راپۆرتی: پشتیوان سه‌عدوڵا
دوای سێ ساڵ له گۆڕینی سیستمی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان، تائێستا سیستمه نوێیه‌كه پهیڕهونهكراوه و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ش روبه‌ڕوی قه‌یرانی بێبه‌رنامه‌یی و بێپلانی بوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ك پسپۆڕانی په‌روه‌رده‌یی پێیانوایه؛ بواری په‌روه‌رده له كوردستان له قه‌یراندایه و به‌ره‌و دواوه ده‌ڕوات. هاوكات زۆربونی ره‌خنه له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی گه‌یاندوه‌ته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی پێداچونه‌وه به سیستمه‌كه‌دا بكرێت.
سێ ساڵ به‌ر له‌ئێستاو له‌ساڵی (2007)دا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆنگره‌یه‌كی (3) رۆژه‌ی سازكرد به‌مه‌به‌ستی گۆڕینی سیستمی په‌روه‌رده‌و فێركردن له هه‌رێمی كوردستان، له‌و گۆنگره‌یه‌دا كۆمه‌ڵێك بڕیار‌و راسپارده ده‌رچون و سیستمێكی نوێ (نزیك له سیستمی سویدی) دانراو جێگه‌ی سیستمه كۆنه‌كه‌ی گرته‌وه، گۆڕینی ئه‌و سیسته‌مه له‌كاتێكدایه، كه تائێستاش ژینگه‌ی په‌روه‌رده و خوێندن هیچ گۆڕانكارییه‌كی تێدانه‌كراوه.
پرۆژه‌ی گۆڕینی سیستمی په‌روه‌رده‌و فێركردنی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، پێشنیازكراوی كۆنگره‌ی په‌روه‌رده‌یی (22 ـ24/5/2007) كه له هه‌ولێر به‌سترا، پرۆژه‌كه له شه‌ش به‌ش پێكهاتوه، ئه‌وانیش (پێشه‌كی، ئامانجه‌كان، هۆكاره‌كان، ریفۆرم و گۆڕانكارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان، هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌دواداچون، كۆتایی).
به‌پێی سیستمه نوێیه‌كه ئامانجه‌كانی گۆڕینی سیستمی په‌روه‌رده و فێركردن له هه‌رێمی كوردستان ئه‌مانه‌ن: (بنبڕكردن یان كه‌مكردنه‌وه‌ی وازهێنان له خوێندن، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی توانای كادیرانی په‌روه‌رده‌یی له كوردستاندا، به پراكتیككردنی خوێندنی سه‌ره‌تایی و ئاماده‌یی و نزیككردنه‌وه‌ی له بازاڕی كار و خوێندنی باڵا).
د.دڵشاد عه‌بدولڕه‌حمان، وه‌زیری پێشوی وه‌زاره‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات؛ كابینه‌ی پێنجه‌م له دو كابینه‌ی حكومه‌ت پێكهێنراو كۆمه‌ڵێك بهإێوهبهری گشتیی له هه‌ردولا دانرانهوهو ئه‌وه‌ش سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره بو، نه‌ده‌كرا هه‌مو ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییانه‌ی كه حیزب داینابون بیانكه‌یته ده‌ره‌وه‌ی پرۆسه‌كه، له ئێستاشدا ژماره‌یه‌كی به‌رچاو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی و راوێژكار هه‌ن ناتوانن ئه‌و ئه‌ركه پیرۆزه‌ی سه‌رشانیان جێبه‌جێبكه‌ن.
د.دڵشاد به رۆژنامه‌ی وت: "ئێمه له سیستمی نوێی په‌روه‌رده‌دا فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌ییمان داڕشتوه و ده‌زانین له رێگه‌ی ئه‌و سیستمه‌وه كوردستان به‌ره‌و كوێ ده‌به‌ین، ئه‌و كاته‌ش هه‌مو لایه‌ك و ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانی كوردستانیش له‌سه‌ر سیستمه‌كه رازیبون و كۆده‌نگییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و سیستمه دروستبو، ده‌توانرێت له‌م سه‌رده‌مه‌دا و به‌م زه‌مینه‌یه‌ی ئێستا زۆر خاڵی گه‌شی سیستمه‌كه جێبه‌جێبكرێت".
