سازدانی: ئومێد تۆفیق
خه‌لیل كارده یه‌كێكه له‌و نوسه‌رو توێژه‌رانه‌ی زیاتر له بیست ساڵه به‌نوسین و بۆچونه‌كانی به‌شداری هه‌یه له ده‌رخستن و لێكدانه‌وه‌ی بارودۆخی سیاسی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و عێراق، له‌م پێناوه‌دا به زمانه‌كانی ئینگلیزی و هۆڵه‌ندی و عه‌ره‌بی بابه‌ته‌كانی له رۆژنامه‌و ماڵپه‌ڕه جیهانیه‌كان بڵاوده‌كاته‌وه.
له كاتی دروستبونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌رنج و بۆچونه‌كانی خۆی له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌كه ده‌ربڕیوه‌و له میدیا جیهانیه‌كاندا چه‌نده‌ها بابه‌تی له‌سه‌ر ئایینده‌ی گۆڕان و ئه‌و مۆدێله مه‌ده‌نیه‌ی له كوردستاندا هێناویه‌ته ئارا، نوسیوه.
بۆ زیاتر تیشك خستنه‌سه‌ر كۆمه‌ڵێ بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار به چه‌مكی ئۆپۆزیسیۆن و راده‌ی به‌رجه‌سته‌كردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كاركردنی بزوتنه‌وه‌كه له‌سه‌ر ئه‌و دیسپلینانه‌ی كه پێویسته ئۆپۆزیسیۆنی مه‌ده‌نی له جیهاندا كاری له‌سه‌ر بكات، "سبه‌ی" ئه‌م گفتوگۆیه‌ی له‌گه‌ڵدا ئه‌نجامداوه.
سبه‌ی: چه‌مكی ئۆپۆزیسیۆن چی ده‌گه‌یه‌نێ؟
خه‌لیل كارده: بێگومان هه‌مو گه‌لێ پێوه‌ری كامڵبون و رادده‌ی خۆشگوزه‌رانی خۆی په‌یوه‌ست ده‌كات به‌و گه‌شه‌سه‌ندنه سیاسیانه‌ی هه‌یه‌تی. ئه‌وه‌ش كه به خێرایی له چه‌مكی نه‌یار یاخود "ئۆپۆزیسێون"ه‌وه ده‌ستده‌كه‌وێت بریتیه له‌لایه‌نی به‌رامبه‌ر. چه‌مكه‌كه‌ش بۆ خۆی دو ئاراسته له‌خۆده‌گرێ و له یه‌كه‌میاندا ئه‌لته‌رناتیڤی ده‌سه‌ڵات و هه‌وڵی ده‌رخستنی كه‌موكوڕیه‌كانی ده‌سه‌ڵات و هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كه‌موكوڕیه‌كان له‌لایه‌ك جێی مه‌به‌سته، له‌لایه‌كی تریشه‌وه ئۆپۆزیسیۆن به مانای به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌ی نیشتمانی و میكانیزمی پراكتیزه‌كردنی به‌رنامه‌كانی ده‌خوێندرێته‌وه كه له پرَوسهی هه‌ڵبژاردنی دیموكراتیدا جێ به ده‌سه‌ڵات لێژ ده‌كات و به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نیانه ده‌یه‌وێ ده‌سه‌ڵاتی وڵات له ده‌ست وه‌رگرێ.
ئاراسته‌ی دوه‌م كه له چه‌مكی ئۆپۆزیسیۆنه‌وه فۆرمه‌له ده‌بێ، بریتیه له به‌شداری كردن له ئاستی گۆڕان و داڕشتنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی ئه‌و سیاسه‌ته باوه‌ی كه له وڵات‌دا پیاده ده‌كرێ، سه‌ره‌نجامی ئه‌م هه‌وڵه‌ش پشكداری له دروستكردنی سیاسه‌تی گشتی وڵاتی لێ دروستده‌بێ، كه سه‌ره‌نجام گوتاری یه‌كگرتوی سیاسی و به‌رهه‌مهێنانی نه‌خشه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگا له باشه‌وه بۆ باشتر، به دوای خۆیدا دێنێت. دروێنه‌ی ته‌واوی ئه‌م میكانیزمانه‌ش كه ئۆپۆزیسیۆن كاریان له‌سه‌ر ده‌كات، ده‌بێته هۆی گه‌شه‌سه‌ندنی رۆشنبیری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌وێشه‌وه ده‌ستاو ده‌ستپێكردنی ده‌سه‌ڵات به شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نیانه‌و بێ سه‌رئێشه له ده‌سه‌ڵاتدا دێنێته كایه‌وه.
