نه‌وشیروان مسته‌فا لهوهلاَمی پرسیاری هاولاَتیاندا:
زۆرینه‌ی زۆری ئه‌وانه‌ی له‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانن خه‌ڵكانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتین
سازدانی: هۆشیار عهبدولاَ
نه‌وشیروان مه‌سته‌فا، له دوه‌م ئه‌ڵقه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی (كه‌ی. ئێن. ئێن)دا به ناوی (روبه‌ڕو له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فادا) وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی دایه‌وه كه له‌لایه‌ن هاوڵاتییانه‌وه ئاراسته‌ی كرابون، به‌شێكی ئه‌و پرسیارانه په‌یوه‌ستبون به مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵوێستی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و فراكسیۆنی گۆڕان له به‌رامبه‌ر مه‌سه‌له‌ی نانبڕینی موچه‌خۆرانی حكومه‌تی هه‌رێم به تۆمه‌تی ده‌نگدانیان به لیستی گۆڕان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی (25)ی ته‌مموزی ئه‌مساڵدا، یان كاركردنیان بۆ لیستی گۆڕان‌و ئه‌و میكانیزم‌و رێگایانه‌ی ده‌گیرێنه‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی ئه‌و كه‌سانه به‌شێكی دیكه‌ی پرسیاره‌كانیش په‌یوه‌ستن به‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ره‌و كوێ؟ به‌و مانایه‌ی دوای سه‌ركه‌وتنی له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا، بۆ له‌مه‌ودوا شكڵ‌و شێوه‌ی بزوتنه‌وه‌كه چۆن دهبێتو چی ده‌كات.
KNN: ئێوه چ رێوشوێنێك ده‌گرنه‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نان‌بڕاو كراون؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه هه‌مو رێوشوێنێكی یاسایی‌و مه‌ده‌نی ده‌گرینه‌به‌ر، بێگومان نانبڕینی خه‌ڵك كه ده‌چێته خانه‌ی سزادانه‌وه له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕی سیاسیی ئه‌مه شتێكه پێچه‌وانه‌ی مافی مرۆڤه، پێچه‌وانه‌ی هه‌مو ئه‌و یاسایانه‌یه كه ئێستا له هه‌رێمی كوردستاندا په‌یڕه‌وده‌كرێن. له‌به‌رئه‌وه ئێمه به رێگه‌ی یاسایی به رێگه‌ی مه‌ده‌نی، هه‌ر كارێك پێمانبكرێت ده‌یگرینه‌به‌ر، به‌تایبه‌ت فراكسیۆنه‌كه‌ی ئێمه له په‌رله‌مان چالاكییان ده‌ستپێكردوه كه هه‌وڵبده‌ن به رێگه‌ی یاسایی مافی ئه‌و كه‌سانه بگه‌ڕێننه‌وه، ئێمه واز له مافی ئه‌و كه‌سانه ناهێنین.
KNN: ده‌سه‌ڵاتیش بڕیاریداوه به‌دواداچون بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات به ده‌م ئه‌و داواكارییه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه نه‌چو، ئێوه چی ده‌كه‌ن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌گه‌ر به ده‌نگییه‌وه نه‌چو دیسانه‌وه ئێمه به‌رده‌وامده‌بین له‌سه‌ر هه‌وڵدانی یاسایی له‌سه‌ر گرتنه‌به‌ری رێگه‌ی مه‌ده‌نی، بێگومان ئه‌وه به تاوان حیسابدهكرێت نهتیجهكانیشی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستا ته‌حه‌مولی ده‌كه‌ن.
KNN: ئه‌مه بۆخۆی جۆرێك نییه له سزادانی سیاسیی وه ئێوه كارده‌كه‌ن بۆ نه‌هێشتنی هه‌مو جۆره‌كانی سزادانی سیاسیی له كوردستاندا؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵێ ئه‌مه جۆرێكه له سزادان له‌سه‌ر بیروبۆچونی سیاسیی، ئێمه وه‌كو مه‌بده‌ئی دژی ئه‌وه‌ین هیچ كه‌سێك له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕی سیاسیی له دایره‌كانی حكومه‌تدا سزابدرێت، چونكه حكومه‌ت به ته‌نیا موڵكی یه‌ك حیزب نییه، موڵكی یه‌ك لایه‌ن نییه، موڵكی یه‌ك كه‌س نییه، به‌ڵكو حكومه‌ت هی هه‌مو میلله‌ته‌كه‌مانه، به پاره‌ی هه‌مو میلله‌ته‌كه‌مان به‌ڕێوه ده‌چێت بۆ خزمه‌تی هه‌مو میلله‌ته‌كه‌مانه، له‌به‌رئه‌وه پێویسته حكومه‌ت جێگه‌ی هه‌مو كه‌سێكی تێداببێته‌وه سه‌ره‌ڕای جیاوازی بیر‌و بۆچونه‌كانیان به‌و شه‌رته‌ی له قانون نه‌چوبێته ده‌ره‌وه.
