Print
 چ پۆستێك گرنگه‌ كورد له‌ به‌غدا وه‌ریبگرێت؟
Wednesday, March 10, 2010

راپۆرت: هه‌ستیار قادر

 بێبه‌رنامه‌یی‌ له‌ وه‌رگرتنی‌ پۆسته‌كان
 پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان له‌ حكومه‌تی‌ پێشوی‌ نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆك وه‌زیراندا، له‌سه‌ر بنه‌مای‌ هاوپشكی‌ تاییفی‌ یان وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن هاوپشكی‌ هه‌ڵبژاردن له‌ غیابی‌ رۆڵی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و وه‌رگرتنی‌ رای‌ پسپۆرانی‌ سیاسی‌‌و نه‌بونی‌ ناوه‌ندێكی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ستراتیژیی‌ بوه‌ له‌ هه‌رێم، كه‌ ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ وه‌زاره‌ت‌و پۆسته‌كان به‌پشتبه‌ستن به‌ لۆژیكی‌ سودبینین نه‌بوه‌ له‌و پۆستانه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مای‌ رێكه‌وتنی‌ شیعه‌كان له‌گه‌ڵ‌ كورد له‌لایه‌ك‌و رێكه‌وتنی‌ دولایه‌نه‌ كوردییه‌كه‌ له‌ به‌غدا بوه‌‌و له‌گه‌ڵ‌ رونبونه‌وه‌ی‌ روخساری‌ پێكهاته‌ی‌ حكومه‌تی‌ داهاتوی‌ عێراقیش ئه‌م پرسه‌ ده‌خرێته‌ به‌رده‌م نوێنه‌رانی‌ كورد به‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانیانه‌وه‌.

به‌ رای‌ د.محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی‌ لیستی‌ یه‌كگرتوی ئیسلامیی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق؛ یه‌كێك له‌ كێشه‌كانی‌ هه‌رێم نه‌بونی‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ ستراتیژیی‌ رۆشنه‌ بۆ دیاریكردنی‌ ئاینده‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ چوارچێوی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسیی‌ عێراقدا‌و یه‌كێتی‌‌و پارتیش به‌رپرسی‌ یه‌كه‌من له‌م كێشه‌یه‌دا‌و وتیشی‌: "پێویسته‌ له‌ وه‌رگرتنی‌ پۆسته‌كاندا حكومه‌تی‌ داهاتوی‌ عێراق پرس به‌ په‌رله‌مانتاران‌و كه‌سانی‌ پسپۆڕ بكات، ده‌بێت كورد له‌ به‌غدا پێ‌ له‌سه‌ر ئه‌و شوێنانه‌ دابنێت كه‌ قازانجه‌ بۆ دۆسیه‌ی‌ كورد‌و به‌رژه‌وه‌ندیی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان".

نه‌بونی‌ ئه‌و ستراتیژه‌ رۆشنه‌ش له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی‌ سیاسیی‌ كورد له‌ وه‌رگتنی‌ پۆسته‌ باڵاكانی‌ به‌غدا، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵه‌ی‌ كورد له‌ گه‌وره‌كردنی‌ هاوكێشه‌ تاییفییه‌كه‌ له‌ بازنه‌ی‌ كورد‌و عه‌ره‌ب بۆ بازنه‌ی‌ كوردو شیعه‌‌و سوننه‌.

 له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ ئه‌حمه‌د شه‌به‌ك، ئه‌ندامی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانیی‌ كوردستان له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق، جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ كورد له‌ وه‌رگرتنی‌ پۆسته‌كانی‌ عێراقدا له‌سه‌ر بنه‌مای‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ كورد‌و عه‌ره‌ب كار بكات، نه‌ك بنه‌مای‌ شیعه‌و سوننه‌‌و وتی: "ئه‌گه‌ر كورد به‌رامبه‌ر به‌ شیعه‌و سوننه‌ پۆستی‌ پێبدرێت زیانی‌ لێده‌كه‌وێت‌و كوردیش ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆی‌ له‌ به‌غدا له‌ده‌ستده‌دات".

