Print
 حكومه‌ت نه‌خۆشی‌ دواخستنی‌ بودجه‌ی‌ گرتوه‌
Sunday, November 15, 2009

راپۆرت: شارا عه‌بدولڕه‌حمان
په‌رله‌مانتاران‌و شاره‌زایانی‌ ئابوریی‌ داوا ده‌كه‌ن كه‌ پێش كۆتایی‌ ئه‌مساڵ‌ بودجه‌ی‌ پێویستی‌ وه‌زاره‌ته‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌وه‌ خه‌مڵاندنی‌ بۆ بكرێت‌و بۆ تاوتوێكردنی‌ بنێردرێته‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌مساڵیش وه‌ك ساڵانی‌ رابردو بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دوانه‌كه‌وێت.

بودجه‌ی‌ گشتیی‌ ساڵی‌ (2010)ی‌ عێراق رۆژی‌ (22/10/2009) گه‌یشته‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، كه‌ بریتییه‌ له‌ (883) تریلیۆن‌و (417) ملیار‌و (561) ملیۆن‌و (644) هه‌زار دیناری‌ عێراقی‌‌و ده‌كاته‌ (71) ملیارو (300) ملیۆن دۆلار، به‌و مه‌رجه‌ی‌ نرخی‌ (100) دۆلار له‌ بازاڕه‌كانی‌ عێراقدا (117) هه‌زار دیناربێت‌و رۆژانه‌ش (2) ملیۆن‌و (100) به‌رمیل نه‌وت بنێردرێته‌ ده‌ره‌وه‌، كه‌ نرخی‌ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت (62) دۆلارو نیو بێت.

هاوكات به‌پێی‌ ماده‌ی‌ (17) له‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ گشتیی‌ ساڵی‌ (2010)ی‌ عێراق، هه‌رێمی‌ كوردستان (17%)ی‌ بودجه‌ی‌ عێراق وه‌رده‌گرێت، دوای‌ لێده‌ركردنی‌ خه‌رجیه‌ سه‌روه‌رییه‌كان‌و خه‌رجیه‌ حكومییه‌كان‌و خه‌رجی‌ په‌ره‌پێدان بۆ هه‌رێمه‌كان‌و ئه‌و ناوچانه‌ی‌ سه‌ر به‌ هه‌رێم نین، به‌وپێیه‌ش (10) تریلیۆن‌و (233) ملیار‌و (722) ملیۆن‌و (593) هه‌زار دیناری‌ عێراقی‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ (2010)ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌، كه‌ ده‌كاته‌ (8) ملیارو (700) ملیۆن دۆلار.

د.ئیسماعیل شوكور، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، به‌پێویستی‌ زانی‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و به‌تایبه‌تی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ ده‌ستبه‌كاربن بۆ خه‌مڵاندنی‌ بودجه‌ی‌ (2010)ی‌ كوردستان، وتیشی‌: "هه‌مو ساڵێك په‌سه‌ندكردنی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم له‌كاتی‌ خۆی‌ دواده‌كه‌وێت، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ ره‌خنه‌یه‌كی‌ زۆر له‌ كورد ده‌گیرێت، بۆیه‌ داواده‌كه‌م له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌ چیتر ئه‌و ره‌خنانه‌ نه‌هێنێته‌ سه‌ر خۆی‌‌و پێش سه‌ری‌ ساڵی‌ تازه‌ بودجه‌ تێپه‌ڕێنێت".

به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ تێبینییه‌ كه‌ هه‌مو ساڵێك په‌سه‌ندكردنی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم له‌ واده‌ی‌ خۆی دواده‌كه‌وێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ دواكه‌وتنی‌ په‌سه‌ندكردنی‌ بودجه‌كه‌ كێشه‌ی‌ بۆ خه‌رجیی‌ وه‌زاره‌ته‌كان دروستده‌كرد له‌ نزیكترین نمونه‌شدا، بودجه‌ی‌ ساڵی‌ پار له‌ (16/6/2009) له‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ندكراو رۆژی‌ (5/7/2009) سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ئیمزای‌ له‌سه‌ر كرد‌و خرایه‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌شێوازی‌ په‌سه‌ندكردنی‌ بودجه‌، جوتیار مه‌جید، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ خولی‌ پێشوی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، رونیكرده‌وه‌ كه‌ ده‌كرێت بودجه‌ی‌ هه‌رێم به‌شێوه‌ی‌ خه‌مڵاندن قسه‌ی‌ له‌سه‌ر بكرێت، به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: "حكومه‌ت ده‌توانێت به‌شێوه‌ی‌ خه‌مڵاندن هه‌مو پێداویستییه‌ داراییه‌كانی‌ خۆی‌ بۆ ساڵی‌ (2010) بداته‌ په‌رله‌مان بۆئه‌وه‌ی‌ قسه‌ی‌ له‌سه‌ر بكرێت‌و وه‌ك ساڵانی‌ رابردو دوانه‌كه‌وێت".

