سبه‌ی:
ته‌مه‌نی "گۆڕان"، له روی یاساییه‌وه، وه‌رزێكی سه‌دو بیست رۆژه. پرسیارێك كه زۆر جار دوباره ده‌بێته‌وه: له یه‌كه‌مین وه‌رزی ته‌مه‌نیدا "گۆڕان" چیی كردوه:
- "گۆڕان" یه‌كه‌مین به‌ڵێنی خۆی راستگۆیانه برده‌سه‌ر، كه یان حكومه‌ت به‌متمانه‌ی زۆرینه‌ی ده‌نگده‌ران داده‌مه‌زرێنێ، حكومه‌تێك كه هی خه‌ڵك بێت‌و كۆشش بۆ گۆڕینی ژیانی خه‌ڵك بكا به‌و جۆره‌ی كه له پهیامو به‌رنامه‌كه‌یدا هاتوه، یان به‌پێچه‌وانه‌وه به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن ههڵدهبژێرێو رازی نابێ ببێته شه‌ریكه‌به‌ش له حكومه‌تێكدا كه به‌رژه‌وه‌ندیی حیزب‌و ده‌سه‌ڵاتداران بخاته پێش به‌رژه‌وه‌ندیی هاوڵاتیانه‌وه. ئه‌مه یه‌كه‌مین به‌ڵێن بو كه گۆڕان جێبه‌جێی كرد.
- "گۆڕان" بۆ یه‌كه‌مین جار له مێژوی كوردستاندا ئه‌زمونی ئۆپۆزیسیۆنی شارستانیی په‌رله‌مانیی چه‌سپاند. "گۆڕان"، به‌پشتیوانی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی، بۆ یه‌كه‌مین جار نزیكه‌ی چوارسه‌دو په‌نجا هه‌زار "نه‌ئـ"ی دا به گوێی ئه‌و دهسهڵاتدرانهدا كه كوردستانیان وه‌ك موڵكی بابولبابی خۆیان تهماشادهكردو له خه‌یاڵی ئه‌وه‌دا بون كێڵگه به كێڵگه‌ی نهوتو گاز، كه‌رت به كه‌رتی سهروهتو سامانی ئه‌م وڵاته‌و پۆست به پۆستی به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسی‌و ئابورییه‌كان تا سه‌دان ساڵی تر بۆ خۆیان‌و نه‌وه‌كانیان ئیحتكار بكه‌ن. "گۆڕان" له‌گه‌ڵ چوارسه‌دو په‌نجا هه‌زار نهئدا به ده‌نگێكی زوڵاڵ ئه‌و په‌یامه‌ی دا به گوێی ده‌سه‌ڵاتداراندا كه ئه‌م هه‌رێمه، به هه‌مو موقهدهراتییهوه، هی هه‌مو خه‌ڵك‌و هه‌مو نه‌وه‌كانه بێ جیاوازی.
- "گۆڕان" ئه‌و هێزه جه‌ماوه‌رییه به‌رینه‌یه كه ململانێی شارستانی‌و مه‌ده‌نی خولقاند، سندوقی ده‌نگدانی كرده حه‌كه‌م نه‌ك تفهنگو كوشتار‌و گرتنی كهپكو تهپۆڵكهكان.. "گۆڕان" كۆتایی به‌و ململانێ خوێناویی‌و مهسڵهحهتپارێزه هێنا، كه له سه‌ره‌تای شه‌سته‌كانه‌وه كوردستانی دابه‌ش كردبو به‌سه‌ر دو مێژو، دو مه‌رجه‌عیه‌تی سیاسیی، دو یاده‌وه‌ریی شۆڕش، دو مانای جیاوازی شههیدبونو دو به‌ره‌ی جیاوازیی نیشتمانپه‌روه‌ریی.. كه دواتر دو حكومه‌تی حیزبۆكراتی، دو هێزی پێشمه‌رگه، دو ئاسایش، دو دو بودجه‌و دو به‌رژه‌وه‌ندیی ئابوریی زه‌به‌لاحی لێكهوتهوه. له شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوه‌وه ئه‌وه بۆ یه‌كه‌مین جاره خه‌ڵكی كوردستان له‌به‌رده‌م رۆشنایی گۆڕاندا له ته‌وقی ئه‌و كهرتبونه خۆیان رادهپسكێننو مێژویه‌كی نوێ بۆ یه‌ك نیشتمان‌و یه‌ك نه‌ته‌وه ده‌نوسنه‌وه.
