Print
 كورد له‌ به‌غدا؟!...
Thursday, January 14, 2010

(سبه‌ی‌):
سه‌ركردایه‌تیی‌ سیاسیی‌ كورد ناتوانێت رۆڵی‌ نوێنه‌ره‌كانی‌ له‌ به‌غدا هه‌ڵبسه‌نگێنێت
هه‌رچه‌نده‌ كورد ده‌یان پۆستی‌ سیادی‌‌و ئیداریی‌ له‌ حكومه‌تی‌ عێراق وه‌رگرتوه‌، كه‌ پێناچێت له‌دوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتو كورد به‌شێكی ئه‌و پۆسته‌ هه‌ستیارانه‌ له‌ به‌غدا وه‌ربگرێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا به‌ وته‌ی‌ په‌رله‌مانتاران‌و سیاسه‌تمه‌داران‌و چاودێرانی‌ سیاسیی‌ ناتوانرێت وه‌ڵامی‌ ئه‌و پرسیاره‌ بدرێته‌وه‌، كه‌ تا چه‌ند ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی‌ كورد توانیویانه‌ رۆڵیان هه‌بێت له‌و پرسه‌ چاره‌نوسسازانه‌ی‌ په‌یوه‌ستن به‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌.

كورد له‌ به‌غدا
كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ به‌غدا پۆستێكی‌ جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ (7) وه‌زیر، له‌ناویاندا وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پۆسته‌ سیادییه‌ هه‌ستیاره‌كان‌و (12) بریكاری‌ وه‌زیر له‌گه‌ڵ‌ (57) په‌رله‌مانتار له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق، كه‌ ده‌كاته‌ (1/5)ی‌ سه‌رجه‌م رێژه‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مان كه‌ (275) كورسییه‌، هه‌روه‌ك پۆستی‌ سه‌رۆك‌و جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ده‌یان ده‌زگا‌و ده‌سته‌ی‌ فیدراڵی‌ له‌ به‌غدا وه‌رگرتوه‌، وه‌ك سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌، تۆإی‌ راگه‌یاندنی‌ عێراقی‌، له‌گه‌ڵ‌ وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ جێگری‌ سه‌رۆك‌و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌‌و ئه‌ندام له‌ ده‌سته‌كانی‌ (تۆڕی‌ راگه‌یاندنی‌ عێراقی‌، زیندانیه‌ سیاسییه‌كان، چاودێری‌ دارایی‌، ده‌سته‌ی‌ لێپرسینه‌وه‌‌و دادپه‌روه‌ریی‌، مافی‌ مرۆڤ‌و چه‌ندین ده‌سته‌ی‌ دیكه‌).

رۆڵی‌ نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ به‌غدا
په‌رله‌مانتاران نه‌یانتوانی‌ رۆڵی‌ نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ به‌غدا له‌و مه‌سه‌له‌ چاره‌نوسسازانه‌ی‌ تایبه‌تن به‌ كورد دیاری‌ بكه‌ن، ره‌ئوف عوسمان، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق، بۆ رۆژنامه‌ به‌ راشكاوانه‌ ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ڕو، كه‌ ناتوانرێت هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ توانا‌و رۆڵی‌ نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانی‌ به‌غدا بكرێت، چونكه‌ داتایه‌ك له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌‌و كوردیش وه‌ك پێویست نه‌یتوانیوه‌ سود له‌و پۆستانه‌ وه‌ربگرێت كه‌ پێی‌ دراوه‌‌و چاودێریی‌ كاره‌كان بكات كه‌ چۆن به‌ڕێوه‌ده‌چن.

به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ناتوانرێت رۆڵی‌ نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ به‌غدا هه‌ڵبسه‌نگێنرێت، كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ كارده‌كه‌ن، پێویسته‌ بیر له‌ پێكهێنانی‌ ده‌سته‌یه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بكرێته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش وه‌ك حاكم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق، رایگه‌یاند: پێویسته‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ سیاسیی‌ كورد، په‌رله‌مان، حیزب‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌ریه‌ك له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێكی‌ هه‌بێت بۆ نوێنه‌ره‌كانیان.

