سازدانی: دیه فازڵ و هه‌ستیار قادر
فازیل میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كێشه‌ی په‌كه‌كه و توركیا و رۆڵی حكومه‌تی عێراق و دیپلۆماسییه‌تی كورد له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه و دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسی له هه‌رێمی كوردستان شیده‌كاته‌وه و پێی وایه: په‌كه‌كه و توركیا ده‌یانه‌وێت زیان به ئه‌زموونی كوردستانی عێراق بگه‌یه‌نن.
سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوكیش داوا له به‌رپرسانی كورد ده‌كات: كه‌مێك واقعی بن و له‌وه تێبگه‌ن كه مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك تێكه‌ڵی به‌رژه‌وه‌ندی نێو ده‌وڵه‌تی بووه و پێویسته زۆر به وردی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت.
باس له‌وه‌شده‌كات كه حزب كۆنترۆڵی حكومه‌ت و پارله‌مانی كردووه له هه‌رێمی كوردستان و ئاماده‌شه ئاڵای كوردستان پێشكه‌ش به نه‌وه‌ی نوێ بكات به‌مه‌رجێك بتوانن بیپارێزن.
* تاچه‌ند ئه‌و بۆچوونه راسته كه حزب كۆنترۆڵی حكومه‌ت و پارله‌مانی كردووه له هه‌رێمی كوردستان؟
- ئه‌گه‌ر بڵێم حكومه‌ت له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حزبدا نییه، راست ناكه‌م له‌گه‌ڵتان، لێره كه‌م یان زۆر ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كی دیكه‌یه، به‌ڵام تا چه‌ند له خزمه‌تی خهڵدایه ئه‌وه گرنگه.
حزب خه‌ڵك كۆده‌كاته‌وه و له ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت حزب له رێگای مامه‌ڵه‌وه ده‌توانێت لایه‌نگر بۆ خۆی كۆبكاته‌وه، ئێمه ئێستا له حكومرانیداین ده‌بێت ئاراسته‌ی حكومه‌ت بكه‌ین تا خزمه‌تی باشتر پێشكه‌ش بكات، خه‌ڵكی باش له پۆسته‌كان و دامه‌زراوه حكومییه‌كاندا دابنێن تا خه‌ڵك له ده‌وری ئه‌م حكومه‌ته كۆبكه‌ینه‌وه كه ئه‌م حكومه‌ته هی ئه‌م حزبه‌یه.
به‌ڵام من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانیم كه به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ند یان به‌رپرسی لق، ئیشی پارێزگار بكات یان مه‌سول كۆمیته ئیشی قائیمقام بكات، حكومه‌ت ده‌بێت كاری حكومڕانی خۆی بكات و حزب له پشت په‌رده‌وه ئاراسته‌ی بكات، له كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌ب سیاسی و كۆبوونه‌وه‌ی ده‌ره‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی لای ئێمه هه‌یه له‌وێ ده‌توانرێت كاره‌كانی حكومه‌ت هه‌ڵبسه‌نگێنرێت و بۆچوونی ئاڕاسته بكرێت، له‌ڕێگای ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی حكومه‌ت كه ئه‌ندامی مه‌كته‌ب یان سه‌ركردایه‌تین، چونكه ئه‌گه‌ر حزب ده‌ستی حكومه‌ت ببه‌ستێت ئه‌وا شكستدێنێت و هیچ حكومه‌تێك له دنیادا وا سه‌رناكه‌وێت .
* تاچه‌ند كوردی هه‌رێمی كوردستان بوونی هه‌یه له نێو كێشه‌ی توركیا و په‌كه‌كه؟
- مه‌سه‌له‌ی توركیا و په‌كه‌كه مه‌سه‌له‌یه‌كی تازه نییه مه‌سه‌له‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه له توركیا و میلله‌تێك هه‌یه به ئیعترافی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و ئه‌و ده‌ستووره نوێیه‌ش كه دوای ده‌ستبه‌كاربوونی حزبی داد و گه‌شه‌پێدان په‌سه‌ندكراوه باس له‌وه ده‌كات كه ته‌نها نه‌ته‌وه‌ی تورك له توركیا نییه به‌ڵكو كورد و عهرنهعوت و عه‌ره‌ب و لاز و...هتد، له توركیا هه‌یه مه‌سه‌له‌یه‌كی دیكه مه‌سه‌له‌ی په‌كه‌كه‌یه كه له 15/8/1984 په‌كه‌كه بوونی سه‌ربازیی خۆیان له توركیا راگه‌یاند.
لێره‌دا بڕێك به كوردانه قسه‌ده‌كه‌م له‌م ماوه‌یه‌دا په‌كه‌كه به شێوه‌یه‌كی نا ئاسایی گه‌شه‌ی كرد له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه و میدیاكانیش گرنگی زۆریان پێدان نه په‌كه‌كه ده‌یویست حزبێكی دیكه‌ی كوردی هه‌بێت، نه توركیاش رێگای ده‌دات حزبێكی دیكه‌ی كوردی هه‌بێت، ئه‌وه‌ی توركیا ئاشكرایه كه ده‌یانویست په‌كه‌كه به‌ناوی تیرۆریست له قه‌ڵه‌م بده‌ن و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی والێبكه‌ن كه ئه‌وانیش وه‌ك تیرۆریست مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه بكه‌ن تا ئامانجێكی ئاسانتربێت بۆ توركیا، به‌ڵام هه‌ڵوێستی په‌كه‌كه نازانرێت بۆ دژی دامه‌زراندنی حزبێكی كوردی دیكه‌بوو!
