Print
 هه‌ولێر تۆپی‌ نه‌وت ده‌خاته‌وه‌ گۆڕه‌پانی‌ به‌غدا
Sunday, January 31, 2010

راپۆرت: هه‌ستیار قادر
حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئاماده‌یی‌ ده‌رده‌بڕێت بۆ دوباره‌ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌وته‌كه‌ی‌ له‌ رێگه‌ی‌ به‌غداوه‌، به‌مه‌رجێك پاره‌ی‌ كۆمپانیاكانی‌ نه‌وتی‌ لێبدرێت، به‌رپرسێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ به‌غداش ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات؛ ده‌بێت گرێبه‌سته‌كانی‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ په‌سه‌ندبكرێت. هاوكات دو ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و عێراقیش ده‌ڵێن: "هه‌رێم كه‌وتوه‌ته‌ ژێر فشاری‌ كۆمپانیاكانی‌ نه‌وته‌وه‌".

هه‌رێم‌و تۆپێكی‌ نه‌وتاوی‌
ده‌ستپێكردنی‌ یه‌كه‌م پرۆسه‌ی‌ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم له‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ (2009)دا، كه‌ وه‌ك ده‌ستكه‌وتێكی‌ ئابو‌وریی له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ پێشكه‌شكرا، ته‌مه‌نی‌ كورت بو سێ مانگ بڕیكرد‌و له‌ مانگی‌ ئه‌یلولی‌ هه‌مان ساڵدا راگیرا، سه‌ره‌ڕای‌ تێبینییه‌كانی‌ شاره‌زایانی‌ بواری‌ نه‌وت سه‌باره‌ت به‌ قازانجی‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وت‌و ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ له‌ رێگه‌ی‌ به‌غداوه‌‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ داهاته‌كه‌شی‌ بۆ خه‌زێنه‌كه‌ی‌ عێراق، كه‌ كورد ساڵانه‌ به‌شه‌ڕ له‌ په‌رله‌ماندا (17%)ی‌ لێ ده‌بات، هه‌رێم وته‌نی‌ كێشه‌ی‌ سه‌ره‌كیی‌ پشت راگرتنی‌ پرۆسه‌ی‌ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم، نه‌دانی‌ پاره‌ی‌ كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌كانی‌ نه‌وتی‌ كێڵگه‌ی‌ تاوگی‌ بوه‌، كه‌ هه‌ردولا كۆمپانیای‌ (دی‌ ئێن ئۆی‌) نه‌رویجی‌ (ژه‌نه‌راڵی‌)ی‌ توركییا كه‌ به‌غدا له‌ غیابی‌ یاسای‌ نه‌وت‌و گازدا ئاماده‌ نه‌بوه‌ له‌ داهاتی‌ نه‌وته‌كه‌ی‌ كوردستان پاره‌كه‌ی‌ بدات تا ئه‌وكاته‌ی‌ خۆی‌ وردبینیی‌ گرێبه‌سته‌كان نه‌كات.

 له‌ پاش سه‌رنه‌گرتنی‌ هه‌مو هه‌وڵه‌كانی‌ هه‌رێم بۆ قایلكردنی‌ به‌غدا به‌ سه‌رفكردنی‌ پاره‌ی‌ كۆمپانیا به‌رهه‌مهێنه‌كانی‌ نه‌وت له‌ كێڵگه‌ی‌ تاوگی‌، وه‌زارتی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماده‌یی‌ پیشاندا بۆ دوباره‌ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم له‌ رێگه‌ی‌ كۆمپانیای بازارگه‌ری‌ نه‌وتی‌ عێراقی‌ (سۆمۆ) به‌مه‌رجێك پاره‌ی‌ كۆمپانیاكانی‌ وه‌به‌رهێنی‌ نه‌وتی‌ كێڵگه‌ی‌ تاوگی‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بدرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت له‌نێوان هه‌ولێر‌و به‌غدا پێكبهێنرێت. هه‌ر له‌و چواچێویه‌شدا د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا؛ نامه‌یه‌كی‌ ئاراسته‌ی‌ نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق كردوه‌‌و چه‌ند پێشنیازێكی‌ نوێی‌ سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كه‌یسی‌ نه‌وت.

