Print
 بودجه‌یه‌ك له‌ تاریكیدا2
Wednesday, July 15, 2009

یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ ساڵانه‌ 840 ملیۆن دۆلار له‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم بۆ خۆیان ده‌به‌ن

راپۆرت: فازڵ‌ نه‌جیب‌و محه‌مه‌د شێخ فاتیح

هه‌رێمێكی‌ وێران
له‌ 6 ساڵی رابردودا زیاتر له‌ 31 ملیار دۆلار وه‌ك بودجه‌ كه‌وتوه‌ته‌ ژێرده‌ستی یه‌كێتی‌و پارتی‌و تائێستاش هیچ یه‌كێك له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هاوڵاتییان وه‌ك قه‌یرانی نیشته‌جێبون‌و رێگاوبان‌و ئاو‌و ئاوه‌ڕۆ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌و ژێرخانی ئابوریی كوردستانیش به‌رگه‌ی بچوكترین كێشه‌ی سیاسی ناگرێت له‌گه‌ڵ‌ به‌غدا.
 شتێك كه‌ زۆر به‌ڕونی دیاره‌، هاتنی بودجه‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌ی به‌غداو گه‌نده‌ڵیی كوردستان‌و شكستی چه‌ندین پرۆژه‌ی ستراتیژییه‌، به‌ڵام شتێك كه‌ شاراوه‌یه‌، چۆنێتی خه‌رجكردنی بودجه‌كه‌و ئه‌و ملیۆنان دۆلاره‌یه‌ كه‌ جگه‌ له‌ چه‌ند كه‌سێكی ناو یه‌كێتی‌و پارتی، هیچ هاوڵاتییه‌كی ئه‌م كوردستانه‌ لێی به‌ ئاگا نییه‌.


دهۆك، شارێكی فه‌رامۆشكراو
له‌ پارێزگای دهۆك، پارتی له‌ ساڵه‌كانی 2006 تا سه‌ره‌تای 2009 بڕی 526 ملیۆن‌و 897 هه‌زار دۆلاری خه‌رجكردوه‌، كه‌ زیاتر له‌ 300 ملیۆن دۆلاری له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدان بوه‌. واته‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و 3 ساڵه‌دا پارتی نزیكه‌ی 225 ملیۆن دۆلاری له‌ پرۆژه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و پێشخستنی ئه‌و پارێزگایه‌دا خه‌رجكردوه‌، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و 3 ساڵه‌دا ته‌نیا له‌ حكومه‌تی به‌غداو دور له‌ داهاته‌كانی ناوخۆ، زیاتر له‌ 8 ملیارو 650 ملیۆن دۆلاری وه‌رگرتوه‌، واته‌ پارتی له‌ ماوه‌ی ئه‌و 3 ساڵه‌دا ته‌نیا 2,4% ئه‌و پاره‌یه‌ی به‌ كاشی بۆی هاتوه‌، بۆ پرۆژه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی پارێزگای دهۆكی خه‌رجكردوه‌.
به‌پێی ئاماره‌كانی‌ وه‌زاره‌تی پلاندانان، ژماره‌ی دانیشتوانی پارێزگای دهۆك زیاتر 973 هه‌زار هاوڵاتییه‌و 41 شاره‌وانی له‌ سنوری ئه‌و پارێزگایه‌دا هه‌یه‌.
به‌شی پارتی له‌ بودجه‌ی ساڵی 2008 بریتی بوه‌ له‌ 4 ملیارو 460 ملیۆن دۆلار، به‌پێی لێدوانی به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانییه‌كان، حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نیا یه‌ك پرۆژه‌ی له‌سه‌ر بودجه‌ی خۆی بۆ پارێزگای دهۆك ئه‌نجام نه‌داوه‌ له‌ بواره‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دا.

 هه‌مو پرۆژه‌كانیش له‌ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌دا له‌ سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدان ئه‌نجامدراون، له‌كاتێكدا ئه‌و شاره‌ پێویستی‌ به‌ سه‌دان خزمه‌تگوزاریی‌ هه‌یه‌، بۆنمونه‌:
*هیچ پرۆژه‌یه‌كی وه‌به‌رهێنانی كاره‌بای تێدا نییه‌و پشت به‌ كاره‌بای توركیا ده‌به‌ستێت‌و هه‌ركاتێك كێشه‌ی سیاسی سه‌رهه‌ڵبدات، توركیا كاره‌باكه‌ ده‌بإێت.
*تائێستا ئاوه‌ڕۆی‌ سندوقی تێدا نییه‌.
*پاركێكی گه‌وره‌ی گشتی له‌ شاری دهۆكدا نییه‌، له‌كاتێكدا له‌ هه‌ولێر دو پاركی سه‌ره‌كی‌و سه‌دان پاركی بچوك دروستكراون.
*فڕۆكه‌خانه‌ له‌ هه‌ولێرو سلێمانی هه‌یه‌و له‌ دهۆك نییه‌.

