Print
 شێخ له‌تیف ماویلی‌ په‌رله‌مانتاری‌ پێشوی‌ كوردستان:
گۆڕان هه‌ڵقوڵاوی‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ جه‌ماوه‌رییه‌ بۆ گۆڕینی‌ سیستمی‌ حكومڕانی‌
Sunday, July 12, 2009

دیمانه‌: سامان به‌شاره‌تی‌

شێخ له‌تیف ماویلی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات لیستی‌ گۆڕان توانی ببێته‌ پێشه‌نگ له‌ گۆرینی‌ كۆمه‌ڵگادا، ‌وابكات خه‌ڵكی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئازادانه‌ بێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان‌و داوای‌ مافه‌كانی‌ خۆیان بكه‌ن كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ له‌ ماوه‌ی‌ (18) ساڵی‌ حكومڕانیدا نه‌یتوانیوه‌ بۆیان جێبه‌جێ‌ بكات، شێخ له‌تیف كه‌ ئه‌ندامی‌ یه‌كه‌م خولی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانیش بوه‌ پێی‌ وایه‌ لیستی‌ گۆڕان هه‌ڵقوڵاوی‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ جه‌ماوه‌رییه‌ بۆ گۆڕانی‌ سیستمی‌ حكومڕانی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا، كه‌سیش ناتوانێت رێگا بگرێت له‌م بزوتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ كه‌ خه‌ڵك له‌ خه‌می‌ ئه‌وه‌دایه‌ لیستی‌ گۆڕان سه‌ربكه‌وێت‌و هیوا‌و ئاواته‌كانی‌ ئه‌م میلله‌ت بهێنێته‌دی‌.


*له‌ روی‌ ئاینیه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن‌و گۆڕانكاری‌ له‌ ده‌سه‌ڵات چۆن پێناسه‌ ده‌كرێت؟
شێخ له‌تیف ماویلی‌: هه‌ڵبژاردن‌و گۆڕان له‌ ئایینه‌كاندا باسی‌ لێوه‌كراوه‌ به‌تایبه‌تی‌ ئایینی‌ ئیسلام ئاماژه‌یه‌كی‌ زۆر دراوه‌ به‌ گۆڕان، له‌ ده‌قه‌ ئاینیه‌كانیشدا به‌شێوه‌یه‌كی‌ دورو درێژ باسی‌ لێوه‌كراوه‌، له‌ ئاینی‌ ئیسلامدا ته‌نیا ئه‌وشتانه‌ ناگۆڕێن كه‌ پێیان ده‌وترێت سه‌وابت، ‌وه‌ك روكنه‌كانی‌ ئیمان، به‌ڵام له‌ روی‌ دونیاگه‌رییه‌وه‌ ئاینی‌ ئیسلام هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ‌ گۆڕاندا بوه‌، هه‌وڵیشی‌ داوه‌ گۆڕانكاری‌ له‌ ژیانی‌ مرۆڤایه‌تیدا بكات، به‌تایبه‌تی‌ زانایانی‌ سۆفیگه‌ر به‌ هه‌مو ته‌ریقه‌ته‌كانیه‌وه‌ له‌ هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دابون له‌ كۆمه‌ڵگادا دیوێكی‌ دیكه‌ی‌ ئایینی‌ نیشانی‌ خه‌ڵكی‌ بده‌ن‌و گۆڕانكاری‌ بكه‌ن له‌ ژیاندا، بۆ نمونه‌ له‌ كوردستاندا مه‌ولانا خالید كه‌سێكی‌ نوێخوازبو له‌ دروسكردنی‌ ته‌ریقه‌تی‌ نه‌قشبه‌ندی‌ له‌ كوردستاندا، توانی‌ ببێته‌ رێبه‌ری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ نوێخوازی‌ میلله‌تی‌ كورد له‌ روی‌ ئاینیه‌وه‌،  بۆیه‌ ئێستا شاری‌ سلێمانی‌ یه‌كێكه‌ له‌و شارانه‌ی‌ ده‌ستپێشخه‌ره‌ له‌ نوێخوازی‌‌و هه‌وڵدان بۆ گۆڕینی‌ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ چه‌قبه‌ستو، له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا، ده‌توانم بڵێم ئێستا سلێمانی‌ بوه‌ته‌ پێشه‌نگ له‌ روی‌ رۆشنبیریه‌وه‌‌و گۆڕانه‌وه‌.