به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان سه‌ربه‌خۆ نییه‌و چاوه‌ڕوانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق ده‌كرێت كه‌ (17%)ی‌ بودجه‌ی‌ عێراقی‌ بۆ بنێرێت، هاوكات به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان سه‌رچاوه‌ی‌ داهاتی‌ لای‌ خۆی‌ نییه‌، ساڵانه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و په‌رله‌مانی‌ كوردستان كێشه‌یان بۆ دروستده‌بێت، كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و بودجه‌یه‌یان په‌سه‌ندكردو دواتر كورتی‌ هێنا یان زیادیكرد، ئه‌وا ده‌بێت ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ده‌ستكاریی‌ بكات‌و ئاڵوگۆڕ به‌سه‌ر میزانییه‌كه‌دا بێنێت، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ جوتیار پێی‌ باشه‌ كه‌ چاوه‌ڕوانی‌ په‌سه‌ندكردنی‌ بودجه‌ی‌ عێراق بكرێت بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ رونه‌دات. 

فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان هه‌ر له‌ ده‌ستپێكی‌ دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ داوای‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان كرد، كه‌ فشارێك بۆ سه‌ر حكومه‌ت دروست بكات، تاكو زو به‌ زو بودجه‌ی‌ خه‌مڵێنراوی‌ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان بنێرێته‌ په‌رله‌مان‌و گفتوگۆی‌ له‌باره‌وه‌ بكرێت.

ئیسماعیل گه‌ڵاڵی‌، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: "وه‌ك‌و فراكسیۆنی‌ گۆڕان داوامانكرد كه‌ فشار بخرێته‌ سه‌ر حكومه‌ت، تا هه‌رچی‌ زوه‌ بودجه‌ی‌ خه‌مڵێنراوی‌ خۆی‌ بنێرێته‌ په‌رله‌مان، چونكه‌ بودجه‌ خۆی‌ ته‌نیا خه‌مڵاندنه‌‌و ده‌كرێت به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق په‌سه‌ندبكرێت لێره‌ خه‌مڵاندنی‌ بۆ بكرێت، به‌ڵام له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ پێمان وترا كه‌ هێشتا حكومه‌تی‌ هه‌رێم حكومه‌تی‌ ته‌سریف ئه‌عماله‌و ناكرێت بودجه‌ی‌ خه‌مڵێنراو ئاماده‌بكات".

له‌چه‌ند رۆژی‌ رابردودا له‌ راگه‌یاندنه‌كاندا پرۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ (2010)ی‌ عێراق بڵاوكرایه‌وه‌و له‌ ئێستادا بودجه‌ی‌ هه‌رێم ئاشكرایه‌و ده‌كرێت كه‌ خه‌مڵاندنی‌ بۆ بكرێت، به‌ڵام به‌ وته‌ی‌ ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ په‌رله‌مان، له‌ كوردستاندا "دره‌نگ تێپه‌ڕاندنی‌ بودجه‌ بوه‌ته‌ نه‌خۆشی‌‌و هه‌مو ساڵێك سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌".

له‌ یه‌كه‌م دانیشتنی‌ كابینه‌ی‌ شه‌شه‌می‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمدا، دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، داوای‌ له‌ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان كرد كه‌ هه‌رچی‌ زوه‌ بودجه‌ی‌ پێویستی‌ خۆیان بنێرن بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران تاكو وه‌ك ساڵانی‌ رابردو په‌سه‌ندكردنی‌ بودجه‌ دوانه‌كه‌وێت‌و هه‌ر له‌ زوه‌وه‌ خه‌مڵاندنی‌ بۆ بكرێت.

فه‌یسه‌ڵ‌ عه‌لی‌، ئابوریناس، پێی‌ باشه‌ كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵ‌ به‌ ده‌ردی‌ بودجه‌ی‌ ساڵانی‌ رابردو نه‌برێت، هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ خه‌مڵاندنی‌ بۆ بكرێت‌و بنێردرێته‌ په‌رله‌مان، وتیشی‌: "له‌ئێستادا خه‌تی‌ گشتیی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم ئاشكرایه‌و ده‌زانرێت كه‌ بإی‌ به‌ركه‌وتی‌ كوردستان چه‌نده‌، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ ده‌كرێت حكومه‌تی‌ هه‌رێم پرۆژه‌ی‌ خۆی‌ ئاماده‌بكات بۆئه‌وه‌ی‌ لانیكه‌م پێش كۆتایی‌ ساڵ‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم له‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ندبكرێت‌و له‌ سه‌ری‌ ساڵی‌ داهاتوه‌وه‌ ده‌ستبكرێت به‌ جێبه‌جێكردن‌و خه‌رجكردنی‌".

به‌ بڕوای‌ ئه‌و ئابوریناسه‌ ئه‌گه‌ر دواتر بودجه‌كه‌ كه‌م یان زیادیكرد، ئه‌وا كێشه‌ دروست نابێت، چونكه‌ تا ئه‌وكاته‌ی‌ بودجه‌كه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه‌ ئاماده‌ده‌كرێت‌و ده‌گاته‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران‌و دواتر بۆ په‌رله‌مان، ئه‌وكاته‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراقه‌وه‌ یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌.

Sbeiy.com © 2007