Print
 له‌چاوه‌ڕوانی، كابینه‌ی‌ نوێدا
Monday, August 31, 2009

گـــــــه‌نــــــده‌ڵـــی‌، كـــــرمــی‌ ســــــه‌ره‌خـــــۆره‌ی‌ وڵات

راپۆرت: دلێر  عه‌بدولخالق - پشتیوان سه‌عدوڵڵا

گه‌نده‌ڵیی‌ پانتاییه‌كی‌ فراوانی‌ له‌ جه‌سته‌ی‌ ئیداره‌ی‌ كوردییدا گرتوه‌، به‌شێوه‌یه‌ك سه‌رله‌به‌ری‌ بونیادی‌ ئه‌و جه‌سته‌یه‌ی‌ خستوه‌ته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، چینه‌ جیاوازه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ له‌ چاوه‌ڕوانیدان كه‌ كابینه‌ی‌ شه‌شه‌می‌ حكومه‌ته‌كه‌یان به‌وردی‌ پلانی‌ بۆ به‌گژداچونه‌وه‌‌و بنبڕكردنی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ له‌ كۆی‌ خانه‌كانی‌ جه‌سته‌ییدا بكاته‌ ئه‌جێندای‌ سه‌ره‌كی‌ خۆی‌، هاوكات شاره‌زایانی‌ سیاسیی‌‌و پسپۆڕانی‌ ئابوریش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی‌ ئێستا له‌ كوردستان حوكم ده‌كه‌ن خۆیان سه‌رچاوه‌ی‌ گه‌نده‌ڵین‌و هیچ ئیراده‌یه‌كیشیان بۆ بنبإكردنی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ نییه‌. 


 
كرمی‌ داهاتخۆر
هه‌رچه‌نده‌ گه‌نده‌ڵیی‌ ده‌ردێكی‌ كوشنده‌ی‌ جیهانییه‌، به‌ڵام له‌ وڵاته‌ دواكه‌وتوه‌كاندا زیاتر ره‌گ‌و ریشه‌ی‌ داكوتاوه‌‌و به‌ جومگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا شۆڕبوه‌ته‌وه‌، پسپۆڕانی‌ بواری‌ ئابوریش به‌ "كرمی‌ سه‌ره‌خۆره‌ی‌ وڵات" ناوی ده‌به‌ن، كرمێك هه‌مو داهات‌و به‌رهه‌می‌ وڵات ده‌خوات‌و ورده‌ ورده‌ وڵات به‌ره‌و فه‌وتان‌و له‌ناوبردن ده‌بات، به‌شێوه‌یه‌ك "وڵاتی‌ گه‌نده‌ڵ‌" فریای‌ هیچ ناكه‌وێت‌و هیچ شتێكیش به‌ش ناكات! ئه‌زمونی‌ ئیداری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، دوای‌ ئاڵوگۆڕی‌ پێنج كابینه‌ی‌ یه‌كله‌دوای‌ یه‌كی‌ حكومیی‌ هیچ كاتێك له‌ مۆته‌كه‌‌و هه‌ژمونی‌ شێوه‌ جیاوازه‌كانی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ ده‌ربازی‌ نه‌بوه‌، ئه‌م حاڵه‌ته‌ دۆخێكی‌ خولقاندوه‌، كه‌ تیایدا ره‌خنه‌ی‌ هه‌ره‌ توندی‌ نوخبه‌، ناوه‌ندی‌ ئه‌كادیمی‌، رۆشنبیری‌‌و رۆژنامه‌وانییه‌كان له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیی‌ ئیداریی‌‌و دارایی‌ حكومه‌ت بوه‌، به‌ڵام ئه‌و شه‌پۆله‌ ره‌خنه‌یه‌ نه‌ك نه‌بوه‌ته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسیی‌‌و به‌رپرسانی‌ حكومه‌ت به‌ جدیی‌ به‌گژ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ فراوانه‌دا بچنه‌وه‌، به‌ڵكو تائێستا له‌ هه‌رێمدا ده‌زگایه‌كی‌ نه‌زاهه‌ (ده‌ستپاكی‌)یش بونی‌ نییه‌، كه‌ به‌ بڕوای‌ چاودێران پێویستییه‌كی‌ هه‌نوكه‌یی‌ ئه‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆجێیی‌ كوردییه‌. له‌لایه‌كی‌ دیكه‌یشه‌وه‌ تائێستا كوردستان نه‌بوه‌ته‌ خاوه‌نی‌ حكومه‌تێكی‌ دامه‌زراوه‌یی‌‌و دو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار  ئیداره‌ی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌یان به‌ڕێوه‌بردوه‌‌و به‌هۆی‌ باڵاده‌ستی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ حیزب به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ (دادوه‌ری‌، یاسادانان، جێبه‌جێكردن) ده‌سه‌ڵاتی‌ یاساییش نه‌یتوانیوه‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و به‌رپرسانه‌ بكات، كه‌ به‌ خواردنی‌ داهاتی‌ گشتیی‌‌و خراپ به‌كارهێنانی‌ پۆستی‌ حكومیی‌ تۆمه‌تباركراون، چونكه‌ له‌ دواجاردا به‌رپرسه‌كان كه‌سه‌ گه‌وره‌كانی‌ حیزبن، حیزبیش له‌ سیستمی‌ حوكمڕانیی‌ هه‌رێمدا شوێنێكی‌ به‌رزتری‌ له‌ هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ دیكه‌ بۆ خۆی‌ داگیركردوه‌.

