دیمانه: ئومێد كه‌ریم
روناكبیر ئازاد قه‌زاز له‌دیمانه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ رۆژنامه‌ی رۆژنامه بیر‌و بۆچونی خۆی سه‌باره‌ت به بارودۆخی ئه‌مڕۆی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌خاته رون ئه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت "گه‌شبینم به بزافی گۆڕان" داواش له‌سه‌ر كرده‌ی بزوتنه‌وه‌كه ده‌كات زیاتر گوێ له رۆشنبیران بگرێت.
به‌بۆچونی ئه‌و روناكبیره بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له ئێستادا بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسیه‌و پێویسته له‌داهاتوشدا ببێته گشتگیر‌و هه‌مو بواره‌كانی دیكه‌ی ژیان له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا بگرێته‌وه، ئه‌و روناكبیره پێی وایه بوتنه‌وه‌ی گۆڕان جێبه‌جێكردنی بیردۆزه‌ی (ئه‌نتی باوانه)كه ناوبراو له‌چه‌ند كتێبێكیدا باسلێكردوه.
* وه ك رۆشنبیرێك له تهراوگهوه چۆن ده‌ڕوانیته ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا له كوردستان به‌هۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه دروست بوه؟
ئازاد قه‌زاز: زۆر ده‌مێكه له بارودۆخی كوردستانی باشور بێئومێدبوم، چونكه جگه له سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵات هیچ روناكایی گۆڕانێكم تێدا بهدینهدهكرد. ئه‌وه‌نده‌ی موجامهلهكردنی یه‌كتری هێزه‌كانم به‌دیده‌كرد، هێنده گۆڕانكاری و ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵاتم نه‌ده‌دی. هێنده‌ی ئه‌و هێزانه ددانیان له كورسی ده‌سه‌ڵات گیروگرتر ده‌گرت، ئه‌وه‌نده خه‌میان نه‌بو كه مرۆڤی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات چ ئازارێك ده‌چێژێت. هێنده‌ی ته‌ماع پاڵنه‌ریان بوه، هێنده ئه‌خلاق بزوێنه‌ریان نه‌بوه. هێنده‌ی ترس له‌یه‌كدی وروژاندونی، چاره‌كێكی ئه‌و ترسه خۆشه‌ویستیان بۆ یه‌كدی نهیخرۆشاندون. به‌كورتیه‌كه‌ی هه‌رچی هه‌ست و نه‌ستی پۆزه‌تیڤی ناو مرۆڤایه‌تیان بوه، له‌ژێر چه‌پۆكی هه‌ست و نه‌ستی نێگه‌تیڤی مرۆییاندا ناڵاندویه‌تی و بۆته هۆی ده‌رهاویشتنی ره‌فتاری نادروستی ئه‌وان و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی باشوریان شێواندوه. ئه‌مه‌و جگه‌له‌وه‌ی ستراكتوری په‌یوه‌ندیه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ش وا لهبهریهكدی ههڵوهشابو، مرۆڤ له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا هه‌رگیز هه‌ستی به‌ئاسوده‌یی نه‌ده‌كرد. واته هه‌ر به‌ته‌نها ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نه‌بو، به‌ڵكو ستراكتوری كۆمه‌ڵایه‌تیش گه‌نده‌ڵ بوبو.ه
ئه‌م دیمه‌نه شێواوه‌ی كوردستانی باشور، منی گه‌یانده ئه‌وه‌ی كه بڵێم بارودۆخی كورد، به چاكسازی و ریفورم نایێته‌وه سه‌رخۆی، مه‌گه‌ر به پرۆسه‌یه‌كی سایكۆلۆژی و ئاوێته به پڕۆژه‌یه‌كی سیاسی كه سه‌رله‌به‌ری نهستهكۆی كورد بگۆڕێت، ئه‌وجا قوتارمان بێت. خۆ له‌وه‌ش ئاگادارم كهسهرلهبهری نه‌ست، به‌یه‌كجار ناگۆڕێت و كاری زۆر و رۆژگاری درێژ ده‌خوازێت. واته پڕۆژه‌یه‌كی سیاسی كه چوارچێوه‌یه‌كی وا ببه‌خشێت تا مرۆڤ بتوانێ هێدی هێدی و به‌تێپه‌ڕبونی كات، پێكهاته‌ی ده‌رونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوری خۆی بگۆڕێت و بۆئه‌وه‌ی هه‌مان ئه‌و مرۆڤانه‌ی دوێنێ كه بونه‌ته به‌ربه‌ستی گۆڕانكاری، دروست نه‌بنه‌وه. ئه‌و پرۆژه‌یه‌م ناوناوه (ئه‌نتی باوان)، كه له كتێبی سایكۆپۆلیتیكدا هه‌ندێك رونكردنه‌وه‌م له‌سه‌ر داوه.
