Print
 لیستی‌ گۆڕان (20-22) كورسیی‌ و كوردستانی‌ (35 - 38) كورسیی په‌رله‌مانی‌ عێراق به‌ده‌ستده‌هێنن
Tuesday, September 8, 2009

سیروان ره‌شید

به‌غدا ده‌كوڵێت‌و كوردستان ده‌خولێته‌وه‌
ره‌وره‌وه‌ی‌ پێكهێنانی‌ لیست‌و هاوپه‌یمانی‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ چاره‌نوسسازه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ نوێی‌ عێراق چوه‌ته‌ سه‌ر سكه‌ی‌ خۆی‌. بزاوتی‌ سیاسی‌ له‌عێراق بۆپێكهێنانی‌ هاوپه‌یمانی‌ له‌حاڵه‌تی‌ كوڵان نزیك بوه‌ته‌وه‌‌و ته‌نیا مالیكی‌ ماوه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی‌ رابگه‌یه‌نێت، به‌ڵام له‌كوردستان به‌هۆی‌ شۆكی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ 25ی‌ ته‌موزه‌وه‌، لایه‌نه‌سیاسییه‌كان ته‌نها له‌چوارچێوه‌ی‌ ده‌رهاویشته‌كانی‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌خولێنه‌وه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ چاره‌نوسسازه‌كه‌ی‌ به‌غدای‌ له‌ بیری‌ هه‌ندێك لایه‌ن بردوه‌ته‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ تائێستا شێوازی‌ به‌شداریكردنی‌ لایه‌نه‌سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق به‌ته‌واوه‌تی‌ رون نییه‌، به‌ڵام ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش به‌چه‌ند لیستێكی‌ جیا به‌شداریی‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ بكات‌و بلۆكی‌ گه‌وره‌ی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانیی كوردیش وه‌ك پێكهاته‌كانی‌ شیعه‌و سوننه‌ بكرێت به‌ چه‌ند لیستێكه‌وه‌.

جۆری‌ سیستمی‌ هه‌ڵبژاردن
تائێستا له‌عێراقدا دو هه‌ڵبژاردنی‌ گشتی‌ كراوه‌، یه‌كێكیان له‌(31-1-2005 ) بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ (كۆمه‌ڵه‌ی‌ نیشتمانیی‌)، به‌سیستمی‌ یه‌ك بازنه‌یی‌ واته‌ عێراق هه‌موی‌ كرابو به‌یه‌ك بازنه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن كه‌ له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا كورد (75) كورسی‌ به‌ده‌ستهێنا به‌هۆی‌ به‌شداریی‌ كه‌میی‌ سوننه‌كانه‌وه‌، هه‌ڵبژاردنی‌ دوهه‌میش هه‌ر له‌كۆتایی‌ هه‌مان ساڵدا (15-12-2005) هه‌ڵبژاردن بۆ (ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران) ئه‌نجامدرا، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ به‌سیستمی‌ (فره‌بازنه‌یی‌ رێژه‌یی‌) واته‌ عێراق كرا به‌ (18)بازنه‌و هه‌ر پارێزگایه‌ك یه‌ك بازنه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ بۆدیاری‌ كرا كه‌ ژماره‌یه‌ك كورسیی‌ په‌رله‌مانی‌ به‌ركه‌وت به‌گوێره‌ی‌ قه‌باره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌‌و بۆهه‌ر( 100) هه‌زار كه‌سێك یه‌ك كورسی‌ ئه‌ژماركرا كه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا كورد (58) كورسی‌ به‌ده‌ستهێنا (لیستی‌ هاوپه‌یمانیی‌ 53 كورسی‌‌و لیستی‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامیی‌ 5 كورسی‌).

به‌پێی‌ ئه‌م سیستمه‌ ته‌نیا (230)كورسی‌ بۆ (18)بازنه‌كه‌ ته‌رخانكراو (45)كورسییه‌كه‌ی‌ دیكه‌ تایبه‌تكرا به‌كورسیی‌ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ (المقاعد التعويضية)، جیاوازی‌ ئه‌م فره‌بازنه‌ییه‌ش له‌وه‌دایه‌ كه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی‌ پارێزگاكان ململانێ‌ ده‌كه‌ن‌و ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ كه‌ به‌شێك له‌ده‌نگه‌كانیان له‌ پارێزگاكان ده‌فه‌وتێت‌و ناگاته‌ نرخی‌ یه‌ك كورسی‌، ئه‌وا دواتر له‌و (45) كورسییه‌ی‌ وه‌ك كورسیی‌ ته‌عویزی‌ داندراون به‌گوێره‌ی‌ رێژه‌ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ پشكی‌ خۆی‌ پێده‌درێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌شێك له‌كورسییه‌ ته‌عویزییه‌كانیش كه‌ خۆی‌ له‌نزیكه‌ی‌ (10) كورسی‌ ده‌دات دانراوه‌ بۆ ده‌نگده‌ره‌ عێراقییه‌كان له‌ وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌.