KNN: پرسیارێكی دیكه ئه‌وه‌یه، ئێوه وه‌ك لیستی گۆڕان له‌ناو په‌رله‌ماندا ده‌توانن چی بكه‌ن، یان چی بگۆڕن له سیستمی حوكمڕانیدا؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه وه‌ختی خۆی كه به‌شداریمان كردوه له هه‌ڵبژاردندا له‌سه‌ر بنه‌مای مونافه‌سه‌ی سیاسیی به‌شداریمان كردوه له‌سه‌ر بنچنه‌ی دوژمانه‌یه‌تی سیاسیی به‌شداریمان نه‌كردوه ئێمه خۆمان به مونافیس ده‌زانین، خۆمان به دوژمن نازانین، به‌ڵام ئه‌وان به چاوی دوژمن ته‌ماشای ئێمه ده‌كه‌ن. له رێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه ئێمه كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌مان ئاماده‌كردوه كه وه‌ختی خۆی له رێگه‌ی پهیامهكانماندا به خه‌ڵكمان راگه‌یاندوه هه‌ر بۆ نمونه له ماوه‌ی رابردودا دو پرۆژه یاسای گرنگیان پێشكه‌ش به په‌رله‌مان كردوه كه یه‌كێكیان په‌یوه‌ندی به بێلایه‌نكردنی هێزه چه‌كداره‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه، واتا قه‌ده‌غه‌كردنی كاری حیزبایه‌تی، رێكخستنی حیزبایه‌تی له‌ناو هێزه‌كانی ئاسایش‌و پێشمه‌رگه‌و پۆلیسدا، ئه‌وه‌ی دیكه‌شیان رێكخستنی یارمه‌تی دارایی بۆ هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدارو هه‌مو حیزب‌و قه‌واره سیاسییه‌كانی دیكه له هه‌رێمی كوردستاندا بۆ ئه‌وه‌ی جۆرێك له رۆشنی بخرێته ناو بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، له‌سه‌ر ئه‌مه به‌رده‌وامده‌بن به‌رده‌وام ئه‌مانه پێشكهشدهكرێن، بێگومان فراكسیۆنه‌كه‌ی ئێمه له په‌رله‌ماندا زۆرایهتییهكی ئه‌وتۆی نییه كه بتوانێت به ده‌نگدان ئه‌و پرۆژانه جێبه‌جێبكات، ئه‌و پرۆژانه هه‌موی له خزمه‌تی خه‌ڵكدایه، له قازانجی میلله‌ته‌كه‌مانه، بۆ پێشكه‌وتنی وڵاته‌كه‌مانه، بۆ ئه‌وه‌یه كه عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی له وڵاته‌كه‌ماندا جێگیرببێت، بۆ ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵك له‌م وڵاته‌دا هه‌ست به‌وه بكات كه خاوه‌نی وڵاته‌كه‌ی خۆیه‌تی، هه‌ست به‌وه بكات كه هاوڵاتییه‌كی راسته‌قینه‌یه‌و خاوه‌ن ئهركو مافه له‌م وڵاته. له‌به‌رئه‌وه من ئومێدموایه كه هه‌مو ئه‌و شته باشانه‌ی له‌لایه‌ن فراكسیۆنی گۆڕانه‌وه ده‌خرێته به‌رده‌م ئه‌وانه‌ی دیكه كه به چاكیانزانی دژایه‌تی نه‌كه‌ن، نه‌ك دژایه‌تی نه‌كه‌ن، به‌ڵكو پشتیوانی بكه‌ن، له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا هه‌رچی پرۆژه‌یاسایه‌ك یاخود هه‌رچی به‌رنامه‌یه‌ك كه لیسته‌كانی دیكه هه‌یانبێت وه له په‌رله‌ماندا بیهێننه پێشه‌وه كه خێر‌و خۆشی میللهتهمانی تێدابێت بێگومان له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌كه‌ی ئێمه‌و له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌كه‌ی دیكه‌شه‌وه پشتیوانی لێده‌كرێت له‌به‌رئه‌وه له‌و رێگه‌یه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی قابیلی جێبه‌جێكردن بێت جێبه‌جێی بكه‌ین.