- له‌ژێر گوشاری فراكسیۆنی گۆڕان‌و ئۆپۆزیسۆنی ناو په‌رله‌ماندا بۆ یه‌كه‌مین جاره، دوای هه‌ژده ساڵ له تاریكاندنو شاردنه‌وه، هاوڵاتیانی كوردستان له رێی نوێنه‌ره‌كانیانه‌وه له په‌رله‌مان ده‌پرسن:
+ بودجه‌و ئیراداتی ئه‌م وڵاته چه‌نده؟
+ چی به‌سه‌ر دێ؟ چۆن سه‌رف ده‌كرێ؟
+ پاره‌ی گومرگ‌و باجه‌كان بۆ كوێ ده‌چن؟
+ پاره‌ی شیرینی گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت له چ دهغیلهیهكدایه؟
+ بودجه‌ی حیزب چه‌نده‌و بۆچی تێكه‌ڵی بودجه‌ی گشتی بوه؟
+ ئه‌و ده‌یان ملیۆن دۆلاره‌ی حیزب به چ شه‌ریعه‌تێك ده‌سه‌ندرێ؟
+ به چ شه‌ریعه‌تێك سه‌دان ملیۆن له بودجه‌ی گشتی بۆ باره‌گای سكرتێری حیزب‌و بۆ دروستكردنی هوڵو ته‌لاری لق‌و مه‌ڵبه‌نده‌كان سه‌رفده‌كرێت.
+ به‌چ یاسایه‌ك ده‌یان ملیۆن دۆلار له چه‌ندین پرۆژه‌ی وه‌همیدا سه‌رف ده‌كرێن، كه كه‌س نازانێت له كوێدان؟ كه‌ی ده‌ستیان پێكردوهو كه‌ی ته‌واو ده‌بن؟
+ به چ قانونێك هاتنی بودجه بۆ په‌رله‌مان به‌شه‌ش مانگ دواده‌كه‌وێت؟
+ كوا حسابی ختامی ساڵانی پێش‌و؟ كوا راپۆرته شاراوه‌كانی چاودێری؟
+ كوا میزانی مراجه‌عه‌ی وه‌زارته‌كان؟ بهخشینو مهسهرفو ئیمتیازه تایبه‌ته‌كان چین‌و چۆن سه‌رف ده‌كرێن؟ ئه‌ی كوانێ پسوڵه‌و به‌ڵگه‌كان؟
+ ئه‌و سه‌دان ملیۆن دۆلاره‌ی وڵاته مانحهكان به‌خشییان چی‌یان به‌سه‌ر هات؟ ئه‌ی پاشماوه‌ی ئه‌و سه‌دان ملیۆن دۆلاره‌ی كه له به‌رنامه‌ی نه‌وت به‌رامبه‌ر خۆراكی UN به‌جێما كیێ گلی داوه‌ته‌وه؟
+ به‌ركه‌وتی هه‌ر تاكێكی ئه‌م هه‌رێمه له بودجه‌ی گشتی كه ملیۆنه‌ها دیناره چۆن سه‌رف ده‌كرێت؟ كوا به‌ركه‌وتی ئه‌و منداڵه شیره خۆره‌ی كه دایكی نه‌خۆشه‌و باوكی بێكاره؟ كوا به‌ركه‌وتی ئه‌و كچۆڵه قوتابییه‌ی كه چه‌ندین كیلۆمه‌تر له‌گه‌ڵ برا بچوكه‌كه‌ی ده‌بڕێ تا ده‌گاته قوتابخانه؟
+ كوا به‌ركه‌وتی ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه، ئه‌و وارسی شه‌هیده، ئه‌و ئه‌نفالكراوه، ئه‌و كه‌مئه‌ندامه، ئه‌و بێكاره، ئه‌و قوربانییه‌ی شۆڕش.. كه ده‌بێت له ده‌رگای ئه‌م مهسئولو ئه‌و مه‌سئول بدات، تا پله‌یه‌كی به‌رزتری پێشمه‌رگایه‌تی، یان روتبهیهكی به‌رزتری شه‌هاده‌ت، یان موچه‌یه‌كی به‌رزتری قوربانیدانی پێ ببڕێ؟