یوسف محه‌مه‌د، مامۆستای‌ زانستی‌ سیاسیی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ پێیوایه‌؛ تائێستا له‌ كوردستان حیزب حكومه‌ت به‌ڕێوه‌ده‌بات‌و حیزب به‌ ته‌واوه‌تی‌ ته‌ده‌خولی‌ له‌ هه‌مو شتێكدا كردوه‌، ئه‌مه‌ش مه‌حسوبییه‌ت‌و مه‌نسوبییه‌تی‌ دروستكردوه‌‌و ئیداره‌ی‌ توشی‌ لاوازی‌‌و سستبون كردوه‌، كه‌ ئیداره‌ش لاوازبو گه‌نده‌ڵیی‌ زیاد ده‌بێت.

خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردن:
داموده‌زگا ئیدارییه‌كان بۆ خزمه‌تی‌ هاوڵاتیان دامه‌زراون، نه‌ك بۆ خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی‌ چه‌ند به‌رپرسێك‌و قۆرخكردنی‌ سه‌رچاوه‌كان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی‌ خۆیان.

 له‌و باره‌یه‌وه‌ یوسف محه‌مه‌د ده‌ڵێت: "قۆرخكردنی‌ باری‌ دارایی‌ وڵات له‌لایه‌ن حیزبه‌وه‌ هۆیه‌كی‌ دیكه‌یه‌ بۆ فراوانبونی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ له‌ كوردستاندا، حیزب ده‌ستیگرتوه‌ به‌سه‌ر هه‌مو سه‌رچاوه‌ مادییه‌كانداو هه‌مو پڕۆژه‌كانی‌ هه‌رێم له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی‌ حیزبه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن‌و له‌مإوه‌شه‌وه‌ گه‌نده‌ڵییه‌كی‌ زۆر دروستبوه‌، حیزب له‌ دانانی‌ یاریده‌ده‌ری‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ قوتابخانه‌یه‌كه‌وه‌ تا دانانی‌ به‌رپرسی‌ گه‌وره‌ی‌ حكومه‌تدا ده‌ستی هه‌بوه‌، حیزب ده‌ستیگرتوه‌ به‌سه‌ر هه‌مو پنتێكی‌ كوردستاندا، تائێستا حكومه‌تێكی‌ دامه‌زراوه‌ییمان نییه‌‌و ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌بوه‌ به‌ناو حكومه‌ته‌وه‌ حیزب بوه‌ ئیداره‌ی‌ به‌ڕێوه‌ بردوه‌".

پسپۆڕێكی‌ بواری‌ ئابوریش ئاماژه‌ به‌ دۆخێكی‌ مه‌ترسیدار له‌ ناوه‌وه‌ی‌ هه‌رێم ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌سته‌یه‌كی‌ كه‌م له‌ به‌ڕێوه‌بردن بونه‌ته‌ مشه‌خۆر به‌سه‌ر حكومه‌ته‌وه‌‌و له‌ به‌رامبه‌ریشدا خه‌ڵك ده‌كه‌نه‌ كۆیله‌‌و پاشكۆی‌ كاره‌كانیان.

