Print
 وه‌زیره‌كانی‌ كابینه‌ی‌ نوێ‌
ته‌كنۆكرات، یان گوێڕایه‌ڵی‌ حیزب؟
Tuesday, November 3, 2009

رۆژنامه‌
به‌ وته‌ی‌ چاودێرانی‌ سیاسیی‌‌و ئابوری‌و سه‌ربازی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای‌ ده‌ستبه‌كاربونییه‌وه‌ كابینه‌ی‌ نوێ‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ جێبه‌جێنه‌كردوه‌‌و ئه‌و وه‌زیرانه‌ی‌ بۆ (4) ساڵی‌ داهاتو دانراونه‌ته‌وه‌ شایه‌نی‌ ئه‌و پۆستانه‌ نین.

به‌رهه‌م ساڵح به‌ڵێنه‌كانی‌ نه‌هێنایه‌ دی‌
هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای‌ دانانی‌ وه‌زیره‌كاندا كابینه‌ی‌ شه‌شه‌م به‌ڵێنه‌كانی‌ جێبه‌جێنه‌كرد، به‌وپێیه‌ی‌ به‌ر له‌ راگه‌یاندنی‌  ئه‌م كابینه‌، به‌رهه‌م ساڵح  سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێم  به‌ڵێنی‌ دا، كه‌ وه‌زیره‌كانی‌ كابینه‌ی‌ شه‌شه‌م كه‌سانی‌ شاره‌زا‌و لێهاتو ده‌بن بۆ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ی‌ داده‌نرێت‌و هیچكام له‌ وه‌زیرانی‌ كابینه‌كه‌ی‌ نابێت  پۆستی‌ حیزبی‌ باڵایان هه‌بێت‌و ته‌نانه‌ت كه‌سانی‌ پله‌یه‌كی‌ هیچ مه‌سئولێكی‌ حیزبیش نابێته‌ وه‌زیر، به‌لاَم   د.كامه‌ران به‌رواری‌ وه‌ك چاودێرێكی‌ سیاسیی‌ پێی‌ وابو؛ كه‌ ئه‌و به‌ڵێنه‌ی‌   سه‌رۆكی‌ راسپێدراو بۆ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ شه‌شه‌می‌ حكومه‌ت دای‌ به‌ خه‌ڵك،  نه‌هاته‌ دی‌، چونكه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌و وه‌زیرانه‌ حیزبین‌و كه‌سانی‌ نێو سه‌ركردایه‌تی‌‌و مه‌كته‌بی‌ سیاسییان تێدایه‌ به‌ خۆشییه‌وه‌.

به‌ بۆچونی‌ ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌  خۆشبه‌ختانه‌ له‌ كوردستان ژماریه‌كی‌ زۆر كه‌سانی‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌ی‌ ماسته‌ر‌و دكتۆرا‌و پڕۆفیسۆرمان هه‌یه‌، كه‌ ده‌شێت له‌ پۆستی‌ وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌، یان هه‌ر وه‌زاره‌تێكی‌ دیكه‌ دابنرانایه‌ له‌ بری‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ كابینه‌یه‌كدا (5) وه‌زیری‌ پزیشك دابنرێن، كه‌ ته‌نیا   وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌  پێویستی‌ به‌ وه‌زیرێكی‌ پزیشكه‌.

دانانه‌وه‌ی‌ وه‌زیرانی‌ كابینه‌ی‌ پێشو 
له‌ كابینه‌ی‌ شه‌شه‌می‌ حكومه‌ت (4) وه‌زیری‌ كابینه‌ی‌ پێشو دانرانه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ (دارایی‌، ناوخۆ، پێشمه‌رگه‌‌و سامانه‌ سروشتییه‌كان)، كه‌ به‌ بڕوای‌ عوسمان بانیمارانی‌ ئه‌ندامی‌ پێشوی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان زه‌حمه‌ته‌ له‌م كابینه‌ نوێیه‌ی‌ حكومه‌تدا گۆڕانكاریی‌‌و نوێبونه‌وه‌‌و به‌ره‌وپێشچون ببینرێت، چونكه‌ "دانانه‌وه‌ی‌ (4) له‌ وه‌زیرانی‌ كابینه‌ی‌ پێشو، هه‌مو ئاواتێكی‌ خه‌ڵكی‌ به‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌ت له‌باربرد‌و جێگه‌ی‌ پرسیاره‌‌و ته‌نیا دو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار خۆیان ده‌توانن وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر وه‌ڵامیان پێبێت".