له‌نێوان سه‌رۆك كۆمار‌و سه‌رۆكی‌ په‌رله‌ماندا
وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ ئه‌وكات وه‌ك ده‌ستكه‌وتێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ سه‌یرده‌كرا، به‌ڵام بێده‌نگبونی‌ شیعه‌و سوننه‌ له‌و پۆسته‌ بێ‌ هۆ نه‌بوه‌و به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ ده‌ستوری‌ عێراق هه‌ستده‌كرێت كه‌ له‌ عێراقی‌ په‌رله‌مانی‌ فیدراڵیدا سه‌رۆك وه‌زیران زۆربه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ جێبه‌جێكردن ده‌چنێته‌وه‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ سه‌رۆك كۆمار له‌نێوان پۆستێكی‌ ته‌شریفاتی‌‌و كێشمه‌كێشمی‌ مه‌رسومی‌ كۆماریدا ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتی‌ مافی‌ ڤیتۆ بوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌مو ئاماژه‌كان‌و گوتاری‌ سیاسیی‌ سوننه‌كان‌و شیعه‌ هاوئاوازه‌كانی‌ كوردیش به‌ره‌و ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ خولی‌ داهاتودا ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌رۆك كۆمار كه‌مبكه‌نه‌وه‌ تا ئه‌و ئاسته‌ی‌ مافی‌ ڤیتۆ‌و ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ یاساكانیشی‌ لێوه‌ربگیرێته‌وه‌، له‌كاتێكدا عێراق هێشتا له‌ قۆناغی‌ بنیادنانی‌ یاساییدایه‌و هه‌مواركرددنی‌ ده‌ستوریش مه‌ترسییه‌كی‌ دیكه‌یه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ كورد له‌ ده‌ستوردا.

 به‌ بڕوای‌ د.محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د؛ له‌ عێراقێكی‌ په‌رله‌مانیی‌ دیموكراتیدا پۆستی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مان له‌ سه‌رۆك كۆمار گرنگتره‌ بۆ كورد، به‌وپێیه‌ی‌ به‌ وته‌ی‌ ناوبراو؛ كۆمه‌ڵێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ سه‌رۆك كۆمار لێده‌كرێته‌وه‌.

 جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران
یه‌كێك له‌و پۆستانه‌ی‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ عێراقیدا كورد شانازیی‌ پێوه‌ده‌كرد پۆستی‌ جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران بو، كه‌ ئه‌وكات وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانێكی‌ دیكه‌ پیشانده‌دا، له‌كاتێكدا كه‌ له‌ ده‌ستوردا ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردن وه‌ك ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران باسكراوه‌و فه‌مانده‌یی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانیش دراوه‌ته‌ ده‌ست خودی‌ سه‌رۆك وه‌زیران‌و به‌سه‌ر جێگره‌كانیدا دابه‌شنه‌كراوه‌.

