دیمانه: سبه‌ی
پرسی خۆڕێکخستنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له ئێستادا یه‌کێکه له‌و بابه‌تانه‌ی که له گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێمی کوردستاندا گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌کریت، هاوکات زۆرێک له که‌سایه‌تی سیاسی و روناکبیر و رۆشنبیره‌کانی کوردستان له‌و باره‌یه‌وه راو سه‌رنجی خۆیان خستۆته‌ڕو، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش له هه‌وڵی وه‌رگرتنی زۆرترین پێشنیار و بۆچوندایه و رایگه‌یاندوه سیستمێکی نویی حیزبایه‌تی له هه‌رێمی کوردستاندا ده‌هێنێته ئاراوه، سه‌باره‌ت به‌و پرسه سبه‌ی ئه‌م دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ نوسه‌ر و روناکبیر (سیروان بابه عه‌لی ئه‌نجام داوه).
سبه‌ی: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بوه به واقع، ته‌نانه‌ت یه‌كێتی و پارتیش دانیان پێداناوه و ئێستا مامه‌ڵه‌ی سیاسییانه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، ئایا له‌مه‌به‌دوا ئه‌ركی (گۆڕان) چییه؟ یان (گۆڕان) چۆن به‌رده‌وام بێت بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌رنامه گشتگیره‌ی خستویه‌تیه‌ڕو؟
سیروان بابه عه‌لی: سه‌رهه‌ڵدانی (گۆڕان) ده‌رکه‌وته‌یه‌کی شه‌رمن نه‌بو؛ به‌رهه‌می راپسکانێکی گه‌وره بو. جێکه‌وت (واقیع)ی بۆگهنکردو نه‌گۆڕاو، (بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان)ی به‌رهه‌مهێنا. ئیستا ئیدی (گۆڕان) قۆناخی (کارتێکراویی په‌تیی) تێپه‌ڕاندوه و له رێتکهی گۆڕین و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی جێکهوتدایه؛ واته زیاتر له‌وه‌ی کارتێکراوه، کارتێکه‌ره. هه‌ر به‌ڕاستیش، (گۆڕان) له‌و ماوه کورته‌ی سه‌رهه‌ڵدانیدا، کاریگه‌ریی ئه‌رێنیی به‌رچاوی له‌سه‌ر کۆی بویه‌ره‌کان داناوه. وزه‌ی راسته‌قینه‌ی ئه‌و بزاڤه، نه له هێزی (تفه‌نگ)، نه له زۆریی (پاره)، نه له قۆرخی (پایه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریی)، نه له زهبهنیی (رێژه‌ی کۆنهسهرکرده)وه‌یه؛ وزه‌ی راسته‌قینه‌ی ئه‌و بزاڤه، هێزه سروشتییه خۆڕسکه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌یه‌تی که بنکه‌یه‌کی به‌رینی مرۆیی پڕ خواست و ویست و ره‌خنه و ناڕه‌زایی و توڕه‌ییه. هه‌ر ئه‌و هێزه جه‌ماوه‌رییه‌یه، وای کردوه ده‌سه‌ڵات ناچار بێت، بونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، وه‌ك فاکتێکی (کۆمه‌ڵایه‌تی-رامیاریی) بپه‌ژرێنێت و نه‌توانێت وه‌پاشی بداته‌وه... ئه‌رکی له‌مه‌ودوای (گۆڕان) مانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ئه‌وه له ئاکتیڤبوندا؛ په‌ره‌پێدانی تێکۆشانی دیموکراسییانه و شارستانییانه‌ی زانستییه له‌پێناوی به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجانه‌ی له‌پێناویدا دروست بوه؛ دانهبڕانێتی له‌و هێزه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که وزه‌ی راسته‌قینه‌یه‌تی. هه‌ڵه‌کردن نه‌ك هه‌ر ئاساییه به‌ڵکو پێویستیشه؛ تا رێکخراو یان بزاڤێك زیندو و چالاك بێت، هه‌ڵه‌ی زیاتریش به‌رهه‌م دێنێت. رێکخراو یان بزاڤی چه‌قیو، ده‌توانێت له ره‌وشێکی راوه‌ستاو (ستاتیك)دا خۆی له هه‌ڵه به‌دور بگرێت و بچێته قوڕنه‌یه‌کی هه‌لپه‌رستانه (ئۆپۆرتونیستیی)یه‌وه؛ به‌ڵام رێکخراو یان بزاڤی بزۆز، له بزۆکیی (دینامیك)دا، هه‌ڵه ئه‌زمون ده‌کات و پڕۆسه‌ی ئه‌زمونکردنی هه‌ڵه ده‌بێته هه‌وێنی پێشڤه‌چونی. به‌بڕوام راست وایه، بزاڤی زیندو ته‌نانه‌ت نێوه‌ندی تایبه‌تی پسپۆڕیش بۆ ههڵهناسیی پێكبهێنێت. بزاڤ و رێکخراوی چالاك و کارا ناتوانن هه‌ڵه نه‌که‌ن، لێ نابێت هه‌رگیز رێگه‌بده‌ن له سایه‌یاندا تاوان ئه‌نجام بدرێت. په‌یبردن به باشترین شێوازی مۆدێرنی تێکۆشان و ئه‌و مێتۆدانه‌ی ده‌ره‌نجامی ههڵهناسیی دێنه‌به‌ر، ئه‌و بزاڤه له هه‌ڵه‌ی منداڵانه و بێپهندو چهندبارهوهبو رزگار ده‌که‌ن... هه‌روه‌ها راستگۆیی و راشکاوی و مکومی له به‌کاربردنی مانیفێست و به‌رنامه‌ی نوسراو و گوتراودا، پرێستیژو متمانه‌ی جه‌ماوه‌ریی بزاڤ یان رێکخراو به‌هادار ده‌که‌ن. ئه‌زمونه بینراوه‌کانی کوردستانیش نێزیکتریین نمونه‌ن، که رابردوی پڕسه‌روه‌ریی، وته و به‌ڵێنی زل و پفههڵدراو، پاوانکاریی، هه‌روه‌ها پاره‌ی زۆر و پایه‌ی کارگێڕیی به‌رزیش، متمانه‌ی له‌ده‌ستچوی رێکخراوێکی رامیارییان بۆ قه‌ره‌بو ناکرێته‌وه.
