Print
 ئازاد چالاك: دروستنه‌كردنی‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ گومانی‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌رێم دروستكردوه‌
Wednesday, September 9, 2009

سازدانی‌: سه‌نگه‌ر جه‌مال
ئازاد چالاك، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، ئاماژه‌ به‌ كاری‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌و لێپێچینه‌وه‌كانی‌ ده‌كات‌و به‌ پێویستیشی‌ ده‌زانێت له‌ كوردستان ده‌سته‌یه‌كی‌ نه‌زاهه‌ دابمه‌زرێت كه‌ له‌ گه‌نده‌ڵییه‌كانی‌ ناو فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان بكۆڵێته‌وه‌، له‌كاتێكدا كه‌ تائێستا له‌ كوردستان دو دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ هه‌یه‌‌و راپۆرته‌كانیان نهێنین.

رۆژنامه‌: كار‌و ئه‌ركی‌ ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ چییه‌‌و چۆن ئیش ده‌كه‌ن؟
ئازاد چالاك: ئه‌و ده‌سته‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانه‌‌و ده‌سته‌یه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆیه‌و سه‌ر به‌ هیچ وه‌زاره‌ت‌و لایه‌نێك نییه‌و كاره‌كانی‌ به‌ یاسا رێكخراوه‌، ده‌سته‌كه‌ كۆمه‌ڵێك به‌ڕێوه‌به‌رێتیی‌ گشتیی‌ تێدایه‌ كه‌ یه‌كێكیان به‌ڕێوه‌به‌رێتیی‌ به‌دواداچونه‌ یانی‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ كه‌ لای‌ ئێمه‌ ته‌نیا چاودێریكردنی‌ ئه‌دای‌ حكومه‌ت‌و گه‌نده‌ڵیی‌‌و شه‌فافیه‌ته‌، به‌ڵام ئه‌وان بۆیان هه‌یه‌ به‌دواداچون‌و لێپێچینه‌وه‌ بكه‌ن‌و له‌سه‌ر ئه‌و مه‌له‌فانه‌ی‌ دێته‌ لایان له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیی‌، هه‌ر كه‌سێك بێت وه‌زیر بێت یا به‌رپرس بێت ئه‌وان ده‌توانن بانگیان بكه‌ن‌و به‌دواداچونی‌ بۆبكه‌ن، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ مه‌له‌فه‌كه‌یان ته‌واو ده‌بێت‌و دادوه‌ری‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ بڕواده‌كات به‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌سه‌ دۆكیۆمێنت‌و به‌ڵگه‌كان زۆرن یا هی‌ ئه‌وه‌ن ئیدانه‌بكرێت، ئه‌وكاته‌ ره‌وانه‌ی‌ ده‌كات بۆ قه‌زا، دواتر ئه‌وان لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ تێدا ده‌كه‌نه‌وه‌و دواتر دادوه‌ر بڕیار ده‌دات به‌ تۆمه‌تباركردن یان ئازادكردنی‌ ئه‌و كه‌سه‌، هه‌روه‌ها چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رێتییه‌كی‌ دیكه‌ش هه‌یه‌ وه‌ك ویقایه‌و شه‌فافیه‌، هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌رێتی‌ دیكه‌شیان هه‌یه‌ كه‌ كاری‌ خۆیان ده‌كه‌ن.

