|
هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی به‌بیر كورد ده‌هێنێته‌وه |
Monday, November 19, 2007 |
راپۆرت: هه‌ستیار قادر
هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی توركیا بۆ ئه‌نجامدانی له‌شكركێشی بۆناو سنووری هه‌رێمی كوردستان زه‌نگێكی ئاگاداركهربوو بۆ سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد سه‌باره‌ت به گرنگی پێكهینانی ده‌زگایه‌كی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی به به‌شداری كه‌سانی پسپۆڕی نه‌ته‌وه‌یی و دوور له حزبایه‌تی، سه‌رچاوه‌یه‌كیش له پارله‌مانی كوردستان ئاشكرایكرد كه له‌دوایین دانیشتنی داخراوی پارله‌مانی كوردستاندا سه‌رۆكی هه‌رێم پێشنیاری پێكهێنانی ده‌زگایه‌كی كردووه به هاوشێوه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كه وه‌ك مه‌رجه‌عیه‌تێك تیایدا كێشه‌ی نێوان لایه‌نه كوردییه‌كان و ئه‌و لایه‌نانه‌ش له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌ردا یه‌كلایی بكرێته‌وه و هه‌ندێك له پارله‌مانتارانیش پێیان باش بووه خودی پارله‌مان ببێته ئه‌و مه‌رجه‌عیه‌ته، ئه‌مه له كاتێكدایه هه‌ندێك له چاودێرانی سیاسی پێیانوایه حكومه‌تی ناوه‌ندی نه‌ك ناتوانێت ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان بپارێزێت، به‌ڵكو بووته مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر خودی ئه‌و ئاسایشه.
نوری تاڵه‌بانی ئه‌ندامی پارله‌مانی كوردستان پێیوایه كه به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و كاره‌سات و رووداوانه‌ی به‌سه‌ر كورددا هاتووه ده‌بوو سه‌ركردایه‌تی كورد زوو بیری له پێكهێنانی ده‌زگایه‌كی له‌و شێوه‌یه بكردایه‌ته‌وه، نوری تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد جگه له‌م هه‌ڕه‌شانه‌ی ئێستای توركیا پێشتر گه‌لێك شتی تری وا روویداوه و له ئاینده‌شدا رووده‌ده‌ن، وتیشی: «ده‌بوو ئه‌و گۆڕانكاری و هه‌ڕه‌شانه وای له سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد بكردایه بیر له پێكهێنانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بكاته‌وه»، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی پارله‌مانی كوردستان به‌دووریشی زانی پێكنه‌هێنانی ئه‌و ده‌زگایه تائێستا له ئه‌ستۆی پارله‌ماندا بێت، نوری تاڵه‌بانی وتی: «پێموایه ده‌بوو حكومه‌ت بیر له پرۆژه‌یه‌كی له‌و جۆره بكاته‌وه و پێشكه‌ش به ئه‌ندام پارله‌مانانی بكات».
مێژووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له زانسته سیاسییه‌كاندا مێژوویه‌كی نوێیه و له‌دایكبوونی به چه‌مكه ئه‌منییه رههاكهیهوه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م، له‌ساڵی 1974یشه‌وه ده‌زگای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له ئه‌مه‌ریكا پێكهێنراو له‌وساته‌وه ئه‌و چه‌مكه به‌شێوه جیاجیاكانی بڵاوبوونه‌وه‌ی له نێو سه‌رجه‌م جیهاندا په‌ره‌یسه‌ند، دواتر چه‌مكه‌كانی ئاسایشی ئابووری و كشتوكاڵی و ژینگه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئایدۆلۆژی و فیكری له چوارچێوه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یدا تهوزیفكراو بوونه‌ته به‌شێكی دانه‌بڕاو لێی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای نیگه‌رانیی پسپۆڕانی ئه‌و بواره‌یه تائێستا ئه‌و چه‌مكه به شێوه دامهزراوهییهكهی له كوردستاندا بوونی نییه و پێیانوایه ئه‌وه‌ش زیانێكی زۆری به ئه‌زموون و ئه‌دای حكومه‌تی هه‌رێم گه‌یاندووه له ماوه‌ی رابردوودا.