جگه‌ له‌و هۆڵانه‌ی پێشوتر دروستكرابون، چه‌ند هۆڵێكی دیكه‌ی گرنگی كۆبونه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر دروستكراون، له‌كاتێكدا له‌ دهۆك شتێكی له‌و جۆره‌ نییه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌و چه‌ند نمونه‌ كه‌مه‌، به‌رپرسانی ئه‌و پارێزگایه‌ باسی كه‌میی خوێندنگه‌و نه‌خۆشخانه‌ ده‌كه‌ن. ئه‌و ئامارانه‌ زۆر به‌ڕونی نادادپه‌وه‌ری له‌ دابه‌شكردنی بودجه‌ی حكومه‌ت پیشان ده‌دات له‌نێوان ئه‌و دو پارێزگایه‌دا.

به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی كه‌ له‌ پارێزگای دهۆك ده‌ستكه‌وتون‌و ئه‌و ئامارانه‌ی له‌سه‌ر بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌رله‌ماندا په‌سه‌ند كراوه‌، له‌ ماوه‌ی 3 ساڵی رابردودا پارتی دیموكرات رێژه‌ی 2,4% بودجه‌ی ژێر ده‌ستی خۆی بۆ پارێزگای دهۆك خه‌رجكردوه‌ له‌ بواری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دا، ئه‌وه‌ش بوه‌ته‌ هۆی ئه‌و شاره‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دوابكه‌وێت به‌ به‌راورد به‌ شاری هه‌ولێر، له‌كاتێكدا یه‌كێك له‌ پڕخێرترین ده‌روازه‌كانی گومرككردن له‌سه‌ر ئاستی عێراق له‌و سنوره‌دایه‌ كه‌ ئه‌ویش ئیبراهیم خه‌لیله‌.

 له‌به‌رئه‌وه‌ی حساباتی 2009 هێشتا ته‌واو نه‌بوه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ ته‌ركیز ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر داهات‌و خه‌رجییه‌كانی ئیداره‌ی هه‌ولێر له‌ 5 ساڵی رابردودا، ئه‌ویش به‌پشتبه‌ستن ئه‌و ئامارانه‌ی كه‌ ده‌زگا ره‌سمی‌و به‌رپرسه‌كان بڵاویانكردوه‌ته‌وه‌.
له‌ماوه‌ی ئه‌و 5 ساڵه‌دا، واته‌(2004 تا سه‌ره‌تای 2009)، زیاتر له‌ 19 ملیارو 785 ملیۆن دۆلار وه‌ك بودجه‌ له‌ به‌غداوه‌ هاتوه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان‌و پشكی پارتیش له‌و بودجه‌یه‌ كه‌ 54% ه‌، ده‌كاته‌ 10 ملیارو 684 ملیۆن دۆلار.
ئه‌وه‌ی پارتی له‌ هه‌ولێرو دهۆك له‌ بواره‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ خه‌رجیكردوه‌و به‌ ئامار بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و 5 ساڵه‌دا (بێجگه‌ له‌ خه‌رجییه‌كانی 2005,2004ی دهۆك) كه‌متره‌ له‌ 225 ملیۆن دۆلار بۆ دهۆك‌و 1 ملیارو 692 ملیۆن دۆلاریش بۆ هه‌ولێر. كۆی گشتی ئه‌و خه‌رجییانه‌، بریتییه‌ له‌ 1 ملیارو 917 ملیۆن دۆلار...
سه‌رنج: هه‌ندێك پرۆژه‌و خه‌رجیی بچوكی هه‌ولێر بۆ ساڵی 2008 له‌ڕێی لیژنه‌ی ته‌نده‌راتی پارێزگاوه‌ جێبه‌جێ‌ نه‌كراوه‌و گوژمه‌كه‌ی نه‌هاتوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و ئامارانه‌ی ئێمه‌ پشتمان پێبه‌ستوه‌.

