Print
 نه‌وشیروان مسته‌فا: ده‌مانه‌وێت نه‌ریتێكی تازه‌ی سیاسیی دابێنین
Wednesday, November 11, 2009

سازدانی: هۆشیار عه‌بدوڵڵا
له‌م دیداره‌دا نه‌وشیروان مسته‌فا تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر خۆرێكخستنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و میكانزمه‌كانی ئه‌و رێكخستنه‌وه‌یه‌‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ئێستا شێوه‌یه‌كی تازه‌ی رێكخراوه‌ییان ده‌ستپێكردوه‌، كه‌ جیاوازه‌ له‌ حیزبه‌ ته‌قلیدییه‌كانی ئێستای كوردستان به‌ تایبه‌تی له‌ دو حیزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌و هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌م حیزبه‌ مه‌سره‌فی كه‌م بێت‌و به‌رهه‌می زۆر بێت هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌م حیزبه‌ باره‌گای كه‌م بێت، به‌ڵام په‌ل‌وپۆو رایه‌ڵی فراوانی‌ هه‌بێت هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌م حیزبه‌ كاروباره‌كانی هه‌موی رۆشن بێت شه‌فاف بێت سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی شه‌فاف بێت سه‌ركردایه‌تییه‌ فه‌رعییه‌كانی شه‌فاف بێت كاروباره‌كانی شه‌فاف بێت‌و خه‌ڵك بیبینێت‌و خه‌ڵك ئاگادار بێت‌و خه‌ڵك خۆیان به‌شدار بن له‌ كاروباره‌كانیدا.

KNN: داهاتوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چی به‌سه‌ر دێت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ده‌ستی پێكردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بێت ده‌ستی پێكردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێبازێكی تازه‌ له‌ جوڵانه‌وه‌ی كورددا له‌ ژیانی سیاسیی كوردستانی عێراقدا بێنێته‌ كایه‌وه‌، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ده‌بێت به‌ هێزێكی گه‌وره‌ به‌ڵكو ده‌توانم بڵێم؛ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌بێته‌ هێزێكی سه‌ره‌كی، ئه‌م هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌ له‌ پێناوی دو ئه‌ركی سه‌ره‌كیدا كار ده‌كات، كه‌ لایه‌كیان بریتییه‌ له‌ به‌دیهێنانی خواسته‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان له‌ كوردستانی عێراقداو له‌سه‌ر ئاستی كوردستان هه‌وڵده‌دات بۆ عه‌داڵه‌تی ئیجتماعی‌و خواسته‌كانی دیكه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی عێراقدا هه‌وڵده‌دات بۆ به‌دیهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد، كه‌ له‌ ده‌ستوری عێراقدا جێبه‌جێ‌ كراوه‌، وه‌ ئه‌مه‌ ئومێدمان وایه‌ ببێت به‌ هێزی سه‌ره‌كی ناو مه‌یدانی جوڵانه‌وه‌كه‌.

KNN: كاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتوه‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ره‌سمیی رێك بخه‌ن‌و باره‌گا بكه‌نه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمیی كار بكه‌ن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵێ‌، كاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌و ده‌ستیشمان پێكردوه‌ ئێمه‌ له‌پێش هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان‌و جۆرێك له‌ كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك‌و جۆرێك له‌خۆ رێكخستنمان ده‌ست پێ‌ كردبو و ئێستا خه‌ریكی خۆرێكخستنین خه‌ریكی خۆ ئاماده‌كردنین بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتو ‌و ئه‌و خۆڕێكخستنه‌ی كه‌ له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌مدا ده‌ستمان پێكردوه‌ ئێستا درێژه‌ی پێ‌ ده‌ده‌ین‌و خه‌ریكین باشتر رێكی بخه‌ین‌و له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی داهاتوی په‌رله‌مانی عێراقیش هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بین.

KNN: بۆچی ئه‌م رێكخستنه‌وه‌یه‌ جۆرێك له‌ دواكه‌وتنی پێوه‌ دیاره‌؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: جۆرێك له‌ دواكه‌وتنی پێوه‌ دیاره‌، به‌ڵام ئێمه‌ دوانه‌كه‌وتوین، ئێمه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ هه‌موی خه‌ریكی گفتوگۆ بوین له‌ناو خۆماندا بۆ ئه‌وه‌ی شێوه‌یه‌كی تازه‌ی رێكخراوه‌یی بدۆزینه‌وه‌ هه‌وڵمان داوه‌و داوامان له‌ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی شاره‌زا كردبو، كه‌ پێشنیازو بیرو بۆچونه‌كانی‌ خۆیانمان بۆ بنوسن به‌ سه‌دان وتار له‌ رۆژنامه‌كان‌و له‌ گۆڤاره‌كان‌و له‌ سایته‌كاندا نوسراوه‌ هه‌مویمان خوێندوه‌ته‌وه‌و هه‌وڵمانداوه‌ شێوه‌یه‌كی تازه‌ی‌ خۆرێكخستن بۆ جوڵانه‌وه‌كه‌ ئاماده‌ بكه‌ین‌و كردوشمانه‌.

KNN: ئه‌م شێوازی رێكخستنه‌وه‌یه‌ چۆنه‌؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: گرنگترین مه‌سه‌له‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ نامانه‌وێت ته‌جروبه‌ی حیزبه‌كانی رابردو دوباره‌ بكه‌ینه‌وه‌و نامانه‌وێت ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی‌، كه‌ له‌ حیزبه‌كانی دیكه‌دا هه‌بون له‌م رێكخستنه‌دا دوباره‌ بێته‌وه‌.

