Print
 بێده‌نگی‌ شكا
Tuesday, May 18, 2010

راپۆرتی‌: (به‌رهه‌م خالید، سه‌نگه‌ر، چاوان عه‌لی‌)

جام پڕبو... جه‌ماوه‌ری‌ رژایه‌ سه‌ر شه‌قام
جیاواز له‌ رابردو ئه‌مجاره‌ سه‌رجه‌م چین‌و توێژه‌كان به‌ ده‌ربڕینی‌ "ئازادیی‌، ئازادیی‌" گۆمی‌ بێده‌نگییان شكاندو شاریان پڕكرد له‌ ناڕه‌زایی‌، ئه‌وه‌ش دوای‌ تیرۆركردنی‌ خوێندكارێكی‌ رۆژنامه‌نوس، كه‌ (23) به‌هاری‌ ته‌مه‌نی‌ له‌ پایته‌ختی‌ كوردستاندا به‌ڕێنه‌كردبو.

دوای‌ ئه‌و خۆپیشاندانه‌ی‌ رۆژنامه‌نوسان‌و خوێندكارانی‌ هه‌ولێر بۆ به‌رده‌م په‌رله‌مانی‌ كوردستان پاش رۆژێك له‌ تیرۆركردنی‌ سه‌رده‌شت عوسمانی‌ رۆژنامه‌نوس سازیانكرد، سلێمانی‌ چالاكییه‌كانی‌ هه‌فته‌ی "بێده‌نگ نابین"ی‌ راگه‌یاند، بۆ پاڵپشتی‌ له‌ هه‌ولێرو ئازادیی‌ راده‌ربڕین‌و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی‌ تیرۆر".

"بێده‌نگ نابین له‌ كوشتن، بێده‌نگ نابین له‌ تیرۆر، ئازادیی، ئازادیی‌"
سه‌دای‌ ئه‌و دروشمانه‌و چه‌ند دروشمێكی‌ وه‌ك: "ئێمه‌ له‌هیچ ناترسین، هه‌تا مردن ده‌نوسین، تا رۆژنامه‌ ئازادبێت هه‌رگیز راستی‌ ون نابێت، له‌ ئێمه‌وه‌ وشه‌ له‌ ئێوه‌شه‌وه‌ گوللـه‌، بۆ ئه‌و جه‌سته‌ پڕ له‌زامه‌ ده‌ست به‌رناده‌ین له‌ خامه‌، چه‌كی ده‌ستمان پێنوسه‌ وشه‌مان ئۆقیانوسه‌"، كه‌ به‌ده‌نگی‌ هه‌زاران به‌شداربوی‌ ره‌گه‌ز‌و ته‌مه‌ن جیاوازه‌وه‌ ده‌وترانه‌وه‌، شه‌قامی‌ مه‌وله‌وی‌‌و به‌رده‌ركی‌ سه‌رایان ده‌له‌رانده‌وه‌.

خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ شاری‌ سلێمانی‌ به‌ ئاماده‌بونی‌ زیاتر له‌ (3) هه‌زار كه‌س به‌ڕێوه‌چو له‌ رۆژنامه‌نوسان‌و پارێزه‌ران‌و نوسه‌ران‌و رۆشنبیران‌و خوێندكارانی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌‌و زانكۆی‌ ئه‌مریكی‌ له‌ سلێمانی‌و سه‌دان كاسبكار‌و لاوان‌و ژنان‌و هاوڵاتییانی‌ ناوچه‌و شارو شارۆچكه‌كانی‌ دیكه‌‌و ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، كه‌ له‌لایه‌ن هه‌فته‌ی‌ بێده‌نگ نابین سازكرا، كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند ده‌زگایه‌كی‌ راگه‌یاندنی‌ وه‌ك: (كۆمپانیای‌ ئاوێنه‌، رۆژنامه‌، هاوڵاتی، كه‌ی ئێن ئێن، گۆڤاری‌ لڤین، سایتی سبه‌ی‌، ئاسۆ)، راگه‌یه‌نرا وه‌ك هه‌ڵوێستێك دژ به‌ رفاندن‌و كوشتنی‌ سه‌رده‌شت عوسمان‌و داواكردن له‌ ده‌سه‌ڵات‌و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی‌ شاری‌ هه‌ولێر، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌نجامده‌رانی‌ ئه‌و تاوانه‌ ئاشكرا بكه‌ن، رۆژی‌ (13/5) راگه‌یه‌نرا.

ئاسۆس هه‌ردی، رۆژنامه‌نوس، له‌ وته‌یه‌كیدا له‌ به‌رده‌م خۆپیشانده‌راندا ئیدانه‌ی‌ تیرۆركردنی‌ سه‌رده‌شتی‌ كرد‌و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد؛ كه‌ "كێ رفاندی، چۆن توانرا له‌ بازگه‌كان ده‌رباز بكرێت"، له‌به‌رده‌م ئاپۆرای‌ جه‌ماوه‌ریشدا وتی: "رفێنه‌رانی‌ سه‌رده‌شت چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد، كه‌ به‌وشێوه‌یه‌ شه‌قام لێیان بێته‌ ده‌نگ‌و وایانزانی‌ رۆژنامه‌نوسان لێی بێده‌نگ ده‌بن‌و كه‌س له‌سه‌ر سه‌رده‌شت هه‌ڵناداتێ، نه‌یانزانی‌ كه‌ ئێمه‌ هه‌مو خه‌ڵكی كوردستان كه‌سوكار‌و باوك‌و براو دایك‌و خوشكی‌ سه‌رده‌شتین".

هه‌روه‌ك وتیشی: "ئه‌وه‌ی پێیوایه‌ به‌ڕێگه‌ی‌ ترساندن‌و كوشتن‌و تیرۆر ده‌توانێت خه‌ڵكی كوردستان ده‌سته‌مۆ بكات، جگه‌ له‌ لێدانی‌ زه‌نگی مردنی‌ خۆی‌ هیچی دیكه‌ی‌ ده‌ست ناكه‌وێت".

