Print
 له‌ دهۆكه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، چیرۆكی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان
Wednesday, August 5, 2009

راپـــــــــــــــۆرتی رێــــــــــــکخراوی کانگــــــــــــا، تایبه‌ت به‌هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی‌ كوردستان:
1) ســــــــــــه‌ره‌تا:
رێکخراوی کــــانـــگا، له‌ڕێی ئه‌م خۆبه‌خشه‌ به‌ڕێزانه‌ی خواره‌وه‌، به ‌سیفه‌تی‌ پۆستی چاودێری نێوده‌وڵه‌تی به‌شداری له ‌پرۆسه‌ی چاودێری ده‌نگدانی هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستانی عێراق‌و پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێمه‌که‌دا له‌ (23)‌و (25/07/2009) دا کرد:
1) عه‌دنان شاسوار
2) سه‌ر‌دار ئه‌مین
3) پێشه‌وا بابان
4) زاگرۆس محه‌مه‌د
5) خالید رێبوار
6) هاوڕێ جاف
ئه‌م راپۆرته‌ خه‌رمانه‌ی سه‌ردانی (55) مه‌ڵبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ناو شاری سلێمانی، هه‌ولێر‌و دهۆک‌و هه‌ندێ له‌ شارۆچکه‌کانی ده‌وروبه‌ریان.

یه‌که‌مین‌و دواترین مه‌به‌ستی ئێمه‌ له ‌به‌شداری له‌م پرۆسه‌یه‌دا‌و له ‌نوسینی ئه‌م راپۆرته‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژاردن وه‌ک کۆڵه‌که‌یه‌کی بنیاتنانی کۆمه‌ڵگه‌ی شارستانی له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا جێ پێی قاییم بێ‌و نه‌وه‌ی نوێ، که‌ ئامانجی سه‌ره‌کی رێکخراوه‌که‌مانن له ‌چه‌سپاندنی ئه‌م به‌ها پیرۆزانه‌ سودمه‌ند بن. ئێمه‌ زۆر هه‌و‌ڵمانداوه ته‌واو ئه‌مین بین له‌ زانیارییه‌کانمان‌و وردبین له‌ داڕشتنی راپۆرته‌که‌دا، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستێکمان دروست نه‌پێکابێ، هه‌ر له ‌سه‌ره‌تاوه‌ داوای لێبوردن ده‌که‌ین.

2) ناتــــه‌واوی هه‌نــــدێ لایه‌نــــــــی تـــــــه‌کنیکی: که‌ خۆی‌ له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌‌:
• هه‌ندێ له‌ پێداویستییه‌‌ تایبه‌تییه‌کانی ده‌نگده‌ری کورد فه‌رامۆش کرابو، له‌وانه‌ ‌چاپ نه‌کردنی تایتڵی پۆسته‌کانی ناو ویستگه‌کان، چاپ نه‌کردنی له‌وحه‌ی لیسته‌ رکابه‌ره‌کان‌و هی پۆستی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم به ‌قه‌واره‌یه‌کی گه‌وره‌ی وا که ‌ده‌نگده‌ر به ‌ئاسانی بیانخوێنێته‌وه‌‌و له‌سه‌ریان ده‌نگ بدات.

• ئه‌گه‌رچی ده‌نگده‌ران کورد بون، به‌ڵام وا دیاربو که‌ ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌‌ له‌لایه‌ن کۆمسیۆنی باڵاوه‌ به ‌هه‌ند وه‌رنه‌گیرابێ، چونکه‌ له ‌سه‌رجه‌م ئه‌و بنکه‌‌و ویستگه‌یانه‌ی سه‌ردانمان کردن نوسینێکی چاپکراوی کوردی هاوبه‌شمان نه‌دی که‌ راڤه‌ له ‌کاری کۆمسیۆن بکات له‌م روه‌وه‌. ئه‌گه‌ر کارێکیش کرابێ، ئه‌وه‌ له‌سه‌ر په‌یبردنی شه‌خسی کارمه‌ندانی ناو مه‌ڵبه‌ند‌و ویستگه‌یانه‌ بون.
• له‌ بانگه‌شه‌‌و پڕوپاگه‌نده‌‌و رێنماییه‌کا‌نی کۆمسیۆنی باڵادا نوسین، بابه‌ت یان دۆکیۆمێنت ده‌بینیت که‌ هه‌ڵه‌‌و که‌موکورتییان تێدایه، که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ داڕشتن‌و فۆنته‌کان‌و لایه‌نی کۆمپیوته‌رییه‌وه‌ هه‌یه‌‌. ئه‌م هه‌ڵانه‌ له ‌توانای تێگه‌یشتنی ده‌نگده‌ری کورد له ‌مه‌ڕ پرۆسه‌که‌ که‌م ده‌که‌نه‌وه‌.

