سازدانی : سبه‌ی
قادر عه‌زیز سكرتێری حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان له‌وبڕوایه‌دایه هۆكاری سه‌ره‌كی بڕیاره‌كه‌ی پارله‌مانی توركیا بۆ له‌شكركێشی بۆ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان، به هۆی ئه‌و رێككه‌وتنامه ئه‌منییه‌وه بوو كه عێراق له‌گه‌ڵی به‌ستی و جورئهتیدا به توركیا هێرشبكاته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان"، ناوبراو له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه حكومه‌تی عێراق ده‌یه‌وێت به توركیا هه‌رێمی كوردستان بترسێنێت، جگه له‌وه‌ش لایه‌نه جیوازه‌كانی هه‌ڕه‌شه‌ی توركیا بۆ له‌شكركێشی بۆناوخاكی هه‌رێمی كوردستان روونده‌كاته‌وه.
* بۆچوونی به‌ڕێزتان چۆنه له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری له‌شكركێشی توركیا بۆ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان؟
- ئه‌گه‌ر هه‌یه و ناتوانرێت بوترێت توركیا له‌شكركێشی ناكات، ره‌نگه ئۆپه‌راسیۆنێكی دیاریكراوبێت له ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو، ئه‌م هه‌ڕشه‌یه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به ئێمه‌وه نییه، ئه‌و كێشه‌یه توركیا گه‌وره‌ی كردووه و كردوویه‌تی به‌كێشه‌ی هه‌رێمی كوردستان، خه‌بات و تێكۆشانی كوردستانی باكوور و په‌كه‌كه كه شێوازی چه‌كداریی ئه‌و خه‌باته‌یه، به‌ڕاستی پێش ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌بووبێت، ئه‌و كێشه‌یه هه‌بووه، راسته ئه‌م كێشه‌یه به‌شێكی له‌سه‌رخاكی ئێمه‌یه كه ناوچه‌كانی خواكورك و قه‌ندیل و هه‌ندێك ناوچه‌ی سنوورییه، به‌ڵام كه‌س ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌دا ناشكێت، توركیا داوای شتێك له ئێمه ده‌كات كه پێمان ناكرێت، ته‌نانه‌ت به‌خۆشی ناكرێت، كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان دروستكردووه، هه‌ڕشه ده‌كات، داخوازی هه‌یه، به‌بێ ئه‌وه‌ی دیالۆگت له‌گه‌ڵ بكات، باشه چۆن ده‌كرێت؟ توركیا داواكاریی هه‌یه و په‌له‌ش ده‌كات له جێبه‌جێكردنی، به عێراقیش ده‌ڵێت داواكارییه‌كانم جێبه‌جێده‌كه‌ن یان سه‌رباز بنێرم بۆ جێبه‌جێكردنی، توركیا زۆر زه‌ره‌ری كردووه له‌و هه‌ڵوێسته‌ی بۆ له‌شكركێشی، كێشه‌ی كوردیان له باكوور زۆر گه‌وره كردووه له‌دنیادا، كێشه‌ی په‌كه‌كه‌یان كردووه به‌كێشه‌یه‌كی سیاسی، په‌كه‌كه كه پێشتر هه‌موو دنیا پێی ده‌وت تیرۆریست، ئێستا كه‌س پێی ناڵێت تیرۆریست، رایس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا باس له‌وه ده‌كات هه‌وڵه‌كانی خۆمان چڕده‌كه‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی نێوان ده‌وڵه‌تی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان به‌ئاشتی چاره‌سه‌ر بكرێت، ناڵێت كێشه‌ی نێوان توركیا و تیرۆریستان، یه‌ك ده‌وڵه‌ت تائێستا هاوكاریی توركیای نه‌كردووه، نه ئه‌مه‌ریكا نه عێراق نه كوردستان، ته‌نانه‌ت ئێرانیش كه خۆی دوژمنی په‌كه‌كه‌یه به‌هۆی پژاكه‌وه، نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و یه‌كێتی ئه‌وروپاش هه‌مووی دژی شه‌ڕن و داوا ده‌كه‌ن كێشه‌كه به‌ئاشتی چاره‌سه‌ربكرێت، ئێمه‌ش پێمان باشه توركه‌كان زیاتر بگه‌ڕێنه‌وه بۆ عه‌قڵ و مه‌نتیق، ئه‌وه 23 ساڵه به‌شه‌ڕ بۆیان چاره‌سه‌ر نه‌كراوه، با هه‌وڵبده‌ن جارێكیش رێگای ئاشتی تاقیبكه‌نه‌وه.
