Print
 ساته‌وه‌ختێكی‌ چاوه‌ڕوانكراو نه‌خشه‌ی‌ سیاسی‌ كوردستان له‌به‌رده‌م گۆڕانێكی‌ چاره‌نوسسازدایه‌
Saturday, July 4, 2009

راپۆرت: فه‌لاح نه‌جم

نه‌خشه‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌به‌رده‌م گۆڕانێكی‌ چاره‌نوسسازی‌ چاوه‌ڕوانكراودایه‌، به‌و
پێیه‌ قه‌واره‌ سیاسییه‌كان هه‌وڵه‌كانیان خستوه‌ته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی‌ گۆڕانێكی‌ ریشه‌یی‌ له‌ گۆڕه‌پانی‌ سیاسیدا بكه‌ن. شیكه‌ره‌وه‌ سیاسییه‌كان ده‌ڵێن به‌هۆی‌ هاتنه‌ مه‌یدانی‌ قه‌واره‌یه‌كی‌ سیاسی‌ به‌هێز هه‌مو لایه‌ك له‌ناو گریمانانه‌ دڵنیابونه‌ته‌وه‌.
رۆژی‌ 25/7/2009 ئه‌و رۆژه‌یه‌ كه‌ شیكه‌ره‌وه‌ سیاسییه‌كان به‌ رۆژی‌ گۆڕانی‌ نه‌خشه‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ناو ده‌به‌ن، كه‌ به‌ به‌شداری‌ چه‌ندین قه‌واره‌ی‌ سیاسی‌ به‌هێز ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بۆ ماوه‌ی‌ 4 ساڵی‌ دیكه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت، ده‌بێته‌ كۆتا ساخته‌ وه‌ختی‌ سه‌رده‌می‌ قۆرغكردنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ هه‌رێم له‌ لایه‌ن پارتی‌ و یه‌كێتییه‌وه‌.

بڵاوبونه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌شێوازی‌ حكومڕانی‌ له‌ هه‌رێمدا به‌رفراوانترین باس‌و خواسی‌ ناو چین‌و توێژه‌ جیاوازه‌كانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌یه‌، كه‌ چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن گۆڕانێكی‌ ریشه‌یی‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بكه‌ن له‌ڕوی‌ سیاسی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ئابوری‌ چونكه‌ 18 ساڵه‌ بارودۆخی‌ هه‌رێمه‌كه‌ شێوازی‌ حوكمێكی‌ به‌خۆوه‌ گرتوه‌و گۆڕانێكی‌ ئه‌وتۆی‌ تێدا به‌دینه‌كراوه‌ كه‌ بۆ بارودۆخی‌ ئێستای‌ كوردستان گۆڕان پێویستییه‌كی‌ سه‌ره‌كییه‌ كه‌ ده‌بێت روبدات.
سیروان ره‌شید رۆژنامه‌نوس ده‌ڵێت: "ره‌نگه‌ رۆژی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ ئه‌مساڵ ببێته‌ رۆژێكی‌ مێژویی بۆ له‌دایكبونی‌ هێزی‌ سێیه‌م له‌ كوردستان، ئه‌م هێزه‌ش له‌ ململانێیه‌كی‌ شارستانی‌ سه‌ختدا وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ سیاسی‌ نوێ‌ نه‌ك له‌ چوارچێوه‌ی‌ حیزبدا، سه‌ریهه‌ڵداوه‌. دوای‌ 18 ساڵ له‌ مۆنۆپۆلكردن‌و پاوانخوازی‌ له‌لایه‌ن پارتی‌‌و یه‌كێتی‌، وه‌ك به‌دیلی‌ سیاسی‌ خۆی‌ نمایشكردوه‌و هه‌وڵی‌ گۆڕانكاریی‌‌و گرتنه‌ده‌ستی‌ ده‌سه‌ڵات ده‌دات"