ئه‌نجامده‌ران سزا بدرێن، كه‌مته‌رخه‌مان دوربخرێنه‌وه‌
لیژنه‌ی‌ ئاماده‌كاری‌ (هه‌فته‌ی‌ بێده‌نگ نابین) له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا به‌ توندی‌ ئیدانه‌ی‌ تیرۆركردنی‌ سه‌رده‌شتیان كردو داوایان كرد به‌رپرسه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ شاری‌ هه‌ولێر له‌ كاره‌كانیان دوربخرێنه‌وه‌و لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت به‌وپێیه‌ی‌ تاوانه‌كه‌ له‌و شاره‌دا روی‌ داوه‌، هه‌روه‌ها داواده‌كات به‌ زوترین كات بكوژانی‌ سه‌رده‌شت ئاشكرا بكرێن‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌ڕه‌سمیی‌ هه‌ڵوێستی‌ خۆی له‌سه‌ر ئه‌و روداوه‌ رابگه‌یه‌نێت.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌و وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك دژ به‌ تیرۆركردنی‌ سه‌رده‌شت، پارێزه‌رانی شاری‌ سلێمانیش بڕیاریاندا بۆ ماوه‌ی‌ هه‌فته‌یه‌ك واز له‌ كاره‌كانی‌ خۆیان بهێنن‌و هیچ كه‌یسێك وه‌رنه‌گرن.

هاوڵاتییان داواده‌كه‌ن
ئه‌وه‌ی‌ جێی‌ تێبینییه‌ هاوڵاتییان به‌ جۆشه‌وه‌ به‌ده‌م داواكاریی‌ كه‌مپه‌ینه‌كانه‌وه‌ هاتن‌و بۆ ئازادكردنی‌ ویژدانیان خۆیان خستوه‌ته‌ پاڵ‌ رۆژنامه‌نوسان‌و داوای‌ لێپرسینه‌وه‌ ده‌كه‌ن.

ئیبراهیم مه‌حمود، كاسبكارێكی‌ سلێمانیه‌‌و به‌شداریی‌ رێپێوانه‌كه‌ی‌ كرد، ئه‌و باسی له‌وه‌كرد ته‌نیا سوربونی‌ له‌سه‌ر پشتگیریی‌ له‌ ئازادیی بیروبۆچون هانیداوه‌ به‌شداریی‌ ئه‌و كۆبونه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ بكات‌و داواش له‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم ده‌كات، ئه‌نجامده‌رانی‌ كوشتنی‌ سه‌رده‌شت بۆ خه‌ڵكی‌ ئاشكرا بكه‌ن‌و وتی: "كوا ئاسایش‌و ئارامیی‌، داواكارم تیرۆریستان سزا بدرێن‌و له‌مه‌ودا هیچ كه‌سێك به‌وجۆره‌ نه‌كوژرێت".

هێمن لهۆنی‌، رۆژنامه‌نوس‌و خوێندكاری‌ زانكۆی‌ ئه‌مریكی‌ له‌ سلێمانی‌ خۆشحاڵی‌ خۆی‌ ده‌ربڕی‌، كه‌ جه‌ماوه‌رێكی‌ زۆر به‌بێ ئینتیمای‌ حیزبی‌و ئایدیۆلۆژی به‌ بیروڕای‌ جیاوازه‌وه‌ پێكه‌وه‌ هاتونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام‌و دژی‌ تاوانێكی‌ گه‌وره‌ ده‌وه‌ستنه‌وه‌، كه‌ دژ به‌ ئازادیی‌و دژی‌ مرۆڤایه‌تییه‌و وتیشی: "ئێمه‌ هه‌مومان ئه‌مڕۆ داوای‌ ئازادیمان كرد بۆ هه‌مو كه‌س‌و رۆژنامه‌نوسێك".

ئاراس ئه‌نوه‌ر، ده‌رچوی‌ زانكۆ وێنه‌یه‌كی‌ هه‌ردو رۆژنامه‌نوسی تیرۆركراو، سۆرانی‌ مامه‌ حه‌مه‌و سه‌رده‌شت عوسمانی‌ به‌ ده‌سته‌وه‌بو، لێبڕاوانه‌ هوتافی ئازادی له‌گه‌ڵ‌ خۆپیشانده‌ران ده‌وته‌وه‌‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌رێمی‌ به‌رپرسی تیرۆركردنی‌ سه‌رده‌شت زانی‌، "ئه‌گه‌رنا چۆن ده‌كرێت به‌وشێوه‌یه‌ بڕفێنرێت‌و بكوژرێت"، ده‌رباره‌ی‌ هۆكاری‌ به‌شداریكردنیشی له‌ رێپێوانه‌كه‌ وتی‌: "ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ حیزب چه‌ندین شێوازی‌ جۆراوجۆریان به‌كارهێناوه‌ بۆ ترساندن‌و كپكردنی‌ ده‌نگی گه‌نجان، ئێستاش ده‌یانه‌وێت له‌ڕێگه‌ی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ تۆقاندن‌و كوشتنه‌وه‌ رێگه‌ له‌ ده‌نگی رۆژنامه‌نوسانی‌ ئازاد‌و لاوان بگرن، به‌ڵام ئه‌و خه‌ونه‌یان بۆ ناچێته‌ سه‌ر، چونكه‌ ئێستا خه‌ڵك هۆشیاره‌و ئه‌م خۆپیشاندانه‌ش به‌ڵگه‌ی زیندویی هاوڵاتییانه‌".

لای‌ خۆشییه‌وه‌ كاروان ساڵح، په‌رله‌مانتاری‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان بۆ رۆژنامه‌ وتی‌: "داوامان له‌ وه‌زیری‌ ناوخۆ كردوه‌ رونكردنه‌وه‌ بدات، ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كانی‌ باوه‌ڕپێكه‌ر نه‌بو‌و، بانگهێشتی‌ په‌رله‌مانی‌ ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵاو راگری‌ كۆلێژی‌ زمان‌و به‌ڕێوه‌به‌رێتیی‌ پۆلیس‌و ئاسایش، كه‌ پێشتر ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ شه‌هید سه‌رده‌شت مه‌ترسیی‌ له‌سه‌ر گیانی‌ هه‌یه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ لێكراوه‌، به‌ڵام ئه‌وان كه‌مته‌رخه‌مبون له‌وه‌ی‌ نه‌یانتوانیوه‌ گیانی‌ بپارێزن"، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕو، كه‌ كاره‌كه‌ به‌ تیرۆرێكی‌ رێكخراو ده‌زانن‌و داواشیان كردوه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بكرێت‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئه‌و ده‌ستانه‌ ئاشكرا بكات، كه‌ له‌ پشتیه‌وه‌ن، هه‌ر كه‌سێك‌و لایه‌نێك بێت‌و له‌ هه‌ر ئاستێكدا بێت.