+ كوا به‌شی گلدراوه‌ی مناڵ‌و كۆرپه‌كان، نه‌وه‌كانی داهاتو، ئه‌وانه‌ی كه سبه‌ینێ له‌دایك ده‌بن؟ كوا به‌شیان له‌و سامان‌و كان‌و نه‌وته‌ی كه رۆژانه به ده‌یان هه‌زار به‌رمیلیان، به پاڵاوتگه‌ی نه‌وتی نایاساییدا تێدهپهڕنو دهفرۆشرێنو ئاودیوی سنوره‌كان ده‌كرێن؟
ئه‌مانه ئه‌و پرسیارانه‌ن كه بۆ یه‌كه‌مین جاره نوێنه‌راكانی خه‌ڵك، ئه‌ندامانی فراكسیۆنی گۆڕان‌و ئۆپۆزیسۆن، له‌ناو په‌رله‌ماندا ده‌یوروژێنن، به‌جۆرێك بۆ یه‌كه‌مین جاره تاڵه ده‌زوله‌ی روناكیی خه‌ریكه ده‌گاته سه‌ر بودجه‌و سامانی وڵاتێك كه بۆ چه‌ندین ساڵه په‌رده‌یه‌كی تاریكی به‌سه‌ردا دراوه؟
- فراكسۆنی گۆڕان له په‌رله‌مان، ته‌نها به نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و سه‌دان هه‌زار كه‌سه قسه ناكا كه دهنگو متمانه‌یان پێبه‌خشیوه، به‌ڵكو له پرۆژه‌و داواكانیاندا به‌رگری له مافی هاوڵاتیان ده‌كا له هه‌ر كوێ بن، هه‌ڵگری هه‌ر ئینتماو هه‌ر ئایدیایه‌كی سیاسی‌و ناسیاسی بن. فراكسیۆنی گۆڕان تا ئێستا ده‌یان پرۆژه یاسای پێشكه‌شكردوه، وه‌ك:
+ پرۆژه یاسای دابینكردنی بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ كابانی ماڵ كه خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه.
+ پرۆژه یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی رێكخستنی حیزبیی له‌ناو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و پۆلیس‌و ئاسایش‌دا كه خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه.
+ پرۆژه یاسای كه‌مكردنه‌وه‌و به‌یاساییكردنی هاوكاریی دارایی حیزبه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی شه‌فاف، به‌جۆرێك دارایی حیزب داراییه‌كی كه‌م بێ‌و له بودجه‌ی گشتی جیابكرێته‌وه. ئه‌م پرۆژه یاسایه‌ش خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می له په‌رله‌ماندا بۆ كراوه.
+ پرۆژه بڕیاری جێبه‌جێكردنی یاسای چواری 2006ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بۆ هاوتاكردنی موچه‌ی زیندانیانی سیاسیی كوردستان به‌وانه‌ی عیراق.
+ پرۆژه یاسای پێشخستن‌و بوژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ له كوردستاندا.
