Print
 عه‌لی‌ باپیر: حكومه‌ت خه‌ڵكی‌ توشی‌ نائومێدیی‌ كردوه‌
Thursday, January 14, 2010

سازدانی‌: سیروان ره‌شید
عه‌لی‌ باپیر پێیوایه‌؛ تائێستا سیستمی‌ دو ئیداره‌یی‌ له‌ كوردستان په‌یڕه‌وده‌كرێت‌و حكومه‌ت یه‌كینه‌گرتوه‌ته‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ باس له‌وه‌ده‌كات، كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌دای‌ ده‌سه‌ڵات به‌مشێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت، خه‌ڵك توشی‌ نائومێدییه‌كی‌ زۆر ده‌كات.
له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی‌ رۆژنامه‌دا ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ نكوڵی‌ له‌وه‌شده‌كات، كه‌ كێرڤی‌ سه‌نگی‌ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان له‌ پاشه‌كشه‌دابێت‌و پێیوایه‌؛ ته‌وژمی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان له‌ گه‌شه‌سه‌ندندایه‌، هه‌روه‌ها باس له‌وه‌شده‌كات كه‌ حیزبه‌كه‌ی‌ پێویستی‌ به‌ گۆڕانه‌.

رۆژنامه‌: دروستبونی‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ كوردستان، كه‌ ئێوه‌ش به‌شێكن تێیدا حاڵه‌تێكی‌ تازه‌یه‌، ئایا تائێستا هیچ پرۆژه‌و به‌رنامه‌ی‌ هاوبه‌شتان له‌گه‌ڵ‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و یه‌كگرتوی‌ ئیسلامیی‌ هه‌یه‌؟
عه‌لی‌ باپیر: به‌ڕاستی‌ ئێمه‌ هه‌ڵسوكه‌وتی‌ فراكسیۆنه‌كه‌مان له‌ په‌رله‌مان سه‌رپشككردوه‌، كه‌ پێموایه‌ لێكنزیكیی‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ گۆڕان‌و یه‌كگرتو.

رۆژنامه‌: مه‌به‌ستم له‌سه‌ر ئاستی‌ كۆی‌ كایه‌ سیاسییه‌كه‌یه‌، نه‌ك ته‌نیا په‌رله‌مان، ئایا به‌پێویستی‌ نازانیت ئۆپۆزسیۆن له‌ به‌ره‌یه‌كدا خۆی‌ رێكبخاته‌وه‌؟
عه‌لی‌ باپیر:  به‌ڵێ‌ به‌پێویستی‌ ده‌زانم، به‌ڵام به‌مه‌رجێك هه‌مومان به‌یه‌ك نه‌فه‌س‌و شێواز كۆببینه‌وه‌، نه‌ك یه‌كێكمان توندبێت‌و ئه‌وی‌ دیكه‌ نه‌رم. من لێت ناشارمه‌وه‌ ئێمه‌ موعاره‌زه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ ئێمه‌ سه‌نگه‌رمان لێگرتبن‌و حه‌ز به‌ روخانیان بكه‌ین.

رۆژنامه‌: دروستبونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان تا چه‌ند كاریگه‌ریی‌ هه‌بو بۆ سه‌ر به‌ره‌وپێشچونی‌ ره‌وشی‌ دیموكراسی‌ له‌ كوردستان؟
عه‌لی‌ باپیر: ئه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر من، به‌ڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی‌ لێیان پرسیوه‌، كه‌س نكوڵی‌ له‌وه‌ ناكات، كه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كاریگه‌ریی‌ هه‌بوه‌ له‌سه‌ر گۆڕانی‌ تاموبۆی‌ گۆڕانكاریكردن له‌م هه‌لومه‌رجه‌ سیاسییه‌دا‌و كاریگه‌ریشی‌ ده‌بێت به‌ ئه‌ندازه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ وه‌فادارده‌بێت به‌ شیعارو دروشمه‌كانی‌ خۆی‌.

