Print
 فراكسیۆنی‌ گۆڕان "چه‌له‌حانێچی‌‌و فه‌وزه‌وی‌"ین یان ئۆپۆزسیۆنێكی‌ كارا؟
Wednesday, October 14, 2009

ئاماده‌كردنی‌: رۆژنامه‌
ئه‌ندامانی‌ فراكسیۆنی‌ گۆران ره‌خنه‌ له‌فراكسیۆنی‌ زۆرینه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ و ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانی‌ ده‌سه‌لاَت ده‌گرن كه‌ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن گوتاری‌ فراكسیۆنی‌ گۆران خه‌ریكی‌ "چه‌له‌حانێ‌و دروستكردنی‌ بارودۆخی‌ فه‌وزه‌وین"و پێیان وایه‌ ئه‌و ره‌خنانه‌ی‌ له‌فراكسیۆنی‌ گۆران ده‌گیرێت له‌روه‌وه‌ تۆمه‌تی‌ بێبنه‌مان.
به‌هۆی‌ نه‌بونی‌ دیارده‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ماوه‌ی‌ 18ساڵی‌ رابردودا و ده‌ركه‌وتنی‌ هێزێكی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ كاریگه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 25ی‌ ته‌موزی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كه‌ ئێستا خاوه‌نی‌ نزیكه‌ی‌ 35كورسیه‌، له‌ماوه‌ی‌ رابردودا جۆرێك له‌ گرژی‌ و گوتاری‌ توند له‌نێوان ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌لاَت له‌كوردستان سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و به‌لای‌ هه‌ندێك له‌چاودێرانه‌وه‌ له‌م سه‌ره‌تایه‌وه‌ قورسه‌ ده‌سه‌لاَت ته‌قه‌بولی‌ ئۆپۆزسیۆن بكات.

د.جه‌عفه‌ر عه‌لی‌ ، بڕیارده‌ری‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، ده‌رباره‌ی‌ چالاكی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مان بۆ رۆژنامه‌ باسی‌ له‌وه‌كرد، له‌ ته‌واوی‌ كاره‌كانی‌ په‌رله‌ماندا تائێستا كاری‌ هێنده‌ جدی‌‌و بنچینه‌یی‌‌و بنه‌ڕه‌تی‌ نه‌هاتوه‌ته‌ پێش تاوه‌كو بۆچونی‌ له‌سه‌ر ده‌رببڕین‌و داكۆكی‌ له‌ بۆچونه‌كان بكه‌ین، ئه‌وه‌ی‌ تائێستا هه‌بوه‌ دابه‌شكردنی‌ په‌رله‌مانتاران بوه‌ به‌سه‌ر لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی‌ په‌رله‌ماندا، له‌و مه‌سه‌له‌یه‌شدا فراكسیۆنی‌ گۆڕان به‌ له‌به‌رچاوگرتنی‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ گشتی‌ خه‌ڵك، رۆڵی‌ خۆی‌ بینیوه‌، وه‌ك له‌ له‌ كاتی‌ ناونانی‌ لیژنه‌ی‌ ناوخۆدا، فراكسیۆنی‌ گۆڕان جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ وشه‌ی‌ ئاسایش بۆ ئه‌و لیژنه‌یه‌ زیاد بكرێت‌و ببێته‌ لیژنه‌ی‌ ئاسایش‌و كاروباری‌ ناوخۆ، چونكه‌ تائێستا په‌رله‌مان نه‌یتوانیوه‌ چاودێربێت به‌سه‌ر ده‌زگاكانی‌ ئاسایشه‌وه‌‌و بۆ له‌مه‌ودوا ده‌توانێت چاودێرییان بكات‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ به‌ڕێوه‌چونی‌ كاره‌كانیاندا بكات.

