Print
 سه‌دام، كۆتایی دیكتاتۆرێك له‌ عیراقدا
Sunday, December 30, 2007

راپۆرتی: خالید باران

به‌ره‌به‌یانی‌ رۆژی‌ 30 كانونی‌ یه‌که‌می‌ 2006 سه‌دام حسه‌ین سه‌رۆك كۆماری‌ له‌سه‌ر كار لادراوی‌ عیراق له‌سێداره‌درا و به‌وه‌ش كۆتاییهات به‌ سه‌رده‌مێكی‌ نائاسایی‌ و پڕله‌ كاره‌سات و توندوتیژی‌ له‌ مێژووی‌ نوێی‌ عیراقدا.
سه‌دام حسه‌ین له‌ ساڵی‌ 1937 له‌ گوندی‌ عۆجه‌ی‌ نزیك شاری‌ تكریت له‌ دایك بووه‌ و له‌ هه‌ڕه‌تی‌ لاویدا په‌یوه‌ندی‌ كردووه‌ به‌ حزبی‌ به‌عسه‌وه‌ و یه‌كه‌م هه‌نگاوه‌كانی‌ بۆ گرتنه‌ده‌ستی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ عیراق دا ده‌ستپێكردووه‌.

له‌ ساڵی‌ 1959 دا به‌شداریكرد له‌جێبه‌جێكردنی‌ پلانی‌ تیرۆركردنی‌ عه‌بدولكه‌ریم قاسم سه‌ركۆماری‌ ئه‌و كاته‌ی‌ عیراق و دوای‌ سه‌رنه‌كه‌وتنی‌ پلانه‌كه‌ به‌ره‌و سوریا هه‌ڵات و له‌وێشه‌وه‌ گه‌یشته‌ میسر و دوای‌ كوده‌تای‌ 8ی‌ شوباتی‌ 1963ی‌ به‌عسییه‌كان و روخاندنی‌ حوكمی‌ عه‌بدولكه‌ربم قاسم گه‌ڕایه‌وه‌ عیراق و دوای‌ نۆ مانگیش له‌ كوده‌تاكه‌ عه‌بدولسه‌لام عارف به‌عسییه‌كانی‌ به‌سه‌دامیشه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات دوورخسته‌وه‌.
له‌ ته‌موزی‌ ساڵی‌ 1968دا به‌عسییه‌كان به‌یارمه‌تی‌ دوو له‌ به‌رپرسه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ عه‌بدولره‌حمان عارف (عه‌بدولره‌زاق نایف و ئیبراهیم داود) سه‌رۆكی‌ ئه‌وكاته‌ی‌ عیراق توانیان كوده‌تایه‌ك به‌سه‌رعه‌بدولره‌حمان عارفدا بكه‌ن و جارێكی‌ دیكه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌رحوكم و بۆماوه‌ی‌ 35 ساڵ حوكمی‌ عیراقیان گرته‌ده‌ست و به‌ئاگر و ئاسن حوكمی‌ عیراقیان كرد.

