Print
 لیوا قاسم عه‌تا: هه‌وڵده‌ده‌ین گیانی‌ كارمه‌ندانی راگه‌یاندن بپارێزین
Thursday, April 9, 2009

سازدانی‌: ساڵح ره‌حمان - فه‌همی‌ ساڵح
لیوا قاسم عه‌تا، وته‌بێژی‌ پلانی‌ چه‌سپاندنی‌ یاسا‌و ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ عێراق، له‌ دیدارێكی‌ تایبه‌ت به‌ رۆژنامه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات ئاستی‌ توندوتیژییه‌كانی‌ عێراق له‌ خاڵی‌ سفر نزیكبوه‌ته‌وه‌‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش له‌ حاڵه‌تی‌ ئاماده‌باشیدان بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ دۆسیه‌ی‌ ئه‌منیی‌ شاره‌كان، ره‌خنه‌ش له‌ هه‌ندێك كه‌ناڵی‌ راگه‌یاندن ده‌گرێت كه‌ به‌ ئامانجی‌ دروستكردنی‌ شه‌ڕی‌ تایه‌فی‌‌و مه‌زهه‌بی‌، مه‌سه‌له‌ی‌ سه‌رله‌نوێ‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ توندوتیژییه‌كان ده‌وروژێنن.

* توانای‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ عێراق له‌ چ ئاستێكدایه‌‌و ئایا ده‌توانن ئه‌ركی‌ پاراستنی‌ وڵات بگرنه‌ ده‌ست؟
لیوا قاسم عه‌تا: دوای‌ ئیمزاكردنی‌ رێككه‌وتننامه‌ی‌ نێوان عێراق‌و ئه‌مه‌ریكا بۆ كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ فره‌نه‌ته‌وه‌ له‌ خاكی‌ عێراق، ئێستا توانای‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ باشترین ئاستدایه‌‌و ده‌توانن دۆسیه‌ی‌ ئه‌منیی‌ وڵات له‌ئه‌ستۆ بگرن ئه‌گه‌ر هێزه‌ بیانییه‌كان وڵاتیان جێهێشت، له‌ ئێستاشدا هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی‌ عێراق هه‌ماهه‌نگی‌ ته‌واویان له‌نێواندا هه‌یه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ پرۆسه‌ ئه‌منییه‌كان‌و به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی‌ باری‌ ئاسایشی‌ وڵات، له‌ماوه‌كانی‌ رابردودا چه‌ندین خول‌و مه‌شقی‌ تایبه‌ت به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانمان كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كۆنترۆڵی‌ باری‌ ئه‌منی‌ بكه‌ن‌و رێگا به‌ بۆشایی‌ نه‌ده‌ن، هێزه‌كانمان توانایه‌كی‌ باشیان هه‌یه‌ بۆ ئیداره‌كردنی‌ باری‌ ئاسایشی‌ ناوشاره‌كان.

* له‌ سه‌ره‌تای‌ ده‌ستپێكردنی‌ پرۆسه‌ی‌ چه‌سپاندنی‌ یاساوه‌ كه‌ ساڵی‌ پار ده‌ستیپێكرد، تا ئێستا چ هه‌نگاوێكتان ناوه‌؟
لیوا قاسم عه‌تا: ئه‌نجامدانی‌ پرۆسه‌ی‌ چه‌سپاندنی‌ یاسا كه‌ سه‌ره‌تا له‌ شاری‌ به‌غدا ده‌ستیپێكرد‌و دواتریش شاره‌كانی‌ تری‌ گرته‌وه‌، هه‌نگاوێكی‌ گرنگ بو بۆ سه‌قامگیركردنی‌ ئارامی‌‌و ئاسایش له‌ وڵاتدا، له‌ گرنگترینی‌ ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی‌ تا ئێستا به‌هۆی‌ پرۆسه‌ی‌ چه‌سپاندنی‌ یاساوه‌ به‌دیهاتون، كه‌مبونه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ توندوتیژیه‌كانه‌ بۆ نزیكبونه‌وه‌ له‌ خاڵی‌ سفر، هه‌روه‌ها توانیومانه‌ كۆنترۆڵی‌ زۆرینه‌ی‌ هه‌ره‌زۆری‌ ناوچه‌كان بكه‌ین‌و ئێستا هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ حاڵه‌تی‌ هێرشكردندان، یه‌كێكی‌ دیكه‌ له‌و خاڵه‌ گرنگانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستا رفاندن‌و تیرۆركردنی‌ هاوڵاتییانی‌ مه‌ده‌نی‌ نه‌ماوه‌‌و ئارامیی‌ بۆ خه‌ڵك گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها ته‌رمه‌ نه‌ناسراوه‌كانیش چاره‌سه‌ركراوه‌، چونكه‌ له‌ ساڵی‌ 2006دا به‌پێی‌ ئاماره‌كان رۆژانه‌ له‌نێوان (50- 180) ته‌رمی‌ نه‌ناسراو تۆماركراوه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا رۆژانه‌ هیچ حاڵه‌تێكی‌ له‌وشێوه‌یه‌ له‌لایه‌ن پزیشكی‌ دادوه‌رییه‌وه‌ تۆمارناكرێت، واته‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ش چاره‌سه‌ركراوه‌.

