دیمانه: به‌رهه‌م عومه‌ر
له دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له 25/7، بۆ یه‌كه‌مجار له په‌رله‌مانی كوردستاندا، چه‌ند فراكسیۆنێك وه‌كو ئۆپۆزسیۆن خۆیان راگه‌یاند، بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی به جه‌ماوه‌ری خۆیاندابو، ئه‌گه‌رچی رێژه‌ی كورسیه‌كانیان 35 كورسی بو له‌كۆی 110كورسی.
له‌م دیداره‌دا: كوێستان محه‌مه‌د، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماژه به قۆناغه‌كانی گه‌شه‌كردنی ئۆپۆزسیۆن و مامه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌كات له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن وه‌كو هێزێكی سیاسی نوێ له كوردستاندا و ده‌ڵێت: "ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت په‌رله‌مان بێ ده‌سه‌ڵات و ئیفلیج بێت".
سبه‌ی: فراكسیۆنی گۆڕان، وه‌كو به‌شێك له ئۆپۆزسیۆن، له‌ماوه‌ی رابردودا توانویه‌تی چی بكات بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی داویه‌تی به خه‌ڵك؟
كوێستان محه‌مه‌د: راسته ئێمه فراكسیۆنێكی گه‌وره‌ین، به‌ڵام ژماره‌ی كورسیه‌كانمان هێنده زۆر نییه (25 كورسی) كه بتوانین فشاری پڕاوپڕ بخه‌ینه سه‌ر ده‌سه‌ڵات و به ته‌واوی بتوانین به‌ربه‌ست بخه‌ینه به‌رده‌می ئه‌و پرۆژانه‌ی له‌سودی خه‌ڵكدا نییه، به‌و پێیه‌ی ئێمه له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا كۆمه‌ڵێك به‌ڵێنمان داوه به خه‌ڵك بۆ به‌دواداچونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان كه به‌پێی ئه‌و قه‌باره‌یه‌ی هه‌مانه ئه‌و كاره‌مان كردوه، كه ئه‌ویش دروستكردنی فشاره له‌سه‌ر به‌رامبه‌ره‌كانمان.
له كوردستاندا ئه‌مه یه‌كه‌مجاره ئۆپۆزسیۆنێكی رێكخراوی جدی هه‌بێت له‌ناو په‌رله‌ماندا، په‌رله‌مانی بێ ئۆپۆزسیۆن 18 ساڵه تێپه‌ڕیوه و یه‌كێكی و پارتی هه‌رچیه‌كیان ویستبێت بۆیان چوه‌ته‌سه‌ر و هیچ كه‌سێك به‌م شێوه‌یه به‌رپه‌رچی نه‌داونه‌ته‌وه، ئه‌گه‌رچی له‌ناو په‌رله‌مانیشدا كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك هه‌بون به‌شێوه‌یه‌كی نا رێكخراو ئۆپۆزسیۆن بون، به‌ڵام ئێستا ئۆپۆزسیۆن رێكخراوه و ئه‌وه‌ش بۆ یه‌كێتی و پارتی حاڵه‌تێكی ناسروشتیه، زۆر به‌لایانه‌وه قورسه و توشی په‌رچه‌كرداری كردون، هه‌ر شتێك ئۆپۆزسیۆن بیخستایهتهڕو، به‌باش یان به خراپ، ئه‌وان دژی ده‌وه‌ستانه‌وه و له دژیدا ده‌نگیان بۆده‌دا، تانه‌نه‌ت براده‌رێكمان جارێكیان وتی: ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆن "سپێتی ماست" بخه‌ینه ده‌نگدانه‌وه، فراكسیۆنی ده‌سه‌ڵات دژی ده‌وه‌ستێته‌وه، به‌ڵام ئێستا ورده ورده ئه‌وه خه‌ریكه سارد ده‌بێته‌وه.
په‌رله‌مان سێ ئه‌ركی سه‌ره‌كی هه‌یه (یاسادانان، په‌سه‌ندكردنی بودجه، چاودێریكردنی داموده‌زگاكانی حكومه‌ت)ه، له‌ڕوی یاسادانانه‌وه ئه‌گه‌ر هه‌ڵیبسه‌نگێنین، ده‌بینین ئه‌م په‌رله‌مانه سستره له‌چاو خولی پێشوی په‌رله‌ماندا، ره‌نگه هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌بێت كه زۆربه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی پێشكه‌شی سه‌رۆكی په‌رله‌مان كراوه و خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆ كراوه له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌وه پێشكه‌شكراون، به‌ڵام سستیه‌ك هه‌یه له په‌سه‌ندكرنی ئه‌و پرۆژه یاسانه‌دا.