3) رۆڵـــــــی چاودێـــــــــــری قــــــــــــــه‌واره‌ سیــــــــاسییه‌کان:
له هه‌مو ئه‌و ویستگه‌یانه‌ی سه‌ردانمان کردن‌، رۆڵی چاودێری قه‌واره‌ سیاسییه‌کان بۆش کرابوه‌وه‌‌ به‌وه‌ی پێیان وتبون که: نابێ له ‌شوێنه‌کانی خۆیان بجوڵێن، له ‌کاتێکدا ئه‌م چاودێرانه‌، بێ ئه‌وه‌ی بگاته‌ حاڵه‌تی ده‌ستێوه‌ردان، ده‌توانن له‌ دورییه‌کی گونجاوه‌وه‌ ئه‌رکی چاودێرییه‌که‌ بگه‌یه‌نن بێ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ده‌نگدانه‌که بشێوێنن‌. قه‌تیسکردنی چاودێره‌کان له‌ شوێنه‌کانیاندا رێی پێ نه‌ده‌دان‌ تا ئه‌رکه‌‌کانی خۆیان به ‌دروستی ببینن له‌وانه دڵنیابون له‌‌ جوتبونی ناسنامه‌ له‌گه‌ڵ‌ که‌سایه‌تی ده‌نگده‌ره‌که‌دا. ئه‌مه‌ رێی ده‌دا‌ به ‌تێپه‌ڕبونی ئه‌و که‌سانه‌ی ناسنامه‌ی دروستیان پێ نه‌بو. به ‌سود وه‌رگرتن له‌م حاڵه‌ته‌ نامۆیه‌،‌ لیستێ له‌ لیسته‌کان، له ‌چه‌ندین مه‌ڵبه‌ندی هه‌ڵبژاردن، له‌ناو هه‌ولێر‌و له ‌ده‌ره‌وه‌یدا، به ‌ناڕه‌وا، ده‌نگی که‌سانی دیكه‌‌ یان هی بۆشیان بۆ خۆیان بردوه‌.