ئه‌گه‌ر له تێگه‌یشتنی ئیسلامیشدا له ئۆپۆزیسیۆن بڕوانین ده‌بینین فرمانه‌كه له مافێكهوه ده‌بێته ئه‌رك، به‌ڵگه‌ش بۆئه‌مه قسه‌ی یه‌كێك له یارانی پێغه‌مبه‌ره له به‌رامبه‌ر عومه‌ردا كاتێ پێی وت: سوێند به‌خوا ئه‌گه‌ر لار‌و خێچییت تێدا به‌دی بكه‌ین به شمشێر راستت ده‌كه‌ینه‌وه.
سبه‌ی: ئه‌و بنه‌مایانه چین ئۆپۆزیسیۆنێكی مه‌ده‌نی له‌سه‌ریان دروستده‌بێ؟
خه‌لیل كارده: ئه‌و بنه‌ماو زه‌مینه‌یه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی له‌سه‌ر دروست یه‌كه‌م و كۆتا خۆی له جه‌ماوه‌ردا ده‌بینێته‌وه. دواتر میكانیزمی ده‌ربڕینی پهیامهكانیشی خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه ده‌روازه‌كانی راگه‌یاندن، به هه‌مو شێوه‌كانیه‌وه، به‌كاربهێنێ بۆ تاوتوێ و ئاراسته‌كردنی په‌یامه چاكسازیه‌كانی. جگه له‌مه‌ش پێویسته به شێوه‌یه‌كی تۆكمه پاڵپشتی دامه‌زراوه‌و رێكخراوه مه‌ده‌نیه‌كان بكات و له روانگه‌ی دیموكراتیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگاشه‌وه، كاربكات بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی گوتاری خۆی له‌ناو توێژه جیاوازه‌كانی جه‌ماوه‌ر. لێره‌شه‌وه كاربكات بۆئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر بێنێته سه‌ر شه‌قامه‌كان و داواكاریه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نی و دور له هه‌ر توندوتیژیه‌ك له زاری خۆیانه‌وه بدرێ به گوێی ده‌سه‌ڵاتدا. ئه‌م كاركردنه‌ی ئۆپۆزیسیۆن له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر سه‌ره‌نجام ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر مافی خۆی بزانێ و ویژدانی زیندو بێت، له هه‌ر كاتێكیشدا بیه‌وێ، له‌سه‌ر مافه‌كانی، یاخیبونی مه‌ده‌نی له ده‌سه‌ڵات رابگه‌یه‌نێ.
سبه‌ی: تاچ ئاستێك ئۆپۆزیسیۆن رۆڵی هه‌یه له دیموكراتیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌ڵات؟
خه‌لیل كارده: ئۆپۆزیسیۆن رۆلێ كارا‌و گرنگ ده‌بینێ له پرۆسه‌ی دیموكراتیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگا، بۆ ئه‌م ئامانجه پێویسته ئاماده‌كاریه‌كی ته‌واو بكات و نه‌خشه‌ی ته‌واوه‌تی دابنێ بۆئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به ئاراسته‌ی پرۆسه‌ی دیموكراتیزهبوندا ببات. لێره‌دا ده‌توانین بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به نمونه وه‌ربگرین و ئاماژه‌ی ئه‌وه بده‌ین له‌م پێناوه‌دا رۆڵی گرنگی بینیوه له تواندنه‌وه‌ی دیواری ترس لای گه‌لی كورد. دوای دروستبونی ئه‌م بزوتنه‌وه ئه‌و ته‌لیسمه شكا خه‌ڵك ترسی هه‌بو لێی له كاتی داواكردنی مافه‌كانیدا، بۆیه هه‌ستده‌كه‌ین له ئێستادا خه‌ڵك زۆر به ئازادانه‌و دور له هه‌ر ترسێكی له ده‌سه‌ڵات داوای مافی خۆی ده‌كات، بێ سڵه‌مینه‌وه له‌سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان ئاماده‌ن نه‌خێر بڵێن به ده‌سه‌ڵات. ئه‌مه‌ش بۆخۆی گه‌وره‌ترین ئامانجێكه كه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان توانیویه‌تی له هه‌ست و نه‌ستی خه‌ڵكدا دروستی بكات.