+ پرۆژه بڕیارێكی تایبه‌ت به ره‌وه‌ندیی كوردستانیان له هه‌نده‌ران به‌جۆرێك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئیلزام ده‌كا رێگه نه‌دا هیچ په‌نابه‌رێك به‌زۆر بگه‌ڕێندرێته‌وه بۆ كوردستان. ئه‌م پرۆژه بڕیاره‌ی فراكسیۆنی گۆڕان ده‌نگدانه‌وه‌ی خۆی هه‌بو به‌جۆرێك حكومه‌تی هه‌رێم له هه‌نگاوێكی پێشوتری پاشگه‌ز بۆوه كه به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بڕیاره‌وه بو.
+ سێ پرۆژه یاسا بۆ چاككردنی باری كرێچی له كوردستاندا، بایه‌خدان به‌گه‌نجانو بایه‌خدان به كه‌مئه‌ندامان‌و خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌ته‌كان.
+ پرۆژه یاسای به‌رزكردنه‌وه‌ی موچه‌ی هێزه‌كانی پۆلیس‌و ئاسایش پێشمه‌رگه. ئه‌ڵبه‌ته ئه‌م پرۆژه یاسایه‌ی فراكسیۆنی گۆڕان په‌رۆشیی ده‌رده‌خا بۆ ئه‌و هێزانه، له كاتێكدا سه‌دان كه‌سی سه‌ر به‌و هێزانه به گومانی ئه‌وه‌ی ده‌نگیان به لیستی گۆڕان داوه بۆ چه‌ند مانگێكه سزادراونو موچه‌یان بڕاوه. دیدی ستراتیجیی فراكسیۆنی گۆڕان به‌و ئاراسته‌یه‌دایه كه هه‌رچه‌نده ئه‌ندامانی هێزه‌كانی پۆلیس‌و ئاسایش‌و پێشمه‌رگه تا ئێستا به ته‌زكییه‌ی پارتی‌و یه‌كێتی موچه وه‌رده‌گرن، به‌ڵام دواجار ئه‌وانه رۆڵه‌ی ئه‌م وڵاته‌ن، فراكسیۆنی گۆڕانیش به‌و نییه‌ته پرۆژه یاسایان بۆ پێشكه‌ش ده‌كا كه رۆژی دادێ ده‌بنه‌وه به قه‌ڵغانێكی پته‌وتری نیشتمان‌و ریزه‌كانیان له ئینتمای حیزبی‌و ناوچه‌یی به‌رته‌سك پاكده‌كرێته‌وه، ئاستی بژێویی‌و موچه‌یان به‌رزده‌كرێته‌وه‌و شه‌ره‌فی پیشه‌ییان به‌یاسایی ده‌كرێت.
+ دوا پرۆژه‌ی فراكسیۆنی گۆڕان پرۆژه یاسای هه‌مواركردنی سیستمی موچه‌یه له كوردستاندا، به جۆرێك موچه به‌رزه‌كان به رێژه‌ی 20% كه‌م بكرێنه‌وه‌و موچه نزمه‌كانیش به رێژه‌یه‌كی شیاو به‌رزبكرێنه‌وه. به‌گوێره‌ی ئه‌م پرۆژه یاسایه دهبَیت موچه به‌رزه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم، سه‌رۆك وه‌زیران، وه‌زیره‌كان، ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان، بریكارو راوێژكاری وهزهرهتهكانو خاوه‌ن پله تایبه‌ته‌كان به‌گشتی كه‌م بكرێنه‌وه، به ئاراسته‌ی راگرتنی عه‌داله‌ت له سیستمی موچه‌دا. به‌مه‌ش ئه‌ندامانی فراكسیۆنی گۆڕان یه‌كه‌مین گروپه ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستانن كه به‌ر له هه‌ر كه‌سێك داوای كه‌مكردنه‌وه‌ی موچهكانی خۆیان ده‌كه‌ن.
