|
په‌كه‌كه و توركیا، ئاگربڕ و له‌شكركێشی |
Monday, December 24, 2007 |
راپۆرت: زانا ئه‌حمه‌د
سوپای توركیا له ساڵی 1984ه‌وه گیرۆده‌ی پهكهكهبووه و تا ئێستاش په‌كه‌كه 5 جار ئاگربڕی یه‌كلایه‌نه‌ی راگه‌یاندووه، ئه‌وانیش: له ساڵه‌كانی 93 بۆ یه‌كه‌مین جار و 95 و 97 و 99 و دواجاریش له ئه‌یلولی 2006، كه ماوه‌ی ئه‌م ئاگر بڕانه‌ش له مانگ و نێوێكهوه تا ساڵ و نیوێك درێژهیهیان كێشاوه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی توركیا ئه‌و ئاگربڕانهی په‌سه‌ند نه‌كردووه، په‌كه‌كه یه‌كلایه‌نه كۆتایی به ئاگربڕه‌كه هێناوه.
له به‌رامبه‌ریشدا سوپای توركیا له ساڵی 1983 تا ئێستا، به‌م له‌شكركێشییه‌ی ئه‌م دوواییهشهوه 25جار سنووری هه‌رێمی كوردستانیان به‌زاندووه و له‌شكركێشییان كردووه، به بیانووی بوونی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه و چه‌ندین خه‌ڵكی نیشته‌جێی سنووره‌كه‌یان ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر كردووه.
دوای ئه‌وه‌ی له ساڵی 2002 پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكه‌په) به رابهرێتیی ئه‌ردۆگان و گویل ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست، كورد هیوایه‌كی به‌و پارته هه‌بوو كه لایه‌ك له كێشه‌كه‌ی بكاته‌وه و هێڵێكی كۆتایی بۆ كێشه‌ی كورد و په‌كه‌كه بكێشێت، به‌ڵام ئه‌م حكومه‌ته‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له حكومه‌ته‌كانی تر جیاوازبووه به‌رامبه‌ر به‌كورد، به‌ڵام به‌پێی پێویست لای له كێشه‌ی په‌كه‌كه نه‌كرده‌وه و ئه‌مه‌ش وایكرد كه كێشه‌كه درێژه بكێشێت، به‌ڵام وه‌ك پێشتر نا ئه‌ویش به‌و هیوایه‌ی ئاكه‌په ئاوڕێك له‌و كێشه‌یه بداته‌وه.
له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 22ی ته‌مموزی 2007 دیسانه‌وه كورد هیوایه‌كی تری به ئاكه‌په هه‌بوو، ئه‌وه‌بوو ئاكه‌په به یارمه‌تیی ده‌نگده‌ره كورده‌كان توانیی سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره به ده‌ستبێنێت، كه بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی توركیادا پارتێك توانیی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی پارله‌مان بگرێته ده‌ست، به‌ڵام ئه‌م پارته بۆ جاری دووه‌م لای له كێشه‌ی په‌كه‌كه نه‌كرده‌وه و وه‌ك خۆی مایه‌وه و له به‌رامبه‌ریشدا فشاره‌كانی په‌كه‌كه بۆ سه‌ر سوپای توركیا و حكومه‌ت زیادیكرد هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌یان سه‌ربازی تورك به ده‌ستی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه كوژران و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش حكومه‌ت بیری له رێگه‌چاره‌یه‌ك كرده‌وه بۆ كێشه‌ی په‌كه‌كه.
پارله‌مانی ئه‌و وڵاته پڕۆژه یاسایه‌كیان گه‌ڵاڵه كرد، كه به‌پێی ئه‌و یاسایه حكومه‌ت رێگه ده‌دات به سوپا له ماوه‌ی ساڵێكدا له‌شكركێشی بكاته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و سه‌رجه‌م پارله‌مانتاره كورده‌كانی پارله‌مانی توركیا به‌وانه‌ی پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی (ده‌ته‌په) و پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكه‌په) له دژی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه وه‌ستان و پێیان وابوو ئه‌م كێشه‌یه به له‌شكركێشی چاره‌سه‌ر ناكرێت.
