ئاماده‌كردنی: عه‌دنان عوسمان
به‌و حوكمه‌ی:
1. دانانی بوجه‌ی ساڵانه، یه‌كێكه له گرنگترین ئه‌ركه‌كانی حكومه‌ت له‌ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌دا
2. تاوتوێكردنو په‌سه‌ندكردنی بودجه، یه‌كێكه له ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانی په‌رله‌مان
بۆیه لێره‌دا به روونی‌و وردی تێبینیی‌و سهرنجو پێشنیازه‌كانی خۆمان ده‌خه‌ینه به‌رده‌م سهرۆكایهتیو ئه‌ندامانی به‌ڕێزی په‌رله‌مان.
یه‌كه‌م: پلانی ئابووری كابینه:
كابینه‌ی نوێ، پێش ناردنی بودجه بۆ په‌رله‌مان ده‌بوایه به‌رنامه‌و پلانی خۆی ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكردایه‌و له‌وێدا سه‌رخه‌تی نه‌خشه‌و پڕۆگرامی خۆی بخستایه‌ته به‌رده‌م په‌رله‌مان، بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاران بتوانن له‌سه‌ر رۆشنایی ئه‌و پلان‌و سیاسه‌ته ئابووری‌و ئه‌و فه‌لسه‌فه‌ی كاركردنه گفتوگۆ له‌سه‌ر بڕگه‌كانی بودجه‌كه بكه‌ن، به‌ڵام حكومه‌ت له په‌له‌په‌لیدا بۆ زوو ره‌وانه‌كردنی بودجه ئه‌وه‌ی له‌یادكرد، كه نه‌بوونی هێڵی گشتیی سیاسه‌تی حكومه‌ت، كه پێویسته له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه گفتوگۆ‌و په‌سه‌ند بكرێت، تارماییه‌ك ده‌خاته سه‌ر پڕۆژه‌ی بودجه‌كه‌ی.
دووه‌م: رێكخستنی بودجه
یه‌كێك له بنه‌ما بناغه‌ییه‌كانی دانانی بودجه، یهكانگیرییهتی به‌و مانایه‌ی، كه پێویسته سه‌رجه‌م خهرجیو داهاتهكانو شێوه‌ی بهدهستهێنانو سهرفكردنیان له بودجه‌دا رۆشن بكرێته‌وه.
به‌ڵام له پڕۆژه‌یاسای بودجه‌دا ته‌نیا ئاماژه‌یه‌كی خێرا به‌و خاڵانه‌دا كراوه‌و ئه‌وه دیاری نه‌كراوه، كه ئه‌و بڕی خه‌رجكردنه، كه سه‌رجه‌م بودجهكهیه له‌كوێوه هاتووه‌و سه‌رچاوه‌كه‌ی كوێیه؟ ده‌بوایه له ماده‌ی یه‌كه‌مدا، ئاماژه به‌و بڕه پاره‌یه بدرایه، كه له ئاكامی ته‌رخانكردنی (17%) بودجه‌ی عێراق‌و دوای بڕینی سه‌رجه‌م خه‌رجییه سیادی‌و حاكمییهكان، ده‌گاته هه‌رێم كه ئه‌وه‌ش سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی داهاتی كوردستانه.
خۆ دزینه‌وه له دیاریكردنی داهاته‌كان نیشانه‌ی بێپلانیو نه‌بوونی ستراتیژییه‌تێكی رۆشنه له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌و بودجه‌ش وه‌ك سلفه‌یه‌ك پێشان ده‌دات، كه مانگانه له به‌غداوه ده‌گاته هه‌رێم.
ئه‌و داهاته‌ی له ماده‌ی دوودا هاتووه ده‌بوایه بخرایه‌ته سه‌ر ئه‌و داهاته‌ی له به‌غداوه دێت، بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت به وردی داهاتی هه‌رێم چه‌نده.
سه‌رباری تێبینی زۆرمان له‌سه‌ر بڕگه‌ی داهات، كه دواتر سه‌رنجه‌كانمان له‌و باره‌وه ده‌خه‌ینه‌ڕوو، ناكرێت پإۆژهی بودجه ورده‌كارییه‌كانی سه‌رجه‌م داهاته‌كان: ناوخۆ، ده‌ره‌وه، باج‌و خاڵه سنوورییه‌كان، ته‌رخانكراوی به‌غدا، هتد له سه‌ره‌تای یاساكه ئاماژه‌ی پێنه‌درێت‌و په‌رله‌مانی كوردستان‌و به‌تایبه‌ت لیژنه‌ی دارایی‌و كاروباری ئابووری له‌سه‌ر ورده‌كارییه‌كانی ئاگادار نه‌كرێته‌وه.
رووننهكردنهوهی ده‌روازه‌ی داهاته‌كان به‌وشێوه ئسوڵییهی پێویسته، نیشانه‌ی كه‌مته‌رخه‌می وه‌یا په‌له‌كردنی وه‌زاره‌تی داراییه له ناردنی پڕۆژه‌ی یاساكه، كه ئه‌وه‌ش جێگه‌ی تێبینییه، چونكه لانیكه‌م له كۆتایی ساڵدا به‌شی هه‌ره زۆری داهاته‌كان دهردهكهونو ئاماردهكرێن، ئه‌م خاڵه‌ش كاریگه‌ری زۆری به‌سه‌ر هاوسه‌نگیی پڕۆژه‌كه‌وه هه‌یه‌و لاسه‌نگی كردووه.
بۆیه ئێمه له‌م رووه‌وه پڕۆژه‌ی بودجه به هاوسه‌نگ نازانین‌و پێویسته بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م كه‌لێنه گه‌وره‌یه‌و رێكخستنی پڕۆژه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی شهفافو یهكانگیرانهو له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی زانستیی.