KNN: ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ چین؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ له‌ سه‌روی هه‌مویانه‌وه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌یه‌، كه‌ حیزبه‌كانی ئێستا ده‌یده‌ن بۆ قۆرغكردنی گۆڕه‌پانی كاركردن بۆ به‌ حیزبیكردنی كۆمه‌ڵگه‌، بۆ به‌ حیزبیكردنی بازاڕ، بۆ به‌ حیزبیكردنی زانكۆكان، بۆ به‌ حیزبیكردنی دادگاكان، بۆ به‌ حیزبیكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان نه‌ته‌وه‌ی كوردو به‌غدا، نێوان نه‌ته‌وه‌ی كوردو گه‌لانی دراوسێ‌، نێوان كورد‌و وڵاتانی‌ دیكه‌ی دونیا، ده‌مانه‌وێت چه‌مكی حیزبی بون ببێت به‌ چه‌مكێكی سیاسیی جیاواز له‌ چه‌مكی هاوڵاتی بون، ئێستا چه‌مكی هاوڵاتی بون خه‌ریكه‌ وای لێ دێت ببێت به‌ چه‌مكی حیزبی بون، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت جارێكی دیكه‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌مان بینا بكرێته‌وه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی هاوڵاتی بونی كوردستانی، نه‌ك له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌وه‌ی كه‌ تۆ ئه‌ندامی له‌ فڵان حیزبدا یاخود حیزبیت، یان جیزبی‌ نیت.

KNN: دواجار گه‌یشتن به‌و فۆرمه‌، یا به‌و شێوه‌ رێكخستنه‌ كه‌ خۆتان ده‌تانه‌وێت، كه‌ دور بێت له‌و نه‌خۆشیانه‌ لانیكه‌م؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه‌ ئێستا شێوه‌یه‌كی تازه‌ی رێكخراوه‌ییمان ده‌ستپێكردوه‌، كه‌ پێموایه‌ جیاوازه‌ له‌ حیزبه‌ ته‌قلیدییه‌كانی ئێستای كوردستان به‌ تایبه‌تی له‌ دو حیزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌و هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌م حیزبه‌ مه‌سره‌فی كه‌م بێت‌و به‌رهه‌می زۆر بێت هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌م حیزبه‌ باره‌گای كه‌م بێت، به‌ڵام په‌ل‌وپۆو رایه‌ڵی فراوانی‌ هه‌بێت هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌م حیزبه‌ موچه‌خۆری زۆر كه‌می‌ هه‌بێت، به‌ڵام فراوانترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا ببێت، هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌م حیزبه‌ كاروباره‌كانی هه‌موی رۆشن بێت شه‌فاف بێت سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی شه‌فاف بێت سه‌ركردایه‌تییه‌ فه‌رعییه‌كانی شه‌فاف بێت كاروباره‌كانی شه‌فاف بێت‌و خه‌ڵك بیبینێت‌و خه‌ڵك ئاگادار بێت‌و خه‌ڵك خۆیان به‌شدار بن له‌ كاروباره‌كانیدا.

KNN: هێڵه‌ گشتییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م رێكخستنه‌وه‌ی ئێوه‌، ئه‌گه‌ر بكرێت زیاتر باسی بكه‌یت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: جیاوازی به‌ینی رێكخستنه‌وه‌ی ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌ ناو بیڵێین یه‌كێتی‌و پارتیدا، كه‌ دو حیزبی سه‌ره‌كین ئه‌وه‌یه‌؛ ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه‌ نابێته‌ خاوه‌نی رێكخستنێكی هه‌ره‌می، نابێته‌ خاوه‌نی رێكخستنێكی عه‌مودی به‌ مانایه‌كی دیكه‌ ئێمه‌ نه‌ مه‌كته‌بی سیاسیمان ده‌بێت، نه‌ كۆمیته‌ی‌ سه‌ركردایه‌تیمان ده‌بێت، به‌ڵكو به‌و شكڵه‌ ده‌ستمان پێ‌ نه‌كردوه‌، كه‌ ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ یاخود له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌، به‌ڵكو له‌ ناوه‌ڕاسته‌وه‌ ده‌ستمان پێ‌ كردوه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین هه‌مو پارێزگایه‌ك ئه‌نجومه‌نی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت‌و هه‌مو قه‌زایه‌ك ئه‌نجومه‌نی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت‌و به‌ رایه‌ڵه‌یه‌كی پته‌و ئه‌نجومه‌نی قه‌زاكان له‌گه‌ڵ‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگادا ده‌به‌سترێته‌وه‌، ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بریتیی ده‌بێت له‌ رایه‌ڵه‌ی جۆراوجۆر له‌وانه‌: رایه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی، رایه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندی پیشه‌یی، رایه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندی رێكخراوه‌پیشه‌ییه‌كان، رایه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندی سیاسیی، رایه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندی میدیایی له‌ هه‌مان كاتدا نوێنه‌رایه‌تی فراكسیۆنه‌كانی تیادا بێت له‌ پاشه‌ڕۆژێكی نزیكدا، كه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ به‌غدا كرا نوێنه‌ری‌ فراكسیۆنه‌كه‌ی به‌غداشی تێدا بێت له‌ هه‌مو پارێزگاكاندا نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی تێدا ده‌بێت، به‌ شێوه‌یه‌كی وابێت كه‌ شێوه‌یه‌كی عه‌مودی نییه‌، به‌ڵكو شێوه‌یه‌كی ئوفوقی هه‌یه‌ شێوه‌یه‌كی پان‌و پۆڕی هه‌یه‌، شێوه‌ی‌ فه‌رشی هه‌یه‌و هه‌وڵده‌ده‌ین هه‌مو توێژه‌كانی كۆمه‌ڵی‌ كورد تیایدا به‌شداری بكه‌ن‌و وابێت كه‌ هه‌ركه‌سێك بتوانێت هه‌ر پارێزگایه‌ك هه‌ست به‌وه‌ نه‌كات پارێزگایه‌كی دیكه‌ی به‌سه‌ریدا زاڵ‌ ده‌بێت، به‌شه‌كه‌ی ده‌خوات له‌ پاشاندا ئه‌م ئه‌نجومه‌نی پارێزگایانه‌، كه‌ دروست ده‌بێت خۆشیان له‌ به‌ینی خۆیاندا جۆرێك له‌ هاوكاریی‌و ته‌نسیق‌و سه‌ركردایه‌تییه‌كی هاوبه‌ش دروست ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا خۆیان جۆرێك له‌ سه‌ربه‌خۆیی‌و تایبه‌تمه‌ندێتی تایبه‌تی‌ خۆیان ده‌پارێزن‌و له‌ چوارچێوه‌ی ئامانجه‌ گشتییه‌كاندا پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ پارێزگاكانی دیكه‌یشدا كارده‌كه‌ن.