رۆژنامه‌: له‌سه‌ر گوتاری‌ سیاسیی‌ بزوتنه‌وی‌ گۆڕان هیچ تێبینییه‌كتان هه‌یه‌.
عه‌لی‌ باپیر: پێموایه‌ حاڵه‌تێكی‌ كاردانه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر یه‌كێتی‌‌و كه‌متر له‌سه‌ر پارتی‌ قسه‌ده‌كات.

رۆژنامه‌: بۆچی‌ گوتاری‌ سیاسیتان له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌رمه‌، له‌كاتێكدا جاران ده‌گوترا كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ تونده‌و یه‌كگرتوی‌ ئیسلامیی‌ نه‌رمه‌، به‌ڵام ئێستا پێچه‌وانه‌ بوه‌ته‌وه‌؟
عه‌لی‌ باپیر: شته‌كان ده‌زانن، جاری‌ وا هه‌یه‌ كه‌ شتێكمان كه‌وتبێته‌ به‌رچاو شایسته‌ی‌ ره‌خنه‌گرتن بێت ره‌خنه‌ی‌ خۆمان ده‌گرین‌و پێشتر واشبوین‌و ئێستاش به‌هه‌مانشێوه‌. به‌نیسبه‌ت برایانی‌ یه‌كگرتوش، كه‌ ئێستا توندن‌و پێشتر نه‌رم بون، ئیدی‌ خۆ وه‌ختی‌ خۆی‌ هه‌ردوكمان له‌ حكومه‌تدا بوین‌و دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ باره‌گاكانیشیان سوتێنرا، لێیان چاوه‌ڕوانده‌كرا به‌ باری‌ توندیدا ره‌خنه‌ بگرن‌و به‌و مانایه‌ی‌ به‌رگریی‌ له‌ مافی‌ خۆیان بكه‌ن، ئێستاش گرنگ ئه‌وه‌یه‌ هه‌رلایه‌كمان ئه‌وانیش‌و گۆڕانیش گرنگ ئه‌وه‌یه‌ واسه‌یری‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌و توندییه‌ ئامانج ده‌پێكێت.

رۆژنامه‌: ئه‌دای‌ ده‌سه‌ڵات‌و حكومه‌ت چۆن ده‌بینیت، ئایا له‌ ئاستی‌ داخوازییه‌كانی‌ هاوڵاتییاندایه‌؟
عه‌لی‌ باپیر: نه‌خێر له‌ ئاستی‌ خراپدا ده‌یبینم.

رۆژنامه‌: چۆن؟
عه‌لی‌ باپیر: ئه‌گه‌ر حكومه‌ت هه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ بێت، پێموایه‌ خه‌ڵك توشی‌ نائومێدییه‌كی‌ زۆر ده‌كات، هیوادارم هه‌ر له‌ جه‌نابی‌ مام جه‌لال‌و كاك مه‌سعودو مه‌كته‌ب سیاسیی‌ هه‌ردو لایه‌نیانه‌وه‌ چاو به‌خۆیاندا بگێڕنه‌وه‌‌و ده‌ستی‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ ئاوه‌ڵا بكه‌ن‌و به‌ رۆحی‌ حیزبیی‌ مامه‌ڵه‌ نه‌كه‌ن‌و ته‌سفیه‌ی‌ حسابی‌ حیزبیی‌ له‌سه‌ر كه‌وڵی‌ حكومه‌ت نه‌كه‌ن.

رۆژنامه‌: فاكته‌ره‌كانی‌ پشت ئه‌و بێئومێدییه‌ی‌ خه‌ڵك‌و خراپیی‌ ئه‌دای‌ حكومه‌ته‌كه‌ له‌ چیدایه‌‌و چییه‌؟
عه‌لی‌ باپیر: ده‌ستوه‌ردانی‌ حیزب له‌ كاروباری‌ حكومه‌ت‌و كه‌سایه‌تییه‌كانی‌، هه‌روه‌ها گوریس پچڕێنیی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتییه‌.