رۆژنامه‌: باست له‌ هاوكاریكردنی‌ ده‌سته‌كه‌ كرد له‌لایه‌ن چاودێریی‌ دارایی‌ گشتییه‌وه‌، جیاوازی‌ ئه‌رك‌و كاری‌ ئه‌و دوانه‌ له‌ چیدایه‌؟
ئازاد چالاك: دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ گشتیی‌ یه‌كێكه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ كۆنه‌كانی‌ عێراق، كه‌ له‌ ساڵانی‌ (30)یه‌كانه‌وه‌ دروستبوه‌، ئیشوكاره‌كانیان زیاتر چاودێریی‌و وردبینیكردنی‌ حسابات‌و ئه‌و سه‌ڵاحیاتیانه‌یه‌ كه‌ دراوه‌ به‌ به‌رپرسان له‌ وه‌زاره‌ته‌كاندا‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌وانه‌ ده‌كه‌ن، دواتر راپۆرتی‌ خۆیان ده‌نێرن بۆ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان‌و ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران‌و ده‌سته‌و لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌، بۆئه‌وه‌ی‌ به‌ هه‌مولایه‌ك بڵێن كه‌ ئه‌و كێشانه‌ له‌و شوێنانه‌ هه‌یه‌و ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێن، سه‌ڵاحه‌تیان هه‌یه‌ ئه‌و زانیاریانه‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌ داراییه‌كان ئاشكرابكه‌ن‌و دواتر داواكاری‌ گشتیی‌ ده‌توانێت به‌دوایدا بچێت‌و داوای‌ یاسایی‌ له‌سه‌ر تۆمار بكات، كه‌واته‌ سه‌ڵاحیه‌تی‌ چاودێریی‌ درارایی‌ له‌وه‌ تێپه‌ڕ ناكات، به‌ڵام ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ مافی‌ به‌دواداچون‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر راپۆرتی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ بخوێنێته‌وه‌و بزانێت هه‌ڵه‌یه‌كی‌ به‌مه‌به‌ستی‌ تێدایه‌ یان جێی‌ گومانه‌ ده‌توانێ‌ لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ‌ بكات، كه‌واته‌ هه‌ریه‌كه‌یان ئیشێكی‌ تایبه‌ت به‌خۆی‌ ده‌كات.

رۆژنامه‌: وه‌ك ئاماژه‌ت پێكرد له‌ كۆنه‌وه‌ له‌ به‌غدا چاودێریی‌ دارایی‌ هه‌یه‌‌و ئێستا ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ هه‌یه‌‌و كاره‌كانیشیان جیاوازه‌، به‌ڵام به‌رپرسانی‌ هه‌رێم زۆرجار ئاماژه‌ به‌ بونی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ ده‌كه‌ن‌و پێیانوایه‌ جێی‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ ده‌گرێته‌وه‌، له‌كاتێكدا تائێستا دو دیوانی‌ چاودێریمان هه‌یه‌و هێنده‌ش كاریگه‌ر نین، ئایا ده‌سته‌یه‌كی‌ نه‌زاهه‌ بۆ كوردستان پێویست نییه‌؟
ئازاد چالاك: نه‌ك هه‌ر ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان پێویسته‌، ده‌بێت رونتر قسه‌ بكه‌ین، كه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌م پارتی‌‌و هه‌م یه‌كێتی‌ دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ گشتییان هه‌یه‌ له‌ هه‌رێم، ئه‌وه‌ش بۆخۆی‌ خه‌له‌لێكی‌ گه‌وره‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و دیوانانه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تن كه‌ باشتر وایه‌ سه‌ربه‌خۆبن بۆئه‌وه‌ی‌ نه‌چنه‌ ژێرباری‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌، چۆن ده‌بێت ده‌زگایه‌ك كه‌ ئیشی‌ چاودێریی‌ بێت، به‌ڵام خۆی‌ سه‌ر به‌ وه‌زیر یان وه‌زاره‌تێك بێت، باشتر وایه‌ ئه‌وانه‌ سه‌ربه‌خۆبن‌و به‌ یاسا كاره‌كانیان رێكبخرێت، چونكه‌ له‌ چاودێریی‌ دارایی‌ گشتیی‌ عێراقیش سه‌ربه‌خۆیه‌‌و سه‌ر به‌هیچ وه‌زاره‌ت‌و دامه‌زراوه‌یه‌ك نییه‌.