* ماوه‌یه‌كه‌ باس له‌وه‌ده‌كرێت كه‌ دیارده‌ی‌ توندوتیژی‌ جارێكی‌ دیكه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌؟
لیوا قاسم عه‌تا: ماوه‌یه‌كه‌ له‌لایه‌ن راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ باس له‌وه‌ده‌كرێت كه‌ روتكردن‌و رفاندنی‌ هاوڵاتییان‌و كوشتن‌و رفاندنی‌ ئۆتۆمبیل زیادیكردوه‌ به‌تایبه‌ت له‌ مانگی‌ رابردودا، به‌ڵام ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ رونبكه‌مه‌وه‌ كه‌ به‌هۆی‌ ئه‌نجامی‌ پرۆسه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌، حاڵه‌تی‌ تیرۆركردن‌و توندوتیژی‌ كۆتایی‌ هاتوه‌، ئه‌و تاوانی‌ رفاندن‌و روتكردن‌و دزینی‌ ئۆتۆمبیله‌ش كه‌ ده‌كرێت، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌تیرۆر‌و توندوتیژییه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو ئه‌و حاڵه‌ته‌ پێشتریش كه‌م تا زۆر هه‌بوه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ساڵانی‌ رابردودا مه‌سه‌له‌ی‌ تیرۆر‌و تۆقاندن زۆربوه‌، راگه‌یاندنه‌كان به‌یه‌ك چاو له‌ هه‌ردو حاڵه‌ته‌كه‌یان روانیوه‌، بۆیه‌ ئێستاش كه‌ تیرۆر نه‌ماوه‌، جارێكی‌ دیكه‌ راگه‌یاندنه‌كان ئه‌و حاڵه‌تانه‌ ده‌وروژێنن‌و جۆرێك له‌ تێكه‌ڵكردن له‌نێوان تیرۆر‌و تاوانی‌ ئاساییدا دروستده‌كه‌ن، ئێمه‌ پلانیشمان بۆ كۆنترۆڵكردن‌و چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ داڕشتوه‌، چونكه‌ پێشتر به‌هۆی‌ توندوتیژییه‌كانه‌وه‌ نه‌توانراوه‌ وه‌كو پێویست مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و بابه‌ته‌دا بكرێت، به‌ڵام ئێستا له‌گه‌ڵ‌ ئاساییبونه‌وه‌ی‌ بارودۆخه‌كه‌دا، ئه‌و گرفته‌ش چاره‌سه‌ر ده‌كرێت‌و هه‌ردو وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌‌و ناوخۆ له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كاندا پێكه‌وه‌ كار بۆ كۆنترۆڵكردن‌و نه‌هێشتنی‌ ئه‌وجۆره‌ تاوانانه‌ش ده‌كه‌ن.