- جگه له پرۆژه یاساكان، فراكسیۆنی گۆڕان چه‌ندین یاداشتی پێشكه‌شكردوه‌و چه‌ندین نه‌ریتی په‌رله‌مانیی نوێی داهێناوه له‌پێناو:
+ ئاشكراكردنی راپۆرته‌كانی چاودێریی دارایی‌و گه‌یشتنی حسابی ختامیی بودجه‌ی گشتی به پهرلهمانو رۆشنكردنه‌وه‌ی بودجه‌ی وڵات به‌گشتی.
+ پرسیاركاریی (موسائه‌له)ی په‌رله‌مانیی له سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وهزیرانو وه‌زیره‌كان سه‌باره‌ت به ناشه‌فافیه‌ت، لادان، گه‌نده‌ڵی، تێكه‌ڵكردنی ده‌سه‌ڵاتی حیزب به ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت.
+ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی هاوڵاتیانو سه‌ردانی به‌رده‌وامی وه‌فده‌كانی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ هه‌مو پارێزگا‌و ناوچه‌و ده‌ڤه‌ره جیاوازه‌كان، شوێنه په‌راوێزخراوه‌كان، گونده دورده‌سته‌كان، ئۆردوگاكانو ناوچه دابڕاوه‌كانی كوردستان، به‌دواداچونی كێشه‌كانیان له‌ناو حكومهتو لیژنه په‌یوه‌ندیداره‌كانی په‌رله‌ماندا. داهێنانی ئه‌و نه‌ریته په‌رله‌مانییه‌ی كه ده‌بێت ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌ناو خه‌ڵكدا بێت‌و وه‌ك نوێنه‌ری خه‌ڵك هه‌میشه نزیك بێ له داوا‌و كێشه‌كانیان.
+ سه‌ردانیكردنی كه‌ركوك‌و ناوچه دابڕاوه‌كانی كورستان‌و نزیككه‌وتنه‌وه له خه‌می هاوڵاتیانی ئه‌و ناوچانه، به‌رزكردنه‌وه‌ی یاداشت بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تی زیاتر به ناوچه دابڕاوهكانو به‌رزكردنه‌وه‌ی بودجه‌ی ته‌رخانكراو بۆیان له‌سه‌ر ئاستی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان.
+ پێشكه‌شكردنی یاداشت بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌پێناو به‌رگریكردن له پێگه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له ژماره كورسیی ته‌رخانكراو بۆ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان. به‌شداریكردن له وه‌فده په‌رله‌مانییه‌كاندا بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك مه‌رجه‌عی دروستكردنی بڕیاری سیاسی له كوردستاندا. مه‌رجه‌عێك كه ببێته ئاڵته‌رناتیڤی ناشه‌فافیه‌تی بڕیاری سیاسی‌و چیتر بڕیاره سیاسی‌و چاره‌نوسسازه‌كان له ژوره تاریكه‌كاندا نه‌درێن‌و له‌به‌ر روناكیدا تاوتوێ بكرێن.
ئه‌مه به‌شێكه له چالاكییه‌كانی گۆڕان له‌ڕێگه‌ی تاكه فراكسیۆنێكه‌وه له ته‌نها وه‌رزێكی ته‌مه‌نیدا. ئه‌ڵبه‌ته ئه‌مه به‌شێكی زۆر بچوكی ئهركهكهیهو دو ئه‌ركی داهاتوی گۆڕان ناردنی فراكسیۆنێكی هاوشێوه‌یه بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق‌و ناردنی چه‌ندین فراكسیۆنی هاوشێوه بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان‌و عیراق.
