Print
 پێشێلكارییه‌كانی‌ سنوری‌ شاره‌وانی‌ كه‌لار
Saturday, May 8, 2010

راپۆرت:
سه‌دان پارچه‌ زه‌وی‌ به‌سه‌ر كادرانی‌ حیزبدا بێ تۆماركردن، دابه‌شكراوه‌
له‌ سنوری‌ شاره‌وانی‌ كه‌لار ده‌یان پێشێلكاریی‌ كراوه‌ ‌و ساخته‌ به‌ فه‌رمانی‌ وزاری‌ ‌و نوسراوی‌ ره‌سمییه‌وه‌ كراوه‌ ‌و خه‌ڵكانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كه‌لار له‌و ناوچه‌یه‌ زه‌وییان (2-3) جار وه‌رگرتوه‌، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مانه‌ش تائێستا دادگا فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنی‌ هه‌ردو سه‌رۆكی‌ پێشوتری‌ كه‌لاری‌ جێبه‌جێ نه‌كردوه‌، هه‌ربۆیه‌ پێویسته‌ داواكاری‌ گشتیی‌ بێته‌ وه‌ڵام.

دانیشتوی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كه‌لارن ‌و زه‌وییان وه‌رگرتوه‌
له‌لایه‌ن شاره‌وانی‌ كه‌لار ‌و وه‌زاره‌تی‌ شاره‌وانییه‌وه‌ ده‌یان پارچه‌ زه‌وی‌ به‌سه‌ر كه‌سانێكدا دابه‌شكراون، كه‌ خه‌ڵكی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سنوری‌ شاره‌وانی‌ كه‌لارن ‌و دانیشتوی‌ ناوچه‌كانی‌ (هه‌ولێر، سلێمانی‌، هه‌ڵه‌بجه‌، خانه‌قین ‌و به‌غدا)ن له‌ سنوری‌ شاره‌وانی‌ كه‌لار زه‌وییان پێدراوه‌.

ئه‌وه‌ش به‌پێی‌ لیستێك، كه‌ وه‌ك نمونه‌یه‌ك ده‌ست (رۆژنامه‌) كه‌وتوه‌ ‌و له‌ (28) كه‌س پێكهاتوه‌ به‌ رێباز عوسمان ئه‌مین، ده‌ستپێده‌كات ‌و به‌ ئاراز عارف محه‌مه‌د، كۆتایی‌ دێت ‌و تیایدا هاتوه‌: كه‌ له‌وكه‌سانه‌ی‌ زه‌وییان وه‌رگرتوه‌ ( 2) كه‌سیان دانیشتوی‌ هه‌ولێرن، (4) یان دانیشتوی‌ سلێمانین، (5) كه‌سیان دانیشتوی‌ خانه‌قینن، (3) كه‌سیان دانیشتوی‌ كه‌ركوك، (2) كه‌سیان دانیشتوی‌ سه‌ڵاحه‌دین، (3) كه‌س دانیشتوی‌ دوز، (2) كه‌س دانیشتوی‌ سه‌عدییه‌، (یه‌ك) كه‌س له‌ به‌غدا، (6) كه‌س له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ شه‌هید داده‌نیشن)، زه‌وییه‌كانیش هه‌موی‌ له‌ كه‌رتی‌ (54) ی‌ سنوری‌ شاره‌وانی‌ كه‌لار وه‌ریانگرتوه‌.

هاوكات، به‌پێی‌ نوسراوێكی‌ ناوه‌ندی‌ كاری‌ هاوبه‌شی‌ رێكخراوه‌كانی‌ سنوری‌ گه‌رمیان سه‌دان كه‌س له‌ دانیشتوانی‌ كه‌لار كێشه‌ی‌ نیشته‌جێبونیان هه‌یه‌ ‌و پێویسته‌ چیتر رێگه‌نه‌درێت زه‌وی‌ ناوچه‌كه‌ بدرێت به‌ كه‌سانێك له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ سنوری‌ شاره‌وانی‌ كه‌لار، هه‌روه‌ك داواش ده‌كه‌ن له‌لایه‌نی‌ به‌رپرس لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ شاره‌وانی‌ كه‌لار بكات.