  حكومه‌تی‌ نوێ‌ ته‌نیا گۆڕانكارییه‌ له‌ ناوی‌ وه‌زیره‌كاندا
بۆچونێكیش هه‌یه‌ پێی‌ وایه‌؛ كه‌ دانانه‌وه‌ی‌ وه‌زیرانی‌ كابینه‌ی‌ پێشو و یان گۆڕینیان گرنگییه‌كی‌ ئه‌وتۆی‌ نییه‌، به‌ وته‌ی‌ سه‌ركه‌وت حه‌سه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پێشوی‌ ئاسایشی‌ گشتیی‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ گۆڕینی‌ حكومه‌ت‌و هاتنی‌ كابینه‌ی‌ نوێ‌ ته‌نیا گۆڕانكارییه‌ له‌ ناوی‌ وه‌زیره‌كاندا، ئه‌گه‌رنا  هه‌یكه‌لی‌ وه‌زاره‌ت‌و كارمه‌نده‌كان هه‌روه‌ك خۆیانن، هه‌ربۆیه‌ هیچ گۆڕانكارییه‌ك چاوه‌ڕوان ناكرێت له‌م حكومه‌ته‌.

وه‌زیری‌ دارایی‌ بۆ دانرایه‌وه‌؟
به‌ بڕوای‌ شاره‌زایانی‌ بواری‌ دارایی‌‌و ئابوری‌،  ئه‌گه‌ر وه‌زیرێك مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌بێت دابنرێته‌وه‌ بۆ كابینه‌ی‌ نوێ‌، ئه‌وا بایز تاڵه‌بانی‌  وه‌زیری‌ داراییه‌، چونكه‌ هیچ له‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ نه‌بردوه‌ته‌ سه‌ر، كه‌ به‌خه‌ڵكیان دابو.

 هاوار ره‌ئوف شاره‌زای‌ بواری‌ دارایی‌ بۆ رۆژنامه‌ رایگه‌یاند: "نازانرێت وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌   یه‌كیگرتوه‌ته‌وه‌ یان نا، چونكه‌ هه‌تا وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ له‌ سلێمانی‌ بمێنێت‌و فه‌رمانبه‌ر‌و جێگری‌ وه‌زیر هه‌بێت ‌و ده‌وام بكه‌ن، ئه‌وا ئه‌و دو وه‌زاره‌ته‌ به‌ ره‌سمیی‌ یه‌كیاننه‌گرتوه‌ته‌وه‌، ئه‌و شاره‌زا داراییه‌ وتیشی‌: "له‌ چوار ساڵی‌ رابردودا بودجه‌یه‌كی‌ خه‌یاڵی‌ دراوه‌ به‌ حیزبه‌كان به‌تایبه‌ت یه‌كێتی‌‌و پارتی‌  به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ یاسایه‌ك هه‌بێت بۆ پێدانی‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ به‌ حیزب بێ‌ لێپرسینه‌وه‌، ئه‌مه‌ به‌شێوازێك له‌ شێوازه‌كان ده‌توانرێت به‌ گه‌نده‌ڵیی‌ دابنرێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵیی‌ بریتیی‌ بێت له‌ به‌كارهێنانی‌ پێگه‌ی‌ شه‌خسی‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ خۆیی‌‌و خێزانه‌كه‌ی‌، ئه‌وا حیزب وه‌زیره‌كه‌ی‌ خۆیی‌‌و پێگه‌كه‌ی‌ خۆی‌  به‌كارهێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ داهاتی‌ گشتیی‌ بودجه‌ بۆ حیزبه‌كه‌ی‌ دابینبكات.

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌ كابینه‌ی‌ پێشودا كارمه‌نده‌ حیزبییه‌كان موچه‌یان له‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ وه‌رگرتوه‌، به‌پێی‌ وه‌زیفه‌ی‌ حكومیی‌ كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هه‌ره‌ سه‌رپێچییه‌  یاساییه‌كان.

 به‌ وته‌ی‌ هاوار، وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ له‌ ماوه‌ی‌ رابردودا  هیچ كات له‌ كاتی‌ خۆیدا نه‌یتوانیوه‌ بودجه‌ ره‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مان بكات‌و حساباتی‌ خیتامیش ره‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مان نه‌كراوه‌، ئه‌گه‌ر كرابێتیش زۆر كه‌موكوڕی‌ تێدابو، هه‌ربۆیه‌ دانانه‌وه‌ی‌ وه‌زیری‌ دارایی‌ له‌لایه‌ن هه‌ردو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هیچ مانایه‌كی‌ نییه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌نه‌بێت كه‌ ئه‌و وه‌زیره‌ گوێڕایه‌ڵی‌ حیزبه‌.

