Print
 ئه‌مساڵیش وه‌كو ساڵانی‌ رابردو بودجه‌ په‌سه‌ندكرا
Wednesday, June 17, 2009

راپۆرت: پشتیوان سه‌عدوڵا

به‌بێ یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ دارایی‌‌و دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌‌و بودجه‌ی‌ حیزبه‌كان‌و ئاشكراكردنی‌ چۆنیه‌تی‌ خه‌رجكردنی‌ بودجه‌، په‌رله‌مانی‌ (ماوه‌ به‌سه‌رچو) كوردستان پڕۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2009ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ په‌سه‌ندكرد، هاوكات بۆ یه‌كه‌مجار زیاتر له‌ (20) په‌رله‌مانتار ده‌نگیان به‌پڕۆژه‌یاساكه‌ نه‌دا.

رۆژی‌ (16/6) په‌رله‌مانی‌ (ماوه‌ به‌سه‌رچو) كوردستان دانیشتنی‌ چواره‌می‌ تایبه‌ت به‌گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2009ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان سازكرد، پڕۆژه‌یاساكه‌ له‌ (24) ماده‌ پێكهاتبو، دوای‌ زیادكردنی‌ (2) ماده‌ی‌ دیكه‌ بۆ پڕۆژه‌یاساكه‌، پڕۆژه‌یاساكه‌ خرایه‌وه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌ده‌نگی‌ نزیكه‌ی‌ (60) په‌رله‌مانتار پڕۆژه‌یاساكه‌ په‌سه‌ندكرا.

گۆڕان له‌په‌رله‌مان
له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ چوار دانیشتنی‌ په‌رله‌مانی‌ (ماوه‌ به‌سه‌رچو) كوردستاندا له‌سه‌ر بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵ‌، به‌شێوه‌یه‌كی‌ رون وه‌ڵامی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان نه‌درایه‌وه‌ له‌مه‌سه‌له‌ی‌ شه‌فافیه‌تی‌ بودجه‌، بۆ یه‌كه‌مجاره‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌په‌رله‌مانتارانی‌ كوردستان ده‌نگیان به‌بودجه‌ نه‌داو ئه‌مه‌ش به‌سه‌ره‌تای‌ گۆڕانی‌ نێو په‌رله‌مان داده‌نرێت.

محه‌مه‌د ره‌فعه‌ت لێپرسراوی‌ نوسینگه‌ی‌ سلێمانی‌ په‌رله‌مانی‌ (ماوه‌ به‌سه‌رچو) كوردستان به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: "بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا زیاتر له‌ (20) ئه‌ندام په‌رله‌مان، ده‌نگ بۆ بودجه‌ ناده‌ن، ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تای‌ گۆڕانێكی‌ نه‌وعییه‌ له‌په‌رله‌ماندا ده‌ستپێده‌كات‌و له‌په‌رله‌مانی‌ داهاتودا ده‌نگی‌ ناڕه‌زاو به‌رگریگه‌ر له‌مافی‌ خه‌ڵك زیاد ده‌كات‌و ئیتر ئه‌و زه‌مه‌نه‌ نه‌ما، حكومه‌ت به‌ئاره‌زوی‌ خۆی‌ هه‌مو شتێك بكات، بۆیه‌ ئێمه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان داوامانكردبو، ئه‌گه‌ر بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵ‌ شه‌فافیه‌تی‌ تێدانه‌بێت، ده‌نگ به‌پڕۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ ناده‌ین، بۆیه‌ زیاتر له‌ (20) په‌رله‌مانتار ده‌نگمان بۆ بودجه‌ نه‌دا، بۆ نمونه‌ چۆنیه‌تی‌ خه‌رجی‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ رابردو، هه‌روه‌ها بودجه‌ی‌ حیزبه‌كان به‌تایبه‌تی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌، كه‌ زیاتر له‌ (30) ملیۆن دۆلار بۆخۆیان ده‌به‌ن، یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ هه‌ردو وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌".
عه‌دنان موفتی‌ وتی‌: "ئه‌و راسپاردانه‌ له‌گه‌ڵ‌ یاسای‌ بودجه‌دا ده‌نێردرێت".