هه‌ر به‌ مه‌به‌ستی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و پێشێلكاریی‌ ‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی‌ له‌ سنوری‌ شاره‌وانی‌ كه‌لار ئه‌نجامدراوه‌، له‌به‌ر رۆشنایی‌ راپۆرتی‌ كاری‌ هاوبه‌شی‌ رێكخراوه‌كانی‌ سنوری‌ گه‌رمیان، جێگری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران به‌ فه‌رمانی‌ ژماره‌ (2248) له‌ (28/2/2007) لیژنه‌یه‌كی‌ (6) كه‌سی‌ پێكهێناوه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ ‌و كۆكردنه‌وه‌ی‌ زانیاریی‌ له‌ سنوری‌ ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان له‌ كۆنوسی‌ لیژنه‌كه‌دا هاتوه‌: كه‌ سه‌رۆكی‌ شاره‌وانی‌ كه‌لار دانی‌ به‌و راستییه‌دا ناوه‌، كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر هاوڵاتیی‌ ‌و كادری‌ حیزبه‌كان خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ش نین ‌و زه‌وی‌ نیشته‌جێشیان وه‌رگرتوه‌، رونی‌ كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و هاوڵاتییانه‌ به‌ نامه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ حیزبه‌كان و له‌سه‌ر بڕیاری‌ وه‌زیری‌ شاره‌وانی‌ زه‌وییان بۆ ته‌رخانكراوه‌.

كادرانی‌ حیزب (2-3) پارچه‌ زه‌وییان وه‌رگرتوه‌
له‌ كۆنوسی‌ لیژنه‌ تایبه‌ته‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو؛ كه‌ هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆكی‌ شاره‌وانی‌ كه‌لار دانی‌ به‌وه‌شدا ناوه‌، كه‌ جگه‌ له‌مانه‌ ژماره‌یه‌ك به‌رپرس ‌و كادری‌ حیزبی‌ هه‌ن له‌ بری‌ پارچه‌یه‌ك زه‌وی‌ دوان ‌و سیانیان وه‌رگرتوه‌، به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌ هیچ كام له‌و نامانه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ ‌و حیزب ئاشكرا بكات.


له‌و لیسته‌شدا كه‌ ده‌ست (رۆژنامه‌) كه‌وتوه‌، وه‌ك نمونه‌یه‌ك ناوی‌ (25) كه‌س له‌ خۆده‌گرێت، كه‌ یه‌ك كه‌س (2-3) پارچه‌ زه‌وی‌ وه‌رگرتوه‌، لیسته‌كه‌ش به‌ محه‌مه‌د مه‌جید عه‌زیز، ده‌ستپێده‌كات ‌و (3) پارچه‌ زه‌وی‌ وه‌رگرتوه‌ ‌و به‌ ره‌شید كه‌ریم محه‌مه‌د، كۆتایی‌ دێت، كه‌ دو پارچه‌ زه‌وی‌ وه‌رگرتوه‌.