ئیحسان ئه‌رسه‌لان پارله‌مانتاری سه‌ر به ئاكه‌په له شاری دیاربه‌كر وتی:"ئه‌م كێشه‌یه هێنده گه‌وره نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌نكه‌ره گه‌وره‌ی كردووه و له‌شكركێشی هیچ ئه‌نجامێكی باش نادات به ده‌سته‌وه، له كاتێكدا ئێستا ژماره‌ی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه له جاران زیاتره و ئه‌گه‌ری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سوپاش له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه له ئارادایه".
سیراجه‌دین كارایاغز پارله‌مانتاری كورد له شاری موش رایگه‌یاند:"سوپای توركیا 24 جار له‌شكركێشیی ئه‌نجامداوه و هیچ سوودێكی نه‌بووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه سه‌دام له‌و سه‌رده‌مه‌دا هیچ رێگرییه‌كی له‌و لهشكركێشییانه نه‌گرتووه".
له 17ی تشرینی یه‌كه‌مدا پارله‌مانی توركیا به 507 ده‌نگ له كۆی 539 ده‌نگ پڕۆژه‌كه‌یان په‌سه‌ندكرد و 19پارله‌مانتاره كورده‌كه‌ی ده‌ته‌په به نه‌خێر ده‌نگیان بۆ پڕۆژه‌كه دا و 20 پارله‌مانتاریش له ئاكه‌په ئاماده‌ی ده‌نگدانه‌كه نه‌بوون و دوابه‌دوای په‌سه‌ندكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه حكومه‌تی ئه‌نكه‌ره له‌لایه‌ن جیهانه‌وه رووبه‌ڕووی ره‌خنه و ناڕه‌زایی بووه‌وه كه له هه‌موویان گرنگتر بۆ توركیا ناڕه‌زاییه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌وروپابوو.
دوای په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌كه تا 28ی تشرینی دووه‌م حكومه‌ت سوپای سه‌رپشك نه‌كرد بۆ ئه‌نجامدانی هیچ له‌شكركێشییه‌ك كه له‌و به‌رواره‌دا حكومه‌ت سوپای سه‌رپشككرد بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ر له‌شكركێشییه‌ك و سوپاش ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه هه‌رچییه‌ك پێویست بكات بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی په‌كه‌كه، ده‌یكات.
سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان وه‌ك ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتیی ئه‌وروپا و عیراق و كورده‌كان به په‌كه‌كه‌شه‌وه، داوای چاره‌سه‌ری سیاسییانه‌ی كێشه‌ی په‌كه‌كه‌یان ده‌كرد و چه‌ند جارێكیش به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا و عیراق و توركیا له‌و باره‌یه‌وه كۆبوونه‌وه و حكومه‌تی ئه‌نكه‌ره ئاماده نه‌بوو به هیچ جۆرێك له‌گه‌ڵ به‌رپرسه كورده‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌كه‌كه‌دا كۆببێته‌وه و له دوای كۆبوونه‌وه‌كانیشیدا له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و عیراق، توركیا له ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كان رازی نه‌بوو.
له 5ی تشرینی یه‌كه‌مدا ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا به سه‌ردانێك گه‌یشته واشنتن و له‌گه‌ڵ جۆرج بوشی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكادا كۆبووه‌وه و ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه بوو به خاڵی ده‌ستپێكردنی هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر په‌كه‌كه، چونكه له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بوش په‌یمانی به ئه‌ردۆگان دا كه ئاڵوگۆڕی زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كانیان بكه‌ن له‌سه‌ر كامپ و باره‌گاكانی په‌كه‌كه له چیای قه‌ندیل و ده‌وروبه‌ری و چه‌ند جارێكیش به‌رپرسانی توركیا و رۆس ویڵسن، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌نكه‌ره ئاماژه‌یان به باشیی به‌ڕێوه‌چوونی زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كان كرد.