* ئایا ئێستا هه‌ماهه‌نگی هه‌یه له‌نێوان حزبه كوردییه‌كانی باشووری كوردستان و په‌كه‌كه؟
- هه‌ماهه‌نگی و ته‌نسیق له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان نییه، به‌پێچه‌وانه‌وه له چه‌ندین هه‌ڵوێستدا داوایان لێكراوه ره‌چاوی ناسكی بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، به‌ڵام هه‌ندێك تێبینی و راسپارده هه‌یه بۆ په‌كه‌كه كه هه‌وڵبده‌ن كێشه‌كه زیاتر ئاڵۆز نه‌بێت و كارێك نه‌كه‌ن كێشه‌كه بۆ ئێمه بگه‌ڕێته‌وه، چونكه هه‌رێمی كوردستان به‌شێك نییه له‌و كێشه‌یه، كێشه‌ی په‌كه‌كه كێشه‌یه‌كی ناوخۆیی توركیایه، راسته له‌سه‌ر سنووری ئێمه‌یه و زۆركات پریشكیشمان بۆ ده‌په‌ڕێت، ئه‌گه‌ر تێبینی بكه‌ن له‌چه‌ند رۆژی رابردووش‌دا لێدوانه‌كان هه‌ر ئه‌وه‌یه كه داوا له په‌كه‌كه كراوه كه ره‌وشه‌كه هێوربكاتهوه و دیله‌كانی تورك به‌ربدات.
* به‌رپرسانی كوردستانی باشوور تا چه‌ند به‌عه‌قڵییه‌تی ده‌وڵه‌تدارییه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كێشه‌ی په‌كه‌كه و توركیا كردووه؟
- ئێمه تائێستا ده‌وڵه‌ت نین، كوردستان هه‌رێمێكه و به‌شێكه له ده‌وڵه‌تی عێراق، توركیا راسته‌وخۆ دانوستان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ناكه‌ن، راسته كێشه‌كه‌یان كردووه به‌كێشه‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام دیالۆگمان له‌گه‌ڵ ناكه‌ن و دیالۆگ له‌گه‌ڵ به‌غداد ده‌كه‌ن، راستییه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و له‌شكركێشییه‌ی كه دروستبووه، به‌شێكی ده‌ستی به‌غدادی تێدایه، یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و بڕیاره‌ی پارله‌مانی توركیا، به‌و رێككه‌وتنه ئه‌منیه‌ی نێوان عێراق و توركیا شهرعیهتێكیاندا به‌و لهشكركێشهییه، توركیایان هاندا زاتی ئه‌وه بكات بڕیاری پێوه‌ربگرێت له پارله‌مانی توركیا، حكومه‌تی عێراق دوو ئامانجی له‌و رێككه‌وتنامه‌یه هه‌یه، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه توركیا رازیبكات له‌سه‌ر حسابی ئێمه، بۆ ئه‌وه‌ی توركیا له هاوكاریی سوننه‌كان بكشێته‌وه، دووه‌میش ئه‌وه‌یه كه ده‌یه‌وێت به توركیا هه‌رێمی كوردستان بترسێنێت، وامان لێبكات به‌كێشه‌یه‌كی لابه‌لاوه مهشغوڵبین و بۆ ئه‌وه‌ی پێگه‌ی هه‌رێم له به‌غداد لاواز بێت له به‌رامبه‌ر ئه‌و كێشانه‌ی كه هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غداد هه‌یه‌تی، چ مادده‌ی 140، چ پێشمه‌رگه‌یه، چ یاسای نه‌وت و غازه، به راستیش ئێستا هه‌ردوو خاڵهكه كرا، به‌غداد تائێستا مه‌وقیفی هێنده‌ی مه‌وقیفی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتیی ئه‌وروپا نه‌بووه كه به‌رگری له هه‌رێمی كوردستان بكات، ئه‌و وه‌فده‌ی عێراق چووه توركیا باش بوو، كه‌مێك خۆیان كرد به‌خاوه‌نی كێشه‌كه، به‌ڵام ئه‌ویش بینیتان تورك چۆن سوكایه‌تی پێكردن، چۆن داخوازییه‌كانیشی لێقبوڵ نه‌كردن، عێراق هیچ پێویستیان به‌وه نه‌بوو رێككه‌وتنی ئه‌منی له‌گه‌ڵ توركیا ببه‌ستن و ئه‌و ته‌نازوله بۆ توركیا بكه‌ن، كه هه‌م مه‌وقیفی خۆیان و هه‌م مه‌وقیفی ئێمه له‌به‌رامبه‌ر توركیا لاواز بكه‌ن، به‌شێوه‌یه‌ك كه وایلێهات وه‌فدێكی عێراق له‌سه‌ر ئاستێكی باڵا بچێته توركیا، به‌ڵام توركیا به‌وشێوه‌یه سوكایه‌تییان پێبكات.