* به‌ڵام له‌ چه‌ند كاتێكی‌ جیاجیادا هه‌ندێك حاڵه‌تی‌ رفاندنی‌ هاوڵاتییان تۆماركراوه‌‌و جارجاره‌ش كوشتن‌و ته‌قینه‌وه‌ تۆمار ده‌كرێت، ئه‌وه‌ مانای‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ توندوتیژی‌ سه‌ریهه‌ڵدابێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ باس له‌وه‌ده‌كرێت گوایه‌ قاعیده‌ خه‌ریكی‌ خۆڕێكخستنه‌وه‌یه‌؟
لیوا قاسم عه‌تا: نه‌خێر مه‌سه‌له‌كه‌ دوباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ توندوتیژی‌ نییه‌، به‌ڵكو زۆرێك له‌و بابه‌تانه‌ وه‌كو پێشتر وتم تاوانی‌ ئاسایین‌و له‌ هه‌مو وڵاتێكدا ئه‌و حاڵه‌تانه‌ هه‌یه‌، راسته‌ توندوتیژی‌ 100% كۆنترۆڵ‌ نه‌كراوه‌، به‌ڵام من وتم له‌ خاڵی‌ سفر نزیكبوه‌ته‌وه‌، بۆ نمونه‌ با به‌ داتا شته‌كه‌ رونتربكه‌مه‌وه‌، به‌گوێره‌ی‌ به‌ڵگه‌نامه‌ ره‌سمییه‌كان له‌ 22/2/2009 بۆ 22/3/2009 واته‌ له‌ماوه‌ی یه‌ك مانگدا، (21) حاڵه‌تی‌ رفاندن رویداوه‌، له‌وانه‌ش (17) رفێنراو له‌ده‌ستی‌ رفێنه‌ره‌كان له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ رزگاركراون‌و به‌ سه‌لامه‌تی‌ گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌ ناو ماڵ‌‌و حاڵی‌ خۆیان، هه‌روه‌ها رفێنه‌ره‌كانیشیان ده‌ستگیركراون‌و دراونه‌ته‌ ده‌ست دادگا.

* په‌یوه‌ندی‌ نێوان ئێوه‌‌و هێزه‌كانی‌ سه‌حوه‌ چۆنه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا هه‌ندێك له‌و چه‌كدارانه‌ ده‌هێنرێنه‌ ناو ریزه‌كانی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ ده‌وڵه‌ت؟
لیوا قاسم عه‌تا: سه‌باره‌ت به‌ هێزه‌كانی‌ سه‌حوه‌ ئێستا به‌شێكیان خراونه‌ته‌ ناو ریزی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و هاوكاریمان ده‌كه‌ن له‌ دابینكردنی‌ ئاسایش بۆ هاوڵاتییان، موچه‌كانیشیان له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ تایبه‌ته‌وه‌ بۆ خه‌رج ده‌كرێت‌و هه‌مو ئه‌و كه‌موكورتیانه‌یان بۆ پڕكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ داوایانكردوه‌، ئه‌و هه‌نگاوه‌ش به‌ ئامانجی‌ سه‌رخستنی‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشته‌وایی‌ نیشتمانی‌‌و تێكه‌ڵكردنیانه‌ به‌ هێزه‌ نیزامییه‌كانی‌ ده‌وڵه‌ت‌و ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی‌ په‌یوه‌ندیدارن.

* هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ ئه‌وه‌یان وروژاندوه‌ كه‌ حكومه‌ت ده‌ستبه‌رداری‌ چه‌كدارانی‌ سه‌حوه‌ ده‌بێت‌و چه‌كیان ده‌كات، ئه‌وه‌ تا چه‌ند راسته‌؟
لیوا قاسم عه‌تا: ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی‌ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ حكومه‌ت ده‌ستبه‌رداری‌ هێزه‌كانی‌ سه‌حوه‌ بوه‌، دوره‌ له‌ راستییه‌وه‌‌و حكومه‌ت پلانی‌ وردی‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رجه‌م چه‌كداره‌كان تێكه‌ڵ‌ به‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ بكات، ئه‌و قسه‌وباسه‌ش له‌لایه‌ن هه‌ندێك كه‌ناڵی‌ راگه‌یاندنه‌وه‌ به‌ ئامانجی‌ سیاسی‌ وروژێنرا‌و مه‌به‌ست لێی‌ نانه‌وه‌ی‌ پشێویی‌ بو له‌ عێراقدا، چونكه‌ ده‌وڵه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و بابه‌ته‌دا ده‌كات‌و ئه‌گه‌ر نیازی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌بوایه‌ كه‌ ده‌ستبه‌رداری‌ چه‌كدارانی‌ سه‌حوه‌ ببێت، نه‌یده‌هێنانه‌ ناو ریزی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌‌و موچه‌ی‌ بۆ دابین نه‌ده‌كردن.