سێیه‌م: پلانی ستراتیژی
وه‌ك ده‌زانن بودجه ره‌نگدانه‌وه‌ی تێڕوانین‌و به‌رنامه‌ی سیاسیی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌ته‌و پێویسته بڕگهكانو ته‌رخانكراوه‌كان، وه‌ڵامی ئه‌و ویست‌و داخوازی‌و پلانانه بداته‌وه. به‌ڵام له‌و راپۆرته‌دا، كه هاوپێچكراوه له‌گه‌ڵ یاسای بودجهكهداو له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه ئاماده‌كراوه، هیچ ئاماژه‌یه‌ك به تێإوانین، ستراتیژ، پلان، ئه‌وله‌ویاته‌كان نه‌دراوه، له‌و راپۆرته گشتییه‌دا رۆشن نییه ستراتیژی حكومه‌ت له‌هه‌موو بواره‌كاندا چییه؟ بۆ نموونه بۆ مه‌سه‌له‌ی ئه‌و رێژه زۆره‌ی بۆ به‌كاربردن ته‌رخانكراوه، نه‌خشه‌ی چییه؟ چ پلانێكی هه‌یه بۆ وه‌گه‌ڕخستنی كشتوكاڵ، وه‌به‌رهێنانی ناوخۆیی‌و ده‌ره‌كی، پیشه‌سازی، هێنانو ناردن، هتد؟
خاڵی گرنگ، كه له‌و راپۆرته‌دا ونه، ئه‌وه‌یه: ئایا حكومه‌تی هه‌رێم، چ به‌رنامه‌یه‌كی هه‌یه بۆ زیادكردنی داهاته‌كانی ههرێمو كه‌مكردنه‌وه‌ی پشتبه‌ستن به داهاتی ناوه‌ند؟ چ پلانێكی هه‌یه بۆ باجه جۆراوجۆره‌كان، ناردنی نهوتو به‌گه‌ڕخستنی ئه‌و پارانه‌ی له ئاكامی گرێبه‌سته‌كاندا به‌ده‌ستهاتوون؟.
هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ی هێزی كار‌و چاره‌سه‌ری بێكاریی‌و به‌گه‌ڕخستنی توانا نووستووه‌كانی دامودهزگاكانو دانانی پلان بۆ ته‌رشیقی دامه‌زراوه حكومییهكانو بره‌ودان به كه‌رتی تایبهتو پێدانی هه‌ندێك ئیمتیازات له‌پێناو به‌هێزكردنی ئه‌و كه‌رته، ئه‌مانه هه‌مووی له‌و راپۆرته‌دا ئاماژه‌یان پێنه‌كراوه.
راپۆرتی وه‌زاره‌ت، كه پێویست وابوو پلانی رۆشنی ستراتیژی كابینه بێت له شیكردنه‌وه‌یه‌كی رووكه‌شیانه‌ی بڕگه‌كانی بودجه‌كه به‌ولاوه هیچی دیكه نییه، واته حكومه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای له‌م ده‌ست بۆ ئه‌و ده‌ست، بێ هیچ وردهكاریو پلانێك كار ده‌كات.
بۆیه پێویسته ئه‌و راپۆرته ره‌وانه‌ی حكومه‌ت بكرێته‌وه‌و په‌رله‌مانی كوردستان داوای پلانێكی رۆشن له كابینه بكات، كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و پلانه بإگهكانی بودجه دیاری كرابێت.
چواره‌م: بودجه، یا ته‌مویل
به‌گوێره‌ی یاسای بودجه‌ی عێراق‌و راپۆرتی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم، ده‌رده‌كه‌وێت مامه‌ڵه‌ی حكومه‌تی فیدراڵیی له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا هه‌مان مامه‌ڵه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌ر پارێزگایه‌كی دیكه‌ی عێراقدا، له روونكردنه‌وه‌كانی وه‌زاره‌ت ئه‌وه ئاشكرا بوو، كه هه‌رێم ده‌بێت مانگانه حیساباتی خۆی بۆ به‌غدا بنێرێت بۆ ئه‌وه‌ی بودجه‌ی مانگی داهاتووی بۆ ره‌وانه بكرێت، له بإگهی شه‌شی ماده‌ی (16)ی یاسای بودجه‌ی عێراقدا، به وردی ئه‌وه خراوه‌ته‌ڕوو، كه هه‌رێم ناتوانێت پشكه‌كه‌ی به‌كاربهێنێت له‌ژێر چاودێریی‌و به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زیری دارایی عێراقدا نه‌بێت.
بۆیه له‌ڕووی واقیعیه‌وه ئه‌سته‌مه بتوانرێت به‌م ته‌مویله بووترێت بودجه، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی ترسناك‌و مه‌ترسیداره بۆ توانایی‌و ده‌سه‌ڵاته داراییه‌كانی هه‌رێم، كه به‌شێكی گرنگه له سه‌روه‌رییه‌كانی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك، به گوێگرتن له روونكردنه‌وه‌كانی وه‌زاره‌ت ده‌رباره‌ی ئه‌و كێشه‌و ئاسته‌نگانه‌ی دێته رێگه‌یان له مامه‌ڵه‌یاندا له‌گه‌ڵ ناوه‌نددا، ده‌رده‌كه‌وێت نه حكومه‌تی ههرێمو نه به‌رپرسه كورده‌كانی به‌غداو وه‌زاره‌تی دارایی عێراق هه‌وڵیان نه‌داوه ئه‌و واقیعه ته‌ڵخه بگۆڕن.
به‌داخه‌وه حكومه‌تی هه‌رێم، له‌دوای رووخانی رژێمه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار خۆی به‌ستووه‌ته‌وه به حكومه‌تی ناوه‌نده‌وه‌و چوارچێوه‌كانی ده‌ست واڵایی خۆی به‌رته‌سك كردووه‌ته‌وه، تا ئاستی ئه‌وه‌ی بژێوی‌و مووچه‌و گوزه‌رانی خه‌ڵكی هه‌رێم ببێته به‌شێك له گه‌مه سیاسییهكانو ناو به‌ناو وه‌ك موقایهزهو كارتی گوشار به‌كاربهێنرێت.
وه‌ك وتمان، مامه‌ڵه‌ی حكومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا هه‌مان شێوه‌ی مامه‌ڵه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تێك، وه‌یا ده‌زگاو پارێزگایه‌ك. وه‌زاره‌تی دارایی ده‌بێت مانگانه حیساباتی خۆی بۆ ئه‌و مانگه ره‌وانه‌ی به‌غدا بكات، بۆئه‌وه‌ی بودجه‌ی مانگی داهاتو وه‌ربگرن. له‌راستیدا ئه‌مه ئیشكالییه‌تێكی گه‌وره‌یه:
له‌ڕووی جێگه‌و رێگه‌و مه‌وقیعیه‌تی هه‌رێم له پرۆسه‌ی سیاسیداو به‌ستنه‌وه‌ی هه‌رێم له‌ڕێگه‌ی شاده‌ماری ئابوورییه‌وه به به‌غدا
له‌ڕووی ئابووریشه‌وه، كه كێشه‌ی گه‌وره بۆ پڕۆژه‌كان‌و بردنه سه‌ره‌وه‌ی ئاستی ژیان‌و گوزه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێت.