 ئه‌و پرۆژانه‌ی كه‌ له‌ هه‌ولێرو دهۆك بنیادنراون له‌ ماوه‌ی 5 ساڵی رابردودا كه‌متر له‌ 2 ملیار دۆلاریان تێچوه‌، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌م راپۆرته‌دا به‌دواداچونمان بۆ چۆنێتیی پرۆژه‌كان‌و بڕی تێچونی نه‌كردوه‌، كه‌ هه‌مو كه‌س له‌ كوردستان‌و به‌ به‌رپرسانی حكومه‌تیشه‌وه‌ دان به‌ گه‌نده‌ڵیدا ده‌نێن له‌و بواره‌دا.
واته‌ پارتی له‌و 10 ملیارو 684 ملیۆن د‌ولاره‌ی له‌ژێر ده‌ستیدا بوه‌، ته‌نیا 18.7%ی هه‌مو بودجه‌كه‌ی بۆ ته‌واوی پرۆژه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و رێگاوبان خه‌رجكردوه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی بڵاوكرانه‌وه‌و هیچ به‌رپرسێكی یه‌كێتی‌و پارتی نه‌یتوانی به‌ به‌ڵگه‌وه‌ ره‌دیانبكاته‌وه‌، مانگانه‌ 35 ملیۆن دۆلاریان له‌ بودجه‌ی خه‌ڵك بردوه‌ بۆ حیزب‌و له‌ماوه‌ی ئه‌و 5 ساڵه‌شدا پارتی 2 ملیارو 100 ملیۆن دۆلاری هه‌ڵگرتوه‌. ئێستا ئه‌گه‌ر ئه‌و چه‌رده‌یه‌شی لێده‌ربكه‌ین، هێشتا 2 ملیارو 412 ملیۆن دۆلار له‌ تاریكیدا خه‌رجكراوه‌.
 
هیچ كه‌سێك نازانێت ئه‌و پاره‌ زۆره‌ چی‌ لێهاتوه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و په‌رله‌مانه‌شی كه‌ بإیار بو چاودێری مافه‌كانی ئێوه‌ بكات، له‌ ئێوه‌ بێخه‌به‌رتره‌ له‌وه‌ی چی له‌ داهاتی ئه‌م كوردستانه‌ ده‌كرێت‌و هه‌ر ئه‌وه‌شبو وایكرد چه‌ندینجار ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان داخی دڵی خۆیان له‌ ناشه‌فافی بودجه‌ له‌ میدیاكاندا ده‌ربكه‌ن‌و دواجاریش ئه‌ندامێكیان بایكۆتی كۆبونه‌وه‌كانی په‌رله‌مانی كرد.

له‌نێوان حكومه‌ت‌و كه‌رتی تایبه‌تدا، هه‌ولێر به‌نمونه‌
به‌شێكی گه‌وره‌ له‌ جوانكارییه‌كانی شاری هه‌ولێر، دورو نزیك په‌یوه‌ندی به‌ بودجه‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌وه‌ نییه‌و كه‌رتی تایبه‌ت له‌پێناوی به‌ده‌ستهێنانی قازانج ئه‌نجامیداوه‌، زۆریی پرۆژه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت به‌تایبه‌ت له‌بواری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دا، به‌شێكی زۆری ئاوه‌دانی به‌ هه‌ولێر به‌خشیوه‌. ئێمه‌ لێره‌دا به‌راوردێك ده‌كه‌ین له‌نێوان ئه‌و دو لایه‌نه‌دا.
هه‌ریه‌ك له‌ پرۆژه‌ گه‌وره‌كانی وه‌ك بازاڕی نیشتمان‌و دریم سیتی‌و میردیان سیتی‌و گوندی به‌ریتانی‌و گوندی ئه‌ڵمانی‌و سۆپه‌رماركێته‌كانی وه‌ك نیوسیتی‌و نازسیتی‌و ده‌یان پرۆژه‌ی گه‌وره‌ی دیكه‌ كه‌ كه‌رتی تایبه‌ت دروستیكردون، وایكردوه‌ شاری هه‌ولێر پێشبكه‌وێت‌و جوانتر بنوێنێت. ئه‌گه‌ر ته‌نیا تێچونی چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌ولێر وه‌ربگرین، زۆر زیاتره‌ له‌و پاره‌یه‌ی كه‌ حكومه‌ت له‌ماوه‌ی 5 ساڵدا له‌و شاره‌ خه‌رجیكردوه‌.