د.جه‌زا تۆفیق تاڵیب پسپۆڕ له بواری جیۆپۆله‌تیك و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، ئاشكرایكرد كه ده‌بوایه سیاسییه‌كانی كورد زووتر بیریان له پێكهێنانی ده‌زگایه‌كی له‌و شێوه‌یه بكردایه‌ته‌وه بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، د.جه‌زا تۆفیق پێیوابوو پێكنه‌هێنانی ئه‌و ده‌زگایه له دوای ساڵی 1991ه‌وه زه‌رووره‌تێكی مێژوویی بووه به‌و پێیه‌ی له‌و ساته‌وه له‌ڕووی جیۆپۆله‌تیكه‌وه هه‌رێمی كوردستان كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی به‌ره‌و روو بووه‌ته‌وه و ده‌ور و پشتی هه‌مووی دراوسێی دوژمنه، ئه‌و وتی: «دروستنه‌كردنی ئه‌و ده‌زگایه كه‌مته‌رخه‌مییه له‌لایه‌ن ئه‌و سیاسییانه‌ی كه ئاماده نه‌بوون تا ئه‌و ده‌زگایه دروستبكه‌ن و ئێستا بیری لێدهكنهوه كه كوردستان تووشی نه‌خۆشییه‌كه بووه»، هه‌روه‌ها وتیشی: «حكومه‌ت له كوردستاندا هه‌ر حزبه و جیاواز نین و ئه‌وه‌ی به‌رپرسیاره له پێكنه‌هێنانی ئه‌و ده‌زگایه حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانن».
له به‌رامبه‌ردا به‌رپرسانی حكومه‌ت هۆكاره بابهتییهكان به پاساو داده‌نێن بۆ دواكه‌وتنی دروستكردنی ده‌زگای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان.
محه‌مه‌د قه‌ره‌داغی سكرتێری یاسایی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌و دۆسیه‌یه روونیكرده‌وه كه ده‌زگای ئاسایشی پارتی و یه‌كێتی هه‌بوو، دواتر بوون به ده‌زگای ئاسایشی حكومه‌تی هه‌رێم ئیداره‌ی سلێمانی و ده‌زگای ئاسایشی حكومه‌تی هه‌رێم ئیداره‌ی هه‌ولێر، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاشكرایكرد له ئێستادا هه‌وڵه‌كان چڕكراونه‌ته‌وه بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ده‌زگای ئاسایشه‌كه و پێكهێنانی ده‌زگای ئاسایشی گشتی هه‌رێم پێكبهێنرێت كه ده‌بنه ده‌زگای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان، هه‌روه‌ها وتیشی: «به‌ڵام ده‌زگای پاراستنی پارتی و زانیاریی یه‌كێتی وه‌ك خۆیان ده‌مێننه‌وه و یه‌كناگرن، چونكه حزبین».
هه‌ندێ له به‌رپرسانی حزبه كوردستانییه‌كان پێیانوایه كه حكومه‌تی هه‌رێم بیر له پێكهێنانی ئه‌و ده‌زگایه ناكاته‌وه تاوه‌كو قه‌یران یان هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددی سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، ئه‌و كات ده‌كه‌ونه خۆیان، له‌وباره‌یه‌وه به‌همه‌ن حسێن ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان به رۆژنامه‌ی راگه‌یاند: «هه‌ندێك جار رووداوه‌كان رامان دهچڵهكێنێت و گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا گوشارخستنه سه‌ر هه‌رێمی كوردستانیش بێت بۆ دروستكردنی به‌ربه‌ست سه‌باره‌ت به مادده‌ی (140)، ناكرێت به‌رگری له خۆمان نه‌كه‌ین».
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه ئه‌و رووداوانه‌ی ئه‌م دواییه‌ی نێوان توركیا و هه‌رێمی كوردستان به‌شێك له‌و واقیعه ده‌جوڵێنێت بۆ پێكهێنانی ده‌زگای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، به‌همه‌ن وتیشی: «پێشتریش هه‌ندێك مه‌ترسی وایكرد هه‌ردوو ئیداره یه‌كبخرێته‌وه».