وه‌ك به‌رپرسێكی باڵای وه‌زاره‌تی دارایی وتی: حكومه‌تی هه‌رێم "قائیم بیلسهرفه" نه‌وه‌ك "ئامر بیلسهرف"، كه دیاره چ جیاوازییه‌كی گه‌وره له‌نێوان ئه‌و دوو ده‌سته‌واژه‌یه‌دا هه‌یه.
وه‌ك ئێستا دیاره هۆكاری خهمساردییو لاموبالاتی حكومه‌ت له ناردنی بودجه بۆ پهرلهمانو گوێنه‌دان به په‌سه‌نكردن، وه‌یا دواكه‌وتن بۆ ناوه‌ڕاستی ساڵ ده‌رده‌كه‌وێت، چونكه ئه‌و بودجه‌یه‌ی، كه هه‌رێم ئاماده‌ی ده‌كات، هیچ نرخ‌و به‌هایه‌كی نییه له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقییه‌وه‌و ته‌نانه‌ت له هیچ پرۆسه‌یه‌كی دانان‌و ئاماده‌كردنی بودجه‌ی فیدراڵیدا پرس‌و راوێژ به نوێنه‌رانی هه‌رێم ناكرێت‌و له ده‌ستنیشانكردنی پشكی هه‌رێمیش لایه‌نی كوردی كاتێك بانگ ده‌كرێن، ته‌نیا بۆ ئاگاداربوون له رێژهكهو میكانیزمی وهرگرتنهكهیهتی، بۆیه بودجه‌ی هه‌رێم له‌ژێر ناونیشانی: (لهمدهست وهریگرهو له‌و ده‌ست سه‌رفی بكه) ده‌ڕوات به‌ڕێوه، هه‌ربۆیه‌ش قسه‌كردنی كابینه له‌سه‌ر دانانی بودجه ده‌بێت له‌سه‌ری راوه‌ستین‌و هه‌موو لایه‌كمان بیر له هه‌نگاوی عه‌مه‌لی بكه‌ینه‌وه بۆ ده‌ربازبوون له‌م پاشكۆیه‌تییه.
پێنجه‌م: پڕۆژه به‌رده‌وامه‌كان:
پڕۆژه به‌رده‌وامه‌كان، ده‌بێت ئه‌و پڕۆژانه بن، كه سه‌رمایه‌یه‌كی زۆر، كاتێكی زیاتر، توانایه‌كی زۆرتری بووێت، چ له‌ڕووی دیزاینهوهو چ له‌ڕووی بیناسازی‌و ده‌ستبه‌كاربوونه‌وه، به واتایه‌كی دیكه، هه‌قوایه پڕۆژه به‌رده‌وامه‌كان ئه‌و پڕۆژه ستراتیژییانه بن، كه حكومه‌ت ناتوانێت به گوژمه‌یه‌ك، وه‌یا له ساڵێكدا ته‌واوی بكات، به‌ڵكو كات‌و پاره‌ی زیاتری ده‌وێت، ئه‌و پڕۆژانه‌ش ده‌بێت پڕۆژه‌ی گه‌وره‌و گرنگ بن، وه‌ك: به‌نداو، ئاودێریی، رێگه‌وبان، هێڵی ئاسن، خه‌سته‌خانه‌ی گه‌وره، ... هتد.
له‌م بودجهیهداو ساڵانێكه پڕۆژه‌ی ستراتیژی‌و به‌رده‌وام تێكه‌ڵ دهكرێتو به‌گوێره‌ی یاساكهبێت، به‌رده‌وامه‌كان ئه‌و پڕۆژانه‌ن، كه ساڵی رابردوو ده‌ستیپێكردووه‌و ئه‌مساڵیش به‌رده‌وامده‌بن له ته‌واوكردنی بێگوێدانه گه‌وره‌یی، وه‌یا گرنگیی پڕۆژه‌كه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه له‌م پڕۆژانه‌دا ته‌نیا ناوی به‌رده‌وامه‌و له خانه‌ی به‌رده‌وامه‌كان دانراوه، چونكه زۆرێك له‌و پڕۆژانه، كه گوایه له (2009) ده‌ستیپێكردووه، نه كاری له‌سه‌ركراوه‌و نه پاره‌شی بۆ ته‌رخانكراوه، واته له واقیعدا ئه‌وانه له (2009) ته‌نیا بڕیاریان له‌سه‌ر دراوه، ده‌نا ته‌رخانكردنی پاره‌و ده‌ستپێكردنه‌كه‌ی كه‌وتووه‌ته ساڵی دارایی (2010)ه‌وه‌و به‌مپێیه‌ش، ئه‌وانه ناچنه خانه‌ی پڕۆژه‌ی به‌رده‌وامه‌وه.
له‌ڕووی زانستییه‌وه دانانی بودجه بۆ بواری وه‌به‌رهێنان، ده‌بوایه له (2) خانه‌دا جێبكرایهتهوه: پڕۆژه ستراتیژییهكانو پڕۆژه خێراكان، به‌مشێوه‌یه‌ش هه‌م هێڵكارییه‌كی وردتر‌و جیاوازی باشتر ده‌كرا له‌نێو پڕۆژهكانداو هه‌میش ده‌زانرا، چ گوژمه‌یه‌ك بۆ چ پرۆژه‌یه‌ك ته‌رخان بكرێت، به‌گوێره‌ی داهاتی ساڵانه.
دایه‌نگه‌و قوتابخانه‌و قیرتاوكردن‌و دروستكردنی پرد‌و چاككردنی رێگه‌كان بۆ نموونه، به‌شێكن له پڕۆژه خێراكان، كه پێویسته به گوژمهیهكو له‌ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا ته‌واو بكرێت، نه‌وه‌ك تهفروتووناكردنی تواناكان، ئیمكانییاته داراییه‌كان، توانای چاودێریی‌و لێپرسینه‌وه له سه‌دان پڕۆژه‌دا به‌بێ دیاریكردنی كاتێكی باوه‌ڕپێكراو بۆ ته‌واوكردنی، به‌گوێره‌ی پڕۆژه پێشنیازكراوه‌كان بێت، حكومه‌ت ده‌یه‌وێت ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوان ره‌زامه‌ند بكات به كردنی پڕۆژه، به‌ڵام هه‌میشه ئه‌و پڕۆژانه ماوه‌یه‌كی زۆر ده‌خایه‌نێت، كه به‌شێكی زۆری پێویسته به‌خێرایی دروست بكرێن.