به‌غدا چی‌ ده‌ڵێت؟
ئه‌گه‌رچی‌ تائێستا هیچ وه‌ڵامێكی‌ ره‌سمیی‌ سه‌باره‌ت به‌و پێشنیازه‌ نوێیانه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی‌ نه‌وت له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ ده‌رنه‌چوه‌، چاوه‌ڕوانده‌كرێت ئه‌و پێشنیازانه‌ كاتێكی‌ زۆر‌و مشتومڕێكی‌ چڕتری‌ بوێت تا ئه‌و ئاسته‌ی‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ بۆ دوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ (7/3)ی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق‌و پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ نوێ‌ درێژه‌ بكێشێت، كه‌ تائێستا رو‌وكاره‌كه‌ی‌ دیارنییه‌.

ئه‌گه‌رچی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیی‌ به‌ روی‌ یه‌كه‌می‌ گفتوگۆ داده‌نرێت له‌گه‌ڵ‌ هه‌رێمدا سه‌باره‌ت به‌ كه‌یسی‌ نه‌وت، به‌ڵام تێبینی‌ به‌رده‌وامی‌ هه‌رێم له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی‌ نه‌وت‌و حسێن شه‌هرستانی‌ وه‌زیره‌كه‌یه‌تی‌.

عه‌بدولكه‌ریم عه‌بسی‌، پشكه‌نه‌ری‌ گشتیی‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ عێراق، ئاماده‌یی‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ پیشاندا بۆ دوباره‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم‌و ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ له‌ رێگه‌ی‌ بۆرییه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ عێراق‌و فرۆشتنی‌ له‌ رێگه‌ی‌ كۆمپانیای‌ سۆمۆوه‌، به‌ڵام جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی‌ هه‌رێم بخرێته‌ به‌رده‌ستی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وت‌و دوای‌ وردبینیی‌ ره‌زامه‌ندیی‌ له‌سه‌ر بدات.

سه‌باره‌ت به‌ پێدانی‌ پاره‌ی‌ كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌كانی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمیش، ئه‌و به‌رپرسه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ عێراق بۆ رۆژنامه‌ی‌ رونكرده‌وه‌، كه‌ پێدانی‌ پاره‌ی‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ له‌ سنو‌وری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتدا نییه‌و ده‌بێت وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ بڕیاری‌ له‌سه‌ر بدات.

هه‌رێم له‌ ژێر گوشاردایه‌
نه‌دانی‌ پاره‌ی‌ كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌كانی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم كێشه‌ی‌ نێوان به‌غداو هه‌ولێری‌ به‌ ئاراسته‌یه‌كی‌ دیكه‌دا بردوه‌، تا ئه‌و ئاسته‌ی‌ پسپۆڕانی‌ بواری‌ سیاسیی‌ پێیانوایه‌؛ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیی‌ ده‌یه‌وێت رێڕه‌وی‌ كێشه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌رێمدا بگوازێته‌وه‌ بۆ كێشه‌ی‌ نێوان حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان، به‌وپێیه‌ی‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ‌ هه‌رێمدا ئیمزاكردوه‌ نه‌ك به‌غداو به‌رده‌وام بونی‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ش ئه‌گه‌ری‌ گازنده‌كردنی‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌ ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌ له‌ دادگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سه‌باره‌ت به‌ نه‌دانی‌ پاره‌كانیان، كه‌ به‌ ملیۆنه‌ها دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت.

د.بایه‌زید حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ نه‌وت‌و گازی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ژێر گوشاری‌ كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌كانی‌ نه‌وتدایه‌، به‌وپێیه‌ی‌ ده‌یان ملیۆن دۆلاریان سه‌رفكردوه‌و تائێستا پاره‌كه‌یان نه‌دراوه‌ته‌وه‌.

هاوكات ئیسماعیل گه‌ڵاڵی‌، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ پیشه‌سازی‌‌و وزه‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، كه‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ به‌ "گرێبه‌ستی‌ تاڵانكردنی‌ نه‌وتی‌ كوردستان" ناوبرد، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا؛ حكومه‌تی‌ هه‌رێم چیتر ناتوانێن نه‌وت بنێرێته‌ ده‌ره‌وه‌ تا پاره‌ی‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ نه‌دات كه‌ وه‌به‌رهێنانیان له‌ كه‌رتی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمدا كردوه‌، ئه‌مه‌ش حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ خستوه‌ته‌ ژێر گوشاری‌ كۆمپانیاكانه‌وه‌.