 پیشه‌وه‌ر نین ‌و له‌ناوچه‌ی‌ پیشه‌سازی‌ دوكانیان وه‌رگرتوه‌
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ شاره‌وانی‌ كه‌لار ئه‌نجامی‌ داون، ناوچه‌ی‌ پیشه‌سازی‌ كه‌لاریشی‌ گرتوه‌ته‌وه‌ ‌و ژماره‌یه‌كی‌ زۆر دوكان دراوه‌ به‌ هاوڵاتییان، كه‌ پیشه‌وه‌ر نین، وه‌ك (پزیشك، مامۆستا، مافپه‌روه‌ر، ژنی‌ ماڵ‌، كادری‌ حیزب) و وه‌ك له‌ نمونه‌ی‌ ئه‌و لیسته‌دا هاتوه‌، كه‌ ده‌ست (رۆژنامه‌) كه‌وتوه‌ ‌و له‌ (72) كه‌س پێكهاتوه‌، كه‌ به‌ ناوی‌ هه‌ڵۆ محه‌مه‌د ئیبراهیم، ده‌ستپێده‌كات ‌و به‌ عه‌لی‌ نه‌ریمان رۆسته‌م، كۆتایی‌ دێت ‌و له‌نێو لیسته‌كه‌دا پیشه‌ی‌ له‌ لیستی‌ شاره‌وانیدا ‌و پیشه‌ی‌ راسته‌قینه‌ی‌ كرێگرته‌كه‌ی‌ تێدا خراوه‌ته‌ڕو.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌كه‌ی‌ سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌ سه‌رۆكی‌ شاره‌وانی‌ كه‌لار ‌و ئه‌ندازیاری‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ ناوچه‌ی‌ پیشه‌سازی‌ كردوه‌ ‌و له‌ وه‌ڵامدا هه‌ردوكیان ته‌ئكیدیان كردوه‌ته‌وه‌، كه‌ گوایه‌ له‌سه‌ر فه‌رمانی‌ وه‌زیری‌ شاره‌وانی‌ وه‌ك نوێنه‌ری‌ (مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌) یه‌كێتی‌ زه‌وییان به‌سه‌ر پیشه‌وه‌راندا دابه‌شكردوه‌ له‌سه‌ر ئه‌ساسی‌ (مساگحه‌) بۆ ماوه‌ی‌ (15) ساڵ‌ ‌و هه‌رچی‌ پیشه‌وه‌ر هه‌بوه‌ زه‌وییان وه‌رگرتوه‌ ‌و كردویانه‌ به‌ دوكان.

لیسته‌كان ئاڵوگۆرَِی‌ پێكراوه‌
له‌به‌رامبه‌ردا، بۆ مه‌به‌ستی‌ ساخته‌كاریی‌ ‌و وه‌ك له‌ نوسراوه‌كه‌ی‌ لیژنه‌ تایبه‌ته‌كه‌دا هاتوه‌، شاره‌وانی‌ هه‌ستاوه‌ به‌ دانانی‌ لیستێكی‌ (115) كه‌سی‌، كه‌ به‌ده‌ره‌ له‌و لیسته‌ی‌ ئیعلانكراوه‌ ‌و ئه‌مانه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ شاره‌وانییه‌وه‌ زه‌وییان وه‌رگرتوه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆیان، نه‌ك به‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ لیژنه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌، كه‌ ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان ‌و شاره‌وانی‌ پێی‌ هه‌ستاون.

ئه‌مه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ خه‌ڵك هه‌ن هه‌ر له‌ ناوچه‌ی‌ پیشه‌سازی‌ كه‌لار له‌ جارێك زیاتر سودمه‌ندبون له‌ وه‌رگرتنی‌ دوكان له‌ ناوچه‌ی‌ پیشه‌سازی‌.

ساخته‌كاریی‌ له‌ فه‌رمانی‌ وزاریدا كراوه‌
له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌، ساخته‌كاریی‌ له‌ فه‌رمانی‌ وزاریدا كراوه‌، كه‌ فه‌رمانی‌ وه‌زاره‌تی‌ شاره‌وانی‌ ژماره‌ (15983) له‌ (20/8/2003)، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ته‌رخانكردنی‌ (49) پارچه‌ زه‌وی‌ نیشته‌جێكردن بۆ (49) پێشمه‌رگه‌ی‌ (سرك ‌و پارتیزان) ته‌رخانكراوه‌، به‌ڵام نوسراوه‌كه‌ گۆڕاوه‌ ‌و ناوی‌ دیكه‌ له‌بری‌ ئه‌و ناوانه‌ی‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ هاتون زه‌وییان بۆ ته‌رخانكراوه‌.

