Print
 د. ره‌فیق سابیر: گه‌نده‌ڵی‌ چاره‌نوسی‌ هه‌رێمی‌ خستۆته‌ مه‌ترسییه‌وه‌
Tuesday, December 15, 2009

دیمانه‌: سه‌نگه‌ر جه‌مال
د.ره‌فیق سابیر، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، باس له‌ زۆریی‌ گه‌نده‌ڵیی‌‌و كاری‌ لیژنه‌كه‌یان ‌و پێویستی‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌سته‌یه‌كی‌ نه‌زاهه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆ ده‌كات، چونكه‌ پێیوایه‌ هیچ شتێك هێنده‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ بۆ سه‌ر كوردستان دروستنه‌كردوه‌‌و به‌پێویستی‌ ده‌زانێت حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كار به‌ راپۆرت‌و دۆسیه‌كانی‌ دیوانی‌ چاودێریی‌ بكات.

رۆژنامه‌: له‌م ماوه‌یه‌دا سه‌ردانی‌ چه‌ند ده‌زگایه‌كتان كردوه‌، ئایا له‌ كه‌یه‌وه‌ ده‌ستان به‌ كاركردن كردوه‌‌و هه‌ماهه‌نگیتان له‌گه‌ڵ‌ كێ‌ ده‌بێت؟
د.ره‌فیق سابیر: لیژنه‌كه‌مان چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ ده‌ستی‌ به‌ كاره‌كانی‌ كردوه‌، له‌ یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌دا بڕیارماندا سه‌ردانی‌ ده‌زگاو ئه‌و لایه‌نانه‌ بكه‌ین كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ كاروباری‌ لیژنه‌كه‌مانه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌فته‌ی‌ رابردو له‌ هه‌ولێر سه‌ردانی‌ ده‌سته‌ی‌ داواكاری‌ مافی‌ گشتیی‌و سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ شورا له‌ وه‌زاره‌تی‌ داد‌و دادگای‌ ئیداریمان كرد، هه‌روه‌ها سه‌ردانی‌ دیوانی‌ چاودێریمان كرد له‌ سلێمانی‌، بڕیاریشه‌ هه‌فته‌ی‌ داهاتو سه‌ردانی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ هه‌ولێر بكه‌ین، چونكه‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ یه‌كێكه‌ له‌و ده‌زگا گرنگانه‌ی‌ كه‌ چاودێری‌‌و به‌دواداچون بۆ هه‌مو كاروباری‌ وه‌زاره‌ت‌و ده‌زگاكانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌كات‌و له‌ روی‌ كارگێڕیی‌‌و داراییه‌وه‌ هه‌ر سه‌رپێچی‌‌و لادانێك هه‌بێت له‌ راپۆرته‌كانیاندا تۆماری‌ ده‌كه‌ن‌و دواتر سه‌رۆكایه‌تیی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران‌و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئاگادارده‌كه‌نه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ به‌دواداچون‌و لێپێچینه‌وه‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌و سه‌رپێچی‌‌و لادانانه‌وه‌ بكه‌ن، ئه‌م ده‌زگایانه‌ كه‌م تا زۆر ده‌توانن له‌گه‌ڵ‌ ئێمه‌ هاوكاربن.
به‌ پشتبه‌ستن به‌ كۆمه‌ڵێك زانیاریی‌، له‌وانه‌ به‌شێكی‌ له‌ راپۆرته‌كانی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌و ئه‌وانه‌ی‌ له‌ كه‌ناڵی‌ جۆراوجۆره‌وه‌ دێن هه‌وڵده‌ده‌ین دوای‌ ئه‌و سه‌رپێچی‌‌و لادان‌و گه‌نده‌ڵییانه‌ بكه‌وین كه‌ لێره‌و له‌وێ‌ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن.

