Print
 یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵ‌ ‌و بزووتنه‌وه‌ بۆچوونیان له‌ له‌شكركێشی‌ توركیا جیاوازه‌
Wednesday, November 7, 2007

راپۆرت: شیروان محه‌مه‌د ئه‌مین
ئه‌مینداری‌ گشتیی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان ده‌رباره‌ی‌ سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستیان له‌ داهاتووی‌ گۆڕانكارییه‌كاندا و له‌ دوای‌ ئه‌گه‌ری‌ له‌شكركێشی‌ توركیا بۆ سه‌ر سنووری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: "سنوور به‌زاندنی‌ توركیا كارناكاته‌ سه‌ر هه‌ڵوێستمان كه‌ هه‌میشه‌ هه‌ڵوێستمان به‌رامبه‌ر پارتی‌ دادو گه‌شه‌پێدان نه‌گۆڕه‌." ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ وێڕایی‌ نیگه‌رانی‌ خۆی‌ له‌ پیاده‌كردنی‌ سیاسه‌تی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كرد" هه‌ر كه‌س دژایه‌تی‌ دین و ژینی‌ كردین به‌رامبه‌ری‌ ده‌وه‌ستین". 

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ به‌رپرسی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ به‌ رۆژنامه‌ی‌ وت: "له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ ئیدانه‌ی‌ له‌شكركێشی‌ توركیامان كردووه‌".
یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان كه‌ حزبێكی‌ میانڕه‌وه‌ و به‌ پله‌ی‌ سێهه‌م حزبی‌ كوردستانی‌ دێت، له‌ دوای‌ راپه‌رینی‌ به‌هاری‌ 1991وه‌ وه‌كو رێكخراوی‌ خێرخوازیی‌ رابیته‌ی‌ ئیسلامی‌ و ئیغاسه‌ی‌ ئیسلامی‌ بۆ دروستكردنی‌ پڕۆژه‌ی‌ خزمه‌تگوزاریی‌ ده‌ركه‌وت، له‌ رێكه‌وتی‌ 6ی‌ شوباتی‌1994دا یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان به‌ ئه‌مینداریه‌تی‌ سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هادین راگه‌یه‌ندرا. 

سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هادین ئه‌مینداری‌ گشتیی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان، ده‌رباره‌ی‌ هه‌ڵوێستی‌ ئه‌و حزبه‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ و له‌شكركێشی‌ توركیا به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: "له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ڵوێستمان له‌ دژی‌ له‌شكركێشی‌ چه‌كداریی‌ و سنوور به‌زاندنی‌ توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان روون و ئاشكرا بووه‌، ئێستاش به‌رده‌وامین له‌سه‌ر هه‌مان هه‌ڵوێستی‌ خۆمان كه‌ پێمان وایه‌ خزمه‌ت به‌ باڵی‌ ئاشتی‌ پارتی‌ دادو گه‌شه‌پێدانی‌ ئه‌رۆغان ناكات، ده‌بێت سه‌ركوتووبێت به‌سه‌ر باڵی‌ جه‌نگی‌ توركیادا، حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش به‌رگه‌ی‌ شه‌ڕی‌ وڵاتان ناگرێت ".

 له‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان تا چه‌ند توانیویه‌تی‌ پردی‌ په‌ڕینه‌وه‌ی‌ ئاشتی‌ بێت له‌ نێوان توركیا و هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌مینداری‌ یه‌كگرتوو به‌ رۆژنامه‌ی‌ وت: "ئێستا ره‌وشی‌ سیاسی‌ تاكو راده‌یه‌ك به‌ره‌و هێوربوونه‌وه‌ ده‌ڕوات، له‌ كۆتایی‌ یان سه‌ره‌تای‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌، وه‌فدی‌ حزبه‌كان كه‌ خۆشم به‌شداری‌ تێداده‌كه‌م سه‌ردانی‌ توركیا ده‌كه‌ین، ئومێدده‌كه‌ین توركیا خوێندنه‌وه‌ی‌ ئیجابی‌ هه‌بێت، دۆستایه‌تی‌ یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ توركیا له‌سه‌ر خاڵی‌ هاوبه‌شی‌ نیشتمانی‌ و ئیسلامه‌تییه‌، تاڕاده‌یه‌كی‌ زۆر كارمان كردووه‌ و كاریگه‌ری‌ خۆی‌ هه‌بووه‌، له‌ كاتێكدا پێشوازیان له‌ هیچ كوردێك نه‌ده‌كرد و تووشی‌ سوكایه‌تی‌ پێكردن ده‌بوون له‌و كاته‌وه‌ تاكو ئێستا توركیا پێشوازیمان لێ‌ ده‌كه‌ن، كه‌ نیشانه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ متمانه‌ و كاریگه‌ریمان لای‌ توركیا هه‌یه‌.

"سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هادین، ده‌رباره‌ی‌ سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستیان له‌ داهاتووی‌ گۆڕانكارییه‌كاندا و ئه‌گه‌ری‌ له‌شكركێشی‌ توركیا بۆ سه‌ر سنووری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌و وتی‌: "سنوور به‌زاندنی‌ توركیا كارناكاته‌ سه‌ر هه‌ڵوێستمان كه‌ هه‌میشه‌ هه‌ڵوێستمان به‌رامبه‌ر پارتی‌ دادو گه‌شه‌پێدان نه‌گۆڕه‌، به‌ڵام دژی‌ ده‌ستدرێژی‌ و سنوور به‌زاندنین".

بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ كوردستان كه‌ ساڵی‌ 1978 به‌ڕابه‌رایه‌تی‌ شێخ محه‌مه‌د به‌رزنجی‌ وه‌كو رێكخراوێكی‌ ئیسلامی‌ دامه‌زراوه‌ و له‌ ساڵی‌ 1984 به‌ رابه‌رایه‌تی‌ مه‌لا عوسمان عه‌بدولعه‌زیز جیهادیان راگه‌یاند و له‌ ساڵی‌ 1998دا مه‌لا عه‌لی‌ عه‌بدولعه‌زیز بووه‌ رابه‌ر دوای‌ كۆچكردنی‌ له‌ ساڵی‌ 2006 دا كامیلی‌ حاجی‌ عه‌لی‌ بووه‌ به‌رپرسی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌، بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ كوردستان، هۆكاری‌ به‌شدار نه‌بوونیان له‌ وه‌فدی‌ حكومه‌تی‌ عێراق بۆ توركیا ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هیچ ئه‌ندام پارله‌مان و پۆستێكیان له‌ كابینه‌ی‌ حكومه‌تی‌ مه‌ركه‌زیی‌ عێراق و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا نییه‌.
كامیلی‌ حاجی‌ عه‌لی‌ به‌رپرسی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ له‌مباره‌وه‌ وتی‌: "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ وه‌فدی‌ كوردستان و حكومه‌تی‌ عێراق بۆ توركیا ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌ساسی‌ به‌شداربوونیانه‌ له‌ حكومه‌تدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ نه‌مانتوانیووه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ كورد بكه‌ین".

 به‌رپرسی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕیی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ رایگه‌یاند: كه‌ هاوهه‌ڵوێستن له‌گه‌ڵ حزبه‌ نیشتمانییه‌كانی‌ تری‌ كوردستان به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ توركیا، وه‌ك ده‌ڵێت: "له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ ئیدانه‌ی‌ له‌شكركێشی‌ توركیامان كردووه‌ و له‌ سه‌ره‌تای‌ ئاڵۆزبوونی‌ كێشه‌كانیشدا نامه‌یه‌كمان ئاڕاسته‌ی‌ ئه‌ردۆغان كرد، كه‌ داوامان كرد له‌ڕێگای‌ دبلۆماسی‌ نه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ و له‌شكركێشی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان بكرێت، وتیشی‌: "له‌ كاتی‌ هه‌ر له‌شكركێشییه‌كدا ئێمه‌ له‌گه‌ڵ میلله‌تی‌ كوردین، هه‌رچه‌نده‌ پێمان وایه‌ كه‌ توركیا ده‌یه‌وێت فشاربخاته‌ سه‌ر خه‌ڵكی‌ كوردستان".

 كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان، كه‌ شێخ محه‌مه‌د به‌رزنجی‌ پێشه‌وایه‌تی‌ ده‌كات، له‌ رێكه‌وتی‌ 31ی‌ ئایاری‌2001دا له‌ بزوتنه‌وی‌ یه‌كبوونی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان جیابوونه‌وه‌، له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ شه‌ش ئه‌ندام پارله‌مان و یه‌ك پۆستی‌ وه‌زاره‌تی‌ ژینگه‌ و دوو ئه‌ندام پارله‌مانی‌ حكومه‌تی‌ مه‌ركه‌زیی‌ عێراق به‌شدارن.

ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ وێڕای‌ پشتیوانیی‌ خۆی‌ له‌ كاتی‌ هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌كی‌ توركیا بۆ سه‌ر سنووری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، هاوكات نیگه‌رانی‌ خۆی‌ به‌رامبه‌ر به‌ سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان ده‌ربڕی‌.
 عه‌لی‌ باپیر پێشه‌وای‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: "له‌كاتێكدا هاوخه‌باتی‌ شاخ و شار بووین شه‌هیدمان بۆ كوردستان داوه‌، له‌ جیاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌هێڵن ئه‌مه‌ریكا باره‌گاكانمان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ موشه‌ك باران بكات، به‌ڵكو ئاگره‌كه‌یان خۆشتر كرد و به‌ڕه‌یان خسته‌ ناو مزگه‌وته‌وه‌ و زیاتر له‌ (200) پێشمه‌رگه‌ی‌ ئێمه‌ كه‌ پله‌ی‌ به‌رزیان هه‌بووه‌، به‌ پێشمه‌رگه‌ خانه‌نشین كراون، به‌ڵام هی‌ خۆیان به‌ پله‌ی‌ به‌رز،ده‌یان ئه‌نداممان له‌ زیندانه‌كانی‌ ئه‌و دوو پارته‌دان چه‌ندین جار داوامان له‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ كردووه‌، تاكو ئێستاش دادگایی‌ نه‌كراون وتیشی‌: " له‌ كۆبوونه‌وه‌ داخراوه‌كه‌ی‌ پارله‌مانی‌ كوردستان پێمان وتن ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌رگری‌ بكه‌ن، پێویسته‌ عوزر بهێننه‌وه‌ و چاوخشاندنه‌وه‌یه‌ك به‌ حكومه‌ت و پارله‌ماندا بكرێت".

