Print
 گۆڕان به‌غدا ده‌هه‌ژێنێت
Friday, February 12, 2010

راپۆرت

لیستی گۆڕان له‌خۆئاماده‌كردندایه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌ به‌غدا نوێنه‌رایه‌تی حیزبیانه‌ی كورد، بگۆڕێت بۆ نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی كورد، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م جار ده‌بێت كه‌ كورد نماینده‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی خۆی بۆ به‌غدا ده‌ستنیشان بكات بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ی له‌ نه‌بونی داكۆكیكاره‌كانی هه‌یبوه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كان و چه‌ندین بابه‌تی هه‌ڵپه‌سێردراو له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند.
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ بانگه‌شه‌ی‌ لیست و قه‌واره‌ به‌شداربوه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، به‌ ئاشكرا هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌ چه‌ندین روه‌وه‌ گۆڕانكاری‌ بۆ گه‌لی‌ كورد و هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌، وه‌ك چۆن هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ مانگی‌ ته‌موزی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان گۆڕانكاریی‌ به‌رچاویان لێكه‌وته‌وه‌، هه‌ر له‌ دروستبونی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ راسته‌قینه‌ و خستنه‌ڕوی‌ راستییه‌كان بۆ جه‌ماوه‌ر و هۆشیاركردنه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیان و دروستكردنی‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م هه‌ژمون و باڵاده‌ستیی‌ دو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی‌ هه‌رێم كه‌ به‌ درێژایی‌ چه‌ندین ساڵه‌ به‌ناوی‌ یه‌كگرتویی‌ و یه‌كده‌نگی‌ كورده‌وه‌ سه‌رجه‌م كایه‌كانی‌ ژیانیان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و ته‌نانه‌ت له‌ به‌غداش قۆرخكردوه‌، بۆیه‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ گۆڕان وه‌ك چۆن له‌ كوردستاندا ببوه‌ پێویستییه‌كی‌ رۆژانه‌ی‌ خه‌ڵكی‌، له‌ ئێستاشدا به‌هه‌مان شێوه‌ گۆڕانكاریی‌ له‌ پێكهاته‌ی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ كورد له‌ به‌غدا بۆته‌ پێویستییه‌كی‌ چاره‌نوسساز، به‌ تایبه‌تی‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌ ماوه‌ی‌ رابردودا نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ به‌غدا نه‌یانتوانیوه‌ له‌ ئاست پێداویستی‌ و داواكارییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستاندا بن.

گۆڕانكاری‌ بۆ عێراق به‌ گشتی‌ پێویسته‌
گۆڕانكاری‌ له‌ پێكهاته‌ و ئه‌ندمانی‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تدا هه‌میشه‌ پێویست بوه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا گۆڕانكاری‌ بنچینه‌یی‌ له‌ عێراق به‌ گشتی‌ و هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ تایبه‌تی‌ بۆته‌ پێداویستی‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ حاكم شێخ له‌تیف، سه‌رۆكی‌ لیستی‌ گۆڕان له‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق به‌ سبه‌ی‌ راگه‌یاند: له‌ پاش روخانی‌ رژێمی‌ به‌عس سیسته‌مێكی‌ دیموكراتی‌ له‌ عێراق هاته‌ كایه‌وه‌، كه‌ پێشتر ئه‌و سیسته‌مه‌ په‌یڕه‌و نه‌كرابو، پاش تێپه‌ڕبونی‌ 7 ساڵ له‌و ئه‌زمونه‌ چه‌ندین هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕی‌ به‌هۆی‌ نه‌شاره‌زایی‌ و نه‌بونی‌ پێشینه‌ و نه‌بونی‌ موماره‌سه‌ی‌ دیموكراتی‌ ده‌ركه‌وت، بۆیه‌ گۆڕانكاری‌ زۆر پێویسته‌ بۆ گه‌لی‌ عێراق به‌ گشتی‌ و كورد به‌تایبه‌تی‌.