سبه‌ی: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و رۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی بزوتنه‌وه‌كه له كوردستان چۆن ده‌بینی؟
خه‌لیل كارده: له داوێنی كۆمه‌ڵگای كوردی سته‌مدیده‌و بێبه‌ش له مافه‌كانی ته‌مه‌نی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چه‌ند مانگێكی تێپهڕنهكردبو كاتێ به‌شداربو له هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه توانی بیست و پێنج كورسی دروێنه بكات و به‌و رێژه‌یه‌ش چوار یه‌كی كورسیه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان به ده‌ست بینێ، ئه‌م به‌رهه‌مه زۆره‌ی بزوتنه‌وه‌كه كه له‌ناو خواستی خه‌ڵك بۆ گۆڕانكاری به ده‌ستیهێنا، جێی سه‌رسوڕمانی حیزبه‌كانی ناو ده‌سه‌ڵات و هه‌مو كه‌سێك بو. له ئێستاشدا كاتێ رۆڵ و كاركردنی نوێنه‌راكانی ده‌بینین له په‌رله‌ماندا، ئه‌وه‌نده‌ی تر جێی ئومێده و هیوای زۆرتر له‌سه‌ر كاركردنی مه‌ده‌نی بزوتنه‌وه‌كه كه‌ڵه‌كه ده‌بێت. لێره‌دا حه‌زده‌كه‌م له‌سه‌ر رۆڵی به‌رچاو و دیاری نوێنه‌رانی بزوتنه‌وه‌كه له په‌رله‌مانی كوردستاندا ته‌نها ئاماژه بده‌م به‌و رۆڵه‌ی گێڕایان و به‌رده‌وام ده‌یگێڕن له‌سه‌ر تێنه‌په‌ڕاندنی بودجه‌ی هه‌رێم به‌و هه‌مو كه‌موكوڕیه‌ی تێیدایه. ئه‌م جگه له‌وه‌ش داواكاریه‌كانیان بۆ ده‌رخستنی ئه‌و خه‌رجیانه‌ی حكومه‌ت ده‌یكات هێجگار جێی بایه‌خه‌و ده‌ڕژێته‌وه ناو كاركردنی ئۆپۆزیسیۆنی مه‌ده‌نی ستاندار.
سبه‌ی: ئایینده‌ی گۆڕان چۆن ده‌بینیت و به‌ر بهستهكانی به‌رده‌می چین، یاخود به‌ڕای تۆ چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌دا بكات كه بۆی دروستبوه‌و دروستده‌كرێ؟
خه‌لیل كارده: هه‌مو ئایینده‌یه‌ك له‌به‌رده‌م بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندایه، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه بزانین چه‌نده‌ها به‌ربه‌ستی خۆیه‌تی و بابه‌تی هه‌یه ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌كه بتوانێ تێ‌یان پهڕینێ له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتودا خواست و ده‌نگی زۆرتر به ده‌ست دێنێ.
به رای من به‌ربه‌سته خۆیهتیهكان خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا كۆمه‌ڵه كه‌سێكی كرچ و كاڵ هه‌یه كه تائێستاش خه‌ونی رهنگاڵهییان به‌و حیزبانه‌وه هه‌ڵواسیوه پێشتر تێیدا ده‌ستیان له كاركێشاوه‌ته‌وه. بۆیه به‌پێی ئه‌زمون ده‌ركه‌وتوه ئه‌و كه‌سانه ناتوانن به‌رده‌وام بن له‌و رێڕه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كاری له‌سه‌ر ده‌كات. به‌ڵگه‌ی ئه‌م راستهقینهیهش گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و جۆره كهسانهبو له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی ئازاردا.
به‌ربه‌سته‌كه‌ی تر كه بابه‌تیه، خۆی له‌و هه‌ڵمه‌تی ته‌نگ پێههڵچنینهدا ده‌بینێته‌وه كه ده‌سه‌ڵات له به‌رامبه‌ر لایه‌نگرانی بزوتنه‌وه‌كه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رنامه داڕێژراو پیاده‌ی ده‌كات. له‌م پێناوه‌دا گرتن و نانبڕینی ئه‌و كه‌سانه‌ی دۆستی گۆڕانن له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه ته‌نها ئامانجێك لێی ئه‌وه‌یه ئۆپۆزیسیۆن بخاته ناو ململانێیه‌ك كه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان زۆر لێوه‌ی دوره. چاره‌سه‌ری ئه‌م به‌ربه‌سته ئه‌وه‌یه بزوتنه‌وه‌كه هه‌وڵ بدات كه‌ناڵه دیبلۆماسی و مه‌ده‌نیه‌كان له جیهان و ناوخۆدا به‌كاربهێنێ بۆ وه‌ستاندنی ئه‌و حاڵه‌ته دزێوه.
