Print
 رێكخراوه‌كان داوای‌ یاسایه‌كی‌ شایسته‌ به‌خۆیان ده‌كه‌ن
Sunday, May 3, 2009

راپۆرت: رێبین فه‌تاح ئاواره‌ حه‌مید

"رێكخراوی‌ حیزبی‌ به‌دو رۆژ مۆڵه‌تی‌ كاركردن وه‌رده‌گرێت‌و غه‌یره‌ حیزبیش به‌دو ساڵا وه‌ڵامی‌ نادرێته‌وه‌"


هه‌ڵسوڕاوێكی‌ رێكخراوی‌ چاودێری‌ مافی‌ مرۆڤی‌ كورد ره‌خنه‌ له‌ هه‌ڵسوكه‌وتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌پێدانی‌ مۆڵه‌ت به‌ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ ده‌گرێت‌و هێما بۆ ئاسانكاری‌ حكومه‌ت بۆ رێكخراوه‌كانی‌ سه‌ر به‌حیزب‌و رێگریكردن له‌ رێكخراوه‌كانی‌ تر ده‌كات.

هۆشیار مالۆ، له‌ رێكخراوی‌ چاودێری‌ مافی‌ مرۆڤی‌ كورد رایگه‌یاند: وه‌رگرتنی‌ مۆڵه‌تی‌ كاركردنی‌ رێكخراو له‌حكومه‌ت كارێكی‌ قورسه‌" رێكخراو هه‌یه‌ دوساڵه‌ داوای‌ مۆڵه‌تی‌ كردوه‌ بۆ به‌ره‌وپێشبردنی‌ مه‌ده‌نیه‌ت، كه‌چی‌ وڵامی‌ نه‌دراوه‌ته‌وه‌له‌ڵایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ، به‌ڵام  هه‌ندێ‌ رێكخراوی‌ سه‌ربه‌ حیزب به‌ دو رۆژ مۆڵه‌تیان پێدراوه‌".

تائێستا حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌سێ‌ یاسای‌ جیاواز مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان ده‌كات، ئه‌مه‌ش كێشه‌ی‌ بۆ ئه‌و جۆره‌ رێكخراوانه‌  دروست كردوه‌، ئه‌و یاسایانه‌ش پێكهاتون له‌ یاسای‌ كۆمه‌ڵه‌كانی‌ ژماره‌ (18)ی‌ ساڵی‌ 1993ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نیشتمانی‌ كوردستان‌و بڕیاری‌ ژماره‌ (297)ی‌ ساڵی‌ 1999ی‌، كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ ئه‌وكاتی‌ سلێمانییه‌وه‌ ده‌رچوه‌، یاسای‌ ژماره‌ (15)ی‌ رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ ساڵی‌ 2001 له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌رچوه‌. دوای‌ تێكه‌ڵكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ردو ئیداره‌ی‌ ئیداره‌كان داوا له‌ رێكخراوه‌كانی‌ سلێمانی‌ كراوه‌، كه‌ پێشتر به‌پێی‌ بڕیاری‌ ژماره‌ (297) مۆڵه‌تیان وه‌رگرتوه‌، جارێكی‌ دیكه‌ به‌پێی‌ یاسای‌ ژماره‌ (15)ی‌ په‌رله‌مان مۆڵه‌ته‌كانیان نوێ‌ بكه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌ڵسوڕاوانی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ ناحكومیانه‌ی‌ داوای‌ نوێكردنه‌وه‌ی‌ مۆڵه‌تیان لێكراوه‌ ده‌ڵێن:
 "ئه‌م دوایه‌ی‌ نوێكردنه‌وه‌ی‌ مۆڵه‌ت كێشه‌ی‌ بۆ رێكخراوه‌كان دروست كردوه‌".