كێشه‌ له‌سه‌ر سیتسمی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌
ئێستا له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق مشتومڕێكی‌ زۆر له‌سه‌ر گۆڕینی‌ سیستمی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان دروستبوه‌ كه‌ هه‌ندێك لایه‌ن داواده‌كه‌ن، گۆڕانكاری‌ ریشه‌یی‌ به‌سه‌ر سیستمی‌ هه‌ڵبژاردندا بهێنرێت‌و هه‌ندیك لایه‌نی‌ تریش پێیانوایه‌ سیستمه‌كه‌ ته‌نها پێویستی‌ به‌هه‌مواركردنێكی‌ كه‌م هه‌یه‌و لایه‌نانێكیش هه‌ن داوا ده‌كه‌ن شێوازی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ وه‌ك خۆی‌ بمێنێته‌وه‌. به‌رچاوترین داواكاریش بۆ گۆڕانكاری‌ له‌سیستمه‌كه‌دا له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ لیستی‌ داخراو بۆكراوه‌‌و گۆڕینی‌ سیستمی‌ فره‌بازنه‌یی‌ بۆ یه‌ك بازنه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن‌و دانانی‌ سسیتمی‌ كۆتا بۆهه‌ندێك پێكهاته‌ خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ ده‌بێت به‌ر له‌ (15_10)ی‌ ئه‌مساڵ‌ لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ پێكبێن، هه‌رچه‌نده‌ پێده‌چێت به‌هۆی‌ دره‌نگی‌ كاته‌وه‌ دیسانه‌وه‌ كاربه‌یاسا كۆنه‌كه‌ی‌ (2005) بكرێت ئه‌ویش (سیستمی‌ فره‌بازنه‌یی‌ رێژه‌یی‌‌و لیستی‌ داخراوه‌) له‌گه‌ڵ‌ هه‌ندێك هه‌مواركردنی‌ بچوك، به‌نمونه‌ رێژه‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مان به‌هۆی‌ به‌رزبونه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌وه‌ له‌ (275)كورسییه‌وه‌ بۆ (301) یان (305)كورسی‌ به‌رزده‌بێته‌وه‌.

پێشبینیی‌ ژماره‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ گۆڕان‌و كوردستانی‌
ئه‌گه‌ر دیسانه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌هه‌مان سیستمی‌ فره‌بازنه‌یی‌ ئه‌نجامبدرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری‌ زۆره‌ هه‌ربه‌وشێوه‌یه‌ بێت كه‌ ئه‌و كاته‌ ژماره‌ی‌ كورسییه‌ دابه‌شكراوه‌كان به‌سه‌ر ئه‌و پارێزگایانه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ئه‌وانه‌شی‌ كوردی‌ تێدابو به‌م شێوه‌یه‌ بو(سلێمانی‌ 15كورسی‌، هه‌ولێر 13كورسی‌، دهۆك 9كورسی‌، كه‌ركوك 9كورسی‌، موسڵ‌ 19كورسی‌، دیاله‌ 11كورسی‌) كه‌ ئه‌و كات لیستی‌ هاوپه‌یمانیی‌ (له‌ سلێمانی‌ 13و له‌ هه‌ولێر 12و له‌ دهۆك 8‌و له‌ كه‌ركوك 5و له‌موسڵ‌ 5و له‌دیاله‌ 3كورسی‌، هه‌روه‌ها 2 كورسی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات‌و 5كورسیی‌ ته‌عویزیشی‌) به‌ده‌ستهێناوه‌، لیستی‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامیش (له‌ سلێمانی‌ 2 كورسی‌‌و له‌ هه‌ولێر 1كورسی‌‌و له‌دهۆك 1كورسی‌‌و یه‌ك كورسی‌ دیكه‌ی‌ ته‌عویزیشی‌ وه‌رگرتوه‌) كه‌ نرخی‌ یه‌ك كورسیش (قاسمی‌ ئینتیخابی‌) له‌نێوان ( 30 بۆ 35)هه‌زارده‌نگ ئه‌ژماركرا، ئه‌و رێژه‌یه‌ش له‌ پارێزگایه‌كه‌وه‌ بۆ یه‌كێكی‌ دیكه‌ جیاوازی‌ هه‌بو، به‌ڵام به‌گشتی‌ له‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا له‌و سنوره‌دابو.

ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ژماره‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق بۆ (301)یان (306)كورسی‌ زیاد ده‌كات به‌و پێیه‌ی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوان زیادیكردوه‌‌و به‌وپێیه‌ش هه‌ر پارێزگایه‌كی‌ هه‌رێم نزیكه‌ی‌ (2)كورسی‌ زیاتری‌ به‌رده‌كه‌وێت‌و رێژه‌ی‌ كورسییه‌كان ده‌بێته‌ (سلێمانی‌ 17كورسی‌، هه‌ولێر 15كورسی‌، دهۆك 11كورسی‌، كه‌ركوك 11 كورسی‌ ، موسڵ‌ كورسی‌ 21، دیاله‌13 كورسی‌).

بۆ پێشبینیكردن له‌سه‌ر ژماره‌ی‌ ئه‌و كورسییانه‌ی‌ به‌ده‌ستده‌هێنرێن له‌لایه‌ن لیسته‌كانی‌ كوردستانی‌‌و گۆڕان‌و لیستی‌ ئیسلامیه‌كانه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقدا، دروستترین فاكته‌ر پشتبه‌ستنه‌ به‌ بنه‌مای‌ رێژه‌ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ لیسته‌كانی‌ كوردستانی‌‌و گۆڕان‌و چاكسازی‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا به‌ده‌ستیانهێناوه‌.

رێژه‌ی‌ ده‌نگه‌كانیش به‌مجۆره‌ بون، له‌ سلێمانی‌ گۆڕان (310)هه‌زار، كوردستانی‌ (266)هه‌زار‌و چاكسازی‌ (120)هه‌زار ده‌نگ.
له‌ هه‌ولێر كوردستانی‌ (360)هه‌زار، گۆڕان (120)هه‌زار‌و چاكسازی‌ (69)هه‌زار ده‌نگ.
له‌ دهۆك كوردستانی‌ نزیكه‌ی‌ (400)هه‌زار، چاكسازی‌ (41)هه‌زار‌و گۆڕان (18)هه‌زار ده‌نگ.
به‌و پێیه‌بێت له‌ (17)كورسییه‌كه‌ی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ هاوكێشه‌كه‌ له‌قازانجی‌ لیستی‌ گۆڕانه‌ كه‌ به‌لایه‌نی‌ كه‌مه‌وه‌ (8)كورسی‌ به‌ده‌ستده‌هێنێت‌و لیستی‌ كوردستانیش (7) كورسی‌، یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ (2)‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیش (1) كورسی‌.
له‌ (15)كورسییه‌كه‌ی‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر كوردستانی‌ (9)كورسی‌، گۆڕان (4) كورسی‌، یه‌كگرتو (1)كورسی‌‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ (1)كورسی‌.
له‌ (11)كورسییه‌كه‌ی‌ پارێزگای‌ دهۆكیش كوردستانی‌ (9)كورسی‌، یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ (1)كورسی‌‌و گۆڕانیش (1)كورسی‌ به‌ڵام به‌(كه‌سری‌ به‌هێز).
له‌ (11)كورسییه‌كه‌ی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك، كورد شه‌ش كورسی‌ ده‌بات كه‌ پێده‌چێت (3)كورسی‌ بۆ كوردستانی‌‌و (3)كورسیش بۆ گۆڕان بێت‌و لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی‌ دیكه‌ نه‌توانن كورسی‌ به‌ده‌ستبهێنن.
له‌ (21) كورسییه‌كه‌ی‌ پارێزگای‌ موسڵیش كورد (6)كورسی‌ به‌رده‌كه‌وێت، پێده‌چێت كوردستانی‌ (5)كورسی‌ به‌ده‌ستبهێنێت‌و گۆڕانیش (1)كورسی‌.
له‌ (11)كورسییه‌كی‌ پارێزگای‌ دیاله‌ش ره‌نگه‌ كورد (3)كورسی‌ به‌ده‌ستبێنێت، كوردستانی‌ (2)، گۆڕان (1)كورسی‌.