چونی‌ گۆڕان بۆ به‌غدا گوتاری حیزبی ده‌كاته‌ نه‌ته‌وه‌یی
به‌بۆچونی‌ حاكم شێخ له‌تیف، سه‌رۆكی لیستی گۆڕان له‌سلێمانی، چونی‌ گۆڕان بۆ ناو په‌رله‌مانی‌ به‌غدا كاریگه‌ریی‌ ئیجابی‌ ده‌بێت بۆ كورد، چونكه‌ گوتاری‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ كورد له‌ به‌غدا به‌هۆی‌ رێكه‌وتنی‌ ستراتیژی‌ نێوان دو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی‌ هه‌رێمه‌وه‌ گوتارێكی‌ حیزبی‌ بوه‌ له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ گوتارێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ بێت، هه‌روه‌ها زۆرجاریش پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و چاره‌نوسسازه‌كانی‌ كوردستان خراونه‌ته‌ دوای‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حیزبییه‌كانه‌وه‌، بۆیه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ بونی‌ لیستی‌ جیاواز و به‌ تایبه‌تی‌ لیستی‌ گۆڕان وا ده‌كات گوتاری‌ كوردی‌ له‌ به‌غدا له‌ گوتارێكی‌ حیزبییه‌وه‌ ببێته‌ گوتارێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌.
هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی‌ ئیجابیاته‌كانی‌ چونی‌ گۆڕا بۆ به‌غدا، نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌رۆكی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند: "ئه‌و بیروبۆچونه‌ سیاسیه‌ی‌ كه‌ هه‌مانه‌، بۆ گۆڕینی‌ وه‌زعی‌ سیاسی‌ ‌و ئابوری‌ ‌و رۆشنبیری‌ ‌و قانونی‌ ‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ له‌ كوردستان و عێراق و ده‌مانه‌وێت فراكسیۆنه‌كه‌مان له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق بتوانێت ده‌ورێكی‌ كاریگه‌ر و گرنگ ببینێت كه‌ ئه‌گه‌ر له‌مه‌ی‌ كوردستان زیاتر نه‌بێت له‌مه‌ كه‌متر نه‌بێت ‌و بتوانێت جێگه‌ی‌ ئومێد ‌و متمانه‌ی‌ میلـله‌ته‌كه‌مان بێت چ له‌كوردستان ‌و چ له‌عێراقدا".

گۆڕان له‌ هه‌رێم چی‌ كردوه‌ و له‌ به‌غدا چی‌ ده‌كات؟
دكتۆر شاهۆ سه‌عید هه‌ڵسوڕاوی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و ئه‌ندامی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی‌ KNN رایگه‌یاند:
فراكسیۆنی گۆڕان ته‌مه‌نی‌ ته‌نها چه‌ند مانگێكی‌ دیاریكراوه‌، له‌ ماوه‌ی‌ ئه‌م چه‌ند مانگه‌دا توانیومانه‌ ئه‌زمونی‌ ئۆپۆزیسیۆن له‌ناو په‌رله‌ماندا بچه‌سپێنین، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌‌و كه‌م ئه‌زمونیشمان هه‌بوبێَت گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ سه‌ره‌تایه‌كی‌ باشمان ده‌ستپێكردوه‌، ئێمه‌ ئۆپۆزیسیۆنمان له‌ په‌رله‌مانێكدا دروستكرد كه‌ بۆ ماوه‌ی‌ 17 ساڵ‌ بو له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ قۆرغكرابو.
له‌ ماوه‌ی‌ رابردودا ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ كوردیان كردوه‌ له‌ به‌غدا هه‌ندێك مه‌سه‌له‌ی‌ لاوه‌كییان كردوه‌ به‌ ئه‌وله‌ویاتی‌ كاره‌كانیان، ئه‌ویش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ روانگه‌یه‌كی‌ حیزبییه‌وه‌ له‌ كێشه‌كانیان روانیوه‌، حاكم شێخ له‌تیف رایگه‌یاند: له‌ ئه‌ساسدا ئه‌وله‌ویاتی‌ كورد بریتییه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی‌ دیكه‌ و دیاریكردنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ هه‌رێم و ناوه‌ند و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ سه‌روه‌ت و سامان و دیاریكردنی‌ بودجه‌، هه‌ربۆیه‌ گۆڕان له‌ به‌غدا ئه‌م مه‌سه‌له‌ سه‌ره‌كییانه‌ ده‌كاته‌ ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ خۆی‌ و هه‌وڵده‌دات بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و نیشتمانییه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد.
هه‌روه‌ك نه‌وشیروان مسته‌فاش له‌ په‌یامه‌كه‌یدا رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ " ئومێدمان وایه‌ كه‌كوتله‌كه‌ی‌ ئێمه‌ له‌په‌رله‌مانی‌ عێراقدا ببن به‌پارێزه‌ر و داكۆكیكه‌ر له‌سه‌ر مافه‌ ده‌ستوریه‌كانی‌ میلـله‌ته‌كه‌مان، چونكه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ببین به‌پارێزه‌ری‌ مافه‌كانی‌ میلـله‌ته‌كه‌مان له‌ به‌غدا، ده‌مانه‌وێت ئه‌و بۆشاییه‌ی‌ كه‌ له‌چه‌ند ساڵی‌ رابردودا پڕنه‌كراوه‌ته‌وه‌ پڕی‌ بكه‌ینه‌وه‌ و ئه‌و ناكۆكیانه‌ی‌ كه‌ هه‌ن له‌سه‌ر ناوچه‌ دابڕاوه‌كان، له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ پێشمه‌رگه‌، له‌سه‌ر گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان، له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ بودجه‌ و نوێنه‌رایه‌تی‌ كورد له‌وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ پاسه‌وانی‌ سنور و ... هتد، هیوامان وایه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ ئه‌م هاورێ خۆشه‌ویستانه‌ی‌ ئێمه‌ جێبه‌جێ ببێت".
 