حكومه‌ت كار به‌ڕاسپارده‌كانی‌ په‌رله‌مان ناكات
ئه‌مساڵیش په‌رله‌مانی‌ (ماوه‌ به‌سه‌رچو) كوردستان به‌ده‌ركردنی‌ راسپارده‌یه‌ك خۆی‌ دزییه‌وه‌ له‌كۆمه‌ڵێك مه‌سه‌له‌ی‌ وه‌كو، یه‌كنه‌خستنه‌وه‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ دارایی‌، ناشه‌فافی‌ بودجه‌، بودجه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌‌و حیزبه‌كانی‌ دیكه‌، ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مانیش ده‌ركردنی‌ راسپارده‌ به‌شتێكی‌ بێ بایه‌خ وه‌سفده‌كه‌ن‌و پێیانوایه‌، ئه‌و هه‌نگاوه‌ ته‌نیا بۆ بێده‌نگكردنی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مانه‌.
سه‌رۆكی‌ نوسینگه‌ی‌ سلێمانی‌ په‌رله‌مان ده‌ڵێت: په‌رله‌مانی‌ كوردستان بۆ بێده‌نگكردنی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان، بودجه‌یه‌كی‌ ناشه‌فافی‌ په‌سه‌ندكردو به‌كۆمه‌ڵێك راسپارده‌و پێشنیاز مه‌سه‌له‌كه‌ی‌ له‌كۆڵی‌ خۆی‌ كرده‌وه‌، جگه‌له‌وه‌ش ئه‌و راسپاردانه‌ شتێكی‌ نوێ نییه‌و ساڵی‌ رابردوش ئاراسته‌ی‌ حكومه‌ت كراوه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت هیچی‌ كردبێت.
هه‌رله‌وباره‌یه‌وه‌ له‌دانیشتنه‌كه‌دا سۆزان شه‌هاب ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان وتی‌: "ئێمه‌ چوار ساڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌ت ئه‌و كێشه‌یه‌مان هه‌یه‌، ئێمه‌ راسپارده‌ ده‌نێرین ده‌خرێته‌ ناو چه‌كمه‌جه‌ی‌ حكومه‌ته‌وه‌، هه‌رگیز نه‌مانبینی‌، حكومه‌ت ئه‌و راسپاردانه‌ بهێنێته‌ ده‌ره‌وه‌و كاری‌ له‌سه‌ر بكات، ته‌نیا جارێك نه‌بێت، ئه‌ویش له‌مه‌سه‌له‌ی‌ گه‌رمیاندابو، بۆیه‌ تكاده‌كه‌م راسپارده‌ ئه‌و هێزه‌ی‌ نییه‌و بودجه‌ش پاره‌ی‌ هاوڵاتییانی‌ ئه‌م وڵاته‌یه‌، من نمونه‌یه‌ك ده‌هێنمه‌وه‌، له‌ (26/4) وه‌زیرێكی‌ هه‌رێم نوسراوێكی‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ كوردستان كردوه‌و ته‌نیا داوای‌ ره‌زامه‌ندی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ كردوه‌، به‌ڵام تائێستا حكومه‌ت وه‌ڵامی‌ نه‌داوه‌ته‌وه‌، ئه‌ی‌ چۆن ئێمه‌ چاوه‌ڕوانبین، بۆیه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ وه‌كو خۆی‌ ده‌مێنێته‌وه‌".
عه‌بدوڕه‌حمان ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ كشتوكاڵی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان وتی‌: "هه‌ندێ بابه‌تی‌ گرنگ هه‌یه‌، په‌یوه‌ندییان به‌ده‌ركردنی‌ راسپارده‌وه‌ نییه‌، بۆ نمونه‌ ئێمه‌ داوای‌ زیادكردنی‌ بودجه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ‌‌و ته‌ندروستیمان كردوه‌و ماوه‌ی‌ دو ساڵه‌ په‌رله‌مان ئاڵوگۆڕی‌ له‌بودجه‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌كاندا نه‌كردوه‌، ئیتر نازانم راسپارده‌ چییه‌‌و بۆچی‌ ده‌نێررێت بۆ حكومه‌ت؟".