كورد باوه‌ڕی‌ به‌ هه‌ڵسه‌نگاندن نییه‌
ئازاد چاك، په‌رله‌مانتاری‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق، ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ڕو، كه‌ یه‌كێك له‌و كه‌موكوڕیانه‌ی‌ كورد هه‌یه‌تی‌ له‌ به‌غدا‌و له‌ هه‌رێمیش، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كورد باوه‌ڕی‌ به‌ هه‌ڵسه‌نگاندن نییه‌‌و نایكات. دوای‌ (4) ساڵ‌ كاركردن "رۆژێك نه‌مانبینی‌ له‌ یه‌كێك له‌ كۆبونه‌وه‌كاندا هه‌ڵسه‌نگاندنێك بۆ ئه‌دا‌و رۆڵی‌ په‌رله‌مانتاره‌كان بكرێت‌و به‌ یه‌كێكیان نه‌وت بۆ له‌ كۆبونه‌وه‌كاندا به‌شداریی‌ ناكه‌یت‌و بۆچونت نییه‌، بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌ویش پاساوه‌كانی‌ خۆی‌ بخاته‌ڕو، كه‌ كه‌موكوڕییه‌كه‌ چییه‌ ئایا هۆكاره‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ عه‌ره‌بی‌ نازانن، عه‌قڵیان به‌ سیاسه‌ت ناشكێ‌‌و غه‌دریان لێكراوه‌‌و په‌راوێزخراون".

كورد پاشه‌كشه‌ له‌ ده‌زگا فیدراڵییه‌كان ده‌كات
له‌بری‌ گرنگیدان به‌و پۆستانه‌ی‌ كورد وه‌ریگرتون له‌ به‌غدا، هه‌وڵده‌درێت ده‌سته‌ی‌ هاوشێوه‌ی‌ ئه‌و ده‌زگا فیدراڵیانه‌ی‌ عێراق له‌ كوردستان دابمه‌زرێنرێن، كه‌ وه‌ك عه‌دنان عوسمان، په‌رله‌مانتاری‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان وتی‌: "كورد به‌ بیانوی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌‌و ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌زگای‌ سه‌ربه‌خۆمان هه‌بێت وه‌خته‌ پاشه‌كشه‌ له‌ ده‌زگا فیدراڵییه‌كان بكات". له‌ به‌رامبه‌ریشدا د.نوری‌ تاڵه‌بانی‌ وه‌ك چاودێرێكی‌ سیاسیی‌ له‌و بڕوایه‌دا بو ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ی‌ هاوشێوه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ به‌غداش له‌ كوردستان پێكبهێنرێت پێویسته‌ هه‌ماهه‌نگیی‌ بكه‌ن‌و پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن.

ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ نمونه‌ی‌ پێكهێنانی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ له‌ كوردستان هێنایه‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ به‌ هه‌ماهه‌نگیی‌ له‌گه‌ڵ‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق كاربكات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆ كاربكات، ئه‌وا دانی‌ پێدانانرێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ پێكهێنانی‌ ئه‌و ده‌سته‌ هاوشێوانه‌ پێویسته‌ بكه‌وێته‌ دوای‌ په‌سه‌ندكردنی‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێم، كه‌ ئه‌و مافه‌ی‌ به‌ هه‌رێمی‌ كوردستان داوه‌.

سه‌ركردایه‌تیی‌ سیاسیی‌ كورد به‌رپرسه‌
وه‌ك مه‌حمود عوسمان، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق باسی‌ لێوه‌ده‌كات، سه‌ركردایه‌تیی‌ سیاسیی‌ كورد به‌رپرسه‌ له‌ نه‌بونی‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێك بۆ نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ به‌غدا.

مه‌حمود عوسمان له‌ لێدوانه‌كه‌یدا بۆ رۆژنامه‌ ئه‌وه‌شی‌ خسته‌إو، كه‌ نه‌ك هه‌ڵسه‌نگاندن، به‌ڵكو تائێستا له‌ به‌غدا نوێنه‌رانی‌ كورد هه‌ر له‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ كۆماره‌وه‌ بۆ وه‌زیر‌و جێگره‌كان‌و په‌رله‌مانتارانیش نه‌توانراوه‌ كۆبونه‌وه‌یه‌ك بكرێت‌و هاوڕابن وه‌ك كوتله‌ له‌سه‌ر پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌كانی‌ كورد، ئه‌مه‌ش هه‌ر سه‌ركردایه‌تیی‌ سیاسیی‌ كورد لێی‌ به‌رپرسه‌.