 له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌حمه‌د شه‌به‌ك، په‌رله‌مانتاری‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانیی‌ كوردستان، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات؛ بڕیاره‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران به‌ زۆرینه‌ ده‌درێت‌و جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران ده‌سه‌ڵاتی‌ بڕیاردانی‌ نییه‌‌و وه‌ك وه‌زیره‌كانی‌ دیكه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌نگه‌كه‌یدا ده‌كرێت له‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا، ئه‌وه‌ی‌ گرنگیی‌ ئه‌م پۆسته‌ ده‌خاته‌ ژێر پرسیارێكی‌ دو لایه‌نییه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و پۆسته‌ به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌مه‌وه‌ بوه‌، بۆ كرا به‌ شانازیی‌‌و بوه‌ به‌شێك له‌ رێكه‌وتنی‌ پۆستدابه‌شكردنی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ له‌نێوان هه‌رێم‌و به‌غداو جیاوازی‌ رۆڵی‌ ئه‌و پۆسته‌ له‌گه‌ڵ‌ پۆسته‌ وه‌زارییه‌كانی‌ دیكه‌دا چی بوه‌، كه‌ هه‌میشه‌ له‌ رێگه‌ی‌ راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ مالیكی‌ به‌ دیكتاتۆر ناوده‌برا له‌ ده‌ركردنی‌ بڕیاره‌كاندا، به‌ دیوێكی‌ دیكه‌شدا ئه‌گه‌ر وه‌ك خۆیان ئاماژه‌ی‌ پێده‌كه‌ن، كه‌ وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران هێنده‌ گرنگی‌ ستراتیژیی‌ هه‌بوه‌ له‌ ئاگاداربون له‌ خشه‌ی‌ مارو مێروی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌، بۆ ماوه‌ی‌ نزیك له‌ یه‌ك ساڵ‌ له‌دوای‌ ده‌ستبه‌ردابونی‌ د.به‌رهه‌م ئه‌حه‌مه‌د ساڵح له‌و پۆسته‌و هاتنه‌وه‌ی‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان پڕكرایه‌وه‌؟.

وه‌زاره‌ته‌كان
 له‌ ئێستادا كورد وه‌زاره‌ته‌كانی‌ ژینگه‌و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان‌و پیشه‌سازی‌‌و كانزاكان‌و شاره‌وانییه‌كان‌و دادو ده‌ره‌وه‌و یه‌كێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و له‌نێویاندا ته‌نیا وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ وه‌زاره‌تی‌ سیادی‌ هه‌ژمارده‌كرێت.

وه‌رگرتنی‌ ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ كه‌ زۆربه‌یان له‌ چوارچێوه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ خزمه‌تگوزاریی‌ ده‌خولێنه‌وه‌، له‌ماوه‌ی‌ چوارساڵی‌ رابردودا ئه‌وه‌ی‌ سه‌لماند، كه‌ كورد ده‌بو یه‌كێك له‌ وه‌زارته‌كانی‌ ناوخۆ‌و به‌رگریی‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی‌ ئه‌منیی‌ یان یه‌كێك له‌ وه‌زاره‌ته‌ داراییه‌كانی‌ نه‌وت وه‌ك وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ وه‌ربگرێت، به‌وپێیه‌ی‌ ساڵانه‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ به‌ هاوبه‌شی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیراندا (17%)ی‌ هه‌رێمیان له‌ بودجه‌ی‌ گشتیی‌ عێراقدا ده‌خستنه‌وه‌ ژێر مه‌ترسی‌‌و پاره‌ی‌ پێشمه‌رگه‌شیان ده‌خسته‌ قوڕگی‌ شێره‌وه‌و وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتیش بوبوه‌ یه‌كێك له‌ گرێكانی‌ به‌رده‌م كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم‌و به‌غداو وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆش له‌پاڵ‌ دامه‌زاردنه‌وه‌ی‌ كۆنه‌ به‌عسییه‌كاندا ئه‌فسه‌رو پله‌داری‌ كوردی‌ نزمده‌كرده‌وه‌و وه‌زاره‌تی‌ به‌رگریش رێی نه‌دا رێژه‌ی‌ كورد له‌ سوپای‌ عێراقدا بگاته‌ (10%)و لیوای‌ دوانزه‌ی‌ نارده‌ كه‌ركوك‌و سوپای‌ په‌لكێشی‌ خانه‌قین كرد‌و پاشه‌كشێی‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ كرد له‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كاندا، كه‌ ئه‌وكات‌و له‌ ئێستاشدا كێشه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌‌و كوردانی‌ ئه‌و ناوچانه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی‌ دوباره‌ ته‌عریبكردنه‌وه‌ یان تۆقاندندان، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ بریكاره‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌و نه‌وت كوردن‌و پۆسته‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ گشتیی‌ ده‌زگای‌ ئیستیخبارات له‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ‌و سه‌رۆك ئه‌ركانی‌ سوپای‌ عێراق‌و وه‌زاره‌تی‌ به‌رگریی‌ كورد بون.

