Print
 عه‌تا قه‌ره‌داغی‌: گۆڕان له‌ كه‌شتی‌ نوح ده‌چێت
Tuesday, March 2, 2010

سازدانی‌: كاروان ئیبراهیم
"له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا زه‌نگێكی‌ وریا كه‌ره‌وه‌ بۆ حیزبه‌ ده‌سه‌لاَتداره‌كان لێده‌درێت"
"له‌دوای‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌ به‌غدا له‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان سه‌ركرده‌كانه‌وه‌ ده‌گۆڕێت بۆ په‌یوه‌ندی‌ نێوان كورد و عه‌ره‌ب"

عه‌تا قه‌ره‌داغی‌ نوسه‌رو روناكبیرێكی‌، ده‌رچوی‌ كۆلیژی‌ ئــــاداب زمانی‌ ئینگلیزییه‌، ماوه‌ (25) كاری‌ ئه‌ده‌بی‌ و روناكبیری‌ ده‌كات، چاودێرێكی‌ ورده‌ له‌ كایه‌ سیاسییه‌كانی‌ عێراقدا، هه‌روه‌ها بایه‌خ به‌ بواره‌كانی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و ئه‌ده‌بی‌ و سیاسی‌ ده‌دات، تائێستا (25) كتێبی‌ به‌ چاپ گه‌یاندوه‌، سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی‌ سیاسی‌ ئێستا هه‌رێم سبه‌ی‌ ئه‌م دیمانه‌یه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ناوبراودا ئه‌نجامداوه‌.

سبه‌ی‌: ئێوه‌ وه‌ك نوسه‌رو روناكبیر و چاودێر، ده‌زانن چه‌ند رۆژێكی‌ تر پێده‌نێینه‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ زۆر گرنگه‌وه‌، كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی‌ عێراق به‌گشتی‌ كوردستان به‌تایبه‌ت هه‌یه‌، ئه‌ویش هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقه‌، پێشبینی‌ و ئاستی‌ گه‌شبینیتان بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ چۆنه‌؟
عه‌تا قه‌ره‌داغی‌: ئه‌وه‌ی‌ كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت و ئومێد ده‌كه‌م له‌كاتی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن كاره‌كان ته‌واو بێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌هێمنی‌ بگه‌ینه‌ ( 7\3 2010 ) تاكو هه‌مو خه‌ڵكی‌ بچنه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان و به‌ ئازادی‌ ده‌نگ بده‌ن، ئومێدم ئه‌وه‌یه‌ كۆمسۆنی‌ بالاَش چاودێرێكی‌ زۆر به‌ ورد و وریا بێت، به‌ پێی‌ توانا جدییه‌تی‌ خۆی‌ به‌كار بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ كاری‌ ته‌زویر هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ دوربخاته‌وه‌، دیاره‌ ئه‌مه‌ هه‌م به‌ قازانجی‌ شه‌خسییه‌تی‌ كۆمسیۆنه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هه‌م بۆ خودی‌ پرۆسه‌كه‌ش بۆ هه‌مو كوردیش به‌تایبه‌تی‌ عێراقش گرنگه‌، جارێ‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ مه‌به‌ستمانه‌ قسه‌ له‌سه‌ر كوردستان ئه‌كه‌ین ئومێدی‌ ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ بێخه‌ل وخه‌ش بكرێت، كه‌ براوه‌ قه‌ناعه‌ت به‌ بردنه‌وه‌ی‌ خۆی‌ بهێنێت و دۆڕاویش به‌بێ‌ هیچ ئه‌ملاولا، نه‌توانێ‌ گومانی‌ ئه‌وه‌ بكات كه‌ فێڵی‌ لێكراوه‌، پێویسته‌ دان به‌ دۆڕانی‌ خۆیدا بنێت، ئومێد ده‌كه‌م خه‌ڵكی‌ كوردستان و لیست و كیانه‌كانی‌ كوردی‌ بگه‌نه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌و ئه‌و عه‌قلییه‌ته‌ به‌كاربهێنن، به‌و مه‌نتقه‌ و عه‌قلییه‌ته‌ ئیش نه‌كه‌ن كه‌ هه‌ر له‌ ئێسته‌وه‌ كار نه‌كه‌ن بۆ بردنه‌وه‌، به‌ڵكو خۆشیان ئاماده‌كه‌ن بۆ دۆڕاندن و ئه‌نجامی‌ دۆڕاندن قبوڵ بكه‌ن، ئینجا ئه‌گه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌یه‌مان هه‌بو بێگومان ده‌توانین دیدێكی‌ ئاشكراشمان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزانین هه‌ڵبژاردن چۆن ئه‌بێت و سه‌ر ئه‌نجامه‌كانیش چی ده‌بن، به‌ بۆچونی‌ من نه‌خشه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن له‌ كوردستاندا بۆ په‌رله‌مانی‌ عێراق به‌ته‌واوی‌ گۆڕانكاری‌ به‌ سه‌ردا دێت، گۆڕانێكی‌ ئه‌وتۆ ره‌نگه‌ بۆ یه‌كه‌م جار له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقدا لیستی‌ جیاواز به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ئه‌وتۆ كه‌ بڵێی‌ شوناسی‌ جیاواز بونی‌ هه‌یه‌، دێته‌ ئاراوه‌ و بونی‌ ئه‌بێت له‌ په‌رله‌ماندا و ئه‌مه‌ش بایه‌خێكی‌ گرنگ و ده‌ورێكی‌ گرنگی‌ ئه‌بێت.
