Print
 

کورد و هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی تورکیا

Tuesday, July 24, 2007
زانای ئه‌حمه‌د چاوجوان

هه‌ڵبژاردنه‌ پارله‌مانییه‌كه‌ی‌ 22ی‌ ته‌مموزی‌ توركیا، كه‌ بیست و سێیه‌مین بوو له‌ مێژووی‌ ئه‌و وڵاته‌دا كۆتایی‌ پێهات و گرنگترین رووداوی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ش به‌لای‌ كورده‌وه‌ سه‌ركه‌وتنی‌ كورده‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌یه‌ كه‌ له‌ مێژووی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ توركیادا ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ كورده‌كان بتوانن 24 كورسیی‌ پارله‌مانی‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌ده‌ستبهێنن ئه‌مه‌ش له‌ كۆی‌ 550 كورسیی‌ پارله‌مانی‌ ئه‌و وڵاته‌، ئه‌ویش به‌ به‌شداریپێكردنی‌ كاندیدی‌ سه‌ربه‌خۆ كه‌ هه‌موویان سه‌ر به‌ پارتی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ دیموكراتین(ده‌ته‌په‌) كه‌ پارتێكی‌ كوردییه‌ و ئه‌حمه‌د تورك سه‌رۆكی‌ پارته‌كه‌یه‌، (ده‌ته‌په‌) دوو مانگ پێش ده‌ستپێكردنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ و له‌ 22ی‌ ئایار پاشه‌كشه‌كردنی‌ خۆی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ راگه‌یاند ئه‌ویش به‌هۆی‌ ئه‌و یاسایه‌ی‌ توركیا كه‌ هه‌ر پارتێك له‌ 10%ی‌ ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست نه‌هێنێت ناچێته‌ پارله‌مانی‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌ كه‌ توانی‌ له‌ كۆی‌ 550 كورسیی‌ پارله‌مان 24 كورسی‌ به‌ده‌ستبهێنێت له‌كاتێكدا كاندیده‌ سه‌ربه‌خۆكانی‌ تر توانییان ته‌نها 3 كورسیی‌ پارله‌مان مسۆگه‌ر بكه‌ن.

ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ پارله‌مانییه‌كه‌ی‌ 22ی‌ ته‌مموز


ئه‌نجامی‌ كۆتایی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ پارله‌مانییه‌كه‌ی‌ 22ی‌ ته‌مموز به‌م شێوه‌یه‌بوو:
پارتی‌ داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكه‌په‌) كه‌ پارتێكی‌ ئیسلامییه‌ له‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌می‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دابوو كه‌ توانی‌ 46.664%ی‌ ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت و 341 كورسیی‌ پارله‌مان مسۆگه‌ربكات له‌ كۆی‌ 550 كورسی‌، به‌ڵام ئه‌م رێژه‌یه‌ی‌ (ئاكه‌په‌) به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ 2002 جیاوازیی‌ زۆری‌ هه‌یه‌، چونكه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ پێشوودا ته‌نها 34.3% ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێنا و توانی‌ 365 كورسی‌ له‌ پارله‌مانی‌ ئه‌و وڵاته‌دا مسۆگه‌ر بكات كه‌ جیاوازی‌ ئه‌م رێژه‌یه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ پێشوودا ته‌نها دوو پارت چوونه‌ پارله‌مانه‌وه‌ و له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ژماره‌ی‌ پارته‌ به‌شداربووه‌كان بوونه‌ته‌ سێ‌ پارت و ژماره‌ی‌ ئه‌ندام پارله‌مانه‌كان به‌سه‌ر سێ‌ پارتدا دابه‌شبووه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ 2002 دا ته‌نها دوو پارت چوونه‌ ناو پارله‌مانه‌وه‌ و ده‌نگه‌كان به‌سه‌ریاندا دابه‌شبوو.
سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌ریی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ ئه‌ردۆگان بۆ كورد له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا، شاره‌زایه‌كی‌ كوردی‌ بواری‌ توركیا پێیوابوو ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی‌ ئه‌ردۆگان كاریگه‌رییه‌كی‌ راسته‌وخۆی‌ نابێت له‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ كورد.
یوسف گۆران جێگری‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ستراتیژی‌ به‌ سبه‌ی‌ راگه‌یاند: "ئه‌وه‌نده‌ی‌ ئه‌ردۆگان بیرله‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ توركیا ببێته‌ ئه‌ندامی‌ یه‌كێتیی‌ ئه‌وروپا ‌و خۆی‌ له‌گه‌ڵ‌ پارته‌ نه‌ته‌وه‌په‌رست ‌و عه‌لمانییه‌كاندا بگونجێت، هێنده‌ بایه‌خ به‌ مه‌سه‌له‌ی‌ كورد نادات، به‌ڵام وه‌ك ده‌زانن چاره‌سه‌ركردنی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ كورد په‌یوه‌ندییه‌كی‌ زۆری‌ هه‌یه‌ به‌ بوونه‌ئه‌ندامی‌ توركیا له‌ یه‌كێتیی‌ ئه‌وروپا ‌و بۆئه‌وه‌ش پێشبینی ده‌كرێت، ئه‌ردۆگان بایه‌خ به‌ مه‌سه‌له‌ی‌ كورد بدات و بیكاته‌ یه‌كێك له‌و مه‌سه‌لانه‌ی‌ كه‌ هه‌وڵده‌دات بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌".
وتیشی‌: "پارته‌كه‌ی‌ ئه‌ردۆگان له‌ هه‌موو پارته‌كانی‌ تری‌ توركیا تێڕوانینی‌ باشتری‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ كورد، چونكه‌ پارتی‌ داد‌و گه‌شه‌پێدان، باكگراوندێكی‌ ئایینی‌ هه‌یه‌ ‌و له‌سه‌ر بنه‌مای‌ نه‌ته‌وه‌په‌رستی‌ ‌و توندڕه‌وی‌ دانه‌مه‌زراوه‌، هه‌روه‌ك باوه‌ڕی‌ به‌ڕه‌هه‌نده‌ رۆشنبیریی‌ ‌و نه‌ته‌وه‌یی ‌و دیموكراسییه‌كان هه‌یه‌ و به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌پارته‌كه‌یدا كۆمه‌ڵێك كاندیدی‌ كورد هه‌یه‌ ‌و (ئاكه‌په‌)ش له‌ناوچه‌ كوردییه‌كاندا ده‌نگێكی‌ زۆری‌ به‌ده‌ستهێناوه‌".