- گۆڕان له دۆخی پێگهداكوتیندایهو سوڕی گه‌شه‌كردنی گۆڕان به‌رده‌وامه، تا سێ بازنه‌ی سێ وه‌رزی ته‌مه‌نی، له داهاتویه‌كی نزیكدا ده‌گه‌نه‌وه به‌یه‌ك. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گۆڕان به‌ڵێنێك دوپات ده‌كاته‌وه كه گه‌ر له حكومه‌تیشدا بێت‌و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م هه‌رێمه‌شی له‌بن ده‌ست بێت، هه‌رگیز به‌ده‌ستی خۆی پاره نابه‌خشێته‌وه، هه‌رگیز به‌ڵێنی شه‌خسیی به‌كه‌س نادا. به‌ڵێنه‌كانی گۆڕان گشتیین، بۆ هه‌مو هاوڵاتیان بێ جیاوازی تا ئه‌و كاته‌ی هاوڵاتی به‌جۆرێك له ته‌به‌عیه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران رزگاری ده‌بێت، كه پاره‌و ئیمتیاز‌و سامانی ئه‌م وڵاته به هی خۆی بزانێ نه‌ك به‌خششی ده‌سه‌ڵاتداران، ته‌نانه‌ت گه‌ر ده‌سه‌ڵاتداره‌كان سه‌ر به گۆڕانیش بن. گۆڕان كۆشش ده‌كا بۆ ئه‌وه‌ی ماف له‌م هه‌رێمه‌دا بكاته‌وه به‌دیوی دوه‌می ئه‌رك، ماف‌و ئه‌رك به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو به‌سه‌ر هاوڵاتیانو ده‌سه‌ڵاتداراندا دابه‌ش ببن.
- چالاكییه‌كانی گۆڕان له ماوه‌ی سه‌دو بیست رۆژی رابردودا به‌شێكه له زیندوبونه‌وه‌ی وزه‌یه‌ك كه له ناخی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، به‌شێكه له گه‌شه‌كردنی هوشیاریی سیاسیی له كوردستاندا. چونكه ئه‌وه خه‌ڵك بو متمانه‌ی به گۆڕان بهخشیو گۆڕانی به‌دیهێنا، ئه‌وه‌ش گۆڕانه تۆوی "متمانه به‌خۆبون" لای هاوڵاتیان ده‌چێنێ. له "گۆڕان" به‌دواوه خه‌ڵك بوه ئه‌و هێزه‌ی كه رۆحی تهحهدییو دلێریی تێدا زیندو بۆوه.
- گۆڕان به‌های به‌خشییه‌وه به ده‌نگی هاوڵاتی، به پرۆسه‌ی ده‌نگدان، كه له‌مه‌ودوا ده‌نگه‌كان له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا وه‌كو یه‌ك خاوه‌ن سه‌نگن. ده‌نگی جوتیارێك له گوندێكی سه‌رسنور یه‌كسانه به ده‌نگی ده‌سه‌ڵاتدارێك له كۆشكێكی شاردا. به‌ر له گۆڕان ده‌سه‌ڵاتدارن بێ منه‌ت بون، ده‌بو خه‌ڵك په‌نایان بۆ بهرێو به‌چه‌ندین ئیستعلامات بگه‌نه حزوریان، به‌ڵام له ئێستا به‌دواوه ئه‌وه دهسهڵاتدارنن كه له خه‌ڵكی ده‌ترسن.. ئه‌وه هاوڵاتیانن كه ده‌سه‌ڵات دهبهخشنو هه‌ر هاوڵاتیانیشن ده‌سه‌ڵات له‌وانه وه‌رده‌گرنه‌وه كه باوه‌ڕو متمانه‌ی خه‌ڵك ده‌دۆڕێنن.