پێشێلكارییه‌كانی‌ سنوری‌ شاره‌وانی‌ كه‌لار له‌ ئاستێكدایه‌، كه‌ پێویستی‌ به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ ‌و سزادانی‌ كه‌مته‌رخه‌مان ده‌كرد، چونكه‌ جگه‌ له‌و پارچه‌ زه‌وییانه‌ی‌ به‌ نادادپه‌روه‌رانه‌ ته‌رخانكراون بۆ كه‌سانی‌ حیزبی‌ ‌و بڕیاری‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ له‌بری‌ فه‌رمانی‌ وزاری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دابه‌شكردنی‌ زه‌وی‌ هه‌بوه‌.

چه‌ندین زه‌وییان وه‌رگرتوه‌ ‌و تۆمارنه‌كراون
ژماره‌یه‌كی‌ زۆریش له‌و كه‌سانه‌ی‌، كه‌ (2-3) پارچه‌ زه‌وییان به‌هه‌مان ناوی‌ خۆیان ‌و به‌ سیفه‌تی‌ جیاجیا وه‌رگرتوه‌، له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ شاره‌وانی‌ كه‌لار ‌و تێبینه‌رایه‌تی‌ تۆماركردنی‌ خانوبه‌ره‌ی‌ كه‌لار ده‌ركه‌وتوه‌، كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌و پارچه‌ زه‌وییانه‌ له‌ تێبینه‌رایه‌تی‌ خانوبه‌ره‌ی‌ كه‌لار تۆمارنه‌كراون ‌و هه‌ندێكیشیان له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ شاره‌وانی‌ كه‌لار دۆسییه‌یان نه‌بوه‌ ‌و ژماره‌یه‌كی‌ دیكه‌یان دۆسییه‌كانیان له‌ تێبینه‌رایه‌تی‌ تۆماركردنی‌ خانوبه‌ره‌ی‌ كه‌لار هیچ سه‌ره‌تایه‌كی‌ تێدا نه‌پارێزراوه‌، واته‌ (ته‌ملیك نه‌كراون).

وه‌ك نمونه‌یه‌كیش لیستێك به‌ده‌ست (رۆژنامه‌) گه‌یشتوه‌، كه‌ (11) كه‌سی‌ تێدایه‌ ‌و (22) پارچه‌ زه‌وییان وه‌رگرتوه‌ ‌و لیسته‌كه‌ش به‌ ناوی‌ هدایه‌ت سابر عه‌بدوڵا، ده‌ستپێده‌كات، كه‌ به‌ سیفه‌تی‌ كه‌مئه‌ندام پارچه‌ زه‌وییه‌ك ‌و به‌ سیفه‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ دێرین پارچه‌ زه‌وییه‌كی‌ دیكه‌ی‌ وه‌رگرتوه‌، كه‌ یه‌كێكیان تاپۆ نه‌كراوه‌ به‌پێی‌ لیستی‌ شاره‌وانی‌ كه‌لار، به‌ناوی‌ عوسمان محه‌مه‌د مه‌حمود، كۆتایی‌ دێت كه‌ دوپارچه‌ زه‌وی‌ وه‌رگرتوه‌ ‌و دۆسییه‌كه‌ی‌ به‌تاڵه‌‌و هیچ ئه‌وه‌لیاتێكی‌ تێدا نه‌بوه‌.

فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردن بۆ هه‌ردو سه‌رۆكی‌ شاره‌وانی‌ پێشوتری‌ كه‌لار
دوا به‌دوای‌ ئاشكرابونی‌ ئه‌م پێشێلكاریی‌ ‌و ساخته‌كارییانه‌ی‌ له‌ سنوری‌ گه‌رمیان ‌و شاره‌وانی‌ كه‌لار به‌ تایبه‌تی‌ ئه‌نجامدراون، فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردن بۆ هه‌ردو سه‌رۆكی‌ شاره‌وانی‌ پێشوتری‌ كه‌لار حه‌سه‌ن جیهاد ئه‌مین ‌و سه‌لام عه‌لی‌ محه‌مه‌د، ده‌رچوه‌، به‌ڵام تائێستا ئه‌و فه‌رمانه‌ی‌ دادگا جێبه‌جێ نه‌كراوه‌.

