه‌رێکی به‌رفراوانی هه‌یه‌،‌ خاوه‌نی كۆمپانیای ووشه‌یه‌ که‌ کۆمپانیایه‌کی به‌هێزی میدیایه‌، چه‌ندین ساڵه‌ ده‌نگێکی به‌رده‌وامی ناڕازییه‌ له‌ناو یه‌کێتی دا. نه‌وشیروان و ئه‌ندامه‌ ریفۆرمخوازه‌كانی تری حیزبه‌كه‌ داوایان كردووه‌ شه‌فافییه‌تی زیاتر له‌ دارایی یه‌كێتی دا هه‌بێت و سه‌ركرده‌كانی زیاتر به‌رپرسانه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن و گۆڕانیش بكرێت له‌ سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كه‌دا كه‌ ئێستا تاڵه‌بانی سه‌رۆکایه‌تی ده‌كات.

هه‌روه‌ها ریفورمخوازه‌كان مشتومإیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ یه‌كێتی و حكومه‌ت به‌ده‌م داواكارییه‌كانی خه‌ڵكه‌وه‌ نه‌چوون، که‌ ئه‌مه‌ش بیرۆکه‌یه‌که‌ له‌وانه‌یه‌ هاوپه‌یمانییه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌ی نه‌وشیروان‌ له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردندا به‌زه‌قی بیخاته‌ڕوو.

مسته‌فای سه‌ید قادر، که‌ سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتییه‌ و مانگی رابردوو ده‌ستیله‌كاركێشایه‌وه‌، وتی: "یه‌كێتی نه‌یتوانیوه‌ خزمه‌تی خه‌ڵك بكات. ئه‌گه‌ر یه‌كێتی بیتوانیایه‌ ئه‌و كاره‌ بكات، بۆچی ئێمه‌ وازمان ئه‌هێنا؟"

عه‌دنان عوسمان وتی نه‌وشیروان ده‌یه‌وێت هاوپه‌یمانییه‌ك پێكبهێنێت كه‌ داوای سیسته‌مێكی سیاسیی چالاكتر بكات و دووربێت له‌ كاریگه‌ریی حیزبایه‌تیه‌وه‌.

له‌و کا‌ته‌وه‌ی که‌ هه‌رێمی كوردستان نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆیی له‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی وه‌رگرتووه‌ له ساڵی‌ 1992دا،  ده‌زگا حكومییه‌كان وسه‌ندیکاکانی هه‌رێمه‌که‌ به‌توندی گرێدراون‌ به‌ یه‌كێتی و پارتییه‌وه. ره‌خنه‌گران ده‌ڵێن حکومه‌تێک و کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نی که‌ له‌ژێرکۆنترۆڵی حیزبدایه‌ یارمه‌تی یه‌كێتی و پارتی ده‌دات که‌ بتوانن درێژه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بده‌ن‌ و مه‌ترسی ئه‌وه‌ش له‌ئارادایه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌ هه‌ره‌س بهێنن ئه‌گه‌ر كوردستانی عێراق له‌ژێر كۆنتڕۆڵی ئه‌و دوو حیزبه‌دا نه‌بێت.

نه‌وشیروان هێشتا به‌ڕه‌سمی راینه‌گه‌یاندووه‌ كه‌ هاوپه‌یمانییه‌ك‎ پێكده‌هێنێت و به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا ده‌كات، که‌ بڕیار وابوو‌ له‌ 19ی مایسدا ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێت دوابخرێت. یاسای هه‌ڵبژاردن رێگانادات هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت پێش دیاریکردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردن.