زۆرێك له‌ كوردستان به‌ تایبه‌تی‌ حیزبه‌ ده‌سه‌لاَتداره‌كان هه‌ندێكی‌ كه‌میش له‌ خه‌ڵك پێی‌ وابو كه‌ ده‌بێت كورد به‌یه‌ك لیست دابه‌زێت و هه‌مو به‌یه‌كه‌وه‌ بچنه‌ به‌غدا، من چه‌ند جارێكیش نوسیومه‌ و به‌تایبه‌تش له‌ ته‌له‌فزیۆن و رادیۆكانه‌وه‌ وتومه‌ ئه‌مه‌ به‌ قسه‌یه‌كی‌ زۆر جدی‌ نازانم و به‌ قازانجی‌ كوردیش نییه‌، ئه‌گه‌ر كورد به‌یه‌ك لیست دابه‌زێت، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌گه‌ر له‌و روانگه‌یه‌وه‌ سه‌یری‌ بكه‌ین كه‌ هه‌ڵبژاردن بۆ خۆی‌ یه‌كێكه‌ له‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ موماره‌سه‌كردن و پیاده‌كردنی‌ دیموكراسی‌ له‌ هه‌ر ولاَتێكدا، ئه‌گه‌ر قه‌ناعه‌تمان به‌وه‌ هه‌بێت له‌ كوردستاندا یه‌ك لیست هه‌بێت بۆ خۆمان هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ئه‌و پڕۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ گه‌وهه‌رو ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ خاڵیمان كردۆته‌وه‌، كردومانه‌ته‌ زۆرێك له‌و ده‌نگدانانه‌ی‌ كه‌ زیاتر شێوه‌ی‌ ئه‌و به‌یعه‌تانه‌ی‌ كه‌ له‌ هه‌ندێك له‌ سیسته‌مه‌ تۆتالیتاره‌كاندا بۆ تاكه‌ سه‌ركرده‌ یاخود ته‌نها حیزبێك ده‌كرێت، ئه‌م جاره‌ ده‌بینین چه‌ند لیستێك له‌ كوردستاندا هه‌یه‌ و ململانێكانی‌ هه‌ڵبژاردن به‌هێزتره‌ و دیموكراسییه‌تی‌ هه‌ڵبژاردن گه‌مه‌یه‌كی‌ به‌هێزتر ده‌بێت، بێگومان له‌م حاڵه‌ته‌شدا شتێكی‌ زۆر بایه‌خدارو گرنگ ده‌رده‌كه‌وێت، ده‌نگده‌ر مافی‌ ته‌واوی‌ هه‌یه‌ كه‌ بتوانێت ئیختیار بكات پێشتر لیستێك تا دو لیست هه‌بوه‌ نه‌یتوانیوه‌ ئیختیار بكات، پاشان فره‌ لیستی‌ هه‌یه‌ له‌ كوردستاندا مافی‌ هه‌ڵبژاردن بۆ ده‌نگده‌ر مافێكی‌ گرنگه‌ و له‌مه‌ش گرنگترئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ نیمچه‌ كراوه‌یه‌ له‌ هه‌ر لیستێكدا بۆ ده‌نگده‌ر مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ كه‌سێك بكات به‌ نوێنه‌ر بۆخۆی‌ ئه‌مه‌ خاڵێكه‌ گرنگه‌، سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ركه‌وتنه‌ بۆ هه‌ندێك له‌ لیسته‌كان، دیسان كه‌سانی‌ خاوه‌ن ده‌نگ و نفوس و به‌ توانا له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ دیاریده‌كرێت و متمانی‌ ئه‌وه‌یان پێده‌درێت بچنه‌ ناو په‌رله‌مانی‌ عێراقه‌وه‌، ره‌نگه‌ كه‌سانێك هه‌بێت له‌ناو مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ حیزبێكدا پێیان وابێت پێگه‌و جێگه‌یه‌كی‌ زۆر گرنگیان هه‌یه‌، به‌لاَم پێم وابێت به‌شێك له‌وانه‌ ناتوانن له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا متمانه‌ی‌ ئه‌وه‌ به‌ده‌ست بهێنن كه‌ بگه‌نه‌ ناو په‌رله‌مانی‌ عێراق، له‌ كاتێكدا كه‌سانێك هه‌ن ره‌نگه‌ كه‌سانی‌ ئاسایی‌ بن له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ و ئه‌مجاره‌ خۆیان پالاَوتوه‌ به‌ئاسانی‌ ده‌گه‌نه‌ ناو په‌رله‌مان، چونكه‌ ده‌توانن متمانه‌ی‌ خه‌ڵك به‌ده‌ست بهێنن. ئه‌مه‌ واده‌كات كه‌سانی‌ جۆراوجۆر بچنه‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌ده‌نگی‌ راسته‌قینه‌ی‌ خه‌ڵك ده‌چنه‌ په‌رله‌مان كه‌ پێموایه‌ ئه‌وانه‌ متمانه‌ی‌ ئه‌وه‌یان ده‌بێت بتوانن نوێنه‌رایه‌تی‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ بكه‌ن كه‌ به‌ده‌ستیـــــان هێناوه‌. ئه‌مه‌ خاڵێكی‌ گرنگه‌ وه‌كو لیستیش به‌ڕاستی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ گرنگه‌ به‌لامه‌وه‌ بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ هه‌یه‌ ولیستی‌ هه‌ردو حیزبه‌ ئیسلامییه‌كه‌ش هه‌ریه‌كه‌یان بۆ خۆی‌ به‌جیا... له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا لیستی‌ گۆڕان وه‌ك لیستێكی‌ به‌هێز له‌ كوردستاندا به‌ڕاستی‌ ئه‌وه‌ش بۆ خۆی‌ ئاینده‌یه‌كی‌ گه‌شه‌ بئ ئه‌وه‌ی‌، كه‌ ده‌ورو كاریگه‌ری خۆی‌ هه‌بێت له‌ په‌رله‌ملانی‌ عێراقدا، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ وه‌ها سه‌یری‌ هه‌مو هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ و پڕۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌مان كرد به‌تایبه‌ت له‌ كوردستان وه‌ها بیربكه‌ینه‌وه‌ كێن ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ له‌ به‌غداو په‌رله‌مانی‌ ئاینده‌دا نوێنه‌رایه‌تی‌ هه‌مو پێكهاته‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ئه‌كه‌ن، ئه‌و كاته‌ ته‌نها به‌و لۆجیكه‌ سه‌یری‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین، به‌ڕاستی‌ ئه‌و نوێنه‌ره‌ راسته‌قینانه‌ كێن و كێن به‌ڕاستی‌ ده‌توانن كار بكه‌ن بۆ خه‌ڵكی‌ كوردستان.
ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ نابێ‌ قسه‌ بكه‌ین، بڵێین هیچ نه‌كراوه‌، به‌لاَم هه‌ر كه‌سێك سه‌یری‌ واقعی‌ ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی‌ رابردو بكات كورد له‌ عێراقدا خه‌باتی‌ كردوه‌ له‌پێناوی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆمار و جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان و جێگری‌ سه‌رۆكی‌ وه‌زیران و چه‌ند پۆستێك و كۆمه‌ڵێ‌ ده‌سكه‌وتی‌ مادی‌ و مه‌عنه‌وییا كه‌ له‌ به‌غدا بۆ كۆمه‌ڵێ‌ خه‌ڵك به‌ده‌ست هاتوه‌، ئومێدی‌ ئه‌وه‌م هه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌مجاره‌دا كاره‌كان به‌و شێوه‌یه‌ بشكێته‌وه‌، خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌پێناوی‌ ئه‌وه‌دا ده‌نگ بدات، ئه‌وه‌ی‌ ده‌چێته‌ به‌غدا نوێنه‌ری‌ راسته‌قینه‌كانی‌ داواكانی‌ كورد بێت و له‌ پێناوی‌ كوردا بچێته‌ ئه‌وێ‌ نه‌ك له‌ پێناوی‌ چه‌ند پۆست و پله‌ و مه‌كسه‌بێكا بچێته‌ به‌غدا، خاڵێكی‌ دیكه‌ش كه‌ له‌پاڵ ئه‌مه‌یا بایه‌خێكی‌ گرنگی‌ ده‌بێت ئومێدی‌ ئه‌وه‌مان ده‌بێت كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ كورد له‌ گه‌ڵ به‌غدا له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا له‌ په‌یوه‌ندی‌ كۆمه‌ڵێ‌ سه‌ركرده‌ی‌ كورد و سه‌ركرده‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ سون ه‌و شیعه‌ و له‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان دو حیزبی‌ كوردی‌ و دو حیزبی‌ سونه‌ و شیعه‌ له‌ په‌یوه‌ندی‌ پێكهاته‌یه‌ك به‌ناوی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان و كۆمه‌ڵێ‌ حیزب و ئاڕاسته‌ و پێكهاته‌ی‌ سونه‌و شیعه‌وه‌، له‌ دوای‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بگۆڕێ‌ بۆ په‌یوه‌ندی‌ نێوان كورد و عه‌ره‌ب له‌ عێراقدا، پێم وایه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌و راستییه‌ ده‌رده‌خات هه‌رچه‌نده‌ به‌ خواستی‌ خۆمان بێت یان نا بوین به‌ به‌شێك له‌م عێراقه‌ ره‌نگه‌ به‌شی‌ زۆرشمان پێمان خۆش نه‌بێت و حه‌زمان ده‌كرد ئازادی‌ ئه‌وه‌مان هه‌بوایه‌ جیابین، به‌لاَم پێموایه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كورد نه‌توانێت په‌یوه‌ندییه‌كان به‌و ئاڕاسته‌یه‌ بگۆڕێت پێموایه‌ سه‌ره‌تایه‌كی‌ باش ده‌ست پێده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ كورد له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی‌ عێراق و توركمانی‌ عێراق په‌یوه‌ندی‌ پێكهاته‌كانی‌ ئه‌و ولاَته‌ بێت نه‌ك په‌یوه‌ندی‌ بێت له‌سه‌ر ئاستی‌ سه‌ره‌وه‌ له‌نێوان چه‌ند سه‌ركرده‌ و چه‌ند حیزبێك و چه‌ند كوتله‌یه‌كی‌ په‌رله‌مانییا، كه‌ له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ خۆیان به‌ده‌ر له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ عێراق و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ كوردستان رێك كه‌وتون، بۆیه‌ ون به‌ ئاسۆیه‌كی‌ گه‌شه‌وه‌ سه‌یری‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌كه‌م، پێموایه‌ كورد ئه‌گه‌ر بارسته‌كه‌شی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق نه‌گۆڕێ‌، به‌لاَم له‌ڕوی‌ كاركردنی‌ په‌رله‌مانی‌ داهاتوه‌وه‌ كاركردنی‌ كورد له‌ناو ئه‌و په‌رله‌مانه‌دا پێموایه‌ ستراتیژی‌ ئیشكردنی‌ كورد گۆڕانی‌ به‌سه‌ردا دێت، له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌سكه‌ی‌ كه‌ وتم له‌ نێوان حه‌لقه‌یه‌كی‌ داخراوی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ حیزبه‌ كوردییه‌كان و له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی‌ عێراقدا ئه‌گۆڕێ‌ بۆ به‌ره‌و په‌یوه‌ندی‌ كورد و عه‌ره‌ب له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی‌ عێراقدا، خاڵێكی‌ تر كه‌ گرنگه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا كه‌من به‌ ئاسۆیه‌كی‌ گه‌شه‌وه‌ سه‌یری‌ ده‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ تردا لیستێك هه‌بوه‌ كه‌ تۆ پێت خۆشبێت یان نا ئه‌بێت ده‌نگ بده‌یت به‌و لیسته‌و وه‌ له‌ناو ئه‌و لیسته‌شدا كه‌ ده‌یان ناوی‌ تێدایه‌ كه‌ به‌دڵت نین و ئه‌شبینیت كه‌ ده‌ستیان سوره‌ به‌ خوێنی‌ به‌شێك له‌ رۆڵه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ سامانی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ ئێمه‌ دزییان كردوه‌ ناپاكییان كردوه‌ له‌گه‌ڵ گه‌لی‌ ئێمه‌، حه‌تا هه‌ندێ‌ جار بۆ لایه‌نه‌ نه‌یاره‌كانی‌ ئێمه‌ سیخوڕی‌ وجاشایه‌تییان كردوه‌ حیزبه‌كانش خستویانه‌ته‌ ناو لیسته‌كه‌وه‌ و تۆش ده‌بێت له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی‌ كورددا ده‌نگیان پێبده‌یت، ئه‌وه‌ش ئازارێكی‌ ویژدانی‌ ئێمه‌یه‌، به‌لاَم له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی‌ ئه‌م جاره‌دا هه‌مو ده‌نگده‌رێ‌ ده‌توانێ‌ نوێنه‌ری‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆی‌ دیاری بكات ئه‌مه‌ش رێگه‌ خۆش ئه‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌، زیاتر خه‌ڵك بچێته‌ سه‌ر سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان ئه‌وه‌ش به‌ قازانجی‌ پڕۆسه‌كه‌و قازانجی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، پێم وایه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا زه‌نگێكی‌ وریا كه‌ره‌وه‌ بۆ حیزبه‌ ده‌سه‌لاَتداره‌كان لێده‌درێت، راسته‌وخۆو ناراسته‌وخۆ پێیان ده‌وترێت نه‌تانتوانیوه‌ نوێنه‌ری‌ راسته‌قینه‌ی‌ كورد بن، چونكه‌ هه‌تا ئێستا هیچ چاودێرێكی‌ كورد نه‌بوه‌ له‌ناو په‌رله‌مانی‌ عێراقی‌ بزانێ‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان چۆن ئیش ده‌كات سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆمار چۆن ئیش ئه‌كات جێگری‌ سه‌رۆكی‌ وه‌زیران و وه‌زیره‌ كورده‌كان و سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان چۆن ئیش ده‌كات، به‌لاَم له‌ دوالی‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ لیستی‌ گۆڕان و لیسته‌ كوردستانییه‌كان به‌ گڕوتینێكه‌وه‌ ده‌چنه‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق، دڵنییام ده‌وری‌ كاریگه‌ریان ده‌بێت و ده‌بنه‌ چاودێر و ره‌قیب به‌سه‌ر نوێنه‌ره‌كانی‌ كورده‌وه‌ هه‌م له‌ حكومه‌ت و هه‌م له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقدا، ئه‌مه‌ش به‌ قازانجی‌ پڕۆژه‌ی‌ كورد بۆ ئاینده‌ ده‌شكێته‌وه‌.

سبه‌ی‌: پێتوایه‌ روئیای‌ شه‌قامی‌ كوردی‌ و كۆی‌ گشتی‌ تاكه‌كانی‌ كورد به‌ تاراوگه‌شه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ دوای‌ 25\7\2009 به‌ رامبه‌ر هه‌ردو حیزبی‌ ده‌سه‌لاَتدار گۆڕانی‌ به‌سه‌ر هاتوه‌؟
عه‌تا قه‌ره‌داغی‌: بێگومان ئه‌گه‌ر له‌ ساڵی‌ نه‌وه‌دو یه‌كه‌وه‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ كوردستان دروست ببوایه‌ ئه‌و كاته‌ یه‌كێك له‌ حیزبه‌كان حكومه‌تی‌ پێك بهێنایه‌ و یه‌كێكی‌ تر ئۆپۆزسیۆن بوایه‌، بێگومان له‌ ساده‌ترین موماره‌سه‌ی‌ دیموكراسییه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنش به‌شێكه‌ له‌وه‌ ئه‌وكاته‌ زه‌مینه‌یه‌كی‌ باش ده‌ره‌خسا و ره‌نگه‌ ئۆپۆزسیۆنێكی‌ باشمان هه‌بوایه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ده‌سه‌لاَت له‌وه‌ی‌ ئێسته‌ به‌هێزتر، به‌داخه‌وه‌ سیاسه‌تی‌ په‌نجا به‌ په‌نجا كه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ حكومه‌تیان پێدروست كرد، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ زه‌مینه‌ی‌ دروست