له‌ دوای‌ هێرشه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ كه‌ له‌ ساڵی‌ 2003 دا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ باره‌گاكانی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ موشك باران كرد، مه‌كته‌بی‌ عه‌سكه‌ریی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ و یه‌كێتی‌ و پارتی‌ رێگاناده‌ن به‌ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی‌ مه‌كته‌ب عه‌سكه‌ری‌ ئه‌و حزبه‌، وه‌ك م. عه‌لی‌ باپیر ده‌ڵێت: "چه‌ند جارێك داوامان له‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ كرد هاوكاریمان بكه‌ن بۆ كردنه‌وه‌ی‌ مه‌كته‌ب عه‌سكه‌ری‌ كه‌ زیاتر له‌ (3000) پێشمه‌رگه‌مان گه‌ڕاندۆته‌وه‌ بۆ ماڵی‌ خۆیان له‌ ئێستاشدا به‌رگریی‌ كردنی‌ ئێمه‌ به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ ده‌بێت كه‌ چه‌ند مافمان پێدراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌ركی‌ زیاتر جێبه‌جێ‌ بكه‌ین، له‌م بارودۆخه‌ی‌ ئێستاشدا له‌به‌ر براده‌رانی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ نییه‌، به‌ڵكو مه‌بده‌ئمان وایه‌ هه‌ر كه‌س دژایه‌تی‌ دین و ژینی‌ كردین به‌رامبه‌ری‌ ده‌وه‌ستین، خواش فه‌رمویه‌تی‌ "نه‌سته‌م بكه‌ن نه‌ قبوڵی‌ سته‌میش بكه‌ن"،  به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و حه‌قه‌ به‌ توركیا بده‌ین له‌ سنووری‌ ئێمه‌وه‌ زیان به‌ ئاسایشی‌ توركیا نه‌گه‌یه‌نین و خۆمان له‌ هه‌ندێك قسه‌كردن بۆ راگه‌یاندنه‌كان بپارێزین." عه‌لی‌ باپر پێی‌ وایه‌ ده‌بێت حكومه‌تی‌ عێراقی‌ و هه‌رێمی‌ كوردستانیش پاساو بۆ توركیا بهێننه‌وه‌ تا جه‌نگ روونه‌دات ئه‌وه‌تا خۆی‌ ده‌ڵێت: "حكومه‌تی‌ عێراق و حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌توانن عوزری‌ ئه‌وه‌ بۆ توركیا بهێننه‌وه‌ كه‌ توانای‌ شه‌ڕ كردنمان نییه‌".

 وتیشی‌" نابێت رێگا به‌ توركیا بدرێت چه‌ك و شه‌ڕكردن به‌رامبه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌ بكات،كه‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ خوێنی‌ تورك و كورد رژاوه‌ و جگه‌ له‌ زیان هیچ سودێكی‌ نه‌بووه‌،به‌ ئه‌نجامدانی‌ له‌شكركێشی‌ خۆی‌ به‌دناو ده‌كات،ن یشانه‌ی‌ سه‌رسوڕمانی‌ له‌سه‌ر دروستده‌بێت، چونكه‌ بانگه‌شه‌ی‌ دیموكراسی‌ ده‌كات، پێویستبوو توركیا ده‌ستپێشخه‌ری‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ بكردایه‌، نه‌ك رێكخراوی‌ ماركس و لینینی‌ په‌كه‌كه‌ داوای‌ گفتوگۆكردنی‌ كرد". 

عه‌لی‌ باپیر له‌ به‌شێكی‌ تری‌ قسه‌كانیدا باسی‌ له‌ بارودۆخی‌ ئێستای‌ پارتی‌ دادو گه‌شه‌پێدانی‌ توركیا كردوو، ئه‌و وتی‌: "حزبی‌ دادو گه‌شه‌پێدان له‌ حاڵه‌تی‌ پێشبڕكێ كردندان له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی‌ تری‌ ناوخۆی‌ وڵات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ هاوكارییان بكه‌ین و په‌كه‌كه‌ش ده‌ست به‌رداری‌ توندوتیژی‌ بن".
 
 ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ 92ی‌ رۆژنامه‌ی‌ رۆژنامه‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.
Sbeiy.com © 2007