وه‌زیری‌ وه‌زاره‌تی‌ "جانتاكه‌" دانرایه‌وه‌
له‌ (4) ساڵی‌ رابردو وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان به‌ وه‌زاره‌تی‌ جانتا ده‌ناسرا به‌ وته‌ی‌ خودی‌ ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان، كه‌ له‌به‌رده‌م خولی‌ پێشوی‌ په‌رله‌ماندا وتی‌: له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا له‌ كابینه‌ی‌ شه‌شه‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌و وه‌زیری‌ وه‌زاره‌تی‌ جانتا جارێكی‌ دیكه‌ دانرایه‌وه‌، عوسمان بانیمارانی‌ په‌رله‌مانتاری‌ پێشوی‌ كوردستان، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا؛ كه‌ ئه‌گه‌ر وه‌زیرێك له‌ (4) ساڵی‌ رابردودا وه‌زیری‌ جانتا بوبێت، ده‌بێت چ كارێكی‌ له‌ خزمه‌تی‌ خه‌ڵكدا كردبێت تا شایه‌نی‌ ئه‌وه‌بێت، كه‌ بۆ (4) ساڵی‌ داهاتوش بكرێته‌وه‌ به‌ وه‌زیری‌ جانتا بۆ وه‌زاره‌تێكی‌ گرنگی‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان.

وه‌زیری‌ ناوخۆ ده‌بێت بێلایه‌ن بێت
 له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌  توانراوه‌ له‌ (4) ساڵی‌ رابردودا ئاسایش‌و هێمنی‌ له‌ هه‌رێم بسه‌پێنرێت، به‌ڵام وه‌ك نه‌ریمان عه‌بدولقادر په‌رله‌مانتاری‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئاماژه‌ی‌ پێدا  له‌ روی‌ ئازادیی‌ راده‌ربڕین‌و رۆژنامه‌گه‌رییه‌وه‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ كه‌مته‌رخه‌میی‌ هه‌یه‌‌و له‌ كاتی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا نه‌توانراوه‌ بێلایه‌ن بن، زۆرترین نانبڕاوكردن‌و ده‌ركردنی‌ خه‌ڵك له‌سه‌ر بیروبۆچونی‌ سیاسیی‌ له‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ (25/7) له‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ بوه‌ ره‌نگه‌ خودی‌ وه‌زیر به‌ هه‌ندێك له‌و كارانه‌ رازی‌ نه‌بوبێت، به‌ڵام رێگه‌شی‌ له‌وانه‌ی‌ خوارخۆی‌ نه‌گرتوه‌.

نه‌ریمان عه‌بدولقادركه‌ پێشتر كارمه‌ندی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ بوه‌  پێی‌ وابو؛ كه‌ زۆر پێویسته‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ بێلایه‌ن بێت‌و وه‌زیر‌و جێگره‌كه‌ی‌ حیزبی‌ نه‌بن،    به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌زیر‌و جێگری‌ وه‌زیری‌ ناوخۆ كه‌سانی‌ حیزبین‌و سه‌ر به‌ دو حیزبی‌ جیاوازن   و  به‌پێی‌ بۆچونی‌ حیزبه‌كانیان كارده‌كه‌ن.
 
یه‌ك وه‌زیر‌و دو وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌  
به‌ وته‌ی‌ به‌رپرسانی‌ باڵای‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌، تائێستا ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ به‌ ره‌سمیی‌ یه‌كینه‌گرتوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ دو وه‌زاره‌ت هه‌ن كه‌ به‌ دو سیستمی‌ جیا كار ده‌كه‌ن، به‌ڵام یه‌ك وه‌زیریان هه‌یه‌، دلاوه‌ر حاجی‌ عوسمان وه‌ك ئه‌ندامێكی‌ پێشوی‌ فه‌رمانده‌یی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌، له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌ پێی‌ وابو؛ كه‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌  وه‌زاره‌تێكی‌ حیزبییه‌، نه‌ك حكومیی‌‌و ئه‌ركی‌ به‌ڕێكردنی‌ كاره‌كانی‌ حیزب بوه‌، نه‌ك كاری‌ حكومیی‌‌و هیچ كارێك نابینرێت، كه‌ كرابێت له‌و وه‌زاره‌ته‌‌و وه‌زیره‌كه‌ی‌ شایه‌نی‌ ئه‌وه‌ بێت دابنرێته‌وه‌،  ته‌نیا ئه‌وه‌نه‌بێت كه‌ كه‌سێكی‌ حیزبییه‌.

به‌ وته‌ی‌ ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ پێشوی‌ فه‌رمانده‌یی‌ هه‌ركاتێك وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ ره‌سمیی‌ یه‌كیگرته‌وه‌‌و هێزی‌ چه‌كداری‌ حیزب نه‌ما‌و یه‌ك سوپا له‌ژێر فه‌رمانده‌یی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمدا دانرا‌و كێشه‌ی‌ موچه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌‌و یه‌كخستنی‌ ئه‌و موچه‌یه‌ له‌ هه‌ولێر‌و سلیمانی‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ سه‌رف ده‌كرێت كرا، ئه‌وكات ده‌توانرێت بوترێت هه‌ردو وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ یه‌كیانگرتوه‌ته‌وه‌‌و وه‌زاره‌تیش كاره‌كانی‌ سه‌ركه‌وتو بوه‌.

Sbeiy.com © 2007