* زۆر گوێمان له به‌ڕێزتان و به‌رپرسانی تر بووه له‌سه‌ر ئه‌و سوكایه‌تییه‌ی كه له توركیا به وه‌فدی عێراقی كراوه، ئه‌و سوكایه‌تییه چی بوو كه باسی ده‌كه‌یت؟
- وه‌فده‌كه‌ی عێراق كه چوو بوون بۆ توركیا وه‌زیری به‌رگریی عێراق سه‌رۆكایه‌تی كردبوو، كۆمه‌ڵێك وه‌زیری تر و وه‌كیل وه‌زیری تریشی تیا‌بوو، دوو نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمیشی تیا‌بوو، كه یه‌كێكیان كاك عیماد ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی و سه‌فین دزه‌یی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی بوو، كه چووبوونه توركیا سه‌ره‌تا به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو عورفێكی دیبلۆماسییه‌وه له‌سه‌ر ئاستی جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس پێشوازیان كردبوو، پاشان بردبوویانن بۆ میوانخانه‌ی پۆلیس دایانبهزاندبوون و نه‌یان بردبوون بۆ ئوتێل، له چه‌ند دانیشتنێكدا زۆر به سوكی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ وه‌فده‌كه‌ی عێراق كردبوو، له چه‌ند دانیشتنێكدا به‌شداریان به وه‌فده‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم نه‌كردبوو، سه‌باره‌ت بهپێشنیارهكانیش هه‌ر گوێیان لێنهگیرابوو، هیچ گفتوگۆیه‌كیان نه‌كردبوو، وتبوویان ئه‌و پێشنیارانه‌ی ئێوه به‌ده‌ردی ئێمه ناخوات، فه‌رموون بڕۆنه‌وه، ته‌نانه‌ت وتبوویان ده‌بێت به‌نزینی فڕۆكه‌كه‌ش خۆتان بیده‌ن، به‌و شێوه ناشرینه، كه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا هات بۆ عێراق چه‌ند به‌ڕێزه‌وه پێشوازیان لێكرا.