سبه‌ی: بۆچی سستی هه‌یه له گفتوگۆكردن و په‌سه‌ندكردنی پرۆژه یاساكاندا؟
كوێستان محه‌مه‌د: له‌به‌رئه‌وه‌ی ناخرێنه به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مان و خوێندنه‌وه‌ی بۆ ناكرێت، یان شتێكی زۆر ناڕهواتر سه‌ریهه‌ڵداوه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه له لیژنه‌كاندا راپۆرت له‌سه ئه‌و پرۆژانه نانوسرێت و پڕۆژه یاسا له لیژنه‌كانه‌وه ره‌ت ده‌كرێته‌وه، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌مجاره هه‌ڵوێستی له‌و جۆره له په‌رله‌ماندا روبدات، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كه لیستی كوردستانی و هه‌ندێك له‌و لیستانه‌ی دیكه كه هاوپه‌یمانیانن، پرۆژه‌كانی ئێمه ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه و په‌رچه‌كرداریان هه‌یه بۆ ئۆپۆزسیۆن و پرۆژه‌كانی، وه‌گه‌رنا پرۆژه‌ی زۆر باشمان پێشكه‌ش كردوه.
سبه‌ی: بۆچی پرۆژه یاساكانی ئێوه ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه و سستی ئه‌نوێنن له په‌سه‌ندكردنی پرۆژهكانتاندا؟ مه‌ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه خه‌ڵك ئه‌كتیڤی ئۆپۆزسیۆنی بۆ ده‌ربكه‌وێت؟ یان ده‌یانه‌وێت به‌ربه‌ست بخه‌نه به‌رده‌م ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی به خه‌ڵكتان داوه؟ یان وه‌كو خۆیان باسی ده‌كه‌ن، پرۆژه یاساكانتان (گرنگی یاسایی و واقعی) یان نییه؟
كوێستان محه‌مه‌د: ئه‌و پرۆژه یاسانه‌ی ئێمه پێشكه‌شمان كردوه زۆربه‌یان په‌یوه‌ندی به ژیانی خه‌ڵكه‌وه هه‌یه، ته‌نانه‌ت ئێمه داوای به‌كارخستنه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌و یاسایانه‌مان كردوه كه پێشتر هه‌بون و له بارودۆخێكی دیاریكراودا كارپێكردنیان راگیراوه، بۆ نمونه، یاسای ژماره 4ی ساڵی 2006ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كه تایبه‌ته به مافی (زیندانی سیاسی)ه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه گرنگی یاساییان نییه، بۆچی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ری ده‌كات!، به‌ڵام وه‌كو ئاماژه‌ت پێدا، ده‌یانه‌وێت خه‌ڵك له ماهیه‌تی ئۆپۆزسیۆن و رۆڵه پۆزه‌تیڤه‌كه‌ی چه‌واشه بكه‌ن، ئه‌وه‌ش له‌و پهرچهكردارهوهیه كه توشی هاتون به‌رامبه‌ر هه‌مو شتێك كه ئۆپۆزسیۆن پێشكه‌شی بكات، دوه‌میش ئه‌وه‌یه كه پێیان وایه كه ئه‌گه‌ر ئێمه پرۆژه‌یه‌ك له‌به‌رژه‌وه‌ندی چین و توێژێك پێشكه‌ش بكه‌ین، ئه‌وكاته ئه‌و چین و توێژانه گرنگی ئه‌و پرۆژه یاسایانه ده‌نرخێنن و له‌وانه‌یه له دواتردا هێزی ئۆپۆزسیۆن له‌ناو جه‌ماوه‌ردا سودی ناراسته‌وخۆی لێببینێت.