* ماوه‌ی‌ كاركردن‌و پرۆسه‌كانتان تاكه‌ی‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، ئایا هیچ مێژویه‌كی‌ دیاریكراو هه‌یه‌ بۆ كۆتاییهێنان به‌ پرۆسه‌ی‌ چه‌سپاندنی‌ یاسا؟
لیوا قاسم عه‌تا: فه‌رمانده‌یی‌ پرۆسه‌كانی‌ به‌غدا‌و ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ بۆ مه‌به‌ستی‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ ئارامی‌‌و ئاسایش بۆ هاوڵاتییان پێكهێنراوه‌‌و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كاره‌كانی‌ تا ئه‌وكاته‌ی‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ باری‌ وڵات ئارام ده‌بێته‌وه‌‌و سه‌رجه‌م گروپ‌و شانه‌ چه‌كدارییه‌ تێكده‌ره‌كان بنبإ ده‌كرێن‌و وڵاتیان لێ پاكده‌كرێته‌وه‌، ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی‌ كات ناكه‌ین‌و گرنگترین ئه‌ركمان ئه‌وه‌یه‌ به‌یه‌كجاریی‌ ئاسایش به‌رقه‌رار بكه‌ین، ئه‌و پلانه‌ش كه‌ دامانڕشتوه‌، به‌پێی‌ به‌رنامه‌‌و كاری‌ رێكخراوه‌‌و ئه‌ركه‌كانمان به‌ قۆناغبه‌ندی‌ جێبه‌جێ‌ ده‌كه‌ین، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ دۆسیه‌ی‌ ئه‌منیمان له‌ هێزه‌ بیانییه‌كان وه‌رگرته‌وه‌‌و ئارامیی‌ ته‌واو بۆ هاوڵاتییان گه‌ڕایه‌وه‌، ئه‌وكات پاراستنی‌ ئاسایشی‌ ناوشاره‌كان به‌ هێزه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ ده‌سپێردرێت، ئێستاش هه‌نگاوی‌ زۆرباشمان ناوه‌‌و پلانی‌ داهاتوشمان ئه‌وه‌یه‌ له‌ كه‌مترین ماوه‌دا ره‌وشی‌ ئه‌منی‌ به‌ته‌واوی‌ كۆنترۆڵ‌ بكه‌ین.

* ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ نییه‌ جارێكی‌ دیكه‌ ره‌وشی‌ ئه‌منی‌ تێكبچێته‌وه‌‌و توندوتیژی‌ سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌؟
لیوا قاسم عه‌تا: ئێمه‌ به‌گوێره‌ی‌ به‌ڵگه‌نامه‌‌و داتا قسه‌ده‌كه‌ین، ئه‌و ره‌وشه‌ی‌ ئێستا سه‌لمێنه‌ری‌ ئه‌و راستییه‌یه‌ كه‌ كاری‌ توندوتیژی‌‌و تیرۆریستی‌ له‌ناو شاره‌كاندا نه‌ماوه‌‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو كه‌مبوه‌ته‌وه‌، كاتێك ده‌توانرێت باسی‌ كاری‌ توندوتیژی‌ بكرێت كه‌ هیچ نه‌بێت رۆژانه‌ چه‌ندین ته‌قینه‌وه‌‌و كوشتن روبدات، چونكه‌ پێش پرۆسه‌ی‌ چه‌سپاندنی‌ یاسا، رۆژانه‌ ده‌یان كرده‌وه‌ی‌ تیرۆرستی‌ له‌ شاری‌ به‌غدا رویانداوه‌، به‌ڵام ئێستا ئه‌و رێژه‌یه‌ بۆ كه‌متر له‌ یه‌ك حاڵه‌ت كه‌مبوه‌ته‌وه‌، هه‌ركاتێك ئه‌و رێژه‌یه‌ گه‌یشته‌ ئاستێكی‌ به‌رز، ده‌توانرێت بوترێت كه‌ توندوتیژی‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌، نابێت ئه‌وه‌شمان له‌بیربچێت كه‌ جه‌نگی‌ دژه‌ تیرۆر تا ئێستا به‌رده‌وامه‌‌و كۆتایی‌ نه‌هاتوه‌، ئه‌وه‌ش مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێشتا ره‌وشی‌ ئه‌منی‌ 100% كۆنترۆڵ‌ نه‌كراوه‌، به‌و واتایه‌ی‌ كه‌ تا ئێستاش ئه‌گه‌ری‌ كاری‌ توندوتیژی‌‌و تیرۆریستی‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌ كاره‌كانمان به‌رده‌وامین، ئه‌گه‌ر نا، پێویستمان به‌ پرۆسه‌ی‌ ئه‌منی‌ نه‌ده‌ما، من نامه‌وێت ناوی‌ هه‌ندێك كه‌ناڵ‌ بهێنم، به‌ڵام هه‌ندێك له‌ راگه‌یاندنه‌كان به‌رده‌وام ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌وروژێنن كه‌ توندوتیژی‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌‌و هیچ كاتێك په‌نجه‌ بۆ كاره‌ باشه‌كان‌و لایه‌نه‌ پۆزه‌تیڤه‌كان راناكێشن، به‌ڵكو دیمه‌نی‌ خوێن‌و تۆقاندن ده‌خه‌نه‌ پێشچاوی‌ خه‌ڵك، ئه‌وه‌ش ئامانجی‌ له‌پشته‌وه‌یه‌ بۆ دروستكردن‌و قوڵكردنه‌وه‌ی‌ فیتنه‌ی‌ تایه‌فه‌گه‌ری‌‌و مه‌زهه‌بی‌.