* بۆ شه‌ڕی توركیا و په‌كه‌كه هێنرایه عێراق؟
- توركیا و په‌كه‌كه ده‌یانه‌ویست شه‌ڕی خۆیان بهێننه كوردستانی عێراق، له 1988 كاتێك هێزی پێشمه‌رگه رووبه‌ڕووی كیمیاباران و ئه‌نفال بووینه‌وه، په‌كه‌كه به ته‌نسیق له‌گه‌ڵ موخابه‌راتی عێراق جێنشینی بنكه و باره‌گاكانی ئێمهكران و له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شۆڕشیشدا ئه‌و به‌ڵگه و دیكۆمێنتانهمان كه‌وته ده‌ست كه په‌یوه‌ندی په‌كه‌كه و به‌رپرسانی موخابه‌راتی عێراقی ده‌سه‌لمێنن.
توركیا ده‌یویست به‌خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی پیشانبدات كه چه‌كدارانی په‌كه‌كه له نێو خاكی توركیا بوونیان نییه و له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوورن و به‌ره‌و كوردستانی عێراق رۆیشتوون بۆیه ناچارین كه شه‌ڕی په‌كه‌كه له‌و ناوچه‌یه بكه‌ین ئه‌مه بیانوو بوو تا شه‌ڕی په‌كه‌كه له عێراق بكه‌ن؟ به‌ڵام دیسان بیانوی په‌كه‌كه نازانرێت چی بوو كه ده‌یانویست شه‌ڕی خۆیان له‌گه‌ڵ توركیا له خاكی عێراق بكه‌ن؟ زۆركات به‌رپرسانی په‌كه‌كه هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه ده‌روازه‌ی زاخۆ- ئیبراهیم خه‌لیل ده‌كه‌نه ڤێتنام بۆ سوپای توركیا، ئێ بۆ له وڵاتی خۆتان ڤیتنام بۆ سوپای تورك دروستناكه‌ن!
بۆیه سه‌ركردایه‌تی كورد پێویسته هه‌ڵوێسته به‌رامبه‌ر ئه‌مه بكات، چونكه سۆزی نه‌ته‌وه‌یی شتێكه و بیركردنه‌وه‌ی سیاسی شتێكی دیكه‌یه به دیدی ئێمه هه‌م په‌كه‌كه و هه‌م توركیاش ده‌یانه‌وێت زیان به ئه‌زموونی كوردستانی عێراق بگه‌یه‌نن.
* تاچه‌ند په‌كه‌كه له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی كوردستانی عێراقدایه؟
- ئێستا په‌كه‌كه وه‌ك حزب گۆڕانی زۆری به‌سه‌ردا هاتووه، دامه‌زرێنه‌رانی په‌كه‌كه به ده‌گمه‌ن له‌ناویدا ماون، عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ده‌ستگیركراوه و له گرتووخانه‌یه و به‌شێكی زۆریشیان له ده‌ره‌وه‌ی حزبن و له‌ناویدا نه‌ماون، به‌ڵام به‌رله‌م گۆڕانكارییانه په‌كه‌كه نه دانی به ئه‌زموونی كوردستاندا نا و نه پیرۆزبایی له هه‌ڵبژاردنه‌كان و پێكهێنانی حكومه‌ت و پارله‌مانی كوردستان كرد به‌ڵكو له چه‌ند بوارێكی جیا‌و له چه‌ند رێككه‌وتێكی جیاوازدا شه‌ڕیان له دژی كوردی عێراق كرد و كۆماری زابیان دامه‌زراند له ناوچه‌ی ئامێدی،
ئه‌وه‌ی من تێی ده‌گه‌م هه‌رگیز په‌كه‌كه چاكی بۆ هه‌رێمی كوردستان نه‌ویستووه و ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ شه‌قی زه‌مانه ده‌یكات ئه‌وا مه‌سه‌له‌یه‌كی دیكه‌یه ئه‌مه‌ش پارتی‌و یه‌كێتی ناچاركرد له رابردوودا شه‌ڕی په‌كه‌كه بكه‌ن به‌ڕاستی ئه‌و شه‌ڕه له‌سه‌ر ئێمه فه‌رزكرا شه‌ڕێكی داسه‌پاو بوو له‌سه‌ر كوردستانی عێراق، ئه‌وه‌ی جێگای نیگه‌رانیش بوو ئه‌وه‌بوو كه په‌كه‌كه خۆیان ده‌كرد به شه‌ریكی ئه‌م ئه‌زموونه و وایانپیشان ده‌دا كه خه‌باتی ئه‌وان بۆ كوردستانی عێراقه.
* تاچه‌ند په‌كه‌كه بوونیان هه‌یه له كوردستانی عێراق؟
- توركیا ده‌ڵێت په‌كه‌كه له‌ناو كوردستانی عێراق هه‌یه كه ئه‌مه راست نییه، په‌كه‌كه له بینگۆل و تونجه‌لی و شڕنا‌خ هه‌ن كه زۆر دوورن له كوردستانی عێراق ئه‌وان له ناو توركیان ته‌نانه‌ت له ئه‌سته‌مبول هه‌ن ئه‌مه شه‌ڕ فرۆشتنه، چونكه له (1984)ه‌وه دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی توركیا نه‌یانتوانیوه په‌كه‌كه له ناوببه‌ن تائێستا نه‌ك له كوردستانی عێراق له ناوخۆی توركیاش
پێویسته په‌كه‌كه و پژاك ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان به ره‌هه‌ند وه‌ربگرن، چونكه به چاك یان به خراپ تروسكاییه‌كی رووناكی لێره هه‌یه ئێمه نیو ملیۆن شه‌هیدمان داوه كیمیاباران و ئه‌نفالمان بینیوه له(1968)ه‌وه خه‌بات و شۆڕش ده‌كه‌ین و نه‌كسه‌ی 75مان بینیوه، سه‌رهه‌ڵدانمان كردووه‌ته‌وه و فیدرالیهتمان دامه‌زراندووه ئه‌م هه‌موو ده‌ستكه‌وته بخه‌ینه قوربانی چی، شتێكی له‌مه باشتریان پێیه په‌كه‌كه و پژاك كه پێمان ببه‌خشن تا ئێمه شه‌ڕی ئه‌وان بكه‌ین بێگومان نه‌خێر، چونكه هه‌ر وڵاته و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه كێشه‌ی كود لێره به شێوه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر بووه كه جۆره پێگه‌یشتن و تێگه‌یشتنێك هه‌یه له پارچه‌كه‌ی دیكه‌ی عێراق بۆ كێشه‌ی كورد، ئه‌ویش بزوتنه‌وه‌ی دیموكراتی و ئه‌حزابی عه‌ره‌بییه و كێشه‌ی كوردی لێره حه‌ل بووه ئێمه كۆپی ئه‌م ئه‌زموونه نابه‌ینه سوریا و ئێران توركیا، چونكه ئێمه به‌شداریمان له چاككردنی ئه‌و سنوورانه‌دا نه‌كردووه و ناشتوانین لایان بده‌ین ئاگارداری رۆشنبیریی و تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و وڵاتانه‌ش نین تا داوای گۆڕین بكه‌ین.