KNN: فۆرمی سه‌ركردایه‌تییه‌ گشتییه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت له‌نێوان پارێزگاكاندا پێك ده‌هێنرێت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵێ‌، له‌ناو پارێزگاكان پێك ده‌هێنرێت.

KNN: ئه‌ی سه‌رۆكی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: یه‌كێك له‌و شتانه‌ی، كه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌مجاره‌ گۆڕینی تێدا بكه‌ین ده‌مانه‌وێت چه‌مكی سه‌رۆكی مه‌ده‌لحه‌یات كۆتایی پێ‌ بێنین، من له‌ راستیدا سه‌رۆكی بزوتنه‌وه‌كه‌ نیم به‌ گوێره‌ی‌ قانونی عێراقی‌و به‌ گوێره‌ی‌ مفوه‌زییه‌تی‌ عولیا هه‌مو لیستێك، كه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێت ده‌بێت لیسته‌كه‌ هه‌ر به‌ ره‌سمیی سه‌رۆكێكی هه‌بێت پێی ده‌ڵێن :سه‌رۆكی لیستی فڵان من بۆیه‌ پێیان وتم سه‌رۆكی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی لیستی گۆڕان بوم له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان‌و ئێستا فراكسیۆنه‌كه‌مان سه‌رۆكی خۆی هه‌یه‌، وه‌كو باسمكرد ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت نه‌ریتێكی تازه‌ی سیاسیی دابێنین ئه‌ویش كۆتایی هێنانه‌ به‌ سه‌رۆكی مه‌ده‌لحه‌یات، ئه‌ندام مه‌كته‌بی سیاسیی مه‌ده‌لحه‌یات، ئه‌ندام سه‌ركردایه‌تی مه‌ده‌لحه‌یات ئه‌مانه‌ قابیلی گۆڕین‌و تازه‌بونه‌وه‌و نوێبونه‌وه‌بێت.

KNN: واته‌ یه‌ك تاك مه‌رجه‌عییه‌ت، یاخود یه‌ك ئه‌وه‌ی‌ نابێت، كه‌ ببێت به‌ مه‌رجه‌عییه‌ت یاخود به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسۆیی ده‌مێنێته‌وه‌؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵێ‌ بێگومان ئه‌و سه‌رۆكایه‌تییه‌، یا ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه‌ی‌ كه‌ دێته‌ پێشه‌وه‌ هه‌میشه‌ له‌ نوێبونه‌وه‌و قابیلی تازه‌ بونه‌وه‌دایه‌ به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌ی، كه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان‌و ئه‌نجومه‌نه‌ گشتییه‌كه‌ی كه‌ بۆ هه‌مو پارێزگاكان داده‌نرێت ئه‌وان ده‌توانن ناو به‌ناو بیگۆڕن له‌ ئاینده‌دا ره‌نگه‌ كۆبونه‌وه‌ی فراوان بكرێت كۆبونه‌وه‌ی گه‌وره‌ بكرێت، كه‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌مو ئه‌وانه‌ی‌ تێدا بێت وه‌كو باسم كرد یه‌كێك له‌و نه‌ریتانه‌ی، كه‌ ئێمه‌ دایده‌هێنین ئه‌وه‌ ده‌بێت، كه‌ كۆتایی بێنین به‌ سه‌رۆك‌و سه‌ركردایه‌تی مه‌ده‌لحه‌یات.