له 16ی كانوونی دووه‌مدا بۆ یه‌كه‌مجار و دوای زیاتر له 20 رۆژ له سه‌رپشككردنی سوپا بۆ ئه‌نجامدانی له‌شكركێشی، 8 فڕۆكه‌ی جه‌نگیی سوپای توركیا له‌جۆری F4و F16 چه‌ند ناوچه‌یه‌كی قه‌ندیلیان بۆردومانكرد و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنیش له جیهان و كوردستان باسیان له‌م بۆردومانه و قوربانییه‌كانی كرد كه زیانه‌كانی په‌كه‌كه به رێژه‌یه‌كی گه‌وره باسی لێوه‌كرابوو،به‌ڵام به پێی ئاژانسی هه‌واڵی فورات كه نزیكه له په‌كه‌كه‌وه، ئه‌و بۆردومانه بووه‌ته كوژرانی 5 گه‌ریلای په‌كه‌كه و برینداربوونی چه‌ند گه‌ریلایه‌كی تر.
دوابه‌دوای ئه‌م بۆردومانه‌ی توركیا سه‌رجه‌م لایه‌نه جیهانییه‌كان ره‌خنه‌یان له توركیا گرت و گرنگترینیشیان ره‌خنه‌كه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپابوو، یه‌كێتیی ئه‌وروپا كه له كێشه‌ی كورد و په‌كه‌كه‌دا یه‌كێكه له لایه‌نگرانی كورد و به‌رده‌وام ره‌خنه له توركیا ده‌گرێت و له روونكردنه‌وه‌یه‌كیدا دوابه‌دوای بۆردومانه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌دا گه ئه‌م هه‌نگاوه‌ی حكومه‌تی ئه‌نكه‌ره هه‌نگاوێكی نامۆدێرنانهیه و پێویسته توركیا سه‌روه‌ریی خاكی عیراق بپارێزێت و ئاسایشی ناوچه‌كه‌ش تێك نه‌دات.
ئه‌م روونكردنه‌وه و ره‌خنانه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌و رووه‌وه كاریگه‌ریی زۆری هه‌یه كه ئێستا توركیا هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ به ئه‌ندامبوون له یه‌كێتیی ئه‌وروپا و یه‌كێتییه‌كه‌ش به ئه‌ندامبوونی ئه‌و وڵاته‌ی به‌ستۆته‌وه به كۆمه‌ڵێك مه‌رجه‌وه كه یه‌كێكیان چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورده له وڵاته‌كه‌دا و پێدانی مافه بنهڕهتییهكانیهتی.
له به‌یاننامه‌كه‌شدا ئاماژه بۆ ئه‌وه‌كراوه كه كێشه‌ی په‌كه‌كه به له‌شكركێشی و هێرشی سه‌ربازی چاره‌سه‌ر ناكرێت به‌ڵكو سیاسییانه و به كۆبوونه‌وه‌ی نێوان به‌رپرسانی عیراق و توركیا چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.
لای خۆشیه‌وه حكومه‌تی به‌غدا راسته‌وخۆ دوای بۆردومانه‌كه، ئۆغوز چێلیككۆڵی باڵیۆزی توركیای له عیراق بانگهێشت كرد و یاداشتنامه‌یه‌كی ناڕه‌زایی نارد بۆ حكومه‌تی ئه‌نكه‌ره‌و تێیدا ره‌خنه‌ی توندی له حكومه‌تی ئه‌نكه‌ره گرت و ئیدانه‌ی بۆردومانه‌كه‌ی كرد.
لای خۆشیانه‌وه پژاك و په‌كه‌كه ئاماژه‌یان به‌وه‌دا كه بۆردومانه‌كه‌ی توركیا ئامانجی سه‌ره‌كیی هاوڵاتییانی مه‌ده‌نی بووه و بێده‌نگ نابین له‌م كاره‌ی سوپای توركیا.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌شه‌وه یاشار بیوك ئانت سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای توركیا له لێدوانێكیدا رایگه‌یاند:"سوپا زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه له بۆردومانه‌كه‌دا و ئه‌مه‌ش په‌یامێكه بۆ هه‌موو جیهان كه توركیا هه‌میشه به‌ره‌نگاری تیرۆر ده‌بێته‌وه و ئه‌مه‌ریكاش پشتگیریی ئه‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه ده‌كات و ئه‌م هێرشه بۆ سه‌ر گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه و باره‌گاكانیان بووه له‌و ناوچانه و به هیچ شێوه‌یه‌ك ئامانجمان تێیدا خه‌ڵكی مه‌ده‌نی نه‌بووه".