هۆشیار مالۆ، ئاماژه‌ بۆ ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ ده‌كات كه‌ حكومه‌ت له‌كاتی‌ پێدانی‌ مۆڵه‌ت ده‌یخاته‌ رێی‌ مۆڵه‌تدان به‌ رێكخراوه‌كان‌و له‌و روه‌وه‌ ده‌ڵێ‌: به‌پێی‌ یاسای‌ ژماره‌ (15) له‌ماوی‌(60) رۆژدا ده‌بێت وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ وه‌ڵامی‌ داواكاری‌ دامه‌زراندنی‌ رێكخراو بداته‌وه‌، ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی‌ نه‌دایه‌وه‌ ئه‌مه‌ بۆخۆی‌ مۆڵه‌ته‌، به‌ڵام هیچ دیكۆمێنتێكیشت پێنادرێ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌  ناخوخۆوه‌". ئه‌و هه‌ڵسوراوه‌ی‌ رێكخراوی‌ چاودێری‌ مافی‌ مرۆڤی‌ كورد پێیوایه‌ ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ی‌ حكومه‌ت بوه‌ته‌" گرفتێكی‌ گه‌وره‌" له‌به‌رده‌م رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌" له‌وڵاتانی‌ دنیا شتی‌ وانییه‌ هه‌مو كه‌سێك ده‌توانێت رێكخراو دروست بكات، ته‌نیا له‌سه‌رت واجبه‌ حكومه‌ت ئاگادار بكه‌ی‌ له‌ دامه‌زراندنی‌ رێكخراو‌و ده‌ست به‌كارده‌بیت".

 هه‌ڵسوڕاوه‌كه‌ی‌ رێكخراوی‌ چاودێری‌ مافی‌ مرۆڤی‌ كورد، سه‌باری‌ ئه‌و گرفتانه‌ ئاماژه‌ بۆ چه‌ندینی‌ تریش ده‌كات‌و ده‌ڵێ‌: "گرفتی‌ ترمان هه‌یه‌، كه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ دارایی‌و ده‌ستێوه‌ردانی‌ حیزب‌و حكومه‌ت له‌ ئیشوكاری‌ رێكخراوه‌كان".

به‌ گوێره‌ی‌ ئه‌و میكانیزمانه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌یانگرێته‌ به‌ر بۆ پێدانی‌ مۆڵه‌ت به‌ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌، هه‌مو ئه‌ندامانی‌ ده‌سته‌ی‌ دامه‌زرێنه‌ری‌ هه‌ر رێكخراوێك كه‌ داوای‌ مۆڵه‌ت ده‌كه‌ن بۆ رێكخراوه‌كه‌یان روبه‌إوی‌ ده‌زگای‌ ئاسایش ده‌كرێنه‌وه‌ بۆ ڵكۆڵینه‌وه‌ له‌ گه‌ڵیان‌و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا روبه‌إوی‌ چه‌ندین پرسیاری‌ جۆراوجۆری‌ ژیانی‌ تایبه‌تی‌‌و بنه‌ماڵه‌‌و كه‌سوكار‌و خێزانه‌كانیان ده‌كرێنه‌وه‌. له‌و باره‌یه‌وه‌ هۆشیار مالۆ باس له‌وه‌ ده‌كات:
 "زۆرێك له‌گه‌نجان ده‌یانه‌وێ‌ رێكخراو دابمه‌زرێنن، به‌ڵام له‌وڵاتی‌ ئێمه‌ هه‌تا ئه‌سڵ‌‌و فه‌سڵی‌ هه‌مو عه‌شیره‌تت نه‌زانن ناهێڵن كاری‌ رێكخراوه‌یی‌ بكه‌ی‌". 