KNN: به‌ڵام هه‌ستناكه‌یت كه سه‌ره‌تاكان دڵخۆشكه‌رنین، به‌و پێیه‌ی كه پرۆژه‌كانی ئێوه هه‌رچه‌نده له به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكیش بێت، دواجار زۆرینه ره‌تیده‌كاته‌وه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵێ تائێستا وایه، من ئومێدموایه كه وانه‌بێت وه‌كو باسمكرد ئێمه له‌سه‌ر بنه‌مای مونافه‌سه‌ی سیاسیی چوینه‌ته ناوه‌وه، به‌ڵام تائێستا ئه‌وان وه‌كو دوژمن ته‌ماشای ئێمه ده‌كه‌ن هه‌رچی كه‌سێك گومانی لێبكه‌ن كه له دائیره‌كانی حكومه‌ت ده‌نگی به ئێمه داوه یان پشیوانی له ئێمه ده‌كات هه‌وڵده‌ده‌ن كه ته‌سفیه‌ی بكه‌ن، كه ته‌سفیه‌كردنی سیاسیی لایه‌نگره‌كانی ئێمه‌یه له‌ناو داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و له‌ناو داموده‌زگای پێشمه‌رگه‌و پۆلیس‌و ئاسایش، به‌ڕاستی ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌و ئه‌مه كارێكی زۆر خراپه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، ئه‌وان به‌رده‌وام بوختان‌و درۆ بۆ ئێمه هه‌ڵده‌به‌ستن، جارێك پێمان ده‌ڵێن ئه‌مانه ئینقیلابچین، جارێك پێمان ده‌ڵێن ئه‌مانه ده‌ستی به‌غدایان له پشته، جارێك ده‌ڵێن ئه‌مانه له‌گه‌ڵ موخابه‌راتی سوریا دانیشتون كه له راستیدا ئه‌مه هه‌موی بوختانه بۆ چه‌واشه‌كردنی بیروڕای گشتیی، ئێمه ئومێدمانوایه كه ئه‌وان به چاوی مونافیسی سیاسیی ته‌ماشای فراكسیۆنی گۆڕان‌و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بكه‌ن، نه‌ك به چاوی دوژمنێكی سیاسیی.
KNN: باشه ئێوه پرۆژه‌كانی خۆتان ته‌نیا له رێگه‌ی فراكسیۆنه‌كه‌تان له په‌رله‌ماندا به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن، یان میكانیزمی دیكه‌تان هه‌یه بۆ خستنه‌ڕوی پرۆژه‌كانتان؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه له قۆناغی داهاتودا هه‌وڵده‌ده‌ین كه جۆرێك له نه‌ریتی سیاسیی له كوردستاندا بهێنینهكایهوه كه ئه‌ویش گرێدانی هه‌وڵدانی فراكسیۆنی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ راگه‌یاندن هه‌وڵدانی ناو راگه‌یاندن ناو میدیای ئازاد له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی سه‌ر شه‌قامی كوردی واتا هه‌وڵده‌ده‌ین شهقامو میدیا‌و په‌رله‌مان پێكه‌وه گرێبدهینو به‌یه‌كه‌وه بتوانن فشارێكی سیاسیی وه‌ها دروستبكه‌ن هه‌ندێك له‌و به‌رنامانه جێبه‌جێبكرێت.
KNN: واتا ده‌تانه‌وێت ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت شه‌ڕی دیموكراسی یان شه‌ڕی په‌رله‌مانی ئه‌و شه‌ڕه بگوازنه‌وه بۆ شهقامو بۆ ناو میدیاش؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: من ئومێدموایه وشه‌ی شه‌ڕ به‌كارنه‌هێنین جۆرێكه له ململانێ‌و زۆرانبازی.
KNN: پرسیارێكی دیكه كه ئاراسته‌تان كراوه له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌وه كه پرسیاریان ناردوه بۆ تۆ له‌ڕێی ئیمهیلی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ی كه‌ناڵی (كه‌ی. ئێن. ئێن)ه‌وه ئه‌وه‌یه كه له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك نوێنه‌ره‌كانتان ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق؟ ئێوه له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك كاندیده‌كانتان ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه پێمانوایه هه‌ڵبژاردنی كاندید بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی وردبینییه‌كی زۆر زیاتری ده‌وێت له‌وه‌ی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان كراوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی په‌رله‌مانێكی تێكهڵو پێكه‌ڵه، كه‌سانێكی تێدایه كه دۆستی كوردن پشتیوانی له مافه‌كانی گه‌لی كورد ده‌كه‌ن له‌هه‌مانكاتدا كهسو كیتله‌ی وه‌های تێدابێت كه حه‌زیان له‌وه نییه كورد به مافه‌كانی خۆی بگات ره‌نگه دژی زۆر له به‌رنامه‌كانی كورد بوه‌ستنه‌وه له‌به‌رئه‌وه هه‌ڵبژاردنی پاڵێوراوه‌كان بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق وردبینییه‌كی وه‌های ده‌وێت له‌پێش هه‌مو شتێكه‌وه ده‌بێت به به‌باشی شاره‌زایی زمانی عه‌ره‌بی بێت، ده‌بێت مرۆڤێكی ئازا‌و بوێربێت، ده‌بێت خاوه‌نی رابردویهكی پاكبێت، ده‌بێت له بوارێكی دیاریكراودا شاره‌زاییه‌كی باشی هه‌بێت، ده‌بێت له‌و كه‌سانه‌بێت كه سوره له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی میلله‌تی كورد له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی دیموكراسی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی فیدرالیزم، واتا پابه‌ندبێت به مافه‌كانی گه‌لی كورده‌وه له‌هه‌مانكاتدا بتوانێت زۆر به ئازایانه‌و زۆر به مه‌نتق‌و به‌پێی یاسا به‌رگریی له مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی میلله‌ته‌كه‌مان بكات له‌ناو په‌رله‌ماندا.