* له زۆرجێگادا باست له‌تیۆره‌ی ئه‌نتی باوانكردوه مه‌به‌ستت له‌م تیۆره‌یه چیه‌و ده‌توانین بڵێین له‌ئه‌مڕۆی باشوری كوردستاندا به‌رجه‌سته‌بوه؟
ئازاد قه‌زاز: ئه‌نتی باوان لای من ئه‌وه ده‌گه‌یێنێت كه مرۆڤ ده‌ره‌نجامی كه‌ڵه‌كه‌بونی زانیاری و كۆمه‌ڵێك ئه‌زمونی مێژویی و گۆڕانی فیكری و راگوێزانی رۆحی، ئه‌و مرۆڤه ده‌گه‌ێنێته دۆخێكی ئه‌وتۆ، به‌ته‌واوه‌تی خۆی له‌باوانی جیاده‌كاته‌وه و ده‌یه‌وێت له‌وان نه‌چێت، چونكی ئه‌و جۆره باوانه وێنه‌یه‌كی دزێوی ئه‌وتۆیان لای ئه‌و مرۆڤه خوڵقاندوه، كه خۆی به‌شه‌رمه‌زار ده‌زانێت، گه‌ر له‌باوانی بچێت. بۆیه یان ئه‌وه‌تا گۆشه‌گیر ده‌بێت، یاخود رێبازێكی دی زۆر جیاواز له‌باوانی ده‌گرێته‌به‌ر، كه لای باوان وا پێده‌چێت ئه‌و نه‌وه‌یه به‌ته‌واوه‌تی له‌باوانی هه‌ڵگه‌ڕابێته‌وه. باوه‌ڕیشم وایه گه‌ر له‌م جۆره مرۆڤه ههڵنهكهوێت و پاشانیش پانتاییه‌كی فراونی ئه‌و كۆمه‌ڵه نه‌گرێته‌وه، لای ئێمه گۆڕانكاری وه‌دی نایێت. گه‌ر هێزێكی سیاسی ماریفی له‌م چه‌شنه سه‌رهه‌ڵنه‌دات، ئه‌وا به‌رده‌وام باوان نه‌وه‌ی نوێ بۆخۆیان ده‌قۆزنه‌وه و له‌بن چه‌پۆكی خۆیاندا، وێنه‌ی خۆیانیان لێدوبارهو سێباره ده‌كه‌نه‌وه. گه‌ر قۆناخێكی وه‌رچه‌رخان نه‌یێته رێ‌یان و ئاڕاسته‌یه‌ی ئه‌و باوانه بگۆڕێت، ئه‌وا گشت گۆڕانێك، ده‌بێته گۆڕانێكی روكه‌شی و دروشم و هێنده نابات، شتهگۆڕاوهكان ده‌گه‌ڕێنه‌وه دۆخی نه‌گۆڕاوی خۆیان. ئه‌مه ئهوهناگهیێنێت كه گۆڕان یان ره‌شه یان سپیه، یان به‌یه‌كجار روده‌دات یان هه‌ر رونادات. نه‌خێر، مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كه هه‌ردیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی دێته‌گۆڕێ، به كۆمه‌لێك فاكته‌ر و بنه‌ما و رێسای ده‌رونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوری ده‌وره دراوه، مرۆڤ ده‌بێت هوشیارانه مامه‌ڵه‌ی له‌ته‌كدا بكات. له‌سه‌روی هه‌مو ئه‌مانه‌وه، ئه‌م بۆچونه‌م جۆره خوێندنه‌وه‌یه‌كه، ده‌ره‌نجامی ئه‌و هه‌گبه زانستی و ئه‌زمونه‌ی كه هه‌ڵم گرتوه، واقعی كوردستانی باشوری پێدهبینم. دیتنی تر‌و خوێندنه‌وه‌ی تریش ده‌ره‌نجامی ئه‌زمونی تر‌و زانستی دیكه، ره‌نگه خوێندنه‌وه‌یه‌كی تر بخوڵقێنێت، یان لانی كه‌م مه‌ترسی كه‌متر ببینێت له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی بۆ گۆڕانی هه‌مان كۆمه‌ڵ.