لایه‌نێكی‌ دیكه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ ئیشێكی‌ زۆر باشیش بكه‌ن‌و هه‌مو كه‌موكورتییه‌كان بدۆزنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌نجام ئه‌و راپۆرتانه‌ بۆ كێ‌ ده‌نێردرێت‌و كێ‌ پێی‌ ده‌زانێت‌و كێ‌ له‌سه‌ری‌ محاسه‌به‌ ده‌كرێت، له‌ عێراقدا ئه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌ر ده‌ستی‌ ئێمه‌و خه‌ڵكانی‌ دیكه‌ش‌و هه‌ندێكجار ده‌درێته‌ راگه‌یاندنه‌كانیش بۆئه‌وه‌ی‌ رای‌ گشتیی‌ دروستبێت له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیی‌، به‌ڵام له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا راپۆرتی‌ دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ گشتیی‌ نهێنییه‌و كه‌م كه‌س ده‌یبنێت، كه‌ له‌ په‌نجه‌كانی‌ ده‌ست زیاتر نه‌بن، جگه‌ له‌وه‌ ئه‌و راپۆرتانه‌ ناخرێته‌ به‌رده‌می‌ خه‌ڵك‌و میدیاكان تا فشارێك دروستبێت له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات یان ئه‌و كه‌سه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ ده‌كات كه‌ مه‌رج نییه‌ بۆلایه‌نێكی‌  بكات‌و ره‌نگه‌ خۆی‌ گه‌نده‌ڵ‌ بێت، بۆیه‌ به‌ بڵاونه‌بونه‌وه‌و سزانه‌دانی‌ ئه‌و گه‌نده‌ڵانه‌ سودی‌ ئه‌و راپۆرته‌ چییه‌؟ ئه‌وه‌ش وه‌كوئه‌وه‌ وایه‌ هیچی‌ نه‌كردبێت.
به‌داخه‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی‌ دراوه‌ له‌باره‌ی‌ بڵاونه‌كردنه‌وه‌‌و نهێنی‌ راپۆرته‌كانه‌وه‌، كه‌ ته‌نیا چه‌ند كه‌سێك بیبینێت‌و بڵاونه‌كرێته‌وه‌ بۆ رای‌ گشتیی‌‌و میدیاكان بۆئه‌وه‌ی‌ قسه‌ی‌ له‌سه‌ر بكه‌ن‌و ببێته‌ فشارێك بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵات، ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ ئیشوكارو ئه‌رك‌و ماندوبونی‌ ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ ونبێت له‌ناو ئه‌و هه‌مو قسه‌و باسانه‌ی‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیی‌ ده‌كرێت له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.
له‌به‌رئه‌وه‌ بونی‌ ئه‌و ده‌زگایانه‌ چ چاودێریی‌ دارایی‌ یان ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌، ئه‌گه‌ر به‌پێی‌ یاسایه‌كی‌ به‌هێز رێكنه‌خرێت كه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ زۆر بداته‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌و هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ده‌چنه‌ ده‌سته‌كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌ مه‌رجی‌ زۆرباش دیاری‌ نه‌كرێن، ئه‌وا ناتوانێت كارابێت‌و له‌ گه‌نده‌ڵیی‌ بپێچێته‌وه‌، ئه‌گینا حیزبه‌كان زۆر به‌ ئاسانی‌ ده‌توانن بیكه‌ن به‌ ده‌سته‌یه‌ك بۆ پاكانه‌كردن له‌ گه‌نده‌ڵه‌كان نه‌ك ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌.
ده‌بێت كاری‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ دژایه‌تیكردنی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ بێت نه‌ك په‌رده‌یه‌ك له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌كان بپۆشێت‌و له‌گه‌ڵ‌ مه‌سه‌له‌كانی‌ دیكه‌دا ئه‌و ده‌سته‌یه‌ش زینده‌به‌چاڵ‌ بكرێت، كه‌ هێشتا له‌ دایك نه‌بوه‌.

رۆژنامه‌: باسی‌ نهێنی‌ ئه‌و راپۆرتانه‌ی‌ دیوانی‌ چاودێریی‌ هه‌رێمت كرد ئه‌وه‌ تاچه‌ند یاساییه‌، بۆ راپۆرته‌كانی‌ به‌غدا راده‌گه‌یه‌نرێن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ ئێره‌ ته‌نیا چه‌ند كه‌سێكی‌ دیاریكراو بیبینێت؟
ئازاد چالاك: نازانم بۆ له‌ هه‌رێم چاودێریی‌ دارایی‌ گشتیی‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌ته‌‌و ده‌سته‌یه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ نییه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ كۆنه‌وه‌ ره‌نگه‌ وا هاتبێت، به‌ڵام ئێستا كه‌ ئه‌وه‌نده‌ باس له‌ گه‌نده‌ڵیی‌ ده‌كرێت پێویسته‌ زۆر گرنگی‌ به‌و ده‌زگایه‌ بدرێت مادام قسه‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیی‌‌و زۆربونی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ ده‌كرێت له‌ كوردستان، هه‌قه‌ به‌رپرسانی‌ یه‌كه‌می‌ هه‌رێم دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ بكه‌نه‌ ده‌زگایه‌ك كه‌ خه‌ڵك بتوانێت هاتوچۆی‌ بكات یا زانیاریی‌ بداته‌ میدیاكان كه‌ ئه‌و شه‌فافیه‌ته‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نییه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌ بواری‌ راگه‌یاندنی‌ راستییه‌كانی‌ وه‌ك گه‌نده‌ڵیی‌ ئه‌وه‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌یه‌.

رۆژنامه‌: كه‌واته‌ ئه‌و بیانوانه‌ی‌ به‌رپرسان شیاو نین كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن چاودێریی‌ دارایی‌ ده‌توانێت جێی‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ بگرێته‌وه‌؟
ئازاد چالاك: پێموایه‌ ئه‌گه‌ر بوار بده‌ن دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ گشتیی‌ ئیشوكاره‌كانی‌ وه‌ك ده‌زگایه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ بكات ده‌ستێوه‌ردان‌و ئه‌مری‌ به‌سه‌ردا نه‌كرێت له‌لایه‌ن حیزب‌و لایه‌نه‌كانه‌وه‌، ئه‌وكاته‌ ده‌ستكراوه‌ ده‌بێت بۆئه‌وه‌ی‌ ببێته‌ ده‌زگایه‌ك كه‌ حسابی‌ بۆبكرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌كو ئێستا بێت، ئیشی‌ باشیش بكات‌و گه‌نده‌ڵییه‌كان ده‌سنیشان بكات، به‌ڵام ئیشی‌ له‌سه‌ر نه‌كرێت‌و داواكاری‌ گشتیی‌ به‌دوایدا نه‌چێت، كه‌واته‌ كه‌س له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیی‌ سزا نادرێت، من نه‌مبیستوه‌ كه‌ یه‌كێك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ سزابدرێت كه‌ گه‌نده‌ڵیی‌ كردوه‌و مه‌عقولیش نییه‌ كه‌س گه‌نده‌ڵیی‌ نه‌كردبێت‌و سامانی‌ وڵاتی‌ به‌ فیإۆ نه‌دابێت، بۆیه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ زۆر هه‌ستیاره‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ده‌بێت ده‌سه‌ڵات به‌ جدیی‌ بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ عێراق‌و به‌غدا ئه‌و هه‌مو لایه‌نه‌ چاودێره‌ سه‌ربه‌خۆیانه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ هه‌رێمدا نییه‌، ئه‌وه‌ش كێشه‌كه‌یه‌ كه‌ گومانی‌ لای‌ خه‌ڵك دروستكردوه‌و وانیشانی‌ ده‌دات كه‌ ده‌سه‌ڵات نایه‌وێت ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ له‌ هه‌رێمیش دروستبێت.

رۆژنامه‌: هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم كه‌ پرسیاری‌ دانه‌مه‌زراندنی‌ ده‌سته‌یه‌كی‌ نه‌زاهه‌یان لێده‌كرێت ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ له‌ به‌غدا شتێكی‌ شكڵیه‌و توانای‌ لێپێچینه‌وه‌ی‌ نییه‌، تاچه‌ند وایه‌؟
ئازاد چالاك: به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ی‌ عێراق توانیویه‌تی‌ هه‌زاران كه‌س بداته‌ دادگا، جگه‌ له‌وه‌ هاوكارییان له‌گه‌ڵ‌ لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌و رێیه‌وه‌ ئێمه‌ توانیومانه‌ وه‌زیر بانگبكه‌ینه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران‌و متمانه‌ی‌ لێبسه‌نینه‌وه‌ یان لێپێچینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ بكه‌ین، له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ پێشوی‌ نه‌زاهه‌ لێپرسینه‌وه‌مان كردوه‌و متمانه‌مان لێسه‌ندوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئێستا كۆمه‌ڵێك وه‌زیری‌ دیكه‌ش به‌ڕێوه‌ن كه‌ بانگبكرێنه‌ په‌رله‌مان‌و لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ‌ بكرێت، به‌ڵام ئایا له‌ كوردستان ئه‌وه‌ كراوه‌، پرسیاره‌كه‌ لێره‌دایه‌ كه‌واته‌ ناتوانن به‌وه‌ی‌ ئه‌وان بڵێن ناكاریگه‌رن‌و ئیشه‌كانی‌ خۆیان ناكه‌ن، له‌وه‌ تێناگه‌م كه‌ چۆن بیانو بۆ ئه‌وه‌ ده‌هێننه‌وه‌.