بودجه‌ بێ‌ یه‌كگرتنه‌وه‌
نزیكه‌ی‌ سێ مانگه‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ ناوخۆو پێشمه‌رگه‌ یه‌كخراونه‌ته‌وه‌، كه‌ دوای‌ سێ ساڵ‌ له‌به‌ڵێنی‌ به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم تائێستا هه‌ردو وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ یه‌كنه‌خراونه‌ته‌وه‌و هه‌رچه‌ند له‌دانیشتنه‌كه‌ی‌ دوێنێدا ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتاران وه‌كو هه‌ڵوێست وه‌رگرتن ده‌نگیان به‌یاساكه‌ نه‌دا، به‌ڵام په‌رله‌مان بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵی‌ په‌سه‌ند كرد.
ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان وتی‌: "پێویسته‌ په‌رله‌مان هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئه‌مساڵیش وه‌كو ساڵانی‌ رابردو به‌بێ كێشه‌ بودجه‌ له‌نێوان هه‌ردو پارتی‌ ده‌سه‌ڵاتداردا دابه‌شده‌كرێت‌و دوای‌ ئه‌وه‌ له‌په‌رله‌مان گفتوگۆی‌ له‌سه‌ر ده‌كرێت".

ره‌خنه‌ له‌ وه‌زیری‌ دارایی‌
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند په‌رله‌مانتارێك ره‌خنه‌یان له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم گرت، كه‌ بایه‌خی‌ به‌ناوچه‌ی‌ گه‌رمیان نه‌داوه‌، بایز تاڵه‌بانی‌ وه‌زیری‌ هه‌رێم بۆ كاروباری‌ دارایی‌ وتی‌:  "كێشه‌ی‌ گه‌رمیانتان بۆ واگه‌وره‌ كردوه‌؟ گه‌رمیان چی‌ كێشه‌یه‌كی‌ هه‌یه‌؟ ئه‌و قسانه‌ وه‌زیری‌ روبه‌ڕوی‌ ره‌خنه‌ی‌ په‌رله‌مانتاران كرده‌وه‌".
گوڵناز عه‌زیز ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، كه‌ ناسراوه‌ به‌گوڵاڵه‌ی‌ گه‌رمیان به‌ سبه‌ی‌ راگه‌یاند: "ویستمان ناڕه‌زایی‌ ده‌ربڕین سه‌باره‌ت به‌و وتانه‌ی‌ وه‌زیری‌ دارایی‌، به‌ڵام رێگایان نه‌داین قسه‌ بكه‌ین، ئه‌گه‌ر رێگه‌یان بدایه‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ قسه‌م ده‌كرد، ده‌یان گوند هه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ گه‌رمیان‌و تاوه‌كو ئێستا هیچ خزمه‌تگوزارییه‌كی‌ ئه‌وتۆیان بۆ نه‌كراوه‌و بستێك قیر نه‌چوه‌ته‌ ئه‌و ناوچانه‌".