* نوێترین لێدوانی ئه‌ردۆگان ده‌ڵێت بارزانی داڵده‌ی په‌كه‌كه ده‌دات، به بۆچوونی تۆ چه‌ندێك گرنگه كورد ئه‌و هێمایه نه‌دات به‌ده‌سته‌وه كه كێشه‌ی توركیا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ی نێوان بارزانی ده‌وڵه‌تی توركیایه؟
- له بنه‌ڕه‌تدا كێشه‌كه هی ئێمه نییه، به‌ڵام توركیا كێشه‌یه‌كی به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان دروستكردووه، كێشه‌كه‌شیان گواستووه‌ته‌وه بۆ نێوانی توركیا و سه‌رۆكی هه‌رێم، بێگومان سه‌رۆكی هه‌رێم به حوكمی پێگه‌كه‌ی لایه‌نی ره‌سمییه كه بتوانێت قسه به‌ناوی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌رببڕێت، ئه‌وان ئه‌مه به دژی خۆیان و بهشتی تایبه‌تی ده‌زانن، به پێچه‌وانه‌وه توركیا زیاتر لێدوانی نا دروستیان داوه، به‌ڵام وایلێهاتووه كه داوای داكۆكی له خۆت بكه‌یت، توركیا به‌دژایه‌تی ده‌زانێت، وتراوه ئه‌گه‌ر توركیا ده‌ستدرێژی بكاته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و سه‌روه‌رییه‌كانی، ئێمه داكۆكی له خۆمان ده‌كه‌ین، ئه‌وان وای ده‌بینن كه هه‌ڕشه‌یان لێده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ش هه‌مووی به پیلان كراوه، بۆ ئه‌وه‌ی رایبگه‌یه‌نن كه ئێمه پشتیوانیی له په‌كه‌كه ده‌كه‌ین، كه به وته‌ی خۆیان ئه‌وه پشتیوانی كردنه له تیرۆر، یان ئێمه داڵده‌ی پكهكه ده‌ده‌ین، له‌كاتێكدا هیچ راستییه‌كی تیا نییه، كه‌س ده‌ستی توركیای نه‌گرتووه بچێت به شه‌ڕ په‌كه‌كه له ناوببات، خواكورك له توركیاوه نزیكتره وه‌ك له ئێره، به‌ڵام چونكه توركیا فه‌شه‌لی هێناوه له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی په‌كه‌كه به‌شه‌ڕ، ئێستا ده‌یانه‌وێت فهشهلهكه فڕێبده‌نه سه‌ر خه‌ڵكی تر، شه‌ڕه‌كه هه‌مووی به ئامانجه، توركیا ده‌یه‌وێت له‌و رێگایه‌وه هه‌ندێك له سیاسه‌ته‌كانی خۆی بسه‌پێنێت به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌سه‌ر حكومه‌تی عێراق كه ئێستا حكومه‌تێكی لاوازه، توركیا ده‌یه‌وێت هه‌ندێك پێگه‌یان ده‌ستكه‌وێت له عێراق، چونكه پێیان وایه دووره په‌رێزن، به‌دڵنیایشه‌وه ئه‌وه به‌شه‌ڕ ده‌ستناكه‌وێت، ئه‌وه به‌ئاشتی و دبلۆماسی ده‌ستده‌كه‌وێت، ئێستا زۆرترین شه‌ریكاتی توركی له هه‌رێمی كوردستانه، ساڵانه سێ ملیار دۆلار له‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی كه هه‌نارده‌ی ده‌كات یان له‌و پرۆژانه‌ی كه جێبه‌جێیده‌كات سوودمه‌ند ده‌بێت، ئه‌مه به رێگای په‌یوه‌ندی دۆستانه و سیاسی و بازرگانییه‌وه ده‌بێت، ئه‌گه‌ر توركیا بڕیاری داوه گه‌مارۆی ئابووری بخاته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌یانی گومرگی ئیبراهیم خه‌لیل دابخه‌ن توركیا زیاتر له هه‌رێمی كوردستان زه‌ره‌مه‌ند ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت رۆڵێكیان هه‌بێت له عێراق، كاریگه‌رییان هه‌بێت، نفوزێكیان هه‌بێت، ده‌ستكه‌وتێكیان هه‌بێت، ئه‌مه به په‌یوه‌ندییه‌كی دۆستانه و په‌یوه‌ندییه‌كی دیبلۆماسی و په‌یوه‌ندییه‌كی باشی ئابووری بۆیان ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت.
* داواكاریی سه‌ره‌كی توركیا چییه له هه‌رێمی كوردستان؟
- توركیا یه‌ك داوای هه‌یه، داواده‌كات هه‌رێمی كوردستان په‌كه‌كه به تیرۆریست بناسێت، ئه‌گه‌ر وتیشمان په‌كه‌كه تیرۆریسته به‌پێی یاسای تیرۆر ده‌بێت بچین له‌پاڵ سوپای توركیا دژی په‌كه‌كه شه‌ڕ بكه‌ین، ئه‌وه مومكین نییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حزبه كوردستانییه‌كان كێشه‌ی په‌كه‌كه به كێشه‌ی تیرۆر نازانن، كێشه‌ی په‌كه‌كه كێشه‌ی سی ملیۆن كورده له باكووری كوردستان، ئه‌م كێشه‌یه ده‌بێت به‌ئاشتی چاره‌سه‌ربكرێت، شه‌ڕی كورد و كوردیش نه‌ماوه و مومكین نییه جارێكی تر دووباره ببێته‌وه.