دوای سێ ساڵ له گۆڕینی سیستمی په‌روه‌رده‌و فێركردن، تائێستا سیستمه نوێیه‌كه پهیڕهوناكرێت و ئه‌و بڕیار و راسپاردانه‌ش كه جێبه‌جێكراون به‌هۆی نه‌گونجان له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی خوێندن و نه‌بونی دیراسهكردنهوه روبه‌ڕوی كێشه بوه‌ته‌وه، تا گه‌یشتوه‌ته راده‌یه‌ك به‌شێك له‌و بڕیارانه ره‌تكراونه‌ته‌وه و راگیراون. بۆ نمونه ئه‌و بڕیارانه‌ی كه تایبه‌تن به چۆنێتی دابه‌شكردنی رێژه‌ی نمره‌ی قۆناغی ئاماده‌یی له پۆله‌كانی (12،11،10) له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردودا گه‌وره‌ترین ناڕه‌زایی و رێپێوان و خۆپیشاندانی خوێندكارانی لێكهوتهوه، تا به ناچاریی وه‌زیری په‌روه‌رده بڕیاره‌كه‌ی راگرت. هه‌روه‌ك به‌پێی سیستمه نوێیه‌كه وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی شه‌شه‌می بنه‌ڕه‌تی و نۆیه‌می بنه‌ڕه‌تی به‌نده به تاقیكردنه‌وه‌ی نیشتمانییه‌وه و هه‌ر قوتابی و خوێندكارێك له‌و تاقیكردنه‌وه‌یه ده‌رنه‌چێت بڕوانامه‌ی پێ‌نادرێت، دوای ساڵێك له جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره، ئه‌مساڵ بڕیاره‌كه هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه.
به‌شێك له بڕیار و رێنماییه‌كانی سیستمی نوێی په‌روه‌رده و فێركردن، كه نه‌توانراوه جێبه‌جێبكرێن (خوێندنی بنه‌ڕه‌تی ده‌بێته (9) ساڵ و قوتابخانه‌كانی كوردستانیش له پۆلی (1-9)یان ده‌بێت، ده‌كرێت پۆلی (1-3) له قوتابخانه‌یه‌ك و (4-6) له قوتابخانه‌یه‌ك و (7-9) له قوتابخانه‌یه‌كدا بن)، هه‌روه‌ها به‌پێی به‌ندی دوه‌م له تاقیكردنه‌وه گشتییه‌كان (تاقیكردنه‌وه‌ی میلـلی (نیشتمانی) له پۆلی پێنجه‌می بنه‌ڕه‌تی جێگه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كالۆری پۆلی شه‌شه‌م ده‌گرێته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك كه تاقیكردنه‌وه‌ی نیشتمانی له سه‌ره‌تای مانگی (4)دا ئه‌نجامده‌درێت، هه‌روه‌ها له قۆناغه‌كانی (9،8) تاقیكردنه‌وه‌ی نیشتمانی ئه‌نجامده‌درێت و هه‌ر قوتابی و خوێندكارێك به‌شداریی ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه نه‌كات، بڕوانامای قۆناغی شه‌شه‌م و نۆیه‌می بنه‌ڕه‌تی پێ‌نادرێت.
هه‌روه‌ك له خاڵی (6)ی كێتێبی ریفۆرم و گۆڕانكارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كاندا هاتوه، ئه‌زمونه‌كانی پۆله‌كانی (9،8،7) به‌مشێوه‌یه ده‌بێت: (رێژه‌ی نمره‌ی پۆلی (7)، (15%) وه‌رده‌گیرێت، رێژه‌ی نمره‌ی پۆلی (8)، (15%) وه‌رده‌گیرێت، رێژه‌ی نمره‌ی پۆلی (9) (70%) وه‌رده‌گیرێت، هه‌ر قوتابییه‌ك رێژه‌ی (60%) به‌ده‌ستنه‌هێنێت، مافی وه‌رگرتنی نابێت له قۆناقی ئاماده‌ییدا، له‌ساڵی خوێندنی (2007ـ2008)وه جێبه‌جێده‌كرێت).
ئه‌زمونه‌كانی پۆله‌كانی (12،11،10) به‌مشێوه‌یه ده‌بێت: (رێژه‌ی نمره‌ی پۆلی (10)، (10%) وه‌رده‌گیرێت، رێژه‌ی نمره‌ی پۆلی (11)، (15%) وه‌رده‌گیرێت، رێژه‌ی نمره‌ی پۆلی (12)، (75%) وه‌رده‌گیرێت، له‌ساڵی خوێندنی (2007-2008)وه جێبه‌جێده‌كرێت).