رۆژنامه‌: كه‌واته‌ هه‌ستده‌كه‌یت له‌ كابینه‌ی‌ شه‌شه‌میشدا حیزب حكومه‌تی‌ ئیفلیج كردوه‌؟
عه‌لی‌ باپیر: من زۆر به‌ رونی‌ ده‌یبینم، ئایا ئێستا ده‌توانین بڵێین فیعله‌ن یه‌ك حكومه‌تی‌ یه‌كگرتومان هه‌یه‌؟

رۆژنامه‌: من ئه‌و پرسیاره‌ له‌تۆ ده‌كه‌م؟
عه‌لی‌ باپیر: نه‌خێر.

رۆژنامه‌: بۆچی‌ نییه‌؟
عه‌لی‌ باپیر: وه‌ڵا ده‌بێت دوعا بكه‌ین په‌یدابێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ به‌داخه‌وه‌ حكومه‌تایه‌تی‌ به‌ نه‌فه‌سی‌ حیزبایه‌تی‌ ناكرێت، كه‌ ئێستا پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ ده‌یكه‌ن، ناكرێت وه‌زیرێك ته‌وجیه له‌ به‌رپرسی‌ لق‌و مه‌ڵبه‌ند وه‌ربگرێت، یان رێ‌ له‌ ته‌عینكردنی‌ كه‌سێك بگیرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ لق‌و مه‌ڵبه‌ند لێی‌ رازیی نییه‌، یان له‌ پاراستن‌و زانیارییه‌وه‌ پشتگیریی‌ لێناكرێت، ناكرێت حكومه‌تێكت هه‌بێت دو سێ‌ ده‌زگا هه‌بن خه‌ڵك ده‌گرن‌و موحاسه‌به‌ بكه‌ن‌و سه‌ر به‌ حكومه‌ت نه‌بن، ئایا ده‌كرێت شتی‌ وا؟.

رۆژنامه‌: مه‌سه‌له‌ی‌ دو ئیداره‌یی‌ هه‌ستده‌كه‌یت به‌ فیعلیی‌ نه‌مابێت؟
عه‌لی‌ باپیر: ئه‌وه‌ به‌ قسه‌و به‌ نه‌زه‌ریی‌ تێكه‌ڵكراوه‌، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌رزی‌ واقیع ره‌نگبداته‌وه‌.

رۆژنامه‌: ئایا ئه‌وه‌ ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌و له‌ دو حكومه‌تی‌ ده‌ربازمان بوه‌؟
عه‌لی‌ باپیر: نه‌خێر وای‌ نابینم.

رۆژنامه‌: بارودۆخی‌ ئێستای‌ حیزبه‌كه‌تان له‌ چ ئاستێكدایه‌، به‌تایبه‌ت له‌دوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ (25/7)، كه‌ بڕیارتان داوه‌ ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن‌و به‌جۆرێكی‌ دیكه‌ سیاسه‌ت بكه‌ن؟
عه‌لی‌ باپیر: له‌دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، به‌ پێویستمان زانی‌ چاو به‌خۆماندا بگێڕینه‌وه‌و فیعله‌ن له‌ هه‌مو ئاسته‌كاندا ده‌ستمانكرد به‌ چاوبه‌خۆدا گێڕانه‌وه‌. وه‌زعی‌ ئێستای‌ خۆمان بڵێین زۆرباشین وانییه‌، به‌ڵام خراپیشی‌ نابینین له‌ قه‌ده‌ر ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی‌ تێیدا ده‌ژین‌و له‌قه‌ده‌ر ئه‌و ئاست‌و كۆسپانه‌شی‌ كه‌ له‌ پێشمان داده‌نرێت، له‌قه‌ده‌ر ئه‌و ماف‌و ئیمتیازانه‌شمان كه‌ پێشێلده‌كرێت.