* كه هه‌ڵوێستی توركیا به‌و شێوه‌یه‌یه كه تۆ باسی ده‌كه‌یت، بۆچی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێگا ده‌دات چوار بنكه‌ی سه‌ربازیی توركی و نزیكه‌ی دوو هه‌زار سه‌رباز و خه‌ڵكی ئیستیخباراتی توركی هه‌بێت له هه‌رێمی كوردستاندا؟
- ئه‌وه كاتی خۆی له سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆدا هاتوون، پێویست بوو كه توركیا چوار پایه‌گای هه‌یه له كوردستان، به‌هه‌ڵوێستێكی ئیجابی هه‌ڵیسه‌نگێنێت، كه ده‌توانن له‌ڕێگایه‌وه چاودێری په‌كه‌كه بكه‌ن، به‌لای ئێمه‌وه رێگاپێدانی ئه‌و هێزانه خراپه و رێگا پێدانێكی یاسایی نییه هێزی ده‌وڵه‌تێكی تر له‌سه‌ر خاكی هه‌رێمه‌كه‌ی تۆ بێت، قسهشكراوه كه هه‌وڵبدرێت ئه‌و پایه‌گایانه نه‌مێنن، وه‌ك چۆن پی ئێم ئێف گه‌ڕانه‌وه ئه‌وانیش بگه‌ڕێنه‌وه شوێنه‌كانی خۆیان، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه به‌تێگه‌یشتن بێت، ده‌بێت بۆ ئه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكییه‌كان و عێراقیش قسه‌بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی تێ‌یان بگه‌یه‌نرێت كه بوونی ئه‌و هێزانه له هه‌رێمی كوردستان پێویست نییه، بوونیان له كوردستان یاسایی نییه.
* بۆچی سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارته سیاسییه‌كانی كوردستان بۆ توركیا دواكه‌وتووه كه تایبه‌ته به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی په‌كه‌كه؟
- دواكه‌وتنه‌كه له‌لایه‌ن ئێمه‌وه بوو، دوای ئه‌وه‌ی كه وه‌فدی عێراقی به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه‌ی لهگهڵداكرا، ئێمه پێمان وابوو كاته‌كه زۆر له‌بار نییه بۆچوونی ئێمه بۆ توركیا، وه‌فدێكی عێراقی به سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری به‌رگریی عێراق به‌وشێوه‌یه له‌لایه‌ن توركیاوه مامه‌ڵه‌ی خراپی له‌گه‌ڵ بكرێت، كه‌واته ره‌وشه‌كه له‌بار نییه، ئێمه پێمان باش بوو خۆمان سه‌ردانه‌كه دوابخه‌ین، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا جارێكی تریش ئاماده‌یی خۆی راگه‌یاندووه بۆ پێشوازیكردن له‌و سه‌ردانه‌مان، به‌ڵام دیسان ئێمه هه‌ر پێمان باشه په‌له نه‌كه‌ین، به‌تایبه‌تی كه دووی ئه‌م مانگه كۆبوونه‌وه‌ی وڵاتانی دراوسێ له ئه‌سته‌نبوڵ هه‌یه، پێنجی مانگیش ئه‌ردۆگان سه‌رۆك بوش ده‌بینێت، هه‌ڵوێستێكی ئیجابیش له دوێنێوه له‌لایه‌ن توركیاوه نیشاندراوه كه پێشوازی له سه‌ردانێكی مام جه‌لال بكه‌ن، ره‌نگه سه‌ردانه‌كه‌مان بكه‌وێته دوای شه‌شی ئه‌م مانگه‌وه، له‌دوای ئه‌م كۆبوونه‌وانه ئه‌گه‌ر ئاڵۆزی زیاتر بكه‌وێته كێشه‌كه‌وه، ئه‌وكاته ئێمه هیچ پێویست نییه بچین، ئه‌گه‌ریش وه‌زعه‌كه به‌ره‌و خاوبوونه‌وه بچێت ئێمه‌ش ده‌چین بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری بكه‌ین له چاككردنه‌وه‌ی ره‌وشه‌كه.
