|
ئێران رۆژنامه كوردییه‌كان به تۆمه‌تی هاوكاریی سیاسیی پارته‌كانی باشووری كوردستان دادگایی ده‌كات |
Sunday, November 4, 2007 |
شه‌هرام عه‌بدوڵا
هۆبه‌ی یه‌كه‌می دادگای تاوانه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران له شاری سنه، سه‌رنووسه‌ر و خاوه‌ن ئیمتیازی رۆژنامه‌ی رۆژهه‌ڵات و ئاشتیی له خۆرهه‌ڵاتی كوردستان به دژایه‌تیكردنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران و هاوكاریكردنی حزبه‌كانی باشووری كوردستان دادگایی ده‌كات.
بارام وه‌له‌د به‌گی ـ سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی ئاشتی له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا به رۆژنامه‌ی راگه‌یاند: "هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و رووداوانه‌ی كه به‌دوای كوشتنی شوانه سه‌ید قادر له شاری مه‌هاباد له ساڵی2005دا روویدا، رۆژنامه‌ی ئاشتی به مه‌به‌ستی هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م رووداوه‌دا لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می رۆژنامه‌كه‌ی به سپی بڵاوكرده‌وه و دواتریش چه‌ندین بابه‌ت و وت‌ووێژیان له‌سه‌ر ئه‌م رووداوه ئاماده‌كرد، به شوێن ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی رۆژنامه‌كه‌ماندا چالاكییه‌كانی له‌لایه‌ن دادگاوه هه‌ڵپه‌سێردرا و له ژماره‌ی 40وه رێگا له بڵاوكردنه‌وه‌ی گیرا".
ناوبراو وتیشی: "له‌و كاته‌وه تا 23/10ی ئه‌مساڵ كه دوایین دانیشتنمان له‌گه‌ڵ دادگا به‌ڕێوه‌چوو، چوارجار دادگا بانگی كردووین ئێمه هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه دادگا ده‌یخاته پاڵمان ره‌تده‌كه‌ینه‌وه".
له‌لایه‌كی تره‌وه دانیشتنی دادگاییكردنی هه‌فته‌نامه‌ی رۆژهه‌ڵات دواخراوه بۆ رۆژی 28/10 كه له هه‌مان دادگا و به تۆمه‌تی دژایه‌تیكردنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كۆماری ئیسلامیی ئێران، به دادوه‌ریكردنی ئاغای به‌هرامزاده كه دادوه‌رێكی كورده و سه‌رۆكی دادگاكه‌یه به‌ڕێوه ده‌چێت.
عه‌بدوڵا سوهرابیی ـ خاوه‌نی ئیمتیازی هه‌فته‌نامه‌ی رۆژهه‌ڵات و ئه‌ندام پارله‌مانی پێشووی ئێران له په‌یوه‌ندییه‌كدا بۆ رۆژنامه سه‌باره‌ت به‌و تۆمه‌تانه‌ی كه له‌لایه‌ن دادگاوه خراوه‌ته پاڵیان رایگه‌یاند: "هه‌فته‌نامه‌كه‌مان به دژایه‌تیكردنی ئه‌منی قه‌ومیی ئێران و هاوكاریكردنی حزبه‌كانی باشوور تۆمه‌تباركراوه، به‌ڵام خاڵێكی جیاواز هه‌یه ئه‌ویش مه‌سه‌له‌یه‌كی ماددییه كه ده‌سته‌ی نووسه‌رانی ئێمه‌ی پێ تاوانباركراوه و من له ورده‌كارییه‌كانی بێئاگام".
به‌پێی راپۆرتی رێكخراوه جیهانییه‌كانی تایبه‌ت به داكۆكیكردن له رۆژنامه‌نووسان، كۆماری ئیسلامیی ئێران له پێشه‌وه‌ی یه‌كێك له‌و وڵاتانه دێت كه مافی رۆژنامه‌نووسان پێشێلده‌كات، رۆژنامه‌نووسانی كوردیش له‌م وڵاته‌دا له پێشه‌وه‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ن كه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته زیندانییان ده‌كات و رۆژنامه‌كانیان داده‌خات.
بارام وه‌له‌د به‌گی سه‌باره‌ت به هاوكاریكردنی سیاسیی پارته‌كانی باشووری كوردستان كه رۆژنامه‌ی ئاشتی پێ تۆمه‌تباركراوه ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه من له وڵاتێكدا ده‌ژیم كه سانسۆر هه‌یه، بۆیه وه‌ڵامی دادگاش و راگه‌یاندنه‌كانیش به شێوه‌ی سیاسیی ده‌ده‌مه‌وه، وه‌كو خۆم زۆرترین په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووه و چه‌ندین جار سه‌رپه‌رشتیی سه‌ردانی وه‌فده فه‌رهه‌نگییه‌كانم كردووه و چه‌ندین وه‌فدی فه‌رهه‌نگیی هه‌رێمی كوردستان‌م بۆ ئێران بانگهێشتكردووه، جگه له مانه‌ش ئێمه تێكه‌ڵاویی مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی قووڵمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و ناكرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی دادگای ئێران مه‌حاكه‌مه‌مان ده‌كات په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆمان بپچڕین، ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ش به هیچ شێوه‌یه‌ك له دژی ئه‌منی قه‌ومیی ئێران نه‌بووه و سنووره ده‌ستكرده‌كان ناتوانن رێگامان لێ‌بگرن بۆ درێژه‌دان به چالاكیی و خه‌باتی رۆژنامه‌وانیمان، به‌تایبه‌ت له‌م رۆژگاره‌دا كه په‌یوه‌ندیكردن كارێكی ئه‌سته‌م نییه.
رۆژنامه به مه‌به‌ستی روونبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی ئه‌و دوو رۆژنامه‌یه له‌گه‌ڵ پارته‌كانی باشووری كوردستان په‌یوه‌ندیی به مه‌حمود محه‌مه‌دی ـ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و نه‌ژاد عه‌زیزی سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی خه‌باته‌وه كرد، به‌ڵام ناوبراوان بێئاگایی ته‌واوی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته راگه‌یاند.
سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی ئاشتی ده‌رباره‌ی چۆنییه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی دوایین دانیشتنی دادگا رایگه‌یاند: "بڕیاروایه تا 10 رۆژی دیكه دادگا حوكمی خۆی رابگه‌یه‌نێت، حوكمی دادگا هه‌رچی بێت ئێمه بۆی ئاماده‌ین و ده‌ست له بیر و بۆچوونی خۆشمان هه‌ڵناگرین"، هه‌روه‌ها له دانیشتنه‌كانی دادگادا بورهان لهۆنیی خاوه‌ن ئیمتیازی ئاشتی‌و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پێشووی دارایی و كاروباری ئابووریی پارێزگای كوردستان وه‌ك یه‌كێك له تۆمه‌تباران دادگایی كراوه.
جێگای وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه نزیكه‌ی ساڵێك پێش ئێستا كۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌ردوو رۆژنامه‌نووسی كورد هیوا بۆتیمار و عه‌دنان حه‌سه‌ن پووری به تۆمه‌تی جاسووسی و دژایه‌تیكردن ده‌ستگیركرد و دوای چه‌ند مانگێك له‌و رووداوه سزای له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌ركردن.
سوهرابیی سه‌باره‌ت به هاوكاریكردنی پارته‌كانی باشووری كوردستان كه رۆژنامه‌كه‌یانی پێ تۆماركراوه، رایگه‌یاند: "من یه‌كجار سه‌ردانی باشوورم كردووه ئه‌ویش بۆ به‌شداریكردن له فستیڤاڵی فه‌رهه‌نگیی گه‌لاوێژدا بووه له شاری سلێمانی، په‌یوه‌ندی من به هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌ر ئه‌وه‌نده بووه و هه‌ر جۆره په‌یوه‌ندییه‌كی دیكه ره‌تده‌كه‌مه‌وه".
دانیشتنی 28/10ی دادگای پارێزگای كوردستان سێهه‌مین دانیشتنیه‌تی له‌گه‌ڵ خاوه‌ن ئیمتیاز و ده‌سته‌ی نووسه‌رانی هه‌فته‌نامه‌ی رۆژهه‌ڵاتدا، دانیشتنه‌كانی پێشوو به‌هۆی ئاماده نه‌بوونی لایه‌نه یاساییه‌كانی دیكه‌وه به ته‌واوه‌تیی به‌ڕێوه‌نه‌چووه.
دادگاییكردنی رۆژنامه‌ی رۆژهه‌ڵات له مارسی 2006ه‌وه ده‌ستیپێكردووه.
ساڵحی نیكبه‌خت ـ پارێزه‌ری یاسایی هه‌ردوو رۆژنامه‌ی ئاشتی و رۆژهه‌ڵات كه ئه‌ندامی به‌ره‌ی یه‌كگرتووی كورده، ده‌رباره‌ی دۆسیه‌كه‌ی هه‌ردوو رۆژنامه‌ی ئاشتی و رۆژهه‌ڵات له دادگای ئێران به رۆژنامه‌ی راگه‌یاند: "دۆسیه‌كه‌یان له چوارچێوه‌ی ئه‌منی قه‌ومییدا پێناسه‌كراوه، ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه له رۆژنامه‌كه‌یاندا گرنگییان پێداوه له‌لایه‌ن دادگاوه به‌مشێوه‌یه ته‌عبیریان لێكراوه (جوداییخوازیی نه‌ته‌وه‌یی، سه‌رنجڕاكێشان بۆ حزبه سیاسییه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان، گه‌وره‌كردنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه كورده‌كان وه‌كو جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعود بارزانی و د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح و نێچیره‌ڤان بارزانی و كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كانی دیكه‌ی كورد له هه‌رێمی كوردستان، به‌رجه‌سته كردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی دادگای میكۆنوس، به كێشه‌كردنی مافی ئاینیی كورده سوننه‌كانی دانیشتوویی تاران، به‌رجه‌سته كردنه‌وه‌ی چه‌مكی فیدڕاڵیزم و هاندانی خه‌ڵك بۆ چاولێكه‌ریی له ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان، تاوانباركردنی ده‌وڵه‌تی ئێران به ناردنی مادده سڕكه‌ره‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان)".
نیكبه‌خت ئه‌و تۆمه‌ته ماددیه‌ی كه ده‌سته‌ی نووسه‌رانی رۆژنامه‌ی رۆژهه‌ڵاتی پێ تۆمه‌تباركراوه ده‌گێڕێته‌وه بۆ گرێبه‌ستێك كه له‌نێوان هه‌فته‌نامه‌ی رۆژهه‌ڵات و رێكخراوه دیموكراتییه‌كاندا به‌ستراوه، وه‌كو نیكبه‌خت باسیده‌كات "ده‌سته‌ی نووسه‌رانی رۆژهه‌ڵات له ماوه‌ی ئه‌و 40 رۆژه‌دا كه له ئیتیلاعات ده‌ستبه‌سه‌ر بوون و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر كراوه، ئاشكرایان كردووه كه به‌هۆی گرفتی ماددییه‌وه نه‌یانتوانیوه درێژه به كاری رۆژنامه‌وانییان بده‌ن، بۆیه له‌به‌رامبه‌ر ناردنی 1500 - 2000 ژماره له هه‌فته‌نامه‌كه‌یان بۆ باشووری كوردستان، به مه‌به‌ستی فرۆشتنی برَِێك پاره‌یان بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام دادگا به شێوه‌یه‌كی دیكه ته‌عبیری له‌و گرێبه‌سته كردووه و له دۆسیه‌كه‌دا ده‌ڵێت هه‌فته‌نامه‌ی رۆژهه‌ڵات به درێژایی ئه‌و 66 ژماره‌یه‌ی ده‌ریكردووه له هه‌ر مانگێكدا و بۆ 2 ژماره بڕی 5000 دۆلاریان له سه‌رچاوه‌یه‌ك له باشووری كوردستان وه‌رگرتووه كه ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ش پاره‌كه‌ی له ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه بۆ هاتووه".
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له به‌شی دارایی رێكخراوه دیموكراتییه‌كانی كوردستان كه سه‌ر به یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه و باره‌گاكه‌ی له سلێمانییه له‌وباره‌یه‌وه به رۆژنامه‌ی راگه‌یاند: "ئێمه به ته‌واوه‌تیی هه‌ر جۆره په‌یوه‌ندییه‌كی خۆمان به‌و بابه‌ته‌وه ره‌تده‌كه‌ینه‌وه".
پارێزه‌ره‌كه‌ی رۆژنامه‌ی ئاشتی و رۆژهه‌ڵات له كۆتایی قسه‌كانیدا باسی له‌وه كرد كه سكاڵای ئه‌م دۆسیه‌یه له‌لایه‌ن داواكاری گشتییه‌وه هاتووه‌ته ئاراوه و راپۆرتی لێكدانه‌وه‌ی رۆژنامه‌كانیش له‌لایه‌ن ئیتیلاعاته‌وه دراوه به دادگا، ئه‌و رۆژنامانه له دژی كۆماری ئیسلامیی شتێكیان نه‌نووسیوه و ته‌نیا ئه‌ركی رۆژنامه‌وانیی خۆیان به‌جێهێناوه، له كاتێكیشدا لیژنه‌ی چاودێریی به تاوانباریان نازانێت، شوێنێك بۆ سزادانی دادگا نامێنێته‌وه.
|
|
|