بۆیه ئه‌وان ته‌نها له‌و روانگه‌یه‌وه تێی ده‌ڕوانن، نه‌ك له‌ڕوانگه‌ی گشتی و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكه‌وه، ئه‌وان ناڕواننه به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك، به‌ڵكو ته‌نها سه‌رنجی ئه‌وه‌ده‌ده‌ن كه ئایا په‌سه‌ندكردنی ئه‌م پرۆژه یاسایه‌ی ئۆپۆزسیۆن پێشكه‌شی كردوه، چه‌ندێك له سودی ئۆپۆزسیۆندا ده‌بێت، له‌كاتێكدا پرۆژه‌كان بۆ خه‌ڵكن، به‌ڵام پێم وایه لیستی كوردستانی ئه‌و به‌سته‌ڵه‌ك و پهرچهكردارهیان خاو ده‌بێته‌وه روانگه‌ی خۆیان ده‌گۆڕن.
سبه‌ی: به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆت، چۆن به‌ربه‌ست خراوه‌ته به‌رده‌م پرۆژه‌كانی ئێوه و كاره‌كانی ئێوه، له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و فراكسیۆنی ده‌سه‌ڵاته‌وه؟
كوێستان محه‌مه‌د: به‌دڵنیاییه‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی كه ناهێڵن راگه‌یاندن روماڵی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان بكات و وتوێژه‌كانی ئێمه بڵاوبێته‌وه له‌سه‌ر پرۆژه یاساكان، ئه‌وه به‌ربه‌سته بۆ ئۆپۆزسیۆن و شاردنه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی ئۆپۆزسیۆنه، له خولی پێشوی ئه‌م په‌رله‌مانه‌دا، كه به‌ڕێز دكتۆر كه‌مال، خۆی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان بو، كاك فرسه‌ت، به‌هه‌مان شێوه سكرتێری په‌رله‌مان بو، هه‌مو بڕیاره‌كانیش به كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجام ده‌درا، ئه‌و كاته به‌ڕێزیان ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی بون كه له (سێ) كه‌س پێكده‌هات له‌گه‌ل (عه‌دنان موفتی)دا، ئێستاش دو ده‌نگ له‌و سێ ده‌نگه له په‌رله‌ماندا له ده‌سته سێ كه‌سییه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌ماندان، ئه‌ی بۆچی ئه‌وكاته رێگه‌یان نه‌گرت له راگه‌یاندنه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی راسته‌وخۆ دانیشتنه‌كان روماڵ بكات، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێستا له‌په‌رله‌ماندا ئۆپۆزسیۆن هه‌یه، ده‌یانه‌وێت چالاكییه‌كانی ئۆپۆزسیۆن بشارنه‌وه، ده‌یانه‌وێت خه‌ڵك نه‌بینێت كه ئۆپۆزسیۆن چۆن له په‌رله‌ماندا داكۆكییان لێده‌كات و شه‌ڕ له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ده‌كات و چۆنیش فراكسیۆنی كوردستانی، به‌رپه‌رچی قسهباش و پرۆژه ئیجابی و گرنگه‌كانی ئۆپۆزسیۆن ده‌ده‌نه‌وه، كه‌واته ئه‌وه گه‌وره‌ترین به‌ربه‌سته كه ناهێڵن چالاكییه‌كانمان خه‌ڵك بیبێت، له‌كاتێكدا ئه‌وه مافێكی سه‌ره‌تایی خه‌ڵكه كه ببینێت ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی ده‌نگی پێداون له په‌رله‌ماندا چۆن به‌رگری له‌مافه‌كانیان ده‌كه‌ن؟!.
ئه‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بڵێم، كه ئێمه وه‌كو په‌رله‌مانتار له خولی پێشودا، بۆ هه‌ر شوێنێك و هه‌ر ده‌زگایه‌كی حكومی برۆشتینایه وه‌كو (ئه‌ندامانی په‌رله‌مان یان وه‌كو لیژنه، یان وه‌كو فراكسیۆن و نوسینگه)، هیچ داموده‌زگایه‌ك رێگری لێ نه‌ده‌كردین، به‌ڵام ئێستا ئه‌ندامی په‌رله‌مان ده‌چێت بۆ داموده‌زگایه‌كی حكومه‌ت و رێگه‌ی پێناده‌ن بچێته ژوره‌وه، ئه‌ندامانی په‌رله‌مان سكاڵا تۆمارده‌كه‌ن له‌لای سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، به‌ڵام سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان به‌دواداچونی بۆناكات و پشتگوێی ده‌خات، له‌چ په‌رله‌مانێكی دونیادا هه‌یه، كه ئه‌ندامی په‌رله‌مان نوسنگهكهی بوستێت یان نارنجۆك بخرێته نوسنگهكهیهوه و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌كه‌ی به یه‌ك دێڕیش هاوخه‌می و هاوهه‌ڵوێستی بۆ نه‌نوێنێت... ئایا ئه‌مانه به‌ربه‌ست دروستكردن نین بۆ ئۆپۆزسیۆن و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ی ئێمه كه نوسنگهكهی سوتا، له‌بری ئه‌وه ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی لیستی كوردستانی بوایه، ئایا هه‌مان هه‌ڵوێستیان ده‌بو سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان؟ ئایا ئه‌گه‌ر رومانه بخرایه‌ته ناو نوسینگه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی فراكسیۆنی كوردستانییه‌وه، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان هه‌ر بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژارد؟.