* ئه‌و په‌یامه چییه كه ئه‌نجومه‌نی باڵای پارته سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌یگه‌یه‌ننه ده‌وڵه‌تی توركیا؟
- كۆمه‌ڵێك كێشه هه‌یه له ناوچه‌كه و له عێراق، پێویسته ئێمه له نزیكه‌وه سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان چ وه‌كو حكومه‌ت، چ وه‌كو پارله‌مان، چ وه‌كو حزبه‌كان بۆ ئه‌و وڵاتانه روونبكه‌ینه‌وه، بۆ په‌كه‌كه پێیان بوترێت ئه‌و كێشه‌یه په‌یوه‌ندی به‌ئێمه‌وه نییه، پێیان بڵێین ئێوه داوای شتێك له ئێمه ده‌كه‌ن كه له تواناماندا نییه، سه‌رباری ئه‌وه‌ش ئاماده‌نیت گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی، كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی تریش هه‌یه بۆ نموونه پڕۆژه‌كه‌ی بایدن بۆ دابه‌شكردنی عێراق كه توركیا پێی ته‌نگاو بووه و پێی وایه ئه‌مه دابه‌شكردنی عێراقه و له دابه‌شكردنی عێراقیشدا كورد جۆرێك له سه‌ربه‌خۆیی ده‌ستده‌كه‌وێت كه ئه‌وه بۆ توركیا بڤه‌یه.
* په‌كه‌كه له‌م كێشه‌یه‌ی كه ئێستا رووبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه چه‌ند راوێژی به‌دۆسته‌كانی كردووه؟
- په‌كه‌كه چه‌ند ساڵێكه سیاسه‌تیان زۆر ئیجابی گۆڕاوه، ساڵی رابردوو له‌سه‌ر داوای ئه‌مه‌ریكا و له‌سه‌ر داوای یه‌كێتیی ئه‌وروپا له رێگای یه‌كێتی و پارتییه‌وه، به‌تایبه‌تی مام جه‌لال و كاك مه‌سعود ئاگربه‌ستیان راگه‌یاند، ئه‌مه هه‌ڵوێستێكی باش بوو، به‌داخه‌وه توركیا به‌ده‌نگ ئه‌و داوایه‌وه نه‌چوو، ئێستاش له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ڕێگای مام جه‌لاله‌وه داوایان لێكرا كه ئاگربه‌سته‌كه نوێبكه‌نه‌وه، په‌كه‌كه‌ش ئاگربه‌سته‌كه‌ی نوێ كرده‌وه، دا‌واشیان لێكراوه دیله‌كانی توركیا به‌ربده‌ن و ره‌چاوی بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، مومكینه ئه‌وه‌ش بكه‌ن، ئه‌مه به‌ڕاستی هه‌ڵوێستێكی ئیجابییه كه گوێ بۆ سه‌ركرده‌كانی هه‌رێمی كوردستان راده‌گرێت، ئه‌وه‌ی تائێستا وه‌ڵامی نییه و به‌پیر بانگهوازهكانهوه ناچێت ده‌وڵه‌تی توركیایه، ئێمه ئه‌گه‌ر بوارێكمان بۆ ره‌خسابێت ئه‌و شتانه‌مان پێ وتوون، بڕواناكه‌م له‌وه زیاتر شتێكی تر هه‌بێت، بڕواناكه‌م نه ئه‌وان فه‌رمانی ئێمه جێبه‌جێبكه‌ن، خۆتان ده‌زانن په‌كه‌كه چ حزبێكه، نه ئێمه‌ش رێگا به‌خۆمان ده‌ده‌ین فه‌رمانیان به‌سه‌ردا بكه‌ین،
* هه‌ڵوێستی لایه‌نه كوردییه‌كانی تری پارچه‌كانی تری كوردستان چۆنه له‌م كێشه‌یه‌دا؟