بۆچی‌ ده‌نگیان نه‌دا؟
كه‌ژاڵ‌ مه‌جید ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌سه‌ر لیستی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد، بۆیه‌ ده‌نگم به‌ بودجه‌ نه‌دا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ داوامان له‌ حكومه‌ت كرد كه‌ حساباتی‌ خیتامی‌ بنێرێته‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌یاننارد.
بڕیاربو هه‌ردو وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌‌و چاودێری‌ دارایی‌ یه‌كبگرنه‌وه‌ ئه‌وكات بودجه‌ په‌سه‌ند بكرێت، دو ده‌زگای‌ ئاسایش نه‌مێنێت، به‌ڵام وه‌ك كه‌ژاڵ‌ وتی‌: "به‌داخه‌وه‌ هه‌مو ئه‌و به‌ڵێنانه‌ جێبه‌جێ‌ نه‌كران، بۆیه‌ ئێمه‌ش هه‌ڵوێستمان وه‌رگرت له‌سه‌ر ئه‌و بڕیارانه‌‌و ده‌نگمان به‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2009 نه‌دا"
ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌ كرد چه‌ند جار داوایان له‌ حكومه‌ت كردوه‌ بودجه‌ له‌كاتی‌ خۆیدا بنێرێته‌ په‌رله‌مان، كه‌چی‌ حكومه‌ت ئه‌و داواكارییه‌ی‌ به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتوه‌.

گێلاس محێدین ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌سه‌ر فراكسیۆنی‌ سه‌وز باسی‌ له‌وه‌ كرد، ساڵه‌كانی‌ رابردوش خه‌رجكردنی‌ بودجه‌ بۆ په‌رله‌مانی‌ كوردستان روننه‌كراوه‌ته‌وه‌‌و نه‌شمانزانیوه‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ چۆن خه‌رجكراوه‌، واته‌ حكومه‌ت شه‌فاف نه‌بوه‌ له‌خه‌رجكردنی‌ بودجه‌.

وتیشی‌: "ده‌نگ به‌بودجه‌یه‌ك ناده‌م كه‌ نه‌زانم چۆن چۆنی‌ خه‌رج ده‌كرێت، بڕواشم وایه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ده‌نگیان داوه‌ ته‌نیا به‌ڕێیان كردوه‌، ئه‌گه‌رنا نازانن بودجه‌كه‌ چۆن خه‌رج ده‌كرێت".

نه‌بونی‌ شه‌فافییه‌ت
تاڤگه‌ محه‌مه‌د ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌سه‌ر لیستی‌ یه‌كگرتو ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كرد، هیچ شه‌فافیه‌تێك له‌خه‌رجكردنی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا نییه‌، هه‌مو ساڵێك بودجه‌ ره‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كراوه‌، به‌ڵام نه‌مانزانییوه‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ چۆن خه‌رج ده‌كرێت، تاڤگه‌ كه‌ یه‌كێكبو له‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ی‌ ده‌نگی‌ بۆ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2009 نه‌دا وتی‌: "نازانم ئه‌م بودجه‌یه‌ چۆن خه‌رج ده‌كرێت ئیتر چۆن ده‌نگی‌ پێبده‌م".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ ئایا ئه‌و بودجه‌یه‌ بۆچی‌ به‌وشێوه‌یه‌ په‌سه‌ندكرا؟ عه‌بدوڕه‌حمان ئه‌حمه‌د په‌رله‌مانتار وتی‌: "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان پارتی‌‌و یه‌كێتین ئه‌و پاره‌یه‌ش بۆ هه‌ردو حیزب خه‌رج ده‌كرێت، بۆیه‌ ئه‌وانیش یه‌كسه‌ر ده‌نگی‌ پێده‌ده‌ن‌و هیچ لارییه‌كیان نییه‌ له‌خه‌رجكردنی‌ ئه‌و بودجه‌یه‌".

ئارێز عه‌بدوڵا ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌سه‌ر فراكسیۆنی‌ سه‌وز، ده‌نگی‌ بۆ په‌سه‌ندكردنی‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2009 نه‌داو ‌وتی‌: "كۆمه‌ڵێك سه‌رنج‌و  تێبینی‌ جدیمان هه‌بو له‌سه‌ر خه‌رجكردنی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ڵام ئه‌و وه‌ڵامانه‌ی‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ داراییه‌وه‌ درایه‌وه‌ به‌پێی‌ پێویست نه‌بون، بۆیه‌ نه‌مانتوانی‌ گۆڕانێك بكه‌ین بۆ داهاتوی‌ خه‌رجیه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان"