* ئه‌گه‌ری جێبه‌جێبونی (ئه‌نتی باوان) له ئێستای باشوری كوردستاندا تاچه‌ند له‌ئارادایه؟
ئازاد قه‌زاز: ئه‌گه‌ر له‌ئارادایه، بۆئه‌مه‌ش ده‌بێت چه‌ند پرسیارێك بكه‌ین: ئه‌و مرۆڤه كێیه؟ ئه‌و مرۆڤه‌ی ده‌گاته دۆخی ئه‌نتی باوان، ده‌بێ چۆن بێ و هه‌ڵگری چ كاراكته‌رێك بێت؟ ئه‌و مرۆڤه له چ رویه‌كه‌وه گه‌شتۆته دۆخی ئه‌نتی باوان؟ ئایا ئومێد به‌خشه؟
سه‌ره‌ڕای سڵكردنهوهم له مشه‌خۆران و به‌رژه‌وه‌ندخوازان، له‌وه‌ی كه بزاڤی هه‌نوكه‌ی كوردستانی باشور، به‌ئاقارێكی نادروستدا به‌رن، به‌ڵام ئه‌و ئومێدهشم هه‌یه كه ئه‌مجاره‌یان گۆڕانێكی به‌رچاو و گرنگ له دۆخی هه‌م سایكۆلۆژی و هه‌م سیاسی كوردی باشوردا، روبدات. هه‌رگیز له ئاست ئه‌و گۆڕانانه‌ی له مێژوی كوردا رویداوه نهدڵخۆشی كردوم و نه بههیخۆمم زانیوه. به‌ڵام ئه‌م گۆڕانه‌ی ئه‌مجاره‌یان له روی نهوعیهوه له‌هه‌مو ئه‌وانی پێش‌و جیاوازتره.
* بۆچی؟
ئازاد قه‌زاز: نكۆڵی له‌وه ناكرێت كه هه‌نوكه گشتمان بزافی گۆڕان وه‌ك دیارده‌یه‌كی ئاشكرا ده‌بینین. ئه‌و بزافه فراوانه له‌لایه‌ن لیستی گۆڕانه‌وه رابه‌ری ده‌كرێت و نه‌وشیروان موسته‌فا بۆته سه‌رۆكی ئه‌و لیسته.
له وتارێكی پێشوماندا چمكێكی دیارده‌ی گۆڕانمان خسته به‌ر دیدی خوێنه‌رو گرنگی ئه‌و دیارده‌یه‌مان له‌م ساته‌وه‌خته‌دا خسته‌ڕو. له‌وێدا گوتمان كه خودی مرۆڤ كائینێكی گۆڕاوی دینامیكیه و ئه‌و كاراكته‌ره له ناو كۆمه‌ڵیشدا ره‌نگده‌داته‌وه. له‌وێشدا ئه‌وه‌مان خسته به‌رچاو كه مه‌رج نیه تاكێك ئه‌و گۆڕانه‌ی به‌سه‌ردا بێت و ئه‌وجا خه‌ڵكی شوێنی كه‌وێت. ده‌شێ مرۆڤه‌كان له‌و ده‌وروبه‌ر و ژینگه‌یه‌دا ئه‌و گۆڕانه‌یان به‌سه‌ردا بێت و هاوڕازو یه‌كده‌نگ بن. به‌ڵام به‌بۆچونی من نۆ خه‌سڵه‌تی گرنگ وا ده‌كات مرۆڤێك ببێته رابه‌ری ئه‌و بزافه و ئه‌وجا به‌و خهسڵتانه بگاته دۆخی ئه‌نتی باوان حه‌زده‌كه‌م لێره‌دا باسیان بكه‌م:ه
یه‌كه‌م: ده‌ره‌نجامی ئه‌و مێژوه‌ی له‌و رێگایه‌ی دی به‌سه‌ری بردوه، سه‌رمایه‌یه‌كی ره‌مزی بۆ كۆده‌بێته‌وه ه
دوه‌م: به‌هۆی ئه‌و سه‌رمایه ره‌مزیه‌وه، شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵات له‌ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی وه‌رده‌گرێت.ه
سێیه‌م: له روی فیكری و رۆحیه‌وه گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت ه
چواره‌م: له ده‌ربڕینی بۆچونه‌كانیدا بوێره ه
پێنجه‌م: له ته‌ك خۆی و ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه هه‌ڵیگرتوه راستگۆیه ه
شه‌شه‌م: به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وه‌كه‌ی ناكه‌ته قوربانی ده‌سه‌ڵاتی خۆی
حه‌وته‌م: هاوتاو هاوخه‌می چینی هه‌ژارانه و پۆز بهمهزههرهوه لێنادات
هه‌شته‌م: مرۆڤێكی هه‌ستیاره‌و هه‌ست به‌مرۆڤه‌كانی دی ده‌كات
نۆیه‌م: موجامه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ده‌وروبه‌ری ناكات له پێناوی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵكو رێزیان لێده‌گرێت و خۆشی له‌ئاستی ئه‌واندا به‌كه‌م نابینێت ه
تێكڕای سه‌ركرده‌كانی بزافی رزگاریخوازی كورد تا ئێستا، دو خه‌سڵت كردونی به سه‌ركرده، ئه‌وانیش سه‌رمایه‌ی ره‌مزی و شه‌رعیه‌تی وه‌رگتنی ده‌سه‌ڵات بونه. به‌م پێیه بزافی كوردی بزافێكی گۆڕانكاری نه‌بوه، به‌ڵكو بزافی وه‌رگتنی ده‌سه‌ڵات بوه و له‌و پێناوه‌دا جه‌نگاوه. هه‌ربۆیه‌ش له كتێبی سایكۆپۆلیتیكدا سه‌ركرده‌كانی كورد ناوده‌نێم جه‌نگاوه‌ر، نه‌ك شۆڕشگێڕ.