KNN: وه‌ك یه‌كێك له‌ هاوڕێكان پرسیویه‌تی‌ جۆرێك له‌ فره‌ ره‌نگی‌و فره‌ بۆچونی له‌ناو گۆڕاندا كۆبوه‌ته‌وه‌و گوزارشتێكی وای كردوه‌ وه‌كو په‌لكه‌ زێرینه‌ ره‌نگاوره‌نگن، به‌ڵام هاو هه‌ڵوێستن ئه‌م هه‌ماهه‌نگی‌و هاوهه‌ڵوێستییه‌ چۆن ده‌توانن بپارێزن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵێ‌ ئه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ شانازییه‌كانی ئێمه‌ من زۆر به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ده‌ڵێم، كه‌ له‌ناو ئێمه‌ بیرو بۆچونی جیاواز هه‌یه‌، ئایدیۆلۆژی جیاواز هاتوه‌و ئێمه‌ پێمان وایه‌؛ حیزبی تاك ئایدیۆلۆژی سه‌رده‌مه‌كه‌ی تێپه‌ڕیوه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ قۆناغی ئێستای كوردستانی عێراقدا كۆمه‌ڵێك ئامانجی هاوبه‌ش هه‌یه‌، كه‌ توێژه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ جیاوازه‌كان كۆده‌كاته‌وه‌و كۆمه‌ڵێك ئامانجی هاوبه‌ش هه‌یه‌ سه‌ره‌ڕای جیاوازی بیرو بۆچونی سیاسیی‌ جیاواز سه‌ره‌ڕای ئایدیولۆژی جیاواز سه‌ره‌ڕای جیاوازی ناوچه‌یی سه‌ره‌ڕای هه‌موی ئه‌وانه‌ كۆمه‌ڵێك ئامانجی هاوبه‌ش هه‌یه‌، كه‌ ئێمه‌ ده‌توانین له‌ ده‌وری كۆببینه‌وه‌ له‌ سه‌روی هه‌مویانه‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی عه‌داله‌تی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌ مه‌سه‌له‌ی جیاكردنه‌وه‌ی حیزبه‌ له‌ حكومه‌ت، مه‌سه‌له‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چه‌مكی هاوڵاتی بون دور له‌ ئینتیمای حیزبی بهێنینه‌وه‌ بۆ ناو كوردستانی عێراق‌و مافی مرۆڤ مه‌حه‌لی ره‌خساندنی‌ هه‌لی یه‌كسان بۆ هه‌مو هاوڵاتیان‌و مه‌سه‌له‌ی دیموكراسیی‌و مه‌سه‌له‌ی فره‌یی ئه‌مجۆره‌ شتانه‌ ئه‌مه‌ شتی‌ هاوبه‌شه‌ له‌ به‌ینی هه‌مو ئه‌و بیروبۆچونه‌ ره‌نگاوڕه‌نگانه‌ ئه‌و په‌ڵكه‌زێرینه‌یه‌یه‌ی‌، كه‌ ئه‌و برایه‌ باسی كردوه‌و ئێمه‌ ئومێدمان وایه‌ تا ماوه‌یه‌كی درێژتریش ئێمه‌ ده‌توانین له‌ كوردستانی عێراقدا به‌و په‌لكه‌ زێرینه‌ییه‌ درێژه‌ به‌ كارو خه‌بات‌و تێكۆشانی خۆمان بده‌ین.

KNN: پرسیاری كوردستانم لێ كردیت، ئه‌ی سه‌باره‌ت به‌ ئه‌وروپا رێكخستنه‌كانتان چۆن رێكخستوه‌ته‌وه‌، ئایا بیرتان له‌وه‌ كردوه‌ته‌وه‌ فۆرمێك، یاخود ئالیه‌تێكیش بۆ ئه‌وروپا رێك بخه‌ن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وروپا بێگومان جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ‌ كوردستانی عێراقدا هه‌لومه‌رجی ژیان له‌ ئه‌وروپا به‌تایبه‌تی به‌ نیسبه‌ت ره‌وه‌ندی كوردییه‌وه‌ له‌ ئه‌وروپا جیاوازی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ كوردستانی عێراق، له‌ كوردستانی عێراقدا تۆ ده‌توانیت له‌ چوارچێوه‌ی ناحیه‌و قه‌زاو پارێزگا له‌سه‌ر بنچینه‌ی پیشه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی توێژی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له‌وانه‌ ده‌توانیت ناوچه‌كان رێك بخه‌یت ئه‌وروپا تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌، جالیه‌ی‌ كوردی له‌ ئه‌وروپا ره‌وه‌ندی كوردی له‌ ئه‌وروپا ره‌وه‌ندێكی گه‌وره‌یه‌‌و ره‌وه‌ندێكی جۆراوجۆره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ رێزی تایبه‌تمه‌ندێتی‌ ئه‌وروپا ده‌گرین ئه‌و جۆره‌ رێكخستنه‌ی، كه‌ له‌ كوردستاندا به‌ده‌ستمانه‌وه‌یه‌ له‌ ئه‌وروپا جۆرێكی دیكه‌ ده‌بێت له‌ ئه‌وروپا بێگومان ده‌ست پێشخه‌رییه‌كه‌ له‌وانه‌وه‌ هاتوه‌ته‌ پێشه‌وه‌ داهێنانێكی تازه‌یان كردوه‌، كه‌ نیشانه‌ی هوشیاریی سیاسییه‌كی قوڵه‌ به‌ نیسبه‌ت ره‌وه‌ندی‌ كوردییه‌وه‌ له‌ ئه‌وروپا هه‌ر له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ ره‌وه‌ندی كوردی له‌ ئه‌وروپا به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ ئامۆژگارییه‌ك له‌ ئێمه‌ وه‌ربگرن فه‌رمانێك له‌ ئێمه‌ وه‌ربگرن ده‌ستورێك له‌ ئێمه‌ وه‌ربگرن داوایه‌ك له‌ ئێمه‌ وه‌ربگرن، خۆیان هه‌ستیان به‌ پێویستیی قۆناغه‌كه‌ هه‌ستیان به‌ پێویستی خۆرێكخستن كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ سه‌دان گروپ‌و كۆمیته‌و تاقمی جۆراوجۆر به‌ناوی پشتیوانی كردنی لیستی گۆڕانه‌وه‌ دروست كرد خۆیان رێكخست، كۆبونه‌وه‌، پاره‌یان كۆكرده‌وه‌ پیتاكیان كۆكرده‌وه‌، پشتیوانیان كرد له‌م جوڵانه‌وه‌یه‌، ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا داهێنانێكی تازه‌یه‌ له‌ جوڵانه‌وه‌ی كورددا، كه‌ هه‌زاران كه‌س به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌كه‌وه‌ هانبدرێن، یان داوایان لێبكرێت خۆیان خۆیان رێكبخه‌ن، ئێمه‌ له‌ ئه‌وروپا ره‌وه‌ندی كوردی تیایدایه‌ سه‌ر به‌ دینێكی جیاوازه‌ تیایدایه‌ سه‌ر به‌ مه‌زهه‌بێكی جیاوازه‌، تیایدایه‌ سه‌ر به‌ ناوچه‌یه‌كی جیاوازه‌، تیایه‌تی سه‌ر به‌ توێژێكی كۆمه‌ڵایه‌تی جیاوازه‌ ئێمه‌ حورمه‌تی هه‌مو ئه‌م جیاوازیانه‌ ده‌گرین مه‌سه‌له‌ن ئه‌گه‌ر یه‌زیدییه‌كان بۆ خۆیان گروپێكیان رێكخست‌و شیعه‌ بۆ خۆیان گروپێكیان رێكخست‌و فه‌یلییه‌كان بۆ خۆیان گروپێكیان رێكخست‌و كاكه‌ییه‌كان بۆ خۆیان گروپێكیان رێكخست، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ولێرییه‌كان یاخود زاخۆییه‌كان یا سلێمانییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌ساسی ناوچه‌ خۆیان رێكخست گرنگترین شت ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئێمه‌ هه‌وڵبده‌ین چوارچێوه‌ی ئه‌و ئامانجه‌ هاوبه‌شانه‌ی كه‌ ئێستا له‌ كوردستانی عێراق‌و ره‌وه‌ندی كوردی له‌ ده‌ره‌وه‌ ئیشی بۆ ده‌كات هه‌وڵبده‌ین چوارچێوه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ بكێشین له‌ناو ئه‌و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌مو بۆ ئه‌وه‌ كار بكه‌ین ئێمه‌ له‌ كوردستانی عێراق به‌ده‌ستمانه‌وه‌یه‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتودا ده‌سته‌یه‌ك راده‌سپێرین، كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ‌ هه‌مو ئه‌و گروپانه‌ی ده‌ره‌وه‌ بكات‌و سه‌ره‌ڕای جیاوازی بیروبۆچونیان‌و سه‌ره‌ڕای جیاوازی شێوه‌ی رێكخستنه‌كانی‌، كه‌ خۆیان به‌ چاكی ده‌زانن به‌ نیسبه‌ت وڵاته‌كانی خۆیانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌مویاندا په‌یوه‌ندی ده‌كه‌ین‌و هه‌وڵده‌ده‌ین جۆرێك له‌ ته‌نسیق‌و هه‌ماهه‌نگی له‌ به‌ینی هه‌مو ئه‌و گروپانه‌دا دروست بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی ئامانجی هاوبه‌شدا بتوانین كاری هاوبه‌ش بكه‌ین، شه‌رت نییه‌ ئێمه‌ رێكخستنی یه‌كگرتومان هه‌بێت، یا یه‌ك رێكخستنمان هه‌بێت، یا یه‌ك مه‌ركه‌زی رێكخراوه‌ییمان هه‌بێت.