KNN: به‌شی دوه‌می پرسیاره‌كه باس له‌وه ده‌كات، ئێوه بۆ دیاریكردنی كاندیده‌كانتان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان زۆر وردنهبون به‌تایبه‌تی له عادالهتی له‌به‌رچاوگرتنی ناوچه جیاوازه‌كان؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ره‌نگه له هه‌ندێك ناوچه‌ی بچوكدا ئه‌وه رویدابێت، به‌ڵام ئه‌و بیست‌و پێنج كه‌سه‌ی كه چونه‌ته ناو په‌رله‌مانه‌وه پێموایه نوێنه‌رایه‌تی به‌شی زۆری هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، ره‌نگه ئه‌و ناعه‌داله‌تییه كه رویداوه هۆكاره‌كه‌ی به پله‌ی یه‌كه‌م بگه‌ڕێته‌وه بۆ یاسای هه‌ڵبژاردن له كوردستاندا كه كوردستانی كردوه به یهكبازنه، وه له‌هه‌مانكاتدا كردوشیهتی به لیستی داخراو، ره‌نگه ئه‌گه‌ر ئێمه له پاشه‌ڕۆژدا له ئاینده‌دا بتوانین به هاوكاری له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانی دیكه‌ی ناو په‌رله‌مان گۆڕانكارییه‌ك له یاسای هه‌ڵبژاردندا جێبه‌جێبكه‌ین به قازانجی ئه‌وه‌ی كه كوردستان چه‌ند بازنه‌یه‌ك بێت یان لیسته‌كه لیستێكی كراوه‌بێت، ره‌نگه ئه‌و كاته بتوانین زۆرتر عه‌داله‌ت له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا جێبه‌جێبكه‌ین. ناوچه‌ی وه‌ها هه‌یه ئێمه نازانین چه‌ند ده‌نگ ده‌هێنین هه‌تاوه‌كو بزانین چه‌ند كه‌سی بۆ دابنێین، به‌ڵام ره‌نگه بۆ هه‌ڵبژاردنێكی دیكه ئێستا به‌رچاومان رۆشنه‌و له هه‌ڵبژادنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا باشتر ده‌زانین له چ ناوچه‌یه‌كدا نفوزی ئێمه‌ی تێدا به‌هێزتره له چاو چ ناوچه‌یه‌كی دیكه‌دا، له‌هه‌مانكاتیشدا پێموایه هه‌مو ئه‌وانه‌ی چونه‌ته ناو په‌رله‌مانه‌وه خه‌ڵكی شایسته‌و لێوهشاوهنو ده‌توانن نوێنه‌رایه‌تی نه‌ك هه‌ر ناوچه‌كه‌ی خۆیان، به‌ڵكو نوێنه‌رایه‌تی هه‌مو هه‌رێمی كوردستان‌و خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ن.