- گه‌نجان، كه له سایه‌ی هه‌ژده ساڵی ده‌سه‌ڵاتیی حیزبی كوردیدا، توشی نائومێدیی‌و ره‌شبینی ببون، تاكه خهونو خولیایان ئه‌وه بو ئه‌م وڵاته به‌جێبێڵن.. له ئێستا به‌دواوه ده‌كرێ له وڵاته‌كه‌ی خۆیاندا خه‌ون ببینن. ئه‌وه گه‌نجانن سه‌رله‌نوێ مانای گرنگ ده‌به‌خشنه‌وه به سیاسه‌ت له كوردستاندا. له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه بۆ یه‌كه‌مین جاره به‌شداریی سیاسیی گه‌نجان ده‌گاته به‌رزترین ئاست، گه‌نجان هه‌ستده‌كه‌ن ئه‌وه خۆیانن گۆڕان له ئێستادا دروستده‌كه‌ن‌و چیتر كه‌س ناتوانێت منه‌تیان به‌سه‌ردا بكا‌و سه‌روه‌ریی رابردویان پێ بفرۆشێته‌وه. گۆڕان‌و گه‌نج به ئه‌ندازه‌یه‌ك ئاوێته‌ی یه‌كدی بون كه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا بونه‌ته هاواتاو هاوێنه‌ی یه‌كتر. ته‌نانه‌ت به‌شێكی زۆر له گه‌نجانی په‌ناهه‌نده‌ی هه‌نده‌ران شه‌وانه به ته‌له‌فۆن له‌گه‌ڵ خێزان‌و هاوڕێكانیان دهدوێنو خۆزگه‌ی ئه‌وه ده‌خوازن كه بۆ ساتێكیش بێت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ كوردستتانو له‌گه‌ڵ گه‌نجانی وڵات‌دا به‌شداریی له ئاههنگو كه‌رنه‌ڤاڵی نیلی پۆشه‌كانی وڵات بكه‌ن.
- گۆڕان وێنهیهكیی بریسكاوهی به‌خشییه‌وه به وڵات، ئومێدی گه‌ڕانه‌وه‌ی لای به‌شێكی زۆری ره‌وه‌ندی كوردستانیانی ده‌ره‌وه دروستكرد. ره‌وه‌نده‌ی كوردستانیانی ده‌ره‌وه كه له ده‌ست زوڵم‌و جیاكارییو بێیاسایی، وڵاتی خۆیان به‌جێهێشتوه، خه‌ون به كوردستانێكی جوانتره‌وه ده‌بینن، كوردستانێك وه‌ك هه‌مو وڵاته خواپێداوه‌كانی جیهان ماف‌و كه‌رامه‌تی مرۆڤی تێدا پارێزراو بێت، كوردستانێك خه‌ڵكه‌كه‌ی حوكمی بكهنو سهروهتو سامان‌و بودجه‌و موقه‌ده‌راتی هی خه‌ڵك بێ نه‌ك هی چه‌ند كهسو تاقمێكی دیاریكراو.
- گۆڕان وێنه‌یه‌كی تری بۆ نیشتمان كێشا‌و مانایه‌كی نوێی به نه‌ته‌وه به‌خشی. له دیدی گۆڕاندا نیشتمان هی هه‌موانه، شه‌هیده‌كان‌و سه‌روه‌رییه‌كان هی هه‌موانن بێ جیاوازیی. له دیدی گۆڕاندا نه‌ته‌وه‌ی سه‌ربه‌رز ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌یه كه هاوڵاتیی تیایدا سه‌ربه‌رزه‌و كه‌رامه‌تی پارێزراوه. ئینتمای نیشتمانی له گۆڕاندا به ئینتمای حیزبی‌و ئایدیۆلۆجی‌و ئیتنی ناپێورێ. نیشتمان جێگه‌ی هه‌مو خاوه‌ن ئایدیا‌و دیده ئاینی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و رۆشنبیرییه جیاوازه‌كانه. ده‌كرێت رێز له جیاوازییه‌كانی یه‌كتر بگرین‌و ئینتمایه‌كی هاوبه‌شی كومهڵایهتیو نیشتمانییش هه‌مومان كۆبكاته‌وه. شه‌ڕی نیشتمانی له دیدی گۆڕاندا به هاوڵاتیی دلێر ده‌كرێت، ئه‌و هاوڵاتییه‌ی كه سته‌م قبوڵ ناكا له هه‌ر شوێنێك بێت، ته‌نانه‌ت گه‌ر له‌ناو وڵات‌و له‌ناو كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆشی‌دا بێت، چونكه نه‌ته‌وه‌ی ئازاد به‌رهه‌می ئینسانی ئازاده.