4) درێـــــــژکردنه‌وه‌ی له ‌ناکـــــــــاوی مـــــاوه‌ی ده‌نگــــــــدانه‌که‌:
به‌لای ئێمه‌وه‌، ئه‌م یه‌ک سه‌عات درێژکردنه‌وه‌یه‌‌ جێی گومان‌و نا ئاسوده‌ییه‌کی زۆره تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی جورئه‌ت بکه‌ین که‌ مصداقییه‌ت‌و بێلایه‌نی‌ کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێ بخه‌ینه‌ ‌ژێر پرسیارێکی جدییه‌وه‌‌،‌ له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ی خواره‌وه‌:
• قه‌ره‌باڵغی‌و جه‌نجاڵی به‌سه‌ر مه‌ڵبه‌نده‌کانه‌وه‌‌و به‌سه‌ر ئه‌و مه‌ڵبه‌ندانه‌شه‌وه‌ نه‌بوه‌ که‌ هاوپیشه‌کانمان‌و چاودێره‌کانی ئێمه‌ی لێ بون. ئێمه‌ هۆیه‌کی لۆژیكی بۆ ئه‌م درێژکردنه‌وه‌یه‌ نابینین. پێ ده‌چێ ئه‌م درێژکردنه‌وه‌یه‌ هۆی دیكه‌ی له‌پشته‌وه‌ بێ که‌ ده‌چنه‌ ژێر خانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ده‌ره‌کییه‌وه‌؛ نه‌ک هی ده‌نگده‌ر وه‌ک له ‌خاڵه‌کانی داهاتودا تێبینی ده‌که‌ین.
• ژماره‌ی مه‌ڵبه‌نده‌کانی ده‌نگدان کافی بون بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگده‌ران له ‌هه‌ر سێ پارێزگا‌و شار‌و شارۆچکه‌که‌نیاندا سه‌ردانیان بکه‌ن‌و له‌ واده‌ی خۆیدا ده‌نگ بده‌ن.
• پاساو هێنانه‌وه‌ی هۆکاری گه‌رما بۆ نه‌هاتنی ده‌نگده‌ران نادروسته‌. نه‌هاتنی ده‌نگده‌ر ده‌چێته‌ خانه‌ی به‌رپرسیارێتی خودی ده‌نگده‌ره‌وه‌ نه‌ک کۆمسیۆنی باڵا. وا ده‌رده‌که‌وێ که‌ کۆمسیۆن‌ له ‌کاتی داڕشتنی نه‌خشه‌ی‌ گشتی پرۆسه‌که‌دا ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ی له‌به‌رچاو گرتوه‌‌و ماوه‌ی کاتژمێری (8)ی به‌یانی بۆ (6)ی ئێواره‌ کافی بوه‌‌و زیادکردنی سه‌عاته‌که‌ هیچ پێویست نه‌بوه‌‌.
• دیارده‌یه‌ک زۆر سه‌رسامی کردون ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌: له ‌کاتێکدا پرۆسه‌ی ده‌نگدان به ‌هێمنی به‌ره‌و کۆتایی ده‌چو، ده‌نگده‌ران که‌م‌و که‌متر ده‌بونه‌وه‌، که‌چی له‌گه‌ڵ‌ ناوهێنانی درێژکردنه‌وه‌که‌دا، هروژمی ده‌نگده‌ر له‌ ژماره‌یه‌ک له‌ بنکه‌کاندا دراماتیکی زیادی کرد‌. گریمان کۆمسیۆنی باڵا بنکه‌کانی ئاگادارکردوه‌ته‌وه‌، ئه‌ی کێ ئه‌و هه‌مو ده‌نگده‌رانه‌ی ئاگادارکردوه‌ته‌وه‌. سه‌یره‌!!، ده‌نگده‌رانێ خۆیان به ‌دڵسۆزی مافه‌کانی خۆیان بزانن به ‌درێژایی رۆژه‌که‌ ده‌رفه‌تی هاتن نه‌دۆزنه‌وه‌ که‌چی له ده‌ره‌وه‌ی کاته‌که‌دا‌ "الوقت الضائع" دا وا به ‌هه‌ڵپه‌بن!؟
• شێوازی ئه‌نجامدانی ده‌نگدانه‌که‌ له ‌سه‌عاته‌ کۆتاییه‌کاندا هێنده‌ خه‌ست‌و فراوان بو، که‌ به ‌دیارده‌یه‌کی داسه‌پاندن لێی بڕوانی‌و هه‌ست به‌وه‌ بکه‌یت که‌ ئه‌م پێشێلکارییه‌، به ‌هه‌ر نرخێ بێ، ده‌بێ بکرێت. رێژه‌ی ده‌نگدان به ‌دڵی لیستی کوردستانی نه‌بوه‌‌و حاڵه‌تی ترسێکی لای بڕیارده‌رانی ئه‌م لیسته‌ دروست کردوه‌ که‌ بێ پێشلکارییه‌کی له‌و جۆره‌ نه‌بێ، به ‌که‌م شتی دیكه‌ ده‌ڕه‌وێته‌وه‌!
• له‌گه‌ڵ‌ چه‌ندین ته‌حه‌فوزدا، پرۆسه‌که‌ تا نزیکه‌ی (4)ی پاش نیوه‌ڕۆ به‌ ئاسایی ده‌ڕۆیشت. دوا سه‌عاتی ده‌نگدانه‌که‌‌و ئه‌و یه‌ک سه‌عاته‌ی خرایه‌ سه‌ری ده‌روازه‌ی پێشێلکاری ده‌نگدانی ساخته‌ی خسته‌ سه‌رپشت. له‌وه‌ ده‌چو که‌ نێوانی (4 تا 6) کافی نه‌بێ بۆ گه‌یشتن به ‌مه‌رامی پێشێلکاران هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و کاتژمێره‌شی خرایه‌ سه‌ر!

