Print
 جه‌وهه‌ر نامیق: به‌رنامه‌ی‌ لیستی‌ گۆڕان باشترین به‌رنامه‌یه‌
Sunday, February 21, 2010

سازدانی‌: لیندا كه‌مال
 
جه‌وهه‌ر نامیق سیاسه‌تمه‌داری‌ بێلایه‌ن، بڕوایوایه‌، كه‌ به‌رنامه‌ی‌ لیستی‌ گۆڕان باشترین به‌رنامه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ شه‌قامی‌ كوردستانی‌‌و لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌ش، له‌وه‌ تێبگه‌ن كه‌ ئه‌م هێزه‌ نوێیه‌ ده‌یه‌وێت به‌شداربێت له‌ بنیاتنانه‌وه‌ی‌ عێراق، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، دوای‌ (25/7) خه‌ڵك زۆر هۆشیاربون ده‌رباره‌ی‌ ده‌نگدان‌و قیمه‌تی‌ ده‌نگی‌ خۆی‌، فشار‌و ساخته‌كاریی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا قبوڵ‌ ناكاته‌وه‌.

_ گۆڕان له‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا چۆن توانی‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ له‌ گۆڕانخوازان له‌ده‌وری‌ خۆی‌ كۆبكاته‌وه‌؟
جه‌وهه‌ر نامیق: له‌ماوه‌ی‌ پاش هه‌ڵبژاردنی‌ (25/7)ته‌وه‌، تائێستا گۆڕان توانی‌ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی‌ جه‌ماوه‌ریی‌ هه‌بێت، سه‌ركه‌وتنی‌ ئه‌زمونی‌ بون به‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، وێنایه‌كی‌ جوانی‌ به‌ گۆڕان به‌خشی‌، چونكه‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ شه‌رعی‌‌و له‌ڕێگه‌ی‌ سندوقی‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ئۆپۆزسیۆنێك بێته‌ مه‌یدان، له‌وكاته‌شه‌وه‌ كه‌ گۆڕان وه‌ك ئۆپۆزسیۆن چونه‌ته‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌، به‌ڕاستی‌ رۆڵێكی‌ راسته‌قینه‌یان بینیوه‌‌و له‌گه‌ڵ‌ كۆمه‌ڵ‌‌و یه‌كگرتو، كه‌ ئه‌مڕۆ گوزارشت له‌ هێزی‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌كه‌ن‌و هه‌ست ده‌كه‌ی‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌نگێك هه‌یه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ‌ خواست‌و ویستی‌ ئه‌و خه‌ڵكانه‌دان، كه‌ ده‌نگیان بۆ داون‌و گوزارشت له‌وان ده‌كات‌و ئه‌و خاڵانه‌یان هێناوه‌ته‌دی‌، كه‌ له‌ به‌رنامه‌كه‌یاندا ئاماژه‌یان پێداوه‌، هه‌روه‌ك دروستكردنی‌ پردێك، كه‌ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ ته‌مه‌نی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا، توانرا پردێك له‌نێوان ئۆپۆزسیۆنی‌ په‌رله‌مان‌و شه‌قامی‌ كوردی‌ دروست بوه‌، كه‌ ئه‌و نه‌ریته‌یان داهێنا په‌رله‌مانتار له‌هۆڵی‌ په‌رله‌مان بێته‌ده‌رێ‌‌و بچێته‌ نێو خه‌ڵكه‌وه‌‌و بچنه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی‌ خه‌ڵك تائێستا تێیاندا ده‌نگیان ناگاته‌ حكومه‌ت، ئه‌م نه‌ریته‌ی‌ گۆڕان وایكرد، كه‌ لایه‌نی‌ لیستی‌ كوردستانیش وه‌خته‌ چاوی‌ لێده‌كات‌و خه‌ریكه‌ ده‌چێته‌ نێو خه‌ڵكه‌وه‌.