سبه‌ی: له نوسینێكتدا ئاماژه به‌وه ده‌كه‌یت دو ره‌گه‌زی هێز (پاره و چه‌كدار) پارتی و یه‌كێتی به‌شێوازی دێوه‌زمه به‌سه‌ر سنگی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه‌وه هێشتۆته‌وه، ئایا (گۆڕان) چۆن ده‌توانێت كێبڕكێی ئه‌م دو هێزه بكات و ئه‌و دو حیزبه ناچار بكات به ململانێی مه‌ده‌نیانه؟
سیروان بابه عه‌لی: ئه‌وان سه‌ره‌تا وه‌ك هێزگه‌لێکی کێویی، له‌ڕێگه‌ی چه‌کداره‌وه کوردستانیان به‌رزه‌فت کرد؛ پاشان ده‌ستیان به‌سه‌ر سامان و داهاتی نیشتیمان‌دا گرت و له‌پێناوی بونیادنانی قه‌ڵای مشهخۆرییدا له‌هیچ پێنگاڤێك نه‌پرینگانه‌وه. ئیدی له قۆناخی دوه‌مدا هاوکێشه‌که‌یان پێچه‌وانه کرده‌وه و به هه‌ژمونی پاره هێزی چه‌کداریان پته‌وتر کرد. ئه‌و سوڕانه‌وه‌یه له‌و بازنه ئههریمهنییهدا، هه‌میشه کارێك ده‌کات پاره‌و چه‌ك یه‌کتریی په‌یدا بکه‌ن و هه‌ژمونی یه‌کتریی بپارێزن... به‌ڵام به‌خته‌وه‌رانه گۆڕانی خۆیه‌کیی و بابه‌تیی بارودۆخه‌کان، پێچه‌وانه‌ی سوڕگه‌ی ئه‌و بازنه‌یه بو. ئه‌مڕۆ عێراق فشار و په‌ستانی گه‌وره‌ی نێوه‌کیی و ده‌ره‌کیی به‌ره‌و دیموکراسیبون له‌سه‌ره. جگه له دیمهکراسیی، هیچ شێوازێکی تری به‌ڕێوه‌بردن ناتوانێت ئامبازی سه‌دان ئاسته‌نگی به‌رده‌م پێکه‌وه‌ژیانی گه‌لانی عێراق بێت. له‌نێوخۆی هه‌رێمدا به‌های ئه‌و گۆڕانکارییه، سودی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردییه به زیانی بازنه ئه‌هریمه‌نییه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات. ئیدی هه‌رێمی کوردستان ناتوانێت له نێو گێژه‌نی پڕۆسه‌ی دێمۆکراسیبونی عێراقدا به راوه‌ستاویی بمێنێته‌وه؛ ئیدی هه‌رێم ناتوانێت ببێته گونی قۆڕی جه‌سته‌ی عێراقێکی دیموکراسیی و هێزه رامیاریی و یاسایی و ئابورییه عێراقی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌دوره‌وه ته‌ماشای بکه‌ن. چیدیی کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی به رابه‌رایه‌تی ئه‌مریکا، رێگه نادات ئه‌و دو پارته به‌و شێوازه‌ی ده‌خوازن هه‌ژمونی هێزی چه‌کدارییان بمێنێته‌وه، چونکه ئه‌و بارودۆخه زیانی مه‌زنی بۆ پڕۆسه‌ی دیموکراسیی عێراق و په‌زه‌کانی ئه‌وان هه‌یه. که‌واته له هه‌رێمی کوردستانیشدا ده‌بێت هێدی هێدی ده‌سه‌ڵاتی یاسا رۆبنرێت و هه‌ژمونی میلیشیای چه‌کدار بپوکێته‌وه. له‌و به‌ستێنه‌دا رۆڵی هێزه شارستانیی و دیموکراسییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیی ده‌بێته هاوکارێکی گه‌وره؛ واته کاتێك بۆ خۆی فشار له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات داده‌نێت و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییش له هه‌مو تاوانه‌کانی ده‌سه‌ڵات وریا ده‌کاته‌وه... که‌واته ئیدی ده‌سه‌ڵات ناتوانێت له‌ڕێگه‌ی هێزی چه‌کداره‌وه بکوژیی و ببڕی بکات، وه‌ك ئه‌لته‌رناتیڤی ئه‌وه و له‌پێناوی مانه‌وه‌ی بارودۆخه‌که‌دا، شه‌مشه‌مه‌کوێره‌کانی هه‌واڵگریی ده‌ستده‌که‌ن به شه‌وگه‌ڕی و به‌هه‌مو شێوازێكی شاراوه، تیرۆری ده‌ست و هزر و ده‌نگی ئازا و ئازاد ده‌که‌ن (دوا نمونه، تیرۆرکردنی لاوی خوێندکار و رۆژنامه‌نوس "سه‌رده‌شت عوسمان"ه). ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه به پله‌ی سه‌ره‌کیی (هه‌ژمونی پاره)یه. له‌وێدا به‌داخه‌وه هه‌ژمونی (پاره)، هاوشێوازی فشاره‌کان له‌سه‌ر هه‌ژمونی چه‌کداریی فشاری ده‌ره‌وه‌ی ناکه‌وێته سه‌ر. ئیدی ئه‌و فشاره ئه‌رکی هێزه شارستانی و دیموکراسییه‌کانی نێوخۆیه؛ له ئه‌ستۆی ئه‌واندایه به‌ره‌نگاری ئه‌و هه‌ژمونه ببنه‌وه و سامانی وڵات له بنده‌ستی پارته‌کان ده‌ربهێنن. (بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان) وه‌ك به‌هێزترین هێزی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌ی باسکرا، گه‌وره‌تریین ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی له‌و روبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌دا له ئه‌ستۆدایه. ئه‌و بۆته ئۆپۆزیسیۆن و ده‌خوازێت ده‌سه‌ڵاتی یاسا به‌رقه‌رار بکات و گه‌نده‌ڵی و شێوانشێویی رامیاری و کارگێڕی و ئابوریی داته‌پێنێت. بۆ خۆم له ململانێی دیموکراسییانه‌دا ته‌نها یه‌ك پارله‌مانتاری (کارای ئازای له‌خۆبردوی زیره‌کی بزێو)یش له بومه‌له‌رزیه‌ك به‌هێزتر ده‌بینم. پارله‌مانتارێك گه‌ر ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی تێدابێت ده‌توانێت گوێی جیهان له نادادپهوروهریی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی پڕبکات و هه‌مو سه‌رنجه‌کانی بۆ رابکێشێت. (گۆڕان) ئه‌مڕۆ له‌نێو پارله‌مانی کوردستان و پارله‌مانی عێراقدا، ٣٣ پارله‌مانتاری هه‌یه، که زۆربه‌یان له هه‌مو رویه‌که‌وه ده‌سته‌بژێرن. من هه‌رگیز ئه‌وانه‌ی کوردستان و نێوه‌ند له‌یه‌کتر جیاناکه‌مه‌وه، چونکه راستوایه به‌هه‌مو شێوازێك هاوکار و ته‌واوکه‌ری یه‌کدی بن و له هه‌ولێر و له به‌غداش به ده‌نگی بڵند، ته‌نگ به هه‌ردو ده‌سه‌ڵاتی کوردی و عه‌ره‌بی هه‌ڵبچنن و دارایی کوردستان بگه‌ڕێننه‌وه ده‌ست میریی کوردستان. تا ره‌وشی هه‌رێمی کوردستان له‌و دۆخه‌دا بێت پێشڤه‌چون له نێوه‌ند گاڵته‌ی منداڵانه. هه‌تا له کوردستان گره‌وی دیموکراسیی نه‌به‌ینه‌وه، بستێك زه‌ویمان له عه‌ره‌ب بۆ ناسه‌نرێته‌وه؛ تا بۆشایی نێوان ده‌سه‌ڵات و میلـله‌ت له کوردستان به‌رینتر بێت، پشتمان له به‌غدا شلتر ده‌بێت، هه‌تا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان کار له‌سه‌ر ململانێی خورتی راشکاوی دیموکراسی و شارستانیی بکات و له‌و بواره‌دا نه‌سره‌وێت، زیاتر خزمه‌ت به داخوازییه‌کانی مرۆڤی کوردستان ده‌کات و بۆ په‌یامه‌کانی دڵسۆز ده‌بێت.