ده‌نگی‌ كورده‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌
له‌ هه‌رسێ‌ كیشوه‌ره‌كه‌ی‌ جیهان (ئه‌وروپا، ئه‌مه‌ریكا، ئوستورالیا) ساڵی‌ (2005) ژماره‌ی‌ ئه‌و كوردانه‌ی‌ مافی‌ ده‌نگدانیان هه‌بوه‌ له‌ نێوان (250) هه‌زار ده‌نگده‌ر بۆ (300) هه‌زار بوه‌، به‌ڵام ته‌نها (78)هه‌زار كورد ده‌نگیدا، هۆكاری‌ كه‌میی‌ به‌شداریی‌ كوردانی‌ ده‌ره‌وه‌ له‌و هه‌ڵبژاردنه‌شدا وه‌ك خۆیان باسی‌ ده‌كه‌ن، بۆئه‌وه‌ده‌گێرێته‌وه‌ كه‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا كێبڕكێ‌ نه‌بوه‌ له‌نێو لیسته‌كوردییه‌كانداو مه‌سه‌له‌ی‌ ته‌كنیكی‌‌و دوری‌ سندوقی‌ ده‌نگدانیش هۆكارێكی‌ تربوه‌، به‌ڵام چاودێران پێیانوایه‌ كه‌ ئه‌مجاره‌ به‌هۆی‌ به‌شداربونی‌ لیستی‌ گۆڕانه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زیاتری‌ كوردی‌ ده‌ره‌وه‌ به‌شداریی‌ بكه‌ن‌و به‌شی‌ زۆرینه‌ی‌ ده‌نگی‌ ئه‌و كوردانه‌ش بڕوات بۆ لیستی‌ گۆڕان، بۆیه‌ پێده‌چێت ده‌نگی‌ كوردانی‌ ده‌ره‌وه‌ بایی‌ نرخی‌ (3) كورسی‌ بێت (2) كورسی‌ بۆ گۆڕان (1) بۆ كوردستانی‌.

هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێكجار هه‌ڵبژاردن موفاجه‌ئه‌ی‌ سه‌یر به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ سه‌دله‌سه‌د واده‌رنه‌چێت، به‌ڵام له‌سه‌ربنه‌مای‌ ده‌نگه‌ به‌ده‌ستهاتوه‌كانی‌ كورد‌و خوێندنه‌وه‌ی‌ دۆخی‌ شه‌قامی‌ كوردی‌ بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌، پێده‌چێت ده‌نگان به‌وجۆره‌ دابه‌ش ببن.

لیستی‌ كوردستانی‌ رێژه‌ی‌ كورسیه‌ به‌ده‌ستهاتوه‌كانی‌ پارێزگاكان و ده‌ره‌وه‌ی‌ ولاَتی‌ 35 كورسی‌+ 3 كورسی‌ ته‌عویزی‌.
لیستی‌ گۆران رێژه‌ی‌ كورسیه‌ به‌ده‌ستهاتوه‌كانی‌ پارێزگاكان و ده‌ره‌وه‌ی‌ ولاَتی‌  20كورسی‌+2كورسی‌ ته‌عویزی‌.
لیستی‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ 4 كورسی‌
لیستی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ 2 كورسی‌     
     
رێككه‌وتنی‌ نێوان (كوردستانی‌) و (گۆڕان)
مشتومڕی‌ پێكهێنانی‌ لیستی‌ هاوبه‌ش‌و فره‌لیستی‌ له‌ ناوه‌ندی‌ سیاسیی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا ورده‌ورده‌ به‌ره‌و كوڵان ده‌چێت‌و پێده‌چێت به‌ هۆی‌ نزیك بونه‌وه‌ی‌ واده‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ تۆماركردنی‌ هاوپه‌یمانی له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌ له‌ هه‌فته‌ی‌ داهاتوه‌وه‌ لایه‌نه‌سیاسییه‌كانی‌ كوردستان له‌سه‌ر (مێزی‌ سه‌راحه‌ت) دابنیشن‌و به‌جدیی‌ تێڕوانینی‌ خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بخه‌نه‌ڕو، هه‌رچه‌نده‌ له‌دو هه‌فته‌ی‌ رابردودا مه‌سعود بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ‌ تێكڕای‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان گفتوگۆی‌ سه‌ره‌تایی‌ ده‌ستپێكردبو، به‌ڵام به‌پێی‌ زانیارییه‌كان پێده‌چێت هه‌فته‌ی‌ داهاتو تا ئاستێكی‌ زۆر سه‌هۆڵبه‌ندانی‌ نێوان لیسته‌ ركابه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كان (كوردستانی‌ و گۆڕان) بتوێته‌وه‌و گفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنێتیی‌ به‌شداریكردنی‌ لیسته‌كان له‌نێوان سه‌رانی‌ لیستی‌ گۆڕان‌و كوردستانی‌ ئه‌نجامبدرێت.