KNN: باشه، به‌شێكیشی په‌یوه‌ندی به كاری سیستماتیزهكراوهوه نییه، به‌و پێیه‌ی كه ئێوه بیرتان له‌وه نه‌كردوه‌ته‌وه كه له‌م هه‌ڵبژاردنانه ده‌زگایه‌ك یاخود ئۆرگانێكتان هه‌بێت ئه‌م شتانه رێكبخات؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵێ له هه‌ڵبژاردنی پێشودا ئێمه نه حیزببوین، نه داموده‌زگایه‌كی وه‌هامان هه‌بو كه بتوانین به‌شێوه‌یه‌كی رێكخراو بچینه ناو هه‌ڵبژاردنه‌كه‌وه، ئێستا ئێمه چه‌ند ده‌رسێكمان له هه‌ڵبژاردنی رابردو وه‌رگرتوه، هه‌وڵده‌ده‌ین له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی عێراقدا سود له‌و ده‌رسانه وه‌ربگرین، یه‌كێك له‌وانه ئێمه پێشتر ده‌زگایه‌ك یان دامه‌زراوه‌یه‌كمان نه‌بو به ناوی دامه‌زراوه‌ی هه‌ڵبژاردن، ئه‌مجاره ئێمه دامه‌زراوه‌یه‌كمان پێكهێناوه له سلێمانی‌و له هه‌ولێرو له كه‌ركوك به‌ناوی دامه‌زراوه‌ی هه‌ڵبژرادنی گۆڕان كه ئه‌وان لایه‌نی تهكنیكیو یاسایی پرۆسه‌كه ده‌گرنه ئه‌ستۆی خۆیان، ره‌نگه به‌و هۆیه‌وه ئه‌ركی سه‌رشانی ئێمه زۆر ئاسانتر بێت له‌چاو جاری پێش‌و به‌تایبه‌تی ئێوه خۆتان ئاگادارن‌و ده‌زانن جاری پێش‌و ئێمه كه چوینه هه‌ڵبژاردنه‌وه هه‌تا ئه‌و كاته‌ی كه لیست دروستكراوه ئێمه له هیچ جیگه‌یه‌ك باره‌گامان نه‌بوه له هیچ جێگه‌یه‌ك نوێنه‌رمان نه‌بوه له هیچ جێگه‌یه‌ك لیژنه‌و كۆمیته‌و داموده‌زگامان نه‌بوه، خه‌ڵك پشتیوانی لێكردین‌و بزوتنه‌وه‌یه‌كی خۆإسكی جه‌ماوه‌ری بوه بزوتنه‌وه‌یه‌كی عه‌فه‌وی بو كه پشتیوانیان له به‌رنامه‌كه‌ی ئێمه‌كرد له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین خۆمان رێكبخه‌ین سه‌ره‌تایی رێكخستنهكهشمان به‌وه ده‌ستیپێكردوه كه ده‌زگایه‌كی یان دامه‌زراوه‌یه‌كی پرۆفیشناڵمان بۆ كاروباری هه‌ڵبژاردن دروستكردوه.
KNN: پرسیارێكی دیكه كه بۆ ئێوه هاتوه ئه‌وه‌یه كه بیرتان له‌وه نه‌كردوه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی باڵای پارته سیاسییه‌كانی كوردستان دابنیشن‌و گفتوگۆ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه ستراتیژی كاری سیاسیی خۆتانی بۆ رونبكه‌نه‌وه تۆ له دیداریی پێشودا وتت: "ئێمه هێزێكین به ته‌نیشت ئه‌وانه‌وه‌و به‌دیلی ئه‌وان نین"، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه كه ئێوه بیرتان له گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ ئه‌وان نه‌كردوه‌ته‌وه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵێ بیرمان لێكردوه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌تاكو ئێستا ئه‌وان هه‌ڵوێستیان وه‌كو باسمكرد هه‌ڵوێستێكی دوژمنانه‌یه، هه‌تا ئێستا به‌رده‌وامن له‌سه‌ر نانبڕینی خه‌ڵك تائێستا به‌رده‌وامن له‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كردن له خه‌ڵك تائێستا به‌رده‌وامن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه سزای سیاسیی خه‌ڵك بده‌ن له‌هه‌مانكاتدا به‌رده‌وامن له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی ناڕاست دژی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ی ئێمه هه‌ر وه‌ختێك ئه‌وان هه‌ڵوێستیان لفه‌و مه‌سه‌لانه گۆڕا ئێمه له‌م وڵاته‌دا ده‌ژین له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانیشدا گفتوگۆ ده‌كه‌ین‌و قسهدهكهینو هه‌وڵده‌ده‌ین زمانێكی هاوبه‌ش بدۆزینه‌وه.
KNN: واتا هه‌ڵوێستی ئێوه په‌یوه‌سته به سیاسه‌ته‌كانی ئه‌وانه‌وه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵێ به‌نده به هه‌ڵوێستی ئه‌وانه‌وه به‌رامبه‌ر به ئێمه ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستیان له ئێمه هه‌ڵوێستی گفتوگۆكردن‌و زمانی هاوبهشو له‌یه‌كگه‌یشتن بێت بێگومان ئێمه ئه‌و رێگه‌یه‌مان پێ په‌سه‌نده، خۆ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر دوژمنایه‌تی به‌رده‌وامبن ئه‌وان چاوه‌ڕێی ئێمه نه‌كه‌ن ئێمه هه‌رچییه‌كیان كرد باشیانكردو خراپیانكرد ئێمه له په‌رله‌مان یان له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌ماندا چه‌پڵه‌یان بۆ لێبدهینو ده‌ستخۆشیان لێبكه‌ین، بێگومان ئه‌گه‌ر شتی خراپیانكرد ده‌چینه‌وه به گژیاندا، به رێگه‌ی دیموكراتیی.
