Print
 1002 گوندی‌ هه‌رێم قوتابخانه‌یان نییه‌
Sunday, May 24, 2009

راپۆرت: ئارام شێخ وه‌سانی‌

حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڕیارده‌دات هه‌نگاوه‌كانی‌ چڕتربكاته‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ سیستمی‌ نوێی‌ خوێندن‌و كار بۆ  به‌ره‌وپێشبردنی‌ پرۆسه‌كه‌ بكات، به‌ڵام چه‌ند گرفتێك بونه‌ته‌ رێگر له‌به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌داو تائێستاش نه‌توانراوه‌ چاره‌سه‌ربكرێن، سه‌ره‌كیترین گرفتیش كه‌می‌ بینای قوتابخانه‌و خوێندنگایه‌ له‌سه‌رجه‌م شاره‌كانی‌ هه‌رێمدا.

به‌ دروستكردنی‌ (3) هه‌زار قوتابخانه‌ی‌ دیكه‌، سیستمی‌ نوێ‌ سه‌ركه‌وتو ده‌بێت
به‌پێی‌ سیستمی‌ نوێی‌ په‌روه‌رده‌، پێویسته‌ ژماره‌ی‌ قوتابیان له‌ پۆله‌كانی‌ وانه‌ خوێندندا كه‌مبێت‌و قوتابخانه‌كانیش به‌جۆرێك بن كه‌ قۆناغی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ (9) پۆلی‌ بێت، به‌ڵام دوابه‌دوای‌ سه‌ردانێكی‌ مه‌یدانی‌ لیژنه‌ی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بۆ شارو شارۆچكه‌كانی‌ هه‌رێم، ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ گرفتی‌ كه‌میی‌ بینا رێگره‌ له‌به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی‌ سیستمه‌كه‌دا، چونكه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ كێشه‌ی‌ بینا چاره‌سه‌ر ببێت‌و سیستمه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوبێت، "پێویسته‌ زیاد له‌ (3) هه‌زار قوتابخانه‌ له‌ شارو شارۆچكه‌كانی‌ هه‌رێمدا دروستبكرێن".
زرار تاهیر، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: دوای‌ سه‌ردانه‌ مه‌یدانییه‌كانی‌ لیژنه‌كه‌مان بۆ شارو شارۆچكه‌كان، هه‌ستمان به‌ كێشه‌ی‌ كه‌می‌ بینای‌ قوتابخانه‌ كرد، بۆیه‌ خۆم سه‌ردانی‌ وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌م كرد، چونكه‌ به‌پێی‌ ئاماره‌كان بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ (1002) گوند له‌ كوردستان  قوتابخانه‌یان هه‌ر نییه‌، (1637) قوتابخانه‌ش (2 یان 3 یان 4) ده‌وامی‌ تێدا ده‌كرێت، ئه‌وانه‌ش له‌گه‌ڵ‌ سیستمی‌ نوێی‌ په‌روه‌رده‌دا ناگونجێن".

زرار تاهیر باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ پێویسته‌ قوتابخانه‌ی‌ (9، 18، 27) پۆلی‌ دروستبكرێت، كه‌ كۆی‌ گشتیی‌ بودجه‌ی‌ پێویست بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌و قوتابخانانه‌ دروستبكرێن‌و كێشه‌ی‌ كه‌میی‌ بینا نه‌مێنێت له‌ سیستمی‌ خوێندندا، بریتییه‌ له‌ بڕی‌ (1) ملیارو (633) ملیۆن‌و (126565) دۆلار.
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ئامارانه‌ چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر ئاماده‌كراون‌و ئێستا گۆڕانی‌ به‌سه‌ردا هاتوه‌، به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی‌ گرفتی‌ كه‌میی‌ بینا به‌ته‌واوی‌ چاره‌سه‌ربێت، پێویستی‌ به‌ بودجه‌و كات هه‌یه‌، هه‌روه‌ك سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان وتی‌: "وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ من ئاگاداربم ده‌ستكراوه‌ به‌ دروستكردنی‌ بینا‌و چه‌ندین قوتابخانه‌ له‌ دروستكردندان".