به‌ پێی ئامارێكی پارێزگای هه‌ولێر، تێچونی‌ كۆی سه‌رمایه‌كانی پرۆژه‌ی بازاإی نیشتمان‌و دریم سیتی‌و مێردیان سیتی‌و گوندی خانزادی ئه‌مه‌ریكی كه‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت جێبه‌جێیكردون 3 ملیارو 180 ملیۆن دۆلاره‌، به‌ڵام پارتی له‌ 5 ساڵی رابردودا بۆ هه‌ردو پارێزگای هه‌ولێرو دهۆك كه‌متر له‌ 2 ملیاری خه‌رجكردوه‌.

سلێمانی، شاره‌ بێخاوه‌نه‌كه‌
له‌ ماوه‌ی 6 ساڵی رابردودا ئه‌و بودجه‌یه‌ی له‌ به‌غداوه‌ هاتوه‌ بۆ سلێمانی، نزیكه‌ی 12 ملیار‌و 273 دۆلاره‌، جگه‌ له‌وه‌ش نزیكه‌ی 750 ملیۆن دۆلاریش به‌ دو وه‌جبه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكییه‌كان‌و پاشماوه‌ی پاره‌ی نه‌وت به‌رامبه‌ر به‌ خۆراكه‌وه‌ هاتوه‌ته‌ ئه‌م پارێزگایه‌، ئه‌وه‌ هه‌ر باسی داهاته‌كانی ناوخۆ ناكه‌ین كه‌ ساڵانێك به‌ ته‌نیا به‌و داهاتانه‌ حكومه‌تی پێ به‌ڕێوه‌ده‌برا. هه‌مو ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ دانیشتوانی پارێزگای سلێمانییه‌ كه‌ زیاترن له‌ 1ملیۆن‌و 917 هه‌زار هاوڵاتی.

له‌دوای یه‌كگرتنه‌وه‌ی حكومه‌ت، وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێكردن كه‌ یه‌كێتی به‌ڕێوه‌یده‌بات، ئامارێكی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و ژماره‌ی پرۆژه‌كانی 3 ساڵی رابردوی خۆی تێدا به‌یانكردوه‌. له‌ ئاماره‌كه‌دا هاتوه‌ كه‌:
403 پرۆژه‌ له‌ هه‌ر سێ‌ شاره‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ پێی هه‌ستاوه‌، له‌ ساڵه‌كانی  2006، 2007، 2008 به‌گوژمه‌ی 359 ملیۆن‌و 484 هه‌زار دۆلار جێبه‌جێكراوه‌.
ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ بودجه‌ی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ ته‌نیا له‌ ساڵی 2008 بریتییه‌ له‌ 10.44%ی بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان، كه‌ پاش جیاكردنه‌وه‌ی موچه‌، بڕی 428 ملیۆن دۆلار بۆ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ دابینكراوه‌.

هاوڵاتیی به‌ڕێز، ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ له‌ ماوه‌ی 3 ساڵدا نزیكه‌ی 360 ملیۆن دۆلاری له‌ هه‌مو پرۆژه‌كانیدا خه‌رجكردوه‌، له‌كاتێكدا ته‌نیا بودجه‌ی ساڵی 2008ی 428 ملیۆن دۆلاره‌..
ئێوه‌ بپرسن.. ئه‌م شێوه‌ حسابات‌و خه‌رجییه‌ له‌ چ له‌ وڵاتێكی دنیادا هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ماستی بودجه‌و داهاته‌كان‌و خه‌رجییه‌كان سه‌دان گوریسی تێدا نییه‌، بۆچی بۆ هاوڵاتییانی رون ناكه‌نه‌وه‌؟

 دوای ئه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی لێده‌رده‌كرێت كه‌ به‌پێی‌ لێدوانی وه‌زیری دارایی، 44%ی بودجه‌ی گشتییه‌، بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌ماوه‌ی 6 ساڵی رابردودا له‌ده‌ستی یه‌كێتیدا ماوه‌ته‌وه‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی پارێزگای سلێمانی، نزیكه‌ی 6 ملیار دۆلاره‌... جگه‌ له‌و پرۆژانه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدان دروستیكردون كه‌ نزیكه‌ی 500 پرۆژه‌یه‌ك ده‌بێت، ئێوه‌ بپرسن له‌ماوه‌ی 6 ساڵه‌دا چ پرۆژه‌یه‌كی ستراتیژیی گرنگ له‌م پارێزگایه‌ دروستكراوه‌، ئه‌وه‌ی زۆر رون‌و ئاشكرایه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا زیاتر له‌ 2 ملیار دۆلار به‌ كاشی خراوه‌ته‌ گیرفانی حیزبه‌وه‌..