ئه‌مانه‌ بۆ ئه‌م لێکدانه‌وانه‌ی خواره‌وه‌مان ده‌به‌ن:
• ده‌ستێوه‌ردانێک رویداوه‌ له‌ ئاکامی جۆره‌ هاوکارییه‌ک له ‌نێوان هه‌مو کۆمسیۆنی باڵا یان به‌شێکیان‌و له‌گه‌ڵ‌ لیستی سودمه‌ند له‌ درێژکردنه‌وه‌که‌. شیکردنه‌وه‌ مه‌یدانییه‌‌کان له ‌هه‌ولێر، بونی‌ لق‌و ناوچه‌کانی پارتی، هێزه‌ چه‌کداره‌ جیاجیاکانی ده‌سه‌ڵات‌و، شار‌و شوێنی خروقاته‌کان بۆ ئه‌وه‌مان ده‌به‌ن که‌ بڵێین: ئه‌م درێژکردنه‌وه‌یه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی لیسته‌که‌ی ده‌سه‌ڵات (لیستی کوردستانی)‌و بۆ کاندیداکه‌یان بۆ پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم خراوه‌ته ‌گه‌ڕ.
• ئاکامی ئه‌م پێشێلکارییه‌ ئه‌وه‌یه‌، ژماره‌یه‌کی باش له ‌کاندیده‌کانی لیستی ده‌سه‌ڵات‌ له‌سه‌ر کورسییه‌کانی رکابه‌ره‌کانیان له‌ په‌رله‌مانی داهاتودا داده‌نیشن. ئه‌م به‌ناو ئه‌ندامانه‌ نمایینده‌ی ده‌نگ‌و ویژدانی خه‌ڵک نین‌و نیشانه‌ی‌ پرسیار له‌سه‌ر شه‌رعییه‌تی ئه‌م ئه‌ندامانه‌ هه‌یه‌.
• ئه‌زمونێکی مه‌زنی وا، ئه‌گه‌ر به‌ پێشێلکاری سه‌عاته‌ کۆتاکانی پرۆسه‌که‌‌ ئه‌تک نه‌کرابا‌، ده‌کرا به‌ خاڵێکی وه‌رچه‌رخانی گه‌وره‌ له‌ بۆ شارستانیکردنی کۆمه‌ڵی کورده‌واری‌و ده‌ڤه‌ره‌که‌ سه‌یر بکرابا‌! بێ شک ئه‌م ئه‌زمونه‌ ده‌بوه‌ نمونه‌‌و ده‌کرا چاوی لێبکرێ.
• ئه‌و دو لایه‌نه‌ی له‌م له‌که‌دار کردنه‌ به‌رپرسیارن بریتین له‌ کۆمسیۆنی باڵا‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ پێشێلکارییان تێدا کراوه‌.‌ هۆکاری پێشێلکارییه‌کان جیان، به‌لای ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ که ‌خۆی‌و لیسته‌که‌ی له‌ که‌وتن بپارێزێ‌و گه‌ر بۆشی بلوێ (که‌ بۆی لوا) سه‌رکه‌و‌تن به ‌جیاوازییه‌کی زۆر به‌ده‌ست بهێنێ. کۆمسیۆن، له‌به‌رده‌م ئیلتزاماتێکی مۆراڵی گه‌وره‌دایه‌ تا وه‌ڵامی ده‌وری خۆی ‌له‌م پێشێلکارییه‌دا بداته‌وه‌و ئه‌و هه‌لومه‌رجانه‌ باس بکات که ‌پاڵی پێوه‌ناوه‌ رێ له‌م ئاکامه‌ نه‌گرێ؟

5) تۆمــــــــــــاری سه‌ردانــــــــــی بنکه‌کانــــــــــــی هه‌ڵبــــــــــــــژاردن:
1. بنکه‌ی ناوه‌ندیی کوردستان له‌ هه‌ولێر:
(23/07/2009) کاتژمێر (10.30) به‌یانی‌و دوای نیوه‌ڕۆش.
• رێساکانی ساغ‌و سه‌لامه‌تی له‌ ویستگه‌کانی ئه‌م مه‌ڵبه‌نده‌دا ره‌چاو نه‌کرابو. ویستگه‌کان زۆر گه‌رم بون، دانه‌یه‌‌کیان نه‌بێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌کێ له‌ کارمه‌نده‌کانی ناو ویستگه‌که‌ مبریده‌که‌ی ماڵی خۆی هێنابو!
• رێکخستن له‌ چونه‌ ژوره‌وه‌دا‌ نه‌مابو، ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ پۆلیسه‌کانی هاتوچۆ رژابونه‌ ناو ژوره‌کان‌و به‌سه‌ر مێز‌و له ‌چوارده‌وری خڕببونه‌وه‌ به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ک کاره‌که‌ وه‌ستابو نه‌ده‌ڕۆیشته‌ پێشه‌وه‌.
• دو له‌ چاودێره‌کانی ئێمه‌ ئاگایان له‌و خروقاته‌ بو که‌ رێکخراوێکی سویدی دۆزییه‌وه‌.