هه‌ڵسوراوانی‌ بواری‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ به‌و یاسایانه‌ رازی‌ نین، كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بۆ كاركردنی‌ رێكخراوه‌كان كاری پێده‌كات به‌ یاسایه‌كی‌ "كۆن‌و نا سه‌رده‌میانه‌‌و نا هاوچه‌رخ" له‌ قه‌ڵه‌می‌ ده‌ده‌ن‌و پێیانوایه‌ بوه‌ته‌ "رێگر" له‌به‌رده‌م كار‌و ئه‌رك‌و گه‌شه‌كردنی‌ رۆڵی‌ رێكخراوه‌كان له‌بواری‌ ئه‌ركه‌كانیان‌و دروستكردنی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌، بۆ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌وه‌ش له‌ ساڵی‌( 2006)ه‌وه‌ یاسایه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ڕێكخستی‌ كاری‌ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ خراوه‌ته‌ به‌رده‌ست په‌رله‌مانی‌ كوردستان، به‌ڵام تاكو ئێستا ئه‌و یاسایه‌ ده‌رنه‌كراوه‌، كه‌ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ داوای‌ ده‌كه‌ن.

 وه‌ك كۆده‌نگی‌‌و فشار دروستكردنێك بۆسه‌ر په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێم، رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ی‌ رابردو  فیدراسیۆنی‌ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ كۆنفرانسێكیان له‌شاری‌ هه‌ولێر رێكخست، به‌ مه‌به‌ستی‌ په‌سه‌ندكردن‌و ده‌رچونی‌ پرۆژه‌یاسای رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌، كه‌ تایبه‌ت بو به‌ قسه‌كردن‌و هه‌وڵدان بۆ هێنانه‌كایه‌‌و كاركردن به‌ یاسایه‌كی‌ "هاوچه‌رخ‌و سه‌رده‌میانه‌"ی‌ تایبه‌ت به‌ كاركردنی‌ رێكخراوه‌كان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان. وه‌ك له‌ ئاگانامه‌ی‌ سازكردنی‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا هاتوه‌ دروشمی‌ كۆنفرانس بریتی‌ بو له‌ "با رێكخراوه‌كان یاسایه‌كی‌ شایسته‌ به‌ خۆیان هه‌بێت". هه‌ر له‌و ئاگانامه‌یه‌دا ئه‌ركی‌ كۆنفرانسه‌كه‌ رونكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ بریتی بو له‌ "فیدراسیۆنی‌ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ كۆنفرانس ده‌كاته‌ هه‌وڵێكی‌ فشارئامێزی‌ تر، له‌پێناو دروستكردنی‌ یه‌ك سه‌رچاوه‌ی‌ یاسایی‌ بۆ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا‌و كۆكردنه‌وه‌یان له‌ژێر سایه‌ی‌ یه‌ك چه‌تری‌ یاسایی‌ هاوچه‌رخ‌و سه‌رده‌میانه‌".

فه‌لاح مرادخان وته‌بێژی‌ كۆنفرانسه‌كه‌، سه‌رباره‌ت به‌هۆكاری‌ رێكخستنی‌ كۆنفرانسه‌كه‌ له‌ لێدوانێكی‌ تایبه‌ت به‌رۆژنامه‌ وتی‌: ئێمه‌ به‌گرنگمان زانی‌، كه‌ جارێكی‌ دیكه‌ قسه‌و باس له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای‌ رێكخراوه‌كان بكه‌ین‌و زیندوی‌ بكه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و چه‌قبه‌سته‌ی‌ له‌یاساكه‌دا هه‌یه‌ بشكێنرێت كه‌ له‌ 2006وه‌ پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كراوه‌، به‌ڵام تائێستا به‌هیچ كوێ‌ نه‌گه‌یشتوه‌. "ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ‌ بۆ دامه‌زراندن‌و كاركردنی‌ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ كار به‌ یاسایه‌كی‌ نوێ‌ بكرێت‌و ئه‌و یاسا كۆنانه‌مان به‌سه‌ردا نه‌سه‌پێنن‌و یاسایه‌كی‌ مۆدێرن په‌سه‌ند بكرێ‌".