مه‌به‌ستم له شه‌رعیه‌تی وه‌رگتنی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركرده‌كانی كورد، ئه‌وه‌نیه كه ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان له روی یاساییه‌وه شه‌رعی بێت. نه‌خێر، شهرعیهتهكه له‌وه‌دا بوه كه زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ر له‌و ده‌سه‌ڵاته بێده‌نگبون، جا یان ئه‌وه‌تا ناهوشیاری بون یان به‌رژه‌وه‌ندی بێده‌نگی كردون و ره‌نگه ترسیش له‌وه‌ی كه بێ سه‌رۆك بمێننه‌وه یان به‌رژه‌وه‌ندیان له‌ده‌ستده‌ر‌چێت، هۆكارێكیتر بوبێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌ركرده كوردیانه ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتیان هێنده درێژ بوه. سه‌رمایه‌ی ره‌مزی ده‌شێ سه‌رمایه‌ی سیاسی بێت، سه‌رمایه‌ی ئاینی بێت، سه‌رمایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بێت یان سه‌رمایه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بێت كه ئه‌و مافه به‌و كه‌سه ده‌دات تا ئه‌و سه‌ركردایه‌تیه وه‌ربگرێت. تاهه‌نوكه‌ش سه‌ركرده‌كانی رزگاریخوازی كورد خۆیان ئه‌و سه‌رمایه‌یان نهخوڵقاندو، به‌ڵكو بهوهرهسه بۆیان ماوه‌ته‌وه. خۆت لێره‌دا به‌راوردێك بكه له نێوان شێخ مه‌حمودی حه‌فید و مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی، تێده‌گه‌یت بۆ حه‌فید ده‌بێته سه‌ركرده‌و نه‌قشبه‌ندیش ده‌بێ سلێمانی جێبێلێت و له غه‌ریبیدا سه‌ربنێته‌وه.
به‌هه‌رحاڵ گه‌ر هه‌ر مرۆڤێك به‌و دو خه‌سڵته ببێته سه‌ركرده، ده‌بێته جه‌سته‌یه‌كی روت و كۆمه‌لێك غه‌ریزه كه جگه له خۆتێركردن و خۆ جوانكردن چی‌تریان له‌ده‌ست نایێت. چونكی ئه‌و حه‌وت خه‌سڵه‌ته‌ی ترن كه مرۆڤ ده‌كه‌نه مرۆڤ و مرۆڤه‌كانی تریش ده‌توانێت ببینێت. سه‌ركرده گه‌ر ئه‌و حه‌وت خه‌سڵه‌ته‌ی تێدا نه‌بێت له‌گه‌ڵ دو خهسڵتهی تر، جگه له‌كاره‌سات هیچی ترمان بۆ فه‌راهه‌م ناهێنێت. ئه‌مه‌و جگه‌له‌وه‌ی كه تائێستاشی بێته‌سه‌ر پرۆژه‌ی سیاسی سه‌ركرده‌كانی كورد ئاوێته‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌جێندای وڵاتانی ده‌رودراوسێ بوه و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی كورد هه‌میشه زیانی گه‌وره‌ی پێگه‌شتوه و ئامانجه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی شكستی هێناوه.
بۆیه بۆگۆڕینی ئه‌م مێژوه درێژه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد، كه له‌م جۆره سه‌ركردانه ده‌خوڵقێنێت، پێویستمان به‌دو جۆر ئه‌نتی باوان ده‌بێت، ئه‌وانیش ئه‌نتی باوانی سیاسی و ئه‌نتی باوانی ئاینیه. مه‌به‌ستمان له ئه‌نتی باوانی سیاسی، ئه‌و سیاسه‌ته‌ی گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، به ئاڕاستهیهكیتردا ببریت و له‌و سیاسه‌ته‌ی باوان نه‌چێت. مه‌به‌ستمان له ئه‌نتی باوانی ئاینی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی ئهونهتهوهیه له‌سه‌ری راهاتوه و بوار خوڵقاندنی ماریفهیهكیتری نوێ نادات، بهئاڕاستهیهتردا ببرێت تا ترس له بیركردنه‌وه‌یه‌ك كه له‌وه‌ی پێش‌و ناچێت، بڕه‌وێنێته‌وه. مه‌رج نیه ئه‌م ئهنتیانه سه‌د ده‌رسه‌د نوێبێت له هیچ كات و شوێنێك نه‌گوترابێت و نه‌بیسترابێت، نه‌خێر گرنگ ئه‌وه‌یه كه‌له‌و كات و شوێنه‌دا ئه‌و باوانه هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه و به‌ڕێچكه‌یه‌كی تردا ئه‌و مرۆڤگه‌له به‌رێت كه به‌خه‌یاڵی باواندا نه‌هاتبێت. ئه‌گینا هیچ بیرێك نیه نوێیه‌كی ئه‌وتۆ پوخته بێت كه به‌بیری كه‌سدا نه‌هاتبێت. گرنگ گۆڕینی ئاڕاسته و رێبازه، تا بتوانرێت مرۆڤی نوێ به‌رهه‌م بێت.ه