KNN: وه‌كو باسی ده‌كه‌ین به‌م شێوه‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌تان رێكخستوه‌ته‌وه‌و فراكسیۆنێكی په‌رله‌مانیتان هه‌یه‌ وه‌كو ئه‌مرێكی واقیع وه‌كو هێزێك له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستاندا سروشتی مامه‌ڵه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كان وه‌كو له‌ دیداره‌كانی رابردوشدا باستكردوه‌ جۆرێك له‌ دژایه‌تی پێوه‌ دیاره‌، ئه‌م دژایه‌تیكردنه‌ تا كوێ‌ بڕده‌كات‌و تا چه‌ند قبوڵی ده‌كه‌ن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه‌ ئومێدمان وایه‌ كه‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌یش به‌تایبه‌ت یه‌كێتی‌و پارتی به‌ چاوی دوژمن ته‌ماشای ئێمه‌ نه‌كه‌ن، ئێمه‌ خه‌ڵكی یه‌ك وڵاتین‌و خه‌ڵكی كوردستانی عێراقین‌و هه‌مومان چاره‌نوسمان به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌ستراوه‌‌و ژیانمان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستراوه‌ خۆشی‌و ناخۆشیمان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستراوه‌، ئێمه‌ به‌ چاوی دوژمن ته‌ماشای هیچ لایه‌نێكی كوردستانی ناكه‌ین هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنچینه‌یه‌شه‌ ئێمه‌ پێمان خۆشه‌ ده‌رگای گفتوگۆ، ده‌رگای وتوێژ، دانوستاندن پێكه‌وه‌ كاركردن، ده‌رگای دۆزینه‌وه‌ی زمانی هاوبه‌ش بۆ كاری هاوبه‌ش، بۆ ئامانجی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ‌ یه‌كێتی‌و پارتیش بكه‌ینه‌وه‌.