سبه‌ی: له 25-7وه تا 7-3 هه‌ڵه و كه‌موكوڕییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چین، چی بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كه‌موكوڕییانه؟
سیروان بابه عه‌لی: (گۆڕان) هه‌ڵه‌ی زۆره؛ له وه‌ڵامی یه‌که‌م پرسیاردا له خودی چه‌مکی هه‌ڵه دوام... لێ زۆربه‌ی هه‌ڵه‌کانی (گۆڕان) په‌یوه‌ستن به ناڕێکخراوهییهوه، پاساویش زۆره که بۆ هێشتا ئه‌و بزاڤه ناڕێکخراوه. هێشتا (گۆڕان) له هه‌ندێك روی (راگه‌یاندن، بگره‌وبه‌رده‌ی رامیاری؛ مامه‌ڵه‌ی دۆست و نه‌یار؛ پێڕه‌وکردنی گوتار؛ زمان و پێنوسی لایه‌نگران)ه‌وه، تا راده‌یه‌ك گه‌ر که‌میش بێت، له پارته‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌چێت. که‌واته ده‌بێت (گۆڕان) هه‌رچیی زوتره خۆی رێك بخات؛ ئه‌و پێنگاڤه تا دوابکه‌وێت ئه‌سته‌متر ده‌بێت. دیاره (گۆڕان) زۆر جودایه، لێ پێویسته شێوازێکی ته‌واو جودا له کوردستاندا دابهێنێت. زمانی ئاخافتنی شارستانییانه و دیموکراسییانه، خستنه‌کاری په‌یام و به‌رنامه‌ی نوسراو وه‌ك خۆیان، روکردنه دۆست و نه‌یار به هه‌مان گهردونبینیی و پێودانگ، په‌روه‌رده‌کردنه‌وه و رۆشنبیرکردنی لایه‌نگرانی و چاککردنه‌وه‌ی شێوازیان...هتد. ئه‌وانه له‌سه‌ره‌تادا وه‌ك مێتۆد و دیسپلین به‌رپرسیارێتی (گۆڕان)ن...
سودگه‌رایی (پراگماتیزم) وه‌ك دیتانهیهکی (فه‌لسه‌فیی-رامیاریی) نێو هه‌ناوی سه‌مایه‌داری و چاولێکه‌رییه‌کی نۆده‌می پارته (سۆسیالدێمۆکراس)ییه‌کان، هه‌ر له‌سه‌رده‌می (ویلیه‌م جه‌یمس)ه‌وه تا ئه‌مڕۆ، دژی دۆگما و ئیدیۆلۆژیا و چه‌قبه‌ستنی پره‌نسیب بوه و له‌گه‌ڵ جێکه‌وت (واقیع)دا هه‌ڵسوکه‌وتی کردوه؛ به‌ڵام ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه، تۆ پێچه‌وانه‌ی پڕۆژه و په‌یامی نوسراو و راگه‌یه‌نراوی خۆت بجوڵێیته‌وه و له یه‌ك (جێکه‌وت)دا به دو پێوه‌ر مامه‌ڵه بکه‌یت؛ بۆ نمونه ئه‌وه پراگماتیزم نییه، تۆ دو رێکخراوی رامیاریی به تیۆریا، هاوشانی یه‌كتر، گه‌نده‌ڵ و تاوانکار وێنا بکه‌یت، لێ له‌به‌رئه‌وه‌ی به راستیی نا‌توانیت له‌یه‌ککاتدا روبه‌ڕوی هه‌ردوکیان ببیته‌وه، به‌رانبه‌ر لایه‌کیان توند و به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌ی دی نه‌رم بیت. ئه‌وه ئیدی به‌بڕوام دوڕویی رامیاریی و دێماگۆگییه؛ به‌وجۆره له‌یه‌ککاتدا دوانه‌ی (وزه و متمانه)ی جه‌ماوه‌ره‌که‌ت داده‌به‌زێنیت.
سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی کوردستانیش، ده‌با (گۆڕان) هه‌ر له‌پێش هه‌ڵبژاردندا ره‌چاوی ئاستی رۆشنبیریی تێکڕای کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیی بکردایه و له‌پاڵ به‌رنامه‌ی گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵاتدا، به‌رنامه‌ی بونهئۆپۆزیسیۆنی هه‌با؛ به‌وجۆره، کۆمه‌ڵگه‌ی له‌ڕوی رۆشنبیرییه‌وه به‌جێماوی کورد، باشتر ده‌یزانی به‌های چونه‌سه‌ره‌وه‌ی (گۆڕان) چییه و گه‌ریش له خواره‌وه رکابه‌ر بێت ده‌سه‌ڵاته‌کانی چین. پاشان ده‌مه‌وێت به راشکاویی بڵێم، بڕوام وایه، هه‌ڵبژاردنی (٢٥ی ٧ی ٢٠٠٩)و سه‌رهه‌ڵدانی (گۆڕان) وه‌ك ئۆپۆزسیۆن، یه‌كه‌م هه‌نگاوی راسته‌قینه‌ی هه‌رێمی کوردستان بو روه و دیموکراسیی؛ پارله‌مانتاره‌کانی (گۆڕان) کاریگه‌ریی جۆریی به‌رجه‌سته‌یان هه‌یه، هه‌ژی ده‌ستگوشین و جێگه‌ی ئومێدن، لێ هێشتا هه‌ڵوێستیان هاوتای خواسته‌کان نییه. وه‌ك له وتارێکی رۆژنامه‌ی (هاوڵاتی)یشدا لێی دوام؛ پارله‌مانتاران له کوردستان له هه‌مو که‌س زیاتر و دلێرانه‌تر، ده‌توانن یاساییانه و ره‌وایانه هه‌ڵوێست وه‌ربگرن. ده‌با له پارله‌ماندا چی‌یان بۆ پرسی بودجه کرد، بۆ نان‌بڕاو و سزادراوانی رامیارییش هه‌مان هه‌ڵوێستیان هه‌با. پێویسته به خوازی به‌کارهێنانی تێکڕای ماف و توانستیانهوه دژی هه‌مو پێشێلکارییهك بوه‌ستنه‌وه و سه‌رنجی جیهانی بۆ رابکێشن. به‌رگریی له هه‌ر تاکێکی چه‌پاو چه‌وساوه گه‌ر لایه‌نگری دو پارته‌که‌ی ده‌سه‌ڵاتیش بێت بکه‌ن.