له‌كتێبی سایكۆپۆلیتیك و هه‌ندی وتاری خۆمدا، یه‌كێك له‌وانه‌ی كه به ئه‌نتی باوان ناساندومه په‌یامبه‌ر موحه‌مه‌د بوه. بۆیه ئه‌و به‌نمونه ده‌هێنمه‌وه، چونكی ئه‌و مرۆڤه له‌ناوماندا ناسراوه و بۆ خوێنه‌ر ئاسانتره له‌مه‌به‌ستمان تێبگات. لێره‌دا شتێكتر له‌سه‌ر موحه‌مه‌د ده‌ڵیم كه لهنوسراوهكانی تردا بۆی نه‌چوم. ه
وشه‌ی باوان به‌مانای ئه‌نتی باوان كه له قورئاندا هاتوه، نزیكه‌ی سی جار ده‌بێت. له‌هه‌مو ئه‌و ئایه‌تانه‌دا ئه‌وه ده‌گه‌یێنێت كه چۆن هه‌میشه باوان له‌به‌رده‌م گۆڕاندا رێگرن. ئه‌مه‌شیان له‌وه‌وه دێ كه یه‌كه‌م ناهوشیارن و دوه‌میش به‌رژه‌وه‌ندیان به‌گۆڕان تێكده‌چێت. بیانوهكانیشیان ئه‌وه‌یه كه ئه‌وان باوانی خۆیان هه‌روا دیوه و ههردهیانهوێ له‌سه‌ر ئه‌و رێبازه‌ی باوانیان بمێننه‌وه. ئه‌گه‌ر جوان دیقه‌ت له‌م ئایه‌ته بگریت، له‌و بۆچونه‌م باشتر تێده‌گه‌یت. ئه‌م ئایه‌ته ده‌یه‌وێت بڵێت كه مهسرهفگهراكانن ده‌یانه‌وێت له سه‌ر رێبازی باوانیان بمێننه‌وه، كه ئیمڕۆكه زاراوه‌ی گه‌نده‌ڵی بۆ به‌كارده‌هێنرێت: (وكذالك ماارسلنا من قبلك في قرية من نذير الا قال مترفوها انا وجدنا ءاباءنا على امة وانا على ءاثارهم مقتدون ــ زخرف-23)ة
له‌هه‌مانكاتدا قورئان ئه‌وه‌ش دوپاتده‌كاته‌وه كه ئه‌گه‌ر ئێوه له راستی لابده‌ن ئه‌وا قه‌ومێكی دی شوێنتان ده‌گرنه‌وه كه له‌ئێوه ناچن: (وان تتولوا يستبدل قوما غيركم ثم لا يكون أمثالكم ــ محمد-38)ة
له‌م بۆچونه‌دا موحه‌مه‌د ده‌بێته ئه‌و ئه‌نتی باوانه‌ی كه نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب له قۆناخێكه‌وه به‌ره‌و قۆناخێكیتر ده‌بات كه ده‌توانین بڵێین وه‌رچه‌رخانێكی مه‌زن بو له مێژوی عه‌ره‌بدا. ناشتوانین بڵێین ئه‌م گۆڕانكاریه ته‌نها له ئاستی عه‌قیده‌دا بوه، واته له فره خواییه‌وه بۆ یهكخوایی، نه‌خێر، به‌ڵكو سیاسه‌ت و ئابوریشی تێوه‌گلاوه و گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتوه. هه‌روه‌ك گۆڕانی ئاین، گۆڕانی سیاسیی لێده‌كه‌وێته‌وه، ده‌شێ گۆڕانی سیاسیش گۆڕانی ئاینی لێبكه‌وێته‌وه.
* كه‌واته ، ئایا بزافی گۆڕانی ئێستای كوردستان ، ئه‌نتی باوانی لێده‌كه‌وێته‌وه؟ رابه‌ری ئه‌م گۆڕانه ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی ئه‌نتی باوانی له‌خۆگرتوه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی تێدایه، چ ئه‌نتی باوانێك جێبه‌جێده‌كات؟
ئازاد قه‌زاز: هه‌رچه‌نده له‌نزیكه‌وه نه‌وشیروان موسته‌فا ناناسم و بۆتاقه جارێكیش نه‌مبنیوه و له‌گه‌ڵیدا نه‌دواوم، بۆیه سه‌خته بتوانم كه‌سێتی ئه‌و به‌ڕێزه بناسێنم و هه‌ڵیسه‌نگێنم. به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌م له‌دوریشه‌وه بێت ده‌رباره‌ی شتێك بڵێم ، ئه‌و كه‌سانه‌ش كه له نزیكه‌وه ده‌یناسن، ده‌توانن یارمه‌تیم بده‌ن و لهوههڵانهی كردومه، راستم بكه‌نه‌وه.