ئه‌م ئه‌ندامه‌ی‌ فراكسیۆنی‌ سه‌وز ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، خه‌رجییه‌كی‌ زۆر لابه‌لا ده‌كرێت له‌وه‌زاره‌ته‌كاندا، كه‌ ئه‌مانه‌ش هه‌موی‌ له‌سه‌ر حسابی‌ میلله‌ت ده‌كرێت‌و كه‌سیش نییه‌ لێپێچینه‌وه‌ بكات له‌گه‌ڵیاندا ، ئێمه‌ ده‌مانویست رێگرییه‌ك بكه‌ین له‌و گه‌نده‌ڵیانه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ رێگه‌ی‌ بۆ خۆشكراو ده‌نگی‌ ئێمه‌ نه‌یخوارد.

ماده‌كانی‌ پڕۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2009
پڕۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2009ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ (26) ماده‌ پێكهاتوه‌و رۆژی‌ 15/6 (13) ماده‌ی‌ په‌سه‌ندكراو رۆژی‌ 16/6یش 13ماده‌كه‌ی‌ تری‌ په‌سه‌ندكرا، كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ بو:
ماده‌ی‌ (14) كه‌ تیایدا هاتوه‌: "داهاتی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ وه‌كو خۆی‌ خه‌رجده‌كرێت" به‌كۆی‌ ده‌نگ ماده‌كه‌ په‌سه‌ندكرا.
له‌ كاتی‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ماده‌ی‌ (14) محه‌مه‌د فه‌ره‌ج سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ مافی‌ مرۆڤی‌ په‌رله‌مان، سه‌باره‌ت به‌دابینكردنی‌ ده‌رمان داوای‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ (ماوه‌ به‌سه‌رچو) كرد، له‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ سكاڵا له‌ دژی‌ حكومه‌تی‌ عێراق تۆمار بكات، وتی‌: "ماوه‌ی‌ سێ ساڵه‌ له‌ كاتی‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بودجه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان باس له‌ نه‌ناردنی‌ ده‌رمان ده‌كرێت له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عێراقه‌وه‌، بۆیه‌ من پێشنیازده‌كه‌م په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ سكاڵا له‌ دژی‌ حكومه‌تی‌ عێراق تۆمار بكات".

 ماده‌ی‌ (15)
"گوژمه‌ پاره‌كانی‌ پیتاكه‌كانی‌ كه‌ دراون به‌ وه‌زاره‌ته‌كان‌و لایه‌نه‌كانی‌ كه‌ به‌وه‌زاره‌ته‌وه‌ نه‌لكاون، دوای‌ قبوڵكردنیان له‌لایه‌ن وه‌زیری‌ داراییه‌وه‌ وه‌كو داهاتێكی‌ كۆتایی‌ بۆ بودجه‌ی‌ گشتی‌ تۆمار ده‌كرێن، به‌مه‌رجێك وه‌زیری‌ دارایی‌ له‌ پشتیوانی‌ وه‌زاره‌ت یان لایه‌نی‌ نه‌به‌ستراوه‌ به‌ وه‌زاره‌ت ته‌رخانیان بكات بۆ خه‌رجكردنیان بۆ ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ی‌ كه‌ له‌پێناویدا به‌خشراون "ئه‌و ماده‌یه‌ به‌كۆی‌ ده‌نگ په‌سه‌ند كرا.

ماده‌ی‌ (16) كه‌ تایبه‌تبو به‌ دامه‌زراندن به‌شێوه‌ی‌ (گرێبه‌ست) به‌ ره‌زامه‌ندی‌ وه‌زیری‌ دارایی‌، وه‌كو خۆی‌ به‌ زۆرینه‌ی‌ ده‌نگ په‌سه‌ند كرا.