هه‌روه‌ك وتیشی‌: "به‌چاوی‌ گومانه‌وه‌ سه‌یری‌ ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ ده‌كه‌ین‌و ده‌بێت ده‌سه‌ڵات ئه‌ركی‌ ئه‌خلاقیی‌ خۆی‌ به‌رامبه‌ر به‌ پاراستنی‌ خه‌ڵك ئاشكرا بكه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌و ئاسته‌شدا نین، با ده‌ست له‌كاربكێشنه‌وه‌و بۆ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكێكی‌ دیكه‌ ئه‌و پۆست‌و ئه‌ركانه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ‌و داواش له‌ هه‌رسێ‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و داواكاری‌ گشتیی‌ ده‌كه‌ین به‌ زوترین كات ئه‌و پرسه‌ بخرێته‌ ئه‌وله‌ویاتی‌ كاریان‌و تاوانباران ئاشكرابكرێن‌و به‌ سزای‌ یاسایی‌ بگه‌یه‌نرێن".

به‌یاننامه‌كه‌ی‌ پارتی‌‌و كاردانه‌وه‌كانی‌
دوای‌ راگه‌یاندنی‌ هه‌فته‌ی‌ بێده‌نگنابین‌و زنجیره‌یه‌ك خۆپیشاندانی‌ جه‌ماوه‌ری‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌ك له‌ شارو شارۆچكه‌كانی‌ كوردستان‌و له‌ كاردانه‌وه‌یكدا به‌رامبه‌ر ئه‌و ره‌خنانه‌ی‌ له‌ كاربه‌ده‌ستانی‌ ئه‌منی‌ هه‌ولێرو ده‌سه‌ڵات گیرا، مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ "توندی‌" ده‌ركردو ئه‌وه‌ش كاردانه‌وه‌ی‌ لێكه‌وته‌وه‌‌و لیژنه‌ی‌ هه‌فته‌ی‌ بێده‌نگنابین رایانگه‌یاند: كه‌ به‌یاننامه‌كه‌ به‌ نه‌فه‌سی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ نوسراوه‌.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كیشدا هه‌فته‌ی‌ بێده‌نگنابین وه‌ڵامده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ نیگه‌رانیی‌ ئێمه‌یه‌، به‌یاننامه‌كه‌ به‌ نه‌فه‌سی‌ شه‌إی‌ ناوخۆ‌و به‌ زمانی‌ هه‌ڕه‌شه‌ داڕێژراوه‌"، هه‌روه‌ها پێیانوایه‌؛ تێكه‌ڵكردنی‌ كۆمه‌ڵێك كه‌یس به‌ كه‌یسی‌ تیرۆركردنی‌ سه‌رده‌شت عوسمان، "به‌ مه‌به‌ست یا نا" خزمه‌ت به‌ هیچ ناكات "جگه‌ له‌ گومكردن‌و شاردنه‌وه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ بكوژانی‌ سه‌رده‌شت، له‌ گێژاوی‌ مێژویه‌كدا، كه‌ پڕه‌ له‌ تاوانی‌ حیزبه‌كان به‌رامبه‌ر یه‌كترو خه‌ڵكی‌ ئاسایی‌ كوردستان"، هه‌روه‌ك پێیان باشتره‌ به‌یاننامه‌كه‌ جه‌ختی‌ له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی‌ بكوژه‌كان بكردایه‌ته‌وه‌، نه‌ك تێكه‌ڵكردنی‌ كه‌یسه‌كان.

هه‌روه‌ك به‌یاننامه‌كه‌ی‌ هه‌فته‌ی‌ بێده‌نگ نابین له‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌و به‌شه‌ی‌ به‌یاننامه‌كه‌، كه‌ تێیدا "ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ پیلان له‌ دژی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان هاتوه‌ته‌ ئاراوه‌، ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ش كه‌ هاتونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام‌و داوای‌ نه‌هێشتنی‌ توندوتیژیی‌‌و دیارده‌ی‌ تیرۆری‌ رۆژنامه‌نوسان ده‌كه‌ن، به‌ گێره‌ شێوێن‌و پیلانگێڕیی‌ تۆمه‌تباركراون‌و وه‌ك دژی‌ ئه‌زمونی‌ كوردستان وێنا كراون، پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ راسته‌، باشترین به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌م راستییه‌ش شێوازی‌ مه‌ده‌نیانه‌‌و هێمنانه‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كانه‌، كه‌ جێگه‌ی‌ شانازییه‌ له‌ كوردستاندا كه‌سێك به‌ردی‌ نه‌هاویشت‌و كه‌سێكیش زمانی‌ توندوتیژیی‌ به‌كارنه‌هێنا، به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ناوه‌ڕۆكی‌ به‌یاننامه‌كه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ پارتییه‌وه‌، كه‌ به‌ زمانی‌ هه‌ڕه‌شه‌و ترساندن داڕێژراوه‌و زیاتر له‌ به‌یاننامه‌ی‌ حه‌ربیی‌ ده‌چێت".

هه‌روه‌ك پێیانوایه‌؛ ئه‌وه‌ی‌ مایه‌ی‌ سه‌رسوڕمان‌و له‌سه‌ر وه‌ستانه‌، ئه‌و مه‌نتیقه‌یه‌ كه‌ به‌یاننامه‌كه‌ی‌ پێنوسراوه‌، هاتوه‌: "مه‌نتیقێك هێشتا به‌ عه‌قڵی‌ سه‌رده‌می‌ جه‌نگی‌ ساردو شه‌ڕی‌ ناوخۆی‌ كوردستان ته‌ماشای‌ دنیا ده‌كات‌و له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردیدا جگه‌له‌ حیزب‌و ململانێی‌ حیزبی‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات هیچی‌ دیكه‌ نابینێت‌و ئاماده‌ نییه‌ میدیای‌ ئازاد ببینێت.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ عه‌دنان عوسمان، په‌رله‌مانتاری‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان ره‌خنه‌ له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی‌ پارتی‌ ده‌گرێت‌و پێیوایه‌ له‌بری‌ ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ پێویست بو، پارتیش سه‌رگه‌رمی‌ كه‌یسی‌ شه‌هیدكردنی‌ سه‌رده‌شت بونایه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ پایته‌ختی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌وان رویداوه‌و خودی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمیش داوای‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ وردی‌ كردوه‌و له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانیش به‌ هه‌مانشێوه‌ گفتوگۆی‌ له‌سه‌ر كراوه‌‌و سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانیش داوای‌ ئاشكراكردنی‌ بكوژه‌كانیان كردوه‌، وتیشی‌ "بۆیه‌ بۆ پارتی‌ باشتر وابو له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ بكه‌وێته‌ مه‌وقعی‌ به‌رگری‌ له‌خۆ گرتن ئه‌ویش هاوچه‌شنی‌ لایه‌نه‌كانی‌ تر به‌دوای‌ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و كێشه‌یه‌وه‌ بێت".