بونی‌ ئۆپۆزسیۆنیان له‌ كوردستاندا بۆ ماوه‌یه‌كی‌ دورودرێژ خه‌ساند، له‌ڕوی‌ كۆنه‌ستی‌ كۆمه‌لاَیه‌تییه‌وه‌ واقعێك هاته‌ ئارا كه‌ ده‌یان وت به‌س شه‌ڕ مه‌كه‌ن، به‌لاَم له‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 25\7\2009 واقعێك هاتوه‌و گۆڕاوه‌ به‌تایبه‌تی‌ كه‌ حیزبی‌ ده‌سه‌لاَتدار كه‌ باسی‌ ئه‌منی‌ قه‌ومی‌ و عه‌ره‌بی‌ عێراقیان ده‌كرد، ئه‌و مه‌ترسییانه‌ش به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌ وه‌ ده‌نگده‌ر و هاولاَتی‌ كورد بڕوا به‌و قسه‌و بۆچونانه‌ی‌ پێشو ناكات، ئه‌وه‌تا توركیا و ئێران په‌یوه‌ندی‌ ئاساییان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كوردستاندا و ته‌سه‌وری‌ ئه‌وه‌ش ناكه‌ین سونه‌ و شیعه‌ی‌ عێراقش كوردستانی‌ خۆمان بخه‌نه‌ژێر ده‌سه‌لاَتی‌ خۆیان وئه‌م ته‌جره‌به‌یه‌ له‌ناوبه‌رن، ئه‌گه‌ر بیر له‌ شتی‌ واش بكه‌نه‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌لاَیه‌كی‌ تر بۆخۆیان دروست ئه‌كه‌ن، بۆ خه‌ڵكی‌ كوردستان رون بۆوه‌ كه‌ نه‌خێر شه‌رت نییه‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ ئه‌و هێزه‌ گه‌وره‌یه‌ بن كه‌ جه‌ماوه‌ر هه‌ر جه‌ماوه‌ری‌ خۆیانه‌ كه‌ ده‌نگ هه‌ر ده‌نگه‌ ئه‌وان بێت، به‌لاَم به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هێزێك له‌ كوردستاندا دروست ده‌بێت كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا ده‌توانێت یه‌ك له‌سه‌ر چواری‌ هه‌مو ده‌نگه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان بۆخۆی‌ به‌رێت. یه‌كێتی‌ و پارتی‌ پێیان خۆش بێت یان ناخۆش دره‌نگ بێت یازو ئه‌بێ‌ ته‌سلیمی‌ ئه‌و واقیعه‌ بن و بڕوا به‌وه‌ بێنن كه‌ كوردستان تاسه‌ر هی‌ ئه‌وان نییه‌، ده‌شبێیت له‌ رێگه‌ كاری‌ كوردانه‌وه‌ و ئینسانیانه‌و شه‌ره‌فمه‌ندانه‌وه‌ و دابینكردنی‌ عه‌داله‌تی‌ كۆمه‌لاَیه‌تییه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی‌ دابه‌زینیان بۆ ناو كۆمه‌ڵگه‌وه‌ و وازهێنان له‌ ده‌ سكه‌وته‌ تایبه‌تییه‌كانی‌ خۆیان بونی‌ خۆیان له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا بهێڵنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین ره‌نگه‌ واقیعه‌كه‌ هه‌ندێك ئه‌هۆنتربێت، به‌لاَم له‌ سنوری‌ یه‌كێتیدا تفت و تاڵتره‌ و ئه‌گه‌ر به‌و عه‌قڵییه‌ته‌ی‌ كه‌ پێش 25\7 كاری‌ پێكردوه‌و له‌ 25\7 كاری‌ پێكردو و له‌ دوای‌ 25\7 كاریپێده‌كات، پێموایه‌ ئاینده‌یه‌كی‌ گه‌ش چاوه‌ڕێی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ ناكات. ره‌نگه‌ پێم خۆش نه‌بێت یه‌كێتی‌ توشی‌ شكست بێت، به‌لاَم تۆ ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی‌ گونجاو كارێك نه‌كه‌یت كه‌ بگونجێ‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی‌ خۆتا له‌گه‌ڵ واقیعه‌كه‌ی‌ خۆتاڕاستییه‌كه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌ تۆی‌ ناوێت. هه‌تا ئێستا من مامۆستام پۆل هه‌یه‌ له‌ناو خوێندنگه‌كاندا 55 قوتابی‌ تێدایه‌ هه‌تاكو ئێسته‌ تازه‌ترین بنه‌ماكاكانی‌ خوێندن له‌ناو خوێندنگه‌كانماندا نییه‌ هه‌تاكو ئێستا بچوكترین ته‌ئمینی‌ سه‌حی‌ نییه‌، هه‌تاكو ئێسته‌ تازه‌ترین بنه‌مای‌ چه‌مكی‌ هاولاَتیبون و عه‌داله‌تی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ نییه‌، لێره‌ جۆره‌ ژیانێك دروست بوه‌ ته‌نها ئه‌وانه‌ نه‌بێت كه‌ له‌ ده‌سه‌لاَته‌وه‌ نزیكن كه‌ وه‌ك میره‌كانی‌ كه‌نداو ده‌ژین، له‌كلتێكدا كۆمه‌ڵگه‌ له‌ حاڵه‌تێكی‌ زۆر خراپدا ده‌ژین، باشه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی‌ و پارتی‌ له‌ ماوه‌ی‌ 18 ساڵدا له‌سه‌ری‌ رۆیشتون ناتوانن له‌ ئیسته‌ به‌دواوه‌ به‌رده‌وام بن. ئێسته‌ ئاشكرا بوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ پێشتر ئۆپۆزسیۆن نه‌بو نه‌مان ئه‌زانی‌ بودجه‌ی‌ كوردستان چه‌نێكه‌ چۆن سه‌رف ده‌كرێت یاخود چیلێدێت. به‌لاَم له‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 25\7 كه‌ ئۆپۆزسیۆن هات حاڵه‌تێك په‌یدابو كه‌ ده‌بێت بزانرێت بودجه‌ چه‌نده‌ و به‌رنامه‌ی‌ دابه‌شكردنی‌ بودجه‌ی‌ هه‌بێت، هه‌ر دوێنێ‌ بو من وتۆ بینیمان كه‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ په‌رله‌مان رازی‌ نابن بودجه‌ كه‌ بڕبڕه‌ی‌ پشتی‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌خۆڕایی‌ بڕوات و حیزبه‌ ده‌سه‌لاَتداره‌كان به‌ئاره‌زوی‌ خۆیان گه‌مه‌ی‌ پێبكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌توانێت نوێنه‌رایه‌تی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان بكات له‌ سه‌رئه‌نجامدا ده‌بێت به‌ حیزبێكی‌ په‌راوێزی‌. له‌به‌رئه‌وه‌ واقعی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ وردی‌ به‌تایبه‌تی‌ سلێمانی‌... سلێمانی‌ ئه‌و شاره‌یه‌ و به‌شێكی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردستانیش ده‌بێته‌ ئه‌و واقعه‌، ئه‌و كه‌سه‌ی‌ نه‌توانێت خزمه‌تی‌ بكات له‌هه‌ر ئاستێكی‌ كۆمه‌ڵگه‌دا پێم وایه‌ ته‌لاَقی‌ ده‌دات، به‌شێكی‌ زۆری‌ نه‌خۆشه‌كانی‌ كوردستان ناتوانن ده‌رمانه‌كان بكڕن له‌ كاتێكدا ئه‌و هه‌مو داهاته‌ له‌ كوردستاندا هه‌یه‌، له‌ كاتێدا هاولاَتی‌ كه‌ نه‌توانێت ژیان بكات ئه‌ڵێ‌ به‌ڵێ‌ من ده‌نگت ناده‌مێ‌.

سبه‌ی‌: ئه‌و سنوره‌ی‌ كه‌ پێشتر سنوری‌ یه‌كێتی‌ بوه‌ ئه‌توانین بڵین ئێستا سنوری‌ گۆڕانه‌؟
عه‌تا قه‌ره‌داغی‌: به‌ڵێ‌ من پێشترش له‌ هاولاَتی‌ زنجیره‌ وتارێكم نوسی‌ هه‌ندێك له‌ نوسه‌ر و به‌رپرسی‌ یه‌كێتی‌ وه‌لاَمیان دابومه‌وه‌، له‌وێدا وتبوم هه‌مو سنورێك به‌ تاكه‌كه‌س و كاریزما دروست ناكرێت سه‌رده‌می‌ تاكه‌ سه‌ركرده‌ و حیزبی‌ توتالیتار به‌سه‌رچوه‌، من وه‌ك نوسه‌رێكی‌ مته‌وازیع رێزم هه‌یه‌ بۆ مام جه‌لال و كاك مه‌سعود، هاولاَتی‌ ناتوانێت بڵێت هه‌تا هه‌تایه‌ مام ئه‌و تاكه‌ سه‌ركرده‌یه‌یه‌ كه‌ هه‌مو كوردستانی‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ له‌كاتێكدا حیزبه‌كه‌ی‌ مام جه‌لال 10 كورسی‌ هه‌بێت، چونكه‌ ده‌نگه‌كان حسابی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات، هاولاَتی‌ ناتوانێت بڵێت كاك حه‌مه‌ی‌ حاجی‌ مه‌حمود گه‌وره‌ترین سه‌ركرده‌ی‌ كورده‌ كه‌ نه‌توانێت یه‌ك كورسی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق یان كوردستان به‌ ده‌ست بهێنێت، ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ی‌ ره‌نجده‌ران هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ كاریزمی‌ تێدا نه‌بو سه‌یركه‌ بو به‌چ هێزێكی‌ گه‌وره‌ له‌ كوردستاندا. گۆڕان كه‌ وه‌ك هێزێكی‌ جه‌ماوه‌ری‌ راسته‌ پیاوێكی‌ وه‌ك كاك نه‌وشیروان له‌سه‌رو لیسته‌كه‌وه‌یه‌، به‌لاَم من وه‌ك هێزێكی‌ گه‌وره‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ ته‌ماشای‌ ده‌كه‌م. ئه‌توانم بڵێم له‌ كه‌شتی‌ نوح ده‌چێت له‌ ئه‌وپه‌ڕی‌ چه‌پ بۆ ئه‌وپه‌ڕی‌ راست تیایدا كۆبۆته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌م لیسته‌ سبه‌ینێ‌ توانی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقدا 20 كورسی‌ به‌ده‌ست بێنێت نه‌ك من، به‌ڵكو عێراقییه‌كانش ئیئتلافی‌ له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، چونكه‌ حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌وه‌ بزانرێت له‌ دونیای‌ سیاسه‌تدا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هێز و جه‌ماوه‌ر و سه‌نگ ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا نه‌توانێت به‌قه‌د گۆڕان كورسی‌ بێنێت ئیتر پارتی‌ ته‌عامول له‌گه‌ڵ گۆڕان ده‌كات.