* گه‌ر سه‌یری مێژوو بكه‌ین ده‌یان ساڵه په‌كه‌كه و توركیا له شه‌ڕدان هۆكاری چی بوو ئه‌مجاره به‌م شێوه‌یه كێشه‌كه گه‌وره كرا‌و هه‌رێمی كوردستان بوو به به‌شێك له كێشه‌كه؟
- چه‌ندین ساڵه توركیا شه‌ڕی په‌كه‌كه ده‌كات، به‌ڵام هیچ كاتێك راگه‌یاندن رۆڵی نه‌بووه له گه‌یاندنی هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا و توركیاش وا ده‌نگ زوڵاڵ نه‌بووه كه به‌سنگی فراوانه‌وه داوا له كوردی عێراق بكات سه‌رانی په‌كه‌كه‌یان ته‌سلیم بكاته‌وه.
پێشتر شه‌ڕی سنووریان ده‌كرد و چه‌ند جارێكیش پارتی و یه‌كێتی شه‌ڕی په‌كه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ توركیا كرد و په‌كه‌كه‌مان ئاودیوی سنوور كرده‌وه، كه‌چی وڵاتێكی ئیقلیمی دیكه په‌كه‌كه‌ی قۆسته‌وه و دووباره به دژ ئێمه‌یاندا كرده‌وه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت كه مه‌سه‌له‌كه مه‌سه‌له‌ی په‌كه‌كه نییه مه‌سه‌له‌ی میلله‌تێكه، كه‌واته گه‌ر ئه‌م رێگایه سه‌ری نه‌گرت ئه‌وا ده‌بێت رێگاچاره‌ی تر بدۆزرێته‌وه، چونكه مه‌سه‌له‌ی چارنووسی میلله‌تێك به خه‌باتی چه‌كداریی حه‌ل نابێت.
* تا چه‌ند دیپلۆماسییه‌تی كورد توانیویه‌تی رۆڵی هه‌بێت؟
- ئه‌گه‌ر دیپلۆماسییه‌تی كوردی هه‌مووشی سه‌ركه‌وتوو نه‌بووبن، بهلاَم تا ئه‌م چركه‌یه توانیویه‌تی مه‌ترسی له ئه‌زموونی كوردستان دووربخاته‌وه، دیپلۆماسییه‌تی كوردی دوو رێگای له‌به‌رده‌مدا بوو:
رێگایه‌ك كه بیسه‌لمێنێت ئێمه جه‌ندرمه نین تا خه‌ڵك ده‌ستگیر بكه‌ین و ته‌سلیمی توركیای بكه‌ینه‌وه و بسه‌لمێت كه پشتگیری له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه ده‌كه‌ن به رێگای ئاشتییانه و ئه‌وه‌ی كه ئێمه به‌شێكین له چاره‌سه‌ر نه‌ك له جه‌نگ.
له‌لایه‌كی دیكه دیپلۆماسیه‌تی كورد له‌سه‌ر لایه‌نی عێراقی ئیشیكرد، به‌ڵام ئه‌و گله‌ییه‌ی له عێراق هه‌یه زۆر زیاتره له‌وه‌ی له دیپلۆماسییه‌تی كورد هه‌یه.
تائێستا باشمان هێناوه و گه‌ر به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام بین ئه‌وا كورد قازانجده‌كات له عێراق و له توركیاش.
* تاچه‌ند حكومه‌تی عێراق رۆڵی له دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسی هه‌ڕه‌شه‌كانی له‌شكركێشی توركیادا هه‌بوو له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان؟
- حكومه‌تی عێراق كه‌مته‌رخه‌م بووه له چاره‌سه‌ری كێشه‌كه هه‌ندێك پێیان خۆش بوو توركیا هێرش بكات تا تۆزێك لوتی كورد بشكێنن كه ئه‌وه‌نده سه‌ری به‌رزنه‌بێت.
لایه‌نێكی دیكه ئه‌وه‌یه كه راسته عێراق هێزێكی وا پته‌وی نییه كه رووبه‌ڕووی توركیا ببێته‌وه، به‌ڵام ده‌یتوانی داوای دانیشتنی به په‌له‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی بكات كه وا 100هه‌زار سه‌ربازی تورك له‌سه‌ر سنوور هه‌ن كه هێزێكی بیانین و هه‌ڕه‌شه له سنووری ئه‌منی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن، ده‌كرا داوای به‌ستنی كۆنگریه‌كی نا ئاسایی لوتكه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی و رێكخراوی كۆنگره‌ی ئیسلامی بكردایه كه توركیا خۆی سه‌رۆكایه‌تی خولی ئێستای ده‌كات، ده‌یتوانی یه‌كێتی ئه‌وروپا و هه‌موو لایه‌ك بخاته جموجۆڵ، به‌ڵام ئه‌م نه‌رمی نواندنه‌ی حكومه‌تی عێراق توركیای زیاتر دژی كورد هاندا ئه‌مه جگه له سه‌ردانه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیر و وه‌زیری ناوخۆی عێراق بۆ توركیا كه وایان پیشاندا كه حكومه‌تی عێراق ئه‌و كێشه و هه‌ڕه‌شانه‌ی توركیای پێ خۆشه.