توندوتیژیی‌ به‌رده‌وامه‌
سه‌رباری‌ ئه‌و ناڕه‌زاییه‌ سه‌رتاسه‌رییه‌ی‌ دژ به‌ تیرۆركردنی‌ رۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت له‌لایه‌ن هاوڵاتییانه‌وه‌ به‌رپا كرا، هه‌ڕه‌شه‌كان له‌سه‌ر رۆژنامه‌نوسان به‌رده‌وامن به‌شێوه‌یه‌ك یه‌ك رۆژ دوای‌ تیرۆره‌كه‌ له‌ڕێی‌ مۆبایله‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ دو رۆژنامه‌نوسی‌ دیكه‌ی‌ پایته‌خت كراو له‌ حه‌ره‌می‌ په‌رله‌مانیشدا توندوتیژییان به‌رامبه‌ركرا.

هه‌روه‌ك له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ راوێژ‌و داكۆكیی‌ له‌ رۆژنامه‌نوسان هاتوه‌: كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردودا له‌ شاره‌كانی‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌ پێشێلكاریی‌ به‌رامبه‌ر (9) رۆژنامه‌نوس ئه‌نجامدراوه‌‌و به‌شێكیان به‌ شه‌ق‌و زللـه‌ راپێچی‌ ئاسایش كراون‌و ماوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌سه‌ر كراون، له‌لایه‌كی‌ دیكه‌شه‌وه‌ هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌رنوسه‌ری‌ گۆڤاری‌ لڤین‌و خاوه‌نی‌ ئیمتیازی‌ گۆڤاری‌ رێگا، به‌ یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ بانگهێشتی‌ دادگا كران‌و وته‌یان لێوه‌رگیرا، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ ساڵی‌ رابردو یاسای‌ رۆژنامه‌نوسی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان په‌سه‌ندكراو سه‌رۆكی‌ هه‌رێم واژۆی‌ له‌سه‌ر كرد.

چالاكییه‌كان به‌رده‌وامن
هه‌فته‌ی‌ بێده‌نگ نابین دوابه‌دوای‌ خۆپیشاندانه‌كه‌، مانگرتنی‌ له‌به‌رده‌م نوسینگه‌ی‌ سلێمانی‌ په‌رله‌مان راگه‌یاند‌و به‌ زنجیره‌یه‌ك خۆپیشاندان له‌ چه‌مچه‌ماڵ‌‌و هه‌ڵه‌بجه‌و سه‌یدسادق‌و كه‌ركوك‌و گه‌رمیان، درێژه‌ به‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی‌ ده‌دات‌و له‌ هه‌مو ئه‌و چالاكییانه‌دا رێكخه‌رانی‌ هه‌فته‌كه‌و به‌شداران داوای‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رفاندن‌و كوشتنی‌ سه‌رده‌شت‌و به‌سزاگه‌یاندنی‌ تاوانباران‌و لێپێچینه‌وه‌ له‌ كه‌مته‌رخه‌مه‌كان ده‌كه‌ن.

زانكۆ ئه‌حمه‌د، رێكخه‌ر له‌ هه‌فته‌ی‌ بێده‌نگ نابین، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات؛ كه‌ په‌یامی‌ رۆژنامه‌نوسه‌ مانگره‌كان بریتییه‌ له‌؛ داواكردن له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌دواداچون بۆ روداوی‌ رفاندن‌و كوشتنی‌ سه‌رده‌ست عوسمان‌و ئه‌نجامدانی‌ لێپێچینه‌وه‌ له‌ ده‌زگاكانی‌ پۆلیس‌و ئاسایش بكات له‌ هه‌ولێرو وتیشی‌: "داواده‌كه‌ین وه‌زیری‌ ناوخۆ ده‌ستله‌كار بكێشێته‌وه‌، هه‌روه‌ها پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌ڕه‌سمیی‌ هه‌ڵوێستی‌ خۆیان رابگه‌یه‌نن له‌سه‌ر چۆنیه‌تی‌ رودانی‌ ئه‌وكاره‌ توندوتیژه‌ دژی‌ رۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسمان".

تیرۆركردنی‌ رۆژنامه‌نوسان جه‌ماوه‌ری‌ هه‌ژاند
رۆژی‌ 4ی‌ ئه‌م مانگه‌ خوێندكار سه‌رده‌شت عوسمان له‌ به‌رده‌م كۆلێژی‌ زمان له‌ زانكۆی‌ سه‌لاحه‌دین رفێنراو و 6ی‌ مانگ له‌ شاری‌ موسڵ به‌ كوژراوی‌ دۆزرایه‌وه‌، ئه‌م تاوانه‌ به‌به‌رچاوی‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ هه‌ولێره‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی‌ و ناره‌زایی‌ له‌ نێو گه‌نجان و خوێندكاران و رۆژنامه‌نوسان دروست كردوه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ولاَتانی‌ ده‌ره‌وه‌ش خۆپیشاندانی‌ فراوانی‌ جه‌ماوه‌ری‌ سازده‌كرێت.

سلێمانی، كه‌مپینی‌ هه‌فته‌ی‌ بێده‌نگ نابین
رۆژی‌ شه‌ممه‌ 8ی‌ ئه‌م مانگه‌ خوێندكارانی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ له‌ به‌رده‌م زانكۆدا خۆپیشاندانێكیان له‌ژێر دروشمی‌ بێده‌نگ نابین تا ئه‌نجامده‌رانی‌ ئه‌و تاوانه‌ ده‌ستگیر نه‌كرێن سازكرد، خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌به‌شداری‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ مامۆستایان و خوێندكاران به‌ڕێوه‌چو كه‌ داوایان له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌كرد كه‌ هه‌ڵوێستی‌ ئاشكرای‌ هه‌بێت له‌باره‌ی‌ ئه‌و روداوه‌ و لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كاندا بكرێت، مامۆستایانیش سه‌رسوڕمانی‌ خۆیان پیشاندا كه‌ خوێندكارێك له‌به‌رده‌م كۆلێژه‌كه‌ی‌ برفێنرێت،له‌ پایته‌ختی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ ده‌یان ساڵه‌ خه‌بات بۆ ئازادی‌ ده‌كرێت تیایدا كه‌چی‌ له‌ 2010دا ئه‌مه‌ ئه‌نجامه‌كه‌یه‌تی‌؟.