یه‌كه‌م شت ئه‌وه‌یه ده‌بێت بپرسین ئایا نه‌وشیروان خۆی گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتوه، من ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر له‌سه‌رده‌می شاخیشه‌وه نه‌بوبێ، ئه‌وا هه‌ژده ساڵ كه‌م نیه كه كه‌سێك گۆڕان به‌سه‌ر هزرو بۆچونیدا بێت. چه‌ند جارێكیش بیستومانه كه نه‌وشیروان مسته‌فا له حیزبه‌كه‌ی تۆراوه و له ئه‌دای حیزبه‌كه‌ی ناڕه‌زایی ده‌ربڕیوه. دیاره له‌و هه‌ژده ساڵه‌دا و به‌چه‌شنێكی كتوپڕی گۆڕان به‌سه‌ر ئه‌ودا نایێت، تا هه‌ر كه ناڕازی بو، مانای وایه سه‌رله‌به‌ر له‌وان جیاده‌بێته‌وه. ئاسان نیه مرۆڤ هه‌روا بهشهوڕۆژێك بتوانێ بڕیارێك بدات كه ده‌ست له‌هه‌مو ئه‌و دۆست هاوڕێیانه‌ی به‌ردات كه زیاتر له‌نیو سه‌ده ده‌بێت دروستی كردبێت. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ده‌ست لهدهسهڵاتێك هه‌ڵگرێت كه نزیكه‌ی نیو سه‌ده‌یه پێكه‌وه‌ی ده‌نێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م زه‌مه‌نه سه‌رمایه‌یه‌كی ره‌مزی پێبه‌خشیوه، كهدهكرێَ بكه‌وێته مه‌ترسیه‌وه، گه‌ر ئه‌و وه‌ڵامی ئه‌و گۆڕانه بداته‌وه كه به‌سه‌ریدا هاتوه. ئه‌م دۆخه سایكۆلۆژیه، ترسێكی مه‌زن ده‌خوڵقێنێت، كه تێپه‌ڕاندن و ره‌وینه‌وه‌ی، ململانێیه‌كی سه‌خت ده‌وروژێنێ و كاتی زۆریش ده‌خوازێت تا مرۆڤ بتوانێ خۆی لێ قورتاربكات.
دیاره ئه‌م بڕیاره‌ی كه یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی نه‌وشیروان ئاشكرا ده‌كات، هه‌ژده ساڵی خایاندوه و به‌بۆچونی من بۆ كه‌سێك كه گۆڕانێكی بنه‌ڕه‌تی به‌سه‌رخۆیدا بهێنێت، زۆر نیه و كاتێكی ئاساییه. هه‌رچه‌نده زۆرێك له رۆشنبیران له پێش نهوشیراونهوه، ره‌خنه‌ی قوڵ و زانستیانه‌یان ئاڕاسته‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردی كردوه، به‌ڵام وه‌ك گوتم ئه‌و سه‌رمایه ره‌مزیه‌ی كه نه‌وشیروان به‌ده‌ستی هێناوه و ده‌توانێ ئه‌م رۆڵه‌ی له‌م بزافهدا ببینێت، رۆشنبیرێك ناتوانێت بیبینێت. كه‌واته هه‌قی خۆیه‌تی و پیرۆزی بێت. ئه‌وه‌ی بۆنهوشیروانیش گرنگه ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵێك رۆشنبیر بكاته چاو‌دێر به‌سه‌ر خۆیه‌وه، تا به‌رده‌وام له مه‌ترسیه‌كان و ئه‌گه‌ره‌كانی هه‌ڵه‌كردن هوشیاری بكه‌نه‌وه، چونكی سه‌رقاڵی ده‌سه‌ڵات و جه‌نجاڵی سیاسه‌ت، مرۆڤ به‌لاڕێدا ده‌بات.
نه‌وشیروان له‌بری ئه‌وه‌ی په‌لاماری ده‌سه‌ڵات بدات، كه‌چی ده‌ستی له‌ده‌سه‌ڵات هه‌ڵگرت، چونكی به به‌شه‌رعی نازانێت. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه و هه‌وڵی ئه‌وه‌ده‌دات كه ده‌سه‌ڵاتێك به‌حه‌ڵاڵی له جه‌ماوه‌ره‌وه وه‌ریبگرێت. ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌یان واته هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و دروستكردنه‌وه، خهسڵتێكی دیار‌و به‌رچاوی ئه‌و مرۆڤانه‌یه كه ده‌گه‌نه دۆخی ئه‌نتی باوان، چونكی ئه‌و مرۆڤه قایل نابێت به شتێك كه هی خۆی نه‌بێت و له خۆیه‌وه هه‌ڵنه‌قوڵابێت.