پارتی‌ گه‌لی‌ كۆماری‌ (جه‌هه‌په‌) كه‌ مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك بنیاتی‌ ناوه‌ و پارتێكی‌ عه‌لمانییه‌، به‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ 20.847%ی‌ ده‌نگه‌كان پله‌ی‌ دووه‌می‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بوو، توانی‌ 112 كورسیی‌ پارله‌مان له‌و وڵاته‌دا به‌ده‌ستبهێنێت كه‌ ئه‌م رێژه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ 2002دا جیاوازه‌، چونكه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ 2002 (جه‌هه‌په‌) توانی‌ له‌ 19.4%ی‌ ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت و 178 كورسی له‌ پارله‌مانی‌ توركیا مسۆگه‌ر بكات.
ئه‌وه‌ی‌ به‌لای‌ پسپۆڕانی‌ سیاسییه‌وه‌ جێگه‌ی‌ سه‌رسوڕمانه‌ پارتی‌ بزاوتنی‌ نه‌ته‌وه‌په‌رستی‌ (مه‌هه‌په‌) توانی‌ له‌ 14.29%ی‌ ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت و له‌ پله‌ی‌ سێیه‌مدا خۆی‌ ببینێته‌وه‌ و 70 كورسیی‌ پارله‌مانی‌ ئه‌و وڵاته‌ی‌ مسۆگه‌ركردووه‌، له‌كاتێكدا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ 2002دا 8.3%ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێنا و نه‌یتوانی‌ بچێته‌ پارله‌مانی‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌.
له‌ لایه‌كی‌ تره‌وه‌ كاندیده‌ سه‌ربه‌خۆكان توانییان 27 كورسیی‌ پارله‌مانی‌ ئه‌و وڵاته‌ مسۆگه‌ربكه‌ن به‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ 5.204%ی‌ ده‌نگه‌كان، كه‌ له‌ كۆی‌ ئه‌و 27 كاندیده‌ 24 كه‌سیان سه‌ر به‌ پارتی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ دیموكراتی‌ (ده‌ته‌په‌)ن، كه‌ پارتێكی‌ كوردییه‌ و ئه‌حمه‌د تورك سه‌رۆكی‌ پارته‌كه‌یه‌.
یوسف گۆران سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌ریی‌ زیادبوونی‌ ژماره‌ی‌ پارله‌مانتاره‌ كورده‌كان له‌ناو پارله‌مانی‌ ئه‌و وڵاته‌دا، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا: "ئه‌و پارله‌مانتارانه‌ ناتوانن گۆڕانكارییه‌كی‌ گه‌وره‌ ‌و كاریگه‌ر دروستبكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایه‌ك ده‌بێت بۆ فراوانكردنی‌ جموجۆڵی‌ سیاسیی‌ كورد له‌و وڵاته‌دا، ئه‌مه‌ش ده‌روازه‌یه‌كی‌ باش واڵاده‌كات بۆ چاره‌سه‌ری سیاسییانه‌ی‌ كێشه‌ی‌ كورد له‌ توركیا".
ناوبراو راشیگه‌یاند: "كورد توانی‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ خۆی‌ بخاته‌ كایه‌ی‌ سیاسیی‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌مه‌ و هه‌نگاوێكی‌ زۆر گرنگه‌، چونكه‌ لێره‌وه‌ كورد ده‌توانێت هه‌وڵی‌ جددی‌ و كاریگه‌ر بدات بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌ی‌ په‌كه‌كه‌ له‌و وڵاته‌دا".
پارتی‌ دیموكراتیش(ده‌په‌) نه‌یتوانی‌ بچێته‌ پارله‌مانی‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌ ئه‌ویش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌یتوانی‌ 10%ی‌ ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت و ته‌نها 5.414%ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ به‌ ده‌ستهێنا و نه‌چووه‌ ناو پارله‌مانی‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ش مه‌همه‌ت ئاغاری‌ سه‌رۆكی‌ پارته‌كه‌ ده‌ستی‌ له‌كار كێشایه‌وه‌.
پارتی‌ گه‌نجانیش(گه‌په‌) 3.034%ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێنا و ئه‌میش سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له‌ چوونه‌ ناو پارله‌مانی‌ ئه‌و وڵاته‌، كه‌ ئیبراهیم تاتڵیسێس گه‌وره‌ گۆرانیبێژی‌ توركیا كاندیدی‌ ئه‌م پارته‌بوو.
پارته‌ لاوازه‌كانی‌ تریش ته‌نها 4.547%ی‌ ده‌نگه‌كانیان به‌ده‌ستهێنا.
كاندیده‌ كورده‌كانی‌ سه‌ر به‌ (ده‌ته‌په‌) توانییان له‌ شاره‌ كوردییه‌كانی‌ توركیا ده‌نگه‌كانیان به‌ده‌ستبهێنن كه‌ له‌ شاری‌ دیاربه‌كر چوار كاندیدی‌ كورد هه‌ڵبژێردران و هه‌ریه‌ك له‌ شاره‌كانی‌ وان و ماردین و شرناخ و باتمان و ده‌رسیم و شانلی‌ ئورفه‌ و موش دوو كاندید و شاره‌كانی‌ ئغدر و بیتلیس و سیرت كاندیدێك و كاندیده‌كانی‌ تریش له‌ شاره‌كانی‌ تر ده‌رچوون كه‌ نه‌زانراوه‌، به‌ڵام له‌ زۆربه‌ی‌ شاره‌ كوردییه‌كان كاندیده‌ كورده‌كان هه‌ڵنه‌بژێرراون و ده‌نگ دراوه‌ به‌ پارته‌كانی‌ داد و گه‌شه‌پێدان به‌ رێژه‌یه‌كی‌ زۆر و پارتی‌ گه‌لی‌ كۆماری‌ و ته‌نانه‌ت پارتی‌ بزاوتنی‌ نه‌ته‌وه‌په‌رستیش، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ شاره‌كانی‌ ئه‌دیامان و ئاگری‌ و ئێلازیخ و ئه‌رزروم و ئه‌رزنجان و ئه‌رده‌هان و چه‌ند شارێكی‌ تردا روویداوه‌.