ئێستا له‌ناوه‌ندی‌ سیاسیی‌ كوردیدا دو ئاڕاسته‌ له‌سه‌ر بونی‌ لیستی‌ جیاو لیستی‌ هاوبه‌ش هه‌یه‌، لایه‌نی‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان داوای‌ لیستی‌ هاوبه‌ش ده‌كات‌و لایه‌نی‌ ئۆپۆزسیۆنیش داوای‌ لیستی‌ جیا ده‌كات، به‌ڵام به‌ گوتاری‌ هاوبه‌شه‌وه‌.

قازانجه‌ سیاسییه‌كانی‌ لیستی‌ هاوبه‌ش
بێگومان بونی‌ یه‌ك لیستی‌ هاوبه‌ش بۆ كورد، له‌ هه‌ندێك لایه‌نی‌ روكه‌شییه‌وه‌ قازانجی‌ هه‌یه‌‌و زیاتر له‌وه‌دا خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ دو ساڵی‌ رابردودا ته‌واوی‌ لیسته‌گه‌وره‌كانی‌ شیعه‌و سوننه‌ له‌په‌رله‌مانی‌ عێراقدا توشی‌ دوله‌تبون‌و چه‌ند له‌تبون هاتن‌و بلۆكی‌ كوردی‌ به‌ یه‌كگرتویی‌ مایه‌وه‌، له‌ ئێستاشدا كه‌ شیعه‌و سوننه‌ چه‌ند لیستێكی‌ جیاجیایان تێدا دروستبوه‌، مانه‌وه‌ی‌ كورد به‌ یه‌ك لیست، هه‌یبه‌ت‌و پێگه‌ی‌ كورد له‌په‌رله‌مانی‌ عێراقدا‌و سه‌نگی‌ كورد له‌هاوكێشه‌ سیاسییه‌كاندا هه‌ربه‌قورسی‌ ده‌هێڵیته‌وه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ لایه‌نی‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ هه‌رێم پێیوایه‌ كه‌ هێشتا كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی‌ به‌ بنبه‌ستگه‌یشتو له‌نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا ماون‌و كورد ده‌توانێت به‌ یه‌كلیستی‌ ئه‌و كێشانه‌ به‌قازانجی‌ خۆی‌ یه‌كلا بكاته‌وه‌، نه‌ك به‌ فره‌لیستی‌.

فره‌لیستیش قازانجداره‌
به‌هۆی‌ بونی‌ یه‌ك سیاسه‌تی‌ دیاریكراو‌و سه‌پێنراوه‌وه‌، نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ به‌غدا ته‌نیا له‌ گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه‌ كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم‌و ناوه‌ندیان بینیوه‌، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌مجاره‌ گوتاری‌ سیاسییانه‌ی‌ كورد به‌رامبه‌ر به‌غدا بگۆڕرێت‌و به‌گوتاری‌ جیاواز یاخود یه‌كهه‌ڵوێستبونی‌ لیسته‌جیاكانی‌ كورد له‌ داهاتودا موخاته‌به‌ی‌ به‌غدا بكرێته‌وه‌. هه‌روه‌ك نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌رۆكی‌ لیستی‌ گۆران وتی‌، ئێمه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ چاره‌نوسسازه‌كانی‌ میلله‌ته‌كه‌مان كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مانه‌وه‌ هه‌بێت، بێگومان هاوده‌نگ ده‌بین، به‌ڵام گوتاری‌ سیاسیمان جیاوازه‌‌و پێمانوایه‌ "یه‌كهه‌ڵوێستی‌ كورد له‌ یه‌كلیستیدا نییه‌، به‌ڵكو له‌گوتاری‌ یه‌كگرتویدایه‌"، هه‌روه‌ها نه‌وشیروان مسته‌فا ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كرد "پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ په‌یوه‌ندیی‌ حكومه‌تی‌ عێراق‌و هه‌رێمیان قه‌تیسكردوه‌ له‌ په‌یوه‌ندیی‌ ئه‌و دو حیزبه‌وه‌ به‌ حكومه‌تی‌ مه‌ركه‌زییه‌وه‌، ئێمه‌ هه‌وڵه‌ده‌ین بیگۆڕین به‌ په‌یوه‌ندیی‌ قه‌ومییه‌تی‌ كورد به‌حكومه‌تی‌ عێراقه‌وه‌".