2. بنکه‌ی هه‌تاو له‌ هه‌ولێر:
(25/07/2009) کاتژمێر (2.40)ی پاش نیوه‌ڕۆ
• ئاسایش به‌رده‌می مه‌ڵبه‌نده‌که‌ی گرتبو، بۆ خۆم پێم سه‌یر بو له ‌ناکاو که‌سێ هاته به‌رده‌مم‌و ناشارستانییانه‌ وتی: بۆ کوێ؟ که‌زانی چاودێری نێوده‌وڵه‌تیم هه‌ڵوێسته‌یه‌کی کرد‌و پاشه‌کشه‌ی کرد.
• له ‌ده‌روازه‌ی ده‌ره‌وه‌ی بنکه‌که‌دا، له ‌‌کاتی چونه‌ ژوره‌وه‌مدا، پیاوێکی به ‌ته‌مه‌ن، به ‌هه‌ڵه‌داوان به‌لامدا خۆی کرد به‌ بنکه‌که‌دا، پۆلیسه‌که‌ی ده‌ره‌وه‌ ئه‌وی نه‌پشکنی، چونکه‌ وتی که ‌سه‌ر به ‌جه‌ماعه‌ته‌‌و داوایان کردوه‌. کاتێ له ‌پۆلیسه‌که‌م پرسی: بۆ نایپشکنی؟ وتی: جه‌ماعه‌تی خۆمانه‌، وتم: جه‌ماعه‌تی خۆتان کێیه‌؟ ئینجا‌ وتم: پشکنین هه‌مو که‌سێک ده‌گرێته‌وه‌، که‌چی ناڕاستگۆیانه‌ پێی وتم که‌ ئه‌وی پشکنیوه‌.
• ژماره‌یه‌کی له‌به‌رچاو له ‌ده‌نگده‌رانم بینی، هه‌ندێکیان هاتنه‌ لام‌و سکاڵایان له ‌نه‌بونی ناویان ده‌کرد. تیایاندا هه‌بو، ده‌یوت که ‌ناوه‌که‌ی له‌سه‌ر دیواره‌که‌ی ده‌ره‌وه‌دا هه‌یه‌، که‌چی له‌ناو سجله‌کانی نێو وێستگه‌کاندا نییه‌! ئه‌م خه‌ڵکانه‌، به ‌به‌رده‌وامی له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ره‌که‌ ده‌ئاڵان که‌ ئه‌ویش ده‌سته‌وه‌ستان بو له ‌ئاست چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانیاندا! سکاڵای ئه‌م ده‌نگده‌رانه‌ له ‌ناخه‌وه‌ بو، زۆر خه‌فه‌تیان ده‌خوارد، له ‌حاڵه‌تێکدا پیرێژنێک‌ له ‌به‌رده‌می مندا گریا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ‌ده‌نگدان بێبه‌شیان کردبو. له ‌هه‌مو جۆرێ ده‌نگده‌ر یان ئه‌ندامانی خێزانم بینی که ‌زویر ده‌بون‌و توإه‌ ده‌بون‌و بێزاری خۆیان له‌ به‌جێهێشتنی مه‌ڵبه‌ندی ده‌نگدانه‌که‌دا ده‌رده‌بڕی (چه‌ند ناوێکم بۆ نمونه‌ تۆمار کردوه‌).
• دیارده‌یه‌کی دیكه‌ که‌ ئه‌م ده‌نگده‌رانه‌ی ماندو بێزار کردبو، ئه‌و حه‌واڵه‌ به ‌گه‌واڵه‌یه‌ بو که‌ به‌رامبه‌ریان ده‌کرا. چه‌ندین حاڵه‌ت سکاڵایان له‌وه‌ بو که‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌م مه‌ڵبه‌ند بۆ مه‌ڵبه‌نده‌کانی دیكه‌یان ده‌نێرن له ‌کاتێکدا خۆیان له‌وانه‌وه‌ هاتون‌و ناویان نه‌بوه‌! جێی داخه‌، دوا وه‌ڵامێك که ‌به‌مانه‌ ده‌درا ئه‌وه‌ بو که‌: ناویان نییه‌‌و مافی ده‌نگدانیان نییه‌!
• له ‌کاتێکدا نه‌ده‌بو چاودێر بجوڵێ، چاودێرێکی لیستی کوردستانی، به ‌ئاره‌زوی خۆی له ‌نێوان ویستگه‌کاندا ته‌راتێنی ده‌کرد‌؟ ئه‌م لیسته، له‌ویستگه‌یه‌کدا‌ دو چاودێری هه‌بو!
• له ‌کاتێکدا سه‌رقاڵی تۆمارکردنی تێبینییه‌کانم بوم، چاودێرێکی سه‌ر به ‌لیستی کوردستانی به‌سه‌رمه‌وه‌ بو ده‌یویست بزانم چی ده‌نوسم، کاتێ پێموت، که‌ ئه‌م کاره‌ی من تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌‌و بۆچی سه‌یرم ده‌کات، ئه‌و تێکچو بێده‌نگ بو!
• یه‌کێك له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ویستگه‌کان که‌ ترسا ناوی بهێنم ئه‌وه‌ی درکاند که‌ په‌یتا په‌یتا خه‌ڵک دێن‌و له ‌مه‌ڵبه‌نده‌که‌دا بواری ده‌نگدانیان بۆ ده‌دۆزرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ حاڵه‌تی هاتنی پیاوه‌ ته‌مه‌نداره‌که‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێ که‌ سه‌ر به ‌جه‌ماعه‌ته‌‌‌و ئاسانکاریی ده‌نگدان، ده‌نگدانه‌وه‌‌و بگره‌ چه‌ند باره‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی بۆ ده‌کرێ!