- ده‌توانین بڵێین به‌ گوێزانه‌وه‌ی‌ ئه‌زمونی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ شه‌قامی‌ كوردی‌، كه‌ زیاتر متمانه‌ به‌ گۆڕان بكه‌ن؟
جه‌وهه‌ر نامیق: له‌ په‌رله‌مانی‌ ئێستادا، مرۆڤ هه‌ست ده‌كات، كه‌ جدییه‌تێك هه‌یه‌ بۆ به‌دواداچونی‌ پرسه‌كان‌و بینینی‌ رۆڵی‌ راسته‌قینه‌ی‌ په‌رله‌مانتار، كه‌ هه‌ر له‌ ده‌ستپێكی‌ كردنه‌وه‌ی‌ خوله‌كه‌دا، كه‌ كه‌موكورتی‌ تێدا بو، راسته‌وخۆ په‌رله‌مانتارانی‌ گۆڕان ئاماژه‌یان پێدا‌و له‌گه‌ڵ‌ ده‌نگدان بۆ كابینه‌ی‌ حكومه‌ت‌و سه‌رۆك وه‌زیرانیش ناڕه‌زایی‌ خۆیان پیشاندا له‌وشێوازه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ته‌عبیرێكی‌ موره‌كه‌ز بو له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ دو ئیداره‌یی‌‌و له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ بودجه‌ش، رۆڵێكی‌ كاریگه‌ریان هه‌یه‌ بۆ خسته‌نه‌ڕوی‌ راستییه‌كان‌و زۆر مه‌سه‌له‌ی‌ دیكه‌، كه‌ به‌ڕاستی‌ هاوهه‌ڵوێستیی‌ ئه‌و (3) لایه‌نه‌ وه‌ك ئۆپۆزسیۆنیش واده‌كات، كه‌ مرۆڤ به‌ڕاستی‌ هه‌ست به‌و گۆڕانه‌ بكات، كه‌ له‌ پرۆسه‌ی‌ دیموكراتی‌‌و سیاسیی‌ كوردستان رویداوه‌، ئه‌مه‌ خۆی‌ له‌خۆیدا هێمایه‌كه‌ بۆ شه‌قامی‌ كوردی‌، كه‌ زیاتر متمانه‌ بكه‌ن به‌ گۆڕان و نوێنه‌رانی‌ گۆڕان، كه‌ سبه‌ینێ‌ له‌ به‌غداش هه‌مان رۆڵیان ده‌بێت، بۆ داكۆكیكردن له‌سه‌ر پرسه‌ هه‌ستیاره‌كانی‌ كورد.

- تاچه‌ند به‌كارهێنانی‌ توندوتیژیی‌‌و فشارخستنه‌ سه‌ر هاوڵاتییان كاریگه‌ریی‌ له‌سه‌ر پاكیی‌ به‌ڕێوه‌چونی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌‌و زیادبونی‌ ده‌نگی‌ گۆڕانخوازان ده‌بێت؟
جه‌وهه‌ر نامیق: دوای‌ (25/7) خه‌ڵك زۆر هۆشیاربون ده‌رباره‌ی‌ ده‌نگدان‌و پاكیی‌ پرۆسه‌كه‌‌و قیمه‌تی‌ ده‌نگی‌ خۆی‌، بۆیه‌ هه‌ر جۆره‌ فشارێك له‌سه‌ر خه‌ڵك‌و بردنی‌ پرۆسه‌كه‌ به‌ ئاقارێكی‌ ناته‌ندروست‌و توندوتیژیی‌‌و ساخته‌كاریی‌ له‌ هه‌ڵبژاردن، پێموایه‌؛ ئه‌و لایه‌نانه‌ خۆیان زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن، چونكه‌ ئه‌مه‌ تاكه‌ هه‌ڵبژاردن نییه‌‌و هه‌ڵبژاردنی‌ دیكه‌ به‌ڕێگه‌وه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ هه‌رجۆره‌ فشارێك له‌سه‌ر ئۆپۆزسیۆن به‌ شێوه‌یه‌كی‌ پێچه‌وانه‌، به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات خۆیدا ده‌شكێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌بیسترێت له‌لایه‌نی‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، كه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن فه‌زایه‌كی‌ ئازاد بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ دروست بكه‌ن، به‌ڵام به‌ بڕوای‌ من سه‌نگی‌ مه‌حه‌كی‌ ئه‌مڕۆ بۆ راستگۆیی‌ ده‌سه‌ڵات له‌وه‌دا خۆی‌ ده‌نوێنێت، كه‌ تاچه‌ند راستگۆن له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و دروشمه‌ی‌، كه‌ ده‌یخه‌نه‌ڕو ده‌رباره‌ی‌ ئازادییه‌كان‌و چه‌ند دورده‌كه‌ونه‌وه‌ وه‌ك ده‌سه‌ڵات له‌مه‌سه‌له‌ی‌ ده‌ستتێوه‌ردان له‌ هه‌ڵبژاردن‌و؟ تاچه‌ند فشارگه‌ل بێت له‌سه‌ر ئۆپۆزسیۆن؟، ئه‌وه‌نده‌ زه‌ره‌ر ده‌كات، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ رابردو ده‌رسیان وه‌رنه‌گرتوه‌، ئه‌وا پێویسته‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌رس وه‌ربگرن‌و وانه‌كه‌ن، هه‌م خۆیان‌و هه‌م ئه‌زمونه‌كه‌ش له‌كه‌داربكه‌ن.