جه‌لاله‌دین سدیق، یاریده‌ده‌ری‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ دهۆك، له‌ دیداریكی‌ پێشوتری‌ له‌گه‌ڵ‌ رۆژنامه‌، باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ كه‌می‌ بینا گرفتی‌ سه‌ره‌كیی‌ سیستمی‌ نوێی‌ خوێندنه‌، به‌ڵام وه‌زاره‌ت چاره‌سه‌رێكی‌ مامناوه‌ندیی‌ دۆزیوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ش به‌پێی‌ گونجان‌و شوێنه‌كان، جه‌لاله‌دین ده‌ڵێت: "له‌ سیستمی‌ تازه‌دا ده‌بێت قوتابخانه‌كان (9) پۆلی‌ بن، واته‌ قوتابخانه‌كان له‌ (6) پۆلییه‌وه‌ بكرێن به‌ (9) پۆلی‌، ئه‌مه‌ش گرفتێكه‌، چونكه‌ ده‌بێت هه‌مو ئه‌و قوتابخانه‌ شه‌ش پۆلیانه‌ گۆڕانین به‌سه‌ردا بێت‌و فراوان بكرێن"، ئه‌وه‌ش رونده‌كاته‌وه‌ كه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ سیستمی‌ نوێ‌ به‌ته‌واوی‌ جێبه‌جێ‌ بكرێت له‌ سنوری‌ پارێزگای‌ دهۆكدا، پێویستی‌ به‌ دروستكردنی‌ (334) بینای‌ نوێی‌ قوتابخانه‌ هه‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ "كه‌می‌ ژماره‌ی‌ مامۆستای‌ پسپۆڕ گرفتێكی‌ دیكه‌ی‌ سیستمه‌كه‌یه‌".

قوتابخانه‌ سێ‌ ده‌وامییه‌كانی‌ خوله‌كانی‌ نه‌خوێنده‌واریی‌
سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ شارو شارۆچكه‌كانی‌ كوردستان كێشه‌ی‌ كه‌می‌ بینای‌ قوتابخانه‌یان هه‌یه‌و به‌شێكی‌ زۆری‌ قوتابخانه‌كان رۆژانه‌ سێ‌ ده‌وامی‌ تێدا ده‌كرێت، خوله‌كانی‌ نه‌هێشتنی‌ نه‌خوێنده‌واریش كێشه‌كه‌یان زیاتركردوه‌.
به‌پێی‌ ئامارێكی‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی‌ گشتیی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ سلێمانی‌، ئه‌وه‌ رونكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ (54) قوتابخانه‌ هه‌یه‌ كه‌ رۆژانه‌ (3) ده‌وامی‌ تێدا ئه‌نجامده‌درێت.

زرار تاهیر، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، جه‌ختی‌ له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ كه‌ ئاماده‌یان كردوه‌ "(1637) قوتابخانه‌ش (2 یان 3 یان 4) ده‌وامی‌ تێدا ده‌كرێت، ئه‌وانه‌ش له‌گه‌ڵ‌ سیستمی‌ نوێی‌ په‌روه‌رده‌ ناگونجێن".

له‌ پلانی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌دا چه‌ند ساڵێكه‌ هه‌ڵمه‌تی‌ نه‌هێشتنی‌ نه‌خوێنده‌واریی‌ ده‌ستی پێكردوه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش جارێكی‌ دیكه‌ ده‌وامێكی‌ دیكه‌، جا شه‌وانه‌ بێت یا رۆژانه‌ كراوه‌ته‌وه‌، چاودێران پێیانوایه‌ ئه‌وه‌ش هێنده‌ی‌ دیكه‌ كێشه‌ی‌ كه‌می‌ بینای‌ زیادكردوه‌، ئه‌گه‌رچی‌ نه‌هێشتنی‌ نه‌خوێنده‌واریی‌ به‌ هه‌نگاوێكی‌ گرنگ داده‌نرێت، به‌ڵام بۆ هه‌ڵمه‌تی‌ نه‌هێشتنی‌ نه‌خوێنده‌واریی‌ هه‌مان گرفتی‌ بینا هه‌یه‌ كه‌ بۆ خوێندنی‌ گشتی‌ هه‌یه‌.