3. بنکه‌ی برایی کوڕان له‌ هه‌ولێر:
(25/07/2009) کاتژمێر (5.00) تا (6.15)ی پاش نیوه‌ڕۆ. من لای نه‌جیبه‌خان بوم که‌ کۆمسیۆنی باڵا ته‌له‌فونیان کرد‌و درێژکردنه‌وه‌ی سه‌عاته‌که‌ی پێڕاگه‌یاند.
نه‌جیبه‌خان، به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌ڵبه‌نده‌که‌ پێیوتم:
• 1)که‌ لقی پارتی دیموکراتی کوردستان سه‌ر له‌ به‌یانی له ‌مه‌ڵبه‌نده‌که‌ بون. کاتێ پرسیارم لێکرد که‌ ئه‌وان هه‌قیان نییه‌ بێنه‌ ئه‌م مه‌ڵبه‌نده‌‌و بۆ هاتون؟ نه‌جیبه‌خان وتی: که‌ بۆ خزمه‌ت پیشاندان هاتون، دواتر ئه‌وه‌م دی که‌ خێره‌ومه‌ند ؟ ئاویان بۆ مه‌ڵبه‌نده‌که‌ ده‌هێنا! 2) چاودێری لیستی گۆڕان که‌ له‌یه‌کێ له‌ ویستگه‌کاکاندا بوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی أعصابی ته‌واو نه‌بوه‌، په‌ست‌و توإه‌ بوه‌‌و ویستگه‌‌و مه‌ڵبه‌نده‌که‌ی جێ هێشتوه‌! 3) شایه‌تی موختار بۆ شه‌رعییه‌تدان به ‌ده‌نگده‌ر ‌له‌به‌ر چاوگیراوه‌! هه‌روه‌ها ناوی (4) بایه‌ع کرابوه‌ بنچینه‌ بۆ قبوڵکردن یان نه‌کردنی ده‌نگده‌ران.
• که‌سێکم بینی هاته‌ ناو ویستگه‌که‌وه‌‌و ده‌نگده‌رێکی هێنا بۆ لای به‌رپرسی ناسه‌ره‌وه‌‌ که ‌له ‌چاوتروکاندنێکدا فۆڕمی پێدرا‌و چو ده‌نگیدا. کاتی جێهێشتنی ویستگه‌که‌ فریای که‌وتم‌و لێم پرسی: ئێوه‌ کارتان چییه‌؟ وتی: به‌رپرسی وێستگه‌م. لێم پرسی: چی ده‌که‌ی لێره‌، وتی: ئه‌و نه‌فه‌ره‌م هێنا. دواتر ئه‌م روداوه‌م به‌ نه‌جیبه‌خان گه‌یاند، پاساوی نه‌جیبه‌خان ئه‌وه‌ بو که‌ ئه‌م به‌رپرسی وێستگه‌یه‌ تازه‌یه‌‌و له‌جێی پارێزه‌رێک دانراوه‌، هه‌روه‌ها وتیشی: که‌ ئاگاداری کردوه‌ کاری وا نه‌کات. ئه‌م که‌ین‌و به‌ینه‌ کورتخایه‌ن بو نازانم نه‌جیبه‌خان چۆن ده‌می گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌و به‌رپرسی‌ وێستگه‌یه‌و ئه‌و هۆشدارییه‌ی داوه‌تێ!
• گه‌نجانێکی زۆر له‌ناو مه‌ڵبه‌ند‌و ویستگه‌کاندا ده‌هاتن‌و ده‌چون.
• له ‌کاتی جێهێشتنی مه‌ڵبه‌نده‌که‌دا له‌ ‌سه‌عات (6.15) دا پیاوێکی کامڵم بینی که‌ (13) که‌سی به‌دواوه‌ بو، (6) یان گه‌نج بون که‌ به ‌په‌له‌ خۆیان ده‌کرد به‌ناو مه‌ڵبه‌نده‌که‌دا!