ده‌بێت پرۆژه‌ ستراتیژییه‌كانی ئیداره‌ی سلێمانی چیی بێت، خۆ ئه‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌ی 400 قه‌ره‌وێڵه‌ییه‌كه‌یه‌ كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌سه‌ر بودجه‌ی نه‌وت به‌رامبه‌ر به‌ خۆراك 40 ملیۆن دۆلاری بۆ ته‌رخانكرا، له‌سایه‌ی ئیداره‌ی سلێمانیدا 5 ساڵه‌ كاری تێدا ده‌كرێت‌و تائێستاش 55% ته‌واو بوه‌. ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ بإیار بو ساڵی 2006 ته‌واو بێت، به‌ڵام كوا، بۆچی ئێوه‌ له‌سایه‌ی بودجه‌یه‌كی زه‌به‌لاحدا نه‌خۆشه‌كانتان بۆ ئێران‌و ئوردن‌و هندستان ده‌به‌ن؟
پرۆژه‌ زه‌به‌لاحه‌كانی ئیداره‌ی سلێمانی رێگای نێوان سلێمانی-عه‌ربه‌ت بو، كه‌ له‌ 17/4/2004ه‌وه‌ ده‌ستكرا به‌ ئیشكردن تێیداو له‌ 8/11/2007دا له‌لایه‌ن جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ فه‌رمیی‌ كرایه‌وه‌، ماوه‌ی‌ نێوان عه‌ربه‌ت تا ده‌روازه‌ی‌ سلێمانی‌ 17كیلۆمه‌ترو 800 مه‌تره‌، به‌ڵام ته‌نیا 9 كیلۆمه‌ترو 500 مه‌تری‌ ته‌واو بوبو كه‌ ئیفتیتاحكراو دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندین كه‌س له‌و رێگایه‌دا بونه‌ قوربانی، رۆژانه‌ 8 مه‌ترو  50 سانتیمه‌تر كاریتێداكراوه‌. ئه‌وه‌ش بوه‌ مۆدیلێكی نوێ‌ له‌ داهێنانه‌كانی ئیداره‌ی سلێمانی كه‌ پرۆژه‌ی ته‌واونه‌بو بكه‌نه‌وه‌..

پرۆژه‌ ستراتیژییه‌كانی دیكه‌ی ئیداره‌ی سلێمانی بۆ خه‌ڵكی ئه‌م پارێزگایه‌، ده‌بێت جوت سایدی نێوان دوكان_ سلێمانی بێت كه‌ ئه‌ویش چه‌ندینجار بودجه‌و ماوه‌ی ئیشكردنی بۆ تازه‌ ده‌كرایه‌وه‌، چونكه‌ پرۆژه‌كه‌ شكستی ده‌هێناو ده‌درا به‌ به‌ڵێنده‌رێكی دیكه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی سلێمانی شایه‌نی ئه‌وه‌بن به‌رپرسه‌كانی ته‌نیا به‌ڵێنده‌ری فاشیل‌و پرۆژه‌ی فاشیلی بۆ ئه‌نجامبده‌ن.
ده‌بێت پرۆژه‌ی ستراتیژی یه‌كێتی تونێله‌كه‌ی ئه‌زمإ بێت كه‌ چه‌ندجارێك بودجه‌ی بۆ زیادكرا، ئینجا به‌ ناته‌واویی‌‌و بۆ خاتری‌ هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردن ئیفتیتاحكرا.
 یان نه‌خۆشخانه‌ی دڵ‌ بێت له‌ قه‌ڵاچوالان كه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ زیاتر له‌ 10ملیۆن دۆلاری‌ بۆته‌رخانكرا، بۆیانده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و دیزاینه‌و ئه‌و جێگایه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی دڵ‌ نابێت...