یه‌ك لیستی‌ باشتره‌ یان فره‌لیستی‌؟
له‌ ماوه‌ی‌ رابردودا هه‌ردو پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی‌ هه‌رێم بانگه‌شه‌ی‌ یه‌كلیستی‌ و یه‌كده‌نگییان ده‌كرد له‌ به‌غدا و وایان بڵاوده‌كرده‌وه‌ كه‌ به‌شداریكردنی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق به‌ لیستی‌ سه‌ربه‌خۆ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانیی‌ كوردستان زیان به‌ كورد ده‌گه‌یه‌نێت به‌ بیانوی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ كورد مه‌ترسیی‌ ده‌ره‌كی‌ له‌سه‌ره‌، به‌ڵام حاكم شێخ له‌تیف به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌و بۆچونه‌وه‌ پێی‌ وایه‌ خاڵی‌ لاوازی‌ هه‌ر سیسته‌مێك له‌وه‌دایه‌ كه‌ یه‌كهه‌ڵوێستی‌ تێدابێت به‌و مانایه‌ی‌ بیرو بۆچونی‌ جیاواز له‌خۆ نه‌گرێت، هه‌روه‌ها فره‌هه‌ڵوێسیتی‌ مانای‌ ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ دژایه‌تی‌ یه‌كتر بكه‌ین، له‌ماوه‌ی‌ رابردودا هه‌ردو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار به‌هۆی‌ رێكه‌وتنی‌ ستراتیژییه‌وه‌ ئیراده‌ی‌ خۆیانكردوه‌ به‌یه‌ك له‌ به‌غدا و له‌ ئه‌نجامیشدا بڕیاره‌كانیان كردوه‌ به‌ بڕیاری‌ كه‌سێك یان دو كه‌س، دواجار ئه‌م یه‌كلیستی‌ و یه‌كهه‌ڵوێستییه‌ له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ قازانجی‌ بۆ میلـله‌تی‌ كورد هه‌بێت، زیانی‌ بۆ كورد هه‌بوه‌.

پاشاگه‌ردانی‌ له‌ ده‌ستنیشانكردنی‌ پۆسته‌ سیادییه‌كان بۆ كورد له‌ به‌غدا نامێنێت
له‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ساڵی‌ 2005 حكومه‌تی‌ عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ته‌وافوق پێكهێنرا و پۆسته‌ سیادییه‌كان له‌ نێوان پێكهاته‌كاندا دابه‌شكران، له‌و سه‌روبه‌نده‌دا هه‌ردو حیزبه‌ باڵاده‌سته‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌پێی‌ رێكه‌وتنی‌ نێوانیان پۆسته‌كانی‌ به‌غداشیان دابه‌شكرد و جۆرێك له‌ بێسه‌روبه‌ره‌یی‌ له‌و نێوه‌نده‌دا دروست بو، باشترین به‌ڵگه‌ش بۆ سه‌لماندنی‌ ئه‌و راستییه‌ ئه‌وه‌ بو كه‌ له‌ پاش بونی‌ دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح به‌ سه‌رۆكی‌ حکومه‌ت، پاش چه‌ندین مانگ مشتومڕ و گفتوگۆ، ئینجا توانرا جێگره‌وه‌ی‌ دكتۆر به‌رهه‌م دیاری‌ بكرێت، به‌هۆی‌ ناكۆكییه‌كانی‌ نێوان هه‌ردو پارت له‌ دیاریكردنی‌ كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته‌، بۆیه‌ به‌ چونی‌ گۆڕان بۆ به‌غدا پێشبینی‌ ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ئه‌و پاشاگه‌ردانییه‌ش نه‌مێنێت.
به‌بڕوای‌ حاكم شێخ له‌تیف، سه‌رۆكی لیستی گۆڕان له‌شاری سلێمانی، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ رێژه‌ی‌ ئه‌و كورسییانه‌ی‌ كه‌ له‌ داهاتودا به‌ده‌ست ده‌هێنرێن، هاوكات گه‌شبینی‌ خۆشی‌ پیشاندا به‌وه‌ی‌ كه‌ گۆڕان رێژه‌یه‌كی‌ به‌رچاو له‌ كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق به‌ده‌ست ده‌هێنێت، به‌هۆی‌ هۆشیاربونه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك و نه‌مانی‌ ئه‌و دیواری‌ ترسه‌ی‌ كه‌ له‌ دوای‌ 25/7دا رویدا.
ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد كه‌ ئه‌گه‌ر گۆڕان بو به‌ زۆرینه‌ ئه‌و كات هێزێك دروست ده‌بێت كه‌ له‌ قازانجیی‌ سیسته‌می‌ دیموكراتیه‌ له‌ كوردستان، ئه‌و كات گه‌وره‌ترین كێبڕكێ‌ له‌سه‌ر شتی‌ باش دێته‌ كایه‌وه‌ و گه‌نده‌ڵیش نامێنێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش رو نه‌دات، ئه‌وكات به‌ هه‌مان شێوه‌ كێبڕكی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی‌ باشترین شت بۆ خه‌ڵكی‌ كوردستان دێته‌كایه‌وه‌.

Sbeiy.com © 2007