رۆژنامه‌: ده‌توانن سود له‌ راپۆرته‌كانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ ببینن، له‌كاتێكدا له‌ (4) ساڵی‌ رابردوی‌ خولی‌ پێشوی‌ په‌رله‌ماندا هیچ كام له‌و راپۆرتانه‌ نه‌درانه‌ په‌رله‌مانتاران؟
د.ره‌فیق سابیر: راستییه‌كه‌ی‌ دوای‌ ده‌رچونی‌ یاسای‌ نوێی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ له‌ ناوه‌ڕاستی‌ ساڵی‌ (2008) دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ راپۆرته‌كانی‌ خۆی‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مان ناردوه‌، چونكه‌ به‌پێی‌ ئه‌و یاسایه‌ی‌ بإیاری‌ له‌سه‌ر دراوه‌، دیوانی‌ چاودێرییه‌كان ده‌بێت یه‌كبخرێنه‌وه‌و سه‌رۆكێكی‌ گشتیی‌ دابنرێت بۆ هه‌مو دیوانی‌ چاودێریی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا، نه‌ك سلێمانی‌ به‌جیاو هه‌ولێرو شوێنه‌كانی‌ دیكه‌ به‌ جیا كاره‌كانی‌ خۆیان بكه‌ن‌و به‌پێی‌ ئه‌م یاسا نوێیه‌ش ده‌بێت دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ سه‌ر به‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بێت، نه‌ك حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ك ئێستا، به‌ كورتی‌ له‌و كاته‌وه‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ راپۆرته‌كانی‌ ناردوه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام له‌به‌ر هۆكارێك كه‌ دیاره‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ پێشوی‌ په‌رله‌مان ده‌یزانن، ئه‌وان ئه‌و راپۆرتانه‌یان نه‌خستوه‌ته‌ به‌رده‌م ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان.
ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌گه‌ر راپۆرته‌كانی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ نه‌شخرێته‌ به‌رده‌می‌ هه‌مو ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان، گرنگه‌ بخرێته‌ به‌رده‌م لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان (ئه‌و لیژنه‌یه‌ی‌ په‌یوه‌ندیی‌ به‌ كاری‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌وه‌ هه‌یه‌)، هه‌روه‌ها ئێمه‌ش له‌ لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ پێویسته‌ ئاگاداری‌ ئه‌و راپۆرتانه‌ بین.

رۆژنامه‌: كه‌واته‌ گره‌نتی‌ نییه‌ له‌م خوله‌شدا ئه‌و راپۆرتانه‌ بگاته‌ ده‌ست ئێوه‌و كاری‌ له‌سه‌ر بكه‌ن بۆ رێگرتن له‌ هه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌ك كه‌ هه‌بێت؟
د.ره‌فیق سابیر: ئه‌وه‌نده‌ی‌ من ئاگاداربم‌و به‌پێی‌ یاسا نوێیه‌كه‌ی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌، به‌ندێكی‌ تایبه‌تی‌ تێدا نییه‌ رێگه‌بدات ئه‌و راپۆرتانه‌ بڵاوبكرێنه‌وه‌ یان به‌ملاولادا ببرێن، ئه‌وه‌ ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ چاره‌سه‌ربكرێت، ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ یاسایه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ پێكهێنانی‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ی‌ گشتیی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ربچێت‌و هه‌ربه‌پێی‌ ئه‌و یاسایه‌ ته‌واوی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ دیاریبكرێت.
ئێمه‌ لیژنه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ چاودێری‌‌و سه‌رپه‌رشتیكردنین‌و لیژنه‌ی‌ ته‌نفیزیی‌ نین‌و ده‌بێت ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئێمه‌و ده‌زگاكانی‌ دیكه‌ ئه‌و كارانه‌ بكه‌ن، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ پێویسته‌ له‌ روی‌ یاساییه‌وه‌ دیاریبكرێت، چونكه‌ ئه‌و راپۆرتانه‌ پڕن له‌ نهێنی‌ گرنگ، كه‌ زۆرجار گومان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ده‌ستپاكیی‌ كۆمه‌ڵێك به‌رپرس‌و كه‌سایه‌تی‌، كه‌ ره‌نگه‌ ناسراوبن‌و دواتر ده‌ربكه‌وێت خه‌تابارنین، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌پێی‌ یاسا دیاریبكرێت چۆن ره‌فتار له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و راپۆرتانه‌ بكرێت، به‌ڵام ئێمه‌ پێمانوایه‌ لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان لایه‌نی‌ شیاون كه‌ بتوانن ئه‌و راپۆرتانه‌ ببینن‌و به‌دوای‌ ئه‌و گیروگرفتانه‌دا بچن‌و چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزنه‌وه‌.