به‌عسیه‌كان دوای‌ دوو هه‌فته‌ به‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی‌ كوده‌تاكه‌یان عه‌بدولره‌زاق نایف و ئیبراهیم داودیان به‌ پیلانێك له‌ناوبرد و ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كریان كرده‌ سه‌رۆكی‌ عیراق و سه‌دام حسه‌ینیش بووه‌ جێگری‌ و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای‌ وه‌رگرتنی‌ ئه‌و پۆسته‌شیه‌وه‌ سه‌دام حسه‌ین كه‌وته‌ داڕشتنی‌ پلانی‌ گرتنه‌ده‌ستی‌ جڵه‌وی سه‌رۆكایه‌تی‌ و هه‌موو لایه‌نگره‌كانی‌ ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كری‌ له‌ناوبرد و پۆسته‌ ئه‌منی‌ و سه‌ربازی‌ و ئیدارییه‌ گرنگه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ به‌لایه‌نگرانی‌ خۆی‌ پڕكرده‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ سه‌دام له‌ پۆستی‌ جێگری‌ سه‌رۆكدا مایه‌وه‌ به‌ڵام له‌راستیدا ده‌سه‌ڵاتی‌ له‌ سه‌رۆك زیاتر بوو و له‌و ماوه‌یشدا جگه‌ له‌ پته‌وكردنی‌ جێگه‌ی‌ خۆی‌ له‌ حزبی‌ به‌عس و ده‌سه‌ڵاتی‌ عیراقدا هه‌موو ده‌نگێكی‌ عیراقیه‌كانی‌ كپكرده‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ بیربۆچوونه‌كانی‌ به‌عس به‌گشتی‌ و سه‌دام حسه‌ین خۆیدا به‌تایبه‌تی‌ نه‌ده‌گونجان و هه‌موو چالاكییه‌كی‌ سیاسی‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ حزبی‌ به‌عس قه‌ده‌غه‌كرا و چاودێری‌ زۆر خرایه‌ سه‌ر رۆژنامه‌گه‌ری‌ و به‌هه‌زاران كه‌س له‌سێداره‌دران و زیندانه‌كان پڕكران له‌ كه‌سانی‌ رۆشنبیر و ئازادیخواز و ئه‌وپه‌ڕی‌ توندوتیژی‌ به‌كارهێنرا به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر به‌كورد كه‌ له‌ساڵی‌ 1974دا شۆڕشی‌ دژی‌ به‌عسییه‌كان به‌رپاكرد، هه‌رچه‌نده‌ سه‌ركه‌وتوونه‌بوو تیایدا. له‌ كۆتاییشدا له‌ ته‌مووزی‌ 1979دا سه‌دام حسه‌ین ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كری‌ ناچاركرد كه‌ ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه‌ و به‌ره‌سمی‌ خۆی‌ كرده‌ سه‌رۆكی‌ ره‌های‌ عیراق.
سه‌دام حسه‌ین له‌ دوای‌ ساڵێك له‌ وه‌رگرتنی‌ ده‌سه‌ڵات و له‌ ئه‌یلولی‌ ساڵی‌ 1980دا هێرشیكرده‌ سه‌ر سنووره‌كانی‌ ئێران و جه‌نگێكی‌ درێژخایه‌نی‌ هه‌ڵگیرساند كه‌ له‌ماوه‌ی‌ هه‌شت ساڵیدا به‌شێكی‌ زۆر له‌توانا مادیی‌ و مرۆییه‌كانی‌ عیراقی‌ كرده‌ سوته‌مه‌نی‌ جه‌نگه‌كه‌ و عیراقی‌ خسته‌ژێر باری‌ قه‌رزێكی‌ زۆره‌وه‌ كه‌ زیاتر له‌ 100 ملیار دۆلار بوو.

له‌ماوه‌ی‌ ئه‌و هه‌شت ساڵه‌شدا له‌سه‌ر كوشتن و بڕینی‌ عیراقییه‌كان به‌گشتی‌ و كورد به‌تایبه‌تی‌ به‌رده‌وام بوو و به‌سه‌دان هه‌زار كه‌سی‌ كوشت و لوتكه‌ی‌ تاوانه‌كانی‌ بریتی‌ بوو له‌ بێسه‌روشوێنكردنی‌ هه‌شت هه‌زار بارزانی‌ و وێرانكردنی‌ 5 هه‌زار گوند و شارۆچكه‌ی‌ كوردستان و كوشتنی‌ 182 هه‌زار هاووڵاتی‌ كوردی‌ بێتاوان له‌ پرۆسه‌ی‌ به‌ناو ئه‌نفالدا و كیمیابارانكردنی‌ سه‌دان گوند و شارۆچكه‌ی‌ كوردستان كه‌ گه‌وره‌ترینیان كیمیابارانكردنی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بوو له‌16ی‌ ئازاری‌ ساڵی‌ 1988دا كه‌زیاتر له‌ 5000 كه‌س كوژران و سه‌دان كه‌سی‌ دیكه‌ش ژه‌هراوی‌ بوون.