شه‌شه‌م: ئایا له ناردنی بودجه په‌له‌كراوه؟
به‌كورتی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره به‌ڵێیه، له دانیشتنماندا له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی پرسیاری ئه‌وه‌مان كرد، ساڵی پار بودجه له مانگی (6) په‌سه‌ندكرا، ساڵی پێشتر له مانگی (5)، پێشتر له مانگی (7)، چۆنه وا له‌مساڵدا سه‌رباری پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ، تێكه‌ڵكردنی چه‌ند وه‌زاره‌تێك، نه‌مانی چه‌ندێكی دیكه وا به خێرایی (دیاره به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی دیكه‌دا، چونكه هێشتا به‌م په‌له پڕوزێیهش ناردنی یاساكه زیاد له (3) مانگ دواكه‌وت)، توانیتان به‌مشێوه‌یه یاساكه ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكه‌ن؟ چونكه ئه‌مساڵ له ساڵانی پێشتر بیانووی دواكه‌وتن به‌هێزتر بوو، وه‌ڵامی ئه‌و به‌ڕێزانه ته‌نیا ئه‌وه‌بوو، كه ئه‌وان پێیانباش بوو ناردنی بودجه‌كه تا مانگی (3) دوابكه‌وێت‌و په‌له له‌ناردنی نه‌كرایه، بۆیه ئێمه له‌لای خۆمانه‌وه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دركمان به‌وه‌كرد، ناردنی خێرای پڕۆژه‌یاساكه به مه‌به‌ستی به‌كارهێنانییه‌تی وه‌ك به‌شێك له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی لیستی هاوپهیمانیو به‌تایبه‌ت باشتركردنی مه‌وقیعیه‌تی سه‌رۆكی كابینه‌یه، به‌داخه‌وه ئه‌وان ده‌یانه‌وێت سوودێكی سیاسیی له‌و سلفه‌یه‌ی له به‌غداوه وه‌ریده‌گرن ببینن.
دیوێكی دیكه‌ی په‌له‌كردنی وه‌زاره‌ت له‌ناردنی بودجه هه‌ڵه زاراوهییهكانی نێو بودجه‌و یاساكه‌یه، یه‌كخستنی زاراوه‌كان كارێكی پێویسته بۆ بوارنه‌دان به دروستبوونی ئاڵۆزی، كه‌چی له‌م پڕۆژانه‌دا: به موازه‌نه‌ی ته‌شغیلی جارێك ده‌وترێ جاری، جارێك ته‌شغیلی، ئاسایی، به‌كاربردن
بۆ وه‌به‌رهێنان: ئیستسماری، رهئسمالی، پڕۆژه‌كان
حه‌وته‌م: جیاوازی ئه‌م بودجه‌یه، له‌گه‌ڵ ساڵانی رابردوو:
له‌و قسه‌وباسانه‌ی خرانه‌ڕوو له‌سه‌ر بودجه‌ی ئه‌مساڵ، باس له‌وه كرا، كه گوایه توانراوه بودجه‌ی ته‌شغیلی به‌ڕێژه‌یه‌كی باش بهێنرێته خواره‌وه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی (2009)
به‌مانای ته‌شغیلی له (72%) ساڵی (2009) كه‌مكراوه‌ته‌وه بۆ (69%) وه وه‌به‌رهێنان له (27%) به‌رزكراوه‌ته‌وه بۆ (31%)، ئه‌مه‌ش ته‌نیا له‌ڕووكه‌شدا وایه، ده‌نا له واقیعدا پاشه‌كشه‌یه‌كی زۆر كراوه، چ له چاو ساڵانی رابردووی ههرێمو چ به به‌راورد له‌گه‌ڵ عێراقدا. چۆن؟
با ساڵی (2008) بكه‌ینه نموونه: له (2008)دا بۆ (2010) رێژه‌ی ته‌رخانكراو بۆ: ته‌شغیلی (2،490،616) (دوو ترلیۆن‌و نیو) زیادی كردووه، له (2008) بودجه‌ی ئاسایی (ته‌شغیلی) (6،154،092) بووه، كه ده‌كاته (64،4%) كۆی بودجه‌ی ئه‌و ساڵه.
بۆ پڕۆژه‌كانیش: (3،387،279) ته‌رخانكراوه، كه ده‌كاته (35،5%)،
به‌ڵام بۆ (2010) ئاسایی به‌رزبووه‌ته‌وه بۆ (69%)و وه‌به‌رهێنان دابه‌زیوه بۆ (31%)!
ئه‌مه له‌كاتێكدایه گوایه، ئه‌مساڵ تهرشیقێكی زۆر له وه‌زاره‌ته‌كاندا كراوه به مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان.
ئه‌مه دێوێكی، دیوه مه‌ترسیداره‌كه‌ی دیكه‌ی، كه نیشانه‌ی نه‌بوونی پلانێكی ستراتیژی رۆشنه له‌لایه‌ن كابینه‌ی نوێوه‌و ئاماژه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی، ئه‌مه كابینه‌ی ته‌سریفی كاره‌كانه، نه‌وه‌ك وه‌زاره‌تێكی راسته‌قینه، ئه‌وه‌یه كه؛ ئه‌و (3) ترلیۆن‌و نیوه‌ی بۆ وه‌به‌رهێنان ته‌رخانكراوه نزیك به (68%) له سه‌دی، واته: نزیك به (2 ) ترلیۆن‌و نیوی بۆ پڕۆژه‌كانی ساڵی رابردووه، كه ناونراوه پڕۆژه بهردهوامهكانو ته‌نیا (31،3%) بۆ پڕۆژه‌كانی ئه‌مساڵ ته‌رخان كراوه، واته نزیك به (یه‌ك ترلیۆن‌و سه‌د ملیار) دینار!!!