محه‌مه‌د ره‌ئوف سه‌عید پسپۆڕ له‌ بواری‌ ئابوری‌ وتی‌: "ئێمه‌ هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌كانمان تێكه‌ڵبون، به‌ شێوه‌یه‌ك سه‌ركردایه‌تی‌ حیزبه‌كان حوكم ده‌كه‌ن‌و رایانگه‌یاندوه‌؛ كه‌ ژیانی‌ هاوڵاتییان به‌ده‌ستی‌ ئه‌وانه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هه‌مو كارێكیان كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك بكه‌ن به‌ كۆیله‌ی‌ خۆیان‌و سودمه‌ندی‌ یه‌كه‌میش خۆیان بن، تائێستاش سیستمێكی‌ ره‌وانی‌ ئیداریی‌ له‌ كوردستان پیاده‌ نه‌كراوه‌و كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك  كه‌ ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌   بونه‌ته‌ مشه‌خۆر به‌سه‌ر حكومه‌ته‌وه‌".

 به‌ بڕوای‌ محه‌مه‌د ره‌ئوف؛ "هه‌تا ئه‌و خه‌ڵكه‌ مشه‌خۆرانه‌ لانه‌برێن، گه‌نده‌ڵیی‌ نه‌ك چاره‌سه‌ر ناكرێت، به‌ڵكو زیاتر ده‌بێت‌و په‌ره‌ ده‌ستێنێت".

لێپرسینه‌وه‌ نییه‌:
شیاوترین ژینگه‌ بۆ ته‌شه‌نه‌كردن‌و په‌ره‌سه‌ندنی‌ په‌تای‌ گه‌نده‌ڵیی‌، ئه‌و ژینگه‌یه‌ ده‌بێت كه‌ لێپرسینه‌وه‌‌و به‌دواداچون‌و ئیجرائات به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی‌ له‌ گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ ئاڵاون جێبه‌جێ ناكات، به‌ڵام دیسانه‌وه‌ كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ ئه‌و په‌تایه‌  له‌ وڵاتانی‌ له‌ شێوه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌وه‌یه‌ سه‌ره‌ڕای‌ بونی‌ گه‌نده‌ڵییه‌كی‌ به‌رفراوان لێپرسینه‌وه‌ تیایدا بونی‌ نییه‌.

د.كاوه‌ محه‌مه‌د قه‌ره‌داغی‌، پسپۆڕی‌ بواری‌ كارگێڕیی‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، گه‌نده‌ڵیی‌ له‌ هه‌مو شوێنێكدا هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ زۆربه‌ی‌ شوێنه‌كان له‌ به‌رامبه‌ریدا لێپرسینه‌وه‌ش هه‌یه‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ی‌ كوردستان له‌وه‌دایه‌ گه‌نده‌ڵیی‌ زۆره‌و لێپرسینه‌وه‌ نییه‌‌و وتی‌: "به‌پێی‌ یاسا هه‌مو یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كان ده‌سه‌ڵاتێكی‌ دیاریكراویان هه‌یه‌و ناتوانن ده‌سه‌ڵات بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ تایبه‌تی‌ خۆیان به‌كاربهێنن، ئه‌گه‌ر له‌ سیستمی‌ ئیداریی‌ كوردییدا لێپرسینه‌وه‌ هه‌بێت‌و ئه‌وه‌ی‌ ته‌جاوزی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ كرد ده‌بێت له‌ چوارچێوه‌ی‌ یاسادا موحاسه‌به‌ بكرێت".

هاوڕا له‌گه‌ڵ‌ بۆچونی‌ كاوه‌ قه‌ره‌داغی‌، یوسف محه‌مه‌دیش ئاماژه‌ به‌ نه‌بونی‌ حاڵه‌ته‌كانی‌ لێپرسینه‌وه‌ ده‌كات به‌رامبه‌ر په‌تای‌ گه‌نده‌ڵیی‌‌و ده‌ڵێت: "له‌ هه‌ر جێگه‌یه‌ك لێپرسینه‌وه‌ نه‌بو، گه‌نده‌ڵیی‌ په‌ره‌ ده‌سێنێت، كه‌واته‌ ئه‌ركی‌ په‌رله‌مانه‌ كه‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ كاروباره‌كانی‌ حكومه‌ت بكات له‌ هه‌مو ئاسته‌كانی‌، واته‌ له‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ته‌وه‌ تا وه‌زاره‌ت‌و فه‌رمانبه‌ره‌كانی‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ رێگرێك له‌به‌رده‌م فه‌زای‌ گه‌نده‌ڵیدا، به‌ڵام كاتێك كه‌ په‌رله‌مان به‌م ئه‌ركه‌ هه‌ڵناسێت، ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ رێگه‌ خۆش ده‌بێت بۆ په‌ره‌سه‌ندنی‌ گه‌نده‌ڵیی‌، له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ نه‌بونی‌ دادگای‌ سه‌ربه‌خۆ‌و ده‌زگایه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ لێپرسینه‌وه‌ هۆكارێكی‌ دیكه‌یه‌ بۆ ته‌شه‌نه‌سه‌ندن‌و زیادبونی‌ حاڵه‌ته‌كانی‌ گه‌نده‌ڵیی‌".