پێویسته (گۆڕان) باز به‌سه‌ر هه‌مو تێڕوانینێکی نه‌ریتیی (هه‌مه‌کیی)دا بدات؛ به ته‌واوه‌تی تا ئاستی (تاك) ورد بێته‌وه. له فه‌لسه‌فه‌ی ئازادیی تاکدا، به‌های تاك هاوسه‌نگی به‌های گشته. حه‌ز ده‌که‌م هاوواتای گوته‌زایه‌کی (رۆزا لوکسێمبورگ) بپرسم: (ئایا نرخی کوردستان و ته‌نانه‌ت جیهان؛ به‌های ژیان و ته‌نانه‌ت بون، بۆ دو لاوی وه‌ك "سۆران و سه‌رده‌شت" چین، که‌وا بێنرخانه ژیانیان لێده‌سه‌نرێته‌وه و ئه‌وانیان لێ بێبه‌ری ده‌کرێت و ناهێڵن وه‌ك مرۆڤی ئازاد تێیاندا بژێن؟!). ئه‌رکی سه‌رشانی پارله‌مانتارانی (گۆڕان) له سایه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته سامناکه‌دا بێسه‌نگ نییه، لێ که شانیان داوه‌ته به‌ر، وا راسته نه‌هێڵن بکه‌وێت...
پاشان خۆ، خۆڕزگارکردن له فه‌رهه‌نگی تۆتالیتاریزم ته‌نها به گۆڕینی به‌رگ نییه، ده‌بێت هزر و جه‌سته‌ی له‌گه‌ڵدا بگۆڕرێت. هه‌روه‌ك له‌و وتاره‌دا به شێوازێکی تر نوسیبوم، پێویسته (گۆڕان) پنته‌کانی مانیفێستی خۆی له گه‌ڕه‌که‌کانه‌وه گه‌ڵاڵه بکات. سروشتی مرۆڤ وایه، له گه‌ڕه‌کدا ماڵی خۆی، له شاردا گه‌ڕه‌کی خۆی، له نیشتیمان‌دا شاری خۆی و له جیهانیشدا نیشتمانی خۆی زیاتر خۆش ده‌وێت؛ پێموایه گه‌ر مرۆڤ وه‌ك تاك له سه‌ره‌تادا ماڵی خۆی خۆش نه‌وێت، ده‌ره‌نجام جیهانیشی خۆش ناوێت. پێویسته (گۆڕان) به هاوسه‌نگیی له‌سه‌ر ئه‌و فاکته رابوه‌ستێت و به خواسته راسته‌قینه‌کانی خه‌ڵکه‌وه بچێته هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه. به‌خۆم بڕوام وایه که، هه‌ر عه‌ره‌بێك یان تورکمانێك و...هتد له‌سه‌ر خاکی کوردستان ده‌ژی، جارێك هاوشانی کوردێك مافی هه‌بێت و جارێکیش وه‌ك (ناکورد)ێك رێزی لێبگیرێت و سه‌ره‌تیی بۆ دابین بکرێت، به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌مان له‌بیربچێت که هێشتا ئێمه نه‌ته‌وه‌یه‌کی چه‌وساوه و خودان خاکی داگیرکراوین؛ لێره‌دا پرسیاره‌که ئه‌وه نییه، ئه‌و ناوچانه وه‌رده‌گرینه‌وه یان نا، به‌ڵکو ئه‌وه‌یه تا کوێ له‌گه‌ڵ خۆمان راستگۆین و هه‌وڵی ته‌واو بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌یان ده‌ده‌ین. گه‌ر بڕوامان وا نییه ئه‌و ناوچانه هی وڵاتی ئێمه‌ن، با به راشکاوی رایبگه‌یه‌نین؛ گه‌ریش تێڕوانینه‌که پێچه‌وانه‌یه، پێویسته دور له دڕدۆنگی و هه‌ڵفریوان دواهه‌وڵ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌یان بده‌ین. مرۆڤ ده‌توانێت به خواستی خۆی له مافی خۆی که له بنده‌ستی خۆیدایه، یارمه‌تیی که‌سێکی دی بدات؛ ئه‌و کاته ده‌شزانێت پێداویستییه‌کانی خۆی له‌کوێدا ته‌واو ده‌بن؛ به‌ڵام ناچێت هه‌مان ماف له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سه‌دا به‌ش بکات که لێی داگیرکردوه. جگه له‌وه، له‌وێدا راستتر وایه لێگه‌ڕێین خاوه‌نی یه‌که‌می ماف، بڕیار له‌سه‌ر داخوازییه‌کانی بدات... هه‌مومان پێکڤه خاوه‌نی کوردستانین، به‌ڵام که‌س وه‌ك کهرکوکییهك خاوه‌نی که‌رکوك نییه. ئێمه هێشتا ده‌چه‌وسێینه‌وه؛ هه‌رچۆن تا ژنێك به‌خۆی منداڵی نه‌بێت، نازانێت به‌ڕاستی ئازاری منداڵبون چۆنه، ئاواش تا مرۆڤ که‌رکوکیی نه‌بێت نازانێت ئازاری کهرکوکیبون چۆنه. ئێمه له ئه‌وروپا (خه‌ریك بو شه‌قمان ده‌برد) که دهمانبینیی ئه‌وروپییه‌کان دژی لێدانی رژێمی سه‌دام خۆپیشاندانیان ده‌کرد. ئه‌وان له بنه‌ڕه‌تدا دژی جه‌نگ بون، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ش له دواپله‌ی جوانیی مرۆییدایه، ئه‌ز هیوادارم کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ش بگاته ئه‌و ئاسته؛ لێ ئێمه مارانگاز بوین و باشتر هه‌ستمان ده‌کرد، مانه‌وه‌ی وه‌ها رژێمێك چ کاره‌ساتێکی مرۆییه. ده‌نگده‌رانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له که‌رکوك له کورده‌کان پێك دێن، ده‌بێت ئه‌وان بڕیار بده‌ن که (گۆڕان) چی بۆ که‌رکوك داوا بکات. ئه‌وه راسیزم نییه؛ ئه‌ز هه‌رشتێك بم نه‌ژادپه‌رست نیم؛ لێ گه‌ر ئێمه بۆ قۆناغی رزگاریی نیشتیمانی، هه‌ست به ئازاری هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی کۆمه‌ڵگه‌ی خۆمان نه‌که‌ین و رێزی ئه‌و هه‌سته‌وه‌رییه نه‌گرین، بازی به‌سه‌ردا بده‌ین، ناچارین بۆ هیچ گهردونبینییهکی دی مکوم و به‌ئه‌مه‌ك بین...
هه‌ر بۆخۆی ئه‌وه‌ش خه‌سڵه‌تێکی زۆر ئه‌رێنی دیموکراسییه که به قه‌ڵه‌مباز ناڕوات، که له‌خۆیدا خۆی راستده‌کاته‌وه و ته‌نانه‌ت پێنگاڤی هه‌ڵه‌ش به‌شێکی کاریگه‌ری دیالێکتیکهکهیهتی و بۆ داهاتو په‌ندی لێوه‌رده‌گیرێت و قۆناغ به قۆناغ پێش ده‌که‌وێت.