هه‌شته‌م: هاوسه‌نگیی بودجه:
بۆ دانانی هه‌ر بودجه‌یه‌ك پێویسته، بوجه‌ی ساڵانی رابردوو، كهمو كورتییه‌كان، شێوازی سه‌رف، زیادو كه‌م، هتد له‌به‌رچاوبگیرێت، بۆیه ئابووریناسان، كه باس له‌دانانی یاسای بودجه ده‌كه‌ن، زۆر به گرنگی ده‌زانن هاوپێچی پڕۆژه‌ی یاساكه حیسابی خیتامی ساڵانی رابردوو بخرێته به‌رده‌م په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی به‌رچاویان رۆشن بێت‌و بزانن بڕگه‌و به‌شه‌كانی بودجه چۆن داده‌نێن.
له موازه‌نه‌ی ئه‌مساڵدا له‌گه‌ڵ ورده‌كارییه‌كانی به‌شه‌كانی ئه‌مساڵدا خۆشبه‌ختانه وه‌زاره‌ت ئاماژه‌ی به نه‌فه‌قاتی (2008)و ئیعتماداتی (2009) كردووه، كه ئه‌مه هه‌م پێویسته‌و هه‌م جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه.
به چاوخشاندنێكی زۆر خێرا به ژماره‌كانی ئه‌و خشتانه ده‌رده‌كه‌وێت، حكومه‌ت بۆ دانانی ئه‌م بودجه‌یه هیچ گرنگیی به ئاماژه‌كانی ساڵانی رابردوو نه‌داوه، وه له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ركه‌وتانه به‌رنامه‌ی خۆی دانه‌ڕشتووه، هه‌روه‌ها پێده‌چێت ته‌نانه‌ت لێكۆڵینه‌وه‌ی وردیش بۆ ئه‌و ژماره‌و ئاماژانه نه‌كرابێت.
زیانی گه‌وره‌ی ئه‌نجامنه‌دانی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌و ئه‌و حیساب نه‌كردنه له‌وه‌دایه، رێژه‌یه‌كی زۆر بۆ ته‌شغیلی داده‌نرێت به‌بێ سه‌رفكردن له‌سه‌ر حیسابی وهبهرهێنانو خزمه‌تگوزاری.
به‌مانایه‌كی دیكه حكومه‌ت رێژه‌یه‌كی زۆر پاره له به‌رده‌ستی خۆیدا ده‌هێڵێته‌وه، بۆئه‌وه‌ی بۆ كاره ئاساییه‌كانی خۆی به‌كاری بهێنێتو به‌شێكی كه‌م بۆ وه‌به‌رهێنان (دروستكردنی رێگه‌وبان، كاره‌با، ئاو، ئاوه‌ڕۆ، قوتابخانه، خه‌سته‌خانه، گوندی هاوچه‌رخ، هتد) ته‌رخان بكات.
ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیداره بۆ ناهاوسه‌نگیی بودجه، بۆ بێ پلانی، بۆ قۆرغكردنی پاره له‌به‌رده‌ستی كاربه‌ده‌ستی حكومیدا، كه به‌گوێره‌ی چوونه‌پێشه‌وه‌ی مه‌سه‌له سیاسییه‌كان به‌كاری بهێنێت، له‌كاتێكدا كه خۆی به پێویستی ده‌زانێت به‌كاری بهێنێت، نه‌ك ئه‌و كاته‌ی، كه هه‌رێم پێویستی پێی هه‌یه (له‌بیرمان نه‌چێت موناقه‌له‌ی بإگهو به‌شه‌كان خراوه‌ته ئه‌ستۆی خودی حكومه‌ت)، با هه‌ندێك نموونه بخه‌ینه به‌رچاو:
تهعویزاتی فه‌رمانبه‌ران: له‌ماوه‌ی ساڵێكدا (ترلیۆن‌و نیو)ێك زیادیكردووه، ئه‌گه‌ر به‌راورد بكرێت له‌گه‌ڵ سه‌رفكراوی نیوه‌ی (2009) هێشتا نزیك به (یه‌ك ترلیۆن) زیادیكردووه، بێ هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌ك.
كهلوپهلو چاككردن (سیانه)، نیوه‌ی (2009)، (361) ملیار سه‌رفكراوه، كه‌واته ده‌بوایه لانی زۆر (700) ملیار بۆ (2010) ته‌رخان بكرایه، به‌تایبه‌تیش كه ساڵی (2008) نه‌فه‌قاتی فیعلی (603) ملیار بووه‌و ئه‌مساڵیش كابینه بچووككراوه‌ته‌وه، به‌ڵام (937) ملیاری بۆ دانراوه
له المقترحیشدا (4) ترلیۆن‌و (600) ملیاری بۆ دانرابوو!!!
منافعی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌نیوه‌ی (2009) ته‌نیا (62) ملیار سه‌رفكراوه، كه‌چی بۆ (2010)، (180) ملیار ته‌رخانكراوه
مه‌سروفاتی دیكه: له (2008)، (315) ملیار خه‌رجی بووه، له‌نیوه‌ی (2009) ته‌نیا (95) ملیاری سه‌رفكراوه، كه‌چی له (2010)دا (683) ملیاری بۆ ته‌رخانكراوه، له پێشنیازكراویشدا زیاد له (ترلیۆن)ێكی بۆ داواكراوه!
مه‌وجوداتی نادارایی: له (2008) مه‌سروفی فیعلی (121) ملیاره، له‌نیوه‌ی (2009) ته‌نیا (55) ملیار، بۆ (2010) بڕی (258) ملیار داواكراوه، پێشنیازیش زیاد له (ترلیۆن)ێكه!