سه‌رۆكایه‌تی‌ دادگای‌ تێهه‌ڵچونه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ی‌ كه‌ركوك له‌ سلێمانی‌ ئاگادارنامه‌یه‌كی‌ ره‌سمییان له‌ به‌رواری‌ (16/11/2009)ه‌وه‌ ئاراسته‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی‌ گشتی‌ پۆلیسی‌ هه‌رێم كردوه‌، تیادا ئاماژه‌ به‌ نوسراوێكی‌ دادگای‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ كه‌لار كراوه‌‌و ئه‌وه‌ی‌ تێدا خراوه‌ته‌ڕو؛ كه‌ دادگا (2) جار بانگهێشتنامه‌ی‌ بۆ (حه‌سه‌ن جیهاد ئه‌مین) به‌پێی‌ ماده‌ی‌ (289) له‌ (ی‌.س) ده‌ركردوه‌، به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بوه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌ (13/9)ه‌وه‌ بانگهێشته‌كه‌ كراوه‌ته‌ فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردن، هاوكات فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنیش بۆ تۆمه‌تبار (سه‌لام عه‌لی‌ محه‌مه‌د) ده‌ركراوه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای‌ تێپه‌ڕبونی‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر ئه‌و بڕیارانه‌ تاوه‌كو ئێستا جێبه‌جێ نه‌كراون، ئاگاداری‌ نامه‌كه‌ش ئیمزای‌ ئه‌كره‌م فه‌ره‌ج ئه‌مین، سه‌رۆكی‌ دادگای‌ پێوه‌یه‌.

پاش ئه‌وه‌ش ئه‌و ئاگاداری‌ نامه‌یه‌ش حسێن مه‌نسور ئه‌كره‌م، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ گه‌رمیان نوسراوێكی‌ ئاراسته‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی‌ گشتیی‌ پۆلیس- جوڵانه‌وه‌‌و تاوان، كردوه‌ ‌و داواده‌كات تۆمه‌تبار حه‌سه‌ن جیهاد ئه‌مین، كه‌ فه‌رمانی‌ گرتنی‌ هه‌یه‌ له‌ دادگای‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ كه‌لار، ناوبراو لێپرسراوی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ (26)ی‌ رێكخستنی‌ قه‌زاری‌ كفری (ی‌.ن.ك)ه‌، پێویسته‌ له‌ڕێگه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆوه‌، كه‌ مه‌رجه‌عی‌ خۆیه‌تی‌ ره‌وانه‌ی‌ پۆلیسی‌ كه‌لار بكرێت، له‌گه‌ڵ‌ سه‌لام عه‌لی‌ محه‌مه‌دیش كاری‌ پێویست بۆ ده‌ستگیركردنیان بكرێت.

بڕیاری‌ دادگا پێشێلده‌كرێت
به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ (رۆژنامه‌) تائێستا ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ له‌لایه‌ن دادگاوه‌ دۆسییه‌كانیان یه‌كلایی‌ نه‌كراوه‌ته‌وه‌ ‌و ته‌سلیم به‌ دادگا نه‌كراون، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئێستا حه‌سه‌ن جیهاد ئه‌مین، ئه‌ندامی‌ هه‌ڵبژێردراوی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقه‌ له‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانیی‌ ‌و سه‌لام عه‌لی‌ محه‌مه‌د- یش ئازاده‌ ‌و ته‌نیا سزای‌ ئه‌وه‌بو، كه‌ له‌كاره‌كه‌ی‌ وه‌ك سه‌رۆكی‌ شاره‌وانی‌ لابراوه‌، هه‌ربۆیه‌ ده‌پرسین كاتێك دادگاش له‌ ئاست ده‌سه‌ڵاتی‌ حیزبدا بێده‌نگ ده‌بێت، كاتی‌ ئه‌وه‌ نه‌هاتوه‌ كه‌ داواكاری‌ گشتیی‌ بێته‌ وه‌ڵام؟.







Sbeiy.com © 2007