له‌ڕوی سایكۆلۆژیه‌وه ئه‌م مرۆڤانه به‌رگه‌ی دوالیزمی نێوان وێنه‌ی رۆحی خۆیان و ره‌فتاركردن به‌ئاڕاسته‌یه‌ك كه گوزارش له‌و وێنه‌یه‌ی خۆی نه‌كات، ناگرن. بۆیه یان ده‌بێت رۆحی خۆی بگۆڕێت یان ره‌فتاری بگۆڕێت. چونكی ده‌نگی ویژدانی به‌رده‌وام بانگی ده‌كات، مرۆڤی راستگۆش به‌رگه‌ی ئازار‌و هاواری ویژدانی ناگرێت، بۆیه له‌كۆتاییدا هه‌مو ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌ی بونه‌ته رێگر له گۆڕانیدا، ده‌خاته لاوه و ویژدانی ئاسوده ده‌كات. مرۆڤی له‌م چه‌شنه ئه‌گه‌ر موده‌تێكیش له ناو خۆڵ و تۆزی زه‌مانه‌دا نوقم بوبێت، ههردێتهدهرهوه و خۆی ده‌ته‌كێنێت و بانگه‌شه‌ی ئه‌نتی باوان ده‌كات. ئه‌م ئه‌نتی بونه نه‌ك هه‌ر دژ بهباوانه، به‌ڵكو له‌هه‌مانكاتدا دژبونهوهشه به‌خود. چونكی ئه‌و مرۆڤه ئه‌وا چه‌ندین ساڵه كاراكته‌ره‌ی ئه‌و باوانه‌ی هه‌ڵگرتوه، هه‌ربۆیه‌شه ئه‌نتی باوان كارێكی ئاسان نیه، چونكی جگه له‌باوان ئه‌نتی خودی خۆشیه‌تی. ئه‌وه‌ی لهنهوشیروان مسته‌فا ده‌یبینین و ده‌یبیستن، ئه‌وه‌یه كه موجامه‌له‌ی خه‌ڵكی بۆ مه‌رامی تایبه‌تی خۆی ناكات و خۆیشی به‌سوكی ناخاته به‌رده‌ست نه‌ته‌وه‌كانی ده‌وروبه‌ری. له‌هه‌مانكاتدا بوێره. یه‌كه‌م له‌وه‌دا بوێره كه هه‌ق ده‌ڵێ و دوه‌میش توانی ده‌ست لهبهرژهوهندیهكانی هه‌ڵگرێ و گه‌نده‌ڵیش لیكی ته‌ماعی پێنهڕێژێت.
ئه‌م خه‌سڵه‌تانه‌ی پێش‌و ئه‌وه‌ی لێدهدرهوشێتهوه كه نه‌وشیروان هه‌ست به‌مرۆڤه‌كانی ده‌وروبه‌ریشی بكات. له‌یه‌كێك له‌وتاره‌كانیدا شتێكی دركاند كه به‌لای منه‌وه زۆر گه‌وره بو. ئه‌ویش چاره‌سه‌ری گۆرینی پێگه‌ی چینایه‌تی بو. ئه‌م مرۆڤه جیا له‌به‌رپرسه‌كانی دی، قسه‌ی قه‌به‌و فه‌لسه‌فه‌ی زهبهلڵاح لێنادات، به‌ڵكو باس له‌ئازاره‌كانی مرۆڤێك ده‌كات، كه ئه‌و مرۆڤه خۆی نازانێت بۆ له‌و چینه هه‌ژاره‌دا هاتۆته دونیاوه.
كاری به‌رپرس دابینكردنی خزمه‌تگوزاریه، نه‌ك فه‌لسه‌فه لێدان. ئه‌گه‌ر به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چوبم ئه‌م مرۆڤه واته نه‌وشیروان، پرۆسه‌ی ئه‌نتی باوان جێبه‌جێده‌كات، كه تابڵێی ئه‌م پرۆسه‌یه بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی كورد گرنگه و پڕبایه‌خه.ه
* ئه‌و ئه‌نتی باوانه‌ی تۆ پێت وایه ئه‌مرۆ نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌یه‌وێت جێبه‌جێبكات به‌چ شێوازێكه و تاچه‌ند گشتگیره؟
ئازاد قه‌زاز: به‌بۆچونی من ئه‌نتی باوانی (سیاسی) پڕۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی. چونكی ده‌یه‌وێت سیاسه‌تی كورد به ئاڕاسته‌یه‌كی تردا به‌رێت، هه‌ربۆیه نه‌یاره‌كانی ده‌ڵێن خه‌ریكی ئینقلابه. بۆئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد گه‌شه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی خۆی كامڵ بكات، ئه‌نتی باوانێكی ئاینیشی گه‌ره‌كه. ئه‌مه‌یان ئه‌ركی نه‌وشیروان نیه، چونكی ئه‌و له‌مبواره‌دا ئه‌زمونی نیه و له ژیانیشیدا خه‌می له‌مجۆره‌ی نه‌بوه. گه‌ر له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مه‌ولانا خالیدێكی نه‌قشبه‌ندیش ببوایه، پڕۆژه‌ی گۆڕان كامڵتر ده‌بو.