سبه‌ی: ئێستا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان باس له خۆڕێكخستن ده‌كات، واته ده‌یه‌وێت له قۆناغی په‌رشوبڵاوییه‌وه بزوتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری ئۆرگانیزه بكات، به‌بڕوای تۆ خۆرێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه چۆن سه‌ركه‌وتو ده‌بێت؟
سیروان بابه عه‌لی: دیاره ئه‌وه‌ی له‌و به‌ستێنه‌دا شایانی گه‌شبینییه ئه‌وه‌یه، که (گۆڕان) بۆ بونیادنانی خۆی پێویستی به تێکدانی هیچ بونیادێك نییه، کۆمه‌ڵێك که‌ره‌سته‌ی نوێی ئاماده‌ی نه‌رمۆکه‌ی بۆ خۆبونیادنان له‌به‌رده‌ستدایه. له‌پێشدا گوتم، تا خۆڕێکخستنی (گۆڕان) دوابکه‌وێت ئه‌سته‌متر ده‌بێت؛ له‌وێدا مه‌به‌ستم ئه‌مه بو:
ئێمه ده‌زانین دو پارته‌که‌ی کوردستان له چیادا بونیادنران، هه‌رگیز له شاردا گۆڕانکاریی ریشه‌ییان تێدا نه‌کراو نه‌بونه شارستانیی؛ دیاره مه‌به‌ستم شارستانییبونه له هزر و ستروکتوردا نه‌ك ئادگار و پڕۆپاگه‌نده. ئیدی واده‌ی ئه‌و پێنگاڤه به‌سه‌رچو؛ هه‌رچه‌نده ده‌نگی دڵسۆزانه‌یان تێدا ماوه، به‌ڵام خواز و توانا و پڕکێشیی خۆچاککردنیان له‌ده‌ستداوه. ستروکتوری (رێکخراوه‌یی و رامیاری)و شێوازی به‌ڕێوه‌بردنیان به ئاقارێکدا رۆشتون، چاکسازیی بنه‌ڕه‌تیی هه‌ڵناگرن؛ ورده ورده ده‌گه‌نه رێتکهیهك، ته‌نها کهرتوپهرتبون له‌سه‌ره‌مه‌رگدا به هانایانه‌وه ده‌چێت... ئه‌وه بێفهڕیی (بونیادگۆڕیین و کرانه‌وه/ پێرۆستۆریکا و گلاسنۆست) نه‌بو (یه‌کێتی سۆڤیه‌ت)ی روخاند؛ ئه‌وه گانگرینی جه‌سته‌ی سۆڤیه‌ت بو، جگه له بڕینه‌وه چاره‌سه‌رێکی نه‌مابو...
دیاره سه‌ره‌تای راگه‌یاندنی (گۆڕان)یش له (گرده‌که)ه‌وه بو؛ هه‌رچه‌نده (گرده‌که)ش به‌شێکی زیته‌ڵه و دوربیینی (شار)ه، لێ (گۆڕان) له‌وێ خۆی بونیاد نه‌ناوه و به‌نیازه بێته‌خواره‌وه. ئه‌و ده‌توانێت هه‌ر له‌ئێستاوه رێکخراوێکی نوێی نۆده‌م بونیاد بنێت. گه‌ر (گۆڕان) به سه‌لیقه‌ی سه‌رده‌مییانه، میکانیزمی چاکسازی و نۆژهنبونهوهی به‌رده‌وام بخاته نێو یه‌که‌م ستروکتوری رێکخراوه‌یی خۆی؛ ئیدی هه‌رگیز پێویستی به بونیادگۆڕینهوه نابێته‌وه‌و له‌خه‌م ده‌ڕه‌خسێت...
هه‌رچه‌نده له هه‌رێمی کوردستاندا هێشتا کاری پێنه‌کراوه و به‌رده‌وام هه‌تك ده‌کرێت؛ لێ به‌خته‌وه‌رانه بڕیاردراوه که سیستمی رامیاری دێمۆکراسیی بێت. (چه‌رچڵ) گوته‌زایه‌کی به‌ناوبانگی سه‌باره‌ت به دێمۆکراسیی هه‌یه که ده‌ڵێت: دێمۆکراسی له‌نێو هه‌مو سیستمه‌کاندا، له هه‌مویان (جگه له‌وانیتر) خراپتره!
مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه دێمۆکراسیی سه‌ره‌ڕای هه‌مو خه‌وشێك، باشترین سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ته، ته‌نها سیستمه هه‌موان له سایه‌یدا جێگه‌یان ده‌بێته‌وه و ته‌نها سیستمه توانای به‌ڕێوه‌بردن و چاره‌سه‌ری هه‌مو ململانێ و کێشه‌یه‌کی هه‌یه.
ده‌مه‌وێت ئه‌وه جه‌خت بکه‌مه‌وه که بونی (پارتی رامیاری) جا (ناو)ه‌که‌ی هه‌رچیی بێت، به‌شێکی زۆر گرنگی پێکهاته‌ی سیستمی دێمۆکراسییه. ئه‌وه پرسێکی تره که ئایا (گۆڕان) ببێته پارت یاخود له‌م قۆناغه‌دا باشتره بزوتنه‌وه بێت؛ لێ هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ئه‌و ئهرگومێنتهدا نیم، که ده‌ڵێت: (له‌به‌رئه‌وه‌ی دو پارته‌که، ناوی "پارت"یان دزێو کردوه، ئیدیی با "گۆڕان" نه‌بێته پارت!)؛ ئه‌وه وه‌ك ئه‌وه وایه، بڵێیت: (ئیدی ره‌نگه‌کانی "که‌سك و زه‌رد" دو ره‌نگی دزێون، با به‌کاریان نه‌هێنین!) یاخود (دو پارته‌که که‌ناڵی به‌دفه‌ڕی "ته‌له‌فیزیۆن"ییان هه‌یه، با ئیدی ته‌ماشای ته‌له‌فیزیۆنی کوردیی نه‌که‌ین!).
سیستمی دێمۆکراسیی مۆدێرن به‌بێ پارتی رامیاریی واتایه‌کی نییه. سیانه‌ی (پارتی رامیاریی، مێدیای ئازاد، رێکخراوه‌کانی جڤاکی شارستانی) توخمه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی سیستمی دێمۆکراسین. هه‌رچۆن سیستمی دادوه‌ریی به‌بێ (پارێزه‌ر) واتایه‌کی نییه، سه‌باره‌ت به پارتی رامیارییش له سیستمی دێمۆکراسییدا هه‌ر وایه. له‌و سیستمه‌دا ته‌نها پارت ده‌توانێت په‌یوه‌ندیی نێوان کۆمه‌ڵگه و ئۆرگانه ده‌ستورییه‌کان رێك بخات...