رۆژنامه‌: به‌ رای‌ ئێوه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم تا چه‌ند قبوڵی‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ وه‌زیره‌كان‌و به‌تایبه‌ت وه‌زیری‌ بازرگانی‌ عێراق، كه‌ نا یانه‌وێت وه‌زیره‌كانیان به‌و ده‌رده‌بچن، ئه‌وه‌ ترسه‌كه‌ نییه‌ له‌ دروستكردنی‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌؟
ئازاد چالاك: پێموایه‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ په‌یوه‌ندیی‌ به‌چه‌ند شتێكی‌ دیكه‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌ك دروستبونی‌ ئۆپۆزسیۆنێك له‌ ناو په‌رله‌مانی‌ عێراق، پێش هه‌مو شتێك ئێمه‌ په‌رله‌مانێكی‌ به‌هێزمان ده‌وێت له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، تا ئه‌وه‌ دروست نه‌بێت كاری‌ هه‌مو وه‌زاره‌ت‌و ده‌زگاكانی‌ ده‌وڵه‌ت ده‌توانیت گومانی‌ بخه‌یته‌ سه‌ر.
له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ گرنگی‌ هاتنه‌كایه‌ی‌ په‌رله‌مانێكی‌ به‌هێز كه‌ ئۆپۆزسیۆنێكی‌ به‌هێزی‌ تێدابێت كلیلی‌ چاككردنی‌ ئه‌م بارودۆخه‌یه‌ له‌ هه‌رێم، تا ئۆپۆزسیۆنێكی‌ كاریگه‌ر نه‌بێت ده‌زگاكانی‌ دیكه‌ سه‌ر به‌ حیزب‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات ده‌بن، كه‌ ئه‌وه‌ بۆخۆی‌ جۆرێكه‌ له‌ گه‌نده‌ڵیی‌‌و سه‌ره‌تای‌ دروستبونی‌ گه‌نده‌ڵییه‌ له‌ كوردستان، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌مو هه‌وڵه‌كان بۆپه‌رله‌مانێكی‌ كاراو به‌هێزبێت كه‌ له‌رێیه‌وه‌ ده‌توانیت یاسایه‌كی‌ باش دابڕێژێت بۆ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌، كه‌ به‌پێی‌ ئاست‌و خواستی‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ خه‌ڵك بێت.
هه‌رچه‌نده‌ پێم باشه‌ له‌ سه‌ره‌تادا دروستبێت، به‌ڵام باوه‌ڕم نییه‌ بتوانێت ئه‌ركه‌كانی‌ خۆی‌ وه‌ك پێویست به‌جێبهێنێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئیشه‌كانیان به‌ باشیش بكه‌ن، به‌ڵام رێگرییان لێبكه‌ن‌و كار به‌ راپۆرته‌كانیان نه‌كرێت، ئه‌و كاته‌ ده‌بێته‌ ده‌زگایه‌كی‌ بێبایه‌خ‌و له‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ پوچه‌ڵی‌ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ده‌بێت له‌ په‌رله‌مانێكی‌ كاراوه‌ لێپرسینه‌وه‌ بكرێت، چونكه‌ له‌ خوله‌كانی‌ پێشوی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا نه‌توانراوه‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ هیچ به‌رپرسێك بكرێت له‌گه‌ڵ‌ هه‌مو ئه‌و باس‌و خواسانه‌ی‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیی‌ ده‌كرێت، نه‌كرا لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ كه‌س بكرێت، چونكه‌ زۆرینه‌ی‌ ئه‌ندامه‌كان هی‌ دو حیزب بون.