*كه‌واته‌ ده‌توانین بڵێین ئێستا لیستی‌ گۆڕان هه‌ڵگری‌ ئه‌و نوێخوازیه‌یه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا له‌ روی‌ حكومڕانیه‌وه‌؟
شێخ له‌تیف ماویلی‌: لیستی‌ گۆڕان توانی ببێته‌ پێشه‌نگ له‌ گۆڕینی‌ كۆمه‌ڵگا‌و ‌وابكات خه‌ڵكی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئازادانه‌ بێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان‌و دوای‌ مافه‌كانی‌ خۆیان بكه‌ن كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ له‌ ماوه‌ی‌ (18) ساڵی‌ حوكمڕانیدا نه‌یتوانیوه‌ بۆیان جێبه‌جێ‌ بكات، به‌ بڕوای‌ من لیستی‌ گۆڕان هه‌ڵقوڵاوی‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ جه‌ماوه‌رییه‌ بۆ گۆڕانی‌ سیستمی‌ حوكمڕانی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا، كه‌سیش ناتوانێت رێگا بگرێت له‌م بزوتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌، كه‌ له‌ خه‌می‌ ئه‌وه‌دایه‌ لیستی‌ گۆڕان سه‌ربكه‌وێت، هیوا‌و ئاواته‌كانی‌ ئه‌م میلله‌ت بهێنێته‌دی‌. خه‌ڵكی‌ ده‌یه‌وێت لیستی‌ گۆڕان رێگربێت له‌به‌رده‌م ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی‌ كه‌ هه‌مو داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌تی‌ داگیركردوه‌، هه‌ر چه‌نده‌ نه‌هێشتنی‌ گه‌نده‌ڵیش یه‌كێك له‌ به‌رنامه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی‌ لیستی‌ گۆڕان، ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی‌ باش كاری‌ بۆ بكات.

*تۆ ده‌توانیت بیسه‌لمێنیت كه‌ حكومه‌ت گه‌نده‌ڵه‌؟
شێخ له‌تیف ماویلی‌: به‌ڵێ‌، چونكه‌ به‌ڕاستی‌ له‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی رابردودا بودجه‌یه‌كی‌ زه‌به‌لاح  دێته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و كه‌سیش نازانێت چۆن چۆنی‌ خه‌رج ده‌كرێت، یان خه‌زێنه‌ی‌ حكومه‌ت چه‌ند پاره‌ی‌ تێدایه‌، یان بۆ به‌خه‌ڵكی‌ ناوترێت ساڵانه‌ ئه‌وه‌نده‌ پاره‌ دێته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌و شێوه‌یه‌ش خه‌رج ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت چۆنیه‌تی‌ خه‌رجكردنی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ش ناوترێت به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ گه‌نده‌ڵی‌ نه‌بێت بۆ حكومه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی‌ راست‌و دروست باسی‌ چۆنیه‌تی‌ خه‌رجكردنی‌ ئه‌و پاره‌ زۆره‌ ناكات كه‌ ده‌درێته‌ سێ‌ پارێزگای‌ كوردستان، بڕوام وایه‌ لیستی‌ گۆڕان ده‌توانێت ئه‌م متمانه‌یه‌ بۆ خه‌ڵكی‌ كوردستان بگێڕێته‌وه‌ له‌ روی‌ چۆنیه‌تی‌ سه‌رفكردنی‌ بودجه‌ی‌ كوردستان‌و رێگریش بێت له‌ چۆنیه‌تی‌ سه‌رفكردنی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌ موڵكی‌ هه‌مو خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌ نه‌ك ته‌نیا بۆ چه‌ند كه‌سێك خه‌رج بكرێت، له‌م كاته‌دا بونی‌ لیستی‌ گۆڕان پێویستیه‌كی‌ مێژوی‌ بو، هیواداریشم خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌نگ بۆ لیستی‌ گۆڕان بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگه‌ن به‌ هیوا‌و ئاواته‌كانی‌ خۆیان.