ئه‌م ئه‌نجامه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌رچه‌نده‌ دوا ئه‌نجامه‌، به‌ڵام به‌ ره‌سمی‌ نازانرێت،چونكه‌ ئه‌م ئه‌نجامه‌ له‌ لایه‌ن ده‌زگای‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ توركیاوه‌ رانه‌گه‌یه‌نراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ هیچ جیاوازییه‌كی‌ نابێت له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م ئه‌نجامه‌.
هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكی‌ مه‌جلیسی‌ باڵای‌ گه‌لی‌ توركیا:
راسته‌وخۆ دوای‌ پێنج رۆژ له‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌لایه‌ن ده‌زگای‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ توركیا، مه‌جلیسی‌ ئه‌و وڵاته‌ كۆده‌بنه‌وه‌، كه‌ پێده‌چێت ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌ سێی‌ ئابدا رووبدات و یه‌كه‌م كاری‌ مه‌جلیسی‌ باڵای‌ گه‌لی‌ توركیا بریتی‌ ده‌بێت له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكی‌ مه‌جلیسی‌ ئه‌و وڵاته‌ و دوای‌ ئه‌وه‌ش هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌ركۆمار و پێكهێنانی‌ حكومه‌ت گرنگترین ئیشه‌كانی‌ مه‌جلیس ده‌بێت.