به‌بۆچونی‌ شیكه‌ره‌وه‌ سیاسییه‌كان سه‌ره‌ڕای‌ لیستی‌ گۆڕان كه‌ ركابه‌رێكی‌ لیستی‌ كوردستانی‌ لیسته‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی‌ پارتی‌ و یه‌كێتییه‌، كه‌ چانسی‌ یه‌كه‌م به‌دیلی‌ سیاسی‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ گۆڕانكاریی‌ ریشه‌یی‌ له‌ سیسته‌می‌ حوكمڕانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌دا بكات، 24 قه‌واره‌ی‌ سیاسی‌ دیكه‌ هه‌وڵی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ داهاتوی‌ په‌رله‌مان ده‌ده‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ش واده‌كات ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مان له‌ده‌ست ئه‌و دو حیزبه‌ وه‌ربگیرێته‌وه‌، ده‌شبێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ده‌ركه‌وتنی‌ دیموكراسیه‌ت له‌ هه‌رێمه‌كه‌.
سیروان ره‌شید وتیشی‌: "دیمه‌نی‌ سیاسی‌ په‌رله‌مانی‌ داهاتو چاوه‌ڕوانده‌كرێت گۆڕانكاری‌ ئیجابی‌ به‌سه‌ردا بێت‌و رۆڵی‌ چاودێریی‌ زیاتر ببینێت.، كه‌ كۆمه‌ڵێك په‌رله‌مانتاری‌ بوێرو چاونه‌ترس به‌گژ حكومه‌تدا بچنه‌وه‌، لێپێچینه‌وه‌ له‌سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت‌و وه‌زیره‌كان‌و كاربه‌ده‌سته‌ باڵاكان بكه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراقدا ده‌بینرێت.
سه‌ردار عه‌زیز پسپۆڕ له‌ ده‌وڵه‌ت‌و حكومداری‌ پێیوایه‌ ترسێك خۆی‌ حه‌شارداوه‌ لای‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌، ئه‌ویش ترسه‌ له‌گۆڕانێكی‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌، كه‌واته‌ هه‌ردو پارتی‌ باڵاده‌ست به‌ئاگاهاتنه‌وه‌و بۆیان ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ هه‌یه‌ بارودۆخه‌كه‌ گۆڕانی‌ تێكه‌وێت ئه‌م گۆڕانه‌ش ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆی‌ گۆڕانی‌ سنوری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌ردو حیزب كه‌واته‌ هه‌ردو حیزب نایانه‌وێت گۆڕان بێته‌ ئاراوه‌ بۆیه‌ ئه‌مه‌ی‌ ئێستا روده‌دات، هه‌وڵدانه‌ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی‌ داهاتو، بۆ رێگرتن یان سنورداركردنی‌ ئه‌و گۆڕانانه‌ی‌ كه‌ ره‌نگه‌ روبده‌ن".

پێش ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردن، دو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ كوردستان وه‌ك شتێكی‌ چاوه‌ڕواننه‌كراو، پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ قورسایی خۆیانیان له‌ده‌ستدا وه‌ك هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ چه‌ندین حیزبی‌ بچوك له‌هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان، خۆیان هاوپه‌یمانیان دروستكرد به‌شێوه‌یه‌ك ناكۆكی‌ كه‌وته‌ نێوان ئه‌م دو حیزبه‌و حیزبه‌ بچوكه‌كانه‌وه‌. سه‌ره‌ڕای‌ راگه‌یاندنی‌ لیستی‌ گۆڕان كه‌چه‌ندین ته‌وژمی‌ سیاسی‌‌و جه‌ماوه‌ری‌ چونه‌پاڵ ئه‌م لیسته‌، كه‌ئه‌مانه‌ كاریگه‌ریی‌ ته‌واویان ده‌بێت له‌سه‌ر گۆڕانی‌ نه‌خشه‌ی‌ سیاسی‌ كوردستان.

نوسه‌رو وه‌رگێڕ شوان ئه‌حمه‌د پێیوایه‌ له‌ كوردستان دوای‌ تێپه‌ڕاندنی‌ ئه‌و ماوه‌ زۆره‌، ئێستا له‌هه‌مو كات زیاتر چانسی‌ گۆڕان هاتوه‌ته‌ پێش هاوڵاتی‌ ده‌توانێت له‌ڕێگای‌ سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ی‌ خۆی‌ بكات به‌ كرده‌وه‌. گرنگ ئه‌وه‌یه‌ تۆپه‌كه‌ له‌ساحه‌ی‌ هاوڵاتیاندایه‌، له‌ڕێگای‌ ئه‌و مافه‌ی‌ هه‌یانه‌ ده‌نگبده‌ن و نه‌خشه‌ی‌ سیاسی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ بگۆڕن. شه‌رعیه‌ت له‌ده‌ست پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ بسه‌ننه‌وه‌و بیده‌نه‌ده‌ست ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ كه‌ شایه‌نی‌ ئه‌و متمانه‌یه‌ن.
چاوه‌ڕوانده‌كرێت‌و پێویستیشه‌ گۆڕان له‌ نه‌خشه‌ی‌ سیاسیدا بكرێت، چونكه‌ شیكه‌ره‌وه‌ سیاسییه‌كان وتیان "ده‌رهاویشتنه‌كانی‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ دوای‌ 18ساڵ له‌ ئه‌زمونی‌ حوكمڕانی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ راسته‌قینه‌ی‌ رێكخراو دروستده‌بێت. سه‌ره‌تای‌ ژیانی‌ دیموكراسی‌ له‌م هه‌رێمه‌دا ده‌ستپێده‌كات، كه‌ماوه‌یه‌كی‌ زۆره‌ كوردستان پێویستیه‌تی‌ به‌تایبه‌ت پاش زۆربونی‌ سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌و خراپ به‌كارهێنانی‌ ئه‌و حوكمه‌ی‌ كه‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ وه‌ك دو هێزی‌ ده‌سه‌ڵاتدار به‌كاریانهێنا".

Sbeiy.com © 2007