له ئه‌ستۆی (گۆڕان)دایه رێکخراوێکی ته‌واو ته‌با به سیستمی دێمۆکراسیی بێنێته بون و به‌ڕاستیش به‌رنامه‌سازیی بۆ به‌رینبونه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی دێمۆکراسیی له که‌سێتی تاکدا بکات. له ماوه‌ی زیاتر له ده‌یه‌یه‌كی ئه‌وروپادا؛ هه‌رگیز نه‌مبینیوه دو مرۆڤی په‌روه‌رده‌ی نێو سیستمی دێمۆکراسیی، په‌لاماری توندوتیژانه‌ی یه‌کدی بده‌ن. سه‌ره‌تا زۆر له‌لام سه‌یر بو که بۆ نمونه (دو ئه‌ڵمان) له کارگه‌یه‌کدا یاخود له‌سه‌ر شه‌قام، ده‌موچاویان ده‌نا به‌یه‌که‌وه و دوکاتژمێر به‌سه‌ر یه‌کتریدا ده‌یانقیڕان بێئه‌وه‌ی په‌لاماری یه‌کتر بده‌ن (من ده‌مگوت، ئه‌هاااا، هه‌ر ئێستا قه‌پاڵ له که‌پوی یه‌کتر ده‌گرن!) که‌چیی وا ده‌رنه‌ده‌چو، ئه‌وان پاش خۆخاڵیکردنه‌وه، ته‌واو ئاسایی ده‌بونه‌وه؛ له‌وکاته‌وه تێگه‌یشتم (فه‌رهه‌نگی دێمۆکراسیی) چییه.
سبه‌ی: ئایا (گۆڕان) چی بكات باشه، بۆئه‌وه‌ی نه‌بێته كۆپی حیزبه ته‌قلیدییه‌كانی تر؟
سیروان بابه عه‌لی: گه‌ر بزاڤێكی وه‌ك (گۆڕان) بیه‌وێت ببێته رێکخراوێکی ناوازه له هه‌رێمی کوردستاندا، وای به راست ده‌زانم، له‌نێو کۆمه‌ڵێك مۆدێلی رێکخستندا مۆدێلێکی گونجاو به جڤاکی ئێمه موتوربه بکات، چونکه ته‌نها مۆدێلیکی رێکخستنیش به‌دیناکرێت تایبه‌ت بێت به رۆژهه‌ڵات، چجای تایبه‌ت به کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه. که‌واته (گۆڕان) چۆن (پرینسیپ؛ مێتۆدی کار؛ دیسیپلینی رێکخراوه‌یی) به‌یه‌كتر ته‌با، له تۆڕێکی رێکخستندا پێکه‌وه ده‌گونجێنێت؟.. دروستکردنی ئه‌و تۆڕه‌ش هه‌روا ئاسان نییه (ده‌ڵێن کابرایه‌ك لای ماسیگرێك که خه‌ریکی چاککردنی تۆڕه‌که‌یه‌تی راده‌وه‌ستێت و ته‌ماشای ده‌کات، پاشان له‌پڕ به ماسیگره‌که ده‌ڵێت، ده‌زانیت تۆڕ دروستکردن زۆر ئاسانه؛ ئه‌ویش ده‌ڵێت، به‌ڵێ وایه، کۆمه‌ڵێک "کون" دێنیت، ده‌یانخه‌یته پاڵ یه‌كتر، خۆیان ده‌بن به "تۆڕ"!)...
له زانستی رامیاریی پارتناسییدا، کۆمه‌ڵێك مۆدێل و پێودانگ هه‌نه بۆ رێکخستن... ئێمه زانیمان که (گۆڕان) له روی هه‌ڵوێست سه‌باره‌ت به سیستمی رامیاریی هه‌رێمی کوردستان، به سیستمه‌که ته‌با (کۆنفۆرم/ کهمپڵایهنت)هو نه‌یارو دژ نییه؛ ته‌نها هه‌وڵی چاکسازیی و سه‌روه‌رکردنی ده‌سه‌ڵاتی یاسا ده‌دات.
به‌ڵام ئایا (گۆڕان) له روی رێکخستنه‌وه، پشت به سیستمی ستونیی و هه‌ره‌میی، یان ناوچه‌یی و ئاسۆیی و هێشویی، یان ده‌سته‌بژێر ده‌به‌ستێت؟.. ئایا له‌ڕوی تێدائهندامبونهوه، به ئه‌ندامێتیی ده‌بێت وه‌ك پارته تۆتالیتاره‌کان یان له هه‌ڵبژاردندا ده‌نگ تاقیی ده‌کاته‌وه؟..
ئایا له روی ستراتێژ و ئامانجه‌وه، نه‌ته‌وه‌یی، کۆنسه‌رڤاتیف، لیبێرال، سۆسیالدیمۆکراس، کۆمونیست یان ئایینییه؟.. ئایا له روی سروشوه‌رگرتن و مۆتیڤی رامیارییه‌وه، پارتی گه‌لییه و ره‌چاوی داخوازیی گشت چین و توێژه‌کان ده‌کات، یاخود بایه‌خده‌ر ده‌بێت به داخوازییه‌کانی چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تی تایبه‌ت؟.. ئایا سه‌باره‌ت به پێگه‌ی له سیستمی کارگێڕییدا، گه‌ر له ده‌سه‌ڵاتدا بێت هه‌وڵی مانه‌وه‌ی بێمه‌رج ده‌دات، یاخود ده‌بێته‌وه به ئۆپۆزیسیۆن و هه‌مدیس بۆ گرتنه‌وه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات دێمۆکراسییانه تێههڵدهکاتهوه؟..
پێش هه‌رشتێك له‌به‌رئه‌وه‌ی بڕوام به (ئازادیی تاك؛ ده‌وڵه‌تی یاسا؛ دادپه‌روه‌ریی و یه‌کسانیی پایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی؛ ده‌سته‌به‌ریی ئابوریی بۆ چین و توێژه‌کانی خواره‌وه) هه‌یه، خۆزگه ده‌خوازم (گۆڕان) رێکخراوێکی موتوربهبێت له (لیبێرال-سۆسیالدێمۆکراس)یی. دیاره له بواری ئابورییدا ره‌وشه‌که به‌جۆرێکی تره؛ سه‌رمایه‌داریی له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا هێشتا زیاتر توێژێکی مشه‌خۆره و به‌رهه‌مهێنه‌ر نییه، جگه‌له‌وه‌ش له وڵاتێکی زه‌نگین به نه‌وتدا ده‌ژێین. که‌واته هێشتا کاتی ئه‌وه نییه هه‌مو شتێك بخرێته بازاڕ. لانیکه‌م پێویسته بواره‌کانی په‌روه‌رده‌و فێرکردن و ته‌ندروستیی بازرگانییان پێوه نه‌کرێت؛ ئابوریی بازاڕیش چاودێریکراو هاوسه‌نگی راگیرا‌و بێت و که‌س و گروپ ده‌ستی به‌سه‌ردا نه‌گرن..