KNN: سه‌باره‌ت به‌ سه‌رچاوه‌ی داراییتان وه‌ك هاوڕێیه‌ك پرسیویه‌تی ده‌توانن، كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی كه‌ له‌به‌رده‌متاندایه‌ بۆ په‌رله‌مانی عێراقی ته‌مویل بكه‌ن سه‌باره‌ت به‌ سه‌رچاوه‌ی دارایی ئێوه‌ چی ده‌ڵێن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌مه‌ دو لایه‌نی هه‌یه‌، یه‌كێكیان ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستاندا (25) كورسیمان هه‌یه‌‌و یه‌كێتی‌و پارتی به‌ هه‌ردوكیان (59) كورسیان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر (59)كه‌ی ئه‌وان دابه‌ش بكه‌ین یه‌كێكیان (29)ی به‌رده‌كه‌وێت‌و یه‌كێكیشیان (30) به‌رده‌كه‌وێت له‌ هه‌ردو حاڵه‌ته‌كه‌دا یه‌كێكیان (5) كورسیی له‌ ئێمه‌ زیاتره‌و یه‌كێكیشیان (4) كورسیی، ئه‌م دو حیزبه‌ هه‌ریه‌كه‌ی نزیكه‌ی‌ (30) ملیۆن یان زیاتر مانگانه‌ له‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌رده‌گرن بۆ مه‌سره‌فی حیزبه‌كانی خۆیان، ئێمه‌ پڕۆژه‌یه‌كمان ته‌قدیمی په‌رله‌مان كردوه‌ بۆ رێكخستنی یارمه‌تی دارایی هه‌مو حیزبه‌ سیاسییه‌كان‌و قه‌واره‌ سیاسییه‌كان، ئێمه‌ ئومێدمان وایه‌ ئه‌مه‌ له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتودا جێبه‌جێ‌ بكرێت ئه‌وساكه‌ یه‌كێتی‌و پارتی‌و هه‌مو حیزبه‌كانی دیكه‌ی‌ كوردستان به‌ گوێره‌ی ئه‌و قانونه‌ی، كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ده‌رده‌چێت یارمه‌تی دارایی بدرێن ئێمه‌ش به‌ قه‌ده‌ر قه‌واره‌ی خۆمان وه‌كو قه‌واره‌یه‌كی سیاسیی كه‌ڵك وه‌ربگرین له‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ته‌مویلی جوڵانه‌وه‌كه‌مان بكه‌ین‌و مه‌سره‌فی جوڵانه‌وه‌كه‌مان له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ بكێشرێت، به‌ڵام تائێستا ئێمه‌ بۆ خۆشبه‌ختی له‌ناو میلله‌ته‌كه‌ماندا ژماره‌یه‌كی زۆر سه‌رمایه‌دارو خێرۆمه‌ندو خه‌ڵكی هۆشیاری تێدایه‌، كه‌ قازانجیان له‌وه‌دایه‌ گۆڕان له‌ كوردستانی عێراقدا ببێت به‌تایبه‌تی بازاڕی ئازاد له‌ كوردستاندا بخوڵقێت بازاڕی ئازاد به‌و مانایه‌ی، كه‌ ده‌ستێوه‌ردانی حیزب‌و حیزبایه‌تی‌و مه‌سئوله‌كانی حیزبی تێدا نه‌مێنێت، به‌ڵێ‌ ئه‌وانه‌ به‌ هه‌مو توانایانه‌وه‌ پشتیوانی مالیی ئێمه‌یان كردوه‌‌و ته‌مویلی جوڵانه‌وه‌كه‌ی ئێمه‌یان كردوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئامانجه‌ هاوبه‌شه‌ی كه‌ له‌ به‌ینی ئێمه‌و ئه‌واندا هه‌یه‌، كه‌ ئه‌ویش ئازاد كردنی بازاڕ‌و زانكۆو دادگایه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی حیزب، به‌ڵێ‌ ئه‌وانه‌ یارمه‌تیمان ده‌ده‌ن.

KNN: ئاسۆی ئاینده‌ی سه‌رچاوه‌ی دارایی ئێوه‌ ته‌نیا ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌یه‌ بۆ په‌رله‌مان؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه‌ ئومێدمان وایه‌ ئه‌وه‌ بێت به‌ڵێ‌.

KNN: باشه‌ ئه‌گه‌ر نه‌یانكرد، یاخود ده‌سه‌ڵات به‌شداریی پێ‌ نه‌كردن، یاخود بودجه‌ی نه‌دانێ‌ چی ده‌كه‌ن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: با ئێمه‌ خۆشبین بین له‌ پێشدا ئومێدمان وابێت كه‌ ده‌بێت.

KNN: باشه‌ ئه‌گه‌ر كردیان‌و بودجه‌یان پێ‌ نه‌دان؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: زۆر شت هه‌یه‌ ئێمه‌ بیكه‌ین، به‌ڵام له‌ كاتی خۆیدا باسی‌ ده‌كه‌ین.

KNN: باشه‌ چی ده‌كه‌ن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: زۆر شت هه‌یه‌ ئێمه‌ش بیكه‌ین وه‌كو باسم كرد با چاوه‌ڕێ‌ بكه‌ین، با خۆشبین بین‌و ئومێدمان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و رێگه‌یه‌ ده‌گرن.