له‌سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی وه‌فدی حزب و پارله‌مانی كوردستان بۆ به‌غدا له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق وته‌یه‌كم خوێنده‌وه و پێم راگه‌یاندن كه كورد هه‌ستده‌كات حكومه‌تی عێراق هاوخۆشیه به‌رامبه‌ر به هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا بۆسه‌ر هه‌رێم و گه‌ر ئێمه‌ی كورد به به‌شێك له عێراق نازانن ئه‌وا ئێمه خۆمان ده‌توانین كێشه‌ی خۆمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
* په‌نابردنی كورد بۆ حكومه‌تی عێراق له كێشه‌كانی وه‌ك ئه‌مه‌ی توركیا پرسی فیدرالیزم لاواز ناكات؟
- نه‌خێر به پێچه‌وانه‌وه ئه‌مه به هێزكردنی فیدرالییه‌ته، چونكه گه‌ر ئیدارییهن ئێمه جودابین، به‌ڵام له‌ڕووی ئه‌رزه‌وه به شێكین له عێراق راسته پارله‌مان و ئیداره و حكومه‌ت و بودجه و هێزی خۆمان هه‌یه، به‌ڵام هه‌مووی له چوارچێوه‌ی یه‌كبوونی خاكی عێراقه، ئه‌وانه‌ی كه ده‌ڵێن كورد تا نه‌گه‌نه ته‌نگانه رێگای به‌غدا نازانن ئێمه به‌غدامان ئاوهدانكردووه و شه‌ریكین له‌م حكومه‌ته سهركۆمار و وه‌زیری ده‌ره‌وه و سه‌رۆك ئه‌ركان و زۆربه‌ی وه‌زیره‌كان هی ئێمه‌ن و دامه‌زراوه‌ی یه‌كێتی خاكی عێراق كورد پاراستوویه‌تی، به‌ڵام گه‌ر عه‌ره‌ب بیانه‌وێت كورد بكه‌نه ئامانج و خۆیان جیابكه‌نه‌وه ئه‌وا هه‌ركاتێك كورد لێیان جیاببێته‌وه به‌ڕای من له قازانجی كورده نه‌ك زه‌ره‌ر.
به بۆچوونی به‌ڕێزتان كێشه‌ی توركیا و كورد له‌و وڵاته به چه‌ك دانان و نه‌مانی په‌كه‌كه چاره‌سه‌ر ده‌بێت؟
- نه‌خێر، گریمان په‌كه‌كه نه‌ما و توركیاش هه‌موو چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ی گرت، به‌ڵام كێشه‌ی كورد له توركیا هه‌ر ده‌مێنێت، چونكه 20 ملیۆن كورد به یه‌كجار له‌ناو ناچن، ئه‌مجاره په‌نا بۆ خه‌باتی مه‌ده‌نی ده‌برێت كه زۆر كاریگه‌رتر و گرنگتره له ئێستادا له خه‌باتی چه‌كداریی، ئه‌وه‌ش زیاتر كێشه‌ی كورد رووبه‌ڕووی توركیا‌و وڵاتانی دیكه‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌و ده‌كاته‌وه، ئێستا سه‌رده‌م سه‌رده‌می خه‌باتی مه‌ده‌نییه، به‌رای من ئه‌و حزبانه‌ی وه‌ك په‌كه‌كه‌ن باشتر وایه چه‌ك دابنێنن و زیاتر په‌نا بۆ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ببه‌ن، باس لهوهبكهن كه نه‌ته‌وه‌یه‌ك له توركیا یا هه‌ر وڵاتێك كوردی تێدایه هه‌یه و رووبه‌ڕووی سه‌ركوتكردن و ئازار ده‌بێته‌وه، به‌مه ده‌توانن فشارێكی زیاتر له‌سه‌ر حكومه‌ت دروست بكه‌ن.
ئه‌م ئه‌گه‌رانه هه‌مووی له‌پێشن و ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت قه‌زیه‌ی كوردی جێگایه‌كی باشتر وه‌ربگرێت، له‌ڕووی سیاسییه‌وه ئێستا ئه‌مه‌ریكا ته‌ده‌خولی كردووه، سێگۆشیهكی جهنهڕاڵات دروست بوو یه‌كێكی توركی و دووی ئه‌مه‌ریكی بۆ چاودێریكردنی كێشه‌ی په‌كه‌كه، ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه ئه‌م هه‌نگاوانه بهاوێژێت ئه‌وا خزمه‌تی خۆیان و خزمه‌تی ته‌وه‌جوهی سیاسیی ده‌كه‌ن له توركیا و خزمه‌تی كوردیش ده‌كه‌ن و عاتفه‌ی ئه‌مه‌ریكاش به‌لای چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی كێشه‌كه‌دا ده‌بات.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر په‌نا بۆ گرتنی چه‌ند ئه‌سیرێك به‌رن، ئه‌مه‌ش به دیدی من سیناریۆیه‌ك بوو، چونكه له 1984ه‌وه تائێستا په‌كه‌كه نه‌یتوانیوه 4 سه‌ربازی توركی بگرێت، كه‌چی له‌م دواییه‌دا و به‌و ئاسانییه چه‌ند سه‌ربازێكیان گرت.