رۆشنبیران‌و هونه‌رمه‌ندان زۆر باش له‌بیریانه‌ له‌ سایه‌ی ئه‌و بودجه‌ زه‌به‌لاحه‌ی به‌ ده‌ست حكومه‌ته‌كه‌ی سلێمانییه‌وه‌ بو، بڕیاردرا هۆڵی رۆشنبیریی سلێمانی نۆژه‌ن بكرێته‌وه‌، به‌ڵام ته‌نانه‌ت له‌و پرۆژه‌ بچوك‌و رۆتینییه‌شدا شكستیانهێنا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌ هۆڵی رۆشنبیرییان دابو به‌ كرێ‌ به‌ دارتاشه‌كه‌ كه‌ هاوڵاتییه‌كی عه‌ره‌ب بو تا ئیشی ماڵانی تێدا بكات‌و كرێی مانگانه‌كه‌شی بخاته‌ بری ئه‌و قه‌رزه‌ی كه‌ لای حكومه‌ته‌ ته‌كنۆكراته‌كه‌ بو.
ئێوه‌ بپرسن پرۆژه‌ ستراتیژییه‌كانی ئیداره‌ی یه‌كێتی ده‌بێت چی بێت بۆ ئێوه‌، خۆ ناڵێن هێڵی دوه‌می ئاوی دوكان _سلێمانییه‌ كه‌ بڕیار بو بۆری دیكتایه‌ڵی تێدا به‌كاربهێنرێت، به‌ڵام به‌ بۆری جۆری GRP ئاویان بۆ راكێشاوه‌ كه‌ ئه‌و بۆریه‌ هی زێرابه‌و له‌هیچ بسته‌ خاكێكی ئه‌م جیهانه‌ پێشكه‌وتوه‌دا بۆ ئاوی خواردنه‌وه‌ به‌كارنایه‌ت.

مه‌گه‌ر خه‌ڵكی له‌بیری نه‌ماوه‌ كه‌ قه‌رار بو ئه‌مه‌ریكاییه‌كان 2 پرۆژه‌ی گه‌وره‌ی ئاو له‌ هه‌ولێرو سلێمانی له‌سه‌ر بودجه‌ی خۆیان دروست بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌نجامنه‌درا..
ئێوه‌ بپرسن كێ‌ به‌رپرس بو له‌و ماسته‌ گوریساوییه‌و بۆچی دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كان پرۆژه‌كه‌یان برد بۆ شاری ناسرییه‌، كۆمپانیای (تۆژه‌ڵه‌)ی سه‌ر به‌ كۆمپانیای نۆكان پرۆژه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆ گرت‌و له‌بری بۆری دیكتایه‌ڵیش، بۆری زێرابی به‌كارهێنا... مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ وه‌فای به‌رپرسه‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی یه‌كێتییه‌ بۆ خه‌ڵكی شاری سلێمانی كه‌ پرۆژه‌ی پإ مواسه‌فاتی ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌م شاره‌ ده‌رده‌په‌ڕێنن‌و خۆیان به‌ 3 ئه‌وه‌نده‌ی نرخی ئاسایی خۆیی‌و به‌ بۆری زێرابیش بۆتان دروستده‌كه‌ن؟

ئه‌وه‌ی به‌ 6 ساڵ‌ نه‌كرا، به‌ 6 مانگ ناكرێت
یه‌ك دو مانگێكه‌ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ڵێنی ئه‌نجامدانی سه‌دان پرۆژه‌ی به‌ هاوڵاتییان داوه‌ كه‌ بودجه‌ی ئه‌و پرۆژانه‌ نزیكه‌ی 4 ملیارو 150 ملیۆن دۆلاره‌، به‌ڵام وا باشه‌ ئه‌و ئیداره‌یه‌ پێش ئه‌وه‌ی به‌ڵێنی ئه‌وه‌ بدات كه‌ 4 ملیار دۆلار بۆ پارێزگای سلێمانی خه‌رج بكات، باشتره‌ ته‌سفیه‌ی حساباتی ئه‌و 6 ملیار دۆلاره‌ بكات كه‌ قه‌رار بو سلێمانی پێ بكرێت به‌ نمونه‌یه‌ك بۆ عێراق‌و ده‌سته‌خوشكی‌ شاره‌كانی‌ دوبه‌ی‌‌و پاریس.
كاتێكیش به‌ كاربه‌ده‌ستانی سلێمانیمان وت، ئه‌و پاره‌یه‌تان له‌كوێدا هه‌ڵگرتبو، بۆچی خه‌رجتان نه‌ده‌كرد بۆ هاوڵاتییان كه‌ به‌ده‌ست كه‌میی ئاو، كاره‌با، سوته‌مه‌نی، رێگاوبان، قوتابخانه‌، نه‌خۆشخانه‌، پارك، كتێبخانه‌وه‌ ده‌یانناڵاندو له‌ كوێوه‌ ده‌یهێنن، خۆ ئێوه‌ ده‌ڵێن حكومه‌ت پاره‌ی نییه‌، ئه‌وانیش بێ‌ هیچ دودڵییه‌ك له‌ رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێدا وه‌ڵامیان داوینه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و پرۆژانه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی حیزب ده‌كرێن نه‌ك حكومه‌ت.
 

Sbeiy.com © 2007