له‌ ئابی‌ ساڵی‌ 1988دا دوای‌ هه‌شت ساڵ له‌ده‌سپێكردنی‌، جه‌نگی‌ عیراق و ئێران به‌ره‌سمی‌ كۆتایی‌ هات، به‌ڵام ته‌نها دوای‌ دوو ساڵ له‌كۆتایهاتنی‌ ئه‌و جه‌نگه‌ و له‌ ئابی‌ 1990دا جارێكی‌ دیكه‌ سه‌دام حسه‌ین سه‌ركێشییه‌كی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌نجامدا و عیراقی‌ توشی‌ كاره‌ساتێكی‌ دیكه‌ كرد و له‌شكركێشی‌ كرده‌ سه‌ر وڵاتی‌ كوه‌یت و داگیریكرد، له‌ئه‌نجامی‌ ئه‌و كاره‌ی‌ سه‌دامدا كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هاپه‌یمانیه‌تییه‌كیان پێكهێنا و به‌به‌شداری‌ هێزی‌ سه‌ربازی‌ زیاتر له‌ 30 ده‌وڵه‌ت له‌ سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 1991دا سوپای‌ عیراقیان به‌ تێكشكاوی‌ و زیاتر له‌ 100 هه‌زار كوژراوه‌وه‌ له‌ كوه‌یت كرده‌ ده‌ره‌وه‌ و عیراقییه‌ تووڕه‌كانیش له‌سه‌دام و به‌عس ئه‌مه‌یان به‌ فرسه‌ت زانی‌ و راپه‌رینیان دژی‌ سه‌دام و به‌عس ده‌سپێكرد و توانیان 14 پارێزگا له‌ كۆی‌ 18 پارێزگای‌ عیراق رزگاربكه‌ن، به‌ڵام جارێكی‌ دیكه‌ سه‌دام حسه‌ین به‌ئاگر و ئاسن راپه‌رینه‌كه‌ی‌ سه‌ركوتكرده‌وه‌ و تۆڵه‌ی‌ شكستخواردنه‌كه‌ی‌ كوه‌یتی‌ له‌عیراقییه‌كان كرده‌وه‌ و زیاتر له‌ 100 هه‌زار كه‌سی‌ كوشت و ئه‌وه‌نده‌ی تریشی‌ له‌زینده‌كان توندكرد. 

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و گه‌مارۆ ئابوورییه‌ی‌ به‌ هۆی‌ هێرشه‌كه‌ی‌ كوه‌یته‌وه‌ له‌ساڵی‌ 1990ه‌وه‌ خرابووه‌ سه‌ر عیراق و به‌هۆشیه‌وه‌ عیراقیه‌كان توشی‌ ئه‌وپه‌ڕی‌ هه‌ژاری‌ بوون، سه‌دام حسه‌ین له‌ حوكمكردنی‌ خۆی‌ به‌ هه‌مان توندوتیژیه‌وه‌ به‌رده‌وامبوو، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند كوده‌تایه‌كیشی‌ لێكرا به‌ڵام سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست نه‌هێنا و له‌ساڵی‌ 1996دا هه‌وڵی‌ تیرۆركردنی‌ عوده‌ی‌ كوڕه‌ گه‌وره‌ی‌ سه‌دام درا و به‌سه‌ختی‌ برینداربوو، هه‌ردوو زاواكه‌شی‌ به‌ره‌و ئوردون هه‌ڵاتن و دوای‌ گه‌ڕاونه‌وه‌شیان بۆ عیراق سه‌دام حسه‌ین به‌پیلانێك هه‌ردووكیانی‌ كوشت.