* كێشه‌كه‌ی په‌كه‌كه له پرسی عێراقی توركییه‌وه گۆڕاوه بۆ پرسی توركیا ئه‌مه‌ریكا، ده‌بێت له ئێستادا رۆڵی كورد چی بێت؟
- ته‌ده‌خول كردنی ئه‌مه‌ریكا له كێشه‌كه‌دا له به‌رژه‌وه‌ندی كورددایه، چونكه رێگا به توركیا نادات كه تاك لایه‌نه كارێك بكات كێشه‌كه ئاڵۆزتر بكات توركیا و عێراق و ئه‌مه‌ریكا به‌شی خۆمان كێشه‌مان هه‌یه ده‌بێت هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان بدرێت نه‌ك زیاتری بكه‌ین.
له‌به‌رئه‌وه‌ی توركیا عێراق به داڵده‌دانی په‌كه‌كه و بوونی په‌كه‌كه له ناوچه‌كانیدا تۆمه‌تبارده‌كات، ئه‌وا عێراق ده‌بێت به به‌شێك له كێشه‌كه، كه عێراقیش به‌شێك بێت له كێشه ئه‌وا كوردیش به‌شێكه له كێشه‌كه، چونكه كێشه‌كه زیاتر له‌سه‌ر پێستی كورده و له ناوچه كوردنشینهكانه، هێزی عێراقی نایه‌ت به‌رگریمان لێبكات هه‌رده‌بێت كورد ئه‌و رۆڵه ببینێت.
بۆیه ته‌ده‌خولی ئه‌مه‌ریكا له كێشه‌كه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی كێشه‌كه ده‌بێت، چونكه ده‌توانێت زاڵ‌بێت به‌سه‌ر سوپای توركیا كه هه‌ڕه‌شه‌ی پهلاماردهكهن، چونكه له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریكادا نییه كه هێرش بكرێته سه‌ر عێراق، له‌كاتێكدا پاراستنی سیاده‌ی ئه‌م وڵاته له ئه‌ستۆی ئه‌مه‌ریكایه، لێره‌دا ئه‌ركی ئه‌مه‌ریكا قورس ده‌بێت له‌نێوان دوو دۆستدا، ناتوانێت یه‌كێك بگرێت له دژی ئه‌وی دیكه، بێگومان هه‌وڵده‌دات كه حه‌لێكی ناوه‌ند بدۆزێته‌وه كه ئه‌مه‌ش له به‌ژه‌وه‌ندی ئێمه‌دا ده‌بێت و هه‌ڕه‌شه‌ی شه‌ڕمان لێدوورده‌خاته‌وه.
* جگه له كێشه‌ی په‌كه‌كه توركیا ئامانجی دیكه‌ی هه‌یه؟ ئایا كورد ئه‌مه‌ی زانیوه؟
- لێره‌دا حه‌زده‌كه‌م زۆر راستگۆبم له‌گه‌ڵتان، دوو را هه‌یه، رایه‌ك پشت به داتا ده‌به‌ستێت ئه‌مه‌ش كورد تێیدا زۆر لاوازه، چونكه وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ نین سه‌رچاوه‌ی زانیاریمان نییه له ده‌زگاكانی ئه‌من و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا یان لۆبیه‌كی ئاوها به‌هێزمان نییه له‌و وڵاته كه ئامانجی نهێنیی توركیا بزانین، به‌ڵام ئێمه شیكردنه‌وه‌ی سیاسیی ده‌كه‌ین.
یه‌كێك له ئامانجه‌كانی توركیا له‌م هه‌ڕه‌شه‌یه ئه‌زموونی حكومه‌تی هه‌رێم بوو، ئه‌ویش به وته‌ی به‌رپرسانی سه‌ربازیی توركیا و لێدوانه‌كانی عه‌لی باباجانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا كه وتبووی: «ئێمه ده‌مانه‌وێت سه‌رله‌نوێ پرۆسه‌ی عێراق بینابكهینهوه به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ستمان تێیدا هه‌بێت و هه‌رێمی كوردستانیش ته‌حجیم بكه‌ینه‌وه»، له خاڵی سێهه‌مدا باس له په‌كه‌كه ده‌كات، كه‌واته ئامانجی تریان هه‌یه ئه‌مه چه‌ند راسته و تا چه‌ند گوزارشت بووه له رای خۆی یان حكومه‌ت نازانرێت، به‌ڵام هه‌موو رای گشتی له جیهان و میدیاكان باسیان كرد.
* تاچه‌ند هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا كاریگه‌رییان له‌سه‌ر دواخستنی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 هه‌بوو؟
- به‌داخه‌وه مه‌سه‌له‌ی مادده‌ی 140و كه‌ركوك خۆی دواكه‌وتووه، چونكه ئه‌مه دوو مانگه هه‌ڕه‌شه‌ی توركیا هه‌یه ئه‌ی پێش دوو مانگه‌كه هۆكار چی بوو بۆ دواكه‌وتنی؟
ته‌نها مانگێك ماوه‌و له كۆتایی ئه‌مساڵ ماوه‌كه ته‌واوده‌بێت و پێویسته راپرسی بكرێت ئه‌ویش ناكرێت، چونكه جارێ سه‌رژمێری نه‌كراوه و تائێستا بڕیار نه‌دراوه كه راپرسی له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا ده‌بێت یان له‌سه‌ر شار، هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 به‌پێی ده‌ستوور ته‌واونه‌كراوه نه قۆناغی ئاسایكردنه‌وه ته‌واوبووه نه سنووری جوگرافی كه‌ركوك دیاریكراوه، له‌به‌رئه‌وه واپێده‌چێت پرۆسه‌كه پێویستی به درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی جێبه‌جێكردنی مادده‌كه هه‌بێت، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی كورد دژی وشه‌ی دواخستنه چونكه له ساڵانی 70و 74 كه راپرسی له كه‌ركوك دواخرا زه‌ره‌رمان تێدا كرد، بۆیه وشه‌ی دواخستن وشه‌یه‌كی ناپه‌سه‌نده، به‌ڵام ده‌بێت كه‌مێك واقیعی بین، چونكه ئه‌وا 2007 ته‌واو بوو هێشتا هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی مادده‌كه زۆری ماوه و ده‌كرێت پارله‌مان و لیژنه‌ی باڵای جێبه‌جێكردن داوای درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی جێبه‌جێكردنه‌كه بكه‌ن، به‌ڵام به مه‌رجێك لیژنه‌ی 140 چالاكبكرێتهوه و هه‌نگاوه‌كان به خێراتر بڕوات و بودجه‌كه زووتر له ده‌ستی سه‌رۆك وه‌زیر و وه‌زیری دارایی و بانكی ناوه‌ندی ده‌ربێت، ته‌نانه‌ت بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌كانیش كه ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه و له‌سه‌ر پاره‌كه وه‌ستاون.
مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كان ته‌نها مه‌سه‌له‌ی ناوخۆیی عێراق نییه، به دیدی من مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك په‌یوه‌ندی به وڵاتانی چوارده‌ور و وڵاتانی نێو ده‌وڵه‌تییه‌وه هه‌یه ئه‌مه‌ریكا، به‌ریتانیا، توركیا ، ئێران، شیعه و سوننه هه‌موویان له مه‌سه‌له‌كه‌دا بوونیان هه‌یه، كورد پێویسته له‌وه تێبگات كه مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك تێكه‌ڵی به‌رژه‌وه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی بووه، له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایشدا زیاتر نوێنه‌رانی سیاسیی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا هاوبه‌ش بوون بۆ دواخستنی پرۆسه‌ی كه‌ركوك له‌به‌رخاتری توركیا یان له‌به‌ر سوننه‌كان، بۆیه ده‌بێت كورد كه‌مێك واقیعی بێت و سیاسه‌ت به عاتیفه نه‌كه‌ن، بزانێت كه یاریزانه‌كانی كێشه‌ی كه‌ركوك و مادده‌ی 140 چه‌ندن ته‌نها ئێمه و حكومه‌تی فیدراڵ نین و ته‌نها ئێمه و توركمان و سوننه‌ش نین، یاریزانه‌كانی ئه‌م یارییه زۆرن و به‌شێكیان باڵاده‌ستن.
بۆیه ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێین كه هۆكاره‌كان هه‌مه‌ڕه‌نگ و زۆربوون بۆ دواخستنی مادده‌كه و گه‌ر كورد و لیژنه‌ی باڵای جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140یش له‌گه‌ڵ ئهوهدانهبن كه كێشه‌ی په‌كه‌كه و هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا كاریگه‌رییان له‌سه‌ر دواخستنی مادده‌كه هه‌بووه، ئه‌وا حكومه‌تی عێراق بێگومان ئه‌وه ده‌كاته بیانوو كه به هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیاوه سه‌رقاڵبوون و سه‌ریان نهبهرژاوهته سه‌ر مادده‌ی 140، واته بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت توركیا و هه‌ڕه‌شه‌كانی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كاریگه‌رییان هه‌بووه.
* بڕیار وایه له كۆتایی ئه‌مساڵدا پۆسته سیادییه‌كان له‌نێوان یه‌كێتیی و پارتیدا ئاڵوگۆڕ بكرێت، تا چه‌ند ئه‌و ئاڵوگۆڕه له جێگای خۆیدایه‌تی؟
- به‌پێی رێككه‌وتننامه‌كه‌ی ساڵی 2004 بڕیاره له كۆتایی ئه‌مساڵدا یه‌كێتیی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ربگرن و پارتیش پۆستی سه‌رۆكی پارله‌مانی كوردستان.
هه‌ندێك را هه‌یه كه داوای مانه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌كه‌ن، منیش وه‌ك ئه‌و كه‌سانه پێم خۆشه نێچیره‌ڤان بارزانی له جێگای خۆی وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌ت بمێنێته‌وه، نا له‌به‌رئه‌وه‌ی كه پارتییه، به‌ڵكو به دیدی من له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌خنانه‌شی كه لێی ده‌گیرێت، به‌ڵام ئیداره‌ی نێچیره‌ڤان وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌ت ئیداره‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو بووه له‌ڕووی ئاوه‌دانكردنه‌وه و ئابوورییه‌وه سه‌نگه‌رێك بوو به‌رامبه‌ر به مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و زۆر مه‌سه‌له‌ی دیكه كه به‌رژه‌وه‌ندی كوردی تێدا بوو.
له كاتێكیشدا كه حكومه‌ت یه‌كخرا ته‌نها نێچرهڤان توانی له سه‌ره‌وه وه‌زیره‌كانی یه‌كێتی و پارتی رێكبخات، به‌ڵام ده‌كرێت رێز له خواستی یه‌كێتیش بگیرێت كه حه‌زده‌كه‌ن پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت وه‌ربگرن و مافی خۆیانه و كه‌س ناتوانێت لێیان زه‌وت بكات.
* ئێستا له‌به‌رئه‌وه‌ی كه حكومه‌ت له پارتییه زیاتر گرنگی به ناوچه‌كانی پارتی ده‌درێت، ترسی ئه‌وه‌تان نییه كه حكومه‌ت كه‌وته ده‌ست یه‌كێتیی ناوچه‌كانی ئێمه په‌راوێز بخرێت و گرنگی به ناوچه‌كانی یه‌كێتیی بدرێت؟.