دڵشاد عومه‌ر، (منسق) هاوئاهه‌نگی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و ئه‌ندامی گۆنگره‌ی په‌روه‌رده‌یی پێیوایه؛ وه‌زیری پێشوی په‌روه‌رده گوێگر نه‌بو پشتی به كۆمه‌ڵێك مامۆستای ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌ستبو، سیستمی ده‌وڵه‌ته ئهسكهندهناڤییهكان نزیك له سیستمی سویدی هێنایه كوردستان و جێبه‌جێیكرد، به‌بێ ئه‌وه‌ی گوێ له مامۆستایان و به‌ڕێوه‌به‌ر و سه‌رپه‌رشتیارانی كوردستان بگرێت، گۆنگره ته‌نیا بۆ ئه‌وه به‌سترا وه‌سیقه‌یه‌ك بێت به‌ده‌ست وه‌زیری په‌روه‌رده‌وه، ئامانج له گۆڕینی سیستمی په‌روه‌رده‌یی ته‌نیا ده‌ستكه‌وتێك بو بۆ كابینه‌ی پێنجه‌م، ئیتر گرنگ نییه ئه‌م سیستمه خوێندن به‌ره‌و دواوه ده‌بات و چه‌ند خه‌ڵك ناڕازییه.
باسی له‌وه‌ش كرد؛ كێشه‌یه‌كی دیكه ئه‌وه‌بو دوای كۆنگره‌كه لیژنه‌یه‌ك له وه‌زاره‌ت پێكهێنراو ئه‌و لیژنه‌یه سیستمی نوێی خوێندنی داڕشته‌وه بێ ئاگاداریی مامۆستایان و به‌ڕێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌ران و سه‌رپه‌رشتیاران، یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی جێبه‌جێنه‌كردنی سیستمه‌كه گوێنه‌گرتن بو له شاره‌زایانی خۆماڵیی.
وتیشی: "ناكرێت به‌په‌له و سیستمی نوێ به‌زویی جێبه‌جێبكرێت، چونكه هێشتا ژینگه‌ی خوێندن و په‌روه‌رده له قه‌یراندایه.
له به‌شی (به‌دواداچون و هه‌ڵسه‌نگاندن)ی پرۆژه‌ی گۆڕینی سیستمی په‌روه‌رده و فێركردندا، باس له‌وه‌كراوه؛ "پاش ساڵێك له پراكتیككردنی پرۆژه‌ی گۆڕینی سیستمی په‌روه‌رده و فێركاریی، به‌دواداچونێكی هه‌مه‌لایه‌نه و هه‌ڵسه‌نگاندنێكی قوڵی هه‌مو پرۆژه‌كه له‌لایه‌ن پسپۆڕانی په‌روه‌رده‌ییه‌وه ده‌كرێت بۆ ده‌ستنیشانكردنی ده‌ره‌نجامه پۆزه‌تیڤ و به‌هێزه‌كانی پرۆژه‌كه و ده‌رئه‌نجامه لاوازه‌كانی، په‌یڕه‌ونه‌كردنی به‌شێك له راسپارده‌و بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ی په‌روه‌رده‌یی و جێبه‌جێنه‌كردنی سیستمه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتو، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی روبه‌ڕوی ناڕه‌زاییه‌كی زۆر كردوه‌ته‌وه‌و له‌ئێستاشدا كارده‌كرێت بۆ پێداچونه‌وه به سیستمه‌كه‌دا.
سه‌فین دزه‌یی، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: هیچ پرۆژه‌یه‌كی نوێ بێ كه‌موكوڕی نییه‌و سیستمی نوێی په‌روه‌رده‌ش هه‌ندێك كه‌موكوڕی تێدایه و ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ئێستا له كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌دا گه‌یشتینه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه پێویسته پێداچونه‌وه به سیستمی نوێ‌دا بكرێت و له هاوینی ئه‌مساڵدا ده‌ستده‌كرێت به پێداچونه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابین كه تاچه‌ند سیستمی نوێ سه‌ركه‌وتوبوه، هیوادارین بڕیاره‌كانی دوای پێداچونه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندیی خوێندكاران‌دا بێت.