سه‌دام حسه‌ین له‌ دوای‌ جه‌نگی‌ كوه‌یت جگه‌ له‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ عیراق به‌رده‌وام له‌ كێشه‌دابوو له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و لیژنه‌كانی‌ پشكنینی‌ چه‌كه‌ كۆمه‌ڵكوژه‌كانی‌ سه‌ربه‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، لوتكه‌ی‌ ناكۆكییه‌كانیش گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا له‌ساڵی‌ 1998دا بۆردومانێكی‌ چڕی‌ عیراقیان كرد و زیانێكی‌ زۆریان به‌ سوپا و دامه‌زراوه‌ سه‌ربازی‌ و مه‌ده‌نییه‌ گرنگه‌كانی‌ عیراق گه‌یاند، له‌دوای‌ هێرشه‌كانی‌ 11ی‌ سێپته‌مبه‌ر بۆ سه‌ر ئه‌مه‌ریكا جارێكی‌ دیكه‌ ئه‌مه‌ریكا به‌سیاسه‌ته‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌یدا چوه‌وه‌ و به‌هاكاری‌ چه‌ندین وڵات كۆتاییان به‌ حوكمكردنی‌ تاڵیبان و رێكخراوی‌ قاعیده‌ له‌ئه‌فغانستان هێنا و بڕیاریشیدا كۆتایی‌ به‌ حوكمكردنی‌ سه‌دام حسه‌ین بهێنێـت و به‌ بیانووی‌ بوونی‌ چه‌كی‌ كۆمه‌ڵكوژ له‌ عیراقدا له‌به‌هاری‌ ساڵی‌ 2003دا هێرشی‌ كرده‌ سه‌ر عیراق و له‌ 9ی‌ نیسانی‌ ئه‌و ساڵه‌دا به‌غدای‌ گرت و كۆتایی‌ به‌ درێژترین و خوێناویترین ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ له‌مێژووی‌ عیراقی‌ نوێدا هێنا له‌دوای‌ درووستبوونی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عیراقه‌وه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ سه‌ده‌ی‌ بیستدا.
دوا ده‌ركه‌وتنی‌ ئاشكرای‌ سه‌دام حسه‌ین پێش ده‌ستگیركردنی له‌ یه‌كه‌م رۆژی‌ گرتنی‌ به‌غدادا بوو كه‌ سه‌رله‌به‌یانی‌ ئه‌ورۆژه‌ له‌شاشه‌ی‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه‌ نیشاندرا و كۆمه‌ڵێك له‌ دانیشتوانی‌ گه‌ڕه‌كی‌ ئه‌عزه‌میه‌ له‌ده‌وری‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ی‌ كۆبوونه‌وه‌ و دوای‌ ئه‌وه‌ش سه‌دام خۆی‌ شارده‌وه‌ و هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكاش به‌دوایدا ده‌گه‌ڕان تا توانیان له‌ 13ی‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ هه‌مان ساڵدا له‌چاڵێكی‌ بچوكی‌ سه‌رداپۆشراوی‌ ماڵێكدا له‌ شارۆچكه‌ی‌ دۆر له‌نزیك تكریت بیدۆزنه‌وه‌ و ده‌ستگیری‌ بكه‌ن.

دوای‌ ده‌سگیركردنی‌ سه‌دام، هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ رۆژی‌ دواییدا سه‌دامیان راده‌ستی‌ پۆل بریمه‌ر كرد كه‌ حاكمی‌ مه‌ده‌نی‌ عیراق بوو و له‌و كاته‌دا ئه‌ویش هه‌واڵی‌ ده‌سگیركرنه‌كه‌ی‌ به‌ میدیاكان راگه‌یاند و سه‌دام له‌ شاشه‌ی‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه‌ نیشاندرا كه‌ قژی‌ ئاڵۆسكاو و ریشی‌ سپی‌ و درێژ ببوو و هه‌رگیز له‌و سه‌دامه‌ نه‌ده‌چوو كه‌ به‌هه‌زاران وێنه‌ی‌ له‌ هه‌موو شه‌قامه‌كانی‌ عیراقدا به‌دیواره‌كانه‌وه‌ هه‌ڵواسرابوو.
پاشان له‌لایه‌ن دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كانی‌ عێراقه‌وه‌ ده‌ستكرا به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانی‌ سه‌دام حسه‌ین به‌مه‌به‌ستی‌ داگاییی‌ كردنی‌ و له‌ 19ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ 2005دا یه‌كه‌م دانیشتنی‌ ئاشكرای‌ دادگایكردنی‌ سه‌دام حسه‌ین ده‌ستی‌ پێكرد به‌تاوانی‌ كوشتنی‌ 148 كه‌س له‌ شارۆچكه‌ی‌ دوجه‌یل له‌ ساڵی‌ 1982 دا كه‌ به‌تاوانی‌ هه‌وڵدان بۆ تیرۆركردنی‌ سه‌دام حسه‌ین له‌سه‌ردانێكیدا بۆ شارۆچكه‌كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی‌ سه‌دامه‌وه‌ ره‌شه‌كوژ كرابوون.