هه‌رچه‌نده‌ باس له‌ ئازادی‌‌و دیموكراسی‌ ده‌كرێت، به‌ڵام تائێستا له‌ كوردستان قبوڵكردنی‌ ئۆپۆزسیۆن كارێكی‌ قورسه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ نوێشدا كه‌ تائێستا په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ په‌رله‌مان هه‌موارنه‌كراوه‌ته‌وه‌، دژایه‌تی‌  ئه‌و فراكسیۆنانه‌ ده‌كرێت كه‌ بونه‌ته‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ په‌رله‌مان‌و كار بۆ سڕینه‌وه‌ی‌ چاكییه‌كانیان ده‌كرێت.
له‌سه‌ر ناونانی‌ لیژنه‌ی‌ كاروباری‌ پێشمه‌رگه‌ش، ئه‌ندامانی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان وتیان، پێویسته‌ بكرێته‌ لیژنه‌ی‌ پاسه‌وانی‌ هه‌رێم (پێشمه‌رگه‌)، كه‌چی‌ فراكسیۆنی‌ كوردستانی‌ له‌سه‌ر گۆڕانیان كرد به‌ موزایه‌داتی‌ سیاسی‌‌و گوایه‌ گۆڕان دژی‌ وشه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌‌و ده‌یانه‌وێت پیرۆزی‌ ئه‌و وشه‌یه‌ نه‌هێڵن، له‌ كاتێكدا به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ گۆڕان داوای‌ كرد بۆ پاراستن‌و هێشتنه‌وه‌ی‌ هه‌یبه‌ت‌و پیرۆزی‌ وشه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ بو، چونكه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ شاخ پێی‌ هه‌ڵده‌سا ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئێستادا له‌ شاردا پێیان ده‌كه‌ن.

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌پێی‌ وته‌ی‌ د.جه‌عفه‌ر "خۆیان له‌ ره‌شنوسی‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێمدا نوسیویانه‌ هێزه‌كانی‌ زێڕه‌ڤانی‌ (پێشمه‌رگه‌)، كه‌ وشه‌ی‌ زێڕه‌ڤانی‌، زاره‌وایه‌كی‌ پارتی‌ نه‌بێت هیچ مانایه‌كی‌ دیكه‌ی‌ نییه‌‌و پێشمه‌رگه‌شیان خستوه‌ته‌ كه‌وانه‌وه‌".
 له‌و ماوه‌ كه‌مه‌دا كه‌ په‌رله‌مانی‌ نوێ‌ ده‌ستبه‌كاربوه‌، فراكسیۆنی‌ گۆڕان چه‌ندین پڕۆژه‌یاسایان ئاماده‌كردوه‌‌و به‌شێكیان دراوه‌ته‌ په‌رله‌مان، وه‌ك پڕۆژه‌یاسای‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ سزای‌ سیاسی‌ له‌ كوردستان، له‌م باره‌یه‌وه‌ كاردۆ محه‌مه‌د، په‌رله‌مانتاری‌ گۆڕان باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ تائێستا له‌ كوردستان خه‌ڵك له‌سه‌ر بیر‌و بۆچون سزاده‌درێت، له‌ كاتێكدا ئه‌مه‌ مافێكی‌ سروشتی‌‌و ئاسایی‌ خه‌ڵكه‌ كه‌ سه‌ر به‌ چ لایه‌نه‌ێك ده‌بێت‌و ده‌نگ بۆ كێ‌ ده‌دات، هه‌ر بۆیه‌ پڕۆژه‌یاسایه‌كمان پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان كردوه‌ ده‌رباره‌ی‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ سزای‌ سیاسی‌ له‌ كوردستان.

هه‌روه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی‌ دیكه‌ش بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ رێكخستنی‌ سیاسی‌‌و حیزبی‌ له‌ناو هێزه‌چه‌كداره‌كاندا پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان كراوه‌ له‌لایه‌ن فراكسیۆنی‌ گۆڕانه‌وه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ د.جه‌عفه‌ر ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ له‌ ته‌واوی‌ دنیادا ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ وڵاتێك به‌ خۆی‌ بڵێت دیموكراسی‌‌و مه‌ده‌نی‌‌و دامه‌زراوه‌یی‌‌و هێزه‌چه‌كداره‌كانی‌ فه‌رمان له‌ حیزبه‌وه‌ وه‌ربگرن، له‌ دنیادا نمونه‌یه‌كی‌ دیكه‌ی‌ وه‌ك ئێره‌ نادۆزیته‌ی‌ كه‌ حیزب پۆلیس‌و پێشمه‌رگه‌‌و پاسه‌وانی‌ سنوری‌ هه‌بێت، جگه‌ له‌ كوردستان.