هه‌روه‌ك دڵشاد عومه‌ر ده‌ڵێت: "له‌دوای كۆنگره‌وه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده توشی بێپلانی و بێ سه‌روبه‌ره‌یی بوه‌ته‌وه، رێنمایی و بڕیاره‌كان كه ده‌رده‌چن ورد‌و باش نین و هه‌ندێكجار پێچه‌وانه‌ی یه‌كترن، بۆیه هیوادارم وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده به‌م نزیكانه كۆنفرانس ببه‌ستێت و له‌ئێستاشه‌وه ئاماده‌كاریی بۆ بكرێت و بانگكردنی مامۆستا‌و به‌ڕێوه‌به‌ر و پسپۆڕانی په‌روه‌رده له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی دروست بێت، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای خزمخزمێنه و ته‌كه‌تولات و حیزبایه‌تی، جگه له‌وه‌ش پێویسته كه‌سوكاری خوێندكار و رۆشنبیران و ره‌خنه‌گران به‌شداریی بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كۆنفرانسه ئاهێك بهێنێته‌وه به به‌ر وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌دا و بیهێنێته سه‌ر سكه".
به بڕوای پسپۆڕانی بواری په‌روه‌رده، سه‌رنه‌كه‌وتنی سیستمی په‌روه‌رده ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌ڕه‌خساندنی ژینگه‌ی په‌روه‌رده‌یی و هه‌روه‌ها زاڵبونی ده‌ستی حیزب له‌ناو ده‌زگاكانی په‌روه‌رده‌دا، كه به‌رژوه‌ندیی حیزبیی بڕیارده‌ره له هه‌مو كایه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌دا.
دڵشاد عومه‌ر ئه‌وه ده‌خاته‌ڕو، نه‌بونی مامۆستای پسپۆڕ و به‌رپرسی نێو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كان یه‌كێك بوه له هۆكاره‌كانی په‌كخستنی بواری په‌روه‌رده و هه‌مو ئه‌و زیانه گه‌ورانه‌ی به په‌روه‌رده گه‌یشتوه له‌مه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه، چونكه به‌رپرسه باڵاكانی وه‌زاره‌ت به ته‌زكیه‌ی حیزبیی دانراون و ئه‌وجۆره خه‌ڵكانه‌ش نازانن كێشه و گرفتی واقیعی په‌روه‌رده چییه و خه‌ڵكانی به ئه‌زمون نین و به ئاره‌زوی خۆیان رێنمایی ده‌رده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ك به بۆچونی د.سڵێمان جه‌عفه‌ر، پسپۆڕی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا، ئه‌و سیستمه نوێیه كه‌سانێك دایناوه ئاگاداری ره‌وشی په‌روه‌رده‌ی كوردستان نه‌بون، به‌ڵكو به‌شێكیان پسپۆڕی ده‌ره‌وه‌و به‌شێكیان خه‌ڵكانی حیزبیی بون، هه‌رچه‌ند سیستمه‌كه لایه‌نی باشی تێدایه.
وتیشی: "گۆڕینی سیستمی په‌روه‌رده وه‌كو گۆڕینی جلوبه‌رگ نییه، به‌ڵكو گۆڕینی سیستم پێویستی به دیراسه‌كردنی چه‌ند ساڵه هه‌یه، پێویستی به به‌شداریپێكردن و هه‌ماهه‌نگی هه‌مو لایه‌نه‌كان هه‌یه، بونی ئه‌و كێشانه‌ی كه ئێستا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده روبه‌ڕوی بوه‌ته‌وه، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه كه دیراسه‌ی واقیع و ژینگه‌ی كوردستان نه‌كراوه، كاتێك سیستمی نوێ جێبه‌جێده‌كرێت، كه دیراسه‌ی هه‌مو لایه‌نه‌كانی ره‌وشی په‌روه‌رده بكرێت، ده‌بێت یه‌كه‌ی ئیداریی و كارگێڕیی هه‌مو وه‌زاره‌ت چاكبكرێت و ده‌ستی حیزب له‌نێو په‌روه‌رده‌دا دوربخرێته‌وه و له شوێنی خه‌ڵكانی حیزبیی خه‌ڵكی شیاو دابنرێت".