ته‌واوی‌ دانیشتنی‌ دادگاییكردنه‌كه‌ راسته‌وخۆ له‌كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندنه‌وه‌ په‌خشكرا، سه‌رۆكی‌ دادگاكه‌ حاكم رزگار موحه‌مه‌د ئه‌مین بوو كه‌ دادوه‌رێكی‌ كوردی‌ خه‌ڵكی‌ سلێمانییه‌ و هێمنانه‌ و به‌نه‌رمی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ دادگاكه‌ی‌ ده‌كرد و مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ سه‌دام حسه‌یندا ده‌كرد و ئه‌مه‌ش له‌خۆیدا شتێكی‌ سه‌یربوو به‌لای‌ خه‌ڵكه‌وه‌ كه‌ ئه‌و دیكتاتۆره‌ی‌ به‌درێژایی‌ 35 ساڵ ته‌مه‌نی‌ له‌حوكمی‌ عیراقدا بێبه‌زه‌یانه‌ و دڵره‌قانه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌ گه‌ڵ كوردا كردووه‌ و به‌سه‌دان هه‌زار رۆڵه‌ی‌ كوشتوون و ئه‌شكه‌نجه‌یداون و ئێستاش له‌لایه‌ن كوردێكه‌وه‌ به‌نه‌رمی‌ دادگایی‌ ده‌كرێت و مامه‌ڵه‌ ده‌كرێت. پاشان دادوه‌ر رزگار محه‌مه‌د ئه‌مین گۆڕدرا و دادوه‌ر ره‌ئوف عه‌بدولره‌حمان له‌ شوێنه‌كه‌ی ده‌ستبه‌كاربوو.

دوای‌ 41 دانیشتنی‌ دادگاییكردن، كۆتایی‌ دادگایكردنه‌كه‌ی‌ سه‌دام حسه‌ین له‌ 5ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ ساڵی‌ 2006دابوو كه‌ دادوه‌ر ره‌ئوف ره‌شید عه‌بدولڕه‌حمان (ئه‌ویش كورد بوو كرابوو به‌ سه‌رۆكی‌ دادگاكه‌ دوای‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ دادوه‌ر رزگار محه‌مه‌د ئه‌مین). حوكمی‌ دادگاكه‌ی‌ به‌سه‌ر سه‌دام حسه‌یندا خوێنده‌ووه‌ كه‌ بریتیبوو له‌ سزای‌ له‌سێداره‌دان، دواتریش دۆسییه‌ی‌ دادگاییكردنه‌كه‌ ره‌وانه‌ی‌ دادگای‌ تیهه‌ڵچونه‌وه‌ كرا بۆ پێداچونه‌وه‌ی‌ حوكمه‌كه‌ ئه‌ویش حوكمی‌ له‌سێداره‌دانه‌كه‌ی‌ په‌سه‌ندكرد.
له‌به‌ره‌به‌یانی‌ رۆژی‌ 30 كانونی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ 2006دا كه‌ ده‌یكرده‌ یه‌كه‌م رۆژی‌ جه‌ژنی‌ قوربان له‌ یه‌كێك له‌ زیندانه‌كانی‌ به‌غدا سزای‌ له‌ سێداره‌دان به‌ سه‌ر سه‌دام حسه‌یندا جێبه‌جێكرا و كۆتایی‌ به‌ ژیانی‌ هێنرا.
له‌سێداره‌دانی‌ سه‌دام حسه‌ین له‌یه‌كه‌م رۆژی‌ جه‌ژندا قسه‌و باس و مشتومڕێكی‌ زۆری‌ به‌دوای‌ خۆیدا هێنا به‌تایبه‌ت دوای‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ دیمه‌نی‌ له‌ سێداره‌دانه‌كه‌ی‌ له‌ میدیاكانه‌وه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ پاسه‌وانه‌كان به‌مۆبایل گرتبووی‌ و تیایدا ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ سه‌دامیان له‌سێداره‌دا هوتافی‌ بژی‌ موقته‌دایان ده‌كێشا كه‌ ئه‌مه‌ش حكومه‌تی‌ توشی‌ ره‌خنه‌ لێگرتنێكی‌ زۆر كرد و به‌ تائیفی‌ و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ تاوانباریان كرد.
له‌ هه‌رێمی كوردستانیش هاووڵاتیان به‌خۆشییه‌وه‌ هه‌واڵه‌كه‌یان ده‌گه‌یانده‌ یه‌كتر و به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ شادمانی توێژێكی فراوانی كورده‌كانی گرته‌وه‌، به‌وپێیه‌ی دیكتارتۆره‌كه‌ی عیراق كۆتایی پێهات.


 

 

Sbeiy.com © 2007