*باشه‌ بۆ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ ماوه‌ی‌ ئه‌م چوار ساڵه‌یدا نه‌یتوانیوه‌ چاودێری‌ كاره‌كانی‌ حكومه‌ت بكات، له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی‌ لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ ‌وه‌زیرێكدا بكات؟
شێخ له‌تیف ماویلی‌: په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ ماوه‌ی‌ رابردو له‌ژێر سێبه‌ری‌ حیزبدا كاری‌ كردوه‌، نوێنه‌ری‌ حیزب بوه‌ نه‌ك خه‌ڵكی‌ كوردستان، بۆیه‌ ئه‌و كارانه‌شی‌ كراون به‌شێوه‌یه‌كی‌ ته‌وافوقی‌ كراوه‌ له‌ نێوان پارتی‌‌و یه‌كێتی‌، ئه‌م شێوه‌ ته‌وافوقیه‌ش نابێت له‌ زه‌ره‌ری‌ هیچ لایه‌كیان بێت، بۆیه‌ له‌ ماوه‌ی‌ هه‌ردو خولی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا هیچ كارێك نه‌كراوه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خه‌ڵك بوبێت ئه‌وه‌نده‌ی‌ كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ هه‌ردو پاتی‌ ده‌سه‌ڵاتدا بوه‌، ده‌توانم بڵێم هۆكاری‌ ئه‌كتیفنه‌بونی‌ په‌رله‌مان بۆ ئه‌م هۆكارانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌تاوه‌كو حیزب ئه‌مری‌ به‌ په‌رله‌مان نه‌كردبێت بۆ كارێك په‌رله‌مان نه‌یكردوه‌، له‌ هه‌مو دونیادا ئه‌گه‌ر كادیرێكی‌ حیزبی‌ پله‌یه‌كی‌ حكومی‌ ‌وه‌رگرت ده‌بێت ‌واز له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ بهێنێت، كار بۆ میلله‌ت بكات كه‌چی‌ له‌ كوردستاندا ئێمه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌رپرسانی‌ حیزبی‌ كاتێك پۆستێكی‌ حكومی‌ ده‌گرنه‌ده‌ست كار بۆ حیزبه‌كانیان ده‌كه‌ن، هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌و پۆسته‌یان به‌كاربهێنن بۆ كۆكردنه‌وه‌‌و زیادكردنی‌ ئه‌ندامی‌ حیزبه‌كانیان.

* ئایا لیستی‌ گۆڕان ده‌توانێت په‌رله‌مانێكی‌ كاراو ئه‌كتیف پێكبهێنێت، یان دوباره‌بونه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ رابردو ده‌بێت، ته‌نیا گۆڕان له‌ ده‌مو چاوه‌كاندا ده‌كرێت؟
شێخ له‌تیف ماویلی‌: ناتوانم بڵێم په‌رله‌مانی‌ داهاتو سه‌د له‌ سه‌د گۆڕانێكی‌ نه‌وعی‌ به‌سه‌ردا دێت، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم لیستی‌ گۆڕان ده‌توانێت گۆڕانێكی‌ باش بكات له‌ په‌رله‌مانی‌ داهاتو، چونكه‌ ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ی‌ لیستی‌ گۆڕان كه‌ ده‌چنه‌ ناو هۆڵی‌ په‌رله‌مان هه‌ڵبژێراوی‌ ناخی‌ خه‌ڵكن نه‌ك حیزب، خه‌ڵك بڕوای‌ به‌ به‌رنامه‌كه‌یان هێناوه‌ بۆیه‌ ده‌نگیان پێداون، بۆیه‌ ته‌نیا ئه‌وان ده‌توانن ببنه‌ نوێنه‌ری‌ خه‌ڵی‌ كوردستان، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش له‌ خه‌می‌ خه‌ڵكدابو ده‌توانێت لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تدا بكات، به‌دوای‌ داواكاریه‌كانی‌ خه‌ڵكه‌وه‌ بێت، نه‌هێڵێت پاره‌ی‌ ئه‌م میلله‌ته‌ له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ بخورێت، ده‌بێت خه‌ڵكی‌ كوردستانیش هۆشیاربێت له‌ كاتی‌ ده‌نگدانیاندا بزانن ده‌نگ به‌كێ‌ ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببێته‌ نوێنه‌ریان له‌ په‌رله‌مانی‌ داهاتودا.