كه‌واته ئه‌مانه هه‌موی سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه كه رێگریمان لێده‌كرێت و به‌رده‌ست ده‌خرێته به‌رده‌م كاره‌كانمان و به‌رگریمان لێناكرێت وه‌كو ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، په‌یامێكه بۆ ئێمه كه پێمان ده‌ڵێت نابێت قسه له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی بكه‌یت، له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌كو په‌رله‌مانتارێك مافه‌كانت ناپارێزم و به‌رگریت لێناكه‌م ئه‌گه‌ر ده‌ستدرێژی كرایهسهرت، به‌ڵام ئێمه ئه‌و پشتگوێخستنه ساردی نه‌كردوینه‌ته‌وه و به‌رده‌وامین و به‌رده‌وامیش ده‌بین له كاره‌كانمان.
سبه‌ی: زۆرێك له‌و هه‌ڵوێستانه‌ی ئێوه ههتانبوه له‌ماوه‌ی رابردودا، له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و فراكسیۆنی ده‌سه‌ڵاته‌وه وه‌كو "موزایه‌ده" نرخێنراوه، ئایا هه‌ڵوێستی ئێوه بۆ ئه‌و خوێندنه‌وانه چییه؟
كوێستان محه‌مه‌د: موزایه‌ده شتێكه كه به وتار بێڵیت و به كرده‌وه نه‌یكه‌یت، به‌ڵام دۆخه‌كه‌ی ئێمه زۆر جیاوازه و ئێمه به‌كردار هه‌ڵوێستی خۆمان ده‌ربڕیوه، به كردار وتومانه پاره وه‌رناگرین، یه‌كه‌مجاره له‌م هه‌رێمه كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك ئیمتیازێكی زۆر به‌بڕی (چل هه‌زار دۆلار) ره‌تكه‌نه‌وه، ئه‌مه كلتورێكی زۆر جوان و تازه‌یه كه ئێمه هێناومانه‌ته ئاراوه، ئیحراجییه‌كی گه‌وره‌ی بۆ یه‌كێتی و پارتی دروست كردوه، كه‌وتونه‌ته ژێر فشاری لایه‌نگر و ده‌نگده‌ره‌كانی خۆیانه‌وه.
ئێمه ته‌نها له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌وه پێمان نه‌وتراوه موزایه‌ده ده‌كه‌ن، له‌سه‌ره‌تای هاتنی ئۆپۆزسیۆن بۆ ناو په‌رله‌مان و هه‌ر هه‌ڵوێستێكی نواندبێت، به‌جۆرێك له جۆره‌كان، یه‌كێتی و پارتی له‌رێگه‌ی حكومه‌ت و نوێنه‌ره‌كانیان له په‌رله‌مانه‌وه پێمان وتراوه موزایه‌ده ده‌كه‌ن، ئێمه پێمان وایه كه ئه‌گه‌ر داواكردن و كاركردن بۆ (جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و سه‌روه‌ری یاسا و ئازادی راده‌ربڕین، یه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، شه‌فافیه‌ت له بودجه‌دا) ئه‌گه‌ر ئه‌مانه موزایهدهبێت، ئێمه قبوڵمانه و ده‌پرسین، چی موزایه‌ده نییه لای ئه‌وان؟!.