وته‌بێژی‌ كۆنفرانسه‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كرد، كه‌ نوێنه‌ری‌ په‌رله‌مان‌و ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێم به‌شدارییان له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا نه‌كردوه‌‌و له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی‌: ئێمه‌ وه‌كو رێخراوه‌كان بانگهێشتی‌ فه‌رمی‌ په‌رله‌مان‌و ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانمان كردوه‌، به‌ڵام نوێنه‌ری‌ هیچ كامێكیان ئاماده‌نه‌بو له‌ كۆنفراسه‌كه‌." په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت به‌رده‌وام ده‌ڵێن ئاگامان له‌یاسای‌ رێكخراوه‌كان نییه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ پێمان وتون ئه‌گه‌ر ئاگاتان لێنییه‌ فه‌رمون به‌شداربن له‌گه‌ڵمان، كه‌چی‌ ئاماده‌نه‌بون ".

له‌و كۆنفرانسه‌یاندا كه‌ له‌هه‌ولێر سازیانكردبو، رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ چه‌ند راسپارده‌یه‌كیان گه‌ڵاڵه‌ كرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاراسته‌ی‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانی‌ كوردستانی‌ بكه‌ن، له‌وانه‌: پێكهێنانی‌ كۆمسیۆنێكی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ تایبه‌ت به‌ هه‌ڵسوڕاندنی‌ كاروباری‌ رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان‌و دیاریكردنی‌ یه‌ك مه‌رجه‌ع بۆ كۆبونه‌وه‌و گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ‌ رێكخراوه‌كان. هاوكات له‌ راسپارده‌كاندا هاتوه‌، كه‌ ده‌بێت دادگا سه‌رچاوه‌ی‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌ی‌ رێكخراوه‌كان بێت نه‌ك بۆ هه‌ر كێشه‌یه‌ك‌و لیژنه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ پێكبهێنرێت‌و رێكخراوه‌كان قبوڵییان نییه‌ حكومه‌ت مۆڵه‌تیان پێبدات، به‌ڵكو حكومه‌ت ته‌نیا مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ ناوی‌ رێكخراوه‌كان تۆمار بكات، پێویسته‌ له‌ڕوی‌ یاساییه‌وه‌ دان به‌ هه‌مو ئه‌و تۆڕو هاوپه‌یمانیانه‌دا بنرێت كه‌ له‌نێوان رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان پێكده‌هێنرێن‌و بڕی‌ (3%)یش له‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان ته‌رخان بكرێت، له‌سه‌ر بنه‌مای‌ پێدانی‌ پرۆژه‌.

سه‌باره‌ت به‌ داواكردنی‌ ته‌رخانكردنی‌ رێژه‌یه‌ك له‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم بۆ كاروباری‌ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌، شوان گه‌ردی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌شی‌ به‌رنامه‌كان له‌ رێكخراوی‌ (پاو)، ده‌ڵێ‌: ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی‌ داوامان كردوه‌ له‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ رێكخراوه‌كان ته‌رخان بكرێت، به‌پێی‌ ئامارێك كه‌ لایه‌نێكی‌ ناإه‌سمیی‌ ئاماده‌ی‌ كردوه‌، "زۆر له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ كه‌متره‌ كه‌ حكومه‌ت به‌ ژماره‌یه‌ك رێكخراوی‌ دیاریكراوی‌ ده‌دات".

رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانی‌ هه‌رێم، پێداگیری‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌گه‌ر له‌و ماوه‌ كورته‌ی‌ كه‌ خولی‌ ئێستای‌ په‌رله‌مان ماویه‌تی‌ نه‌توانرێت یاسایه‌ك بۆ رێكخراوه‌كان ده‌ربكرێت، پێویسته‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ ده‌ستبه‌كاربونی‌ خولی‌ تازه‌ی‌ په‌رله‌مان یاساكه‌ په‌سه‌ند بكرێت، وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌رنامه‌كانی‌ رێكخراوی‌ (پاو) وتی‌: "ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نه‌كرێت، هه‌مو رێگایه‌كی‌ مه‌ده‌نی‌ به‌كارده‌هێنین بۆ جێبه‌جێكردنی‌ داواكارییه‌كانمان‌و داواش له‌ كۆمه‌ڵگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ده‌كه‌ین فشار له‌سه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم دروست بكات بۆ جێبه‌جێكردنی‌ مافه‌كانمان".

Sbeiy.com © 2007