رۆژنامه‌: ئه‌وه‌ی‌ تێبینیتان كردوه‌ دوای‌ به‌سه‌ركردنه‌وه‌كانتان، گه‌نده‌ڵیی‌ له‌ چ ئاستێكدایه‌، ئایا وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باسده‌كرێت؟
د.ره‌فیق سابیر: راستییه‌كه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ له‌ كوردستان چه‌ند حاڵه‌تێك نییه‌ كه‌ له‌م وه‌زاره‌ت‌و ئه‌و وه‌زاره‌ت یان ئه‌م ده‌زگاو ئه‌و ده‌زگادا هه‌بێت، گه‌نده‌ڵیی‌ بوه‌ته‌ دیارده‌یه‌كی‌ به‌ربڵاو له‌ كوردستاندا، له‌به‌رئه‌وه‌ پێویستی‌ به‌ خه‌باتێكی‌ به‌رفراوان هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ به‌ره‌نگاریی‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ بكرێت، چونكه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ په‌یوه‌ندیی‌ به‌ ژیان‌و چاره‌نوسی‌ هه‌مومانه‌وه‌ هه‌یه‌‌و هیچ شتێك هێنده‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ بۆسه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردستان دروستنه‌كردوه‌و چاره‌نوسی‌ سیاسی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ئێمه‌ی‌ نه‌خستوه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. ئه‌ركی‌ هه‌مو لایه‌ن‌و میدیاكانه‌ كۆده‌نگییه‌كی‌ فراوان له‌ دژایه‌تی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ ده‌ستپێبكرێت‌و هۆشیاریی‌ خه‌ڵك به‌رزبكرێته‌وه‌، كه‌ له‌ هه‌رشوێنێك ئه‌و دیارده‌یه‌ ده‌بینن به‌ به‌ڵگه‌وه‌ لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندیدار ئاگاداربكه‌نه‌وه‌.

رۆژنامه‌: پلان‌و لێپێچینه‌وه‌ی‌ ئێوه‌ چۆنه‌ بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌؟
د.ره‌فیق سابیر: گرنگترین كار كه‌ به‌پێویستی‌ ده‌زانین ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌ به‌ زوترین كات بنێردرێت بۆ په‌رله‌مان بۆئه‌وه‌ی‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ بۆبكرێت‌و دواتر به‌سه‌ر لیژنه‌ی‌ یاسایی‌‌و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كاندا دابه‌شبكرێت، بۆئه‌وه‌ی‌ هه‌مو لایه‌ك سه‌رنج‌و تێبینی‌ خۆیان بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی‌ یاساكه‌ ده‌رببإن‌و یاساكه‌ به‌ زویی‌ بڕیاری‌ له‌سه‌ر بدرێت‌و ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ی‌ گشتیی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ له‌م پرۆژه‌یاسایه‌دا كارو ئه‌رك‌و ئامانجه‌كانی‌ دیاریكراوه‌ پێكبهێنرێت‌و راسته‌وخۆ به‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌ ببه‌سترێته‌وه‌. ئێمه‌ تا ئه‌وكاته‌ به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵده‌ده‌ین زانیاریی‌‌و ئاگاداریی‌ زۆرتر له‌باره‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ له‌ كوردستان كۆبكه‌ینه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ كه‌ ته‌نفیزیی‌ ده‌بێت به‌رنامه‌یه‌كی‌ فراوان دابنێین كه‌ چۆن‌و له‌كوێوه‌ ده‌ست به‌ كاره‌كان بكرێت.