ئیستاش له‌ناو خه‌ڵكدا پاڵپشتیی‌ هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌و بارودۆخه‌ وه‌ك رابردو نه‌مێنێت، بۆیه‌ هه‌م ده‌سه‌ڵات ده‌بێت به‌خۆیدا بچێته‌وه‌و بگۆڕێت، هه‌م ئۆپۆزسیۆنێكی‌ كاریگه‌ر له‌ناو په‌رله‌ماندا دروستده‌بێت كه‌ داكۆكی‌ له‌ یاساو مافه‌كانی‌ خه‌ڵك‌و یاسا ده‌كات‌و ورده‌ ورده‌ ده‌بێت پاڵنه‌رێك بۆ وه‌زعی‌ سیاسیی‌ كوردستان.

رۆژنامه‌: دوای‌ زۆری‌ ره‌خنه‌كان‌و داننانی‌ به‌رپرسان به‌ بونی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ دا، كۆمپانیایه‌ك هاتوه‌ته‌ كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌، ده‌توانێت سه‌ركه‌وتوبێت له‌كاتێكدا ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ له‌ كوردستاندا نییه‌و داتاو زانیاری‌‌و شێوازی‌ گه‌نده‌ڵییه‌كان نه‌خرێته‌ به‌رده‌ستی‌؟
ئازاد چالاك: پێموایه‌ كاری‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌ زیاتر ئامۆژگاریكردنه‌ وه‌كو شاره‌زایی‌ له‌ ئه‌زمونی‌ وڵاتانی‌ دیكه‌، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ره‌نگه‌ دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ گشتیی‌‌و په‌رله‌مان‌و داواكاری‌ گشتیی‌ ئه‌وه‌ش وه‌ك ئامۆژگاریی‌‌و خول‌و ۆرك شۆپ، به‌ڵام نه‌ له‌ كوردستان‌و نه‌ له‌ عێراق هیچ كۆمپانیایه‌ك ناتوانێت گه‌نده‌ڵیی‌ بنه‌بڕ بكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ پێویستی‌ به‌ ئیراده‌یه‌كی‌ راسته‌قینه‌ هه‌یه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، ده‌بێت ئه‌وه‌ له‌ به‌رپرسان خۆشیانه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وانه‌بێت ناتوانن لێپرسینه‌وه‌ له‌ خواره‌وه‌ بكه‌ن، كه‌واته‌ كۆمپانیاكه‌ شتێكی‌ باشه‌ ئه‌گه‌ر پسپۆڕیی‌ پێشكه‌ش به‌ هه‌رێم بكات، به‌ڵام پێموانییه‌ به‌ ته‌نیا بتوانێت ئه‌و كاره‌ ئه‌نجامبدات.

رۆژنامه‌: باست له‌ گرنگیی‌ هاتنه‌كایه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن كرد له‌ په‌رله‌ماندا بۆ رێگری‌ له‌ گه‌نده‌ڵیی‌، پێتوایه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ گرنگه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ نوێی‌ كوردستان ئه‌وه‌یه‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ دابمه‌زرێت یان لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ له‌ناو خۆیاندا دابنێن؟
ئازاد چالاك: نابێت هه‌مو هیوایه‌ك له‌سه‌ر ئه‌م په‌رله‌مانه‌ دابنێین، كه‌ ئه‌م په‌رله‌مانه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ تێدایه‌ ده‌توانێت هه‌مو شتێك بگۆڕێت، ئه‌وه‌ به‌و موتڵه‌قیه‌ راست نییه‌، به‌ڵام ده‌كرێت بڵێین ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایه‌و ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ی‌ له‌ په‌رله‌مان هاتوه‌ته‌ كایه‌وه‌ سه‌ره‌تایه‌كی‌ باشه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ ورده‌ ورده‌ كاره‌كان به‌ رێكوپێك‌و یاسایی‌ بكرێن، داخوازییه‌كانمان باڵاتر بكه‌ین‌و راگه‌یاندنه‌كان بكه‌ینه‌ ئامرازێكی‌ فشار بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات بۆ چاككردنی‌ بارودۆخی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، چونكه‌ هێشتا زۆرینه‌ به‌لای‌ ده‌سه‌ڵاتدایه‌و ئۆپۆزسیۆن كه‌مینه‌یه‌، ره‌نگه‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و داخوازی‌‌و چاكسازیانه‌ جێبه‌جێنه‌كرێت، له‌و كاته‌دا ناشبێت بێ‌ ئه‌مه‌ل بین له‌وه‌ی‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كه‌مینه‌یه‌ ناتوانێت رۆڵ‌ بگێڕێت، به‌ڵكو ده‌توانێت رۆڵی‌ باش بگێڕێت له‌وه‌ی‌ رای‌ گشتیی‌ به‌لای‌ خۆیدا رابكێشێت‌و كێشه‌كان باس بكات‌و به‌ڵێنه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن له‌ په‌رله‌ماندا بخه‌نه‌ڕو، سوربن له‌سه‌ر به‌دیهێنانی‌‌و داكۆكیی‌ له‌سه‌ربكه‌ن.