ئێستا ئیتر با بڕۆینه نێو ورده‌كارییه‌كانی دیكه‌ی بودجه‌كه‌وه:
1. له بڕگه‌ی (3) ماده‌ی یه‌كه‌مدا كورتهێنانی بودجه به (هه‌شت سه‌د ملیار‌و سی‌و پێنج) ملیار دینار ده‌خه‌مڵێنێت، له ماده‌ی دووه‌مدا داهاتی (2010) به ته‌نیا سێ سه‌دو چل‌و هه‌شت ملیار‌و شه‌ش سهو حه‌فتاو نۆ ملیۆن ده‌خه‌مڵێنێت. سه‌رباری تێبینی زۆرمان له‌سه‌ر ئه‌م رێژه نزمه‌ی داهات، كه ئه‌ویش نیشانه‌ی نه‌بوونی پلانی ئابووری‌و به‌رنامه‌یه‌كی كارایه بۆ زیادكردن‌و جۆراوجۆركردنی داهاته‌كانی هه‌رێم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێویسته لێره‌دا بووترێت ناڕێكی رێكخستنی بڕگه‌كانی یاساكه‌یه، عه‌جز هه‌میشه له ئاكامی زیادبوونی خه‌رجییه له‌چاو داهاتدا، واته كورتهێنان رێژه‌ی كه‌مبوونی داهاته له به‌راورد له‌گه‌ڵ خه‌رجیدا، به‌ڵام داهات له عه‌جز كه‌متر بێت، ئه‌وا مه‌گه‌ر ته‌نیا له‌م یاسایه‌دا به‌رچاو بكه‌وێت!، هۆی سه‌ره‌كی ئه‌م هه‌ڵه زه‌قه‌ش له‌وه‌وه هاتووه، كه ئاماده‌كه‌رانی بودجه‌كه نایانه‌وێت ئاماژه به‌وه بده‌ن، كه زۆرینه‌ی داهات، واته زیاد له (97%) له به‌غداوه دێت‌و له‌م هه‌موو لاپه‌ڕانه‌ی به‌سه‌ر په‌رله‌ماندا دابه‌شیان كردووه، نایانه‌وێت به وردی‌و شه‌فافانه قسه له‌سه‌ر داهاتی فیعلی هه‌رێم بكه‌ن، چ ئه‌وه‌ی ده‌چێته خه‌زێنه‌ی فیدراڵییهوهو چ ئه‌وه‌ی له هه‌رێمدا ده‌مێنێته‌وه.
وه‌ك له خاڵی یه‌كه‌مدا ئاماژه‌مان پێدا، له‌به‌ر ئه‌م لاسهنگییو هه‌ڵه‌یه پێویسته په‌رله‌مان پڕۆژه‌ی یاساكه بۆ حكومه‌ت بنێرێته‌وه بۆئه‌وه‌ی جارێكی دیكه وه به‌شێوه‌ی ستاندارد دایڕێژێتهوهو ئاماژه به‌هه‌موو داهاته‌كان بدات، بۆئه‌وه‌ی به وردی تێبگه‌ین عه‌جزی راسته‌قینه چه‌نده؟.
2. ئایا ته‌نیا ئه‌و بڕه‌ی له بڕگه‌ی سێ له ماده‌ی یه‌كه‌مدا هاتووه، عه‌جز یا كورتهێنانی بودجهكهیه؟
بودجه به‌وه له میزانی حیساباتی مانگانه جیاده‌كرێته‌وه، كه مه‌رج نییه له كۆتایی ساڵ، وه‌یا له‌كاتی دانانیدا هاوسه‌نگیی ره‌ها له‌نێوان خهرجیو داهاتدا دروست بكرێت، به‌و مانایه‌ی جیاوازی نێوان ئه‌و دوو حه‌قله یه‌كسان به سفر بكرێت، دیاره پێداویستی‌و پلان‌و حه‌زی حكومهتو دانیشتوان زۆرجار لهبإی داهات زیاتره، بۆیه له‌و حاڵه‌ته عه‌جز دروست دهبێتو حكومه‌تیش هه‌وڵده‌دات ئه‌و عهجزه به‌ڕێگه‌ی جۆراوجۆر كه‌مبكاته‌وه وه‌ك: زیادكردنی باجه‌كان، فرۆشتنی هه‌ندێك كه‌لوپه‌لی ده‌وڵه‌ت، قه‌رزی ناوخۆیی وه‌یا ده‌ره‌كیی، زیادكردنی هه‌نارده بۆ ده‌ره‌وه‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی بودجه‌ی به‌كاربردن، هتد.
با سه‌یری موازه‌نه بكه‌ین، بزانین چه‌ند بۆ ته‌شغیلی داواكراوه:
له: المقترح من قبل الدائره لسنه (2010) پێشنیازی (شازده ترلیۆن‌و سه‌دو بیست‌و حه‌وت ملیار‌و حه‌فت سه‌دو په‌نجاو سێ) ملیۆن دینار كراوه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه كۆبكرێته‌وه له‌گه‌ڵ گوژمه‌ی ته‌رخانكراو بۆ وه‌به‌رهێنان، كه (3 ترلیۆن‌و پێنج سه‌دو چل‌و سێ ملیار‌و حه‌فتاو چوار) ملیۆن دیناره، ئه‌وكات هه‌مووی ده‌كاته: (19,670،827) (نۆزده ترلیۆن‌و شه‌ش سه‌دو حه‌فتا ملیار‌و هه‌شت سه‌دو بیست‌و حه‌وت) ملیۆن دینار، ئه‌و رێژه پێشنیازكراوه له‌لایه‌ن الدائرهوه گه‌ر وه‌همی بێت، ئه‌وه كارێكی نایاساییه، ئه‌گه‌ریش راسته‌قینه بێت‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی ئاستی داواكاری وهزارهتو داموده‌زگاكان بێت، ئه‌وا كاره‌ساته، كاره‌ساته: چونكه له‌م حاڵه‌ته‌دا عه‌جزی بودجه‌ی كوردستان ناكاته (هه‌شت سه‌دو سی‌و پێنج) ملیار دینار، به‌ڵكو (8،238،651) (هه‌شت ترلیۆن‌و دووسه‌دو سی‌و هه‌شت ملیار‌و شه‌شسه‌دو په‌نجاو یه‌ك) ملیۆن دینار!!!
به‌ڵام كاره‌سات لێره‌دا نییه، بێ پلانی‌و ئاڵۆزی ته‌نیا لێره‌دا نییه، به‌ڵكو له‌وه‌دایه، كه ئه‌و هه‌موو عهجزه ته‌نیا بۆ نه‌فه‌قاتی ته‌شغیلی داواكراوه‌و له حه‌قلی ئیستسماریدا، جگه‌له‌و گوژمه‌یه‌ی بۆی دانراوه، هیچ داواكارییه‌ك، واته المقترح من قبل الدائره نه‌هاتووه! جا گه‌ر به‌مشێوه‌یه بوایه، ئه‌وا رێژه‌ی ته‌شغیلی ده‌یكرده (81،9%)، نه‌وه‌ك (69%). وه‌به‌رهێنانیش رێژه‌كه‌ی ده‌كاته (18%)، نه‌وه‌ك (31%).
ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كابینه‌ی شه‌ش جگه له لیستێكی زۆر‌و زه‌به‌ندی خه‌رجی ته‌شغیلی هیچ پڕۆژه‌یه‌كی گرنگی ئیستسماری له‌به‌رده‌ستدا نه‌بووه، وه‌یا پێشنیاز نه‌كراوه بۆ ئه‌وه‌ی بخرێته نێو پڕۆژه‌كه‌وه، ئه‌گه‌ر ته‌نیا وه‌ك داوایه‌كی پێشنیازكراویش بێت.
پرسیاری گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه؛ كه ئایا گه‌ر ئه‌و رێژه‌ی وه‌زاره‌ت داوای كردووه، واته ئه‌و (هه‌شت ترلیۆن)هی دیكه كابینه، بۆچی‌و چۆنی سه‌رف ده‌كرد؟ چونكه وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا، بۆ بواری ئیستسماری هیچ دینارێك زیاد له ته‌رخانكراو دانه‌نراوه، كه‌واته سه‌رجه‌م ئه‌و پاره‌یه وه‌ك له خشتهكانیشدا به‌روونی دیاره بۆ مووچه‌و خه‌ده‌ماته، جا ده‌بێ مووچه‌ی كێ‌و خه‌ده‌ماتی چی بێت به (هه‌شت ترلیۆن) پڕبكرێته‌وه؟؟ پلانی حكومه‌ت چییه له‌وباره‌وه؟ ئه‌و كه‌مبوونه‌وه‌یه چۆن پڕده‌كاته‌وه؟
له‌مه سه‌یرتر، كه نیشانه‌ی پهلهپڕۆزێی ناردنی بودجه‌یه، ئه‌و زانیارییانه‌یه، كه له راپۆرتی وه‌زاره‌تی دارایدا هاتووه ده‌رباره‌ی بودجه‌ی (2010):
وه‌ك باسمان كرد له المقتهرهحی دائیره بۆ ته‌شغیلی (16،127،753) ملیۆن نووسراوه، به‌ڵام بۆ ئیستسماری له خانه‌ی المقترح (سفر) دانراوه، واته حكومه‌ت جگه‌له‌و (3،543،074) ملیۆنه هیچی دیكه‌ی نه‌نووسیوه، كه‌چی له راپۆرتی وه‌زاره‌تدا له لاپه‌ڕه (3 )دا هاتووه، كه‌وا له نووسراویاندا بۆ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، داوای (5 ترلیۆن‌و حه‌وسه‌دو په‌نجا) ملیار دینار كردووه، كه‌واته زیاد له (2 )ترلیۆن، لێره‌دا كه پێویست بووه بۆ وه‌به‌رهێنان نه‌نووسراوه؟
جا نه‌نووسراوه له‌به‌رئه‌وه‌یه، هیچ پڕۆژه‌یه‌ك له ئارادا نه‌بووه؟ هیچ وهزارهتو ده‌زگایه‌ك پڕۆژه‌یان نه‌بووه؟ پلان نییه بۆ وه‌گه‌ڕخستنی ئه‌و پاره‌یه؟ ئه‌گه‌ر له توانادا نه‌بووه هیچ پێشنیازێك بكرێت بۆ سه‌رفكردنی ئه‌و پاره‌یه (كه ئه‌وه‌ش هیچ مه‌نتقێكی تێدانییه، چونكه لانیكه‌م ده‌توانرا پڕۆژه‌كان دووكه‌رت نهكرێتو بخرێنه چه‌ند ساڵێك‌و به ساڵێك ته‌واو ده‌كران) بۆچی له‌و نووسراوه‌یاندا بۆ به‌غدا داوای (5) ترلیۆن‌و نیویان كردووه؟؟
3. رێژه‌ی (24،7%) ( یه‌ك ترلیۆن‌و حه‌وسه‌دو نۆزده ملیار‌و حه‌وسه‌دو شهستو دوو) ملیۆن دینار، ته‌رخانكراوه بۆ: باربو (اعانات)، به‌خشین (منح) سوودی كۆمه‌ڵایه‌تی (منافع اجتماعیه) مه‌سروفاتی دیكه، مه‌وجوداتی نادارایی، كه به‌ڕۆشنی دیارینه‌كراوه‌و هیچ میكانیزمێك نه‌خراوه‌ته‌ڕوو بۆ شێوازی سهرفكردنیان، كات‌و هۆكاری به‌خشینه‌كان، كێن سوودمه‌ند ده‌بن له‌وانه، به‌كێ دهدرێو كێی لێی بێبه‌ش ده‌كرێت؟؟
4. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تائێستا نه‌یتوانیوه له حكومه‌تی ته‌مام عه‌یاری حیزبییه‌وه دهربچێتو خۆی له موحاسه‌سه‌ی نێوان دوو حیزبی سه‌ره‌كیی رزگار بكات‌و ببێته حكومه‌تی دامه‌زراوه‌و هه‌رێمیش بكاته خاوه‌ن دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌تی، ته‌نانه‌ت سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیش، كه له ئاكامی هه‌ڵبژاردنی راسته‌وخۆ دیاریكراوه هێشتا به پره‌نسیپی دابه‌شكردنی حیزبی دهإواته رێوه، به‌تایبه‌ت كه له ئێستادا گفتوگۆی گه‌رم له‌سه‌ر جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌یه.
5. لێره‌دا كه ئه‌م دامه‌زراوانه‌ی خواره‌وه كۆده‌كه‌ینه‌وه رێژه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ حیزب ته‌رخانكراوه، یا راسته‌وخۆ له‌ژێر باڵی حیزب‌دا ده‌ڕوات ده‌رده‌كه‌وێت.
ده‌زگاكان: سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، وه‌زاره‌تی ناوخۆ، ئاسایشی هه‌ولێر/سلێمانی، كه ئه‌مانه به ره‌سمیی‌و رۆشنیی له‌سه‌ر بنه‌مای موحاسه‌سه‌ی حیزبی كار دهكهنو پۆسته‌كان دیاریكراون، (ده‌كرا وه‌زاره‌تی دارایی‌ش بخرێته ئه‌م خانه‌وه، چونكه ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای موحاسه‌سه‌ی حیزبی وه‌زیرو وه‌كیل وه‌زیره‌كه‌ی دیاریكراوه، به‌ڵام لانیكه‌م ئه‌و وه‌زاره‌ته كه‌م تا زۆر له‌سه‌ر فه‌رمانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كاره‌كانی ده‌كات).