وتیشی:"توانیمان به هۆی ئه‌مه‌ریكاوه شوێنی باره‌گاكانی په‌كه‌كه‌مان به وردی ده‌ست بكه‌وێت و له‌وه‌ش گرنگتر رێگه‌پێدانی ئه‌مه‌ریكابوو به سوپای توركیا تا بێته ناو ئاسمانی عیراقه‌وه و بۆردومانه‌كه ئه‌نجامبدات".
مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا نیگه‌رانی خۆی و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ریكا راگه‌یاند كه رێگه‌ی داوه به توركیا هێرش بكاته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و چه‌ندین دانیشتووانی ئه‌و ناوچانه ئاواره بكات.
رۆژی یه‌كشه‌مه 23ی كانوونی یه‌كه‌م توركیا بۆ دووه‌م جار به به‌شداریی 16 فڕۆكه‌ی جه‌نگیی ئێف16 بۆ ماوه‌ی 35 ده‌قیقه ناوچه‌ی قه‌ندیلی بۆردومانكرده‌وه و تا ئێستاش نه حكومه‌تی ناوه‌ندی و نه حكومه‌تی هه‌رێم هیچ هه‌نگاوێكیان بۆ رێگرتن له توركیا نه‌ناوه، له كاتێكدا زۆرێك له دانیشتووانی ئه‌و ناوچانه به هۆی ئه‌و بۆردومانه‌وه ئاواره‌بوون.
به‌ڕای یوسف گۆران ئه‌ندامی سه‌نته‌ری ستراتیژی‌و پسپۆڕ له كاروباری توركیا: "له ئێستادا خراپترین كار ئه‌وه‌یه كه په‌كه‌كه ئاگربڕ رابگه‌یه‌نێت، چونكه ئه‌وه هیچ سوودێكی نابێت و توركیاش ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌ی بۆ سه‌ر په‌كه‌كه راناگرێت كه به تیشكی سه‌وزی ئه‌مه‌ریكا بووه و هاوكاریی زۆری كردووه له‌و هێرشه ئاسمانییانه‌دا".
سه‌باره‌ت به ئاگربڕهكانی په‌كه‌كه و ره‌تكردنه‌وه‌یان له‌لایه‌ن توركیاوه وتی:"به‌شێكی كه‌می ئاگربڕهكان به ئاگاداریی حكومه‌ت بووه به تایبه‌تی له سه‌ره‌تای نه‌وه‌كاندا، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی تر په‌یوه‌ندییان به بارودۆخی په‌كه‌كه خۆیه‌وه هه‌بووه به تایبه‌تی ئه‌وه‌ی ساڵی 99 كه هۆی ئه‌و ئاگربڕه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی فشاره‌كانی توركیا بۆسه‌ر ئۆجالان و هه‌ندێكی تریشیان بۆ پڕۆسه‌ی ئاشتی ده‌گه‌ڕێته‌وه كه په‌كه‌كه هه‌وڵی دروستكردنی فه‌زایه‌كی ئاشتییانه‌ی داوه له توركیادا و له به‌رامبه‌ریشدا ره‌تكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و ئاگربڕانهی په‌كه‌كه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه توركیا نایه‌وێت و دژی ئه‌وه‌یه سه‌ركرده‌كانی په‌كه‌كه ببنه به‌شێك له پڕۆسه‌ی سیاسیی ناوخۆی توركیا".
یوسف گۆران پێی وایه توركیا تا سه‌ر په‌نا ناباته به‌ر سوپا بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی په‌كه‌كه و ئه‌م هێرشانه‌ش بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر به‌رده‌وام نابێت و له ئێستاشدا توركیا سه‌رقاڵی ئه‌وه‌یه له رێی یاساوه لێبوردنی گشتی بۆ گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه ده‌ربكات و له شاخ بیانهێنێته‌وه خه‌باتی سیاسی و له كاتێكدا ئه‌م پرۆژه‌یه سه‌ری نه‌گرت، پێم وایه به‌هاری داهاتوو توركیا ده‌ست ده‌كاته‌وه به هێرشكردن بۆ سه‌ر باره‌گاكانی په‌كه‌كه".
|
|
|