سبه‌ی: له سه‌ره‌تای قسه‌كانتدا وتت، ئۆپۆزسیۆن كه‌مینه‌یه (35 كورسی)، ده‌توانرێت به‌و ژماره‌یه له كورسی په‌رله‌مان، چی بكرێت و تا چه‌ندێك ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی پێ جێبه‌جێ بكرێت كه داوتانه به خه‌ڵك؟
كوێستان محه‌مه‌د: ئێمه كاری زۆر باشمان كردوه، له دوای راپه‌ڕینه‌وه كه په‌رله‌مان دامه‌زراوه، ئێمه توانیومانه نه‌ریتی زۆر جوان بهێنینه ناو په‌رله‌مان و پێناسه‌یه‌كی دیكه بده‌ین به په‌رله‌مانتار، بۆ یه‌كه‌مجاره له هه‌رێمی كوردستاندا په‌رله‌مانتار له‌سه‌ر حسابی خۆی نوسینگه له شار و شارۆچكه‌كان بكاته‌وه و خه‌ڵك ببینن و پێشنیاره‌كانیان قبوڵ بكه‌ن، یه‌كه‌مجاره په‌رله‌مانتار به‌و شێوه به‌رفراوانه سه‌ردانی گوند و قه‌زا و ناحیه‌كان و شاره‌كان بكه‌ن، ته‌نانه‌ت ئێستا ئه‌ندامانی فراكسیۆنه‌كانی دیكه‌ش چاویان لێكردوین، ئێمه نزیكه‌ی 30 پرۆژه یاسامان پێشكه‌شی په‌رله‌مان كردوه كه په‌یوه‌ندی به چین و توێژه جیاجیاكانی خه‌ڵكه‌وه هه‌یه، یه‌كه‌مجاره كه خه‌ڵكانێك هه‌بێت واز له ئیمتیازاتی تایبه‌تی خۆی بهێنێت و داوای ئه‌وه‌ش بكات كه ئه‌و پاره‌یه بگه‌ڕێته‌وه بۆ خاوه‌نه شه‌رعیه‌كه‌ی كه خه‌ڵكه، یه‌كه‌مجاره ئه‌و شه‌ڕه گه‌وره‌یه له‌سه‌ر بودجه بكرێت و ناهێڵین وه‌كو جاران تێبپه‌ڕێت، له دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانیشدا چه‌ندین هه‌ڵوێستی گه‌وره‌مان نیشانداوه، به‌ڵام وه‌كو باسمكرد رێگری گه‌وره و مه‌ترسیداریش له‌به‌رده‌مماندا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه له دواجاردا ده‌سه‌ڵات زیانی لێده‌كات و ئۆپۆزسیۆن قازانجی لێده‌كات، خه‌ڵكیش له‌وه وشیارتره ئاگاداری ئه‌و بابه‌تانه نه‌بێت.
ئۆپۆزسیۆن تێكه‌ڵی خه‌ڵك ده‌بێت و ده‌سه‌ڵات رێگری لێده‌كات و ئۆپۆزسیۆن ئیمتیازی تاكه‌كه‌سی ره‌تده‌كاته‌وه و ده‌سه‌ڵات به موزایه‌ده ناوی ده‌بات، خه‌ڵكیش له‌مه‌ودوا بڕوا به دروشمه گه‌وره‌كانی ده‌سه‌ڵات ناكات، دواجاری یه‌كێتی و پارتی له‌مه زیان ده‌كه‌ن و رێژه‌ی ده‌نگده‌ره‌كانیان كه‌م ده‌بێته‌وه.
سبه‌ی: چی به چاره‌سه‌ر ده‌زانیت بۆ تواندنه‌وه‌ی ئه‌و به‌سته‌ڵه‌كه‌ی له‌نێوان ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی به "په‌رچه‌كردار" مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا نه‌كرێت؟
كوێستان محه‌مه‌د: له‌و چه‌ند پرۆژه یاسایه‌ی له‌م چه‌ند مانگه‌ی رابردودا له په‌رله‌ماندا په‌سه‌ند كرا، ئه‌ندام په‌رله‌مان هه‌بو له فراكسیۆنی كوردستانی له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ده‌نگی ده‌دا، یان هه‌ر ده‌نگیان نه‌ده‌دا، هه‌ر بۆیه دواجار زۆرن ئه‌و كه‌سانه‌ی له فراكسیۆنی كوردستانیدان و چیتر رازی نابن دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵك ده‌ست به‌رزبكه‌نه‌وه، كه ئه‌وانه زۆربه‌یان خه‌ڵكی تێكۆشه‌رن.
ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌كه بۆ خاوبوهنهوهی ئه‌و به‌سته‌ڵه‌كه، له هه‌مو ئه‌و بارگرژییانه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌یبوه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، له قۆناغه جیاجیاكاندا، نه‌یتوانیوه كاردانه‌وه لای ئێمه‌وه دروست بكات و هه‌ڵوێست وه‌رگرین له هاوڕێكانمان له فراكسیۆنه‌كانی دیكه، ئه‌مه وایكردوه كه پێیان بڵێین كه ئێمه لێره هاوپیشه‌ین و بۆ مه‌سه‌له‌یه‌كی زۆر پیرۆز هاتوینه‌ته ئێره و نابێت بكه‌وینه ژێركاریگه‌ری حیزبییه‌وه و ده‌نگ له‌یه‌كتر دابڕین، ده‌بێت هه‌ڵوێستمان یه‌ك بخه‌ین، ته‌نها بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی هه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانێك به‌خه‌ڵكی داوه، پێموایه ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش و براده‌رانی كوردستانی حه‌كیمانه هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ین، بتوانین ئه‌و بارگرژییه بڕه‌وێنینه‌وه.
سبه‌ی: ماوه‌یه‌كه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه هێرشێكی زۆر ده‌كرێته سه‌ر میدیای ئازاد و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ده‌كه‌نه هۆكاری ئه‌و په‌لامار و ده‌ستدرێژیانه بۆسه‌ر رای جیاواز، هه‌ر راگه‌یاندنێك چالاكی و ده‌ربڕینه‌كانی ئێوه‌یان بڵاوبكردایه‌ته‌وه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه به "هاوئاوازی گۆڕان" وهسفدهكران، هه‌ڵوێستی ئێوه چییه له‌و باره‌یه‌وه؟
كوێستان محه‌مه‌د: ئه‌وه یه‌كه‌مجار نییه كه تۆمه‌ت بۆ میدیای ئازاد دروست ده‌كرێت، له‌كاتێكدا میدیا كارێكی زۆر گرنگی ئه‌نجامداوه تائێستا، هه‌مو تاكه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه قه‌رزاری میدیای ئازادن، بوێر و ئازا بون كه توانییان به خه‌ڵك بڵێن گه‌نده‌ڵی گه‌وره هه‌یه له‌م هه‌رێمه و سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵك ده‌برێت و بودجه‌ی ئه‌م هه‌رێمه ته‌خشان و په‌خشان ده‌كرێت، كاریگه‌ریشیان خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك به‌رپرس بسڵهمنهوه و به ئاره‌زوی خۆیان به‌رده‌وام نه‌بن له خواردنی پاره‌ی خه‌ڵك، ئه‌مانه توانیویانه گاریگه‌ری زۆر گه‌وره له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دابنێن و پێش بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش بونیان هه‌بوه، دو‌ریش نه‌بون له تۆمه‌ت بۆ دروستكردن، پێیان ده‌وتن ده‌ستی ده‌ره‌كییان له‌پشته و ده‌ستی تیرۆر و قاعیده‌یان له‌پشته و هه‌رجاره‌ی به‌تۆمه‌تێك دژایه‌تییان ده‌كردن.
له‌به‌رئه‌وه ته‌نها له‌به‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نییه كه میدیای ئازاد كه‌وتبێته به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه و ته‌شهیر و ناوزڕاندن و تۆماركردنی سكاڵا له‌سه‌ریان، ئه‌وان میدیای ئازاد به گه‌وره‌ترین مه‌ترسی ده‌زانن بۆسه‌ر پێگه و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان.
له‌دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌نوسانه‌ی روبه‌روی گرتن و ئازاردان ببونه‌وه، هاتنه به‌رده‌م په‌رله‌مان و یاداشتێكیان پێشكه‌شی په‌رله‌مان كرد، كه نابێت چیتر به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نوسان بكرێت و ده‌بێت چیتر ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن وه‌كو خۆی یاسای كاری رۆژنامه‌وانی جێبه‌جێ بكات، ئێمه یاداشتهكهمان دایه سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و داكۆكیمان لێ‌كردن، كاتێكیش رۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسمان شه‌هیدكرا، ئێمه یاداشتێكمان له‌ناو په‌رله‌ماندا خوێنده‌وه داوامانكرد كه سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی میدیای ئازاد و سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان كۆببێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌و دۆخه بكرێت و پارێزگاری له ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری بكرێت، ئێمه‌ش له په‌رله‌مانیشدا پشتگیریان لێده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كاری جدی بكرێت له مافه‌كانی رۆژنامه‌نوسان و میدیای ئازاد.