به‌ وته‌ی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ كه‌ وای‌ له‌ فراكیسۆنی‌ گۆڕان كردوه‌، ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ پێشكه‌ش بكات، ئه‌وه‌بوه‌ كه‌ هێزی‌ چه‌كدار به‌ ده‌ست حیزبه‌كانه‌وه‌یه‌ له‌كوردستان‌و خه‌ڵكی‌ هه‌رێم له‌ ئاسایشێكی‌ ئاساییدا ناژین، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و حاڵه‌ ترسناكانه‌ی‌ كه‌ ژیانی‌ هاوڵاتییانی‌ كوردستانی‌ خستوه‌ته‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی‌ جه‌نگه‌وه‌.
 له‌و پڕۆژه‌یاسایانه‌ی‌ كه‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان كاریان له‌سه‌ر ده‌كات، پڕۆژه‌یاسای‌ دیاریكردنی‌ بودجه‌ی‌ حیزبه‌كانه‌، په‌رله‌مانتارانی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان رونیانكرده‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك پرسیاریان هه‌یه‌‌و ئێمه‌ش وه‌ك په‌رله‌مانتاران پرسیارمان هه‌یه‌، بودجه‌ی‌ ئه‌و حیزبانه‌ به‌ كام یاسا دیاریكراوه‌ كه‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ زیاتر له‌ 30ملیۆن دۆلار له‌ بودجه‌ی‌ گشتیی‌ هه‌رێم بۆخۆیان لابده‌ن، كێ‌ ئه‌م شه‌رعییه‌ته‌ی‌ پێداون، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ دیاری‌ بكرێت كه‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك بۆ حیزب دیاری‌ ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ژماره‌ی‌ كورسییه‌كان بێت ئه‌وا ده‌بێت ئاشكرابێت كه‌ هه‌ر حیزبه‌ چه‌ندی‌ به‌رده‌كه‌وێت، له‌مه‌شه‌وه‌ ده‌بێت پاره‌ی‌ ئه‌و رێكخراو‌و كۆمه‌ڵانه‌ ببڕرێت كه‌ بودجه‌ وه‌رده‌گرن‌و كورسیشیان له‌ په‌رله‌مان نییه‌‌و ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ سێبه‌ری‌ ئه‌و دو حیزبه‌ باڵاده‌سته‌ن.

 فراكسیۆنی‌ گۆڕان كار بۆ ئه‌وه‌ده‌كات كه‌ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی‌ داویانه‌ به‌ خه‌ڵك جێبه‌جێی‌ بكه‌ن، بۆیه‌ پڕۆژه‌یاسایه‌كیان پێشكه‌شكردوه‌ بۆ دابینكردنی‌ موچه‌ بۆ كابانی‌ ماڵ‌.
هه‌ر بۆ جێبه‌جێكردنی‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان چه‌ندین سه‌ردانی‌ مه‌یدانییان بۆ ناو خه‌ڵك‌و شوێنه‌ گشتییه‌كان ئه‌نجامداوه‌‌و چه‌ندین نوسینگه‌شیان له‌ هه‌ولێر‌و سلیمانی‌‌و گه‌رمیان‌و شاره‌زور كردوه‌ته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی‌ له‌نزیكه‌وه‌ گوێ‌ له‌ سكاڵای‌ خه‌ڵك بگرن‌و بیگه‌یه‌ننه‌ په‌رله‌مان.
عه‌بدوڵلا محه‌مه‌د نوری‌ وه‌ك په‌رله‌مانتارێكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ڕو كه‌ فراكسیۆنه‌كه‌ كار بۆ هێنانه‌دی‌ به‌ڵێنه‌كان ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حكومه‌ت پێك نه‌هاتوه‌‌و كێشه‌كانی‌ خه‌ڵك نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ په‌رله‌مان‌و خه‌ڵكیش ئاگاداری‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ نییه‌ كه‌ داكۆكییان لێده‌كه‌ن له‌ هۆڵی‌ په‌رله‌مان، ئه‌وه‌ش هۆكاره‌كه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ حكومه‌ت پێك ناهێنێت‌و رێگه‌ش نادات دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌مان‌و چالاكییه‌كانی‌ هێزی‌ ئۆپۆزسیۆن راسته‌وخۆ بگاته‌ خه‌ڵك، تا خه‌ڵك ئه‌وه‌ ببینن كه‌ "مه‌رجه‌عی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان میلله‌ته‌، نه‌ك حیزب".

له‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندنی‌ هه‌ردو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ ره‌خنه‌ی‌ ئه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانتارانی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان ده‌گیرا كه‌ گفتوگۆ زۆر ده‌كه‌ن‌و به‌ "چه‌له‌حانێچی‌‌و فه‌وزه‌وی‌" ناویان ده‌بردن‌و ئێستاش باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ په‌رله‌مانتاره‌كانی‌ ئه‌و فراكسیۆنه‌ بێده‌نگن، نه‌سرین شێخ جه‌مال، په‌رله‌مانتاری‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان بۆ رۆژنامه‌ وتی‌: چه‌له‌حانێكانی‌ ئێمه‌ بۆ داكۆكیكردن بوه‌ له‌و بۆچونانه‌ی‌ خزمه‌تی‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن، ئه‌و چه‌له‌حانێیه‌ی‌ ئه‌وان باسی‌ ده‌كه‌ن له‌ كاتی‌ ناونانی‌ لیژنه‌كاندا بو كه‌ بۆچونێك ده‌بو، ئه‌وان پشگیرییان لێنه‌ده‌كردین، هه‌ربۆیه‌ كه‌ ده‌هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ رێگه‌ی‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندنه‌وه‌ بۆچونه‌كانمان ده‌گه‌یاند، به‌تایبه‌ت له‌به‌رئه‌وه‌ش كه‌ دانیشتنه‌كان بۆ خه‌ڵك نه‌ده‌گوێزرانه‌وه‌.

هاوكات، كاردۆ محه‌مه‌د پێیوابو ئه‌ركی‌ په‌رله‌مانتاره‌ كه‌ هه‌م له‌ هۆڵی‌ په‌رله‌مان‌و هه‌م له‌ ده‌ره‌وه‌ نیشانیبدات بۆ رای‌ گشتی‌ كه‌ ئه‌دای‌ په‌رله‌مان‌و په‌رله‌مانتاره‌كان چۆنه‌، ئه‌وانه‌ی‌ به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێن له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان بۆ میدیا قسه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌تا خۆیان دێن له‌ میدیاكانه‌وه‌ ده‌ڵێن په‌رله‌مانتاره‌كانی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان چه‌له‌حانێ‌ ده‌كه‌ن‌و دواتر ده‌ڵێن بێده‌نگن، بۆ نایه‌ن له‌ په‌رله‌مان به‌ ئێمه‌ بڵێن، بۆ له‌ میدیاكانه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن، یان ئه‌و وتانه‌ش جۆرێكی‌ دیكه‌یه‌ له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر گۆڕان.
 هه‌روه‌ها له‌به‌رئه‌وه‌ش كه‌ تائێستا په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ په‌رله‌مان هه‌موارنه‌كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ش بۆ سه‌رده‌مێك دروست نه‌بوه‌ كه‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ په‌رله‌ماندا هه‌بێت، هه‌ربۆیه‌ زۆر جه‌خت له‌سه‌ر گۆڕینی‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌كرێت‌و فراكسیۆنی‌ چاكسازییش بۆ ئه‌ومه‌به‌سته‌ پڕۆژه‌یه‌كیان پێشكه‌شكردوه‌‌و فراكسیۆنی‌ گۆڕانیش پشتگیرییان لێكردوه‌، چونكه‌ به‌ وته‌ی‌ كاردۆ محه‌مه‌د تا ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ نه‌گۆڕرێت، ناتوانرێت په‌رله‌مان‌و ئۆپۆزسیۆن له‌په‌رله‌مان كاراتربێت‌و ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی‌ هه‌یه‌تی‌ له‌په‌رله‌مان جێبه‌جێی‌ بكات، چونكه‌ ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ چۆنێتیی‌ كاركردن له‌ په‌رله‌مان دیاری‌ ده‌كات، به‌ڵام كه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مان بڕیار ده‌دات پڕۆژه‌كه‌ بخاته‌ به‌رنامه‌ی‌ كاره‌وه‌، ئه‌وه‌ دیار نییه‌، له‌ كاتێكدا كه‌ پێویسته‌ سه‌ره‌تای‌ كاركردنی‌ په‌رله‌مان گۆڕینی‌ ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ بێت.

Sbeiy.com © 2007