هه‌ر له‌ شاری‌ سلێمانی كه‌مپینی‌ هه‌فته‌ی‌ بێده‌نگ نابین ده‌ستی‌ پێكرد و رۆژی‌ چوار شه‌ممه‌ 13ی‌ مانگ یه‌كه‌م چالاكی‌ هه‌فته‌ی‌ بێده‌نگ نابین به‌ خۆپیشاندانێكی‌ جه‌ماوه‌ری‌ فراوان، بۆ پرۆتستۆكردنی‌ كوشتنی‌ سه‌رده‌شت ده‌ستی‌ پێكرد

كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ ئێجگار زۆر له‌ رۆژنامه‌نوس و رۆشنبیر و قوتابیان و خوێندكاران و هاولاَتیانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ و ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار به‌شداری‌ ئه‌و خۆپیشاندانه‌یان كرد كه‌ له‌ به‌رده‌م باخی‌ گشتییه‌وه‌ بۆ به‌ر ده‌ركی‌ سه‌را ده‌ستی‌ پێكرد.

له‌ ئامانجه‌كانی‌ ئه‌و هه‌فته‌ چالاكیه‌دا داوای‌ دورخستنه‌وه‌ی‌ وه‌زیری‌ ناوخۆ و ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی‌ شاری‌ هه‌ولێر ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ داوای‌ به‌ زوترین كات دۆزینه‌وه‌ی‌ بكوژه‌كانی‌ سه‌رده‌شت عوسمان له‌ په‌رله‌مان و سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت، له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆكردنی‌ داواكاری‌ گشتی‌ و ئه‌رك و مافه‌كانی‌ داواكاری‌ گشتی‌ ولاَتانی‌ دیكه‌یان پێبدرێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ پێویسته‌ پارتی‌ به‌فه‌رمی‌ ده‌رباره‌ی‌ تیرۆركردنی‌ سه‌رده‌شت رونكردنه‌وه‌ بدات.

رۆژی‌ دواتریش كه‌مپینه‌كه‌ دوه‌م چالاكیان مانگرتنی‌ ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نوسه‌ له‌به‌رده‌م نوسینگه‌ی‌ سلێمانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان و په‌یامێكیشیان ئاراسته‌ی‌ مامۆستایانی‌ ئاینی‌ كردوه‌ تا له‌ وتاری‌ هه‌ینیدا ئیدانه‌ی‌ توندوتیژی‌ سه‌ر رۆژنامه‌نوسان بكه‌ن.

چه‌مچه‌ماڵ، گلكۆی‌ سۆرانی‌ مامه‌حه‌مه‌ گوڵباران كرا
له‌ خۆپیشاندانێكی‌ فراوانیشدا له‌ شاری‌ چه‌مچه‌ماڵ و به‌به‌شداری‌ كه‌مپینی‌ چیتر بێده‌نگ نابین و رۆشنبیران و رۆژنامه‌نوسان و په‌رله‌مانتاران و چین و توێژه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ چه‌مچه‌ماڵ، له‌به‌رده‌م په‌یكه‌ری‌ شاعیر شێخ ره‌زای‌ تاڵه‌بانی‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ جه‌ماوه‌ری‌ سازكرا و دواتر به‌ شداربوان به‌ هوتاف كێشان رویان له‌ قه‌برسانی‌ شێخ سه‌عید كردو و له‌سه‌رگوڵكۆی‌ شه‌هیدی‌ قه‌ڵه‌م سۆرانی‌ مامه‌ حه‌مه‌ رێوره‌سمێك سازكرا و گڵكۆی‌ سۆرانی‌ مامه‌حه‌مه‌ كه‌ تائێستا بكوژانی‌ نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌ گوڵباران كرا.

سه‌یدسادق، داوای‌ به‌ سزاگه‌یاندنی‌ بكوژانی‌ سه‌رده‌شت كرا
له‌درێژه‌ی‌ چالاكییه‌كانی‌ هه‌فته‌ی‌ بێده‌نگ نابین له‌به‌رانبه‌ر تیرۆری‌ سه‌رده‌شت عوسمان ‌و هه‌مو هه‌ره‌شه‌كانی‌ سه‌ر رۆژنامه‌نوسان، یه‌كشه‌ممه‌ 16ی‌ مانگ، خۆپیشاندانێكی‌ ناڕه‌زایی‌ له‌قه‌زای‌ سه‌یدسادق ئه‌نجامدرا.

له‌و خۆپیشاندانه‌دا كه‌ رۆژنامه‌نوسان‌و رۆشنبیران‌و خه‌ڵكی‌ ئازادیخوازی ناوچه‌كه‌ به‌شدارییان تێدا كرد، له‌نزیك گۆڕستانی‌ سه‌یدسادقه‌وه‌ بۆ به‌رده‌م قائیمقامیه‌ت ده‌ستیپێكرد، خۆپیشانده‌ران داوای‌ به‌ سزاگه‌یاندنی‌ بكوژانی‌ سه‌رده‌شتیان كرد له‌ ده‌سه‌لاَت

كه‌ركوك، ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ نه‌نگی‌ و جێگای‌ پرسیاره‌ بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێم
 رۆژی‌ یه‌كشه‌مه‌ 9ی‌ ئه‌م مانگه‌ خوێندكارانی‌ زانكۆی‌ كه‌ركوك له‌ هۆڵه‌كانی‌ خوێندن هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و خۆپیشاندانێكیان رێكخست و كوشتنی‌ سه‌رده‌شتیان ئیدانه‌كرد و پێیان وابو كه‌ شه‌رمه‌زاریه‌ بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌ له‌ هه‌ولێری‌ پایته‌خت و به‌به‌رچاوی‌ هێزه‌كانی‌ زێره‌ڤانی‌ و پاسه‌وانانی‌ كۆلێژی‌ زمانه‌وه‌ خوێنكارێك برفێندرێت و دواتر تیرۆربكرێت.