- گۆڕان مانایه‌كی نوێی به‌خشی به سیاسه‌ت، كه مه‌رج نییه سیاسه‌ت ته‌نها هونه‌رێكی ماكیاڤیللییانه بێت بۆ درۆكردن‌و فریودان‌و له خشته‌بردنی خه‌ڵك، ده‌شێ مانای ئه‌خلاقیی له سیاسیهتیشدا هه‌بێت. درۆكردن هه‌ر وه‌كچۆن له كایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و هاوڕێیه‌تیدا ره‌فتارێكی بێزراوه، له كایه‌ی سیاسهسیشدا سیاسییه‌كان ریسوادهكاو متمانه‌یان لای خه‌ڵك له‌ق ده‌كا.
- گۆڕان بۆ یه‌كه‌مین جار نوخبه‌ی سیاسیی له نوخبه‌ی ئابوریی جیاده‌كاته‌وه، چیتر نابێ سیاسه‌ت شوێنی خۆدهوڵهمهندكردنو خۆقهڵهوكردنو دامه‌زراندنی كۆمپانیای ئیحتكاریی بێت، سیاسه‌ت شوێنی گلدانه‌وه‌ی پاره نییه بۆ دروستكردنی باره‌گا زۆرهكانو رازاندنه‌وه‌ی كه‌ژاوه‌ی به‌رپرسه‌كان كه به‌تابوری دورو درێژه‌وه له‌پشتی جامی ره‌شه‌وه به‌ناو خه‌ڵكدا تێده‌په‌ڕن. ده‌بێ چیتر سیاسهتو حیزبایه‌تی نه‌بنه بار به‌سه‌ر ده‌رونی خه‌ڵك‌و بودجه‌ی گشتیی وڵاته‌وه. هه‌ر ئه‌م متمانه نوێیه‌ی خه‌ڵك بو وای كرد بودجه‌ی گۆڕان پاره‌و یارمه‌تی خه‌ڵكانی خۆبه‌خش بێت. له‌بری ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت هونه‌ری پاره به‌خشینه‌وه‌و كڕینی ویژدانی خه‌ڵك بێت، بوه هونه‌ری ئاشتكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك‌و ئه‌ركی گشتی. ئێستا ئه‌وه هاوڵاتیانن له گیرفان‌و ماڵێ خۆیان پاره‌و پیتاك بۆ گۆڕان كۆده‌كه‌نه‌وه. بۆ یه‌كه‌مین جاره له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه هاوڵاتیان سه‌رمایه‌ی خۆیان له پرۆژه‌یه‌كی سیاسی‌دا داده‌نێن كه له ئاینده‌دا بهههرمهكانی بۆ خۆیان‌و نه‌وه‌كانیان ده‌چننه‌وه.
- ئه‌مه به‌شێكه له جوڵه‌ی مه‌ده‌نیی گۆڕان له وه‌رزی یه‌كه‌میدا. ئه‌مه سه‌ره‌تای نه‌به‌ردییه‌كی شارستانییه جیاواز له نه‌به‌ردییه‌كانی تری مێژوی گه‌لی كوردستان. نهبهردییهك ئیراده‌ی میلله‌ت، له رێگه‌ی دهنگدانو خه‌باتی مه‌ده‌نییه‌وه، ده‌ینوسێته‌وه. ئه‌مه وه‌رزی یه‌كه‌می گۆڕانه‌وه. پشتیوان به‌خواو به پشتئه‌ستور به خه‌ڵكی كوردستان وه‌رزه‌كانی تریش وا به‌ڕێوه‌ن.