ژماره‌ی كارمه‌ند: (256،281)، كه ده‌كاته (41،5%) سه‌رجه‌م كارمه‌ندانی هه‌رێم بۆ ساڵی (2009)
بودجه: (2،288،115) ملیۆن دینار له كۆی بودجه‌ی ته‌شغیلی، كه ده‌كاته (29%) سه‌رجه‌م بودجه‌ی ته‌شغیلی.
6. له بودجه‌ی ئه‌مساڵدا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه، بإی (52 ملیار‌و نۆسه‌دو نه‌وه‌دو دوو) ملیۆن دینار ته‌رخانكراوه بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌مه له‌كاتێكدا مه‌سروفی فیعلی په‌رله‌مان له (شه‌ش) مانگی سه‌ره‌تای (2009)دا، ته‌نیا (نۆ ملیار‌و شه‌ش سه‌د) ملیۆن بووه، به گوێره‌ی ماده‌ی (89) په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، ده‌بوایه حیسابی خیتامی په‌رله‌مان له كۆتایی ساڵدا ره‌وانه‌ی لیژنه‌ی دارایی بكرایه‌و له په‌رله‌مان گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت، كه ئه‌مه تائێستا نه‌كراوه.
7. چه‌ند فه‌رمانگه‌یه‌كی حكومه‌تی هه‌رێم هه‌یه، له بودجه‌كه‌دا نه باس كراون‌و نه پاره‌شی بۆ ته‌رخانكراوه، به‌تایبه‌ت نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی هه‌رێم له‌ده‌ره‌وه، كه به‌رده‌وام له زیادبووندایه، ئایا بودجه‌ی ئه‌م نوێنه‌رایه‌تیانه له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقه، یا له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمه‌و كێ ورده‌كاری حیساباتیان له‌گه‌ڵ ده‌كات؟
8. داهاتی هیچ كارگه‌یه‌كی حكومیی له بودجه‌كه‌دا دیارنییه. ئایا كارگه‌كانی حكومه‌ت هیچ داهاتێكیان نییه؟ رێژه‌ی داهاتی وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی (0،77%)، رێژه‌ی داهاتی وه‌زاره‌ت به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی (2009)دا (45%) هاتووه‌ته خوار، به گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی رووداو حكومه‌ت خاوه‌نی (18) كارگه‌یه، كه (15)ی داوه به‌كرێ، به‌ڵام كرێكانیان دیارینه‌كراوه له بودجه‌كه‌دا
9. په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان به‌گوێره‌ی راپۆرتی وه‌زاره‌ت له (322) ملیاره‌وه دابه‌زیوه بۆ (123) ملیار دینار، ئه‌م بڕه پاره‌یه خراوه‌ته سه‌ر بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان، به‌ڵام دیارنییه چۆن دابه‌شكراوه‌و به‌شی هه‌ر پارێزگایه‌كی هه‌رێم چه‌نده؟ ئه‌م بودجه‌یه ساڵانی رابردوو له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانه‌وه خه‌رج ده‌كرا، به‌ڵام روون نییه ئه‌مساڵ ده‌خرێته سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، یا پارێزگاكان‌و چۆن سه‌رف ده‌كرێت؟؟.
10. زۆربه‌ی پڕۆژه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ته‌رخانكراوه بۆ ناوه‌ندی شاره گه‌وره‌كان، به‌ڕێژه‌ی (73%)و ته‌نیا (27%) بۆ ده‌ره‌وه‌ی شاره گه‌وره‌كان ته‌رخانكراوه، ئه‌مه له‌كاتێكدایه، كه زۆربه‌ی شارۆچكه‌و دێهاته‌كان پێویستیان به خه‌سته‌خانه‌ی پێشكه‌وتوو خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستی هه‌یه‌و ته‌نانه‌ت زۆر شاری سه‌ره‌كیش هێشتا له‌زۆر كه‌ره‌سته‌و توانای پزیشكی بێبه‌شه‌و به‌ناچار نه‌خۆشه‌كانیان ره‌وانه‌ی شاره گه‌وره‌كان ده‌كه‌ن، كه ئه‌مه‌ش نموونه‌یه‌كی دیكه‌یه له نه‌بوونی هاوسه‌نگیی له‌نێوان ناوچه‌كانی كوردستاندا.
11. حكومه‌تی هه‌رێم ساڵانه (37،523) ( سی‌و حه‌وت ملیار‌و پێنجسه‌دو بیست‌و سێ) ملیۆن ده‌داته كرێی داموده‌زگاكانی، له‌كاتێكدا ده‌یه‌ها باڵه‌خانه‌و خانوو دامه‌زراوه‌ی حكومیی هه‌یه، كه حیزبه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووه‌و كراوه‌ته باره‌گای حیزبی‌و تائێستا حكومهتو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هیچ پلانێكیان نییه بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌یان.
12. له كوردستاندا زیاد له (4 )هه‌زار كارگه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت هه‌یه، گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم پلانێكی هاوبه‌شی هه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌رته‌دا، ده‌توانرێت به‌شێك له كارمه‌نده فائیزهكانی خۆی به‌تایبه‌ت خاوه‌ن تواناكان ره‌وانه‌ی ئه‌و كه‌رته بكات به هه‌ندێك ئیمتیازاته‌وه، بۆ نموونه حكومه‌تی عێراق له‌یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵدا ماده‌یه‌كی داناوه، كه ئاماژه به‌وه ده‌دات؛ گه‌ر كه‌سێك له كه‌رتی حكومییه‌وه بگوێزێته‌وه بۆ كه‌رتی تایبه‌ت، ئه‌وا حكومه‌ت نیوه‌ی مووچه‌ی جارانی پێده‌دات بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ، ده‌كرێت سیستمی خانه‌نشینی كه‌رتی تایبه‌ت باش بكرێت، بۆئه‌وه‌ی ببێته هانده‌رێك بۆ رووكردنه ئه‌و كه‌رته.