Print
 زیاتر له‌ (5) ملیار دینار بۆ ئۆتۆمبێلی‌ په‌رله‌مانتاران ته‌رخان ده‌كرێت
Tuesday, May 25, 2010

راپۆرتی‌: دلێر عه‌بدولخالق


به‌ مه‌به‌ستی‌ كڕینی‌ ئۆتۆمبێل، سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بڕیاریداوه‌ بڕی‌ (5) ملیار‌و (328) ملیۆن دینار ته‌رخان بكات بۆ په‌رله‌مانتارانی‌ خولی‌ سێیه‌م، به‌شێوه‌یه‌ك بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی‌ هه‌ر ئۆتۆمبێلێك (48) ملیۆن دینار دیاریكراوه‌.
دابینكردنی‌ ئه‌و پاره‌ زه‌به‌لاحه‌، له‌كاتێكدایه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ په‌رله‌مانتاران خاوه‌نی‌ ئۆتۆمبێلی‌ خۆیانن ‌و به‌مه‌ش په‌رله‌مانتار ئازاده‌ به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ئۆتۆمبێل بكڕێت، یان ته‌نیا پاره‌كه‌ وه‌ربگرێت ‌و بۆ پێویستییه‌كی‌ دیكه‌ی‌ خۆی‌ خه‌رجی‌ بكات، له‌و ناوه‌نده‌دا بۆچونی‌ په‌رله‌مانتاران جیاوازه‌. 



د. جه‌عفه‌ر عه‌لی‌، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: «پێموانییه‌ په‌رله‌مانتار مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌بێت له‌سه‌ر بودجه‌ی‌ گشتیی‌ ئۆتۆمبێلی‌ بۆ بكڕێت، چونكه‌ په‌رله‌مانتار موچه‌كه‌ی‌ باشه‌ ‌و به‌چه‌ند مانگێك ده‌توانێت ئۆتۆمبێلێكی‌ شایسته‌ بۆ خۆی‌ دابین بكات».
له‌ به‌رامبه‌ر بۆچونه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ گۆڕان، د.ره‌فیق سابیر، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ به‌ جۆرێك له‌ موزایه‌ده‌ سه‌یرده‌كات ‌و ده‌ڵێت: «راسته‌ په‌رله‌مانتار به‌ موچه‌كه‌ی‌ ئۆتۆمبێلی‌ پێ ده‌كڕدرێت، به‌ڵام بۆ وه‌زیر‌و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ ‌و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ دائیره‌یه‌ك مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌بێت ئۆتۆمبێل ‌و شۆفێر ‌و به‌نزین ‌و مه‌سره‌فی‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت بێت، به‌ڵام بۆ ئه‌ندام په‌رله‌مانێك ئه‌م حاڵه‌ته‌ به‌ زۆر دابنرێت، له‌كاتێكدا په‌رله‌مانتار مه‌سره‌فه‌كه‌ له‌سه‌ر خۆشی‌ بێت».
نه‌ریتی‌ كڕینی‌ ئۆتۆمبێل ‌و به‌شێك له‌ ئیمتیازاته‌كانی‌ دیكه‌ بۆ په‌رله‌مانتاران ‌و كاربه‌ده‌ستانی‌ دیكه‌ی‌ ده‌زگانی‌ ده‌وڵه‌ت بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێك له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دوباره‌ ‌و درێژبوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ رایه‌ڵه‌ یاساییه‌كانی‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ له‌ سنوره‌ نایاساییه‌كان نزیكده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌: له‌ زۆربه‌ی‌ ده‌زگاكانی‌ حكومه‌ت ‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ دیكه‌ی‌ هه‌رێم ئه‌و ئامێر ‌و پێداویستیانه‌ به‌پاره‌ی‌ گشتیی‌ ده‌كڕدرێن، كه‌چی‌ دوای‌ ته‌واوبونی‌ ئه‌ركی‌ كاربه‌ده‌سته‌كان، ئه‌م كه‌ره‌ستانه‌ بۆ ده‌زگاكانیان ناگه‌ڕێته‌وه‌‌و وه‌ك به‌شێك له‌ موڵكی‌ كه‌سی‌ ته‌سه‌ڕوفی‌ پێوه‌ده‌كرێت.