*جه‌نابتان ‌وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی‌ ئایینی‌ په‌یامتان چییه‌ بۆ هاوڵاتیانی‌ كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌نگ به‌ لیستی‌ گۆڕان بده‌ن‌و نه‌هێڵن چی دیكه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ په‌ره‌ به‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و نادادپه‌روه‌ری‌ بدات له‌ دروستكردنه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ نوێدا؟
شێخ له‌تیف ماویلی‌: ده‌مه‌وێت ‌وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی‌ ئایینی‌ داوا له‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان بكه‌م له‌گه‌ڵ‌ گۆڕاندا بن‌و ده‌نگ به‌ لیستی‌ گۆڕان بده‌ن، حه‌زیش ده‌كه‌م بۆ هاوڵاتییانی‌ كوردستانی‌ رون بكه‌مه‌وه‌ كه‌ خوای‌ گه‌وره‌ له‌ ئایه‌تێكی‌ قورئاندا هاتوه‌ كه‌ ده‌ڵێت "ئه‌ی‌ رابه‌ری‌ مسوڵمانان بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ راستی‌‌و به‌هه‌ق حكوم له‌نێوان خه‌ڵك بكه‌ی‌ ‌وه‌ك چۆن خوا رێگای‌ پیشاندای‌ حوكمڕانی‌ بۆ بكه‌یت ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی‌ راست‌و دروست حوكمڕانی‌ بكه‌یت، چونكه‌ تۆ رێبه‌رێكی‌ عادلی‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ی‌، كاتێك خوا ‌وه‌حی‌ بۆ پێغه‌مبه‌ر نارد‌و خه‌ڵكیش متمانه‌یان پێكرد ده‌بێت ئه‌وه‌یش به‌شێوه‌یه‌كی‌ دادپه‌روه‌رانه‌ حكوم له‌ كۆمه‌ڵگادا بكات، هه‌روه‌ها له‌ ئایه‌تێكی‌ دیكه‌ی‌ قورئانی‌ پیرۆزدا هاتوه‌ له‌ لة سورةتى (النساء) دةفةرمويَت "إن الله يأمركم أن توْدوا الاْمانات الى أهلهاء اذاحكمتم بين الناس أن تحكموا بالعدل إن الله نعما يعظكم به إن الله كان سميع بصير(58) يا أيها الذين آمنو اطيعو الله واطيعو الرسول واولي الامر منكم فإن تنازعتم فى شئ فردوه إلى الله والرسول إن كنتم تؤمنون بالله واليوم الآخر ذلك خير وأحسن تأويلا(59) . خوای‌ گه‌وره‌ له‌م ئایه‌ته‌دا باس له‌ حوكمڕانی‌ خه‌ڵكی‌ جیهان ده‌كات، هه‌ر ئه‌مانه‌تێك لاتانبو بیده‌نه‌وه‌ به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ ئه‌مه‌ش فه‌رمانی‌ خوایه‌، ئه‌گه‌ر حكومتان كرد له‌ نێوان خه‌ڵكدا حوكمڕانیه‌كی‌ دادپه‌روه‌رانه‌بكه‌ن، چونكه‌ خوا به‌ باشترین ئامۆژگاریتان بۆ ده‌نێرێت كه‌ ئه‌ویش دادپه‌روه‌رییه‌، چۆن خودا بیسه‌رو بینه‌ری‌ گشتیه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ‌ رێزم بۆ گشت حوكمڕانانی‌ كوردستان هه‌تاوه‌كو ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی‌ كه‌ خوای‌ گه‌وره‌ باسی‌ لێوه‌ ده‌كات دادپه‌روه‌ربن، له‌ حوكمڕانی‌ خۆیان بۆ كوردستان، به‌تایبه‌ت له‌ (به‌یتولمال)‌و داهاتی‌ نه‌وت‌و داهاتی‌ گشتی‌ كه‌ به‌شێكی‌ هه‌ره‌ گرنگی‌ ئه‌مانه‌ته‌، ئه‌مجاره‌ش داوا له‌ هاوڵاتییانی‌ كوردستان ده‌كه‌م ده‌نگ به‌ لیستی‌ گۆڕان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ حوكمڕانیه‌كی‌ نوێ‌‌و كارا بهێنێته‌ سیستمی‌ حوكمڕانی‌ كوردستان كه‌ هه‌مو تاكێكی‌ كۆمه‌ڵگا ‌وه‌ك یه‌ك سودمه‌ندبن له‌ به‌رهه‌می‌ ئه‌و حكومه‌ته‌دا، ده‌توانین لیستی‌ گۆڕان بخه‌ینه‌ به‌رده‌م ئه‌م ئه‌زمونه‌ی‌ داهاتوی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، هیواداریشم هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مان ببێته‌ سیستمێك كه‌ چوار ساڵ‌ جارێك كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی‌ نوێ‌ بچنه‌ ناو هۆڵه‌كانی‌ په‌رله‌مان، بۆ ئه‌وه‌ی‌ گۆڕان دروستبكات، چونكه‌ هاتنی‌ گشت پێغه‌مبه‌ران‌و په‌رتوكه‌ ئاسمانیه‌كان بۆ خواناسی‌‌و گۆڕان‌و دادپه‌روه‌ری‌ بوه‌. 

پرۆفایل
-له‌تیف عبدو لقادر سادق ناسراوه‌ به‌ (شێخ له‌تیف ماویلی‌)
-له‌ ساڵی‌ (1953) له‌ گوندی‌ ماولیان له‌ دایك بوه‌
-ده‌رچوی‌ كۆلێژی‌ شه‌ریعه‌ی‌  به‌غدایه‌ له‌ ساڵی‌ (1980)
-بۆ ماوه‌ی‌ (21) ساڵ‌ پێشنوێژ‌و ‌وتارخوێنی‌ كردوه‌
-بۆ ماوه‌ی‌ زیاترله‌ سێ‌ ساڵیش ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بوه‌ له‌ خولی‌ یه‌كه‌می‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان.

Sbeiy.com © 2007