* ماوه‌یه‌كه‌ ده‌ستدرێژیكردن‌و كوشتن‌و په‌لاماردانی‌ رۆژنامه‌نوسان زیادیكردوه‌، ئێوه‌ چ پلانێكتان هه‌یه‌ بۆ پاراستنی‌ گیانی‌ رۆژنامه‌نوسان؟
لیوا قاسم عه‌تا: له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا هه‌ستمان به‌وه‌كردوه‌ كه‌ په‌لاماری‌ رۆژنامه‌نوسان‌و كارمه‌ندانی‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندن ده‌درێت، بۆچونی‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دوای‌ سه‌قامگیربونی‌ ئاسایش‌و ئارامیی‌ بۆ ناوچه‌كان، كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندن زیاتر بواریان بۆ ره‌خساوه‌ كاربكه‌ن، ئه‌وه‌ش بوه‌ته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ سه‌رنجی‌ ده‌ره‌وه‌‌و ناوه‌وه‌ رابكێشرێت به‌وه‌ی‌ كه‌ عێراق به‌ره‌و ئارامی‌‌و ئاوه‌دانی‌ هه‌نگاوده‌نێت، بۆیه‌ گروپ‌و شانه‌ چه‌كدارییه‌كان ده‌یانه‌وێت له‌ رێگای‌ په‌لاماردان‌و هێرشكردنه‌ سه‌ر رۆژنامه‌نوسان، ئه‌وه‌ پیشانی‌ خه‌ڵك بده‌ن كه‌ تا ئێستاش باری‌ عێراق ئارام نییه‌، له‌ هه‌مانكاتیشدا رێگا له‌به‌رده‌م میدیاكاندا دروستبكه‌ن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ راستییه‌كان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئێمه‌ پلانمان داڕشتوه‌‌و زۆرترین هه‌وڵده‌ده‌ین گیانی‌ كارمه‌ند‌و په‌یامنێرانی‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندن بپارێزین‌و بواریان بۆ بڕه‌خسێنین ئازادانه‌ كاره‌كانیان رابپه‌ڕێنن.

* وه‌كو باس ده‌كرێت له‌كاتی‌ توندوتیژییه‌كاندا هاوڵاتییان له‌ترسی‌ گیانی‌ خۆیان نه‌یانده‌وێرا هاوكاریی‌ حكومه‌ت‌و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان بكه‌ن، ئێستا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ به‌ چی‌ گه‌یشتوه‌؟
لیوا قاسم عه‌تا: راسته‌ پێشتر هاوڵاتییان وه‌كو پێویست هاوكاریی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیان نه‌ده‌كرد بۆ ئاشكراكردنی‌ شوێن‌و پێگه‌ی‌ تیرۆریستان، به‌ڵام به‌شێك له‌ هاوڵاتییان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ بۆ وڵات به‌په‌رۆش بون، هاوكارییان ده‌كردین، به‌ڵام ئێستا زۆربه‌ی‌ هاوڵاتییان هاوكارمانن‌و له‌وه‌تێگه‌یشتون كه‌ مه‌به‌ستی‌ حكومه‌ت هاوكاریكردنی‌ ئه‌وانه‌ به‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌م‌و ئه‌وان زیانمه‌ندی‌ یه‌كه‌م ده‌بن له‌ توندوتیژییه‌كان، بۆیه‌ هاوكاریی‌ باشی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌ن‌و هاوكاریكرنی‌ هاوڵاتیش له‌وبواره‌دا، هانده‌ر‌و پشتیوانێكی‌ باش ده‌بێت بۆ هێزه‌كانمان له‌ كۆنترۆڵكردنی‌ باری‌ ئه‌منی‌‌و سه‌قامگیركردنی‌ ئاسایشدا.

Sbeiy.com © 2007