رۆژنامه‌: په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ‌ دو هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ له‌ چ ئاستێكدایه‌، له‌كاتێكدا باس له‌وه‌ده‌كرێت په‌یوه‌ندییه‌كانتان له‌گه‌ڵ‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیدا پته‌وتره‌، له‌چاو پارتیدا، كه‌ هه‌ست به‌ ساردیی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانتاندا ده‌كرێت؟
عه‌لی‌ باپیر: په‌یوه‌ندیی‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ له‌ یه‌ك ئاستدایه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ر، كه‌ تا چ راده‌یه‌ك دێته‌ پێش‌و دان به‌ مافه‌كانتدا ده‌نێت، له‌و روه‌وه‌ نه‌ك ئێستا، پێشتریش یه‌كێتی‌ له‌گه‌ڵماندا ئیجابیترو كراوه‌تر بوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ‌ پارتیش په‌یوه‌ندیمان باشه‌، كه‌ ئومێدمان وایه‌ له‌گه‌ڵ‌ پارتی‌ باشتریش بكرێت.

رۆژنامه‌: هه‌ندێك له‌ چاودێران ده‌ڵێن ساردیی‌ په‌یوه‌ندیی‌ ئێوه‌و پارتی‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، كه‌ پارتی‌ هه‌ندێكجار ویستویه‌تی‌ لایه‌نێكی‌ دیكه‌ی‌ ئیسلامیی‌، بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌ وه‌ك به‌دیل بۆ ئێوه‌ قوتبكاته‌وه‌؟
عه‌لی‌ باپیر: پارتی‌ بۆخۆی‌ ئازاده‌ كه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ ده‌كات‌و لایه‌نی‌ دیكه‌ دروست ده‌كات‌و قوتی‌ ده‌كاته‌وه‌و ده‌یهێنێته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر حسابی‌ بونی‌ واقیعی‌ ئێمه‌و مافه‌كانمان نه‌بێت.

رۆژنامه‌: ئایا هیچ ئاماژه‌یه‌كی‌ واتان بینیوه‌ كه‌ له‌سه‌ر حسابی‌ ئێوه‌ بوبێت؟
عه‌لی‌ باپیر: دیاره‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ ئه‌و حاڵه‌تانه‌یان بوه‌، جاری‌ وایه‌ لایه‌نێك زۆر دێننه‌ پێش‌و لایه‌نێكی‌ دیكه‌ په‌راوێزده‌خه‌ن.

رۆژنامه‌: له‌كاتی‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ شه‌شه‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمدا هه‌ستتان به‌م حاڵه‌ته‌ كرد؟
عه‌لی‌ باپیر: به‌ڵێ‌ هه‌ستمان پێكرد.

رۆژنامه‌: چۆن؟
عه‌لی‌ باپیر: ئێمه‌ كه‌ ئه‌و مه‌رجانه‌ی‌ داماننابو بۆ به‌شداریكردن له‌ حكومه‌تدا، كه‌ زۆر به‌ رون‌و ئاشكرایی‌ له‌دوا كۆبونه‌وه‌دا له‌گه‌ڵ‌ كاك د.به‌رهه‌م وتمان، ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌ تایبه‌ت‌و حیزبییه‌كانمان كۆسپن له‌به‌رده‌م به‌شداریماندا، ئاماده‌ین مه‌رجه‌ حیزبییه‌كانمان لابه‌رین، مه‌رجه‌ گشتییه‌كان كاك د.به‌رهه‌م وتی‌ ئه‌وانه‌ هه‌مویان ئه‌ركی‌ حكومه‌تن، ئێمه‌ش وتمان فه‌رمو جێبه‌جێی بكه‌ن به‌شداریی‌ حكومه‌ته‌كه‌تان ده‌بین، به‌ڵام بڕیاریان وابو كه‌ ئێمه‌ به‌شدارنه‌بین‌و هه‌ستمانكرد نیه‌تێكی‌ پێشتر هه‌یه‌، كه‌ ئێمه‌ واباشه‌ به‌شداریمان پێنه‌كرێت.

رۆژنامه‌: له‌ كۆتایی‌ هه‌فته‌ی‌ رابردودا چونه‌ به‌غداو به‌ڕێز تاڵه‌بانیتان بینی‌، ئایا له‌و سه‌ردانه‌تاندا هیچ رێكه‌وتنێكی‌ حیزبیی‌‌و شه‌خسی‌ لێكه‌وته‌وه‌، یان سه‌ردانێكی‌ ئاسایی‌ بو؟
عه‌لی‌ باپیر: هه‌ر سه‌ردانێكی‌ ئاسایی‌ بو، ئێمه‌ ناوبه‌ناو پێمان خۆشه‌ جه‌نابی‌ مام جه‌لال چ وه‌ك سكرتێری‌ گشتیی‌ یه‌كێتی‌‌و چ وه‌ك سه‌رۆك كۆمارو كه‌سایه‌تییه‌كی‌ سیاسیی‌ ببینین‌و ده‌رباره‌ی‌ بارودۆخی‌ سیاسی‌ به‌گشتیی‌ قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌كه‌ین، به‌تایبه‌ت له‌م بارودۆخه‌دا، كه‌ ئێمه‌ هه‌ستده‌كه‌ین ئه‌زمونی‌ سیاسیی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ره‌و پاشه‌كشه‌یه‌و له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگدا روبه‌ڕوبوه‌ته‌وه‌.

رۆژنامه‌: ئێستا خیتابی‌ سیاسیی‌ ئێوه‌و یه‌كگرتوی‌ ئیسلامیی‌ هاوته‌ریبه‌، باس له‌ ئه‌گه‌ری‌ یه‌كگرتنی‌ ئێوه‌و یه‌گرتو ده‌كرێت، پرۆژه‌یه‌كی‌ له‌و چه‌شنه‌ هه‌یه‌؟
عه‌لی‌ باپیر: ئێمه‌ پێكه‌وه‌ هاوكاریمان هه‌یه‌‌و لیژنه‌مان دروستكردوه‌، به‌ڵام پرۆژه‌ی‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ له‌ ئێستادا به‌وجۆره‌ی‌ تۆ باسی‌ ده‌كه‌یت له‌گۆڕێدا نییه‌، به‌ڵام یه‌كگرتنی‌ ئیسلامییه‌كان ئاواتی‌ له‌ مێژینه‌ی‌ ئێمه‌یه‌، كه‌ ئێستا شێوه‌ی‌ كاركردنمان له‌گه‌ڵ‌ یه‌كگرتو وه‌ك یه‌كه‌، ئه‌گه‌ر بتوانین تواناكانمان یه‌كبخه‌ین له‌ چوارچێوه‌ی‌ رێكخراوێكدا ئه‌وه‌مان پێخۆشه‌.

رۆژنامه‌: ئه‌م فیكره‌یه‌ لای‌ به‌ڕێزتان باشه‌؟
عه‌لی‌ باپیر: ئه‌م فیكره‌یه‌م زۆر پێباشه‌و له‌مێژه‌ لای‌ من هه‌یه‌، به‌ڵام دیاره‌ مه‌ل به‌ باڵێك نافڕێت، پێشمان وایه‌ لای‌ لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ریش ئه‌سڵی‌ نیه‌ته‌كه‌، كه‌ ئێمه‌ به‌ره‌و یه‌ك بچین لای‌ زۆر ه‌یان هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت لای‌ مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین.

رۆژنامه‌: هه‌ست ناكه‌ن جه‌ماوه‌ری‌ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان پاشه‌كشه‌ی‌ كردوه‌؟
عه‌لی‌ باپیر: من به‌گشتیی‌ وای‌ نابینم، پێموایه‌ ته‌وژمی‌ ئیسلامیی‌ رو له‌ گه‌شه‌و به‌ره‌وپێشه‌و ئه‌گه‌ر لایه‌نێكی‌ ئیسلامیش له‌ پاشه‌كشه‌دا بێت، حاڵه‌ته‌ ئیسلامییه‌كه‌ له‌ گه‌شه‌كردندایه‌.

رۆژنامه‌: بۆچونه‌كه‌م پشتئه‌ستوره‌ به‌ كه‌مبونه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان له‌ (15) كورسییه‌وه‌ ئێستا دابه‌زیوه‌ بۆ (12) كورسی‌؟
عه‌لی‌ باپیر: جا ئه‌وه‌ نیشانه‌ی‌ پاشه‌كشه‌ نییه‌، به‌ڵكو به‌ بۆچونی‌ من ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌ند هۆكارێك، هۆكاری‌ یه‌كه‌م ته‌زویر، كه‌ به‌ بۆچونی‌ من‌و خه‌ڵكێكی‌ چاودێر، كه‌ به‌لای‌ كه‌مه‌وه‌ (20%) ته‌زویر كراوه‌، به‌تایبه‌ت له‌ ده‌ڤه‌ری‌ لای‌ پارتی‌، پاشان یه‌یدابونی‌ حاڵه‌تی‌ گۆڕان، كه‌ په‌یدابو سواری‌ شه‌پۆلی‌ ناڕه‌زایی‌ خه‌ڵك بو، گومانی‌ تێدا نییه‌ كه‌ به‌ قازانجی‌ گۆڕان ته‌واوبو، هه‌روه‌ها هۆكاری‌ سێیه‌م ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ‌ دولایه‌نی‌ دیكه‌ هاوپه‌یمان بوین، كه‌ هه‌مو كه‌س ده‌زانێت ده‌نگی‌ ئێمه‌ ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌وان نه‌چوبێت هی‌ ئه‌وان بۆ ئێمه‌ نه‌هاتوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م سێ‌ هۆكاره‌ بێنینه‌ به‌رچاو، ئه‌وا ته‌فسیری‌ كورسییه‌كانی‌ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان ده‌كرێت.

رۆژنامه‌: بڕیارتان داوه‌ له‌م ساڵدا كۆنگره‌ ببه‌ستن، ئایا پێتانوایه‌ پێویسته‌ له‌ كۆنگره‌دا بڕیار له‌سه‌ر مۆدێلێكی‌ دیكه‌ی‌ كاری‌ سیاسیی‌ بده‌ن؟
عه‌لی‌ باپیر: ئێمه‌ لیژنه‌یه‌كی‌ تایبه‌تیمان داناوه‌، كه‌ هه‌م خۆیان بیربكه‌نه‌وه‌و هه‌م پرسیش به‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌زاو پسپۆڕ بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی‌ كه‌ به‌ فیعلیی‌ ده‌مانه‌وێت له‌ شێوازو ئامرازی‌ كارماندا گۆڕانكاریی‌ بكه‌ین‌و تازه‌گه‌ریی‌ بكه‌ین.

رۆژنامه‌: وه‌ك بۆچونی‌ شه‌خسیت، ئایا كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ پێویستی‌ به‌ گۆڕانه‌ له‌ سیاسه‌تكردنیدا؟
عه‌لی‌ باپیر: به‌ڵێ‌ پێموایه‌ پێویستمان به‌ گۆڕانكارییه‌، هه‌لومه‌رجی‌ سیاسی‌‌و بارودۆخمان گۆڕاوه‌، ئێمه‌ سێ‌ گۆڕانكاریمان به‌سه‌ردا هات؛ یه‌كه‌میان، هاوپه‌یمانێتییه‌كمان كرد له‌گه‌ڵ‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌، دوه‌م، هاوپه‌یمانێتییه‌كی‌ چوارقۆڵیمان كرد، ئێستاش به‌ لیستی‌ سه‌ربه‌خۆ داده‌به‌زین، جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ چوارساڵی‌ رابردودا كۆمه‌ڵێك هه‌ورازو نشێویشمان هاتوه‌ته‌ به‌ر، ئێمه‌ ناڵێین هه‌رده‌م به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ چوین.

رۆژنامه‌: خاڵه‌ جه‌وهه‌رییه‌كانی‌ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی‌ كه‌ ده‌یكه‌ن چین؟
عه‌لی‌ باپیر: من نامه‌وێت جارێ‌ قسه‌ی‌ له‌سه‌ر بكه‌م، چونكه‌ لیژنه‌مان دروستكردوه‌، هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك پێویست بكات ده‌یكه‌ین، بۆ نمونه‌ له‌سه‌ر هه‌یكه‌لی‌ رێكخراوه‌یی‌ ئیحتیماله‌ هه‌ندێك پۆست لاببه‌ین.

Sbeiy.com © 2007