ده‌توانێت داوای‌ ئه‌وه‌ بكات كه‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ دابمه‌زرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر داشبمه‌زرێت ده‌بێت ده‌سته‌یه‌ك بێت ده‌ستكراوه‌و بێلایه‌ن بێت‌و بتوانێت له‌ هه‌مو به‌رپرسه‌ باڵاكان بكۆڵێته‌وه‌و ده‌سته‌یه‌ك بێت داوابكات به‌رپرسان‌و په‌رله‌مانتاران سامانی‌ خۆیان ئاشكرابكه‌ن، ئایا ده‌سته‌یه‌كه‌ له‌ روی‌ یاساییه‌وه‌ ئه‌و هێزه‌ی‌ ده‌ده‌یتێ‌ كه‌ بتوانێت كاره‌كانی‌ خۆی‌ بكات یان ده‌یكه‌یت به‌ ده‌سته‌یه‌ك وه‌كو پاشكۆی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ لێدێت، ئه‌وه‌ ئه‌ركی‌ په‌رله‌مان‌و ئه‌و یاسایه‌یه‌ ئه‌گه‌ربێت‌و ده‌ربچێت بۆ دامه‌زراندنی‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بێت كه‌ فیعله‌ن ئه‌و ده‌سته‌یه‌ بكاته‌ ده‌سته‌یه‌كی‌ كاریگه‌رو بێلایه‌ن‌و سه‌ربه‌خۆ.


زانیاری‌:
ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ی‌ عێراق
له‌ سه‌رده‌می‌ حوكمڕانیی‌ بریمه‌ر به‌ بڕیاری‌ (55) هاته‌ كایه‌وه‌، ئه‌وه‌ش وه‌كپێویستیه‌ك له‌وكاته‌دا كه‌ له‌گه‌ڵ‌ بونی‌ باری‌ نائارامی‌ عێراق "هه‌مو دامه‌زراوه‌كانی‌ حكومه‌ت كه‌وتنه‌ به‌ر شاڵاوی‌ گه‌نده‌ڵیی‌"، مه‌به‌ستی‌ ده‌سته‌كه‌ش بۆ چاودێریكردن‌و دژایه‌تی‌ گه‌نده‌ڵیه‌.
ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی‌ زانیاری‌ هه‌یه‌ كه‌ زانیاری‌ بۆ ده‌نێرن له‌باره‌ی‌ ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ ئیداری‌‌و داراییانه‌ی‌ له‌ فه‌رمانگه‌و وه‌زاره‌ته‌ حكومیه‌كاندا ده‌كرێت، سه‌رچاوه‌كانیش لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌، دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ گشتی عیراق، موفه‌تیشه‌ گشتییه‌كانی‌ وه‌زاره‌ته‌كان كه‌ وه‌ك چاوی‌ ده‌سته‌كه‌ن له‌و شوێنانه‌، هه‌روه‌ها هه‌واڵده‌ری‌ نهێنی‌و هێڵی‌ گه‌رمی‌ ته‌له‌فۆنات‌و ئه‌و بابه‌ت‌و نوسینانه‌ی‌ رۆژنامه‌و میدیاكان له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیی‌‌و خراپ به‌كارهێنانی‌ بودجه‌و هێنانی‌ ماده‌ی‌ خراپ بڵاوی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.

Sbeiy.com © 2007