رۆژنامه‌: وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك له‌ كاره‌كانتاندا، پێتانوایه‌ لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، هێنده‌ی‌ لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق كارابێت؟
د.ره‌فیق سابیر: هیوامان زۆره‌ لیژنه‌یه‌كی‌ جدیی‌‌و پڕ كاربێت‌و بتوانێت له‌ هه‌ر شوێنێك‌و هه‌ر لایه‌ن‌و كه‌سێك كه‌ سه‌رپێچی‌ یاسا بكات‌و یاریی‌ به‌ سامانی‌ میلله‌ت بكات لێچێچینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ بكات، كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین‌و باوه‌ڕناكه‌م هیچ كام له‌ ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌كه‌مان كه‌ (11) كه‌سین رازی‌ بێت به‌وه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ ئێمه‌ ببێته‌ لیژنه‌یه‌كی‌ كارتۆنی‌‌و دیكۆرو بێ‌ ناوه‌ڕۆك، هیوادارین بتوانین وه‌ك لیژنه‌یه‌كی‌ په‌رله‌مانیی‌ ئه‌و كارانه‌ بكه‌ین كه‌ یاسا بۆی‌ دیاریكردوین‌و بۆمان دیاریده‌كات.

رۆژنامه‌: جه‌خت له‌سه‌ر پێویستی‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ ده‌كه‌یته‌وه‌، چه‌ند ساڵێكه‌ قسه‌‌و به‌ڵێن له‌سه‌ر دامه‌زراندنی‌ ده‌سته‌یه‌كی‌ له‌وشێوه‌یه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام تائێستا نه‌كراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش هه‌ندێك به‌پێویستی‌ ده‌زانن ده‌سته‌كه‌ بێلایه‌ن بێت‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆی‌ هه‌بێت، ده‌نا زیانه‌كانی‌ زیاتر ده‌بن‌و ده‌بنه‌ په‌رده‌پۆشكردنی‌ گه‌نده‌ڵییه‌كان، رای‌ ئێوه‌ چییه‌؟
د.ره‌فیق سابیر: په‌رله‌مانی‌ پێشو هه‌وڵیاندا ده‌سته‌یه‌كی‌ له‌وجۆره‌ دابمه‌زرێت، به‌ڵام سه‌رینه‌گرت، به‌ بۆچونی‌ من ئه‌مإۆ هه‌مو لایه‌نه‌كان هه‌ست به‌ مه‌ترسیی‌ گه‌وره‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ ده‌كه‌ن، ئێمه‌ چاومان بڕیوه‌ته‌ ئه‌وه‌ی‌ پڕۆژه‌یاساكه‌ ده‌ربچێت‌و ده‌سته‌كه‌ پێكبهێنرێت، كه‌ كه‌سانێك به‌ڕێوه‌ی‌ ببه‌ن سه‌ربه‌خۆو ده‌ستپاك‌و ناسراو خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات‌و به‌ ئه‌زمون بن، ده‌سته‌كه‌ش سه‌ر به‌ په‌رله‌مان یان سه‌ربه‌خۆ بێت، به‌ بۆچونی‌ من زۆر پێویسته‌ بتوانرێت هه‌وڵبدرێت ئه‌و ده‌سته‌یه‌ بۆ په‌رده‌پۆشكردنی‌ هه‌ندێك گه‌نده‌ڵیی‌ به‌كارنه‌هێنرێت‌و ده‌سته‌یه‌كی‌ شكڵی‌‌و كارتۆنی‌ نه‌بێت، چونكه‌ وه‌ك وتم كوردستان روبه‌ڕوی‌ مه‌ترسیی زۆرگه‌وره‌ بوه‌ته‌وه‌، كه‌ گه‌نده‌ڵییه‌ با به‌ ره‌شبینییه‌وه‌ سه‌یری‌ كاری‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ش نه‌كه‌ین.

Sbeiy.com © 2007