هه‌ر له‌ شاری‌ كه‌ركوك رۆژی‌ پێنجشه‌مه‌ 13ی‌ ئه‌م مانگه‌ رێكخراوه‌كانی‌ گه‌نجان و كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ ناره‌زایی‌ خۆیان ده‌ربری‌ و خۆپیشاندانێكی ناڕه‌زاییان له‌ به‌رامبه‌ر تیرۆركردن و كوشتنی‌ خوێندكار سه‌رده‌شت عوسمان سازكرد، له‌ ژێر دروشمی‌ وه‌ك خه‌ڵكی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ئێمه‌ش له‌ ئاست تیرۆركردنی‌ سه‌رده‌شت عوسمان بێده‌نگنابین و پێمان وایه‌ ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ نه‌نگی‌ و جێگای‌ پرسیاره‌ بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، جه‌ختیشیان ده‌كرده‌وه‌ كه‌ له‌ خۆپیشاندان و ناره‌زایی‌ ده‌ربرین به‌رده‌وام ده‌بن تا ئه‌وكاته‌ی‌ بكوژانی‌ سه‌رده‌شت ده‌دۆزرێنه‌وه‌ و ئاشكرا ده‌كرێن كه‌ چ حیزب و لایه‌نێك له‌ پشتیانه‌وه‌یه‌.

هه‌ولێر، هه‌ڕه‌شه‌ و كوشتن نامانترسێنێت
رۆژی‌ شه‌ممه‌ 8ی‌ مانگ كۆلێژی‌ زمانی‌ زانكۆی‌ سه‌لاحه‌دین وه‌ك ماته‌مینیه‌ك و نیگه‌رانی‌ و ناره‌زاییه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ كوشتنی‌ خوێندكاری‌ هاورێیان سه‌رده‌شت عوسمان، ماوه‌ی‌ دو رۆژ پرسه‌ی‌ ماته‌مینیان راگه‌یاند، خوێندكاره‌كان ته‌ئكیدیان كرده‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌ خۆپیشاندان تا ئه‌و رۆژه‌ی‌ بكوژانی‌ سه‌رده‌شت و ئه‌وانه‌ی‌ له‌ پشتیانه‌وه‌ن ئاشكراده‌كرێن ئه‌و خوێندكارانه‌ پێیان وابو كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان سه‌رده‌شتێكن و ناتوانرێت هه‌مویان له‌ناوببرێن هه‌ربۆیه‌ هه‌ره‌شه‌ و كوشتن نایانترسێنێت و له‌ وتنی‌ حه‌ق و نوسینه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ پێناو پارستنی‌ قه‌ڵه‌و وشه‌ی‌ ئازاد.

 هه‌ر له‌م رۆژه‌دا كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ فراوانی‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ هه‌ولێر و به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتاران به‌رێوه‌ چو و تیایدا جه‌خت له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی‌ بكوژانی‌ سه‌رده‌شت كرایه‌وه‌ و به‌ ئه‌ركی‌ حكومه‌ت زانرا كه‌ ئه‌و تاوانبارانه‌ بۆ رای‌ گشتی‌ ئاشكرا بكات، په‌رله‌مانتارانیش به‌ ئه‌ركی‌ په‌رله‌مانیان دانا به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ هه‌بێت بۆ ئه‌و تاوانه‌ قێزه‌ونه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌ خوێندكار و رۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت كراوه‌.

رۆژی‌ 10ی‌ ئه‌م مانگه‌ش هه‌ر له‌ شاری‌ هه‌ولێر خۆپیشاندانێكی‌ جه‌ماوه‌ری‌ بۆ به‌رده‌م په‌رله‌مانی‌ كوردستان سازكرا، بۆ ئیدانه‌كردنی‌ كوشتنی‌ سه‌رده‌شت.

به‌لاَم له‌كاتی‌ گه‌یشتنی‌ خۆپیشانده‌ران بۆ به‌رده‌م په‌رله‌مان، یه‌كێتی‌ قوتابیان و لاوان كه‌ ته‌نیا به‌یه‌ك لافیته‌ به‌شداری‌ خۆپیشاندانه‌كه‌یان كردبو رێگه‌یان نه‌دا،جگه‌ له‌ خۆیان هیچ كه‌س و لایه‌نێك وتار بخوێنێته‌وه‌.

قه‌لاَدزێ‌، نه‌مری‌ بۆ شه‌هیدانی‌ قه‌ڵه‌م
رۆژی‌ یه‌كشه‌مه‌ی‌ رابردو، 9ی‌ ئه‌م مانگه‌ش له‌ شاری‌ قه‌لادزێ‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ خوێندكارانی‌ كۆلێژی‌ زمان و رۆشنبیران ورۆژنامه‌نوسان و هونه‌رمه‌ندان له‌به‌رامبه‌ر تیرۆركردنی‌ خوێندكار و رۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسمان خۆپیشاندانێكی‌ ناڕه‌زایی‌ جه‌ماوه‌ری‌ فراوانیان،له‌به‌رده‌م ئاماده‌یی‌ قه‌لادزێوه‌ بۆ قایمقامیه‌تی‌ قه‌زای‌ پشده‌ر سازكرد.

 خۆپیشاندانه‌كه‌ش له‌ژێر دروشمی‌ ئه‌م كاره‌ قێزه‌ون و نامرۆڤانه‌یه‌ قابیلی‌ قبوڵ نیه‌، نه‌مری‌ بۆ شه‌هیدان سه‌رده‌شت عوسمان و سۆران مامه‌حه‌مه‌ و عه‌بدولسه‌تار تاهر شه‌ریف و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی‌ قه‌ڵه‌م به‌رێوه‌چو.

له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌یاندا به‌یاننامه‌یه‌كیان راگه‌یاند كه‌ تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌كرابو له‌و كاته‌ی‌ ده‌سه‌لاَت به‌ به‌رده‌وامی‌ باسی‌ سه‌روه‌ری‌ یاسا و پاراستنی‌ ئاسایشی‌ هاولاَتیان و مافی‌ مرۆڤ ده‌كرێت، به‌ رۆژی‌ روناك خوێندكارێكی‌ كۆلێژی‌ ئادابی‌ زانكۆی‌ سه‌لاحه‌دین به‌به‌رچاوی‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی‌ هه‌ولێر ده‌رفێنرێت و تیرۆر ده‌كرێت.