كرینی‌ ئۆتۆمبێل بۆ په‌رله‌مانتاران مشتومڕێكی‌ له‌ناو په‌رله‌مانتاران دروستكردوه‌، به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ (رۆژنامه‌) هه‌فته‌ی‌ رابردو سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان داوای‌ له‌ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان كردوه‌ وه‌ك شه‌خسی‌، بۆچونی‌ خۆیان له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان بنێرن، چونكه‌ تائێستا له‌ناو گشت فراكسیۆنه‌كان بۆچونی‌ جیاواز له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ هه‌یه‌.
له‌باره‌ی‌ هه‌ڵوێستی‌ فراكسیۆنه‌كه‌یان، بیلال سلێمان، ئه‌ندامی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد؛ كڕینی‌ ئۆتۆمبێل ئاساییه‌، به‌ڵام به‌ مه‌رجێك ببێته‌ موڵكی‌ په‌رله‌مان ‌و لیژنه‌ی‌ دارایی‌ په‌رله‌مان به‌و كاره‌ هه‌ستن ‌و یه‌ك جۆر ئۆتۆمبێل بۆ هه‌مو په‌رله‌مانتاران بكڕدرێت، وتیشی‌: «ژماره‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ پێوه‌بێت، یان نا گرنگ نییه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ دوای‌ چوار ساڵه‌كه‌ لێی‌ وه‌ربگیرێته‌وه‌، ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌كاتێكدایه‌ پێویست ناكات مه‌سره‌فی‌ چاككردنه‌وه‌ ‌و دابینركردنه‌وه‌ی‌ پێویستییه‌كانی‌ ئۆتۆمبێله‌كان له‌سه‌ر په‌رله‌مان بێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ش ده‌بێت بارێكی‌ قورس به‌سه‌ر په‌رله‌مانه‌وه‌».



به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ جه‌عفه‌ر عه‌لی‌، له‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان بۆ كڕێنی‌ هه‌ر ئۆتۆمبێلێك بڕی‌ (48) ملیۆن دینار دابینكراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ تائێستا فراكسیۆنه‌كان ‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان نه‌گه‌یشتونه‌ میكانیزمی‌ كۆتایی‌ بۆ چۆنێتی‌ كڕینی‌ ئۆتۆمبێله‌كان ‌و بڕی‌ پاره‌‌و چۆنێتی‌ پێدانی‌ ئه‌و پاره‌یه‌.
ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كرد، به‌وپێیه‌ی‌ په‌رله‌مانتار به‌ حوكمی‌ پۆست ‌و دامه‌زراوه‌كه‌ی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ بۆ ته‌رخان ده‌كرێت، واته‌ موڵكی‌ كه‌س نییه‌ ‌و هی‌ پۆست ‌و شوێنه‌، پێویستده‌كات دوای‌ كۆتاییهێنانی‌ پۆسته‌كه‌ی‌، ئۆتۆمبێله‌كه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ده‌زگاكه‌ی‌. 



د.جه‌عفه‌ر عه‌لی‌، وتی‌: «بۆچونی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان به‌نوسراو ئاراسته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان كراوه‌، (25) په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ گۆڕان ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ وه‌ك موڵكی‌ په‌رله‌مان به‌تابلۆی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت، واته‌ ئێمه‌ پاره‌كه‌ وه‌رناگرین ‌و ناچێته‌ حساباتی‌ ئێمه‌وه‌، به‌ڵكو پێویسته‌ لیژنه‌یه‌ك پێكبێت ‌و ته‌سلیمی‌ ئێمه‌ی‌ بكه‌ن ‌و دوای‌ ته‌وابونی‌ كاره‌كانمان ته‌سلیمی‌ په‌رله‌مانی‌ بكه‌ینه‌وه‌».
له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی‌ موڵكیه‌تی‌ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ له‌ په‌رله‌مانتاره‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان، به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتاران ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن ئه‌و كاته‌ مه‌سره‌فی‌ 4 ساڵ‌ كاركردن ‌و هه‌ر روداوێكی‌ هاتوچۆ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر په‌رله‌مان، هه‌روه‌ك دوای‌ چوار ساڵ‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ كۆن ده‌بن ‌و سودێكی‌ ئه‌وتۆیان بۆ په‌رله‌مان نابێت.