ماده‌ی‌ (17) باسی‌ پاداشتی‌ فه‌رمانبه‌ران ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌ك ساڵانه‌ له‌ (3) ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت.
دوای‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ پێشنیازی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ بڕی‌ پاداشته‌كه‌ی‌ بۆ (1 ) ملیۆن دینار كرد، خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌ (36) ده‌نگ دژی‌ ماده‌كه‌، ئه‌و ماده‌یه‌ وه‌كو خۆی‌ مایه‌وه‌.

به‌ بۆچونی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ په‌رله‌مان له‌ كوردستاندا فه‌رمانبه‌ران له‌سه‌ر بنه‌مای‌ نزیكه‌ی‌ له‌ به‌رپرسانه‌وه‌ پاداشتی‌ ده‌كرێن، نه‌ك له‌سه‌ر ئه‌دای‌.

دلێر ئیسماعیل، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، له‌وباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند: به‌داخه‌وه‌ له‌ داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پاداشت‌و لێپیچینه‌وه‌ ونبوه‌، ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی‌ كاری‌ باش ده‌كه‌ن، پاداشت ناكرێت‌و ئه‌وانه‌ی‌ كه‌مته‌رخه‌من، وه‌كو پێویست لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ‌ ناكرێت، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌، ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی‌ پاداشت ده‌كرێن، كۆمه‌ڵه‌ كه‌سانێكن كه‌ له‌ بازنه‌یه‌كی‌ نزیكی‌ به‌رپرسه‌كانن، خه‌ڵكه‌ زه‌حمه‌تكێش‌و ماندوه‌كه‌ كه‌مجار پاداشت ده‌كرێن، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ حكومه‌ت كه‌مبكرێته‌وه‌".

ماده‌ی‌ (18) ( سه‌رۆكی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ یه‌كه‌ی‌ خه‌رجكردن لێپێچینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت به‌پێی‌ بنچینه‌ یاساییه‌كان‌و رێنماییه‌ جێبه‌جێ كراوه‌كانی‌، له‌وانه‌ی‌ دواده‌كه‌ون له‌ پێشكه‌شكردنی‌ ژمێره‌ی‌ كۆتایی‌ بۆ ساڵی‌ 2009 بۆ فه‌رمانگه‌كه‌یان دوای‌ جێبه‌جێ كردنی‌ یاساكه‌). ئه‌و ماده‌یه‌ به‌كۆی‌ ده‌نگ په‌سه‌ند كرا.

ماده‌ی‌ (19) لێبوردنی‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی‌ گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و ده‌زگاكانیدا مۆر كردوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌ وه‌به‌رهێنانه‌ی‌ له‌ هه‌مو باج‌و ره‌سمێك كه‌ ده‌كه‌وێته‌سه‌ری‌ له‌ هه‌رێمدا له‌ ئه‌نجامی‌ كاره‌ ناوبراوه‌كانی‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ گرێبه‌سته‌كه‌دا" ئه‌و ماده‌یه‌ش وه‌كو خۆی‌ مایه‌وه‌.

ماده‌ی‌ (20) بۆ پڕۆژه‌یاساكه‌ زیادی كرد، كه‌ بریتیبو له‌ ( وه‌زاره‌تی‌ دارای‌ پێشینه‌ی‌ خانوبه‌ره‌ دابینده‌كات به‌پێی‌ رێنماییه‌كان)، ئه‌و ماده‌یه‌ بۆ پڕۆژه‌یاساكه‌ زیاد كرا.

هه‌رچه‌ند ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان داوایان كرد، پێشینه‌ی‌ خانوبه‌ره‌ی‌ هه‌مو ناحیه‌و گونده‌كان بگرێته‌وه‌و پاره‌كه‌ش زیاد بكرێت، به‌ڵام سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان ئه‌و داوایه‌ی‌ نه‌خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار ره‌خنه‌ی‌ ئه‌وه‌یان گرت، كه‌ له‌سلێمانی‌‌و هه‌ولێر رێنماییه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ وه‌كو یه‌ك جێبه‌جێ ناكرێن.