- كێشه‌كه په‌كه‌كه نییه، په‌كه‌كه شتێكی ره‌ت نه‌كردووه‌ته‌وه تا خه‌ڵك مه‌وقیفی لێوه‌ربگرێت، ئه‌وه‌ی كه نایكات توركیایه كێشه‌كه، ئێستا داواكارییه‌كان روو له توركیایه، هه‌فته‌ی پێشوو له پارله‌مانی كوردستان سه‌رۆكی هه‌رێم پێشنیارێكی كرد، كه بكرێت كۆنگره‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی بگیرێت، به به‌شداری سه‌رجه‌م حزب و رێكخراوه‌كانی پارچه‌كانی تری كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك پره‌نسیپی نه‌ته‌وه‌یی كه هه‌یه هه‌موومان پێوه‌ی پابه‌ند ببین، كه بریتی بێت له‌وه‌ی كه جارێكی تر نابێت شه‌ڕی كوردی رووبدات، هه‌موو كه‌س ده‌بێت پابه‌ندی پره‌نسیپ و به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بێت، مه‌رج نییه په‌كه‌كه ئاماده‌بێت له‌و كۆنگره‌یه، به‌ڵام هه‌وڵده‌درێت په‌كه‌كه‌ش پابه‌ندی ئه‌م برهنسیپانهبێت.
* باس له‌وه ده‌كرێت حزبه‌كان گه‌نجان ناونووس ده‌كه‌ن، به‌مه‌به‌ستی جیهادكردن دژ بهتوركیا، له‌م باره‌یه‌وه بۆچوونت چۆنه؟
- ناونوسی بۆچییه، كه پێشمه‌رگه هه‌یه و میلله‌ت هه‌یه، خه‌ڵكی خۆبه‌خش زۆره ئه‌گه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ك بكرێته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌ر شتێكی وا رووبدات هه‌موو خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌رخۆدان ده‌كات و داكۆكی له سه‌روه‌رییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
* ئێوه وه‌ك حزبی زه‌حمه‌تكێشان ئاماده‌ن ئه‌گه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ك بكرێته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌رگری بكه‌ن؟
- ئه‌ی چی ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر به‌رگری له هه‌رێمی كوردستان و له سه‌روه‌رییه‌كان و له كه‌رامه‌تی میلله‌ته‌كه‌مان نه‌كه‌ین بۆچی هه‌ین، تائێستا ئه‌وه‌ی دروستبووه، زه‌حمه‌تكێشان ئه‌گه‌ر له پێشه‌وه‌ی خه‌ڵك نه‌بووبێت، له دواوه نه‌بووه.
* ژماره‌ی هێزه‌كانتان چه‌نده؟
- فه‌وجێكی نیزامیمان هه‌یه كه نزیكه‌ی شه‌ش سه‌د كه‌سه، چه‌كداری تریشمان هه‌یه، ئه‌گه‌ر پێویستیش بێت به هه‌زاران ئه‌ندامی خۆمان چه‌كدار ده‌كه‌ین، خۆشمان ده‌چین بۆ به‌ره‌كانی شه‌ڕ، ئه‌گه‌ر ده‌ستدرێژی بكرێته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وكاته هه‌موو كورد ده‌بێته پێشمه‌رگه.
* به‌ڕێزتان وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی كۆن ئه‌گه‌ر توركیا هێرشبكاته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ئاماده‌ی بچیته سه‌نگه‌ره‌وه؟
- به‌ڵێ، ئه‌گه‌ر توركیا بێته شاره‌كانه‌وه دێته سه‌ر ئێمه، ئه‌وكاته خۆ راناكهیت، ئه‌گه‌ر دز بێته سه‌ر ماڵه‌كه‌ت ده‌بێت به‌رگری بكه‌یت.
پرۆفایل :
* قادر عه‌زیز له ساڵی 1954 له هه‌ولێر له‌دایك بووه.
سكرتێری حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانه
نوێنه‌ری سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه بۆ به‌دواداچوونی مادده‌ی 140