پشتیوان ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانیی‌ كوردستان له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق، به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌رپرسه‌ كوردانه‌ به‌تایبه‌ت له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ به‌رگریی‌‌و ناوخۆ ئه‌كتیڤ بونایه‌، ده‌بوایه‌ رۆڵی‌ زۆر باشیان بگێڕایه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌كتیڤیش بونایه‌ رێیان نه‌ده‌دا سوپای‌ عێراقی‌ بێته‌ سه‌ر خانه‌قین".

 له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌ پرسیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت، كه‌ ئایا ناكرێت كورد قوربانیی‌ به‌ یه‌ك بۆ دو وه‌زاره‌تی‌ ته‌شریفاتی‌‌و خزمه‌تگوزاریی‌ بدات بۆ یه‌كێك له‌و وه‌زاره‌ته‌ ئه‌منیی‌‌و داراییانه‌ تا ئاگاداری‌ ورده‌كاریی‌ ئه‌و پلانه‌ ئابوریی‌‌و ئه‌منییانه‌ بێت كه‌ دژی‌ هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌ نه‌خشه‌ی‌ بۆ ده‌كرێشرێت تا رێی‌ لێبگرێت".

یه‌كێك له‌و پۆسته‌ وه‌زاریانه‌ی‌ دیكه‌ كه‌ باس له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ یان وه‌رنه‌گرتنه‌وه‌ی‌ ده‌كرێت له‌لایه‌ن كورده‌وه‌، وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌یه‌ كه‌ ناساندنی‌ عێراق له‌ جیهانی‌ ده‌ره‌وه‌ وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی‌ عه‌ره‌بی‌ گومان له‌ سودمه‌ندبونی‌ كورد ده‌كات له‌ وه‌رگرتنی‌ پۆستێكی‌ دیبلۆماسی‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌، له‌كاتێكدا كه‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و پیلان‌و نه‌خشانه‌ی‌ بۆ لێدانی‌ كورد ده‌كرێت له‌ ناوه‌وه‌یه‌و زۆربه‌ی‌ كێشه‌كانیشی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ هه‌رێم‌و به‌غدایه‌، نه‌ك هه‌رێم‌و جیهانی‌ ده‌ره‌وه‌، به‌تایبه‌ت سه‌ركردایه‌تی‌ ئێستای‌ سیاسیی‌ كورد ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ كورد له‌ كێشه‌یه‌كی‌ لۆكاڵی‌ ناوخۆی‌‌و هه‌رێمیشه‌وه‌ په‌لیكێشاوه‌ بۆ دۆسیه‌كانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و له‌سه‌ر ئاستی‌ په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كییه‌كانیش كردنه‌وه‌ی‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی‌ وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ له‌ هه‌رێم ده‌كه‌نه‌ به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌و بیرو دۆزه‌یان.

 د.دلێر محه‌مه‌د، سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ زانسته‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێم، به‌ گرنگی‌ ده‌زانێت له‌بری‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ ئه‌مجاره‌ كورد یه‌كێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ په‌یوه‌ندیدار به‌ داراییه‌وه‌ وه‌ربگرێت‌و ده‌شپرسێت "ده‌یان كورد له‌ باڵیۆزخانه‌و كونسوڵخانه‌كانی‌ عێراق له‌ وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌ دامه‌زرێنراون، ئه‌مانه‌ چیان بۆ كورد كردوه‌ جگه‌ له‌ ده‌ستكه‌وتێكی‌ شه‌خسی‌؟ كام باڵیۆزی‌ كورد توانی‌ كورد به‌ دنیا بناسێنێت؟ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ رێنماییان له‌ وه‌زاره‌تی‌ دره‌وه‌ وه‌رگرتوه‌، كه‌ هه‌مان وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سه‌رده‌می‌ پێشوی‌ عێراق بوه‌ كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ رێكه‌وتن‌و پرۆتۆكۆڵه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كارده‌كات.