د.ره‌فیق سابیر، ئه‌ندامی‌ فراكسیۆنی‌ كوردستانی‌ ‌و سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌، رایده‌گه‌یه‌نێت: «ئه‌گه‌ر ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ موڵكی‌ په‌رله‌مان بێت، ئه‌وكات هه‌مو مه‌سره‌ف ‌و چاككردنه‌وه‌ی‌ بۆ ماوه‌ی‌ 4 ساڵ‌ له‌سه‌ر په‌رله‌مان ده‌بێت، به‌شێوه‌یه‌ك هێنده‌ی‌ نرخی‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ ده‌بێت پاره‌ بۆ به‌نزین ‌و مه‌سره‌ف ‌و چاكردنه‌وه‌ی‌ ته‌رخان بكرێت، به‌ڵام له‌كاتێكدا په‌رله‌مانتار له‌سه‌ر موچه‌كه‌ی‌ مه‌سره‌فه‌كه‌ دابینبكات باشتره‌».
سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ ئه‌وه‌ به‌كێشه‌ نازانێت دوای‌ چوار ساڵه‌كه‌ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ بدرێنه‌وه‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام پێیوایه‌؛ ئه‌و كاته‌ نه‌ نرخه‌كه‌ی‌ هیچ ده‌كات ‌و به‌هۆی‌ ئیشكردنی‌ پێشتریش مه‌سره‌فی‌ زیاده‌ ده‌خاته‌ سه‌ر په‌رله‌مان.
له‌به‌رامبه‌ر بۆچونی‌ په‌رله‌مانتاران له‌مه‌إ ئه‌و پرسه‌، مامۆستایه‌كی‌ به‌شی‌ ئابوریی‌ له‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ پێیوایه‌: ته‌رخانكردنی‌ بودجه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ هه‌رێم له‌ دارایی‌‌و سامانی‌ گشتیی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌إوات، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا په‌رله‌مان به‌رپرسی‌ یه‌كه‌مه‌ له‌ چاودێریكردنی‌ بودجه‌‌و سه‌رفكردنی‌، نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بۆ خۆی‌ ببێته‌ هۆی‌ زیانگه‌یاندن به‌و سه‌رمایه‌ داراییانه‌.  



د.خالید حه‌یده‌ر، بۆ رۆژنامه‌ وتی‌: «په‌رله‌مانتار هه‌ڵبژێردراوی‌ خه‌ڵكن، حه‌قه‌ گرنگیی‌ به‌ ژیانیان بدرێت، به‌ڵام ئه‌و گرنگییه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ به‌خراپ له‌سه‌ر سیاسه‌تی‌ ئابوریی‌ بشكێته‌وه‌، كاتێك بڕیار ده‌درێت ئۆتۆمبێل بۆ په‌رله‌مانتار بكڕدرێت، ده‌بێت ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ ببێته‌ موڵكی‌ په‌رله‌مان ‌و بۆ چه‌ند خولێكی‌ په‌رله‌مان سودی‌ لێ ببیندرێت، نه‌ك ببێته‌ به‌شێك له‌ موڵكی‌ په‌رله‌مانتار».
مامۆستاكه‌ی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد: ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ ته‌رخانكراوه‌، ئۆتۆمبێلی‌ باشی‌ پێده‌كڕدرێت، كه‌ ده‌تواندرێت بۆ (20) ساڵ‌ سودی‌ لێوه‌رگیرێت، له‌كاتی‌ تێكچونیشدا ده‌توانرێت له‌ڕێگه‌ی‌ "سییانه‌"وه‌ چاكبكرێته‌وه‌، یان ده‌درێت به‌ ده‌زگایه‌كی‌ دیكه‌ی‌ حكومیی‌ سودی‌ لێوه‌رده‌گیرێت، ئه‌گه‌رنا له‌ڕێگه‌ی‌ زیادكردنی‌ ئاشكراوه‌ ده‌فرۆشرێته‌وه‌ ‌و پاره‌كه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بودجه‌ی‌ په‌رله‌مان، یان حكومه‌ت.



به‌ بڕوای‌ د.خالید حه‌یده‌ر، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان ‌و په‌رله‌مانتاران به‌وشێوه‌یه‌ بیرنه‌كه‌وه‌، ئه‌وا بێگومان ناتوانن چاودێریی‌ ده‌زگاكانی‌ دیكه‌ی‌ حكومه‌ت بكه‌ن ‌و لێپرسینه‌وه‌ بكه‌ن له‌سه‌ر چۆنێتی‌ سه‌رفكردنی‌ بودجه‌ ‌و به‌كارنه‌هێنانی‌ مومته‌له‌كاتی‌ ده‌وڵه‌ت بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ كه‌سه‌كان.

Sbeiy.com © 2007