دیاره له مێژودا به‌هۆی پراکتیزه‌کردنی دزێوه‌وه زۆر وشه‌و چه‌مکی له بنه‌ڕه‌تدا باش له‌وانه (فاشیی، به‌عسیی، رێژیم...تد) له‌به‌رچاو خراون. (ئیدیۆلۆژیا)ش وه‌ك وشه نه‌ك وه‌ك چه‌مك یه‌کێکه له‌وانه که به‌هۆی مێژوی خوێن لێتکاوی پێڕۆ تۆتالیتاره‌کانه‌وه دزێو بوه، ئه‌گینا خودی چه‌مکی (دێمۆکراسیی)ش ئیدیۆلۆژیایه. بۆیه کاتێك ده‌ڵێین پێویسته (گۆڕان) له ئیدیۆلۆژیا دوربکه‌وێته‌وه، مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه له‌ژێر زه‌بری هزرێك یان تیۆریایه‌کی دیاریکراودا نه‌بێته رێکخراوێکی تۆتالیتا‌ر. له‌وێدا پێویسته کۆمه‌ڵێك پره‌نسیپی بێگهنگهشهی تێکۆشانی هه‌بێت، له ئۆپۆزیسیۆنبوندا کاریان بۆ بکات و له ده‌سه‌ڵاتدا په‌یڕه‌ویان بکات؛ ئیدی هه‌رکه‌س بڕوای ته‌وای پێیان بێت، بتوانێت له‌و رێکخراوه‌دا خه‌باتی خۆی په‌ره پێبدات. پرینسیپه‌کان به بڕوام بریتیین له:
یه‌که‌م: پێداگرتن له‌سه‌ر سیستمی دێمۆکراسیی ته‌واو رێگه‌نه‌دان به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی. دوه‌م: دیاریکردنی ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیی به‌و شێوازه‌ی تیۆریاو بڕوا و کردار تێیدا یه‌کده‌گرنه‌وه نه‌ك به یوتۆپیا. سێیه‌م: سێکولاریزم، واته جیاکردنه‌وه‌ی ته‌واوی ئایین له ده‌وڵه‌ت و رێزگرتنی ئایین و پیرۆزییه‌کانی وه‌ك ئازادیی (ته‌واو ئیندیڤیدوێل)ی تاك. چواره‌م: یه‌کسانیی ته‌واوی ژن و پیاو له هه‌مو بوارێک‌دا؛ بیمه و ده‌سته‌به‌ریی دایکایه‌تی بۆ ژن؛ به یاسا رێگه‌گرتن له‌وه‌ی ژن له‌به‌ر ژنێتی و دایکایه‌تیی و ئاسته‌نگه فیزیۆلۆژییه‌کان بچه‌وسێته‌وه و موچه و کرێی که‌متر وه‌ربگرێت و بۆ بێبه‌ریکردن له کار بیانوی پێبگیرێت. پێنجه‌م: رێگه‌گرتن له هه‌مو جیاکارییه‌کی نه‌ژادیی. شه‌شه‌م: نه‌هێشتنی له‌سێداره‌دان. حه‌وته‌م: سه‌روه‌ریی ته‌واوی بێڕکابه‌ری یاسا و رۆنانی میریی ته‌کنۆکرات. هه‌شته‌م: نه‌هێشتنی هه‌مو جۆره‌کانی چه‌کدارییو توندوتیژیی. نۆیه‌م: دژایه‌تی په‌یداکردنی هه‌مو جۆره‌کانی چه‌کی کۆکوژیی. ده‌یه‌م: پاراستنی ژینگه به هه‌مو ده‌ستاوێژێك...
سه‌باره‌ت به شێوازی رێکخستن و پێڕه‌وی رێکخراوه‌ییش، پابه‌ندبێت به‌م خاڵانه‌وه:
یه‌که‌م: هه‌مو گوتار و ره‌فتار و دارایی و په‌یوه‌ندیی و هه‌ڵسوکه‌وتێکی ئاشکرا بن و هیچی بۆ شاردنه‌وه نه‌بێت (دیاره ئاشکراکردنی تواز و دارایی، ته‌نها ده‌بێت پاش ره‌وینه‌وه‌ی مه‌ترسیی سزای رامیاریی بێت). دوه‌م: هیچ رێکخراو نێوه‌ندێکی پیشه‌یی و جه‌ماوه‌ریی نه‌بێت (بۆ نمونه، گه‌ر ئه‌و وه‌ك گوترا، به‌ڕاستیی تێبکۆشێت بۆ به‌رقه‌رارکردنی یه‌کسانیی ژن و پیاو، پێویستیی به‌وه نابێت رێکخراوێکی کارتۆنیی بۆ ژنان دروست بکات). سێیه‌م: له‌خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه رێکبخرێت. چواره‌م: هه‌مو ئه‌ندامانی هاوشان بن له ده‌نگ و ماف‌دا. پێنجه‌م: مرۆڤ له بونهئهندام و وازهێناندا ئازاد بێت و گه‌ر وازی هێنا هیچی دوانه‌خرێت. شه‌شه‌م: ئه‌رك نه‌بێت له‌سه‌رشانی ئه‌ندام، هه‌مو فه‌رمانێکی سه‌رکرده یان رابه‌ره‌که‌ی جێبه‌جێ بکات. حه‌وته‌م: ده‌زگه‌ی هه‌واڵگریی و سیخوڕیی نه‌بێت. هه‌شته‌م: دژی ناوچه‌گه‌ریی و جیاکاریی بێت. نۆیه‌م: له‌بریی پارهبهفیڕۆدان له کاری رێکخراوه‌ییدا له باره‌گا و باڵه‌خانه و گه‌شت و ئوتێل و ئوتومبێل و سه‌ردان و...تدا. ته‌کنۆلۆژیای په‌یوه‌ندیی بخاته گه‌ڕو له‌سه‌ر رایه‌ڵێکی مۆدێرن کار بکات.