ئه‌و ناكۆکییه‌ی نێوان كاربه‌ده‌ستانی یه‌كێتی و ریفۆرمخوازه‌كان كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ درێژه‌ی هه‌یه له‌ مانگی شوباتدا‌ گه‌یشته لوتکه‌‌ كاتێك چوار سه‌ركرده‌ی باڵا ده‌ستیانله‌كاركێشایه‌وه‌. ده‌یان ئه‌ندامی تری باڵای حیزبه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان كردووه‌ ده‌ستله‌كاربكێشنه‌وه‌ به‌هۆی ناكۆكیی ناوخۆیی حیزبه‌وه‌‌.

له‌ ساڵی 2006 دا نه‌وشیروان ده‌ستیکێشایه‌وه‌ له‌ پۆستی جێگری سكرتێری گشتیی یه‌كێتی دوای ناكۆكییه‌كی ناوخۆیی حیزبه‌كه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و دواتر كۆمپانیای ووشه‌ی دامه‌زراند كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ به‌هێزترین كۆمپانیاكانی میدیا له‌ كوردستانی عێراقدا.

نه‌وشیروان له‌ تشرینی دووه‌می ساڵی پاردا به‌ په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتی راگه‌یاند که‌ نایه‌وێت حیزبێكی ئۆپۆزسیۆن دروست بكات، به‌ڵکو ده‌یه‌وێت كۆمپانیا‌كه‌ی خۆی به‌كاربهێنێت تا وا بكات ده‌سه‌ڵاتداران خۆیان به‌ لێپرسراو بزانن.

به‌ڵام له‌ كاتێكدا ناكۆكییه‌ ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی ته‌شه‌نه‌یان كردووه‌، زۆر كه‌س پێیان وایه‌ نه‌وشیروان روبه‌ڕوی یه‌كێتی ده‌بێته‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا. نه‌وشیروان داوای له‌ سكرتێری گشتیی یه‌كێتی، تاڵه‌بانی، كردووه‌ ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه ‌و تۆمه‌تباریشی كردووه‌ به‌وه‌ی حیزبه‌كه‌ی به‌ره‌و سه‌ركردایه‌تیی "تاكه‌كه‌سی" بردووه‌.

عه‌دنان عوسمان وتی: "نه‌وشیروان ناتوانێت به‌شێوه‌یه‌كی ساده‌ بێته‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌وه ‌و حیزبێكی سیاسیی نوێ دابمه‌زرێنێت. هه‌ڵبژاردنه‌كان تاكه‌ هۆی شه‌رعین كه‌ به‌هۆیانه‌وه‌ نه‌وشیروان بتوانێت هێزێكی سیاسیی نوێ دروست بكات."

هه‌روه‌ها وتی: "ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و ده‌نگه‌ جیاوازانه‌ ناقۆزینه‌وه‌ كه‌ له‌ شه‌قامی كوردیدا هه‌یه. ئه‌مه‌ هه‌وڵێكی یه‌كخراوه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ساده‌ له‌ خواستێكی سیاسی بۆ گۆڕان سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌."

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتیه‌ و به‌رپرسی سه‌نته‌ری لێكۆلینه‌وه‌ی ستراتیژی كوردستانه‌ ، وتی لیستێكی سه‌ربه‌خۆ له‌وانه‌یه‌ كاریگه‌ری له‌‌سه‌ر یه‌كێتی‌ هه‌بێت.

ئه‌سه‌سه‌رد وتی: "به‌ پێكهێنانی هاوپه‌یمانی له‌م جۆره‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیدا، له‌وانه‌یه‌ یه‌كێتی ده‌نگی كه‌متر به‌ده‌ست بهێنێت. ئه‌مه‌ كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر هاوپه‌یمانیی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ حیزبه‌كه‌ی بارزانیدا و ئه‌و رێكه‌وتنامه‌ ستراتیژییه‌ش كه‌ له‌نێوانیاندا هه‌یه‌."

هه‌روه‌ها وتی: "ئه‌و ده‌نگانه‌ی لیسته‌كه‌ی نه‌وشیروان به‌ده‌ستیان ده‌هێنێت له‌ڕاستیدا كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی یه‌كێتییه‌‌ و له‌كۆتاییشدا ده‌بێته‌ هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوان یه‌كێتی و پارتی‌."