KNN: یه‌كێك له‌و پرسیارانه‌ی‌، كه‌ چه‌ند هاوڵاتییه‌ك بۆی‌ ناردوین باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌هاتایه‌ته‌ ساحه‌كه‌ كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاریی هه‌بو ره‌نگه‌ وه‌ك خۆی بمابایه‌، یاخود به‌و شێوه‌یه‌ خراپ نه‌بوایه‌ به‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ی ته‌ده‌خولاتی حیزب له‌ هه‌مو كون‌و قوژبنێكی ژیان‌و مه‌سه‌له‌ی هاتنه‌پێشه‌وه‌ی‌ ته‌زكییه‌، یه‌عنی به‌ كورتی پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ هاتنه‌وه‌ی گۆڕان جارێكی دیكه‌ به‌ حیزبی بونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ جۆرێك له‌ تۆخبونه‌وه‌ تۆخبوه‌ته‌وه‌ رای به‌ڕێزتان؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه‌ پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست بكه‌ین به‌م جوڵانه‌وه‌یه‌ حیزب ته‌ده‌خولی كردبو له‌ هه‌مو بواره‌كانی ژیاندا ته‌زكییه‌ی حیزبی‌و دامه‌زراندنی خه‌ڵك له‌سه‌ر بنچینه‌ی حیزبی ببو به‌ نه‌ریتێك له‌ كوردستانی عێراقدا، ئه‌سڵه‌ن یه‌كێك له‌ هۆكاری دروستبونی ئه‌م جوڵانه‌وه‌ی ئێمه‌ جیاكردنه‌وه‌ی حیزب بو له‌ حكومه‌ت، هه‌ر بۆیه‌ خه‌ڵكیش لێمان كۆبوه‌وه‌ ئه‌و بۆچونه‌ی كه‌ ئه‌و برایه‌ باسی‌ كردوه‌ یاخود ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بوه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی، كه‌ په‌راوێزی ئازادی كه‌مكردوه‌ته‌وه‌و ته‌ده‌خولی حیزبی‌و ته‌زكییه‌ی زیادكردوه‌ له‌ كۆنه‌وه‌ ئه‌و دو بۆچونه‌ له‌ جوڵانه‌وه‌ی كورددا هه‌بوه‌ له‌ زۆر كۆنه‌وه‌ له‌ زه‌مانی شێخ مه‌حموده‌وه‌ له‌ زه‌مانی بارزانییه‌وه‌ له‌ زه‌مانی شۆڕشی نوێ‌‌و له‌ زه‌مانی یه‌كێتی‌و پارتیشدا له‌ناو خه‌ڵكدا ئه‌م دو جۆره‌ بۆچونه‌ هه‌بوه‌، بۆچونێكیان ئه‌وه‌ بوه‌، كه‌ هه‌مومان بێده‌نگ بین‌و له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تدا بین، ئه‌گینا توشی زه‌ره‌ر ده‌بین‌و فیعله‌ن به‌هۆی شۆڕش‌و ئه‌مانه‌شه‌وه‌ زۆرجار توشی‌ ئه‌وه‌ بوین، خه‌ڵك كوژراوه‌و دێهات وێران بوه‌و مزگه‌وت روخاوه‌و جاده‌و رێگه‌وبان روخاوه‌ یه‌عنی ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك توشی زه‌ره‌رو زیان نه‌بێت نابێت خه‌بات بكه‌ین، ئه‌مه‌ شتێكی موئه‌قه‌ته‌ ئێمه‌ پێمانوایه‌؛ ئه‌مه‌ شتێكی كاتییه‌ ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ ئه‌و براده‌ره‌ كردویه‌تی‌ له‌سه‌ر ته‌زكییه‌ی حیزب راست ده‌كات، سزادان زیادی كردوه‌ نه‌قڵ‌ زیادی كردوه‌ ده‌ركردن زیادی كردوه‌ ته‌نانه‌ت رێگه‌نه‌دان بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ مه‌قه‌ڕات بكه‌ینه‌وه‌و باره‌گامان هه‌بێت‌و بنكه‌مان هه‌بێت‌و نوسینگه‌مان هه‌بێت هه‌مو ئه‌مانه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی ئه‌وه‌وه‌، كه‌ په‌راوێزی ئازادی خه‌ریكه‌ ورده‌ ورده‌ كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ ئومێدی‌ ئه‌وه‌ی‌، كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتودا تۆڵه‌ی هه‌ڵبژاردنی رابردومان لێبكه‌نه‌وه‌و ئه‌و كورسیانه‌ی ئێمه‌ هێناومانه‌ لێمان بسه‌ننه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ ئێمه‌ ته‌سلیم بین‌و سه‌ردابنه‌وێنین.

KNN: سروشتی كردنه‌وه‌ی باره‌گا لای ئێوه‌ چۆنه‌، ئێستا یه‌كێتی‌و پارتی یاخود به‌شێكی زۆر له‌ حیزبه‌كان له‌ هه‌مو گه‌ڕه‌ك‌و شوێنێكدا باره‌گایان هه‌یه‌ ستراتیژی ئێوه‌ له‌ كردنه‌وه‌ی باره‌گا چۆنه‌و به‌ چ ئالییه‌تێكه‌؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: بێگومان حیزب ده‌بێت باره‌گای هه‌بێت رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی مه‌فروزه‌ باره‌گایان هه‌بێت، به‌ڵام له‌ راستیدا كردنه‌وه‌ی باره‌گا به‌و شێوه‌یه‌ی، كه‌ له‌ ئێستادا هه‌یه‌ له‌ هه‌ولێرو دهۆك‌و سلێمانی دیمه‌نێكی زۆر ناشارستانییه‌و ناشرینه‌ به‌تایبه‌تی له‌ كۆڵانه‌كاندا به‌و ژماره‌ زۆره‌وه‌، كه‌ ئێستا هه‌یه‌ ئێمه‌ باره‌گاش بكه‌ینه‌وه‌ ره‌نگه‌ له‌ شاره‌ گه‌وره‌كاندا باره‌گای سه‌ره‌كی بكه‌ینه‌وه‌ نوسینگه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ راپه‌ڕاندنی ئیش‌و كاره‌كانی خۆمان‌و تاكو ئێستا ئێمه‌ له‌ڕوی قانونییه‌وه‌ به‌پێی ئه‌و قانون‌و ته‌علیماتانه‌ی، كه‌ له‌ به‌غدا ئیشی پێ‌ ده‌كرێت هه‌قی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌، كه‌ باره‌گا بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ تائێستا باره‌گامان نه‌كردوه‌ته‌وه‌ له‌ راستیدا له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی رابردو وه‌زاره‌تی داخلی‌و وه‌زاره‌تی ناوخۆ داوایان لێ كردین، كه‌ باره‌گاكان دابخه‌ین له‌ ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی، كه‌ هاوكاره‌كانی ئێمه‌ كردویانه‌ ئه‌وانه‌ باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌مان قانونی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌، كه‌ په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن‌و ئه‌م كاره‌ی پێ‌ ده‌كه‌ن په‌یڕه‌وی ئه‌و قانونانه‌ ناكه‌ن، كه‌ له‌ به‌غدایه‌ ئه‌مه‌ش دیسان ده‌مانباته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی، كه‌ جارێك باسی ئیزدواجییه‌تی مه‌عایرمان كرد كاتێك كه‌ له‌ به‌غدا قانون‌و قه‌رارو نیزام ده‌رده‌چێت بۆ زیادكردنی مه‌عاش‌و موچه‌ی وه‌زیرو ئه‌ندامی په‌رله‌مان ئه‌مانه‌ ده‌ڵێن ئێمه‌ عێراقین، یه‌كسه‌ر جێبه‌جێی ده‌كه‌ن كاتێك قه‌رارو قانونێك ده‌رده‌چێت، كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندا نییه‌ ده‌ڵێن ئێمه‌ كوردستانین‌و قانونی به‌غدا جێبه‌جێ‌ ناكه‌ین، ئه‌گینا به‌ گوێره‌ی په‌سه‌ندكردنی كۆمسیۆنی بالای هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌ به‌غدا گۆڕان وه‌كو قه‌واره‌یه‌كی سیاسیی هه‌قی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، كه‌ له‌ هه‌مو شاره‌كانی عێراقدا بنكه‌و باره‌گای خۆی بكاته‌وه‌، چ بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن، چ وه‌كو قه‌واره‌یه‌كی سیاسیی ته‌نانه‌ت ئێمه‌ هه‌قی ئه‌وه‌مان هه‌ییه‌ موعامه‌له‌ بكه‌ین پڕۆژه‌ی بازرگانیی‌و تیجاری‌و ئه‌وانه‌ بكه‌ین، هه‌قی موڵكییه‌تمان هه‌یه‌‌و هه‌قی ئه‌و شتانه‌مان هه‌یه‌، به‌ڵام لێره‌ پێیان وتوین، كه‌ قانونه‌كانی كوردستان رێگه‌ به‌وه‌ نادات ئومێدمان وایه‌، كه‌ له‌ رێگه‌ی قانونییه‌وه‌ بتوانین ئه‌و موشكیله‌ حه‌ل بكه‌ین.