نه‌بونی‌ ئیراده‌:
به‌ بۆچونی‌ پسپۆڕانی‌ ئابوری‌‌و سیاسه‌ت ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هیچ  ئیراده‌یه‌كیان بۆ بنبڕكردنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ نییه‌و ئه‌وان سه‌رچاوه‌و كاراكته‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ گه‌نده‌ڵین، بۆیه‌ باشترین چاره‌سه‌ر بۆ نه‌هێشتنی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ لابردنی‌ ئه‌وانه‌ له‌سه‌ر كورسی‌ ده‌سه‌ڵات.

محه‌مه‌د ره‌ئوف، كه‌ پسپۆڕی‌ بواری‌ ئابورییه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئه‌وانه‌ی‌ ئێستا له‌ كوردستان حوكم ده‌كه‌ن، خۆیان سه‌رچاوه‌ی‌ گه‌نده‌ڵین، ئیتر چۆن چاره‌سه‌ری‌ گه‌نده‌ڵیی‌ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر دز ببێت به‌ پاسه‌وانی‌ شوێنێك ده‌بێت چی‌ روبدات!؟ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بته‌وێت گه‌نده‌ڵیی‌ كه‌مبكه‌یته‌وه‌ ده‌بێت ئه‌وان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌هێڵرێن‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ هه‌رێمیش لێكجیابكرێته‌وه‌‌و سه‌ربه‌خۆبن.

به‌ بڕوای‌ یوسف محه‌مه‌د مامۆستای‌ زانستی‌ سیاسیی، ئیراده‌‌و ویستی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ له‌گه‌ڵ‌ نه‌هێشتنی‌ گه‌نده‌ڵیدا نییه‌‌و ده‌ڵێت: "به‌ درێژایی‌ چه‌ند ساڵێك، سه‌دان جار گوێمان له‌وه‌بوه‌ ئه‌وان هه‌وڵی‌ بنه‌بڕكردنی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ ده‌ده‌ن‌و نایهێڵن، به‌ڵام پێموایه‌ كه‌مكردنه‌وه‌و نه‌هێشتنی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ له‌ ئیراده‌و ویستی‌ یه‌كێتیی‌‌و پارتیدا نه‌ماوه‌و ئه‌وان ئیراده‌یان بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ نییه‌".

ترس، ئۆپۆزسیۆن، گه‌نده‌ڵیی‌:
له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ (25)ی‌ ته‌مموزی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌شێكی‌ زۆری‌ دانیشتوانی‌ هه‌رێم ده‌نگیان له‌ دژی‌ ئه‌و واقیعه‌ سیاسییه‌ی‌ ئێستا دا، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتداران له‌ ئه‌گه‌ری‌ ترس له‌ شكستی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتودا بیر له‌ به‌خۆداچونه‌وه‌‌و هه‌نگاونان به‌ ئاراسته‌ی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی ده‌نێن. هاوكاتیش به‌شێكی‌ گرنگی‌ كارنامه‌ی‌ لیستی‌ گۆڕان كه‌ دوه‌م لیستی‌ براوه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌یه‌‌و وه‌ك فراكسیۆنێكی‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ په‌رله‌ماندا خۆی‌ ناساندوه‌، بریتییه‌ له‌ به‌گژداچونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ له‌ هه‌رێمدا.

له‌ نوێترین لێدوانی‌ رۆژنامه‌وانیشدا نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌رۆكی‌ لیستی‌ گۆڕان، ته‌ئكیدی‌ له‌ هه‌ڵوێستی‌ لیسته‌كه‌یان كرده‌وه‌ بۆ پێكهێنانی‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌‌و ئاشكراكردنی‌ ئه‌و ده‌زگا‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی‌ به‌و كاره‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێن. 