4. بنکه‌ی مأمون دباغ له‌ هه‌ولێر: (201003)
(25/07/2009) کاتژمێر (5.35) تا (6.00)ی پاش نیوه‌ڕۆ.
• له ویستگه‌ی (1) له ‌کاتژمێری‌ (16.30)ه‌وه‌ فۆڕمی ده‌نگدان نه‌مابو.
• (238) فۆڕمی (111) درابو به‌ خه‌ڵک‌و ده‌نگیان دابو. رێكخه‌ره‌كه‌‌ په‌یوه‌ندی به ‌کۆمسیۆنی باڵاوه‌ کرد، به‌ڵام وه‌ڵامیان نه‌بو!
• له‌ ویستگه‌ی (3) به‌رپرسی‌ ناسه‌ره‌وه‌ سه‌یری سجله‌که‌ی نه‌ده‌کرد بۆ دۆزینه‌وه‌ی ناوه‌کان
• له‌ ویستگه‌ی (2) بێ هێنانی فۆڕمی (111) ده‌نگ ده‌درا‌و ناسنامه‌ کافی بو.
• نه‌دانی فۆرمی سكاڵا به‌ چاودێرانی لیستی گۆڕان‌و خزمه‌تگوزاری و چاکسازی. وه‌ڵامی رێكخه‌ره‌كه‌‌ ئه‌وه‌ بو که‌ هیچ روی نه‌داوه‌. به ‌به‌رچاوی چاودێره‌کانی ئێمه‌وه‌ پێیانوتون: هیچ روی نه‌داوه‌ تا فۆڕمی (110)تان بده‌ینێ. به‌رپرسی‌ ناوچه‌ی پارتی له‌وێدا بوه‌ له‌ رێكخه‌ره‌كه‌ی‌ پرسیوه‌ ئه‌وه‌ چییه‌؟ رێكخه‌ره‌که‌ش به‌‌ پێکه‌نینه‌وه‌ وتویه‌تی: هیچ نییه‌ داوای فۆڕمی (110) ده‌که‌ن.
• چه‌کدار، زێره‌ڤانی‌و فلک به ‌چه‌که‌وه له‌ناو مه‌ڵبه‌نده‌که‌دا بون.
• پۆلیسه‌که‌ رێگری له‌وانه‌ نه‌ده‌کرد که‌ ده‌نگیان دابو په‌نجه‌یان مۆر بو ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ ناو مه‌ڵبه‌نده‌که‌. له‌ پۆلیسه‌که‌مان پرسی چۆن رێگه‌ به‌مانه‌ ده‌ده‌یت بچنه‌وه‌ ژورێ؟ له‌ وه‌ڵامدا وتی: بۆ ده‌نگدان ناچن؛ بۆ سه‌ردانی براده‌ره‌کانیان ده‌چن!
• چون ده‌یانزانی ئێمه‌ چاودێری نێو نه‌ته‌وه‌یین، بۆ ناو هه‌ر ویستگه‌یه‌ک بچوینایه‌، زو به‌زو چۆڵ‌ ده‌بو رویان ده‌کرده‌ ویستگه‌کانیتر!