دوای‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ مه‌جلیسی‌ باڵای‌ گه‌لی‌ توركیا راسته‌وخۆ سوێندی‌ ئه‌ندام پارله‌مانه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ ده‌درێت كه‌ ئه‌ركی‌ ئه‌م سوێند پێخواردنه‌ ده‌درێته‌ به‌ ته‌مه‌نترین كه‌س كه‌ پێشتر سه‌رۆكایه‌تیی‌ مه‌جلیسی‌ كردبێت كه‌ ئه‌ویش شوكرو ئێلێكداغی‌ سه‌ر به‌ پارتی‌ گه‌لی‌ كۆمارییه‌ (جه‌هه‌په‌).

پێكهێنانی‌ حكومه‌ت


پارتی‌ داد و گه‌شه‌پێدان بۆ جاری‌ دووه‌م دوای‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ ده‌نگێكی‌ زۆر توانی‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌می‌ هه‌ڵبژاردن به‌ده‌ستبهێنێت و به‌ ته‌نها حكومه‌تی‌ ئه‌و وڵاته‌ پێكبێنێت ئه‌مه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ پارتی‌ گه‌لی‌ كۆماری‌ (جه‌هه‌په‌) نه‌یتوانی‌ رێژه‌یه‌كی‌ زۆر ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنێت.
له‌ هه‌فته‌ی‌ یه‌كه‌می‌ مانگی‌ ئابدا كۆتایی‌ به‌ 59هه‌مین حكومه‌تی‌ توركیا دێت و ئه‌ركی‌ پێكهێنانی‌ 60 هه‌مین حكومه‌ت ده‌درێته‌ ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆگان سه‌رۆكی‌ پارتی‌ داد و گه‌شه‌پێدان(ئاكه‌په‌) و سه‌ره‌ك وه‌زیرانی‌ پێشووی‌ حكومه‌تی‌ توركیا.
به‌پێی‌ یاسای‌ ده‌ستووری‌ ئه‌و وڵاته‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌ردۆگان كه‌ له‌ ماوه‌ی‌ 45 رۆژدا حكومه‌ته‌كه‌ی‌ پێكبهێنێت، پێشبینی‌ ده‌كرێت ئه‌ردۆگان پێش ته‌واوبوونی‌ مانگی‌ ئاب پێكهێنانی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ كۆتایی‌ پێبهێنێت.
سه‌باره‌ت به‌ دروستكردنی‌ حكومه‌تی‌ توركیا و گۆڕینی‌ بنیاتی‌ سیاسیی‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ لایه‌ن ئه‌ردۆگانه‌وه‌ و تێڕوانینی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ كورد جیاواز له‌ عه‌لمانی‌ و نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان كه‌ ته‌نانه‌ت به‌ ناوی‌ كورد و كوردستان قه‌ڵس ده‌بن، جێگری‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ستراتیژی‌ وتی‌: "هه‌روه‌ك پێشتر وتوومانه‌ پارتی‌ داد و گه‌شه‌پێدان له‌ هه‌موو پارته‌كانی‌ تری‌ توركیا باشتره‌ بۆ كورده‌كان و پێشبینیش ده‌كه‌م حكومه‌تی‌ نوێی‌ ئه‌ردۆگان عاقڵانه‌تر بڕوانێته‌ مه‌سه‌له‌ی‌ كورد، هه‌روه‌ك ئه‌ردۆگان ساڵی‌ 2005 له‌ شاری‌ دیاربه‌كر دانی‌ به‌وه‌دا نا كه‌ له‌توركیادا كێشه‌یه‌ك هه‌یه‌ ئه‌ویش كێشه‌ی‌ كورده‌كانه‌ و ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ (ئاكه‌په‌) هه‌وڵی‌ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌دات".
سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری‌ هه‌ر له‌شكركێشییه‌كی‌ توركیا بۆ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ عیراق بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ په‌كه‌كه‌ دوای‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ نوێی‌ توركیا، یوسف گۆران وتی‌: " ئاكه‌په‌ هه‌وڵده‌دات كێشه‌ی په‌كه‌كه‌ به‌شێوازێكی‌ ئاشتییانه‌ چاره‌سه‌ربكات و بیر له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان ناكاته‌وه‌، ئه‌ویش به‌درێژه‌دان به‌ كۆبوونه‌وه‌ سێ‌ قۆڵییه‌كه‌ی‌ نێوان هه‌ریه‌ك له‌ توركیا ‌و ئه‌مریكا ‌و عیراق، كه‌ تائێستا نوێنه‌رانی‌ هه‌ر سێ‌ وڵاته‌كه‌ چه‌ندین جار له‌و باره‌یه‌وه‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌".

هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌ركۆماری‌ توركیا


ئیشێكی‌ گرنگی‌ تری‌ مه‌جلیسی‌ باڵای‌ گه‌لی‌ توركیا بریتییه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌ركۆماری‌ ئه‌و وڵاته‌، كه‌ ئه‌م جاره‌ش (ئاكه‌په‌) رووبه‌ڕووی‌ كێشه‌ی‌ 367 ده‌نگ ده‌بێته‌وه‌ بۆ گرتنه‌ ده‌ستی‌ پۆستی‌ سه‌ره‌ك كۆمار له‌لایه‌ن ئه‌و پارته‌وه‌، له‌كاتێكدا خۆی‌ ته‌نها 341 ئه‌ندام پارله‌مانی‌ هه‌یه‌ له‌و وڵاته‌دا، بۆیه‌ به‌ بیروڕای‌ چاودێرانی‌ سیاسیی‌ ئه‌و وڵاته‌ (ئاكه‌په‌)پێویستیی‌ به‌ یارمه‌تیی‌ هه‌ریه‌ك له‌ پارته‌كانی‌ گه‌لی‌ كۆماری‌ و بزاوتنی‌ نه‌ته‌وه‌په‌رستی‌ ده‌بێت، به‌ڵام به‌ هۆی‌ نه‌گونجانی‌ بنه‌ما سیاسییه‌كانیانه‌وه‌ پێناچێت ئه‌مان هاوكاری‌ باشی‌ (ئاكه‌په‌) بن و شاره‌زایان پێیان وایه‌ له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا (ئاكه‌په‌) هانا بۆ كورده‌كانی‌ ناو پارله‌مانی‌ ئه‌و وڵاته‌ ده‌بات.
یوسف گۆران پێی وابوو:"پێویسته‌ پارله‌مانتاره‌ كورده‌كان هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌میان پێكهێنانی‌ هاوپه‌یمانییه‌تییه‌ك بێت له‌گه‌ڵ‌ پارتی‌ داد ‌و گه‌شه‌پێدان و پێویسته‌ ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌تییه‌ش به‌و ئاقاره‌دا بێت كه‌(ئاكه‌په‌) خزمه‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ی‌ كورد بكات و هه‌وڵ‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ بدات".

ریفراندۆم بۆ گۆڕینی‌ ده‌ستووری‌ وڵات


له‌یه‌كێك له‌هه‌ره‌ رووداوه‌ گرنگه‌كانی‌ توركیا كه‌ تائێستا بایه‌خی‌ زۆری‌ پێنه‌دراوه‌، پارتی‌ دادو گه‌شه‌پێدان گرنگی‌ زۆرتری‌ داوه‌ به‌ گۆڕینی‌ ده‌ستوور و هه‌موو ئامانجی‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ سێ‌ له‌سه‌ر چواری‌ ده‌نگه‌كانی‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ یان به‌ده‌ستهێنانی‌ 367 ئه‌ندام پارله‌مان، ئه‌ویش بۆ گۆڕینی‌ ده‌ستووری‌ وڵات، به‌ڵام (ئاكه‌په‌) نه‌یتوانی‌ ئه‌م رێژه‌یه‌ به‌ده‌ستبهێنێت و ده‌ستكاریی‌ ده‌ستووری‌ وڵات بكات، پێده‌چێت ئه‌م حكومه‌ته‌ی‌ ئێستا گرنگی‌ زیاتربدات به‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆمی‌ گۆڕینی‌ ده‌ستوور وه‌ك له‌وه‌ی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ پێشوو گرنگی‌ پێدابوو، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ كه‌ 21 ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌م حكومه‌تی‌ توركیا ریفراندۆمێك له‌ سه‌رانسه‌ری‌ توركیا ئه‌نجامبدات بۆ گۆڕینی‌ ده‌ستووری‌ وڵات.
Sbeiy.com © 2007