- ئێمه به‌ش به حاڵی خۆمان ئه‌و ترسه‌مان نییه، چونكه مه‌سه‌له‌كان به ته‌وافوق ده‌بێت، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت پارتی ده‌بێت و وه‌زیره‌كان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی پلان دانان پارتی ده‌بێت و بودجه یهكدهخرێتهوه، بۆیه ئێمه ئه‌و ترسه‌مان نییه و ئه‌و بۆچوونه هه‌ڵه‌یه كه له‌به‌رئه‌وه‌ی حكومه‌ت به ده‌ست پارتییه یه‌كێتیی قازانجی نه‌كردووه، ئه‌گه‌ر له داهاتووشدا پارێزگارێك یان وه‌زیرێك له به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌كێتیی زیاتر كارده‌كات با بیكات خۆ ئه‌و یه‌كێتییه‌ش هه‌ر كورده، ئه‌مانه گرنگ نییه گرنگ ئادائی حكومه‌ته ئیتر یه‌كێتیی سه‌رۆكی حكومه‌ت بێت یان پارتی پێویسته كار بۆ ئه‌وه بكه‌ین كه حكومه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی دامه‌زراوه‌یی به‌ڕێوه بچێت، ئه‌و كێشانه‌ی ئێستا هه‌یه‌تی به‌هۆی زۆری ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران و ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی كه‌م یان زۆر باسی لێوه‌ده‌كرێت نه‌هێڵرێن، چونكه دووكه‌ڵی بێئاگر نییه.
ئه‌م ئه‌زموونه‌ی ئێمه ئه‌مه‌یه نابێت وا باس له ئه‌زموونه‌كه بكه‌ین كه ئه‌وه‌نده باشه هیچ خراپییه‌كی تێدانییه و نه وا ره‌شیشی بكه‌ینه‌وه كه هیچ باشییه‌كی تێدا نییه و زۆر خراپه، ده‌بێت شته‌كان وه‌ك خۆی ببینین و كار بۆ باشتركردنی بكه‌ین، چونكه راسته كه‌موكوڕی هه‌یه، به‌ڵام هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كیش بێ كه‌موكوڕی نییه و ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی هه‌یه ئه‌وه‌یه كه به‌رپرسان به‌ڵێ نابێت له وه‌زعی خۆمانه‌وه خه‌ڵك ببینین، به‌ڵام ناشبێت خه‌ڵك له وه‌زعی شه‌خسی خۆیانه‌وه یان له بێبه‌شبوونی شه‌خسییانه‌وه له شتێك ته‌ماشای گشت ئه‌زموونه‌كه بكه‌ن.
* له مه‌سه‌له چاره‌نوسسازه‌كاندا به‌رده‌وام دوو گوتاری سیاسیی جیاواز ده‌بیسترێت، نه‌توانراوه تائێستا گوتاری سیاسیی كورد یه‌كبخرێت؟
- ره‌نگه جیاوازی ته‌نها له وشه‌دا هه‌بێت نه‌ك ناوه‌رۆك، جه‌نابی مام جه‌لال سه‌رۆك كۆماری عێراقه خۆ نایه‌ت وه‌ك ئێمه قسه‌بكات ده‌بێت له چوارچێوه‌ی عێراقدا لێدوان بدات.
لێدوانه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ دوورخستنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ی خۆی بوو له هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا،
سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌مان بۆچوونییان هه‌یه و سه‌رۆكی حكومه‌تیش وه‌ك به‌رپرس له حكومه‌تی هه‌رێم هه‌مان بۆچوونی ئه‌وانی هه‌یه، به‌ڵام جیاوازی له ده‌ربڕینه‌كاندا هه‌یه ئه‌گه‌ر نا له ناوهڕۆك و مه‌به‌ستدا هاوڕان.
* گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت كه له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه له‌گه‌ڵ كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان ئیمزای كردووه، تا چه‌ند یاساین و سه‌ردانه‌كه‌ی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌ندی به‌و گرێبه‌ستانه‌وه هه‌یه؟
- له ده‌ستووردا كورد مافی زۆر له‌وه زیاتری هه‌یه كه گرێبه‌ستی نه‌وت ئیمزابكات، كاتێك ئه‌مه‌ریكا بوو به سیستمی فیدراڵی و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكایان دروستكرد، ویلایه‌تی ته‌كساس مه‌رجێكی هه‌بوو تا بچێته ناو ئیتحادی فیدراڵی، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو كه نه‌وته‌كه‌ی خۆیان بۆ خۆیان بێت، باشه ده‌كرێت ئه‌مه‌ریكییه‌ك ئه‌مه به مافی خۆی بزانێت و ئه‌و مافه به منی كورد نه‌دات، له‌به‌رئه‌وه ئێمه له‌سه‌ر دابه‌شكردنی داهاتی نه‌وت رازین، كه له چوارچێوه‌ی فۆرمێكی ده‌ولی گرێبه‌ست ئیمزابكه‌ین،
به‌ڵام ئه‌وه‌ی شه‌هرستانی وه‌زیری نه‌وتی عێراق یان سوننه‌كان ده‌یڵێن بێمانایه، تائێستا حكومه‌تی عێراق یاسای نه‌وتی نییه، ئیتر ره‌خنه‌ی چی له ئێمه ده‌گرێت كه یاسای نه‌وتی خۆمان هه‌یه و له پارله‌مانی كوردستانه‌وه په‌سه‌ندكراوه، ئه‌مانه ده‌یانه‌وێت كورد نه‌بێت به هیچ، هه‌میشه چاوی له ده‌ستی ئه‌وان بێت به كه‌یفی خۆیان میزانییه زیاد و كه‌م بكه‌ن، بێگومان قیاده‌ی سیاسیی كورد ئه‌وه‌ی قبوڵ نییه و میلله‌تی كوردیش ده‌بێت پشگیریی له‌وه‌بكات.