راوبۆچوونی جیاواز هه‌یه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ناونانی ئه‌و ده‌زگایه كه ئایا ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بێت یان نیشتیمانی له ژێر كاریگه‌ری واقیعی فره نه‌ته‌وه‌یی و جیهانگیری و تێڕوانینه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانی هه‌ندێك له پاره‌ته سیاسییه‌كان و له‌سه‌روو هه‌مووشیه‌وه راگرتنی باری واقعی كوردستان و دوور كه‌وتنه‌وه له دروستكردنی حه‌ساسیه‌ت له‌لایه‌ن وڵاتانی دراوسێوه، به‌ڵام تێكڕای چاودێران له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكۆن كه حكومه‌تی ناوه‌ندی ناتوانێت به‌رگری له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هه‌رێم بكات، به‌ڵكو بگره هه‌ندێكیان خودی ئه‌و حكومه‌ته به مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.
ئه‌بو تارا ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی حزبی شیوعی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد پێكهێنانی ده‌زگایه‌كی له‌و جۆره له كوردستاندا ئه‌گه‌ر ناویشیبنێن ئاسایشی نیشتیمانی جه‌وهه‌ره‌كه‌ی بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌گه‌ڕێـته‌وه و له‌م بارودۆخه‌ی ئێستادا بۆ ئه‌وه‌ی بارگرانی لێنهنێینو حه‌ساسییه‌تی رژێمه‌كانی ده‌وروبه‌ر له كورد به‌رنه‌ده‌ین و هاوكێشه‌و گوشاره‌كان رابگیرێت ده‌كرێت به‌ناوی ئاسایشی نیشتیمانییه‌وه ناوبنرێت، به‌ڵام وه‌زیفه‌كه‌ی بۆ كوردستان بێت نه‌ك عه‌ره‌بستان.
به پێچه‌وانه‌شه‌وه نوری تاڵه‌بانی پارله‌مانتار پێیوایه كه حكومه‌تی ناوه‌ندی نه‌ك هه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان ناپارێزێت، به‌ڵكو بووه‌ته مه‌ترسییه‌كیش بۆسه‌ری، ئه‌و وتی: «له رووداوه‌كانی ئه‌مدواییه‌دا حكومه‌تی عێراقی به لایه‌نه سیاسییه‌كانییه‌وه هه‌وڵی ئه‌وه‌یاندا كه گوشار بخه‌نه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مافانه‌ی كورد كه له ده‌ستووری عێراقدا چه‌سپاوه كه‌می بكه‌نه‌وه و دوور نییه ئه‌وه‌ی سوریا‌و توركیا و ئێران ناتوانن بیكه‌ن له دژی حكومه‌تی هه‌رێم به حكومه‌تی ناوه‌ندی و لایه‌نه سیاسییه‌كانی نێو ئه‌و حكومه‌ته‌ی بكه‌ن».
دروستكردنی ده‌زگایه‌كی ئاسایشی تایبه‌ت به هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی یاساییه‌وه ناته‌با نییه له‌گه‌ڵ ده‌ستووری عێراقیدا وه‌كو هه‌ندێ كه‌س باسی ده‌كه‌ن، له‌وباره‌یه‌وه سیروان زه‌هاوی ئه‌ندامی لیژنی یاسایی پارله‌مانی كوردستان ئاشكرایكرد بوونی ده‌زگایه‌ك بۆ پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له هه‌رێمی كوردستان له گه‌ڵ ده‌ستووری عێراقدا ناكۆك نابێت‌و زۆر ئاساییه، به‌ڵام كێشه‌كه‌ی له ناونانهكهیدایه كه نابێت پێیبوترێت ده‌زگای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌و كاره ناواقعی و نا ده‌ستووری ده‌بێـت به‌و پێیه‌ی له ده‌ستووردا دان به‌وه‌دا نراوه كه عێراق فره‌نه‌ته‌وه‌یه و له كوردستانیشدا ته‌نها نه‌ته‌وه‌ی كورد نییه و به هه‌مان شێوه‌ش ئه‌و ده‌زگایه‌ی كه له به‌غدا هه‌یه به ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی ناوده‌برێت.