سبه‌ی‌: له‌دوای‌ 25\7 هه‌ستت به‌شكڵ و شێوه‌ی‌ ئه‌م ته‌عاموله‌ نه‌كردوه‌ له‌لای‌ پارتی‌؟
عه‌تا قه‌ره‌داغی‌: ئه‌مه‌وێ‌ باسی‌ ئه‌وه‌ بكه‌م به‌لاَم جه‌نابت پرسیاره‌كه‌ت كرد سوپاست ئه‌كه‌م، بۆ نمونه‌ هه‌مومان ئه‌زانین ئه‌و نوسه‌رانه‌ی‌ له‌ناو پارتیدا ئیش ئه‌كه‌ن ده‌یان وتاری‌ ناشرین و قێزه‌ونیان له‌ سه‌ر كاك نه‌وشیروان و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان نوسی‌، پێیان وابو ئه‌مه‌ وه‌همه‌ و ناتوانن كورسییه‌كش به‌ده‌ست بێنن، به‌لاَم له‌دوای‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردن كه‌ ده‌ركه‌وت گۆڕان 25 كورسی‌ به‌ده‌ست هێناوه‌، ئه‌گه‌ر 11 كورسییه‌كه‌ی‌ لێده‌ركه‌یت ده‌كاته‌ یه‌ك له‌سه‌ر چواری‌ كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مان، له‌مه‌وه‌ هه‌ست ده‌كه‌یت ئه‌و شه‌پۆله‌ نوسینه‌ بێسه‌روبه‌ره‌یه‌ی‌ ناو پارتی‌ له‌سه‌ر گۆڕان نه‌ما، بۆیه‌ تائاستێك پارتی‌ حیزبێكی‌ پڕاگماتیكان بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كێ‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، سه‌یر ده‌كه‌ن هێزێك په‌یدا بوه‌ دو ئه‌وه‌نده‌ی‌ یه‌كێتی‌ جه‌ماوه‌ری‌ هه‌یه‌ و پارتی‌ به‌ ئومێدی‌ ئاینده‌یه‌، بۆیه‌ به‌ فه‌رمانی‌ سه‌ره‌وه‌ نابێ‌ له‌سه‌ر گۆڕان و ئه‌و بزوتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ گه‌وره‌یه‌ بنوسرێت، هه‌مومان گوێمان له‌ قسه‌كه‌ی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ بو كه‌ ده‌ڵێت كاكه‌ تۆ ناتوانی‌ 25 كورسی‌ پشت گوێ‌ بخه‌یت.

سبه‌ی‌: له‌باره‌ی‌ ئه‌و گرژی‌ و ئاڵۆزییه‌ی‌ كه‌وته‌ نێوان یه‌كێتی‌ و گۆڕانه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ (میلیشیای‌ چه‌كدار) تا كار گه‌سشته‌ ئه‌وه‌ی‌ میدیای‌ هه‌ردولای‌ گرته‌وه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ سبه‌ی‌: هاوته‌ریبه‌ به‌ كیشه‌كانی‌ شه‌قامی‌ سه‌هۆڵه‌كه‌ی‌ سلێمانی‌ و كه‌ركوك و شه‌قلاَوه‌وه‌ ... ئه‌گه‌ر بكرێت قسه‌یه‌كتان هه‌بێت؟
عه‌تا قه‌ره‌داغی‌: بێگومان ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئێمه‌ له‌سه‌ری‌ راهاتوین كه‌ هێزێكمان هه‌بوه‌ به‌ ناوی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌، من بۆ خۆم تائێستاش رێزێكی‌ له‌ راده‌به‌ده‌رم هه‌یه‌ و زۆر به‌ پیرۆزی‌ سه‌یری‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌م، به‌لاَم پێشمه‌رگه‌ هێزێكی‌ رێكخراو نه‌بوه‌ هێزێك بوه‌ له‌ شێوه‌ی‌ كه‌رت و مه‌فره‌زه‌ و تیپ هه‌رێم بوه‌، هه‌مو تاكێكی‌ كوردی‌ شانازی‌ به‌مه‌وه‌ ده‌كات، به‌لاَم له‌دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ حكومه‌ت دروست بو ئه‌بوایه‌ ئه‌و هێزه‌ی‌ كه‌ ناوی‌ پێشمه‌رگه‌ بو كۆتایی‌ پێبهێنرایه‌ و هێزێك له‌ كوردستان دروستكرایه‌ ناوی‌ سوپای‌ كوردستان بوایه‌، ئه‌و سوپایه‌ش ئه‌بوایه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ رێكخستنی‌ سه‌ربازی‌ بوایه‌ نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای‌ رێخستنی‌ پێشمه‌رگه‌، ده‌بو هه‌مو ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ بون چی‌ ده‌كرایه‌ بۆیان بكرایه‌ تاكو درستكردنی‌ په‌یكه‌رش، به‌لاَم من پێم وایه‌ ئه‌و هێزه‌ی‌ كه‌ له‌ شاخ بون كاری‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ و خه‌باتی‌ ده‌كرد پێم وایه‌ ئه‌و هێزه‌ زه‌حمه‌ته‌ له‌ ناو شاردا به‌ڕێوه‌ به‌ریت، پێم واییه‌ ئه‌و هێزه‌ بكرایه‌ به‌ هێزێكی‌ نیزامی‌ و له‌ رێگه‌ی‌ ته‌جنید و به‌سه‌رباز كردنه‌وه‌ سوپا دروست بكرایه‌، پێم وایه‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ له‌ كوردستاندا به‌و شێوه‌یه‌ دروست نه‌ئه‌بو، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هێزه‌كه‌ رێك