KNN: سه‌باره‌ت به‌وه‌ی، كه‌ گۆڕان وه‌كو نزیكی تا راده‌یه‌ك نزیكتره‌ له‌ پارتی‌و قسه‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی په‌یوه‌ندیی به‌ ئێوه‌وه‌ هه‌بێت، یا په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵتان گرتبێت، یا جۆرێك له‌ نزیكیی هه‌بێت رای به‌ڕێزتان؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: له‌سه‌ر ئاستی حیزبی تاكو ئێستا له‌ نێوان گۆڕان‌و یه‌كێتی‌و له‌ نێوان گۆڕان‌و پارتی هیچ دانیشتنێكی ره‌سمیمان نه‌بوه‌ له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌تیش حكومه‌ت تازه‌ دروست بوه‌ هێشتا نه‌مانبوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ئومێدمان وایه‌ كه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا له‌سه‌ر ئاستی حیزبیش‌و له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌تیش نوێنه‌ره‌كانی ئێمه‌ نوێنه‌ری پارتیش ببینن‌و نوێنه‌ری یه‌كێتیش ببینن‌و نوێنه‌ری هه‌مو لایه‌كانی دیكه‌ ببینن بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شته‌ باشه‌كان بتوانین كاری هاوبه‌ش بكه‌ین‌و زمانی هاوبه‌ش بدۆزینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین.

KNN: ئێستاش كۆمه‌ڵێك هه‌ن، كه‌ ئێوه‌ وه‌كو مونشه‌ق له‌ یه‌كێتی ته‌ماشا ده‌كه‌ن رای به‌ڕێزتان؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه‌ مونشه‌ق نین له‌ یه‌كێتی مونشه‌ق ئه‌وه‌یه‌، كه‌ وه‌ختێك كۆمه‌ڵێك له‌ حیزبێكدا ژماره‌یه‌كی زۆر جیاده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ناوی هه‌مان حیزب ده‌ڕۆن ئیش ده‌كه‌ن، ئێمه‌ به‌ناوی یه‌كێتییه‌وه‌ ئیشمان نه‌كردوه‌ ئێمه‌ ناومان گۆڕانه‌و ته‌نانه‌ت كه‌ له‌ یه‌كێتیش هاتوینه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ ئێمه‌ وه‌كو ئه‌فراد هاتوینه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، ئێمه‌ نه‌چوین وه‌كو گروپێكی گه‌وره‌ی مونه‌زه‌م، یا وه‌كو جه‌ناحێك یا وه‌كو چه‌ند مه‌ڵبه‌ندێك له‌ یه‌كێتی بێینه‌ ده‌ره‌وه‌، سه‌دان هه‌زار كه‌سی ئێمه‌ هه‌ر ئه‌سڵه‌ن یه‌كێتی نه‌بون، كه‌ ئێستا له‌ناو گۆڕاندا كارده‌كه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ كادیره‌كانی ئێمه‌ راسته‌ له‌ناو یه‌كێتییه‌وه‌ هاتون، به‌ڵام ئه‌وان وه‌كو ئه‌فراد هاتون‌و نه‌ مونشه‌قن‌و نه‌ خۆشیان به‌ مونشه‌ق ده‌زانن.

KNN: له‌ دو سێ‌ رۆژی رابردودا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پلنیۆمی به‌ست قسه‌یه‌كتان هه‌یه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ بیڵێن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: یه‌كێتی هه‌قی خۆیه‌تی كۆنگره‌ ببه‌ستێت، كۆنفرانس ببه‌ستێت كۆنگره‌ ببه‌ستێت‌و كۆبونه‌وه‌ی‌ فراوان بكات، پلنیۆم بكات، ئێمه‌ ته‌مه‌ننای خۆشیان بۆ ده‌كه‌ین‌و ته‌مه‌ننای‌ سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌كه‌ین.

Sbeiy.com © 2007