له‌ یادی‌ رۆژی‌ نه‌هێشتنی‌ نه‌خوێنده‌واریدا، وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ له‌ 22/12ی‌ ساڵی‌ رابردودا رونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تێیدا هاتوه‌ "به‌پێی‌ روپێوی‌ ساڵی‌ 2000ی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌، له‌ هه‌ریه‌ك له‌ پارێزگای‌ هه‌ولێرو دهۆكدا 34%ی‌ هاوڵاتییان نه‌خوێنده‌وارن، هه‌روه‌ها 27%ی‌ هاوڵاتییانی‌ سنوری‌ سلێمانی‌ نه‌خوێنده‌وارن".
له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو كه‌ هه‌وڵده‌درێت له‌ ساڵی‌ 2015دا كوردستان خاڵی‌ بێت له‌ نه‌خوێنده‌واریی‌، هه‌روه‌ها چه‌ند ساڵێكه‌ هه‌وڵێكی‌ زۆر ده‌درێت به‌مه‌به‌ستی‌ گۆڕینی‌ سیستمی‌ په‌روه‌رده‌و كاراكردنی‌ سیستمی‌ خوێندن‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ به‌رزی‌ نه‌خوێنده‌واریی‌، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵانه‌ی‌ حكومه‌ت ئه‌گه‌رچی‌ به‌شێكیان ئه‌نجامی‌ باشیان هه‌بوه‌، به‌شێك له‌ پلانه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ بونه‌ته‌ هۆكارێكی‌ گه‌وره‌ بۆ دروستكردن‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ده‌رفه‌تی‌ خوێندن بۆ سه‌دان گه‌نج‌و پیر، له‌ رێگای‌ خولی‌ نه‌هێشتنی‌ نه‌خوێنده‌واریی‌‌و خوێندنی‌ خێراو تاقیكردنه‌وه‌ی‌ ده‌ره‌كی‌‌و ئاسانكارییه‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، به‌ڵام چه‌ندین ئامار خراونه‌ته‌ڕو وه‌ك له‌ رونكردنه‌وه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌دا هاتوه‌ (283180) تائێستا به‌هۆی‌ به‌شداریكردنیان له‌ خوله‌كانی‌ نه‌هێشتنی‌ نه‌خوێنده‌وارییدا، رزگاریان بوه‌ له‌ نه‌خوێنده‌واریی‌، هه‌روه‌ها له‌ خوێندنی‌ خێرا (87) خوێندنگا كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ قوتابی‌ به‌ (5) ساڵ‌، (9) ساڵی‌ قۆناغی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ ته‌واوده‌كات.
له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وانه‌شدا به‌شێك له‌ مامۆستایان له‌ سیستمی‌ نوێ‌ نیگه‌رانن‌و پێیانوایه‌ كه‌ ئاماده‌كاریی‌ ته‌واو نه‌كراوه‌ پێش جێبه‌جێكردنی‌ سیستمه‌كه‌، به‌تایبه‌ت له‌ڕوی‌ كه‌میی‌ مامۆستاو نه‌بونی‌ بیناو چه‌ندین كێشه‌ی‌ دیكه‌.

به‌پێی‌ پێشبینییه‌كان ئه‌گه‌ر كێشه‌ی‌ كه‌میی‌ بینا‌و مامۆستای‌ پسپۆإ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ئه‌وا گرفتی‌ گه‌وره‌ بۆ به‌رده‌م سیستمی‌ تازه‌ی‌ خوێندن دروستده‌بێت.

 

Sbeiy.com © 2007