به‌ وته‌ی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ كوردستان، حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌م گه‌مه‌یه‌دا دۆڕاون، به‌وپێیه‌ی‌ كاتێك نرخی‌ نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی‌ جیهاندا دابه‌زی‌ گوشارێكی‌ گه‌وره‌ له‌سه‌ر عێراق دروست بو، بۆیه‌ ره‌زامه‌ندییاندا كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ی‌ له‌ رێگه‌ی‌ به‌غداوه‌ بفرۆشێت، به‌ڵام دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ بازاڕی‌ نه‌وت به‌رزبوه‌وه‌ ئێستا پێویستیان به‌و سازشه‌ نییه‌ بۆ هه‌رێمی‌ بكه‌ن‌و وتیشی‌: "من پێموایه‌ حكومه‌تی‌ عێراق رازی‌ نابێت به‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی‌ هه‌رێم، كه‌ له‌ راستیدا زوڵمێكی‌ زۆره‌ له‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان‌و نه‌وه‌كانی‌ ئاینده‌ ده‌كرێت".

نه‌وت‌و یاسایه‌كی‌ نوێ‌
پرۆسه‌ی‌ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم به‌ رێژه‌ی‌ (100) هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا‌و په‌لهاویشتن به‌ره‌و زیادكردنی‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ بۆ (200) هه‌زار به‌رمیل، وه‌ك له‌ رو‌ونكردنه‌وه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كاندا هاتوه‌ پرسیاری‌ له‌سه‌ر قازانجی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان دروستكردوه‌ له‌ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و نه‌وته‌، به‌تایبه‌ت كه‌ داهاته‌كه‌ی‌ ده‌خرێته‌ سندوقی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ عێراق (dfi)، كه‌ له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كرێت‌و له‌وێوه‌ داهاته‌كانی‌ نه‌وت ده‌چێته‌ خه‌زێنه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقی‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ماده‌ی‌ (112)ی‌ ده‌ستو‌وری‌ عێراقدا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، كه‌ داهاته‌ سروشتییه‌كان به‌گوێره‌ی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتو‌وان به‌سه‌ر پارێزگاكاندا دابه‌شده‌كرێت‌و له‌ غیابی‌ سه‌رژمێریی‌ دانیشتو‌وانیشدا ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ ده‌كه‌وێته‌ گومانه‌وه‌.

به‌پێی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ ده‌ست رۆژنامه‌ كه‌وتون، ئێستا پڕۆژه‌یاسایه‌ك خراوه‌ته‌ به‌رده‌ستی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق، كه‌ به‌پێی‌ ئه‌و یاسایه‌ بڕی‌ نیو دۆلار له‌ فرۆشتنی‌ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت بۆ ئه‌و هه‌رێم‌و پارێزگایانه‌ ته‌رخانده‌كرێت كه‌ نه‌وتیان لێ ده‌رده‌هێنرێت، له‌ ئێستاشدا عێراق رۆژانه‌ نزیكه‌ی‌ (1) ملیۆن‌و (900) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كات، كه‌ ته‌نیا پارێزگای‌ به‌سره‌ (1) ملیۆن‌و (300) هه‌زاری‌ به‌رده‌كه‌وێت‌و رێژه‌كه‌ش له‌ كه‌ركوك نزیكه‌ی‌ (500 -600) هه‌زار به‌رمیله‌، به‌ په‌سه‌ندكردنی‌ ئه‌و یاسایه‌و به‌گریمانه‌ی‌ رێكه‌وتنی‌ به‌غداو هه‌رێم له‌سه‌ر كێشه‌ی‌ نه‌وتی‌ نێوانیان، به‌شێوه‌ی‌ سه‌ره‌تایی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم رۆژانه‌ (50) هه‌زا دۆلار قازانج ده‌كات‌و ئه‌م رێژه‌یه‌ش بۆ (200) هه‌زار به‌رمیل به‌رزده‌كرێته‌وه‌، كه‌ ئه‌وكاته‌ش بڕی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر بودجه‌ی‌ هه‌رێم ده‌گاته‌ (100) هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا.

Sbeiy.com © 2007