بخرایو بكرایه‌ به‌ هێزی‌ گه‌ل و حكومه‌ت له‌باتی‌ هێزی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ شیوعی‌ و سۆشیالیست، ئه‌و كاته‌ هێزێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ نیشتیمانی‌ ده‌بو كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ رێگه‌ی‌ وه‌زیری‌ سوپای‌ كوردستان یان وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان ئه‌و به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌برد به‌ فه‌رمانی‌ ئه‌و ده‌جولاَ، ئه‌و هێزه‌ش ئینتیمای‌ بۆ هیچ حیزبێك نه‌ده‌بو ته‌نها بۆ گه‌لی‌ كورد و خاكی‌ كوردستان نه‌بێت، به‌داخه‌وه‌ ئه‌م هێزه‌ وای‌ لێنه‌كرا، ئێمه‌ ده‌بینین ناسیۆنالیسته‌ عه‌ره‌به‌كان و پێشترش له‌ حكومه‌تی‌ عه‌لاوی‌ ده‌وترا كه‌ پێشمه‌رگه‌ هێزێكی‌ میلیشیایه‌، میلیشیاش ئه‌گه‌ر به‌ واتا فه‌رهه‌نگییه‌كه‌ی‌ لێكیبده‌ینه‌وه‌ و به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ هه‌ندێك جار له‌ كوردستاندا هه‌ندێك زاراوه‌ به‌ خراپ وه‌رده‌گرین (میلیشیا: بریتییه‌ له‌ هێزێكی‌ رێكنه‌خراو له‌ یه‌كه‌ی‌ سه‌ربازیدا) یه‌كه‌ی‌ سه‌ربازی‌ بریتییه‌ له‌ ته‌مه‌ن و پله‌ی‌ سه‌ربازی‌، ئه‌مان هاتن به‌شێوه‌یه‌كی‌ زۆر سه‌یر هه‌ریه‌كه‌ و روتبه‌ی‌ سه‌ربازییان  پێدان ئه‌مه‌ فلاَن عه‌میده‌ ئه‌وه‌ فلاَن عه‌قیده‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ندێكیان خوێنه‌وارییان هه‌بێت، ئه‌مه‌ زیانێكی‌ گه‌وره‌ی‌ یا له‌ كه‌سێتی‌ مه‌عنه‌وی‌ خه‌ڵكی‌ كورد، بۆیه‌ ئه‌و هێزه‌ی‌ كه‌ به‌ میلیشیا ناو ده‌برێت به‌و مانایه‌یه‌ كه‌ رێكنه‌خراوه‌ وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌، ئیتر پێم وانییه‌ ئه‌وه‌نده‌ زاراوه‌یه‌كی‌ مه‌ترسیدار بێت، بۆیه‌ من پێم وایه‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ [k n n ] و راگه‌یاندنی‌ كۆمپانیای‌ وشه‌ به‌كارهێنرابێت، ئومێدم وایه‌ هه‌ر ئه‌م بۆچونه‌ی‌ منش بێت پێم وانییه‌ میلیشیا بۆ سوكایه‌تیكردن بێن به‌ پێشمه‌رگه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌ گۆڕان و كۆمپانیای‌ وشه‌ن خۆیان له‌ شاخ نه‌ك هه‌ر پێشمه‌رگه‌ بون، به‌ڵكو به‌رپرسی‌ پێشمه‌رگه‌ش بون. میلیشیا هه‌ر لێره‌ش نییه‌، ئه‌وانه‌ی‌ كاتی‌ خۆی‌ له‌ ئیرله‌ندا بون پێیان ده‌وتن میلیشیا، به‌وانه‌ش كه‌ تا ئێستاش به‌ حه‌ماس و به‌شێك له‌هێزه‌كانی‌ حه‌سه‌ن نه‌سرولاَ و به‌وانه‌ش كه‌ هه‌مومان ده‌زانین له‌ رێكخراوه‌ی‌ فه‌تح جوانتر به‌رگری‌ له‌ فه‌له‌ستین ده‌كه‌ن پێیان ده‌ڵێن میلیشیا، به‌شێك له‌و هێزانه‌ی‌ كه‌كاتی‌ خۆی‌ له‌ كوبا به‌رگرییان ده‌كرد پێیان ده‌وتن میلیشیا، بۆچی‌ ئه‌وه‌مان پێناخۆش بێت، به‌لاَم به‌ مه‌رجێك به‌ ده‌لاله‌تی‌ سوكایه‌تی‌ كردن نه‌بێت، پێشموایه‌ هیچ كه‌سێك جورئه‌تی‌ ئه‌وه‌ ناكات كه‌ سوكایه‌تی‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ بكات.

سبه‌ی‌: پێشبینیتان بۆ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا چه‌ند كورسی‌ به‌ده‌ست ده‌هێنێت؟
عه‌تا قه‌ره‌داغی‌: ئه‌وه‌ی‌ به‌تایبه‌تی‌ ئاگام له‌ واقعی‌ سلێمانییه‌، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ركوك و هه‌ولێر و دهۆك هه‌ر به‌ تیڤی‌ ئاگام لێیه‌تی‌، سه‌یری‌ هه‌مو كه‌ناڵه‌كان ده‌كه‌م بۆئه‌وه‌ی‌ سه‌یری‌ چاوی‌ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ بكه‌م، له‌ سلێمانی‌ وه‌ك هاولاَتییه‌ك كه‌ له‌سه‌ر جاده‌ و رێگه‌و بان و خوێندنگه‌ دێم و ده‌چم شه‌پۆلێكی‌ زۆر گه‌وره‌ لایه‌نگری‌ بۆ لیستی‌ گۆڕان هه‌یه‌، له‌ سلێمانی‌ له‌ و 17 كورسییه‌ كه‌ هه‌یه‌ ده‌توانێت (9 بۆ 10) كورسی‌ بهێنێت، له‌ شاره‌كانی‌ دیكه‌ش ئه‌وه‌نده‌ بهێنێت مانای‌ وایه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ (20) كورسی‌.

Sbeiy.com © 2007