6) ده‌رئــــــــــــه‌نجام‌و پێشنیــــــــــازه‌کان:
له‌وانه‌ی رابوردن ئه‌م ده‌رئه‌نجامانه‌ داده‌ڕێژین‌و ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ش پێشنیاز ده‌که‌ین:
• به‌شێوه‌یه‌کی گشتی پرۆسه‌ی ده‌نگدان تا کاتژمێری (4-5)ی پاش نیوه‌ڕۆی (25/ 07/ 2009) به ‌ئاسایی رێی کردوه‌. له‌م کاته‌ به‌دواوه‌، به‌شێوه‌یه‌کی سیستماتیک، خروقات ده‌ستی پێکرد‌و به‌رده‌وام بو له‌ کاتژمێره‌ دریژکراوه‌که‌دا، واته‌ (6-7) ئه‌م خروقاتی ده‌نگدانه‌ به‌لێشاوه‌ گه‌یشته‌ لوتکه‌.
• هۆیه‌کانی درێژکردنه‌وه‌ی ئه‌و کاتژمێره‌ له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع وجودێکی نییه‌. کۆمسیۆنی باڵا‌و ده‌سه‌ڵاتی کوردی ئه‌و ئه‌رکه‌ یاسایی‌و مۆراڵییه‌یه‌یان له ‌ئه‌ستۆیه‌ تا ئه‌م حه‌قیقه‌تی ئه‌م کێشه‌یه‌ بخه‌نه‌ به‌رده‌م ده‌نگده‌رانی کورد‌و لیسته‌ رکابه‌ره‌کان‌و رای گشتی کوردی‌و عێراقی‌و جیهانی.
• ئه‌م پێشێلکارییانه‌‌ تۆماری رێژه‌یه‌کی سه‌دی باشی بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ به‌ده‌مه‌وه بو که‌ پێی هه‌ستا‌ که‌ لیستی ده‌سه‌ڵاته‌‌و ئاکامه‌کانی له ‌بنه‌ڕه‌ته‌وه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و‌ گۆڕیوه‌. لیستی کوردستانی له‌سه‌ر حسابی ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی بایکۆتی هه‌ڵبژاردنه‌که‌یان کردوه‌‌و له‌سه‌ر حسابی لیسته‌کانی دیكه‌ ده‌نگێکی زۆری بۆ خۆی زه‌وت کردوه‌‌و ژماره‌ی کورسییه‌کانی خۆی پێ زیاد کردوه‌‌و له ‌ئه‌گه‌ری ده‌ستپێشکه‌ری پێکهێنانی حکومه‌ت‌و تێپه‌ڕاندنی بإیاره‌کانی په‌رله‌مانی ئایینده بۆ ماوه‌ی (4) ساڵی ره‌به‌ق‌ سودیان لێوه‌رده‌گرێ!
• ده‌سه‌ڵات به ‌خراپی سودی له‌ که‌لێنه‌کانی نه‌بون‌و ناته‌واوی ناوی ده‌نگده‌ران بینی. ئه‌م که‌لێنه‌ کۆمسیۆنی باڵا لێی به‌رپرسیاره‌، به‌وپێیه‌ش له‌و ناحه‌قیانه‌ش به‌رپرسیاره،‌ که‌ له‌ بونی که‌لێنه‌که‌ی‌ که‌وتوه‌ته‌وه‌.
• چاودێری قه‌واره‌ سیاسییه‌کان په‌راوێز خرابون‌و به‌مه‌ش پرۆسه‌که‌ له‌ فاکته‌ری چاودێری راسته‌قینه‌ بێبه‌ش کرابو که‌ بێ ئه‌م فاکته‌ره،‌ پرۆسه‌که‌ ناته‌واو بو، هه‌ر وه‌ک روشی دا.
• ده‌نگده‌ره‌کان ئامانجی سه‌ره‌کی پرۆسه‌یه‌کی له‌م جۆره‌ن‌ بۆیه ده‌بێ هه‌مو‌ لایه‌نه‌کان هاریکاری یه‌کتر بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌نگده‌رانه‌ به ‌ئازادی‌و له‌ که‌شوهه‌وایه‌کی له‌باردا راڤه‌ له‌خۆیان‌و بۆچونه‌کانیان بکه‌ن‌و بڕیاره‌کانیان بده‌ن، که ‌به‌داخه‌وه‌ له‌م پرۆسه‌یه‌دا کورتی هێنابو.

پێشنیازه‌کانیش بریتین له‌وه‌ی‌ که‌:
• کۆمسیۆنی باڵا زۆر به‌جدی به‌سه‌ر بڕیاری درێژکردنه‌وه‌که‌یدا بچێته‌وه‌.
• سنورێکی دیار له ‌نێوان خۆیی‌و ده‌سه‌ڵاتی کو‌ردیدا بۆ به‌رپرسیارێتی له ‌پێشێلکارییه‌کان بکێشێ.
• لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و بڕیار به‌ده‌ست‌و ئه‌و که‌سه‌ سه‌ره‌کیانه‌دا بکرێ که‌ به‌شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان له‌ زڕاندنی ناو پیرۆزی ئه‌م پرۆسه‌ به‌هاداره‌ به‌رپرسیارن.
• سود له‌ ئه‌زمونه‌کانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به ‌خاڵه ئیجابی‌و سلبییه‌کانییه‌وه‌ وه‌ربگرێ‌و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتودا سودیان لێوه‌ربگرێ.
• هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌، کۆمسیۆنی باڵا باشتر له‌ پێداویستییه‌ گشتی‌و تایبه‌تییه‌کان بچێته‌ پێشه‌وه‌‌و دابینیان بکات. به‌شداری پێکردنی نوسه‌ران‌و ته‌کنیکانی کۆمپیوته‌ر‌و به ‌سه‌لیقه‌ لایه‌نه‌ سلبییه‌کان که‌متر ده‌کاته‌وه‌.

رێکخراوی کــــانـــگا
(28/07/2009)

 

Sbeiy.com © 2007