سۆزان شه‌هاب له‌و بڕوایه‌دایه‌ "رێنماییه‌كان له‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌ وه‌كویه‌ك نین، بۆ نمونه‌ له‌ هه‌ولێر زه‌وی‌ سه‌د مه‌تری‌ ئیفراز ناكرێت، به‌ڵام له‌ سلێمانی‌ جیاوازه‌".

ره‌شاد ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان وتی‌: "حكومه‌ت بایه‌خی‌ به‌ گونده‌كان نه‌داوه‌و كاری‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ گونده‌كان نه‌كردوه‌، له‌كاتێكدا گونده‌كان بڕبڕه‌ی‌ پشتی‌ ئابوری‌ وڵاتن، باشترین نمونه‌ش، گه‌رمیانه‌، ساڵی‌ رابردو له‌ (8 ) هه‌زار خێزانی‌ گوندنشین، (6) هه‌زاریان بۆ شاره‌كان كۆچیانكردوه‌".

ماده‌ی‌ (21) كه‌ تایبه‌تبو به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ (20%)ی‌ (مه‌نافیعی‌ ئیجتیماعی‌) هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ بۆ پڕۆژه‌یاساكه‌ زیاد كرا.
ماده‌كانی‌ تر كه‌ تایبه‌تبون به‌ حوكمه‌كانی‌ جێبه‌جێ كردنی‌ یاساكه‌ وه‌كو خۆیان له‌ پڕۆژه‌یاساكه‌دا مانه‌وه‌.

راسپارده‌كانی‌ په‌رله‌مان
دوای‌ په‌سه‌ندكردنی‌ پڕۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵی‌ هه‌رێم سه‌رۆكی‌، په‌رله‌مان (ماوه‌ به‌سه‌رچو) چه‌ند راسپارده‌یه‌كی‌ خوێنده‌وه‌، كه‌ به‌مزوانه‌ ئاراسته‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌كرێن، راسپارده‌كانیش بریتین له‌:
1/ بچوككردنه‌وه‌ی‌ پێكهاته‌ی‌ كابینه‌ی‌ داهاتوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران.
2/ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ ته‌واوی‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ دارایی‌‌و ده‌زگاكانی‌ چاودێری‌ دارایی‌‌و ئاسایش.
3/ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ زیندانییه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان به‌ ده‌ركردنی‌ یاسایه‌كی‌ تایبه‌ت.
4/ یه‌كخستنی‌ مه‌رجه‌كانی‌ سولفه‌ی‌ زه‌ی‌و زار‌و چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ دیاریكردنی‌ پێوه‌ره‌ تایبه‌ته‌كانی‌ دانی‌ سولفه‌ به‌مه‌رجێك دێهاته‌كانیش بگرێته‌وه‌.
5/ زیادكردنی‌ موچه‌ی‌ كه‌مده‌رامه‌ته‌كان.
6/ دیاریكردنی‌ مینحه‌یه‌ك بۆ حیزب‌و رێكخراوه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ پڕۆژه‌یاسای‌ هه‌مواركراوی‌ یاسای‌ حیزبه‌كان.
7/ چاودێری‌ خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان.
8/ ده‌بێت حكومه‌تی‌ هه‌رێم هه‌وڵی‌ بونیادنانی‌ كه‌رتی‌ نه‌وت بدات‌و پێویسته‌ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌ نه‌وتی‌ لێ‌ ده‌رده‌هێنرێن بڕێك له‌ داهاته‌كه‌ی‌ بۆ ته‌رخان بكرێت، به‌تایبه‌تی‌ ناوچه‌ی‌ گه‌رمیان.
9/ پێویسته‌ حكومه‌ت به‌ ره‌چاوكردنی‌ پره‌نسیپه‌كانی‌ پاداشت‌و لێپێچینه‌وه‌ كار بكات.
10/ جارێكی‌ دیكه‌ جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم له‌كاتی‌ خۆیدا پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان بكرێت.
11/ بایه‌خدان به‌ ناوچه‌كانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌و گه‌رمیان.

Sbeiy.com © 2007