هه‌ندێ له به‌رپرسه حزبییه‌كانی كوردستانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ترسیان له‌وه هه‌یه له كاتی دامه‌زراندنی ده‌زگایه‌كی له‌و شێوه‌یه‌دا یه‌كێتی و پارتی مۆنۆپۆلی بكه‌ن بۆ خۆیان و بۆ مه‌به‌ستی سیاسی و حزبی تایبه‌تی خۆیان به‌كاریبهێنن.
ئه‌بو تارا له حزبی شیوعی كوردستان وتی: « له كوردستاندا ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی تائێستاش چوارچێوه‌ی خۆی وه‌رنه‌گرتووه، هه‌ربۆیه ده‌بێت به عه‌قڵێكی كراوه‌وه كار بۆ پێكهێنانی ده‌زگای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بكرێت و پاوان نه‌كرێت له نێوان تێڕوانینی ته‌سكی حزبایه‌تی و پێویسته لایه‌نه‌كانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی پارله‌مان و حزبه‌كانیش به‌شدار بن تیایدا».
له دوای راپه‌رین له كوردستاندا هه‌نگاونرا بۆ پێكهێنانی ده‌زگای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، به‌ڵام شه‌ڕی ناوخۆ بووه هۆی دروستكردنی به‌ربه‌ست له به‌رده‌م پێكهێنانی ئه‌و ده‌زگایه‌دا.
عومه‌ر عه‌لی له یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان وتی: «تائێستا نازانین ئێمه ده‌وڵه‌تین یان نا سه‌ربه‌خۆین یان نا فیدراڵهتین یان خودموختاری و له كوردستاندا هه‌ر حزبێك به جۆرێك گوزارشت له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كات»، هه‌روه‌ها وتی: «تائێستاش فۆڕمێكی نه‌ته‌وه‌یی نییه كه كوردی تیا فۆڕمه‌كه بووبێت».
له‌ڕووی ئه‌كادیمییه‌وه پێكهێنانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی پێویستی به چه‌ند بنه‌ماو ستراكچه‌رێكی گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی له ئاستی پێویسدا بێت و كاری گرنگ ئه‌نجام بدات.
د.جه‌زا تۆفیق تاڵیب به‌گرنگی زانی كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زای بواری جیۆپۆله‌تیك و سه‌ربازیی و ئه‌منی و ئابووری و كه‌سانی ئه‌كادیمی ببنه ئه‌ندامی ده‌زگای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یه‌كی كاربكه‌ن بۆ به‌رنامه‌ی ستراتیژییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و جۆره گره‌نتی و دبلۆماسییهتێك دروستبكه‌ن و پڕ نه‌كرێت كه كه‌سانی سه‌ربازیی نه‌شاره‌زا.
به‌همه‌ن حسێن له حزبی زه‌حمه‌تكێشان پێی وایه له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه تائێستاش كورد هێزێكی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كگرتووی نییه و دوو وه‌زاره‌ت هه‌یه بۆ كاروباری پێشمه‌رگه‌و بوونی دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌ربازیی به‌رگری كه‌ر له كوردستان بۆ پاراستی ئاسایشی و به‌رگریكردن له كوردستان له چوارچێوه‌ی ده‌زگای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییدا كارێكی گرنگه كه له‌پاڵ ره‌هه‌نده‌كانی تری ئاسایشی خۆراكی و كشتوكاڵیدا رۆڵده‌بینن.
عومه‌ر عه‌لی له یه‌كگرتووی ئیسلامی پێیوایه كه ئێستا حكومه‌تی ناوه‌ندی بێهێزه و گه‌ر به هێزبێت یه‌كه‌م كاری كۆسپ خستنی به‌رده‌م ده‌زگای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان ده‌بێت و ئێستاش باشترین قۆناغه كه كورد ئه‌و ده‌زگایه دروستبكات و گه‌ر پشتیوانی خه‌ڵكی له‌گه‌ڵ نه‌بێت ناتوانێت له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی به‌غدادا خۆی رابگرێت. |
|
|