- تاچه‌ند به‌رنامه‌ی‌ لیستی‌ گۆڕان به‌رنامه‌یه‌كی‌ سه‌ركه‌وتوه‌؟
جه‌وهه‌ر نامیق: به‌رنامه‌ی‌ لیستی‌ گۆڕان باشترین به‌رنامه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌وڵبدرێت هه‌م شه‌قامی‌ كوردستانی‌‌و هه‌م لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌ش له‌وه‌ تێبگه‌ن، كه‌ ئه‌م هێزه‌ نوێیه‌ ده‌یه‌وێت به‌شداربێت له‌ بنیاتنانه‌وه‌ی‌ ئه‌م عێراقه‌دا، به‌و پرۆگرامه‌ی‌ خستویه‌تیه‌ڕو، سوربون له‌سه‌ر مافه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ كورد‌و چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان به‌ڕێگه‌ی‌ دیالۆگ، ئه‌مانه‌ خاڵی‌ سه‌ره‌كین بۆئه‌وه‌ی‌ به‌ تایبه‌ت گۆڕان، بتوانن له‌گه‌ڵ‌ لیستی‌ ده‌سه‌ڵات پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن.
 
 

- كورد چۆن ده‌توانێت هاوبه‌شی‌ راسته‌قینه‌بێت له‌ به‌غدا؟
جه‌وهه‌ر نامیق: دوای‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ كورده‌ له‌و هاوپه‌یمانێتیانه‌ی‌ ده‌یبه‌ستێت، به‌ر له‌هه‌مو شتێك مه‌سه‌له‌ی‌ به‌شداریكردن به‌ دیكیۆمێنت له‌ به‌شداره‌وه‌ بكات به‌ هاوبه‌ش له‌ بڕیاری‌ سیاسیی‌‌و دیاریكردنی‌ بڕیاری‌ چاره‌نوسی‌ نێوان دو نه‌ته‌وه‌، كورد‌و عه‌ره‌ب، نه‌ك له‌نێوان دو، یان سێ‌ لیست، كه‌ ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی‌ چاره‌نوسساز ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌م دو نه‌ته‌وه‌یه‌ پێویسته‌ به‌شێوه‌ی‌ رێكه‌وتنێكی‌ ورد كاری‌ له‌سه‌ر بكرێت، بۆ به‌دیهێنانی‌ ئه‌و خاڵانه‌ی‌ له‌ ده‌ستوردا چه‌سپاون.

- گۆڕان چۆن ده‌تونێت گۆڕانكاریی‌ له‌ مه‌بده‌ئی‌ ته‌وافوقدا بكات، له‌ به‌غدا ؟
جه‌وهه‌ر نامیق: گۆڕان ده‌توانێت له‌ به‌غدا كار بۆ گۆڕینی‌ مه‌بده‌ئی‌ ته‌وافوق له‌ ته‌وافوقێكی‌ حیزبیی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی‌‌و سه‌رزاره‌كییه‌وه‌ بكات، بۆ ته‌وافه‌وقێكی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌ دور له‌ گه‌مه‌ی‌ حیزبیی‌‌و محاصه‌صه‌، به‌ڕاستی‌ ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌و خاڵانه‌ی‌، كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كورد له‌ به‌غدا پشتگوێی‌ خستبو، ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ زۆرێك له‌ مه‌سه‌له‌كانی‌ نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی‌ بمێننه‌وه‌‌و نه‌توانرا چاره‌سه‌ر بكرێن.

- كورد چۆن ده‌توانێت هاوسه‌نگیی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڵ‌ عه‌ره‌ب رابگرێت؟
جه‌وهه‌ر نامیق: به‌ یه‌كێتیی‌ ریزه‌كانی‌ كورد‌و به‌هێزكردنی‌ ئازادییه‌كانی‌ له‌ناوخۆ‌و سوربون‌و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ خاڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ستور حه‌كه‌م بێت‌و شه‌قامی‌ كوردی‌ بڕیارده‌ر‌و پشتیوان بێت، له‌ڕێگه‌ی‌ چه‌سپاندنی‌ مه‌رجه‌عیه‌ت‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆی‌، كه‌ ئه‌وه‌ش خۆی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا ده‌بینێته‌وه‌، نه‌ك لایه‌نێكی‌ حیزبی‌.

Sbeiy.com © 2007