سبه‌ی: یه‌كێك له‌و شتانه‌ی گۆڕان بانگه‌شه‌ی بۆ كردوه هێنانه‌پێشه‌وه‌ی كاره‌كته‌ری سیاسی نوێیه و رۆڵپێدانه به‌گه‌نج به‌مانا سۆسۆلۆژییهكهی، پێتوایه (گۆڕان) له‌مه‌دا سه‌ركه‌وتو ده‌بێت (به سه‌رنجدان له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانتاره‌كان)؟، ئایا گۆڕان ده‌توانێت ئه‌و ملاملانێیه یان ملاملانێی نه‌وه‌كان كه ئێستا له هه‌رێمی كوردستان ناسروشتییه، ناسروشتی به‌و مانایه‌ی كه نه‌وه‌ی نوێی ده‌سته‌مۆی نه‌وه‌ی كۆن بوه، له‌ناوخۆیدا سروشتی بكات وه‌ك له كۆی سیستمه دیموكراسییه راستهقینهكاندا هه‌یه؟
سیروان بابه عه‌لی: ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا پاش راپه‌ڕین پێگه‌یشت، لهتێکڕادا نه‌وه‌یه‌کی زۆر به‌دبه‌خته، نه‌وه‌یه‌کی ده‌سته‌پاچه و چه‌پاو، له‌باشترین دۆخدا نه‌وه‌یه‌کی نابه‌رپرسیار و له ماف و ئه‌رك داماڵهخاسکراو. نه‌وه‌یه‌ك ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ندێك پێداویستیی تافی هه‌رزه‌کاریی له‌به‌رده‌ستدابو، حه‌زه لۆکاڵییه‌کانی جه‌سته‌ی پێ تێرده‌کرد، ئیدیی وای ده‌زانیی زۆر به‌خته‌وه‌ره... ئه‌و نه‌وه‌یه بیابانێکی گه‌وره له هزر و ژیانبینیی و مۆرالیدا بهرینبۆتهوه. کاره‌ساتی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی پاش راپه‌ڕین پاش یه‌ك دو ده‌یه‌ی تر ده‌رده‌که‌وێت و ته‌نها ئه‌و کاته ئه‌و نه‌وه‌یه هه‌ست ده‌که‌ن خه‌ره‌ندی کاره‌ساته‌که چه‌ند قوڵه. ئه‌و تاوانه ته‌نهاو ته‌نها ده‌سه‌ڵات لێی به‌رپرسیاره. له‌به‌رامبه‌ردا، هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌وروپا نه‌وه‌یه‌کی نوێی خه‌نیی به زانست و ته‌کنۆلۆژیا و وێژه و هونه‌ر و وه‌رزش پێگه‌یاندوه، که ته‌نانه‌ت خۆشیان به تواناکانی سه‌رسامن. ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی لای ئێمه له هه‌شتاکاندا پێگه‌یشت، هه‌رگیز له‌و بڕوایه‌دا نه‌بو نه‌وه‌یه‌ك هه‌بێت له خۆی به‌دبه‌ختتر؛ له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌دا ئه‌وه وا نه‌مایه‌وه. (گۆته) ده‌ڵێت: (نه‌وه‌ی ئێستا هه‌میشه ئه‌وه‌ی بیرده‌که‌وێته‌وه که نه‌وه‌ی کۆن له‌بیری ده‌کات)، به‌داخه‌وه ئه‌و گوته‌زایه له تێکڕادا به‌به‌ر نه‌وه‌ی (له پاش راپه‌ڕیندا پێگه‌یوی) ئێمه‌دا نایه‌ته‌وه. دیاره ئه‌و نه‌وه به‌سته‌زمانه کرایه ده‌سته‌چیڵه بۆ خۆشکردنی ئاگری پارته‌کان. که‌واته ئه‌رکی (گۆڕان) زۆر قورسه؛ ده‌بێت خۆنه‌ویستانه هه‌وڵی په‌روه‌رده‌کردنه‌وه‌ی ئه‌و نه‌وه‌یه بدات و هیچ نه‌بێت رێگه‌نه‌دات نه‌وه‌ی نوێی ئه‌مڕۆ به‌و ئاقاره دزێوه‌دا بڕوات. یه‌که‌م هه‌نگاویش ئه‌وه‌یه که گه‌نج خۆی بناسێت؛ هه‌وڵ بدات به‌هایه‌ك به‌خۆی بدات و فه‌لسه‌فه‌ی بونی خۆی له کۆمه‌ڵگه‌دا بدۆزێته‌وه. رزگاربون له‌وێوه ده‌ست پێده‌کات. له‌بنه‌ڕه‌تدا پیریی ته‌مه‌نی نه‌وه، پیریی ته‌مه‌نی سه‌رده‌مه‌که‌یه‌تی نه‌ك جه‌سته‌ی؛ واته بۆ نمونه تۆ له ره‌وشێکی ته‌ندروستدا دو مرۆڤی پیرو گه‌نج بدۆزه‌وه که پیره‌که زیره‌کتر و ئهکتیڤتریش بێت، هێشتا ده‌بینیت حه‌زو ئاره‌زوه‌کانی، خواسته زانستی و شارستانییه‌کانی له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می نوێ‌دا نایه‌نه‌وه و هه‌میشه به‌دوای نۆستالژیای سه‌رده‌می لاویی خۆیدا ده‌گه‌ڕێت؛ ئیدی ناتوانێت وه‌ك پێویست به‌پێی گۆڕانکارییه‌کان رێ بکات؛ ئه‌وه به‌بڕوام جیاوازیی بنه‌ڕه‌تیی نێوان نه‌وه‌ی کۆن و نوێیه. جگه‌له‌وه‌ی که هه‌میشه له کۆمه‌ڵگه ته‌ندروسته‌کاندا نه‌وه‌ی نوێ چاخێك زیاتر له نه‌وه‌ی کۆن هزر و توانستی فراوانتره، به‌ڵام لێره‌دا وه‌ك گوتمان کاره‌ساته‌که ئه‌وه‌یه لای ئێمه، ئه‌و نه‌وه‌یه کۆڵه‌واره و بۆته رۆبۆت و دارده‌ست، ده‌بێت هه‌وڵی په‌روه‌رده‌کردنه‌وه‌ی بدرێت. که‌واته هێشتا کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه پێویستیی به رێنوێنی و سه‌لیقه و باری ده‌رونی و مۆراڵی سه‌قامگیرتری ئه‌و نه‌وانه‌یه که به‌ر له راپه‌ڕین پێگه‌یون. ئێمه سه‌رده‌مێکمان له‌کیس چو. (گۆڕان) ده‌بێت گوتاری نه‌رمی زانستیی پشتبه‌ستو به ده‌رونناسه‌کان ئاڕاسته‌ی گه‌نج بکات؛ لێ سه‌ره‌تا ده‌بێت گه‌نجه‌کانی خۆی له‌و میراتییه ناقۆڵایه‌ی هزر و مۆراڵ رزگار بکات و فێری خودناسینیان بکات. فێریان بکات که به‌های تاكی ئازاد له جڤاکدا چیی ده‌گه‌یه‌نێت، به سامناکییه‌کانی کۆیلایه‌تیی ئاشنایان بکات. پاشان به هه‌مان گوتاری زانستییه‌وه خۆنه‌ویستانه روبکاته ئه‌وانی تر‌و به چاوپۆشیی له شێواز و ده‌ربڕینی ئه‌وان بیاندوێنێت، به‌ره‌و خۆهه‌ڵڕشتن و گه‌نگه‌شه‌ی ته‌ندروست په‌لکێشیان بکات.
نابێت له‌بیرمان بچێت که زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی بونه‌ته دارده‌ستی تاوانکاران له کوردستان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌مو کارێکی دزێو گه‌نجه‌کانن.
پێویسته (گۆڕان) چه‌نده‌ی بۆی ده‌لوێت، وه‌ك راوێژکار و پیر و رێنیشانده‌ر سود له به‌ته‌مه‌نه‌کان وه‌ربگرێت (ئه‌و به‌ته‌مه‌نانه‌ی ناتوانن چیی دی ئه‌کتیڤ بن)، پایه‌ی مینۆکیی شایسته‌یان هه‌بێت، لێ ته‌نهاو ته‌نها پشت به بیر و هزر و مۆراڵ و توانستی زانستیی گه‌نجانی سه‌رکه‌وتو ببه‌ستێ و تاکه تاکه بیاندۆزێته‌وه.