سه‌ردانه‌كه‌ی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تیش ره‌نگه بۆ گه‌یاندنی په‌یامێك بێت بۆ به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام بڕیاری كۆتایی لێره ده‌درێت، چونكه نوێنه‌ری ئه‌مه‌ریكا و سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و هه‌رێم و پارله‌مانی كوردستان لێره‌ن، ئێمه به شوێن هێزی مه‌نتیقدا ده‌گه‌ڕێین، ئه‌وه‌ی له ده‌ستووردا هاتووه ئێمه به‌وه كه‌متریش رازین، به‌ڵام نه‌ك داوامان لێبكه‌ن واز له مافی خۆمان بهێنین كه ده‌ستوور پێی داوین، گرێبه‌سته‌كانیش هه‌مووی ره‌سمی و نێوده‌وڵه‌تین و هه‌مووشی ده‌چێته‌وه بۆ لیژنه‌ی گرێبه‌سته‌كان له حكومه‌تی فیدراڵ، ئه‌گه‌ر ئه‌و گرێبه‌ستانه پێچه‌وانه‌ی به‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بن كه له‌سه‌ری رێكه‌وتووین، ئه‌وا ئه‌و لیژنه‌یه بۆیان هه‌یه كه ئه‌و گرێبه‌سته چاكبكه‌نه‌وه یان هه‌ڵیبووه‌شێننه‌وه.
* نزیكه‌ی 3ساڵه باس له ریفۆرم ده‌كرێت له‌ناو یه‌كێتیی و له ئێستادا دوو باڵی لێ جیابووه‌ته‌وه، تا چه‌ند ئه‌گه‌ری ریفۆرم له‌ناو پارتیدا هه‌یه؟
- پارتی و یه‌كێتیی راسته یه‌ك میلله‌تن، به‌ڵام دوو قوتابخانه‌ی له‌یه‌ك جیاوازن له‌ڕووی پێكهاته و ناوه‌ڕۆكه‌وه، هه‌موو میلله‌تێك و رێكخراو و حزبێك پێویستی به ریفۆرم هه‌یه، به‌ڵام كێ ده‌یكات؟ ناكرێت كه‌سێكی گه‌نده‌ڵ ریفۆرم بكات، ناشبێت من كه تا ئه‌مڕۆ خه‌باتم كردووه و له‌گه‌ڵ ئه‌م حزبه بووم له‌پڕ هه‌موو ئه‌و خه‌باته به هه‌ڵه دابنێم و ره‌خنه‌ی لێبگرم، ده‌بێت نه‌وه‌ی نوێ ریفۆرم بكات له تێگه‌یشتن و پێگه‌یشتنی نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه بێت له‌پێناو باشكردن و گۆڕانكاری بێت نه‌ك ئێمه، چونكه له به‌رپرسیارێتیداین با ئیدعای ریفۆرم نه‌كه‌ین.
ده‌ڵێن با ئه‌م سه‌ركرده كلاسیكییانه نه‌مێنن باشه خوداحافیز وا ئێمه رۆیشتین، به‌دیل چییه به دیلێكمان نیشان بده‌ن با ده‌ور و ته‌سلیمی له‌گه‌ڵ بكه‌ین، باشه ئه‌م وڵاته ته‌سلیم به كێ بكه‌ین ده‌بێت نه‌وه‌ی لاو بیر له‌وه بكاته‌وه كه هه‌ستی به‌رامبه‌ر مه‌سه‌له نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان هه‌بێت خه‌باتی و كاره‌كانی ئێمه مه‌سڕنه‌وه سوودی لێوه‌ربگرن بمانخوێننه‌وه تا ئێمه‌ش بتان خوێنینه‌وه، كه یه‌كترمان خوێنده‌وه ده‌گه‌ینه چاره‌سه‌ری ئه‌وه‌ی له‌سه‌رمانه جێبه‌جێی بكه‌ین.
* تا چه‌ند ئاماده‌ن وه‌ك سه‌ركردایه‌تی كورد و پارتی به‌تایبه‌تی دان به نه‌وه‌ی نوێ‌دا بنێن و متمانه‌ی پێبه‌خشینی ده‌سه‌ڵاتی پێبكه‌ن؟
- هه‌میشه ده‌ڵێم ئێمه ئاڵای پیرۆزی كوردستان‌مان له خه‌ڵكێك وه‌رگرتووه و ئاماده‌شین ته‌سلیمی كه‌سانی دیكه‌شی بكه‌ین، به‌ڵام به دوو مه‌رج:
ئه‌و كه‌سانه‌ی ئاڵاكه‌یان ته‌سلیم ده‌كه‌ین، به چاو سووركردنی ئه‌م وڵات و ئه‌و وڵات واز له كوردایه‌تی نه‌هێنن، چونكه ئێمه زۆر چاومان لێ سووركراوهتهوه و كۆڵمان نه‌داوه و به چاك یا به خراپ گه‌یاندومانه‌ته ئێره.
مه‌رجی دووه‌م توانای سه‌ركردایه‌تی تێدا هه‌بێت بتوانێت ئه‌م پرۆسه‌یه به‌ڕێوه‌به‌رێت.
من دژی ئه‌وه‌م كه نه‌وه‌ی نوێ هیچ نازانێت و توانای نییه، چونكه من به به‌رد یاریم كردووه تۆ به كۆمپیوته‌ر گه‌وره بوویت، بۆ تۆ هیچ نه‌زانێت بۆ من بیزانم، له‌به‌رئه‌وه‌ی من مه‌سئولم بۆیه شت ده‌زانم و تۆ مه‌سئول نیت كه‌واته بۆچوونه‌كانت هه‌ڵه‌ن و هیچ نازانیت، ئه‌مه گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌یه گه‌ر به‌رپرسانی كوردی تێبكه‌وێت.
پرۆفایل :
*ساڵی 1948 له زونار له‌دایكبووه.
*ده‌رچووی كۆلێژی مافه له زانكۆی موسڵ.
* ساڵی 1966 په‌یوه‌ندی به پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه كردووه.
*له ساڵی 1979وه بووه به ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی.
*ئێستا سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حزبه‌یه.