كۆیه‌، بێده‌نگ نابین له‌ ئاست كوشتنی‌ مرۆڤه‌كان و وشه‌
رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ 9ی‌ ئه‌م مانگه‌،خوێندكاران و مامۆستایانی‌ زانكۆی‌ كۆیه‌ خۆپیشاندانێكی‌ فراوانیان له‌به‌رده‌م كۆلێژی‌ زانسته‌ كۆمه‌لاَیه‌تیه‌كان ئه‌نجامدا و داوایان له‌لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كرد به‌ زوترین كات بكوژانی‌ سه‌رده‌شت ئاشكرابكرێن و به‌پێی‌ یاسا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت.

هاوكات، خۆپیشاندانی‌ خوێندكارانی‌ زانكۆی‌ كۆیه‌ به‌رده‌وام بو، رۆژی‌ چوارشه‌مه‌ 12ی‌ ئه‌م مانگه‌ مامۆستا و خوێندكارانی‌ كۆلێجی‌ زمانی‌ زانكۆی‌ كۆیه‌، له‌ ژێر دروشمی‌ (كوشتنی‌ ده‌نگه‌ ئازاده‌كان بۆ) رێوره‌سمێكیان بۆ ئیدانه‌كردنی‌ كوشتنی‌ سه‌رده‌شت رێكخست و له‌و رێوره‌سمه‌ هێمنانه‌یه‌دا جه‌ختیان له‌سه‌ر بێده‌نگ نه‌بونیان كرده‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌ و به‌ به‌رپرسانیان ده‌وت بێده‌نگ نابین له‌ ئاست كوشتنی‌ مرۆڤه‌كان و وشه‌.

رانیه‌، كوژرانی‌ سه‌رده‌شت ده‌سه‌لاَت ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌
 رۆژی‌ سێشه‌ممه‌،12ی‌ مانگ رۆژنامه‌نوسان و رۆشنبیرانی‌ رانیه‌ به‌ به‌شداری‌ ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاو له‌ هاولاَتیانی‌ خۆپیشاندانێكیان رێكخست و ئیدانه‌ی‌ تیرۆركردنی‌ سه‌رده‌شتی‌ رۆژنامه‌نوس و خوێندكاریان كرد.

له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌دا ئاماژه‌یان بۆئه‌وه‌كرد كه‌ پاراستنی‌ گیانی‌ هاولاَتیان و رۆژنامه‌نوسان ئه‌ركی‌ ده‌سه‌لاَته‌، تیرۆركردنی‌ سه‌رده‌شتیش به‌وشێوه‌یه‌ ده‌سه‌لاَت و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، هه‌روه‌ها داواش كراوه‌ به‌زوترین كات بكوژانی‌ سه‌رده‌شت ئاشكرا بكرێن و به‌سزا بگه‌یه‌ندرێن، هاوكات یاداشتێكیشیان له‌ رێی‌ قائیمقامی‌ رانیه‌وه‌ ئاراسته‌ی‌ هه‌رسێ‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كرد، كه‌ تێیدا داوایان كرد لێپێچینه‌وه‌ له‌ ده‌زگا په‌یوه‌ندیدار و كه‌مته‌رخه‌مه‌كان بكرێت و وه‌لاَمی‌ ناره‌زایی‌ هاولاَتیان بدرلاێته‌وه‌.

كوژرانی‌ سه‌رده‌شت ولاَتانی‌ ئه‌وروپاشی‌ هه‌ژاند
له‌ ولاَتانی‌ ده‌ره‌وه‌ش، ره‌وه‌ندی‌ كورد به‌مه‌به‌ستی‌ پشگیری‌ كردن له‌ جه‌ماوه‌ری‌ به‌ ده‌نگ هاتوی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و بۆ ئیدانه‌كردنی‌ ئه‌و كوشتنه‌ ترسنۆكانه‌یه‌ی‌، خوێندكار و رۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسمانی‌ پێ شه‌هیدكرا، چه‌ندین خۆپیشاندان سازكرد، له‌ ژێر دروشمی‌ بكوژانی‌ سه‌رده‌شت عوسمان ده‌بێت بێسزا ده‌رنه‌چن، ناهێڵین ئازادی‌ و مافه‌كانمان پاماڵ بكه‌ن، به‌ڵگه‌كانی تیرۆركردنی سه‌رده‌شت گومانی ئه‌وه‌یان له‌ لا په‌یدا ده‌كه‌ن كه‌ بكه‌رانی ئه‌م پیلانه‌ نه‌گریسه‌ به‌شێكن له‌ خودی ده‌سه‌ڵات و له‌نێوبازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتدان.

فله‌ندا، هێرشكردنه‌ سه‌ر رۆژنامه‌نوسان شه‌رمه‌زاكرا
له‌ ولاَتی‌ فله‌ندا، رۆژی‌ چوارشه‌مه‌ی‌ رابردو 13 ی‌ مانگ به‌به‌شداری‌ ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاو له‌ رۆژنامه‌نوسان و رۆشنبیران و نوێنه‌رانی‌ چه‌ند پارت و رێكخراوێك، خۆپیشاندانك بۆ ئیدانه‌كردنی‌ تیرۆركردنی‌ سه‌رده‌شت عوسمان، بۆ به‌رده‌م بالیۆزخانه‌ی‌ عێراق له‌ شاری‌ هێڵسێكی‌ سازكرا. خۆپیشانده‌ران چه‌ندین دروشمی‌ جیاجیایان به‌رزكردبۆوه‌ و تیایدا هێرشكردنه‌ سه‌ر رۆژنامه‌نوسان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رسوا و شه‌رمه‌زاكرا و یاداشتێكیشیان دایه‌ بالیۆزی‌ عێراق له‌ فله‌ندا.

هۆڵه‌ندا، ناهێڵین ئازادی‌ و مافه‌كانمان پاماڵ بكه‌ن
هاوكات، له‌ ولاَتی‌ هۆڵه‌نداش، كۆمیته‌ی‌ سه‌رده‌شت عوسمان بۆ به‌رگری‌ له‌ ئازادی‌، به‌به‌شداری‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ڕۆشنبیران و هه‌ڵسوراوانی سیاسی و مافی مه‌ده‌نی و ژن و منداڵ كه‌ له‌شوێنه‌ دوره‌كانی هۆڵه‌نداوه‌ هاتبون، خۆپیشاندانێكیان له‌ ژێر دروشمی‌ (بكوژانی‌ سه‌رده‌شت عوسمان ده‌بێت بێسزا ده‌رنه‌چن، ناهێڵین ئازادی‌ و مافه‌كانمان پاماڵ بكه‌ن)، بۆ به‌رده‌م بالیۆزخانه‌ی‌ عێراق له‌ دینهاخ سازكرد.