KNN: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چی به‌سه‌ر دێت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وه پرسیارێكی زۆر به جێیه، له‌لایه‌ن زۆر زۆر خه‌ڵكیشه‌وه ئه‌و پرسیاره‌مان لێده‌كرێت، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌كو قه‌واره‌یه‌كی سیاسیی له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه جارێك په‌سه‌ندكراوه ئه‌مجاره‌ش په‌سه‌ندكردنه‌كه‌ی تازه‌كراوه‌ته‌وه، ئێمه بۆمان هه‌یه له روی یاساییه‌وه وه‌كو قه‌واره‌یه‌كی سیاسیی كاربكه‌ین، وه‌كو قه‌واره‌یه‌كی سیاسیی له چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتودا خۆمان رێكده‌خه‌ین، هه‌وڵده‌ده‌ین چه‌ندین رایه‌ڵه‌و تۆڕی جیاجیا بۆ په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ چین‌و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ناو كۆمه‌ڵی كوردهواری كوردستانی عێراق‌و ره‌وه‌ندی كوردی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات دروستبكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره وه‌كو قه‌واره‌یه‌كی وه‌كو هێزێكی سیاسیی رێكخراو بچینه ناو ململانێی هه‌ڵبژاردنه‌وه.
KNN: به‌شی دوه‌می پرسیاره‌كه ده‌ڵێت ده‌بنه فۆڕمی پارتێكی سیاسیی دیاریكراو؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه به هیچ جۆرێك ئه‌زمونی حیزبه ستالینییه‌كان دوباره ناكه‌ینه‌وه حیزبی هه‌ره‌می دروستناكهینو به نیازنین لاسایی ئه‌و حیزبه ته‌قلیدیانه بكه‌ینه‌وه كه له كوردستاندا حیزبایهتیانكردوه به سه‌رچاوه‌ی ژیان بۆ موچه‌خۆرو كردویانه به ئامرازێك بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ناچاربكه‌ن لهگهڵیاندابێت له كوردستاندا حیزبه سیاسییه‌كان ئێستا له‌م زه‌مانه‌دا ته‌جنیدی ئیجباری عه‌سكه‌ری نه‌ماوه جاران هه‌رچی ته‌مه‌نی بگه‌یشتایه‌ته (18) ساڵ ناچاربو ببێته سه‌رباز، ئێستا له جیاتی ته‌جنیدی ئیجباری عه‌سكه‌ری، ته‌جنیدی ئیجباری سیاسیی هه‌یه. ئێمه دژی ئه‌و سهرهتایهینو پێمانوایه سه‌رده‌می حیزبه ستالینییه‌كان به‌سه‌رچوه. ئه‌و سه‌رده‌مه به‌سه‌رچوه كه تۆ هه‌وڵبده‌یت له‌سه‌ر شێوه‌ی سوپایه‌ك حیزبێكی سیاسیی دروستبكه‌یت له هه‌مو كون‌و قوژبن‌و كۆڵانێكدا باره‌گات هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی كۆنتڕۆڵی كۆمه‌ڵگه بكهیو له‌و رێگه‌یه‌وه له‌شكرێك له موچه‌خۆری بێئیش له‌ناو باره‌گاكانی خۆتدا كۆبكه‌یته‌وه ئێمه ئه‌و ئه‌زمونه دوباره ناكه‌ینه‌وه، ئێمه ئومێدمانوایه كه ئه‌زمونێكی تازه بهێنینهناو كوردستانی عێراقه‌وه كه ببێت به جێگه‌ی په‌سه‌ندكردنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، خه‌ڵك كاری سیاسیش بكات‌و له‌هه‌مانكاتدا پیشه‌ی تایبه‌تی خۆیشی هه‌بێت سه‌رچاوه‌ی ژیانی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت.