* له وهلاَمهكانتدا و له‌چه‌ند نوسینێكی تردا ئه‌وه دیاره كه ئازاد قه‌زاز به‌و گۆڕانه‌ی له كوردستان هه‌یه گه‌شبینه بۆ چی؟
ئازاد قه‌زاز: یه‌كه‌مجاره له مێژوی سیاسی كوردا كه قه‌واره‌یه‌كی سیاسی خه‌ریكه جێ به‌قه‌واره‌یه‌كی تری سیاسی له‌ق ده‌كات، بێئه‌وه‌ی چه‌كی تێدا به‌كاربێت. یه‌كه‌مجاره جه‌سته‌ی كورد دوكه‌رت ناكرێت به‌ناوی جاش و پێشمه‌رگه‌وه. یه‌كه‌مجاره ئه‌جیندای وڵاتانی ده‌وروبه‌ری كورد، ده‌ستیان له‌و قه‌واره نوێیه‌دا نیه. یه‌كه‌مجاره ده‌سه‌ڵاتی كوردی به‌ده‌ستی جه‌ماوه‌ری كورد خۆی، ده‌گۆڕێت. یه‌كه‌مجاره باوانی كورد كاریزمای خۆی له‌ده‌ستده‌دات و پیرۆزییان لیدهسێنرێتهوه. یه‌كه‌مجاره سه‌ركرده‌كانی كورد واته باوان له جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان ده‌پاڕێنه‌وه، چونكی تا ئێستا ههرمننهتیان به‌سه‌ردا كردون. یه‌كه‌مجاره له‌ناو كوردا ئه‌نتی باوان سه‌رهه‌ڵده‌دات، چونكی تا ئیمڕۆكه‌ش هه‌ر دوباره‌كردنه‌وه‌ی وێنه‌كانی رابوردو بو. یه‌كه‌مجاره لاوان به‌م راده‌یه، دژی باوانیان وه‌ستاونه‌ته‌وه. تائێستا لاوان له‌لایه‌ن باوانهینهوه ئاڕاسته‌كراون و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی باوان قوربانیان داوه. هه‌ستده‌كه‌م ئه‌وه‌ی كه چاوه‌ڕوان بوم له‌داهاتویه‌كی دوردا روبدات، وا هه‌نوكه روده‌دات. یه‌كه‌مجاره له‌ناو شاردا نه‌ك له‌ناو شاخدا، گۆڕان روده‌دات. یه‌كه‌مجاره دڵم ئۆقره ده‌گرێ و ئاسوده ده‌بێت به‌رامبه‌ر بزافێكی كوردی، كه هه‌رگیز ئه‌م هه‌سته‌م به‌رامبه‌ر به بزافی رزگاریخوازی كورد نه له‌شاخ و نه له‌شار نه‌بوه. ده‌توانی بۆچونی من له‌مباره‌وه له كتێبی ( رۆحی كورد) دا بخوێنێتێتهوهه
* ئاخۆ هه‌وادارانی ئه‌م لیسته ده‌توانن ئه‌م پرۆسه‌یه تاسه‌ر به‌رن؟
ئازاد قه‌زاز: ئومێده‌وارین كه نائومێدمان نه‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر رابه‌ری ئه‌م بزاڤه گه‌شتۆته دۆخی ئه‌نتی باوان، به‌وهیوایه‌ی هه‌وادارانیش به‌جدی گوێ له‌ده‌نگی ویژدانیان بگرن. چونكی به‌ڕاستی هه‌ندێ گوتاری لیستی گۆڕان، جێگه سه‌رنجی به‌نده‌یه و به‌مه‌ترسی ده‌زانم بۆ ئایندهی خۆیان. ئه‌م جۆره گوتارانه‌یان لهحهماسهت و سۆزێكی روته‌وه هه‌ڵقوڵاوه كه له داهاتودا له‌سه‌ریان ده‌كه‌وێت. ئه‌مجۆره حهماسهتانه، وه‌ختی خۆی نه‌یاره‌كانیشیان تێیكه‌وتن و وا ئێستا له‌سه‌ریان كه‌وتوه. ئه‌وه‌ی كه دڵم پێیخۆشه ئه‌وه‌یه كه ره‌نگه سه‌رۆكی لیستی گۆڕان، چونكی خۆی گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتوه و له‌م بوارانه‌دا خاوه‌ن ئه‌زمونه، له‌و مه‌ترسیانه ورد بێته‌وه‌و هیوادارم لێی ورد بێته‌وه.