خۆپیشانده‌ران چونه‌ ناو بالیۆزخانه‌، له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری بالیۆزخانه‌ی‌ عێراقی گفتوگۆیان كرد و ته‌ئكیدیان كرده‌وه‌ كه‌ به‌رپرسانی هه‌رێم و به‌تایبه‌تیش پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ كه‌مته‌رخه‌م و تۆمه‌ت بار ئه‌ زانن و داخوازیه‌كانی خۆپیشانده‌رانیان به‌ نوسراو پێدان كه‌ پێك هاتبون له‌ (ئاشكراكردن و سزادانی تاوانباران و كاری جیدی له‌لایه‌ن به‌رپرسانی هه‌ولێرو پارتیه‌وه‌). وه‌فده‌كه‌ ناڕه‌زایه‌تی خۆشیان پیشاندا كه‌ بۆ بالێۆزی‌ عێراق (سیامه‌ند به‌نا) كه‌ كورده‌و له‌سه‌ر لیستی پارتیه‌ پێشوازی‌ لێنه‌كردون، و خۆپیشانده‌ران بۆ ما‌وه‌یه‌كی درێژ كه‌وتنه‌ هوتاف كێشان و هاواریان ئه‌كرد (مردن بۆ تیرۆریسستان، ڕو ڕه‌شی بۆ تیرۆریستان....ئازادی بۆ كوردستان....ئازادی بۆ ڕۆژنامه‌نوسان).

سوید، ئازادی‌ بیڕورا سنوردارنه‌كرێت
16ی‌ ئه‌م مانگه‌ش 6 پارت و رێكخراوی‌ كوردی‌ له‌ شاری‌ ستۆكۆڵمی‌ پایته‌ختی‌ سوید، خۆپیشاندانێكیان رێكخست، وه‌ك ناره‌زاییه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ تیرۆركردنی‌ سه‌رده‌شت عوسمانی‌ خوێندكار و رۆژنامه‌نوسن داوایان كرد كه‌ ئازادی‌ بیرورا سنوردارنه‌كرێت و بكوژانی‌ سه‌رده‌شت ئاشكرابكرێن.

سویسرا، بكه‌رانی ئه‌م پیلانه‌ نه‌گریسه‌ له‌نێوبازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتدان
 ئه‌مرۆش له‌ ولاَتی‌ سویسرا بۆ گوشارخستنه‌ سه‌ر حكومه‌ت تا بكوژانی‌ سه‌رده‌شت ئاشكرا بكات،خۆپیشاندانێكی‌ فراوان له‌ شاری‌ بیرن له‌به‌رده‌م بنكه‌ی‌ رێكخراوی‌ ئه‌مه‌نستی‌ ئه‌نته‌رناسیۆنال سازده‌كرێت.

خۆپیشاندانه‌كه‌ش بریاره‌ له‌ژێر دروشمی‌ دابینكردنی‌ ئازادی‌ سیاسی‌،ئازادی‌ بیرورا و رۆژنامه‌گه‌ری‌ و له‌ پێناو ئاشكراكردن و به‌ سزاگه‌یاندنی‌ بكوژانی‌ سه‌رده‌شت عوسمان و پیلانی‌ پشت ئه‌و كوشتنه‌، چونكه‌ هه‌مو به‌ڵگه‌كانی تیرۆركردنی گومانی ئه‌وه‌مان له‌ لا په‌یدا ده‌كه‌ن كه‌ بكه‌رانی ئه‌م پلانه‌ نه‌گریسه‌ به‌شێكن له‌ خودی ده‌سه‌ڵات و له‌نێوبازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتدان، به‌رێوه‌بچێت.

دانیمارك، ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێم به‌رپرسیاره‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و تاوانه‌
یه‌كشه‌مه‌، 16ی‌ مانگ له‌ ولاَتی‌ دانیمارك كه‌مپینی‌ به‌رگری‌ له‌ ئازادی‌،خۆپیشاندانێكیان بۆ ده‌ربرینی‌ ناره‌زایی‌ به‌رامبه‌ر به‌ تیرۆركردنی‌ سه‌رده‌شت عوسمان سازكرد، چالاكیه‌كه‌ به‌ دروشمی‌ وه‌ستانه‌وه‌ به‌ڕوی پێشێلكاری تیرۆركردنی ئازادی بیروڕا و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری و هه‌مو ده‌نگێكی ئازادیخواز له‌ هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها بۆ به‌رپرسكردنی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌دواداچون و په‌رده‌لادان له‌سه‌ر ده‌ستی تیرۆر و كێشكردنی تاوانباران بۆ دادگا، هاوكات ئاماده‌بوان ئه‌وه‌شیان خسته‌ڕو، كه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستای هه‌رێم به‌رپرسیاره‌ له‌و تاوانه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌و ده‌رخستنی ده‌ره‌نجامه‌كانی به‌شێوازێكی رون و ئاشكرا كه‌ رێگر بێت له‌دوباره‌ نه‌بونه‌وه‌ی ئه‌م شێوه‌ تاوانانه‌، چونكه‌ تاوانه‌كانی پێشوی دژ به‌ رۆژنامه‌نوسان و ده‌نگه‌كانی ئازاد بونه‌ رێگا خۆشكه‌رێك بۆ تیرۆركردنی سه‌رده‌شت عوسمان، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌م كاره‌ساته‌ ببێته‌ وه‌ستان و بنبڕكردنی تیرۆری ده‌نگی ئازاد، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌سه‌ڵات به‌رپرسیار ده‌كه‌ین له‌ ئێستا و داهاتودا.

ئه‌نجامدانی‌ ده‌یان خۆپیشاندان و ده‌ركردنی‌ سه‌دان به‌یاننامه‌ی‌ ناره‌زایی‌ به‌رده‌وامی‌ هه‌یه‌ و چاوه‌روانی‌ هاولاَتیان بۆ ئاشكراكردنی‌ بكوژانی‌ رۆژنامه‌نوس و خوێندكار سه‌رده‌شت عوسمان، پێویستی‌ به‌ وه‌لاَمی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان هه‌یه‌.

Sbeiy.com © 2007