سبه‌ی: قورسایی و گوتاری گۆڕان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له ئه‌زمونی سیاسی كوردستاندا چۆن ده‌بینیت ؟
خه‌لیل كارده: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئێستا ژماره‌یه، ژماره‌یه‌كی قورس له هاوسه‌نگی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و ئهزمونهكهیدا كه زۆر ئه‌سته‌مه بتوانرێ پشتگوێی و په‌راوێز بخرێ. به بونی ئۆپۆزیسیۆنێكی به‌هێزو شێرگیری وه‌ك بزوتنه‌وه گۆڕان توانراوه جه‌ماوه‌ری كوردستان له سه‌روبه‌ری بودجه ئاگادار بكرێته‌وه، ئۆپۆزیسیۆن توانیویه‌تی به‌شێوه‌یه‌ك چاودێری له‌سه‌ر حكومه‌ت دابنێ كه پێش ده‌ركردنی هه‌ر بڕیارێك ده‌بێ ره‌چاوی ره‌خنه‌و سه‌رنجی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی تێدا بكرێ. هه‌مو ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه له‌لایه‌ك و ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ك له ئێستادا گۆڕان بوه‌ته هێزی دوه‌می كوردستان و به‌پێی ئه‌و ئه‌زمون و تێڕوانینه‌ش هه‌مه بۆ ناوچه‌كه، خوا ویستی له‌سه‌ر بێت له چوار ساڵی داهاتودا ده‌توانێت له هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و كوردستان پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ستبهێنێ.
به رای من ئه‌وه‌ی كه پاڵنه‌ری سه‌ره‌كیه تا به‌و شێوه‌یه خه‌ڵك رو له بزوتنه‌وه‌كه بكات، هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆئه‌و ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی له ئاستی جیهاندا بۆ زه‌روره‌تی گۆڕانكاری له هه‌مو كایه‌كاندا دروستبوه، له‌م روانگه‌شه‌وه گه‌لی كورد خۆشبه‌ختانه دانه‌بڕاوه له جیهان و مه‌به‌ستیه‌تی بچێته ناو ئه‌و رێڕه‌وه پێشكهوتنخوازیهوه كه خواستی تاك تاكی كۆمه‌ڵگایه.
سبه‌ی: له ئایینده‌دا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، چۆن خۆی رێك بخات؟
دوای ئه‌م رێڕه‌وه باش و رۆڵه گرنگه‌ی له گه‌شه‌پێدانی سیاسی كۆمه‌ڵگای كوردیدا بینی و هه‌روه‌ها دوای ئه‌وه‌ش كه له ئێستادا ئۆپۆزیسیۆن بون پێگه‌ی خۆی گرتوه له گۆڕه‌پانی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری، پێموایه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بوه‌ته به‌شێكی جیانه‌بوه‌وه له پرۆسه‌ی ژیانی هه‌رێم به هه‌مو جۆر‌و به‌شه‌كانیه‌وه. كه‌واته پێویسته له ئایینده‌یه‌كی نزیكدا بزوتنه‌وه‌كه به خۆیدا بچێته‌وه‌و خاڵه لاواز‌و به‌هێزه‌كانی، كه‌موكوڕی و هه‌ڵه‌كانی ده‌ستنیشان بكات. لێره‌دا به بۆچونی من دانانی نه‌خشه‌یه‌كی كار بۆ رێكخستنی ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌كه پێویسته، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه نا كه حیزبه كوردیه‌كانی ئێستا‌و قاڵبی حیزب له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌سه‌ری دامه‌زراوه. به‌ڵكو ئه‌وه‌ی من مه‌به‌ستمه ئه‌وه‌یه سود له ئه‌زمونی حیزبایه‌تی و كاری رێكخراوه‌یی مه‌ده‌نی ئه‌ورپا وه‌ربگیرێ به ره‌چاوی كۆمه‌ڵگای كوردی و سروشتی مامه‌ڵه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی.