سازدانی: رۆژنامه
حاكم شێخ له‌تیف، یه‌كێك له ئاماده‌كارانی په‌یڕه‌وی ناوخۆی هاوبه‌ندی لیسته كوردییه‌كان بۆ په‌رله‌مانی عێراق. له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی (رۆژنامه)دا باس له دوا قۆناغی كاره‌كانی لیژنه‌كه ده‌كات، هه‌روه‌ها حاكم شێخ له‌تیف، كه په‌رله‌مانتاری هه‌ڵبژێردراوی لیستی گۆڕانه‌و پسپۆڕی یاسای ده‌ستورییه، باس له‌وه‌ده‌كات، كه یه‌كێك له كاره‌كانی ئه‌و هاوبه‌ندییه له‌مه‌ودوا لێپرسینه‌وه‌ی جدیی ده‌بێت له نوێنه‌رانی كورد له‌ناو داموده‌زگاكانی حكومه‌تی عێراقدا.
رۆژنامه: مانگێگ زیاتره خه‌ریكی گفتوگۆن له‌گه‌ڵ لیسته براوه‌كانی دیكه به‌مه‌به‌ستی دانانی به‌رنامه‌یه‌ك بۆ كاركردنی كورد له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئێوه كه نوێنه‌رایه‌تی گۆڕان ده‌كه‌ن، چۆن له‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌ڕوانن؟
حاكم شێخ له‌تیف: دیاره ئێمه وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ر له سه‌رده‌می هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا له‌سه‌ر زاری به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا راگه‌یاندرا، كه ئێمه له‌به‌غدا له‌سه‌ر هه‌مو مه‌سه‌له نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان هاوهه‌ڵوێست ده‌بین، ئه‌مه‌ش وه‌كو لێكدانه‌وه‌یه‌ك بۆ هه‌ندێك لایه‌ن كه پڕوپاگه‌نده‌یان ده‌كرد، كه گۆڕان ده‌یه‌وێت درز بخاته یه‌كڕیزیی كورده‌وه و وه‌كو پڕوپاگه‌نده‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن به‌كاریان ده‌هێنا، دوای هه‌ڵبژاردنیش یه‌كه‌م كه‌س بو موباده‌ره‌ی كرد، یه‌كه‌م لایه‌ن بو، دوای ئه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامه‌كان ده‌ركه‌وتن و به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێم موباده‌ره‌ی كرد، به‌وه‌ی كه لایه‌نه براوه‌كان، لایه‌نه كوردییه‌كانی كورسییان بردوه‌ته‌وه له‌به‌غدا دانیشین و قسه بكه‌ین له‌سه‌ر یه‌كخستنی گوتارێك، ئێمه‌ش به‌پیر ئه‌وه‌وه چوین، ئه‌وه‌بو سه‌رئه‌نجام ئێستا ئیئتیلافی فراكسیۆنه كوردییه‌كان پێكهات و په‌یڕه‌وێكی ناوخۆمان نوسیوه‌ته‌وه و له كۆبونه‌وه‌ی داهاتودا هه‌ندێك شت ماوه كه ده‌شێت ده‌ستكاریی بكه‌ین و ئیتر بینێرین بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم.
رۆژنامه: پێش ئه‌وه‌ی وردتر باسی په‌یڕه‌وه ناوخۆكه بكه‌ین، بۆچونێك هه‌یه ده‌ڵێت ئێوه وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ملتان بۆ داخوازیی و سیاسه‌ته‌كانی هه‌ردو لایه‌نه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی هه‌رێم داوه‌و چونه‌ته ژێر چه‌تری ئه‌وانه‌وه، ئایا ئه‌مه ملدان بو یان فیعله‌ن ئێوه‌ش توانیتان له‌و مشتومڕو گفتوگۆیانه‌دا به‌رنامه سیاسییهكهتان جێ بكه‌نه‌وه؟
حاكم شێخ له‌تیف: به‌پێچه‌وانه‌وه نه‌ك ملدان نه‌بو، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ئێستا به‌رهه‌مهاتوه موباده‌ره‌یه‌كی گۆڕانه بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه له به‌غدا له‌سه‌ر هه‌مو مه‌سه‌له نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانییه‌كان هاوهه‌ڵوێست بین، زۆرینه‌ی زۆری خه‌ڵكی كوردستان پێی خۆشه كه كورد هاوهه‌ڵوێست بێت له به‌غدا، به‌ڵام ئێمه كه به هاوهه‌ڵوێستی رازی بوین كۆمه‌ڵێك مه‌رجمان هه‌بو، ده‌شێت باسیان بكه‌ین، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر ئێمه باسی ورده‌كاریی په‌یڕه‌وی ناوخۆكه و چۆنێتی وه‌رگرتنی بڕیار بكه‌ین، تیایدا ده‌رده‌كه‌وێت هه‌مو لایه‌نه‌كان یه‌كسانن، مه‌سه‌له‌ی ئه‌وه‌مان نه‌هێشتوه‌ته‌وه لایه‌نێك میحوه‌ر بێت و لایه‌نێك پاشكۆ، لایه‌نێك خۆی به ته‌وه‌ره بزانێت و لایه‌نه‌كه‌ی دیكه پاشكۆ، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌مجاره توانیومانه له واقیعدا هه‌م ئه‌و هاوهه‌ڵوێستییه دروستبكه‌ین، كه بۆ به‌غدا هه‌مو كه‌س ده‌یخوازێت، له‌هه‌مانكاتیشدا میكانیزمێكمان دۆزیوه‌ته‌وه كه تیایدا ده‌بێت ئه‌و مه‌سه‌له نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییانه دیاریبكه‌ین چین، هه‌روه‌ها ئه‌و مه‌رجانه‌ی ئێمه‌ش بۆ مه‌سه‌له نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان هه‌ن چین تهزویدمان كردون، هه‌روه‌ها بڕیار وه‌رگرتنیش به كۆده‌نگییه، ئه‌گه‌ر لایه‌نێك رازی نه‌بێت، نابێت به بڕیار، كه‌وابێت ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانین مه‌سه‌له‌كه نیشتمانی و نه‌ته‌وایه‌تییه بۆ ئه‌و كاته به‌رگری لێبكه‌ین، ده‌بێت هه‌مومان به‌رگری لێبكه‌ین، ئه‌مه‌ش به‌ڕاستی ئه‌و گفته‌ی گۆڕان كه زو له بانگه‌شه‌دا به‌خه‌ڵكی داب‌و، كه ئێمه گوتاری حیزبیی ده‌كه‌ین به گوتاری نه‌ته‌وه‌یی ئێستا له‌مه‌دا به‌دیهاتوه، چونكه جاران بۆ نمونه زۆر ئاسان بو ئه‌مریكا یان ئه‌و لایه‌نانه‌ی دیكه كه بیانویستایه فشار له كورد بكه‌ن، فشاریان له‌لایه‌نێك ده‌كرد یان له كه‌سێك دهكردو بڕیاریان له‌و وه‌رده‌گرت، ئیتر به‌ئاسانیی ده‌بو به بڕیاری كورد، بۆیه لاوازترین حه‌لقه له حهلقهكانی پێكهاته‌كانی عێراق كورد بو، ئه‌مجاره نه‌خێر، ئێمه ده‌ڵێین ده‌بێت ئه‌و مه‌سه‌له نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییانه به كۆده‌نگیی بڕیاریان له‌سه‌ر بده‌ین.
دوه‌میش بۆ مه‌سه‌له‌ی فشار، كه هه‌ر وه‌ختێك فشارمان بۆهات هه‌مومان بڕیارده‌ده‌ین تا كوێ قبوڵ بكه‌ین و نه‌یكه‌ین، ئه‌گه‌ر لایه‌نێك به ته‌نیا خۆی قبوڵی كرد، ئه‌وا بڕیاری نه‌ته‌وه‌یی نییه و بڕیاری تاك لایه‌نه، له‌به‌رئه‌وه ئه‌م میكانیزمه و به‌شداربونی گۆڕان رێك ئه‌و به‌ڵێنه‌ی سه‌لماند كه به‌ده‌نگده‌رانی داوه.
رۆژنامه: ده‌توانین بڵێین گۆڕان كاریگه‌ریی به‌رچاوی هه‌بوه له پێكهێنانی ئه‌م یهكههڵوێستییهدا و دروستبونی گوتاری نه‌ته‌وه‌یی، كه پێشتر وا ده‌وترا كه په‌یوه‌ندیی نێوان به‌غداو هه‌رێم له‌په‌یوه‌ندیی نێوان به‌غداو دو حیزب‌دا چڕبوهتهوه، به‌ڵام ئێستا جۆرێك له‌په‌یوه‌ندییه‌كان به سیستم كراوه؟
حاكم شێخ له‌تیف: به‌ڕاستی ئه‌مه یه‌كه‌مجاره كورد به به‌رنامه‌وه ده‌چێت به‌ره‌و به‌غدا، یه‌كه‌مجاره كورد پێش ئه‌وه‌ی بڕوات بۆ به‌غدا به‌رنامه‌یه‌ك بۆ وه‌فده‌كه‌ی ئاماده بكات، ئه‌مه یه‌ك، دوه‌م مه‌سه‌له‌ی ئه‌وه‌ی كه گۆڕان رۆڵی هه‌بوه له‌وه‌ی كه ئه‌م گوتاره وا لێبكات، به‌ڵێ به دڵنیاییه‌وه رۆڵی هه‌بوه، چونكه ئێمه‌و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش هه‌ر ئێمه نا، له‌وانه‌یه گۆڕان دهفعێكی دابێت به لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش، توانیومانه میكانیزمێك دابڕ‌ێژین، كه دواجار ده‌توانین له میكانیزمهكهدا لێی ههڵهێنجین كه چۆنه، ئایا ئه‌و كاركردنه له كاركردنی حیزبییه‌وه ده‌گۆڕێت بۆ كاركردنی نه‌ته‌وه‌یی، له‌هه‌موشی گرنگتر به‌ڕاستی پیاده‌كردنه له داهاتودا، ئایا لایه‌نه‌كانی دیكه و هه‌مو لایه‌نه‌كان كار به‌م په‌یڕه‌وه ده‌كه‌ین؟ ئه‌گه‌ر كارمان پێكرد، به دڵنیاییه‌وه كاركردنی حیزبیی كه له رابردودا كرا له‌لایه‌ن پارتی و یه‌كێتییه‌وه ده‌گۆڕێت به كاركردنێكی نه‌ته‌وه‌یی، خۆ ئه‌گه‌ریش نه‌كرا، ئه‌وه ئێمه وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان موباده‌ره‌ی خۆمان كردوه‌و چوه‌ته پێشه‌وه، ئه‌وه‌تا وه‌كو جه‌نابیشت ده‌ڵێیت له‌وانه‌یه هه‌ندێك خه‌ڵك ره‌خنه‌شی لێبگرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌پێناوی مه‌سه‌له نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانییه‌كاندا بێت، چونكه به‌ڕاستی بۆ به‌غدا جیاوازه وه‌كو له‌وه‌ی كوردستان، ئێمه ئه‌وه‌مان كردوه ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ ئه‌وان پابه‌ندنه‌بون پێوه‌ی زۆر ئاساییه ئێمه لێی بكشێینه‌وه، یان ئێمه‌ش له‌و هاوبه‌ندیه بێینه ده‌ره‌وه، ئه‌وكاته خۆمان به‌و شێوازه‌ی كه خۆمان باوه‌ڕمان پێیه‌تی كاربكه‌ین، بۆیه به‌ڕاستی ده‌كه‌وێته سه‌ر كارپێكردن، ئه‌گه‌ر ئه‌و شتانه‌ی له‌سه‌ری رێكه‌وتوین كاری پێبكه‌ین، به دڵنیاییه‌وه سه‌دله‌سه‌د كاری كورد له به‌غدا له‌كاری حیزبییه‌وه ده‌گۆڕێت بۆ كاری نه‌ته‌وه‌یی.
رۆژنامه: هێڵه سه‌ره‌كییه‌كانی په‌یڕه‌وه ناوخۆكه‌ی هاوبه‌ندی لیسته كوردستانییه‌كان چین؟
حاكم شێخ له‌تیف: وه‌كو وتم ناوه‌كه‌ی به‌ناوی ئیئتیلافی فراكسیۆنه كوردستانییهكانهوهیه، كه ئه‌م فراكسیۆنه دروستده‌بێت بۆ یه‌كخستنی هه‌ڵوێسته‌كان له‌ناو په‌رله‌مانی به‌غدایه له چوارساڵی داهاتودا له‌نێوان ئه‌و كوتلانه‌ی كه كورسییان بردوه‌ته‌وه، ئه‌م فراكسیۆنانه هه‌مویان سه‌ربه‌خۆیی خۆیان ده‌پارێزن له‌ناو په‌رله‌ماندا، هه‌ریه‌كه‌یان كوتله‌ی خۆی و سه‌رۆكی كوتله و بڕیارده‌ر و ئه‌و شتانه‌ی خۆی ده‌بێت، به‌ڵام موجه‌ڕه‌د ئه‌م ئیئتیلافه دروستده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته هۆی یه‌كخستنی هه‌ڵوێسته‌كان، دیاره سهرۆكایهتیكردنهكهی، وا رێكه‌وتوین كه تیایدا به ده‌وری بێت، واته ئه‌م پێنج حیزبه یه‌كێتی و پارتی و گۆڕان و یه‌كگرتوی ئیسلامیی و كۆمه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌یان ماوه‌یه‌ك سه‌رۆك بن و پۆسته‌كانی دیكه‌ش هه‌مویان به ده‌وریی بێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ بۆچونێكی دیكه‌ش هاتوه‌ته ئاراوه له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه.
رۆژنامه: ئه‌و بۆچونه تازه‌یه چییه؟.
حاكم شێخ له‌تیف: له‌ئێستادا ئه‌و بۆچونه باس ناكه‌ین، چونكه جارێ زۆر نه‌خه‌مڵیوه‌و به‌ته‌ماین گفتوگۆی له‌سه‌ر بكه‌ین، بڕیاردان له ئیئتیلافه‌كه‌دا به ئیجماعه، هه‌رلایه‌ك رازی نه‌بو، ئه‌و بڕیاره نابێت به بڕیاری ئیئتیلافی كوتله‌ی كوردستانیی، ئه‌م هاوبه‌ندییه مه‌سه‌له ستراتیژیی و نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان دیاریده‌كات، له مه‌سه‌له ستراتیژیی و نه‌ته‌وایه‌تییه‌كاندا ده‌بێت بڕیار به كۆده‌نگیی بێت، له مه‌سه‌له‌كه‌ی دیكه‌شدا هه‌ركه‌س بۆ خۆی ئازاده چۆن بڕیارده‌دات، مه‌سه‌له ستراتیژیی و نهتهوایهتییهكانیش دیاره بۆ خۆیان دیارن چین، بۆ نمونه له‌سه‌روی هه‌مویانه‌وه ماده‌ی (140)ه، كاركردن بۆ گێڕانه‌وه‌ی ناوچه دابڕاوه‌كانه، ئه‌وه هه‌مو كوردێك له‌سه‌ری كۆكه، هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ی به‌رگریكردن له به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم.
رۆژنامه: ئێوه به‌بێ هیچ تێبینییه‌ك له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی به‌رگریی له‌م مافانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ن؟.
حاكم شێخ له‌تیف: ئێمه خۆمان به پارێزه‌ری مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌زانین و سه‌رسه‌ختانه به‌رگریی له مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئێمه وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، وتمان ئێمه به‌رگریی له به‌شه بودجه‌یه‌ك ناكه‌ین كه له ناوخۆدا شه‌فاف نه‌بێت، ده‌بێت به‌ڕاستی بودجه له ناوخۆی كوردستاندا به شه‌فافانه ده‌سه‌ڵات مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكات‌و بۆ خه‌ڵكی خه‌رجبكرێت و بزانین چۆن وه‌رده‌گیرێت و ئایا له به‌غدا به‌ڕاست (17%)مان هه‌یه.
هه‌روه‌ها له مه‌سه‌له‌ی پێشمه‌رگه، كه مه‌سه‌له‌یه‌كی ستراتیژیی نه‌ته‌وه‌ییه، ده‌بێت به‌رگریی لێبكه‌ین، ئێمه به‌هه‌مانشێوه رامانگه‌یاندوه، كه ئێمه به‌رگریی له چه‌كداری حیزب ناكه‌ین، چه‌كداری حیزب پێشمه‌رگه نییه، پێشمه‌رگه پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه، ده‌بێت هێزێكی نیزامیی یه‌كگرتو بێت و سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێت، بۆیه ده‌بێت وای لێبێت، ئه‌گه‌ر وای لێنه‌یه‌ت، سبه‌ینێ له په‌رله‌مانی كوردستان و له په‌رله‌مانی به‌غدادا ناكرێت به‌رگریی لێبكه‌ین، نابێت ئه‌و عوزرهش بده‌ین به‌ده‌سته‌وه، ئه‌و قسه‌یه‌ش ناخوات ئه‌مه له‌گه‌ڵ قسه‌ی شۆڤێنی یه‌كده‌گرێته‌وه، با بۆ خۆمان پێشی پێبگرین، ده‌بێت به‌ڕاستیش ئێمه هه‌مو هه‌له‌كان بكه‌ین به فشار بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م هێزه یه‌كبگرێته‌وه، مه‌سه‌له‌ی گرێبه‌ستی نه‌وت و گازیش به‌ڕاستی ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌ك بێت، راسته گرێبه‌ستی نه‌وت و گاز تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه له‌هه‌مو دنیادا، هیچ نه‌بێت په‌رله‌مانی كوردستان له‌ناو دانیشتنی داخراویشدا بێت ئاگای لێبێت، له داهاته‌كه‌ی له چۆنێتی، ئه‌مه هه‌مو مه‌سه‌له‌كه بو، هه‌روه‌ها رێگرتن له گۆڕانه ده‌ستورییه‌كان، كه كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمه، ئه‌مه ئێمه ده‌ڵێین نه‌خێر ده‌بێت ئه‌مانه ببن به نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌وه نهتهوهییكردنه، كه تۆ ده‌ڵێیت پێشمه‌رگه ببێت به هێزی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كگرتو، بودجه شه‌فاف بێت و بۆ خه‌ڵك بێت، بۆ حكومه‌ت بێت، له حكومه‌ته‌وه به شه‌فافیی خه‌رجبكرێت، كه‌وابێت ئه‌مه مه‌سه‌له نهتهوایهتییهكانمان دیاریكرد، ده‌بێت له‌پێشه‌وه به‌رگریی له‌م مه‌سه‌له نه‌ته‌وایه‌تییانه بكه‌ین، ئینجا به‌ڕاستی بڕۆین به‌دوای پۆسته‌كاندا بگه‌ڕێین، ئینجا كه‌سیش بدۆزینه‌وه بۆ پۆست، به‌ڕاستی پێویسته و واش رێكه‌وتوین كه له هه‌مو بارودۆخێكدا نابێت كه‌سمان ئه‌گه‌ر به‌یه‌كه‌وه بین یان به‌یه‌كه‌وه نه‌بین، نابێت له‌و مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌یی و چاره‌نوسسازانه لابده‌ین.
رۆژنامه: باست له‌وه‌كرد كه بڕیاره‌كان بهكۆدهنگیی له ئیئتیلافه‌كه‌دا ده‌ده‌رێ و لیسته‌كان مافی ڤیتۆیان هه‌یه، ئایا ئه‌مه له روی سروشتی كاری سیاسیی و دیموكراسییه‌وه ده‌كرێت، بۆ نمونه هێزێكی وه‌ك كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كه خاوه‌نی (2) كورسییه و پارتیش (30) كورسی هه‌یه، وه‌ك یه‌ك ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت؟
حاكم شێخ له‌تیف: مه‌به‌سته‌كه بۆ مه‌سه‌له نهتهوایهتییهكانه و هه‌مومان ده‌بێت رێكبكه‌وین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، بۆ نمونه ماده‌ی (140) هه‌مو كورد ده‌بێت به‌رگریی لێبكات، مه‌سه‌له‌ی پێشمه‌رگه ئه‌گه‌ر خیلاف هه‌بێت به‌و شێوه‌یه‌یه كه باسمكرد، مه‌سه‌له‌ی بودجه به‌و شێوه‌یه‌یه كه باسمكرد، مه‌سه‌له‌ی رێگرتن له گۆڕانه ده‌ستورییه‌كان، مه‌سه‌له‌ی گرێبه‌ستی نه‌وت و گاز، واته ئه‌مانه به‌ڵێ ده‌بێت هه‌مومان رێككه‌وین له‌سه‌ری، ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت مانای وایه بڕیاری ئیئتیلاف نابێت، ئه‌وكاته هه‌ركه‌سه‌و بۆ خۆی ئازاده چۆن به‌رگریی لێده‌كات، به‌ڵام مه‌سه‌له‌ی دیكه له مه‌سه‌له لاوه‌كییه‌كاندا هه‌ركه‌س خۆی ئازاده، هه‌روه‌ها له‌ڕوی ئیستحیقاقی هه‌ڵبژاردنیشه‌وه راسته ئه‌وه پرسیارێكی جدییه، به‌ڵام خۆ ئێمه ئه‌م فراكسیۆنهمان دروستكردوه بۆ هاوهه‌ڵوێستیی، خۆ ئه‌گه‌ر رێكنه‌كه‌وتین، ده‌شێت هه‌ر لایه‌نه‌و بۆ خۆی به‌وشێوه‌یه‌ی كه ده‌یه‌وێت دبهرگری بكات، مادام لایه‌نه‌كانمان زۆر زیاتر بون له جاران، به‌رامبه‌ره‌كانمان باشتر خۆیان رێكخستوهتهوه، به‌ڵام له به‌رامبه‌ریشدا ئێمه كه‌متر بوینه‌وه به ژماره، پێگه‌شمان له‌وانه‌یه تۆزێك لاوازتر بوبێت، من پێموایه ئه‌م چوار ساڵه، چوارساڵی چاره‌نوسسازه به‌ڕاستی، به‌تایبه‌تی بۆ ماده‌ی (140)، یان به ئیجابی به‌لادا ده‌خرێت، یان به سلبیی.
رۆژنامه: چ به‌رنامه‌یه‌كتان داناوه بۆ وه‌فدی دانوستكار؟، ئایا وه‌فدی دانوستكار پێكهاته‌كه‌ی، واته هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكانه ده‌بن هه‌ر ئێستا له به‌غدا پۆستیان هه‌یه یان به‌ته‌مای پۆست وه‌رگرتنن، مه‌سه‌له‌كه چۆنه؟.
حاكم شێخ له‌تیف: نه‌خێر ئێمه به‌رنامه‌یه‌كمان بۆ داناون، كه به‌رنامه‌یه‌كی به‌ڕاستی حه‌دی ئه‌علایه، به‌ته‌ماین حه‌دی ئهدناشیان بۆ دیاریبكه‌ین، كه له‌وه نه‌یه‌نه خوارێ، یه‌ك دو خاڵمان تێكردوه، كه نابێت ئه‌وانه‌ی له وه‌فدی دانوستكارن له به‌غدا پۆست وه‌ربگرن، هه‌مو لایه‌نه‌كانیش دو سێ كه‌سیان به‌شدار ده‌بن له وه‌فده‌كه‌دا، ئیتر ده‌چنه به‌غدا، به‌ڕاستی ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌وان تا چه‌ند ده‌توانن ئه‌و شتانه‌ی كه ئێمه نوسیومانه‌ته‌وه بیكه‌ن، به‌رنامه‌كانیش دو ته‌وه‌ره، ته‌وه‌رێكیان له‌سه‌ر ئاستی هه‌مو عێراق، واته ئێمه له‌سه‌ر ئاستی هه‌مو عێراق چیمان ده‌وێت، هه‌روه‌ها ته‌وه‌ری دوه‌میشیان داواكارییه كوردستانییه‌كان، ئیتر هه‌مو ئه‌و شتانه‌ن كه زۆربه‌ی خه‌ڵك ده‌یانزانێ و ئه‌ماژه‌م به‌هه‌ندێكیان دا، هه‌روه‌ها ئه‌مجاره مه‌بده‌ئێكی دیكه‌ی باشیشمان دانا، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه مه‌بده‌ئی لێپرسینه‌وه، پێمخۆشه بڵێم له رابردودا وه‌زیر و ئه‌ندام په‌رله‌مان چی كردبێت به كه‌یفی خۆی بو، به‌ڵام ئه‌مجاره دیاره هه‌م ئه‌م فراكسیۆنه كه دروستده‌بێت یه‌كێك له كاره‌كانیشی ئه‌وه‌یه، كه له به‌رپرسه حكومییه‌كانی كورد ده‌پرسێته‌وه، ئاگاداری په‌رله‌مان و سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات، هه‌روه‌ها مهبدهئێكیشمان داناوه كه نابێت هیچ لایه‌نێك له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیی، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌و به‌رپرسه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و حیزبه‌یه له حكومه‌تدا تێوه‌ده‌گلێت له‌شتێكدا نابێت به ناهه‌ق به‌رگری لێبكات، ئه‌و مه‌بده‌ئه‌ی كه نابێت پشتی براكه‌ت بگریت، زاڵم بێت یان زوڵملێكراو بێت، ئه‌وه به‌ڕاستی ئه‌وه‌ش بۆ خۆی خاڵێكه، بۆ نمونه گۆڕان سبه‌ینێ كه وه‌زیرێكی ده‌بێت، كه تێوه‌گلا له گه‌نده‌ڵیی یان تێوه‌گلا له شتی دیكه یان هه‌ر كه‌مته‌رخه‌م بو و گه‌نده‌ڵ نه‌بو، واته به‌ڕاستی له‌ئاستی ئه‌و پۆسته‌دا نه‌بو، نابێت گۆڕان به‌رگری لێبكات و بڵێت ئه‌مه وه‌زیری منه، جاران وا كراوه به‌داخه‌وه، ئێمه به‌ڕاستی ئه‌وه‌شمان جێگیركردوه و له پهیڕهوهكهدایه.