هاوكات د.سه‌عدی‌ به‌رزنجی‌، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق، پێیوایه‌؛ پێویستبو هه‌ر سه‌ركردایه‌تییه‌ك هه‌ڵسه‌نگاندنیان هه‌بێت بۆ ئه‌وانه‌ی‌ له‌ به‌غدا‌و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی‌ له‌ كوردستانیش كارده‌كه‌ن، هه‌ركاتێك زانرا كه‌سێك كه‌مته‌رخه‌مه‌‌و ناتوانێت كاربكات، پێویسته‌ به‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ ئه‌دای‌ كه‌سه‌كان دیاریبكرێت‌و ئه‌وانه‌ی‌ توانایان نییه‌ له‌ پۆسته‌كانیان لابدرێن.

كورد نوێنه‌رانی‌ له‌ به‌غدا پشتگوێخستوه‌
عه‌دنان عوسمان، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، ره‌خنه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ سیاسیی‌ كورد هه‌بو، كه‌ نوێنه‌ره‌كانی‌ له‌ به‌غدا پشتگوێخستوه‌‌و لێیان ناپرسێته‌وه‌‌و هه‌ڵسه‌نگاندن نییه‌ بۆ كاره‌كانیان، ئه‌گه‌ر باش ئیشیان كردبێت كه‌س پێیان ناڵێت ده‌ستان خۆش، ئه‌گه‌ر خراپیش كاربكه‌ن كه‌س ناڵێت بۆ واتان كرد.

 هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ توانا یان ئینتیمای‌ حیزبیی‌
پێویسته‌ لانیكه‌م په‌رله‌مانی‌ عێراق لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كیان له‌به‌رده‌ست بێت بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ خۆیان تا بزانرێت له‌ خولی‌ داهاتودا چۆن كه‌سه‌كان ده‌ستنیشانده‌كرێن. به‌ڵام ئازاد چاك ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد؛ گرنگی‌ به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ ئه‌ندامان نه‌دراوه‌، چونكه‌ دانانی‌ نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ عێراق‌و په‌رله‌مانتاران له‌سه‌ر بنه‌مای‌ رازیكردنی‌ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان‌و به‌رپرسانی‌ سیاسیی‌ حیزبه‌كانه‌، له‌ كوردستان له‌ بری‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ راسته‌قینه‌ی‌ توانا‌و لێهاتویی‌ كه‌سه‌كان، كه‌ په‌رله‌مانتار یان نوێنه‌ری‌ كوردن له‌ عێراق، هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ فڵان شه‌هیدی‌ زۆر داوه‌ یان خزمی‌ فڵان به‌رپرسه‌ یان حیزب ده‌یه‌وێت ئه‌و دابنرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ دڵی‌ رازیی‌ بكات، یان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئینتیما بۆ كه‌سی‌ یه‌كه‌می‌ حیزب یان ئه‌ندامێكی‌ باڵای‌ ئه‌و حیزبه‌، پێوه‌رێك نییه‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن، بۆیه‌ بونی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ بێلایه‌ن‌و پسۆڕ له‌ بواری‌ یاسا‌و بواره‌كانی‌ دیكه‌ تایبه‌ت به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ رۆڵی‌ نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ به‌غدا زۆر گرنگه‌.

كۆمیته‌‌و لق بڕیار له‌سه‌ر دانانی‌ په‌رله‌مانتاران ده‌ده‌ن
به‌ بۆچونی‌ د.مه‌حمود عوسمان ده‌بو سه‌ركردایه‌تیی‌ سیاسیی‌ كورد له‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردودا ئه‌گه‌ر ده‌بو نوێنه‌ره‌كانیان هه‌ڵبسه‌نگێنن، كه‌ پێناچێت گرنگی‌ به‌ولایه‌نه‌ درابێت ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بكرایه‌ ده‌یانزانی‌ كێ‌ كارده‌كات‌و نه‌ده‌هاتن بۆ دیاریكردنی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ خولی‌ داهاتو له‌گه‌ڵ‌ كۆمیته‌‌و لق‌و ناوچه‌ كۆببنه‌وه‌‌و په‌رله‌مانتاران ده‌ستنیشان بكه‌ن‌و ناوچه‌ بڕیار بدات كێ‌ باشه‌ بۆ به‌غدا دابنرێت، ده‌هاتن سود له‌و په‌رله‌مانتاره‌ چالاكانه‌ وه‌رده‌گیرا كه‌ (4) ساڵه‌ كارده‌كه‌ن‌و داكۆكی‌ له‌ مافه‌كانی‌ كورد ده‌كه‌ن، تا له‌به‌ر رۆشنایی‌ ئه‌زمونی‌ چه‌ند ساڵه‌یان ئه‌و مه‌رجانه‌ بخه‌نه‌ڕو كه‌ پێویسته‌ له‌ نوێنه‌رانی‌ كوردا هه‌بن له‌ به‌غدا.

نه‌بونی‌ ئه‌و لێپرسینه‌وه‌‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ نوێنه‌ری‌ كوردن له‌ به‌غدا گه‌وره‌ترین ناحه‌قیه‌ به‌رامبه‌ر به‌ چاره‌نوسی‌ كورد‌و مه‌سه‌له‌ چاره‌نوسسازه‌كانی‌ له‌ به‌غدا ده‌كرێت.

په‌رله‌مانی‌ كوردستان تاكه‌ مه‌رجه‌عی‌ سیاسی‌‌و ده‌ستورییه‌
له‌ ماده‌ی‌ یه‌كه‌می‌ بڕیاری‌ ژماره‌ (1)ی‌ ساڵی‌ (2005)ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا هاتوه‌: (ئه‌نجومه‌نی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان- عێراق تاكه‌ مه‌رجه‌عی‌ سیاسی‌‌و ده‌ستورییه‌ بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌كانی‌ گه‌لی‌ عێراق‌و دیاریكردنی‌ په‌یوه‌ندیی‌ ده‌ستوریی‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ كۆماری‌ عێراقی‌ فیدراڵیدا‌و ده‌بێت نوێنه‌رانی‌ گه‌لی‌ كوردستان له‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ نیشتمانیی‌ عێراقدا له‌ كاتی‌ خستنه‌ڕوی‌ هه‌ر حوكم‌و ماده‌یه‌ك كه‌ په‌یوه‌ندیی‌ راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆی‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ گه‌لی‌ كوردستانه‌وه‌ هه‌بێت، له‌كاتی‌ داڕشتنی‌ ده‌ستوری‌ هه‌میشه‌یی‌ عێراقدا بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر پرس‌و رای‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان).

 كورد له‌ به‌غدا په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ مه‌رجه‌ع نازانن
نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ به‌غدا له‌ په‌رله‌مان‌و حكومه‌تیش، له‌ هیچ مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ چاره‌نوسساز به‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، عه‌دنان عوسمان، وتیشی‌: "هیچ به‌رپرسێكی‌ كورد له‌ به‌غدا په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ مه‌رجه‌عی‌ خۆی‌ نازانێت‌و ئه‌و دوجاره‌ش كه‌ بۆ مه‌سه‌له‌ی‌ كه‌ركوك‌و یاسای‌ هه‌ڵبژاردن نوێنه‌رانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان خۆیان، چونه‌ به‌غدا‌و به‌شداریی‌ دانیشتنه‌كه‌یان كرد، ئه‌گه‌رنا په‌رله‌مانتارانی‌ كورد له‌ به‌غدا نه‌ داوایان كردو نه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانی‌ كوردستان".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان هۆكاری‌ داننه‌نانی‌ نوێنه‌رانی‌ كورد به‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان وه‌ك مه‌رجه‌عێك، گه‌ڕانده‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ كه‌ پێشتر جه‌لال تاڵه‌بانی‌، سه‌ركۆماری‌ عێراق، پێی‌ راگه‌یاندون كه‌ "خۆم به‌رپرسی‌ دۆسیه‌ی‌ كوردم له‌ به‌غدا" هه‌ربۆیه‌ هیچ كه‌س‌و لایه‌نێك ناوێرن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ هه‌رێم له‌و پرسه‌ چاره‌نوسسازانه‌ی‌ په‌یوه‌ستن به‌ كورده‌وه‌‌و ته‌داخول له‌ ئیشه‌كاندا بكه‌ن.

سه‌ركردایه‌تیی‌ سیاسیی‌ كورد‌و په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و په‌رله‌مانی‌ عێراق‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان نه‌ك هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ به‌غدا نییه‌، به‌ڵكو به‌ وته‌ی‌ خودی‌ په‌رله‌مانتاران، هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ توانا‌و لێهاتویی‌ بۆ په‌رله‌مانتاران‌و به‌رپرسانی‌ حكومیی‌ كوردستانیش نییه‌‌و هیچ لایه‌نێك ئه‌و ئه‌ركه‌ ناخاته‌ ئه‌ستۆی‌ خۆی‌.

Sbeiy.com © 2007