سروشتی‌ زۆرێك له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان وایه‌، كاتێك كێبكڕكێ‌ له‌ناو لایه‌نه‌كاندا نه‌بێت ده‌بێته‌ هۆی‌ كه‌مبونه‌وه‌ی‌ به‌شداری‌ هاوڵاتییان له‌و پرۆسه‌یه‌دا‌و ململانێی‌ راسته‌قینه‌نامێنێت وه‌ك له‌هه‌ڵبژاردنی‌ (2005)دا ده‌ركه‌وت، به‌هۆی‌ نه‌بونی‌ كێبڕكێوه‌ له‌ ناوه‌وه‌ی‌ كوردستان‌و له‌ده‌ره‌وه‌ ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاوی‌ كورد نه‌چونه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان، به‌ڵام پێده‌چێت به‌هۆی‌ بونی‌ كێبڕكێیه‌كی‌ سه‌خته‌وه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا رێژه‌یه‌كی‌ زۆرتر له‌هاوڵاتییان بچنه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان‌و حه‌ماسی‌ خه‌ڵك زیاتر بێت‌و رێژه‌ی‌ كورد له‌په‌رله‌مانی‌ عێراقی‌ زیاد بكات كه‌ ئێستا رێژه‌ی‌ (20.5%) كۆی‌ كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مان پێكده‌هێنێت.

شینی‌ هه‌ریسه‌كه‌؟
ئێستا ده‌سه‌ڵات پاساوی‌ ئه‌وه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ بونی‌ لیستی‌ جیا مانای‌ لێكترازانی‌ نێو ماڵی‌ كورده‌، لایه‌نی‌ ئۆپۆزسیۆنیش له‌هه‌رێمدا پێیانوایه‌ "شینی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ بۆ هه‌ریسه‌كه‌یه‌ نه‌ك بۆ حسێن" كه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌  كه‌مبونه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتیان له‌به‌غدا‌و پۆسته‌كان دابه‌شده‌بن‌و چیتر ئه‌و دو هێزه‌ لێره‌ به‌دواوه‌ ناتوانن بانگه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ته‌نها ئه‌وان نوێنه‌رایه‌تی‌ هه‌مو كورد ده‌كه‌ن‌و به‌هۆی‌ بونی‌ لیستی‌ گۆڕانه‌وه‌ كه‌ ئێستا وه‌ك هێزێك بوه‌ به‌ئه‌مری‌ واقیع‌و قورسایی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كه‌مده‌بێته‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ چاودیران پێیان وایه‌ كه‌ شینی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ په‌یوه‌ندی به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ حیزبییه‌وه‌ هه‌یه‌و ده‌یانه‌وێت ده‌سكه‌وته‌كان بۆخۆیان قۆرخبكه‌ن.

ترسێكی‌ شاراوه‌
ترسێكی‌ دیكه‌ی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ له‌جیایی‌ لیستی‌ گۆڕان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێیوایه‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ به‌غداوه‌ فشار له‌سه‌ر یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ دروستده‌كات بۆ زانینی‌ چۆنێتیی‌ خه‌رجی‌ بودجه‌ی‌ ساڵانه‌و داهاته‌ ده‌سكه‌وتوه‌كانی‌ هه‌رێم، هه‌روه‌ها له‌مه‌سه‌له‌ی‌ فشارخستنه‌ سه‌ر هه‌رێم بۆ جیاكردنه‌وه‌ی‌ حیزب له‌ حكومه‌ت‌و دروستكردنی‌ داموده‌زگای‌ ده‌وڵه‌تی‌‌و نه‌هێشتنی‌ هێزی‌ چه‌كداری‌ حیزب‌و رێكخستنه‌وه‌ی‌ له‌ سوپایه‌كی‌ نیشتمانی‌ كوردستانیدا به‌شێوه‌یه‌كی‌ نیزامی‌.

Sbeiy.com © 2007