ئه‌سه‌سه‌رد وتی: "پارتی پێی وایه‌ لیستی نه‌وشیروان له‌ بنه‌ڕه‌تدا ده‌سته‌یه‌كه‌ له‌ یه‌كێتی و ترسی ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ له‌ كۆتاییدا رووبه‌ڕووی دوو كوتله‌ی یه‌كێتی ببێته‌وه‌ له‌ په‌رله‌ماندا".

هه‌ندێك له‌ چاودێرانی كورد پێیان وایه‌ تاڵه‌بانی ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌ناو یه‌كێتیدا بپارێزێت، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی خولی سه‌رۆكایه‌تیی عێراق ساڵی داهاتوو كۆتایی دێت. لایه‌نگرانی تاڵه‌بانی رایانگه‌یاندووه‌ که‌ ناوبراو، كه‌ دوو خوله‌ سه‌رۆكایه‌تی عێراقی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌‌ و ته‌مه‌نی 75 ساڵه‌، واز له‌ سیاسه‌ت ده‌هێنێت به‌ڵام وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی حیزبه‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌.

شاهۆ سه‌عید، نوسه‌ر و مامۆستا له‌ زانكۆی سلێمانی وتی: "من پێم وایه‌ تاڵه‌بانی به‌ئاسانی ده‌توانێت به‌رده‌وام بێت وه‌ك سه‌رۆكی حیزبه‌كه‌، به‌ڵام یه‌كێتییه‌كی بچووكتری بۆ ده‌مێنێته‌وه‌".

شاهۆ سه‌عید وتیشی: "تاڵه‌بانی باوه‌ڕی به‌ په‌یڕه‌و نییه‌، باوه‌ڕی به‌ سه‌ركرده‌ی هه‌ر به‌ناوو بێ ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌. به‌لای تاڵه‌بانییه‌وه‌، یه‌كێتی یه‌كسانه‌ به‌ تاڵه‌بانی."

ئه‌و ئاڵۆزییه‌ی ناو یه‌كێتی كاری كردۆته‌‌ سه‌ر حیزبه‌كه‌ و سه‌ركردایه‌تی حكومه‌تیش.

عوسمانی حاجی مه‌حمود، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركرده‌یه‌كی باڵای یه‌كێتی، مانگی رابردوو ده‌ستی له‌م دوو پۆسته‌ كێشایه‌وه‌. كۆسره‌ت ره‌سوڵ، كه‌ جێگری سكرتێری گشتیی یه‌كێتییه ‌و جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمیشه‌، له‌ شوباتدا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی پێشكه‌شكرد، به‌ڵام دواتر بڕیاریدا بمێنێته‌وه‌ داوی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانیدا گه‌یشتن به‌ڕێكه‌وتنێك.

عیماد ئه‌حمه‌د، سه‌ركرده‌یه‌كی باڵای یه‌كێتییه‌، له‌ مانگی شوباتدا جێی عومه‌ر فه‌تاحی گرته‌وه ‌و وه‌ك جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌كاربوو.

یه‌كێتی هه‌وڵیداوه‌ له‌ڕێی جێگۆڕکێکردن‌ به‌ زۆرێك له‌ سه‌ركرده‌ باڵاكانی حیزب ‌و به‌ڵێنی‌ زیاتر شه‌فافبون‌ دڵی ره‌خنه‌گرانی رازی بکات. به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆیان نه‌بوه‌ له‌ راكێشانی ره‌خنه‌گران به‌ لای خۆیدا.

ئه‌و چوار سه‌ركرده‌ باڵایه‌ی یه‌كێتی كه‌ له‌ شوباتدا ده‌ستیانله‌كاركێشایه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا پاڵپشتیی خۆیان بۆ نه‌وشیروان رانه‌گه‌یاندووه‌، به‌ڵام مسته‌فای سه‌ید قادر وتی چاوه‌ڕێن بزانن هاوپه‌یمانییه‌كان كامانه‌ن پێش ئه‌وه‌ی پاڵپشتیی خۆیان رابگه‌یه‌نن.

ئه‌و سه‌ركردانه‌ی یه‌كێتی كه‌ لایه‌نگری دامه‌زراوه‌ حیزبیه‌که‌ن له‌م فۆرمه‌ی ئێستایدا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ جیاوازییه‌كانی یه‌كێتی یارمه‌تی به‌ره‌وپێشچوونی ده‌دات.

عیماد ئه‌حمه‌د، كه‌ به‌رپرسێكی باڵای یه‌كێتییه ‌و ئێستا به‌وه‌كاله‌ت جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ته، وتی: ‌"ئێمه‌ خۆشحاڵ نین به‌وه‌ی ئه‌و چوار سه‌ركرده‌یه‌ وازیان هێناوه‌ چونكه‌ ده‌بێت ئێمه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرین و به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ین بۆ باشتركردنی یه‌كێتی."

عیماد ئه‌حمه‌د وتی یه‌كێتی "هه‌میشه‌ كێشه‌ی هه‌بووه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ چاره‌سه‌ری دۆزیوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی به‌رپرسانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كێشه‌كاندا بكه‌ین و به‌باشترین شێوه‌ چاره‌سه‌ریان بكه‌ین."

لایه‌نگرانی یه‌كێتی و پارتی له‌مێژه‌ هۆشیاریان داوه‌ كه‌ پاڵێوراوانی حیزبی سێیه‌م هه‌ڕه‌شه‌ن‌ بۆ سه‌ر یه‌كڕیزیی كورد كه‌ به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ شتێكی پێویسته‌ بۆ داكۆكیكردن له‌ كورده‌كان له‌ به‌غدا و له‌ گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تیشدا‌.

سه‌ركرده‌كانی كورد له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی که‌ شیعه‌کان زۆرینه‌ن تیایدا له‌سه‌ر چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌ك مشتومڕیان بووه‌، وه‌ك پارێزگای كه‌ركوك كه‌ نه‌وتێکی زۆری هه‌یه‌‌ و ناکۆکی له‌سه‌ره‌‌ ‌‌. حكومه‌تی ناوه‌ندی ریفراندۆمێكی دواخستووه‌ كه‌ سه‌ركرده‌كانی كورد هیوادارن كه‌ركوك بهێنێته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.

رێبوار كه‌ریم مه‌حمود، پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی له‌ زانكۆی سلێمانی، وتی جودابوونه‌وه‌ی هاوپه‌یمانییه‌ك له‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هاوپه‌یمانیی نێوان یه‌كێتی و پارتی كز ده‌كات و "پێگه‌ی كوردیش له‌ به‌غدا لاواز ده‌كات".

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ لایه‌نگرانی تاڵه‌بانی و به‌رپرسێكی باڵای یه‌كێتییه‌، وتی: "كورده‌كان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی وڵاتانی دراوسێدان. ئه‌گه‌ر كورده‌كان یه‌كگرتوو نه‌بن، ئه‌وا ناتوانن رووبه‌ڕووی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ ببنه‌وه‌."

پیره‌ وتی: "چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌م كێشه‌یه‌ی یه‌كێتی كه‌ خۆی له‌ جه‌مسه‌رخوازی ده‌بینێته‌وه‌ پێویسته‌ بدۆزرێته‌وه‌."


رۆمان زاگرۆس سه‌رنووسه‌ری په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتییه‌ له‌ سلێمانی. ئازیز مه‌حمود رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی په‌یمانگاكه‌یه‌ له‌ سلێمانی.
ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ وێبسایتی‌  iwpr  بڵاو كراوه‌ته‌.

 

Sbeiy.com © 2007