Print
 عه‌مید سه‌رحه‌د قادر: سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسیی‌ كوردستان فه‌رمانده‌ی‌ دوانزه‌یان زۆر له‌ قه‌باره‌ی‌ خۆی‌ گه‌وره‌تركرد
Sunday, April 26, 2009

سازدانی‌: ئارام جه‌مال

عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ هێزه‌كانی‌ پۆلیسی‌ قه‌زاو ناحیه‌كانی‌ كه‌ركوك، له‌باره‌ی‌ ره‌وشی‌ ئه‌منی كه‌ركوكه‌وه‌ "مه‌ترسی‌ هه‌یه‌و بڕوای‌ وایه‌ ره‌وشه‌كه‌ به‌ره‌و خراپبون  ده‌ڕوات"، له‌باره‌ی‌ جێگیركردنی‌ پله‌ی‌ ئه‌فسه‌ره‌ كورده‌كانی‌ كه‌ركوكیش، وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌ كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانێت.

* تاچه‌ند له‌ڕوی‌ چه‌ندێتی‌‌و چۆنێتییه‌وه‌ پۆلیسی‌ كه‌ركوك گه‌شه‌ی‌ كردوه‌، ئێستا ئه‌و هێزانه‌ چه‌ندێك جێگای‌ متمانه‌ن له‌لای‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌؟
عه‌مید سه‌رحه‌د قادر: له‌ڕوی‌ ژماره‌وه‌ سه‌ره‌تا ژماره‌مان زۆر كه‌م بو، به‌ڵام ئێستا هێزه‌كانی‌ پۆلیسی‌ كه‌ركوك نزیكه‌ی‌ (11) هه‌زار كه‌سن كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ باشه‌، تاڕاده‌یه‌كی‌ باشیش كۆنترۆڵی‌ وه‌زعی‌ ئه‌منی‌ كراوه‌، به‌ڵام به‌ رێژه‌ی‌ 100% نییه‌، به‌ڵكو تائێستا كاره‌ تیرۆریستییه‌كان له‌ سنوری‌ كه‌ركوكدا به‌رده‌وامن‌و رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كانیش بونیان هه‌یه‌، كه‌ ئه‌وانیش رێكخراوه‌كانی‌ (قاعیده‌، ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌، نه‌قشبه‌ندییه‌كان، جه‌یشی‌ ئیسلام، جه‌یشی‌ راشیده‌ین، جه‌یشی‌ ئیبن وه‌لید، ئه‌نسارولئیسلام، ئه‌نسارولسوننه‌)، ئه‌وه‌ی‌ پێیان بكرێت ده‌یكه‌ن‌و به‌رده‌وامیش كرده‌وه‌كانیان ئه‌نجامده‌ده‌ن، به‌ڵام وه‌ك پۆلیس نزیكه‌ی‌ دو ساڵێك ده‌بێت ئه‌ركه‌كانی‌ خۆمان له‌ دیفاعه‌وه‌ بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر گروپ‌و بانده‌ توندڕه‌وه‌كان گۆڕی‌، ده‌ستكه‌وتی‌ ئه‌منی‌ باشیشی‌ لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ تاڕاده‌یه‌كی‌ باش توانراوه‌ ره‌وشه‌كه‌ كۆنترۆڵ‌ بكرێت.

*ئێوه‌ وه‌ك پۆلیسی‌ قه‌زاو ناحیه‌كان به‌ وته‌ی‌ خۆتان پشت به‌ فه‌رمانی‌ دادوه‌ر ده‌به‌ستن، به‌ڵام هه‌ڵمه‌ته‌كانتان له‌لای‌ هه‌ندێك له‌ عه‌ره‌ب‌و توركمان جێگای‌ نیگه‌رانییه‌، به‌رده‌وام سكاڵا به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌و تۆمه‌تبارتان ده‌كه‌ن به‌ گواستنه‌وه‌ی‌ ده‌ستگیركراوه‌كان بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و پێشێلكاری‌ مافه‌كانیان، تاچه‌ند ئه‌و تۆمه‌تانه‌ دروستن؟
عه‌مید سه‌رحه‌د قادر: بۆ هه‌مو هه‌ڵمه‌ته‌كانمان ئێمه‌ فه‌رمانی‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی‌ پۆلیس جێبه‌جێده‌كه‌ین، به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ر هه‌ڵمه‌تێك له‌ هه‌ر سنورێكدا پێشوه‌خت بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ ئه‌و ناوچانه‌و ده‌زگاكانی‌ زانیاری‌ پۆلیس‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ تاوانه‌كان‌و  پۆلیسی‌ كاروباری‌ ناوخۆ ئاگادار ده‌كرێنه‌وه‌، تا زانیاری‌ وردو پێویست له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ كۆبكرێته‌وه‌ كه‌ فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنیان هه‌یه‌، هه‌مو ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌لای‌ ئێمه‌ش ده‌ستگیرده‌كرێن به‌ فه‌رمانی‌ دادگایه‌و ئازادكردنیشیان به‌ فه‌رمانی‌ دادگایه‌، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی‌ باشمان له‌گه‌ڵ‌ به‌رپرسانی‌ ئیداری‌ ناوچه‌كان‌و عه‌شایه‌ره‌كاندا هه‌یه‌و ده‌یان ده‌ستخۆشی‌ ئه‌وانیشم له‌لایه‌ له‌ به‌رامبه‌ر كاره‌كانمان، هه‌روه‌ها ده‌یان جار له‌سه‌ر داوای‌ ئه‌نجومه‌نه‌كانی‌ (داقوق‌و حه‌ویجه‌و ریازو ره‌شاد)و ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ هه‌ڵمه‌تمان ئه‌نجامداوه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وان له‌ كاری‌ پۆلیس نیگه‌ران نین، پاشان هێزه‌كانی‌ پۆلیس ته‌نیا له‌ یه‌ك نه‌ته‌وه‌ پێك نه‌هاتون، بۆ نمونه‌: پۆلیسی‌ قه‌زاو ناحیه‌كان رێژه‌ی‌ 47%ی‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ عه‌ره‌بن‌و ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ كوردو توركمان پێكهاتوه‌، له‌ سه‌رجه‌می‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانیشدا سوپاو فره‌نه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵمان به‌شداره‌و كاری‌ شاراوه‌مان نییه‌ تا خه‌ڵك ره‌وانه‌ی‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌ بكه‌ین، ده‌توانم بڵێم دو ساڵه‌ یه‌ك كه‌س ره‌وانه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نه‌كراوه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وانه‌شی‌ له‌وێ‌ گیرابون، یان هێنراونه‌ته‌وه‌ یان ئازادكراون.

*فره‌كوێخاییه‌ك له‌ بونی‌ هێزه‌ جیاوازه‌كاندا به‌دیده‌كرێت، بۆ نمونه‌ (دو ئاسایش، سوپا، فره‌نه‌ته‌وه‌، ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان)... هتد، تاچه‌ند كه‌لێنی‌ له‌ سه‌رخستنی‌ كاره‌كانتان‌و باشكردنی‌ ره‌وشی‌ ئه‌منیدا دروستكردوه‌؟
عه‌مید سه‌رحه‌د قادر: چه‌ندێك ده‌زگای‌ ئه‌منی‌ ئێستا له‌ كه‌ركوك هه‌یه‌، ئه‌وه‌ندی‌ دیكه‌ش بێته‌ كه‌ركوك هێشتا كاریان ده‌بێت، به‌هۆی‌ زۆری‌ كێشه‌كانی‌ شاره‌كه‌و ده‌ستوه‌ردانی‌ ده‌ره‌كی‌‌و بونی‌ كۆنه‌ به‌عسی‌‌و گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان، به‌ڵام ئێستا دادگا ته‌نیا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ پۆلیس ده‌كات، بۆ نمونه‌: ئه‌گه‌ر ده‌زگایه‌كی‌ ئه‌منی‌ كوردی‌ ئێستا ئوسامه‌ بن لادن ده‌ستگیربكات، له‌لای‌ عه‌ره‌به‌كان به‌جۆرێكی‌ دیكه‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ بۆ ده‌كرێت‌و له‌ بایه‌خی‌ كاره‌كانیان كه‌مده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵێ‌ فره‌كوێخایی هه‌یه‌، هۆكاره‌كه‌ی‌ نه‌بونی‌ هه‌مه‌ئاهه‌نگی‌ پێویسته‌، پاشان ده‌زگا هه‌یه‌ ئیمكانیاتی‌ باشی‌ له‌به‌رده‌ستدایه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ بڵێت ئه‌م كارده‌كات‌و ده‌زگای‌ دیكه‌ هه‌یه‌ بۆ ناو، هه‌شه‌ خۆی‌ دوره‌په‌رێز گرتوه‌، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌ركه‌ ره‌سمییه‌كه‌ پۆلیس پێی‌ هه‌ڵبستێت به‌وپێیه‌ی‌ لایه‌نێكی‌ ره‌سمی‌‌و یاساییه‌.

*ئه‌گه‌ر بێتو ئه‌و هێزانه‌ یا هێزه‌كانی‌ ئاسایش ته‌نیا به‌ پێشكه‌شكردنی‌ زانیاری‌ هاوكاریتان بكه‌ن باشتر نییه‌، یا پۆلیس ده‌توانێت هه‌مو ئه‌ركه‌كان بگرێته‌ئه‌ستۆ؟
عه‌مید سه‌رحه‌د قادر: هێزه‌كانی‌ ئاسایش زانیاریمان ده‌ده‌نێ‌، ئێمه‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ به‌رده‌واممان له‌گه‌ڵ‌ سه‌رجه‌م ده‌زگا ئه‌منییه‌كاندا هه‌یه‌، له‌و كۆبونه‌وانه‌ زانیاری‌ ئاڵوگۆڕ ده‌كرێت، ئێستا ئاسایش كاره‌كانیان كه‌مكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ر كارێك ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن خه‌ڵكانی‌ دیكه‌وه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ لێكده‌درێته‌وه‌، بێگومان پۆلیس ده‌توانێت به‌هاوكاری‌ زانیاری‌ ئه‌وان به‌ ئه‌ركه‌كان هه‌ستێت.

*له‌ سه‌ره‌تاوه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كورد مه‌ترسی‌ زۆری‌ نیشاندا له‌ دروستكردنی‌ فیرقه‌ی‌ (12)ی‌ سوپای‌ عێراق له‌ كه‌ركوكدا، ئێوه‌ش یه‌كێك بون له‌و كه‌سانه‌، ئێستا تاچه‌ند هه‌ست به‌و مه‌ترسیانه‌ ده‌كه‌ن؟
عه‌مید سه‌رحه‌د قادر: به‌داخه‌وه‌ له‌و ساڵانه‌ی‌ دوای‌ پرۆسه‌ كه‌ بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ زۆر خراپ بو، به‌رده‌وام داوای‌ هێزمان ده‌كرد كه‌س به‌ده‌نگمانه‌وه‌ نه‌ده‌هات، دواتر له‌ ساڵی‌ رابردودا كه‌ بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ باش بو، ئه‌و لیوایه‌ی‌ كه‌ پێشتر له‌ كه‌ركوك بون‌و خه‌ڵكی‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ كه‌ركوك بون، گواسترانه‌وه‌ بۆ شوێنی‌ دیكه‌و ئه‌م فیرقه‌یه‌ دروستكرا كه‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌فسه‌ره‌ كورده‌كان تیایدا گواسترانه‌وه‌، ئه‌مه‌ نیگه‌رانییه‌كان بون، پاشان زۆربه‌ی‌ به‌رپرسه‌ كورده‌كانی‌ ئه‌مشاره‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كه‌وتنه‌ لێدوان له‌ راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌، هه‌بو ده‌یوت ناهێڵین فیرقه‌كه‌ دروست بكرێت، هه‌بو ده‌یوت شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ‌ ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئێستا ئه‌و فیرقه‌یه‌ ته‌واوكراوه‌ له‌ڕوی‌ ژماره‌و پێداویستییه‌وه‌، بۆ نمونه‌: له‌م رۆژانه‌دا (180) هه‌مه‌رو ئۆتۆمبێلی‌ سه‌ربازییان بۆ هاتوه‌، ئه‌ی‌ بۆ كه‌س ده‌نگ ناكات، به‌ڵام ئه‌وان زۆر به‌ زیره‌كی‌ فیرقه‌كه‌یان دروستكرد، جگه‌ له‌وه‌ ئێمه‌ وه‌ك پۆلیس له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و فیرقه‌یه‌ هه‌مه‌ئاهه‌نگیمان هه‌یه‌، به‌ڵام نایشارمه‌وه‌ حه‌ساسیه‌تیشمان هه‌یه‌.

*ئه‌و حه‌ساسیه‌تانه‌ چین، له‌و بڕوایه‌دان شه‌ڕ دروست ببێت؟
عه‌مید سه‌رحه‌د قادر: بڕوام وایه‌، به‌ڵام ته‌مه‌ننا ده‌كه‌ین شه‌ڕ نه‌بێت، كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ فه‌رمانده‌ی‌ فیرقه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆی‌‌و وه‌ك رابردو بیرده‌كاته‌وه‌، كه‌ ده‌وێت هه‌مو شت له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌ودابێت‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ ئێمه‌ وه‌ك پۆلیس سنورداربكات ئێمه‌ش ئه‌وه‌ قبوڵناكه‌ین، كاره‌كانیشمان به‌پێی‌ یاسا دوشتی‌ له‌یه‌كتر جیاوازن، ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و ده‌یه‌وێت له‌ كه‌ركوك بۆی‌ ناچێته‌سه‌ر، پاشان سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسیی‌ كوردستان ئه‌و پیاوه‌یان زۆر له‌ قه‌باره‌ی‌ خۆی‌ گه‌وره‌تر كرد، دوجار له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆمارو سه‌رۆكی‌ هه‌رێمه‌وه‌ دیداری‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌نجامدراو ته‌كریمكرا، له‌دوای‌ ئه‌و سه‌ردانانه‌ش له‌ هه‌ندێك لێدوانی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: هێزه‌كانی‌ ئاسایش كاریان ته‌واوبوه‌و ده‌بێت له‌ كه‌ركوك ده‌ربكرێن یا میلیشیان، به‌ڕاستی‌ خۆشمان له‌وه‌دا تاوانبارین كه‌ ئه‌و جۆره‌ خه‌ڵكانه‌شمان له‌ قه‌باره‌ی‌ خۆیان گه‌وره‌تركرد، دواتر بۆمان بچوك ناكرێته‌وه‌.

*ناوبه‌ناو قسه‌ له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ دۆسیه‌ی‌ ئه‌منی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك ده‌كرێت له‌ هێزه‌كانی‌ فره‌نه‌ته‌وه‌وه‌ بۆ سوپاو پۆلیس، تۆ تاچه‌ند له‌گه‌ڵ‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ دۆسیه‌ی‌ ئه‌منیدای‌؟
عه‌مید سه‌رحه‌د قادر: به‌ رای‌ من ئه‌و دۆسیه‌یه‌ تا چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ سیاسی‌ شاری‌ كه‌ركوك ده‌كرێت هه‌ر له‌ ده‌ستی‌ فره‌نه‌ته‌وه‌ بێت زۆر باشتره‌، چونكه‌ مه‌ترسی‌ زۆر ده‌بینم، به‌و پێیه‌ی‌ كه‌ركوك فره‌نه‌ته‌وه‌یه‌و فره‌كوێخایی ده‌زگا ئه‌منیه‌كانیشه‌.

*دوای‌ ئیمزاكردنی‌ رێككه‌وتننامه‌ی‌ ئه‌منی‌ نێوان (عێراق- ئه‌مه‌ریكا)، ئێستا ئه‌ركی‌ هێزه‌كانی‌ فره‌نه‌ته‌وه‌ له‌ كه‌ركوكدا چۆنه‌و چه‌ندێك هه‌مه‌ئاهه‌نگن له‌گه‌ڵتاندا؟
عه‌مید سه‌رحه‌د قادر: هه‌مه‌ئاهه‌نگی‌ به‌رده‌واممان له‌گه‌ڵیان هه‌یه‌و له‌ زۆربه‌ی‌ هه‌ڵمه‌ته‌كاندا له‌گه‌ڵمان به‌شدار ده‌بن، به‌ڵام له‌دوای‌ ئیمزاكردنی‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ئه‌منییه‌وه‌، ئێستا هێزه‌كانی‌ فره‌نه‌ته‌وه‌ به‌بێ‌ ئاگاداری‌‌و به‌شداری‌ پۆلیس‌و سوپا كه‌س ده‌ستگیرناكه‌ن، پاشانیش ئه‌وان لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌ستگیركراودا ناكه‌ن‌و ته‌سلیمی‌ ئێمه‌ی‌ ده‌كه‌ن، زۆرجاریش زانیاریمان له‌سه‌ر گروپ‌و تاقمه‌ توندڕه‌وه‌كان پێده‌ده‌ن.

*بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ عێراق به‌گشتی‌‌و كه‌ركوك له‌م چه‌ند مانگه‌ی‌ دوایدا به‌ره‌و خراپبون چو، به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ ئێمه‌ش رێكخراوی‌ قاعیده‌و گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان له‌ سنوره‌كانی‌ باشوری‌ كه‌ركوك سه‌رقاڵی‌ خۆڕێكخستنه‌وه‌ن، تاچه‌ند هه‌ست به‌ مه‌ترسی‌ خراپبونی‌ ره‌وشی‌ ئه‌منی‌ ده‌كه‌یت؟
عه‌مید سه‌رحه‌د قادر: راسته‌ ره‌وشی‌ ئه‌منی‌ له‌ عێراق‌و كه‌ركوكیش له‌م مانگانه‌ی‌ دوایدا به‌ره‌و خراپبون چوه‌، من پێموایه‌ ره‌وشه‌كه‌ ره‌نگه‌ له‌ كه‌ركوك خراپتریش بێت، به‌وپێیه‌ی‌ ئێستا لیژنه‌ی‌ ماده‌ی‌ (23) له‌ كه‌ركوكن‌و بڕیاریشه‌ ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوك ئه‌نجامبدرێت، هه‌روه‌ها ده‌ستتێوه‌ردانی‌ ده‌ره‌كی‌‌و قورسایی رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان كه‌وتونه‌ته‌ كه‌ركوكه‌وه‌و پێیانوایه‌ هه‌ڵگیرسانی‌ شه‌ڕی‌ تایه‌فی‌ له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ كارێكی‌ ئاسانه‌، جگه‌ له‌وه‌ش زانیاریمان هه‌یه‌ رێكخراوی‌ قاعیده‌و پاشماوه‌كانی‌ به‌عس‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كانی‌ دیكه‌ له‌ سنوره‌كانی‌ حه‌ویجه‌و چیاكانی‌ حه‌مرین‌و باشوری‌ كه‌ركوك خه‌ریكی‌ خۆڕێكخستنه‌وه‌ن، هه‌روه‌ها گواستنه‌وه‌ی‌ موچه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ سه‌حوه‌ له‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ بۆ هێزه‌كانی‌ سوپای‌ عێراق‌و كه‌مبونه‌وه‌ی‌ موچه‌و ئیمتیازاتی‌ ئه‌و هێزانه‌ش، هه‌مویان مه‌ترسی تێكچونی‌ ره‌وشی‌ ئه‌منییان لێده‌كرێت، به‌ڵام ئێمه‌ش وه‌ك پۆلیس پلانی‌ به‌رده‌واممان هه‌یه‌و له‌ حاڵه‌تی‌ ئاماده‌باشیدان.

*زۆرجار كه‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌ك روده‌دات زۆربه‌ی‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كان له‌لای‌ خۆیانه‌وه‌ ئه‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نن، كه‌ له‌ شوێنی‌ روداوه‌كه‌ تیرۆریست‌و گومانلێكراویان ده‌ستگیركردوه‌، تاچه‌ند ئه‌مانه‌ دروستن، یا پێتوانییه‌ لێدوان بۆ راگه‌یاندنه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌ره‌كانه‌وه‌ بوه‌ به‌ نه‌خۆشی‌‌و ته‌نیا بۆ خۆده‌رخستنه‌؟
عه‌مید سه‌رحه‌د قادر: به‌ڕاستی‌ له‌دوای‌ ته‌قینه‌وه‌كان ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی‌ ده‌ستگیرده‌كرێن له‌نزیك روداوه‌كه‌، زۆر به‌كه‌می‌ په‌یوه‌ندییان به‌و كاره‌وه‌ هه‌یه‌، جار هه‌بوه‌ له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كدا زیاتر له‌ چوار ده‌زگای‌ ئه‌منی‌ خه‌ڵكی‌ جۆراوجۆریان ده‌ستگیركردوه‌، من پێموایه‌ ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌و كرده‌وانه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن له‌وه‌ زیره‌كترن له‌ نزیكی‌ روداوه‌كان ده‌ستگیربكرێن، پاشان ئێمه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ زانیاریه‌كانمان وردو ده‌قیقن، نه‌مانده‌هێشت ته‌قینه‌وه‌ ببێت، ئه‌و لێدوانانه‌ بۆ خۆده‌رخستنن‌و لێدوانی‌ ئه‌فسه‌ره‌كان‌و ده‌زگاكانیش بوه‌ به‌ نه‌خۆشی‌‌و وه‌ك نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌ وایه‌، ئه‌فسه‌ر هه‌بوه‌ هیچ په‌یوه‌ندی‌ به‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ نه‌بوه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ له‌ راگه‌یاندنه‌كان قسه‌بكات‌و ناوی‌ بهێنن، خۆی‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ شوێنی‌ روداوه‌كان، یا خه‌ڵك ده‌ستگیرده‌كه‌ن‌و یه‌كسه‌ر به‌ تیرۆریست ناوی‌ ده‌به‌ن، خه‌ڵك هه‌بوه‌ تاوانباریش نه‌بوه‌، به‌ڵام له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا به‌زۆر ئیعترافی‌ پێكراوه‌ كه‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ ئه‌نجامدابێت، خه‌ڵك هه‌بوه‌ گیراوه‌ ئیعترافی‌ له‌سه‌ر پێنج ته‌قینه‌وه‌ پێكراوه‌، به‌ڵام دوای‌ وه‌رگرتنی‌ زانیاری‌ له‌ سه‌نته‌ری‌ هه‌مه‌ئاهه‌نگی‌ پۆلیس، ده‌ركه‌وتوه‌ ئه‌و به‌روارانه‌ی‌ ئیعترافی‌ له‌سه‌ر كردوه‌ ته‌قینه‌وه‌ هه‌ر روی‌ نه‌داوه‌.

*كێشه‌ی‌ جێگیركردنی‌ پله‌ی‌ ئه‌فسه‌ره‌ كورده‌كان كه‌ ئێوه‌ش ده‌گرێته‌وه‌ گه‌یشته‌ كوێ‌، تاچه‌ند له‌و بڕوایه‌دان ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ربكرێت؟
عه‌مید سه‌رحه‌د قادر: تائێستا هیچمان بۆ نه‌كراوه‌، له‌كاتێكدا ده‌یان ئه‌فسه‌ری‌ عه‌ره‌ب‌و له‌ناویاندا كۆنه‌ به‌عسییه‌كان به‌شێوه‌ی‌ ره‌سمی‌‌و  یاسایی هێنراونه‌ته‌وه‌ ناو پۆلیس، به‌ڵام كێشه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ (6) ساڵه‌ به‌بێ‌ چاره‌سه‌ر وه‌ك خۆی‌ ماوه‌ته‌وه‌، بڕوام وایه‌ تا به‌شێوه‌ی‌ شه‌خسی‌ وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ‌ وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ حكومه‌تی‌ به‌غدا دانه‌نیشێت، ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێت، كه‌مته‌رخه‌مییه‌كه‌ش به‌پله‌ی‌ یه‌ك بۆ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ دوای‌ پرۆسه‌ هه‌مومان نێردراینه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك‌و به‌ فه‌رمانی‌ وه‌زیر، جا نه‌خوێنده‌وارمان تێدایه‌ له‌سه‌ر جاده‌وه‌ هاتوین و... هتد وه‌زیر ئاگاداربو، به‌ڵام ئێستا وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ هه‌رێمیش له‌ دژی‌ جێگیركردنی‌ پله‌ی‌ ئه‌فسه‌ره‌كانه‌، كه‌واته‌ هه‌ڵه‌كه‌ له‌ براده‌رانی‌ خۆمانه‌ با كاتی‌ خۆی‌ ئه‌و خه‌ڵكانه‌یان نه‌ناردایه‌ كه‌ ده‌یانزانی‌ نه‌خوێنده‌وارو بێ‌ بڕوانامه‌ی تێدایه‌، ئێمه‌ له‌ كه‌ركوك باجی‌ ئه‌و هه‌ڵانه‌ ده‌ده‌ین، چه‌ندین ئه‌فسه‌رو مفه‌وه‌زو پۆلیسی‌ شه‌هیدمان هه‌یه‌ تائێستا شه‌هیدانه‌ بۆ كه‌سوكاره‌كه‌یان له‌ به‌غداوه‌ دابین نه‌كراوه‌، هۆكاری‌ ئه‌م كێشانه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بێبه‌رنامه‌یی خۆمان، با چه‌ند ساڵێك پێش پرۆسه‌ كۆمه‌ڵێك گه‌نجی‌ باشیان بناردایه‌ته‌ كۆلێژه‌كانی‌ پۆلیس تا توشی‌ ئه‌م بارودۆخه‌ی‌ ئێستا نه‌هاتینایه‌، ئه‌وانه‌شی‌ كه‌ هاتون‌و وه‌زاره‌ت ناردونی‌ پێشتر یان پێشمه‌رگه‌ بون یا پۆلیس‌و ئاسایش بون، ئێستاش من گله‌یی له‌ به‌غدا ناكه‌م ئه‌وان به‌ یاسا كارده‌كه‌ن،  له‌كاتێكدا حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئاماده‌نه‌بێت كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ربكات، به‌غدا هیچ مولزه‌م نییه‌ به‌ چاره‌سه‌ركردنییه‌وه‌. 

Sbeiy.com © 2007