KNN: به‌شێكی دیكه‌ی پرسیاره‌كه باس له په‌یوه‌ندی نێوان ئێوه‌و یه‌كێتی ده‌كات، به‌وه‌ی كه ئێوه جیاده‌بنه‌وه له یه‌كێتی یان جیانابنه‌وه، یان به‌شێكن له یه‌كێتی، یان به‌شێك نین له یه‌كێتی؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه له یه‌كێتی جیانهبوینهتهوه، به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌و كه‌سانه‌ی له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا كۆبونه‌ته‌وه ئه‌سڵه‌ن یه‌كێتی نه‌بون، ئه‌گه‌ر له یه‌كێتیش بون له یه‌كێتی هاتونه‌ته ده‌ره‌وه ئه‌وه موشكیله‌ی خۆیانه ئێمه خۆمان به مونشهقو به جیابوه‌وه نازانین بزوتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی فراوان كه پایه‌گایه‌كی فراوانی هه‌یه له كوردستاندا، خه‌ڵكی تێدایه كه كاتی خۆی كادیربوه له‌ناو ریزه‌كانی یه‌كێتیدا یان ئهندامبوه له‌ناو ریزه‌كانی یه‌كێتیدا، به‌ڵام ئێستا هاتوه‌ته ده‌ره‌وه هه‌روه‌ها له‌ناو حیزبهكاتی دیكه‌ش خه‌ڵك هه‌بون هاتونه‌ته ده‌ره‌وه، به‌ڵام به‌شی زۆری هێزه‌كه‌ی ئێمه كه لێمانكۆبوهتهوه له‌و كه‌سانه‌ن كه پێشتر یان له هیچ حیزبێكدا نه‌بوه، یان بێلایه‌ن بوه، یان تازه هاتوه‌ته ناو ریزی جوڵانهكهوه له‌به‌رئه‌وه یه‌كێتیمان بۆ خاوه‌نه‌كانی خۆی به‌جێهێشتوه.
KNN: دوابه‌شی پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه: دواجار پێویستییه‌كی حه‌تمی نییه ئێوه له چوارچێوه‌ی په‌یكه‌رێكدا خۆتان رێكبخه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پهرشو بڵاونه‌بێت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: من باسمكرد، وتم ئێمه وه‌كو قه‌واره‌یه‌كی سیاسیی حه‌قی كاركردنمان هه‌یه‌و خۆمان رێكدهخهینو به‌م نزیكانه له شاره سه‌ره‌كییه‌كانی كوردستانی عێراقدا باره‌گا ده‌كه‌ینه‌وه‌و ده‌ستده‌كه‌ین به كاری رێكخستنی خۆمان، له رێگه‌ی كۆمه‌ڵێك له شه‌به‌كه‌ی په‌یوه‌ندییه‌وه.
KNN: پرسیارێكی دیكه ئه‌وه‌یه، بۆچی نه‌وشیروان مسته‌فا كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران زیندوناكاتهوه له‌بری ئه‌وه‌ی به‌دیلێكی دیكه دابنێت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: وابزانم هه‌ر قۆناغێك‌و هه‌ر سه‌رده‌مێك پێویستی به شێوه‌یه‌كی دیاریكراوی رێكخراوه‌یی هه‌یه، پێموایه كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان له قۆناغی خۆیدا ده‌ورێكی گرنگ‌و سهرهكییو كاریگه‌ریی له مێژوی میلله‌ته‌كه‌ماندا بینی ئه‌و قۆناغه تێپه‌ڕی ئێستا قۆناغێكی تازه‌یه، پێویستیمان به فۆإمێكی نوێ به ناوه‌رۆكێكی نوێ، به به‌رنامه‌یه‌كی نوێ، به سه‌ركردایه‌تییه‌كی نوێ، به شێوه‌یه‌كی ئیشكردنی نوێ هه‌یه، من ئومێدموایه، ئه‌و كه‌لێنه‌ی كه ئێستا له كوردستانی عێراقدا هه‌یه‌و زۆر له دڵسۆزهكانو له‌و ئه‌ندامه كۆنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه كۆمه‌ڵه زیندوبكرێته‌وه، من پێموایه ئه‌و قۆناغه به سه‌ربه‌رزییه‌وه ئه‌ركه‌كانی خۆی به‌جێهێناوه، ئێستا قۆناغێكی تازه‌یه‌و ئه‌ركی تازه‌مان له ئه‌ستۆدایه.
KNN: به‌شێكی زۆر له‌و پرسیارانه‌ی نێردراون بۆ ئه‌م به‌رنامه‌و دیداره‌یه په‌یوه‌ستن به مه‌سه‌له‌ی نانبڕین‌و ئه‌و سزا سیاسییه‌ی كه تۆ باستكرد، تۆ خۆت په‌یامت چییه بۆ ئه‌و نانبڕاوانه، یان ئه‌وانه‌ی كه له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌كه‌ی ئێوه سزایه‌كی سیاسیی دراون كه ده‌توانرێت بوترێت مۆدێلێكی تازه‌ی سزادانه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی كه هه‌مانبوه به‌رنامه‌ی گۆڕان بوه، به‌رنامه‌ی گۆڕانێكی سیاسیی بنه‌ڕه‌تی بوه له كۆمه‌ڵی كورده‌وارییدا، ئێمه به‌ڵێنمان به میللهتهكهمانداوه كه ئیشبكهین بۆ ئه‌وه‌ی سیستمی حوكمڕانی له كوردستانی عێراقدا بگۆڕین، ئیشبكهین بۆ ئه‌وه‌ی شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات بگۆڕین، ئیشبكهین بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌دائی حكومه‌ت بگۆڕین، ئیشبكهین بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌دائی په‌رله‌مان بگۆڕین، ئیشبكهین بۆ ئه‌وه‌ی كه وڵاته‌كه‌مان له قۆناغێكه‌وه بچێته قۆناغێكی خۆشترو باشتر‌و پێشكه‌وتوتر له‌وه هه‌مو گۆڕانێك له دنیادا نرخی خۆی هه‌یه هه‌مو ههوڵو تێكۆشانێك باجی خۆی هه‌یه، پێموایه ئه‌و سزا سیاسییه‌ی كه ئێستا ده‌سه‌ڵاتداران ده‌یسه‌پێنن به‌سه‌ر چاكهكانو به‌سه‌ر لایه‌نگره‌كانی ئێمه‌دا، له راستیدا ئه‌وه به‌شێكه له‌و نرخه‌ی كه تێكۆشه‌ره‌كانی میلله‌ته‌كه‌ی ئێمه ئه‌مڕۆ له نرخی گۆڕینی سیستمی سیاسیی، سیستمی ئابوری‌و سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌یده‌ن وه من به شانازییه‌وه باسی ئه‌وه ده‌كه‌م چالاكه‌كانی میلله‌ته‌كه‌مان به‌رگه‌ی ئهوهیانگرتوهو خۆڕاگرییه‌كی بێوێنه‌یان پێشانداوه كه ئاماده‌نه‌بون له‌پێناوی موچه‌یه‌كی بچوكدا ته‌نازول له بیروباوه‌ڕی سیاسیی‌و له مه‌بده‌ئی خۆیان بكه‌ن، بێگومان ئه‌م عه‌قڵییه‌ته‌ی كه ئێستا عه‌قڵییه‌تی سزادانی سیاسییه، ئه‌مه پاشه‌ڕۆژی نییه، ئێستاشی نییه، نه‌ك ئاینده، ئه‌مه وه‌كو پهلهقاژهوایه پێشموایه ئه‌م پهلهقاژهیهش داده‌مركێته‌وه چ زو بێت چ دره‌نگ بێت.
KNN: ده‌ته‌وێت بڵێی ئه‌و ئامانجه‌ی كه له‌پشت سزای سیاسییه‌وه‌یه كه ترساندنی لایه‌نگرانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه سه‌رناگرێت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: بێگومان سه‌رناگرێت، سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌م بزوتنه‌وه‌یه كۆبوه‌ته‌وه نانبڕینی چه‌ند هه‌زار كه‌سێك ناتوانێت میلله‌تێك چاوترسێن بكات. میلله‌ته‌كه‌ی ئێمه گۆڕینی ده‌وێت، له‌به‌رئه‌وه به سزادانی چه‌ند هه‌زار كه‌سێك میلله‌ت چاوترسێن نابێت، ئێمه له سه‌رده‌مێكدا هه‌فته‌ی وا هه‌بوه سه‌دان كه‌سیان لێ ئیعدامكردوینو ههڵیانواسیوهو لهسێدارهیانداوه له‌سه‌ر جاده‌ی شاره‌كان خه‌ڵكیان به ریز گولله‌باران كردوه میلله‌ته‌كه‌مان چاوترساو نه‌بوه ئێستا به نانبڕین‌و به ده‌ركردن‌و به‌وانه چۆن چاوترسێن ده‌بێت.
KNN: واتا ئه‌و بۆچونه‌ی كه پێیوایه، ئه‌ماره‌ی كه گۆڕان هات مۆدێلێكبو، به‌ڵام ئه‌مجاره كه دێت ره‌نگه به‌م حه‌ماسه‌وه نهبێتو له‌لایه‌ن تۆوه ره‌تده‌كرێته‌وه یان راتچییه؟
من پێموایه هه‌ڵبژاردنی داهاتو ئێمه سه‌ركه‌وتنی سیاسیی گه‌وره‌تر به‌ده‌ست ده‌هێنین، پێموایه گه‌له‌كه‌مان په‌شیمان نه‌بوه‌ته‌وه له‌وه‌ی كه ده‌نگی به ئێمه‌داوه، به‌پێچه‌وانه‌وه به‌شێك له‌وانه‌ی كه ده‌نگیان به ئێمه نه‌داوه پاش ئه‌وه‌ی كه ئه‌و روداوانه‌ی كوردستانی عێراقیان بینیوه ئێمه لایه‌نگرمان زۆرتربوه، ده‌یشیبینین ئه‌وه له‌به‌رده‌مماندایه.
بۆ ئه‌ڵقه‌كانی داهاتو، پرسیاره‌كانتان له‌ڕێی ئه‌م ئیمه‌یله‌وه ده‌گاته به‌رنامه‌ی روبه‌ڕو
[email protected]