نه‌وشیروان مسته‌فا، له‌ به‌رنامه‌ی‌ گفتوگۆی‌ كراوه‌ی‌ كه‌ناڵی‌ (KNN)دا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد، هیچ هێزێكی‌ سیاسیی‌ پێش ئه‌وان پرسی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ نه‌هێناوه‌ته‌ ناو كایه‌ی‌ سیاسییه‌وه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا كه‌ به‌ لیستی‌ جیاواز به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیان كردوه‌ یه‌كێك له‌ مه‌هامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانیان به‌گژداچونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ دارایی‌، سیاسیی‌، ئیداریی‌، ئه‌خلاقیی بوه‌‌و وتی‌: "یه‌كێك له‌ داواكانی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا دروستكردنی‌ ده‌زگای‌ نه‌زاهه‌ ده‌بێت، كه‌ بێلایه‌ن بێت‌و نه‌كه‌وێته‌ ژێر هه‌ژمونی‌ حیزبییه‌وه‌، به‌ڵكو به‌شێك بێت له‌و ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ی‌ له‌ به‌غدا هه‌یه‌، هه‌ر ئه‌وان به‌ هه‌مو مه‌له‌فاتی‌ دارایی‌ كوردستانی‌ عێراقدا بچنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزانن گه‌نده‌ڵیی‌ له‌ كوێدایه‌‌و كێ‌ گه‌نده‌ڵیی‌ كردوه‌ ئاشكرا بكرێت‌و بدرێت به‌ دادگا".

به‌ بڕوای‌ چاودێرانی‌ سیاسیی‌ هێزی‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ په‌رله‌ماندا ئه‌ركی‌ گرنگ‌و قورسی‌ له‌سه‌ر شانه‌‌و پێویست ده‌كات ئه‌و كلتوره‌ی‌ پێشتر هه‌بو له‌ تێپه‌ڕاندنی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم په‌رله‌مانی‌ ئه‌مجاره‌ ئه‌و شێوه‌ كلتوره‌ له‌خۆ نه‌گرێت، هاوكاتیش خه‌ڵك هۆشیار بكه‌نه‌وه‌ له‌ ورده‌كاری‌ بودجه‌‌و ده‌سته‌به‌ركردنی‌ مافه‌ ئابورییه‌كانی تاك له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا.

یوسف محه‌مه‌د رایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی‌ ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، په‌رله‌مانه‌كه‌ی‌ رابردو نییه‌و هێزی‌ زیندوی‌  ئۆپۆزسیۆنی‌ تێدایه‌، ئه‌گه‌ر سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان نه‌بێته‌ رێگر له‌به‌رده‌م هه‌وڵه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆندا، ده‌توانن به‌ ئه‌ركه‌كانی‌ خۆیان هه‌ستن له‌ چاودێریكردنی‌ چۆنیه‌تی‌ سه‌رفكردنی‌ بودجه‌، تێپه‌ڕاندنی‌ بودجه‌ی‌ ساڵانه‌، كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ حیزب به‌سه‌ر ئه‌و بودجه‌یه‌‌و دروستكردنی‌ فشار بۆ نه‌هێشتنی‌ گه‌نده‌ڵیی‌".

ئه‌و مامۆستایه‌ی‌ زانستی‌ سیاسیی‌ گه‌شبینه‌ به‌و فشاره‌ جه‌ماوه‌رییه‌ی‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروستبوه‌‌و پێیوایه‌؛ له‌ ترسی‌ فشاری‌ جه‌ماوه‌ر‌و دۆڕانی‌ حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ئه‌و واقیعه‌ به‌و شێوه‌ی‌ ئێستا قبوڵناكرێت‌و وتی‌: "یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌، ترسه‌ له‌ فشار‌و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ هاوڵاتییان، ترسه‌ له‌ دۆڕان، ترسه‌ له‌ هاتنه‌ مه‌یدانی‌ ئۆپۆزسیۆن، كه‌واته‌ بارودۆخه‌كه‌ گۆڕاوه‌و فشارێكی‌ جه‌ماوه‌ریی دروستبوه‌‌و جه‌ماوه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتیان راگه‌یاندوه‌؛ كه‌ به‌رده‌وامبونی‌ بارودۆخی‌ كوردستان به‌مشێوه‌یه‌ قابیلی‌ قبوڵ‌ نییه‌‌و په‌یامی‌ هاوڵاتییان له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مان زه‌نگێكی‌ مه‌ترسیداره‌ بۆ ده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵاتیش باش درك به‌ نه‌خێری‌ هاوڵاتییانی‌ كوردستان ده‌كات".

Sbeiy.com © 2007