به‌شداریی‌‌و سیستمی‌ حوكمڕانیی‌
هه‌رچه‌نده‌ له‌ماوه‌ی‌ چوارساڵی‌ رابردودا نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ به‌غدا خۆیان به‌ هاوبه‌شی‌ حكومه‌ت داده‌نا‌و قایلنه‌بون به‌ به‌شداربو ناو ببرێن، به‌ڵام مامه‌ڵه‌كان له‌ واقیعدا به‌وجۆره‌ نه‌بوه‌و ئه‌و نوێنه‌رانه‌ له‌نێوان هاوبه‌شی‌‌و به‌شداریی‌ له‌ حكومه‌ت‌و ئۆپۆزسیۆنبون له‌ په‌رله‌ماندا ونبون، لێره‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ره‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ن كه‌ له‌بری‌ په‌یڕه‌وكردنی‌ مه‌بده‌ئی‌ ته‌وافوقی‌ سیاسی‌ له‌ دابه‌شكردنی‌ پۆسته‌كاندا كار به‌ مه‌بده‌ئی‌ زۆرینه‌ بكرێت، كه‌ ئه‌وكات به‌شداریكردنی‌ كورد له‌ حكومه‌تی‌ داهاتوی‌ عێراقدا شێوازێكی‌ دیكه‌ وه‌رده‌گرێت.

 به‌ بڕوای‌ د.دلێر محه‌مه‌د؛ ده‌وڵه‌تی‌ نوێی‌ عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای‌ هاوبه‌شی‌‌و هاوپشكی‌ دروستبوه‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ده‌ستوردا ئاماژه‌ به‌وه‌بكرێت پۆسته‌كان به‌پێی‌ كورد‌و شیعه‌و سوننه‌ چۆن دابه‌شده‌كرێن‌و به‌شداریكردنیش له‌ حكومه‌تی‌ داهاتودا ده‌بێت بۆ بڕیاریزمه‌كردن بێت، ئه‌و پسپۆڕه‌ سیاسییه‌ ره‌خنه‌ له‌ ئه‌دای‌ وه‌زاره‌ته‌ كوردییه‌كان ده‌گرێت له‌ حكومه‌تی‌ نوری‌ مالیكیداو ده‌ڵێت: "ئه‌و كوردانه‌ی‌ پۆسته‌كانیان له‌ به‌غدا وه‌رگرتوه‌ له‌ رێگه‌ی‌
لایه‌نێكی‌ سیاسییه‌وه‌ بوه‌و هه‌ر وه‌زاره‌ته‌و به‌ ئیعازی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ یان سه‌رۆكه‌كه‌ی‌ رێنمایی‌ دراوه‌، بێئه‌وه‌ی‌ هیچ هه‌ماهه‌نگییه‌ك هه‌بێت له‌نێوانیاندا، كه‌ وه‌ك گروپێك كاریان كردبێت".

هه‌ندێكێ‌ دیكه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن؛ پێویسته‌ سیستمی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ راستبكرێته‌وه‌، د.عه‌لی‌ محه‌مه‌د، وه‌زیری‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقی‌ له‌ كابینه‌ی‌ حكومه‌تی‌ نوری‌ مالیكی‌، به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: "به‌رله‌وه‌ی‌ باس له‌ گرنگی‌ پۆسته‌كان بكرێت، ده‌بێت باس له‌ سیستمی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ بكرێت له‌ عێراقدا، ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌ته‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ رێكوپێك به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌وا ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ به‌ده‌ست هه‌ركه‌سێكه‌وه‌ بێت كێشه‌ نابێت".

عه‌لی‌ محه‌مه‌د ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات؛ ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی‌ پێشتر كورد له‌ حكومه‌تی‌ عێراقیدا وه‌ریگرتوه‌ وه‌ك موڵكی‌ حیزب مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا كراوه‌".

Sbeiy.com © 2007